تیپی نێرەمووکەکان

284
0
بڵاوکردنەوە:

گفتوگۆی گۆڤاری دێر شپیگل لەگەڵ فیلۆسۆف پیتەر سلۆتەردایک لەبارەی تۆپی پێوە

لەئەڵمانییەوە: بەکر عەلی

پرسیار: بەڕێز سلۆتەردایك: ئێوە چۆن تەماشای یارییەکانی پاڵەوانی جیهان دەکەن، ئایا وەکو هاندەر یاخود وەکو فیلۆسۆف؟

سلۆتەردایک: ڕاستتر وەکو ئەو کەسەی کە بایەخ بە ئەرکیۆلۆژیای پێاوێتی دەدات. یاری تۆپی پێ ڕێکخستنێکی  ئەنترۆپۆلۆژییانەیە بۆ هەوڵدان. چەند هەزار ساڵێکە مرۆڤی نێر لە سۆراغدایە بۆ دۆزینەوەی وەڵامی پرسیاری: چی لەو ڕاوچییانە بکرێن کەچیتر پێویست نین؟ بەپێی ئەو دیزاینە ئەنترۆپۆلۆژییەی ئێمە هەمانە، پیاوان وا دروستبوون کە  بەشداری لە ڕاوکردندا بکەن. بگرە ئێمە تەواوی ٧٠٠٠ ساڵێک دەبێت، واتە لە دەستپێکی کشتوکاڵەوە، پڕۆگرامێکی گەورەی سڕکردنمان خستۆتە سەر ڕاوچییەکان. تا ئاینیش باڵاتر بووبێت، هەوڵەکە لەوەدا چڕتر بۆتەوە ڕاوچییە ناوەکییەکە بەوە ڕازی بکات کە  لە بنەڕەتدا پیاوبوون مایەی شەرم بێت، وە هەروەها پیاوانیش وەکو پیاوان، هەرگیز شانازی بە ساغێتی خۆیانەوە نەکەن.

پرسیار: کەواتە شتەکە بەم جۆرەیە، پیاوان یاری تۆپی پێ دەکەن و ڕاوکردنی شتە دڕندەکانیان گۆڕیوە بەڕاوکردنی گۆڵ؟

سلۆتەردایک:  وایە، بەو جۆرەیە. هیچ یارییەکی تر نییە بەو جۆرە ئێمە بتوانین  لێوەی  بەڕوونی لاسایی هەستە کۆنە تۆپخانەییەکەی سەرکەوتنمان لە ڕاوکردندا بکەینەوە. ئەگەر مرۆ ڕاوچییە ناوەکییەکەی خۆی بەتەواوەتی ئیفلیج کرد و، بەتەواوەتی لەناوبرد، ئەوا یەکسەری دەگاتە ئەو بڕوایەی، کەوا لە جیهاندا هیچ شتێک لەو پەرچەکردارەی یاریزانەکان گەمژانەتر نییە کەدوای کردنی گۆڵێک پیشانی دەدەن. بەڕاستی ئەوەی لەوێدا دەیبینین، شتێکی زۆر دزێوو فاحیشانەیە. ئەکتەری فیلمی پۆرنۆ دەبێت شەرم لەخۆی بکات، بەراورد بەم ئۆرگازمە سەیرانەی گۆڵچییەکان، کە لەبەردەمی هەموو ئەو جەماوەرەدا باشترین شتیان دەستدەکەوێت. بەڵام: هەرکاتێک ئێمە وازمان لە کوشتنی ڕاوچییەکەی ناوەوەمان هێنا و ڕێمان بەهەستە کۆنەکانی ڕاوکردن دا، دەستبەجێ هەست بەو شتە دەکەین، کە لەسەر چیمەنی یاریگاکەدا ململانێی بۆ دەکرێت. واتە ئەوسا لەوێدا دێرینتین هەستی سەرکەوتنی مرۆڤ بە پوختی نمایش دەکرێت: واتە، بە ئۆبیەکتێکی هاویشتن و هەڵدان نێچیرێک بپێکیت، کە بەهەموو ئامرازێک هەوڵی خۆپاراستن دەدات. من لەو بڕوایەدام، ئەمە ئەو خاڵەیە کە ئێمە دەتوانین لێوەی دەستەواژەی (( یاری قووڵ deep play )) بخەینە گەڕ. ئەمە جۆری ئەو یارییانە دەستنیشان دەکات کە تەواوی مرۆڤەکان دەهێنێتە جۆش .

پرسیار: ((پیاوی ـ سەرەتایی لەناو پیاودا)) شتێکی زۆر بێکەڵکە و تەنیا لە یاریدا بەکار دەهێنرێت. ئایا ژنان شتێکی باشتریان هەیە؟

سلۆتەردایک: ژنان بەپێی بنەچەکەیان بوونەوەری <<کۆکردنەوە>> و <<چنینەوە>>ن، کە ئەمڕۆلەهەرکاتێکی تر زیاتر پێویستیانە، لەبەرئەوەی بە کورتترین ڕێگە لە <<کۆکەرەوە>>وە دەبنە <<بەکاربەر/کۆنزومگەر>>. لەم پنتەدا ژنان زۆر لەپیاوان زیاتر دەست دەدەن بۆ سەرمایەداری. چونکە لەناو بەکاربەری مێینەدا هێشتا جۆرێک لەو ڕەزامەندییە خامۆش و سەرکەوتووانەیەی کۆکەرەوەی مێ بەدی دەکرێت، کە ئەو لە سەبەتەکەیدا دەیهێنێتەوە بۆ ماڵەوە. لەمەوەیە ئەو سیفەتە پەنهانئامێزە ئونیڤێرسالەی جانتای دەستی مێینە سەریهەڵداوە. پیاو بەبێ ڕم و بەبێ تۆپ هێشتا هەر دەبێت، بەڵام ژنێک بەبێ جانتای دەست یان شان شتێکی دژە سروشتە.

پرسیار: ئایا ئێوە خۆتان بە تۆپی پێ جۆش دەتانگرێت؟

سلۆتەردایک: لە ڕێگەی دووەمی خوێندنمدا پەیوەندییەکی گونجاوم بە تۆپی پێوە بینییەوە. بۆئەوەشی ببمە کەسێکی ئاسایی، بێگومان من دەبوو لەو لاڕێگەیەوە بەسەر ئەنترۆپۆلۆژیدا بڕۆم. کەواتە بابڵێین من وەکو مرۆڤناسێک دەبمە مرۆڤ. بڕێک لە ئامادەباشی ئەوەی پێکەوە لەگەڵ ئەوانیتردا شێت بیت، ئەمە سەر بە  کۆڵەکە سەرەکییەکانی مرۆڤ بوونە. منیش لەڕۆژگارەکۆنەکانمدا بەردەوام بۆ خۆم ڕێم بەمە دابوو.

پرسیار: ئایا ئێوە بەختهێن / گۆلیۆ  Goleo تان کڕیوە؟  ((گۆلیۆ پێکهاتووە لە دوو وشەی ئینگلیزی گۆ بەمانای بڕۆ، دەرچۆ لەگەڵ لیۆی ئیسپانی بەمانی شێر، واتە شێرە بڕۆ یان دەرچۆ بەرەو پێشەوە.. کە هاندەران لەیارییەکاندا ئەم دەستەواژەیە دەکەنە بووکۆکە یان مەدالیایەک و  تریکۆی تیپی پەسەندکراوی خۆیانی لەبەردەکەن، بەهیوای ئەوەی بەختیان بۆ بهێنێت.))

سلۆتەردایك: من کەسێک نیم چاوەڕێ بم شتەکان بەختم بۆ بهێنن.

پرسیار: ئەی ئایا لەگەڵ یاریکەرەکاندا سروودە نیشتمانییەکە دەچڕنەوە؟

سلۆتەردایك: من لەڕووی فیزیۆلۆگییەوە لەمەدا لاوازم. هەندێکجار دەڕوانمە یاریکەرەکان و دەبینم کە چۆن هەندێکیان بەشێواوی لێویان دەجووڵێننەوە وهەندێکی تریان بەربوونەتەوە ناو خامۆشییە قووڵە ئەڵمانییەکەوە. لەوانەیە هەر ئەوەش هەمان حاڵی من بێت. وەکوتریش من بۆ گۆرانی شتی زۆرم هەیە، بەڵام تەنیا لە شێوە هونەرییەکەیدا. چڕینی سرودی نەتەوەیی سەربەخوێندنی  بنەڕەتییانەی من نییە.

پرسیار: تیپی نەتەوەیی، یەکێکە لەو چەمکە کەمانەی کە تێیدا ئێمە وشەی نەتەوە بەکاردەهێنین. ئایا تیپی نەتەوەیی( ناسیۆنالمانشافت) بەتایبەتی بۆ ئێمەی ئەڵمان چ واتایەکی هەیە؟

سلۆتەردایک: هەر هەمان ئەو واتایەی هەیە کە لای هەموو نەتەوە مۆدێرنەکانی تردا هەیە، کە خۆی لەڕێی تیپەکانیانەوە وەکو شاندێک ڕەوانە دەکەن. سروتی خۆنوێنەرایەتیکردن لەوێدا بەرپا دەبێت کە بەشێکی گەورەی جەماوەرەکە بەشداری  تێدا دەکەن. ئێمەی ئەڵمان لەم مەسەلەیەدا، هەر وەک لەزۆربەی مەسەلەکانیتریشدا وایە، بارێکی تایبەتمان هەیە، لەبەرئەوەی ئێمە لەڕێی مێژووەکەمانەوە لەدوای ١٩١٨ و لە پەیماننامەی ڤێرسایەوە کۆلێکتیڤێکی سەیرین و بەشێکیشمان بووینەتە ئەوانەی پێویستیان بەتۆڵەیە. وە لەدوای ١٩٤٥ یشەوە دیسانەوە دەبینە کۆلەکتیڤێک کە خۆی ترسی لە پاڵهێزەکانی تۆڵەسەندنەوەی خۆی و لە چاودێرەکەی  هەیە. ئێمەی ئەڵمان ئەو گرووپە سەیرەین، کە تەنیا لە دۆخی پەشیمانیدا دەتوانێت پەیوەندییەکانی ناوەوەی خۆی بژێنێت.

پرسیار: ئێوە جارێک نووسیوتانە، کەوا نەتەوەکان بریتین لە ((جڤاتی هوروژاندن)). باشە، چی دەتوانێت لەوە پتر نەتەوەیەک بهوروژێنێت کە لەوڵاتەکەیدا یاری پاڵەوانی جیهانی ساز دەکرێت؟  هەمیشە هەندێک کەس هەن، کە بیر لە هوروژاندنەکانی ئەڵمانیا دەکەنەوە، پێیان هەرس ناکرێت.

سلۆتەردایک: بێگومان. کاتێک ئەوە ئەزموون دەکەیت، کەوا وروژاندن و خرۆشە کۆگەلییەکان جۆرێکن لەوەی تۆماس مان ناوی دەنێت بە (( هەرێمی جنۆکەیی))، ئەوا لەهەموو لایەکەوە دەیکەن بە هەرا لێت.  ئێمە منداڵە سووتاوەکانین، بەتایبەت لەوکاتەوەی ئەزموونی ئەوە دەکەین کەوا کۆگەل وروژاندن هەمیشە بریتی بووە لە جۆرێک لە کاری دەرهێنانی سیاسییانە. ئەو سرووتە وروژێنەرانە بەپێی چەند ڕێسایەکی دیاریکراو دروست دەکرێن و هەر لەوێشەوە دەکرێنە ئامراز. گفتوگۆی ڕۆژانی شەممان و ویستی جەنگ دوو خزمی پسایکۆلۆژییانەی یەکترن. لەبەرئەمەیە کە جۆش و خرۆش وەک دیاردەیەکی خراپ بەکارهێنراو دەردەکەوێت. لێرەوەیە ئێمە نابێت ئاگایی و وریایی ئەڵمانی تەنیا وەکو شتێکی دەمارگیری تەماشا بکەین. ڕەنگە هێندە بەس بێت ئاماژە بەوە بدەین، کەوا مرۆ دەتوانێت لەڕووی مۆرالییەوە ئاگایی خراپ بەکار بهێنێت. ئەو ئەڵمانەی جارێک ئەوەی بینی بێت کاتێک ئینگلیزەکان چۆن ئاهەنگ دەگێڕن و سروودی نەتەوەیی دەچڕن، بەشێوەیەکی خۆنەویستانە هەست بەوە دەکات کەوا فاشیزم بەرەو دورگە بریتانییەکە هەڵهاتووە. لەناو ئێمەدا پیداگۆگێک هەیە، کە دەیەوێت پێشنیازی پرۆگرامێکی وەئاگاهاتنەوە ی made in Germany بۆ ئەوانیتر لەهەموو دنیادا بکات.

پرسیار: لەئەڵمانیادا بەخێرایی ڕقیان لە خرۆشاندن دەبێتەوە. ئەو شەڕەی بۆ یورگەن کلینزمان کرا ئەوەی پیشانداین. بۆچی ئێمە ناتوانین  متمانەمان بە ڕاهێنەرەکەمان و بە تیپەکەمان هەبێت؟

سلۆتەردایک: متمانە، بژاردە و ئۆپشنێکی ئەڵمانی نییە. ئێمە  وتەکەی لێنین دەزانین: (( متمانە باشە، کۆنترۆڵ باشترە.)). ئەڵمانەکان ئەمەیان کردووە بە: (( متمانە باشە، گازندە باشترە.)). لای خەڵکی ئێمە دۆخێکی بەکەمگرتنی توند هەیە. لەبەرئەمەیە فەرمانگەی ڕاهێنانی ئەڵمانی لێرە ناخۆشترە وەک لە وڵاتانی تر. بەڵام بەشێوەیەکی گشتی وا دەبێت کە ڕاهێنەری وڵات هەر وەکو ڕێبەری کۆمەڵێک ڕاوچی وایە و سەرکەوتنەکانی کاریگەرییان لەسەر میزاج و باری دەروونی خەڵکی هەیە.

پرسیار: ئایا ئێمە هۆی خۆمان هەیە کە گازندە و سکاڵا لە دواهەمین پاڵەوانەکانمان دەکەین؟

سلۆتەردایک: ئێمە چیتر پاڵەوانمان نییە. ئێمە ئەوانمان گۆڕیوەتەوە بە ئەستێرەکان.

پرسیار: ئەی چی ئەستێرە لە پاڵەوان جیا دەکاتەوە؟

سلۆتەردایك: پاڵەوان زوو دەمرێت، بەڵام ئەستێرە دەمێنێتەوە. لێرەوە ئێمە ڕوانگەیەکمان بۆ سەر ئەو بوارە دەست دەکەوێت. لەڕاستیدا هەردووکیان بۆ کۆتاییەکی زوو دانراون. پاڵەوان لەسەر مەیدانی کوشتارەگەکە دەکەوێت و، ئەستێرەش لە دووبارە گەڕانەوەی بۆ ژیانی ئاسایی و بەئەندامبوونەوەی ژیانی هاوشارێتییەکەی، کە ئەمەش هاوتای مەرگێکی ڕەمزییە و لە مۆدێلخستنێتی. وەکوتریش مەرگی زوو بۆ زۆرینەی وەرزشوانەکان شتێکی خراپ نییە، چونکە ئەوان دوای هەڵکشانیان ئیتر بێ هیچ ڕیزپەڕییەک بێزراو دەبن. وەرزشکارە گرنگەکان تەنیا لەوێدا خۆیان دەگۆڕن، کاتێک وەکو بەرپرسیارێک لەناو مێشکە ڕزیوەکاندا بەردەوام دەبن. ئەوسا بۆ پاشماوەی ژیانیان هیچ شتێکی تر ناکەن جگەی لەوەی سزای هۆکاری ئەو درۆیانە بدەن کە پێی ناودار بوون. ئەوان دەستپێکێکی پرشنگداریان هەیە، بەڵام کۆتاییەکی وێرانکەر. ئەمەش بۆ ((ئاخیل/ئەسخیلۆس)) گلدراوەتەوە، لەبەرئەوەی ئەو دامرکانەوەیەکی ڕاستەقینەی نمایشەکەی بینی.

پرسیار: ناسینەوەی ڕاوچی لە دەیڤید بێکهام دا یان لە ڕۆنالدینۆدا، وەک دوو ئەستێرەی تۆپی پێی مۆدێرن، شتێکی زەحمەتە؟

سلۆتەردایک: ئەمڕۆ ئەستێرە دەبێت بە ڕووناکییەکی لەڕادەبەدەر بژی. چونکە ئەو خەسڵەتێکی پاسیڤی سەرنجڕاکێشانی تیایە: واتە ئەو خەڵک زۆر دەبینێت و کەچی ئەو هەرگیز خودی خۆی نابینێت. وەڵامی ئەمەش بریتییە لە: ببەرە مۆدێل. لەباشترین حاڵەتیشدا یاریکەرەکان لەبەرئەوە ڕۆڵی ئەستێرە بەباشی وازی دەکەن، کە هۆشیارییان بە جیهانی مۆدێلەکان دەگۆڕن، بەنموونە دەیڤید بێکهام. بەمجۆرە دەشێت یەکێک ئەوە نیشان بدات، کەوا خودی یاریکەرەکە خۆیشی لە کرداری لەپاڵەوانخستنەکە تێگەیشتووە. ئەنجامەکەشی ئەمەیە، لەمڕۆدا باشتر وایە وەک نێرەمووکێک دەر بکەویت نەک وەک پیاوێکی پاڵەوان. مۆدێلی یاریکەرەکانی تۆپی پێ ڕەدووی تەوژمێکی گەشەسەندن کەوتووە کە لەساڵانی شەستەکانەوە لەئارادایە، واتە: بەدوای شەمەنەفەری نێرەمووکبوون کەوتن. ئەمەش بزووتنەوەیەکی درێژخایەنە، کە تێیدا پیاوان دەبێت لەخۆیان داماڵرێن و ئیتر وەکو بەکاربەرێکی ئۆفەرە کۆسماتیکییەکان و نمایشکاری بابەتەکانی ئارایشتکردن دەربکەون.

پرسیار: ئایا تیپی نەتەوەیی ئەڵمانی تیپی نێرەمووکەکانە؟

سلۆتەردایک: لەبنەڕەتدا بەڵێ. ئەگەرچی کلینزمان بەرەنگاری ئەوە دەبێتەوە. من پێموایە ئەو کورانی Kuranyi لەبەر لاوازی یاریکردنەکەی دەرنەکردووە، بەڵکو لەسەر ئەوە لێی تووڕەیە، چونکە ئەو نیوکاتژمێرێکی ئەوێت تاوەکو ڕیشی دەتاشێت و خۆی دەڕازێنێتەوە. ئەمەش دەنگێکی دژە نێرەمووکایەتییانەی کلینزمانە، واتە پرۆتێستێکە لەدژی مۆدێل.

پرسیار: فیلۆسۆفی بەرلینی گونتەر گێباوەر دەڵێت: یاریکردن بە پێ، تاوەکو ئەمڕۆ وەک پرۆتێستێکی بێدەنگ ماوەتەوە بەرامبەر بە کولتوری زانین.

سلۆتەردایک: منیش هەروای دەبینم. بەلای منەوە یەکێک لە سەیرترین پرسیارەکانی مێژووی کولتورییانەی نوێ، بریتییە لە: بۆچی ئێمە ڕێنیسانسمان لە سەدەی ١٥ وە تاوەکو سەدەی ١٩ هەمیشە تەنیا وەکو دووبارەگەڕانەوەی ئەدەبیاتی ئەنتیک و هونەرەکان ژیاندووە؟ هەموو یەکێکیش ئەوە دەزانێت کەوا ئەنتیک کولتورێکی بەرفراوانی جەماوەرییانەی جوانی هەبوو، کەبریتی بوو لە وەرزشی سەرەتایی. بەڵام ڕێنیسانسە کلاسیکییەکەمان تەنیا ئەوەی لێ هێنایەوە کە نەریتچییەکان تەنیا بەدەستەکانییان ڕتووشی ڕووکەشەکانیان کرد. ماوەیەکی زۆر درێژ ئێمە دوودڵ بووین لەوەی کە وەرزشکارەکانیش، لەپاڵ هونەرمەندەکان و فیلۆسۆفەکان و زاناکاندا، وەکو فیگورێکی جوانی ئەنتیک دووبارە بهێنینەوە. وا نزیکەی ١٠٠ ساڵێک دەبێت ئەم فیگورە گەڕاوەتەوە و لەوکاتەشەوە بوونی خۆی سەلماندووە. لەگەڵ دووبارە دەرکەوتنەوەی ئەو دیسانەوە سەرقاڵبوونێکی پڕاوپڕ هەیە بۆ خرۆشە تیمۆتیکییەکانی مرۆڤ. بەپێی زانستە بنەڕەتییە پسایکۆلۆگییەکانی گریک، ئێمە تەنیا ئیرۆس مان نییە، کە وامانلێدەکات حەزمان لەشتەکان بێت، بەڵکو ئێمە تیمۆسیشمان هەیە کەهانی مرۆڤ دەدات ڕەمەکەکانی خۆیشی کارا بکات.

پرسیار: لەم ڕۆژگارەدا ئێمە ڕەمەک و خەسڵەتەکانمان لەڕێی توانای لێسەنین و یاریکردن بەتۆپەکەوە پیشان دەدەین؟

سلۆتەردایک: بێگومان ئەوەشە. دواجار ئێمە وێرامان کولتورە جەماوەرییەکەی ئەنتیک بهێنینەوە. واتە یاری نوێی زۆرانبازی نمایش بکەین. لەبەرئەوەیە ئێمە ماوەیەکە یاریگای گریکی و ئارێنای ڕۆمی دروست دەکەینەوە.

پرسیار: کەواتە بۆچی وەرزشکارەکان وەها درەنگ هێنرانەوە ئارا؟

سلۆتەردایک: لەبەرئەوەی هەست بەوە دەکرا، کەوا شتێکی مەترسییە گەر بەم وزانەوە یاری بکرێت. چونکە گەر ڕێ بە خەڵکی بدرێت خۆیان لە ئارێنا و گۆڕەپانەکاندا کۆبکەنەوە، ئەمە زۆر بەئاسانی دەبووە شتێکی سیاسی. ئەوکاتەشی کە ئیتر زانرا ئەم شێوازە وەرزشییانەی کۆبوونەوەی جەماوەری نابنە مایەی ڕاپەڕین و شۆڕشکردن، ئیتر لەهەموو لایەکەوە  ئەم قەفەزە نوێیەی کولتوری جەماوەری یان دانا. سەردەمی ئەنتیک لەمەدا نموونەیەکی پڕاوپڕی بۆ بەجێهێشتووین، کە بریتییەلە، شێوەی پلیکانەیی گۆڕەپان و ئەرێناکان. خۆ گەر تەنانەت تەماشای یاریگا مۆدێرنەکانیش بکەین، وەکو ئارێنای ئالیانز لە میونخ، یەکڕاست ئەوە دەناسینەوە، کەوا ئەمە هەر هەمان کۆلۆسیۆمە.( کۆلۆسیۆم: بینایەکی بازنەیی گەورەیە و لەشێوەی پلیکانەدا و ناوەڕاستەکەی گۆڕەپانە، ئەم گۆڕەپانە لە ئەرشیتێکتۆری ڕۆمییەکانە. وەرگێڕ.)

پرسیار: بەس لە ئارێنا مۆدێرنەکاندا بەهۆی بوونی لۆچی کەسانی بواری تایبەت و بیزنیس کلاسەوە هاندەرە کلاسیکییەکان وەدوواوە خراون.

سلۆتەردایک: ئەم وەرچەرخانە بەدوای تەوژمێکی بنەڕەتییانەی گەشەسەندنی کاپیتالیزمدا هات، واتە گۆڕانی کرێکار بۆ یاریکەر و بۆ بۆرسەکار، بەلای ئەمانەشەوە شتێکی ئاساییە ئامادەی ئەوە بن، کە پەیوەندی نێوان ئیشکردن و پارەپێدان لەیەکتری جیا بکەنەوە.

وەک ئێمە هەمووان دەزانین مووچە شتێکە پەیوەندی بە ئیشکردنەوە هەیە. بەڵام ئەمڕۆ مووچە بەش ناکات، بەڵکو خەڵکی مووچەی زیادەی دەوێت. کەواتە داواکردنی مووچەی زیادە بریتییە لە فۆرمێکی هەنووکەییانەی قازانج پێشبینیکردن. بێگومان ئەم کۆمەڵەیەش لەیاریگادا خۆیان دەبیننەوە، و لەوێدا لەنێو یەکتریدان. واتە ئەو کەسانەی لەسەر چیمەنەکەدان  لەگەڵ ئەوانەی لەسەر کورسی ناو لۆچەکاندان هەمان دڵ و ڕۆحیان هەیە. هەموو دەزانن، کە مەسەلەکە هەر لەبەر مووچە زیادەکەیە. ئێمە وردە وردەش لەوە تێدەگەین کە ئەمە چەندێک ترسناکە، چونکە تادێت ئێمە ئەنجامە نامۆرالییەکانی سیستەمەکەمان  پتر بۆ دەردەکەوێت. وەکوتریش یاریگای پۆستمۆدێرن بریتییە لە ماشینەیەکی ڕەقی هەقیقەت. جیاواز لە شانۆی مۆدێرن، کە تێیدا هەر لەسەرەتاوە دۆڕاوەکان دێنە سەرشانۆ و لەسەر گێچەڵەکانیان قسە دەکەن و بەردەوام خۆیانی پێوە گرێ دەدەنەوە، کەچی لە ئارێنای مۆدێرن دا  مەسەلەکە هەمیشە تەنیا سەبارەت بە زەوقی جیاکردنەوە کۆنەکەی نێوان بردنەوە و دۆڕانە.

پرسیار: تۆپی پێ نموونەیەکی بەهێزە بۆ گلۆبالیزم. هەندێک تیپی ئەڵمانی هەیە زۆر دەگمەن یاریکەرێکی ئەڵمانی تێدا بێت. لەیاری کۆتایی چامپیۆن لیگەدا بۆ ئارسێنال دووانیان ئینگلیزی بوون، وە بۆ بەرشەلۆنەش تەنیا سیانیان ئیسپانی بوون.

سلۆتەردایک: ئەوەی لەو فینالەدا بینیمان، بریتی بوو لە یاری دوو هەڵبژاردەی جیهان کە یانە لۆکالەکان نەخۆش دەخەن. بەڵام ئەمەش مانای ئەوەش دەگەیەنێت، کەوا یانەی تۆپی پێ و شارەکەی بەهەمانشێوە خۆیان دەگۆڕن بۆ شوێنگە، بەهەمانشێوە شارەکانیش بەوجۆرەی هەن خۆیان بۆ شوێنگەکان دەگۆڕن. چونکە لەچاخی گلۆبالیزاندنەوە، واتە لە ساڵی ١٤٩٢ بەدوواوە نیشتمان گۆڕاوە بۆ شوێنگە.

پرسیار: کەواتە ئەگەر چامپیۆن لیگە( پاڵەوانی یانەکان) ململانێی شوێنگەکان بێت، ئەی پاڵەوانێتی جیهان دەبێت چی بێت؟

سلۆتەردایک: لەڕاستیدا تەنیا کارێکی چاککردنەوە و سازاندنەوەیە. لە بارودۆخێکدا کە نەتەوەکان نوقمی ڕەوتی پۆست نەتەوایەتی دەبن، ئیتر پاڵەوانێتییەک سازدەکەن لەپێناوی ئەوەی نەتەوەکان وەکو نەتەوە هەستنەوە. ئەمەش کەمێک کۆنەگەراییە.

پرسیار: لەبەرچی؟

سلۆتەردایك: لەبەرئەوەی تیپە نەتەوەییەکان لەدەرەوەی ئەو پاڵەوانێتییە چ هەبوونێکی ڕاستی و ڕیالێتییان نییە. ئەوان لەپاڵەوانێتییەکاندا خۆیان وەک جۆرێک لە لاساییکەرەوەی نەتەوە دەردەخەن، بەمەش ئەوە دەهێننەوە بیری جەماوەر، کەوا ئەگەر ئەوان بیانەوێت، ئەوا دەتوانن خۆیان وەک نەتەوەیەک پێناس بکەن.

پرسیار: جا ئەمە وا کار دەکات؟

سلۆتەردایك: بگرە زۆر بەباشیش، چونکە هەستی بەشداریکردن لای مرۆڤ وەکوتر هیچ کار ناکات. ئێمە ئەمڕۆ لەجیهانێکدا ناژین کە پێداویستی بەشداریکردن بدوێنێت. بەپێچەوانەوە: مرۆ تەنیا پەیوەستی خودی خۆیەتی، لە باشترین حاڵەتدا پەیوەستی داهاتووی خۆیەتی. لەسەروو ئەمەوە مرۆ هەندێک پەیوەندی هەیە، یان وەکو دەڵێن لەنێو تۆڕێکدایە. بەڵام ئەو کەسانەی لەتۆڕەکەدان، بەشێوەیەک لەشێوەکان لەدۆخێکی پۆستناسیۆنال دان. واتە بەشێوەیەکی گشتی مرۆ نایەوێت جڤات خولیای بێت و کەسانیتر لەناوەوە داگیری بکەن. لادانی شارستانی بەرەو ئەو ئاراستەیە ڕەوت دەکات، کە جڤاتەکان بڕەوێنێتەوە، ئەمەش لەبەر یەک هۆی تەواو: لەبەرئەوەی تاکەکەسەهۆشیارەکان چیتر ئەو بارە گرانە بەردەوامەی گروپەکانی پەیوەستی کە بەردەوام لەزیادبووندایە پێیان لەئەستۆ هەڵناگیرێت. ئێمە نەدەمانەوێت ببینە نوێنەری هۆزەکانمان و نە پێویستیشە لەدەرەوە نوێنەرایەتی نەتەوەکەمان بکەین. کەچی هەندێک بارودۆخ هەیە، تێیدا مرۆ بۆ چەند کاژێرێکیش بێت خۆی بە نەتەوەیی پێناس دەکات.

پرسیار:  ئەگەر نەتەوایەتی خۆی لەناو تیپی نەتەوەییدا/نیشتمانیدا پیشان بدات، ئەوا شتێکی لۆگیکی نابێت لەناو فۆرمولاری پرسیارەکاندا بەنموونە ئەو پرسیارەی تیا نووسرا بێت: کێ لەساڵی ١٩٧٤دا بۆ ئەڵمانیا لە کۆتایاریدا یاری کرد؟ کە وەکو بەڵگەیەک بێت بۆ ئەوکەسە، تا بیسەلمێنێت بایەخ بەم وڵاتە دەدات؟

سلۆتەردایك: بۆچی نا؟ بەدیوەکەی تریشدا گەرەکە دەرفەت و چانسی ئەوە هەبێت، لەڕێی وەڵامی بەرامبەرەکەوە ئەوە بسەلمێنرێت، کە ئەویش سەر بە ئێرەیە. تا ئێستا ئەڵمانە خراپەکان بریتی بوون لە ئەڵمانە باشەکان. ئەوەی بیەوێت کۆچ بۆ وڵاتێک بکات، گەرەکە ئازادی ئەوەی هەبێت بڵێت: (( من نیشتمانپەروەرێکی خراپم، لەبەرئەوەیە من تەواو بۆ ئێرە دەگونجێم. ئەم خانەوادەیە، بێکەنباوەر و هاوەڵەکانی ئاساییە لە کیسیشم بچێت. من وەرزش بە شتێکی گەمژانە دادەنێم و باشتر ئێمە بدۆڕێین. دواجار من مافی ئەوەم هەیە، ببمە ئەندامی ئەم نەتەوەیە.)).

پرسیار: بەڵام گەرەکە کۆچبەر پەرجووەکەی بێرن das Wunder von Bern بناسێت؟

سلۆتەردایك: ئێمە دەشێت ئەم پرسیارە بکەین: (( چی لەهەموو شت زیاتر ئێوە وەڕس دەکات؟)). ئەگەر ئێمە پەرجووەکەی بێرنمان هەڵبژارد، ئەوا دەبینە حاڵەتێک بۆ پۆلیسی بێگانە. ئەوەشی پەرجووەکەی بێرن بخاتە بەر پرسیار، خۆی لەنزیک ڕێکەوتنێکی تیرۆریستییەوە دەبینێتەوە.

پرسیار: ئایا ئێوە چۆن ئەو تەجەلییە هیستریاییەی  لیرە بووە مایەی بەدەستهێنانی نازناوی پاڵەوانی جیهان لە ١٩٥٤ دا  ڕوون دەکەنەوە؟

سلۆتەردایک: ئەمە بەر لەهەرشت پەیوەندی بە ڕۆشنبیراندنی تۆپی پێوە هەیە. لەو کاتەوەی لێکۆڵینەوەی کولتوری جەماوەری هەیە، بەشێوەیەکی گشتی کولتوری میللی خۆی دەردەخات و خۆی تەجەلی دەلات. ئەم لێکۆڵینەوەیەش شوێنی پەناگەی ئەوانە بووە و دەشبێت، کە نیومارکسیزمیان گوزەراند و بەپێی لێکجیاکردنەوەکەی ئەو دەگەڕان بەشوێن بواری نوێی ئیشکردندا. واتە لە تۆپی پێدا بەجۆرێک لەجۆرەکان مرۆ دەتوانێت هەر بەدڵسۆزی بۆ بایەخە پرۆلیتارییەکە بمێنێتەوە. بەڵام دەبێت ئەوسا تەنیا ڕاڤەیەکی زۆر بەنرخ بۆ ڕووداوە پووچەکانیش فۆرمەلە بکات.

پرسیار: ئایا ساڵی ١٩٥٤ تان چۆن دێتەوە بیر؟

سلۆتەردایك: من وەکو منداڵێک ڕۆژانی ڕەخنەگرتنەکەم لە میونخ ژیاند. دایکم کە هیچ شتێکی بۆ تۆپی پێ لەباردا نەبوو، ڕۆژێک دەستی گرتم و بە پەلە بردمی بۆ سەر ئەو شەقامەی کە تیپی نەتەوەیی ئەڵمانی، دوای بردنەوەیان لە بێرن، لێ گردبووبۆوە. بەم شێوەیە من فریتس ڤالتەرم بینی جامەکەی هەڵدەبڕی. کاتێکیش دایکم هەر دزەی پێدەکردمە ناو ئاپۆرەکەوە، هەستم بەوە کرد شتێک لای دایکم نائاساییە. ڕەنگە بۆ ئەو ئەوە بریتی بوو بێت لە گرێدانەوەیەک بە سەردەمی خۆی لە تیپی کچانی ئەڵمانی دا، کە ئەوان لەلایەن دەوڵەتەوە لەپێناوی هەستی شانازی پەیداکردن هەیانبوو. ئەگەرنا ئەو ناسیاسیترین کەس بوو کە من لەژیانمدا ڕێکەوتم کرد بێت. هەڵبەت من خۆم هیچ شتێک تێنەگەیشتم. ئەوە نەبێت تێبینی ئەوەم کرد، گەورەکان لەبەر هۆکارێک جۆش و خرۆشێکی زۆر گرتبوونی کەبەلای منەوە تەواو پەنهان و ناڕوون مابۆوە.

پرسیار: ئەی لە نازناوی ١٩٧٤دا شتێکی زۆرتر تێگەیشتن؟

سلۆتەردایك: ئەوسا ئەم دروشمە لەکارا بوو: (( من چیم داوە بەسەر جەنگی ڤێتنامەوە، گەر خۆم کێشەی ئۆرگازمۆزم هەبێت.)). ئەمەش زۆر بەباشی بۆ هەموو شتێکی تر دەست دەدات، لەوانەش بۆ درامای تۆپی پێ.

پرسیار: کەواتە ئێوە هاندەر و فانێکی ڕاستەقینە نابن؟

سلۆتەردایك: دەترسم،  بڵێم نا. تاکە شتێک لە تۆپی پێدا کە قووڵ سەرنجم ڕادەکێشێت، ئەو توانایەیە کە لاوان دەکەون و  خێرا هەڵدەستنەوە. ئەمە زۆر سەرسامم دەکات.

پرسیار: دیارە ئێوە دەتانەوێت فاوڵە توندەکان ببینن؟

سلۆتەردایك: نەخێر، من تەنیا دەمەوێت ئەوە ببینم ئەو لاوانە چۆن هەڵدەستنەوە. من ئەمە بە مانیفێستی دژە هێزی ڕاکێشان دادەنێم. کە مرۆ پیر و قورس دەبێت، ئەوسا دەزانێت ئەوە چۆنە. جاربەجار منیش لەسەر پاسکیلەکەم بەردەبمەوە، بەڵام هەوڵی ئەوەی دووبارە هەستمەوە سەرپێی خۆم بە سەرزەنشتێکی گەورەی دەزانم. لەبەرئەمەیە من ستایشێکی زۆرم هەیە بۆ ئەم خێرا هەستانەوەیەی ئەو یاریکەرانەی دەکەون. ئەوە ئەو چرکانەن کە من لەناوەوەمدا بەتەواوەتی بەشدارییان دەکەم. دیارە کەوتنیش بەشێکە لە یارییەکە، بەڵام تەنیا بە دووبارە هەستانەوەیان ئەوان خۆیان جوان دەکەن. لەبەرئەوەیە من سەرزەنشتی ئەو بەزۆر گواستنەوەیەش دەکەم لە سەر یاریگاکە: یاریکەرێکی پێکراو، کە هێشتا توانای ڕۆشتنی هەیە، کەچی بەتۆپزی ناچار دەکرێت و لەسەر تەختێک هەڵدەگیرێت و دەگوێزرێتەوە. شتێکی ترسناکە.

پرسیار: ئەمەش بۆ ڕاوچی گونجاو نییە، وانییە؟

سلۆتەردایك:  جاران یاریکەران خۆیان پاڵەوانانە بە شەلەشەل بەرەو قەراغی یاریگاکە دەچوون. بەڵام ئێستا بە تۆپزی ڕادەکێشرێن، من ئەمە بە لادان دادەنێم.

سەرچاوە:

Peter Sloterdijk: AusgewählteÜbertreibungen. 2013. S. 281-286

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: