زانست و فەلسەفەی ویستی ئازاد (بەشی دووەم)

635
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: کامۆ ئاراز

فیزیای کوانتەم و ویستی ئازاد

هەروەکو پێشووتر ئاماژەی پێدرا کە فیزیا دیتێرمێنیستیانەیە، ئەم هزرە دیاریکراوگەراییەش بە زەقی لە فیزیادا باو بوو تا سەرەتاکانی سەدەی بیستەم. چونکە تا دەوروبەری ١٩٠٠ەکان هەموو دیاردەکان دەتوانرا بە فیزیای کلاسیک لێک بدرێنەوە و دەتوانرا پێشبینی پێشهاتە فیزیاییەکانیش بکرانایە؛ بە یاساکانی فیزیا، وەلێ دواتر هەندێک دۆزینەوە بەدی کرا و هەندیک تاقیکردنەوەش کرا کە دەرەئەنجامەکان نەدەتوانران لێک بدرێنەوە لە ڕێی فیزیای کلاسیکەوە، هەر بەم هۆیانەش فیزیای کوانتەم هاتە کایەوە کە تێیدا پێشبینیکردنی ڕەهایی وەکو فیزیای کلاسیک بوونی نییە و کار لەسەر ئەگەرەکان دەکات.

لە دیرۆکدا خەڵکی وایان دادەنا کە ڕووداوە سرووشتییەکان هەڕەمەکییانە ڕوودەدەن، هەر ئەمەش بوو وای کرد بوو کە قوربانی بۆ خوداکان بکەن، چونکە نەیان دەتوانی پێشبینی داهاتوو بکەن، جا بۆیە پەنایان دەبردە بەر قوربانی بۆ خوداکان تاوەکو دڵیان نەرم بکەن سەبارەت بەوەی چ بڕیارێک لە داهاتووی ئەم شوێنکەوتووانە دەدەن. ئەگەر بتویستایە قومار ببەیتەوە ئاسایی بوو بچیتە بەردەم پەیکەری فۆرتونا و داوای بەختی باشت بکردایە، گەر جووتیار بووای ڕێی تێدەچوو سەردانی خوداوەند دێمیتەرت بکردایە کە لە یۆناندا خوداوەندی کشتوکاڵ بوو. بەڵام؛ خەڵکی وردە وردە هەستیان کرد کە جۆرێک لە ڕێکخراوی لە گەردووندا بوونی هەیە، بەتایبەتی جوڵەی تەنە ئاسمانییەکان، لەمەوە زانستی گەردوونناسی دێتە کایەوە، بۆیان دەرکەوت کە دەتوانن جوڵەی تەنەکانی گەردوون بە هاوکێشە و یاسا دەرببڕن، هەر ئەم تێگەیشتنەش دواتر بۆ زانستەکانی دیکە درێژ دەبێتەوە.

لەگەڵ پەرەسەندنی زانستدا تێگەیشتنێکی دیتێرمێنیستیانە درووست دەبێت، ئەم تێگەیشتنەش تا سەدەی بیست بەردەوامی هەبوو، ئاخر تێبینی کرا کە هەموو جوڵەی تەنەکان دەتوانرێت پێشبینی بکرێن لە ڕێی یاساکانی فیزیاوە. تەنانەت هزرە بەناوبانگەکەی سیمۆن-پیێر لاپلاس پوختکراوەی ئەو تێگەیشتنە دیتێرمێنیستییە بوو کە شتێکی هاوشێوەی ئەمەی دەگووت: گەر زانا بین بە شوێن و خێرایی هەموو پاڕتکڵەکانی گەردوون ئەوا دەتوانین هەژماری هەر ساتێکی ڕابوردوو و داهاتوویان بکەین. هەر ئەم دۆگمای دیتێرمێنیزمی زانستیانە بوو کە وای لە ئەلبێرت ئەنشتاین کرد دڵخۆش نەبێت بە دۆزینەوەکانی کوانتەم و دەیگووت ‘خودا یاری بە زار ناکات.’ وەلێ بنەمای نادڵنیایی هایزنبێرگ، کونە ڕەشەکان و دۆزینەوەکانی کوانتەم ئەم هزرەی لاپلاس و ئەنشتاینیان ئاوەژوو کرد.

هەر بۆیە فیزیای مۆدێرن بە تەواوەتی دیتیرمێنیستیانە نییە و توخمێکی نادیاریکراوگەرا لە گەردووندا دەکرێت بوونی هەبێت، ئەمەش نادیاریکراوگەراکان indeterminists و تەباگەراکان دڵخۆش دەکات.  دۆزینەوەکان و دیاردەکانی کوانتەم هەنگاو بە هەنگاو خۆیان خزاندۆتە ناو پرسەکانی ویستی ئازاد و هۆش، هەرچەندە کوانتەمیش نەبووەتە چارەسەرکردنی ئەم پرسانە بە یەکجارەکی بەڵام؛ توانراوە دیدگایەکی دیکە و ڕەهەندێکی دی لەم باسانە بهێنێتە کایەوە، تەنانەت هەندێک بیرمەند هەن کە لایان وایە کوانتەم دەکرێت کلیلی چارەسەرکردنی ئەم گرێ کوێرانەی هاوشێوەی ویستی ئازاد، ئەقڵ و هۆش بێت.

پێش ئەوەی کوانتەم لە فیزیادا بێتە کایەوە، بیرمەندەکان بیرۆکەی ڕێکەوتیان [chance] بە نەزانی لە قەڵەم دەدا، بەوەی ئەو کەسانەی کە باس لە ڕێکەوت دەکەن، ئەوانەن کە تێناگەن لە پڕۆسە دیتێرمێنیستییەکان و مۆری وشەی ‘ڕێکەوت’ لەو دیاردانە دەدەن. وەلێ کوانتەم ئەم هزرەی سەرەوخوار کرد، ئاخر مەسەلەی ڕێکەوت تەنیا وەکو دەرچەیەکی ئەقڵی سەبژێکتیڤ نەمایەوە، بەڵکو بۆمان دەرکەوت کە ئەگەر و ڕێکەوت دەکرێت بە ئۆبژێکتیڤیانە لە گەردووندا بوونیان هەبێت. دیاردەیەکی دیکەی گرنگی کوانتەم کە لە فیزیای کلاسیکی جیای دەکاتەوە بریتییە لە: نادڵنیایی و ڕێژەیی بوون. بە پێچەوانەی فیزیای کلاسیکەوە، لە کوانتەمدا پێوانەکاری درووست و ورد بۆ گەردیلەکان سەختە، هەرگیز ناتوانیت پێوانەکارییەکی ورد و درشت بکەیت بۆ دیاردەکان. بە پوختی ناتوانین پێشبینی ڕووداوەکانی داهاتوو بکەین بە گوێرەی کوانتەم، لەمەشەوە هەڕەمەکی [randomness] بوونی هەیە.

ئەم وتارە من نووسیومە یان نیورۆنەکانم؟

پێم وایە هیچ گومانێک نییە لەوەی مێشکناسی دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت لە تێگەیشتن لە ویستی ئازاد. ڕاستیەکەی ویستی ئازاد هەبێت یان تەنیا وەکو وەهمێک بوونی هەبێت و ئەزموونێکی ئۆنتۆلۆژیانە نەبێت، ئەوا هەر مێشکە کە بەرپرسیارە. کاتێک تۆ بڕیارێک دەدەیت و دواتر هۆیەک دەدەیت کە بۆ ئەوە بژاردەکەت بووە، تۆ هۆشت بەکار دەهێنیت، دەڵێیت؛ کە ‘خودی خۆت’ بڕیارت لەو هەڵبژاردەیە داوە، جا ‘خودیش’ ڕەهەندێکە لە ڕەهەندەکانی هۆش. هۆش بۆ خۆی کێشەیەکی دژوار و ئاڵۆزی زانست و فەلسەفەیە، بۆیە هێنانە کایەی بۆ ناو ئێرە کارەکانمان دژوارتر دەکات، وەلێ دەبێت لەوە تێبگەین کە ئەو دوو پرسە پەیوەندیان بە یەکترەوە هەیە.

تا ئێستا بنچینەی هۆش یەکلا نەبووەتەوە، هەندێک لە فەیلەسوفەکان لایان وایە پڕۆسەکانی مێشک بە تەنیا بەس نین بۆ لێکدانەوەی دیاردەکە، بەڵام؛ تا ئێستا ئەوەی لە توێژینەوەکانی مێشکناسی دەستمان دەکەون بریتییە لە: هەبوونی پەیوەندی زەق لە نێوان ئەزموونە هۆشییەکان و پڕۆسەکانی مێشک. هەر بۆیە ئەگەر ئەوە ڕاست بێت کە هۆش لە بەرهەمێکی مێشک زیاتر نییە، ئەوەی دەیکەین زادەی سیناپس و نیورۆنەکانمانن، کەوایە ئەم وتارە من نووسیومە یان نیورۆنەکانم؟

ئێمە هەستی سەربەستیمان هەیە بۆ ئەو بڕیارانەی دەیاندەین، بەڵام؛ بەشێوەیەک لە شێوەکان ئەمە بەندە بەوەی کە ئێمە بوونەوەرانێکی هۆشمەندین، هەر ئەو هۆشمەندیەشە کە وا دەکات ئەو هەستی ئازادییە لە هەڵبژاردنمان هەبێت. بەردێک دەبێت چ ئەزموون و هەستێکی ئازادانەی هەبێت؟ وەڵامەکە بە ڕوونی نەخێرە. کەوایە بۆ هەبوونی هۆشمەندی و دەمەقاڵێکردن لەسەر ویستی ئازاد پێویستیمان بە هەبوونی سیستەمە بایۆلۆژییەکان هەیە، هەروەکو هەمیشە دەڵێم؛ کە بابەتگەلێک نەدەبوونە پرسی زانستی و فەلسەفی ئەگەر ئۆرگانیزمەکان بوونیان نەبوونایە، بابەتگەلی هاوشێوەی: هۆش، ویستی ئازاد، ئەخلاق و هتد. هەر بۆیە پێم وایە بۆ دەستکەوتن و نزیکبوونەوە لە وەڵامی درووست سەبارەت بەم پرسانە و لە ناویشیاندا ویستی سەربەست پێویستیمان بە توێژینەوەی زێدەترە لە مێشکناسی و ڕەفتارە بایۆلۆژییەکان. هەنووکە هەندێک بیروبۆچوونیش هەن لەوەی ویستی ئازاد دەکرێت ڕەفتاری بایۆلۆژی بێت و لە زیندەوەراندا پەرەیسەند بێت (لە بەشی داهاتوو تیشک دەخەینە سەر پەرەسەندنی ویستی ئازد).

ڕاستە ئێمە وا هەست دەکەین کە هۆشمان هەمیشە لە کاردایە و بەردەوام ئاگامەندین، وەلێ کاتێک بە قووڵی لە بایۆلۆژیا و نیورۆلۆژیا دەڕوانین ئەم تێگەیشتنەمان درووست نییە. هۆش تەنیا بەشێکی کەمی چالاکی مێشکە. ڕەفتار و شتانێکی زۆر لە مێشکتدا ڕوودەدەن کە هۆشمەندیت دەستیان پێناگات. هەم هۆشداری و هەم ناهۆشداری و کردەی خۆکردانەی مێشکی تۆ سوودی بایۆلۆژی خۆیان هەیە. کاتێک کە تۆ فێری ژەنینی ئامێری گیتار دەبیت، دەستەکانت لەسەر تەلەکانی دەلەرزن و بە ئاسانی ناتوانیت زاڵ بیت بەسەر ژەنینی تەلەکان، زۆر بۆت قورسە کە هەردوو دەستت هاوشان بکەیت لە کاتی ژەنینی کۆردێک یان نۆتەکانی پەیژەی مۆسیقاکە، ئەی بۆچی کاتێک لە یوتوب دەڕوانیت چەندین کەس دەبینیت کە دەتوانن بە ڕێکوپێکی و زۆر بەجوانی گیتار بژەنن؟

ئەگەر تۆ بتوانیت ئارامبگریت و ڕۆژانە لە پڕۆڤەکردن بەردەوام بیت، ئەوا نیورۆنەکانی مێشکت خۆیان دادەڕێژنەوە و ئەو ژەنینانەت لە ناو مێشکت پڕۆگرام دەبن، هەر بۆیە کاتێک ساڵانێک بەسەر دەبەیت لە ژەنین و پڕاکتیزەکردن لەسەر گیتار دەکرێت تۆش لە داهاتوودا وەکو کچ و کوڕەکەی ناو یوتوب بە جوانی ئامێرەکە بژەنیت. ئاخر بەشێکی زۆر لەوەی دەیژەنیت خۆکردانە ڕوودەدات بەهۆی ئەوەی مێشکت خۆی لەسەری ڕاهێناوە. لێرە پرسیارێک درووست دەبێت: کەوایە بۆچی هۆشم هەیە، ئەگەر کرداری خۆکردانە لە ئاگاییمان باشتر بتوانن کارەکان تێبپەڕێنن و وزەیەکی کەمتر خەرج بکەن هۆشمان بۆچییە؟ لێرە نامەوێت بە درێژی بڕۆمە ناو وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە، بەڵام؛ هۆشمەندیش ئەرکی خۆی هەیە، کاتێک مێشک دەیەوێت بڕیارێک بدات چەندین ناوچەی جیاوازی مێشک لەگەڵ یەکتری دەکەونە گفتوگۆوە، بێگومان هەبوونی هۆش وەکو ‘بەڕێوبەری’ کۆمپانیایەک یان ‘شارەداری’ شارێک ئەم ململانێیە ناوەکیانە دەتوانن هێور بکەنەوە. هۆیەکی دیکەش دەکرێت ئەوە بێت، کاتێک تۆ قووڵ چوویتەتە ناو پڕۆسە میکانیکییە خۆکردەکانی مێشک، پێویستیت بە ئاگامەندییە تاوەکو ‘هۆشت’ بهێنێتەوە بەر خۆت بۆ هەر پێشهاتێکی لەناکاو.

ئەوە ڕاستە لەوانەیە من لە ڕێی ئەزموونە هۆشییەکانمەوە وا هەست دەکەم کە ‘خودی خۆم’ ئەم نووسینەم نووسیوە، بەڵام؛ بۆ بەدیهێنانی ئەم ساتەش هەر نیورۆنێکی مێشکم پەیوەندی لەگەڵ یەکدیدا دەبەستن، جگە لەمەش ئەو مێژووەی لە ژیانمدا پێی ڕۆشتووم هەموویان منیان گەیاندووە بەوەی ئەم وتارە بێتە ئەنجام، کەوایە بەڕاستی ئازاد بووم لە نووسینی یان زنجیرە ڕووداوێکی ناوەکی و دەرەکی هاوشان بە مێژووەکەم دەستیان لەم وتارەدا هەبووە؟ بەدەر لەو هەستە ئازادییەی هەمانە، دەبێت هۆش چ دەستەڵاتێکی هەبێت بەبێ نیورۆنەکان، بۆیە ناتوانین نەپرسین کێ ئێمە کۆنتڕۆڵ دەکات؟

من تاوانبارم یان ویستی ئازاد؟

کێنێس جەیمس پاڕکس [بە کورتی کێن پاڕکس] لە سالی ١٩٨٧ تەمەنی بیست و سێ ساڵ بوو، خاوەنی منداڵێکیتەمەن پێنج مانگانیش بوو.لە ٢٣ی مانگی پێنجی ١٩٨٧ شەوەکەی بە دەم تەماشاکردنی تیڤیەوە خەو دەیباتەو، جا کێن پاڕکس یەکێک بوو لەوانەی کەخەوی قورس بوو و دەکرا بە دەم خەوەوە هاتوچۆی بکردایە. هەر دوای خەولێکەوتنی هەڵدەستێتە سەر پێ کەوشەکانی لە پێ دەکات و هەر بە دەم خەوەوە ئۆتۆمبێلەکەی بە درێژایی ٢٣ کیلومەتر لێ دەخوڕێت و دەچێت بۆ ماڵی خەسوو و خەزووری، خەسووی دەکوژێت و هەوڵی خنکاندنی خەزوریشی دەدات بەڵام ئەو دەربازی دەبێت، دواتر دیساب ئۆتۆمبێلەکە لێ دەخوڕێت و دەچێتە بنکەی پۆلیس و دەلێت ‘وابزانم دوو کەسم کوشتووە.’

ڕاستیەکەی کێن هیچ کێشەیەکی لەگەڵ دایک و باوکی هاوسەرەکەیدا نەبوو، بگرە پەیوەندی و نێوانی ئەو لەگەڵ خەسوو و خەزووریدا توندوتۆڵ بوو، لە دادگاشدا نەتوانرا هیچ پاڵنەرێک بدۆزنەوە لەوەی بۆ کێن دەبێت ئەوان بکوژێت. پارێزەرەکانی کێن پاڕکس تیمێک لە زانا و شارەزایانیان پێک هێنا تاوەکو پشکنین بۆ دۆخی تەندرووستی کێن بکەن، لە ڕێیی بەکارهێنانی EEGیەوە دەرکەوت کە کێن گیرۆدەی کێشەی خەوتنە و مێژوویەکی دوورودرێژیشی هەیە لە بەدەم خەوەوە پیاسەکردن. ئیدی بەڵگە دەرەئەنجامی تاقیکردنەوەکان دەریخست کە ناکرێت کێنت پاڕکس بە مەبەست تاوانەکەی ئەنجام دابێت و هیچ پاڵنەرێکیش نەبووە بۆ ئەوەی هەوڵی کوشتنی دایک و باوکی هاوسەرەکەی بدات، هەر بۆیە دادگا کێن پاڕکسی ئازاد کرد.

لەم نموونەیەی پاڕکسدا دەبینین کە گەر هۆشمان بەخۆمانەوە نەبێت و زۆر لەسەر کردارە خۆکردانە نائاگاییەکانمان بمێنینەوە لە بوکەڵەیەکی بە تەل کۆنتڕۆڵکراو زێدەتر نین. ڕاستیەکەی بەشێک لە زاناکان هۆشداریشمان هەر وا لێکدەدەنەوە، ئێمە هۆشدار بین یان نا هێشتاکە پڕۆسێسە نائاگاییەکان و نیورۆن و سیناپسەکانمان دەمانهێننە هەلەکەسەما. نموونەیەکی دیکە دەکرێت چاڕلس ویتمان بێت، لە ڕۆژی ١ی مانگی هەشتی سالی ١٩٦٦ لە زانکۆی تێکساس دەستڕێژی گولە دەکات و کۆمەڵێک خەڵک دەکوژێت و دواتریش خۆی لەلایەن پۆلیسەوە دەپێکرێت و گیان لە دەست دەدات. بۆ ڕۆژی پێشووتریش دایک و هاوسەرەکەی لە خەودا کوشت بوو.

هاوشێوەی پاڕکس ویتمان هیچ کێشەیەکی خیزانی و کۆمەڵایەتی نەبوو، بگرە گەنجێکی زیتەڵی ئاسایی بوو، تەنانەت دایک و هاوسەرەکەشی خۆش دەویست و پەیوەندی نێوانیان گەرموگوڕ بوو. شەوێک پێش ئەوەی هێرش بۆ سەر زانکۆی تێکساس، چەند نامەیەکی خۆکوژی جێهێشتبوو. لە یەکێک لە نامەکان داوای کردبوو کە دوای مردنی لاشەکەی توێکاری بکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت ئەگەر كێشەیەکی هەبوو بێت، چونکە لە نامەکە نووسی بووی کە هەست دەکات ماوەیەکە لەسەر خۆی نییە و دەنگ و ژاوەژاو لە ناو مێشکیدا بوونیان هەن. دوای کوژرانی ئاواتەکەی هێنرایە دی و پشکنینی دوای مەرگی بۆ کرا، دەرکەوت گرێیەکی چکۆلە درووست ببوو کە فشاری دەخستە سەر بەشێکی مێشک کە پێی دەگوترێت ئەمیگداڵا کە پەیوەستی ترس و توندوتیژییە.

نموونەی زۆرمان هەن هاوشێوەی ئەو دوو دۆسیەی کە هەنووکە خرانە ڕوو. تەنانەت هەندێک گرێی مێشک دەکرێت حەزی پیدۆفیلیا [منداڵبازی] لەلایەن کەسی توشبووەوە درووست بکات، بە نەمانی گرێیەکەش ئارەزووەکە بوونی نامێنێت، دەکرێت چەندین نموونەی دیکەی هاوشێوەی بهێنینەوە، هەموو ئەم نموونانەش دەریدەخەن کە ئێمە بووکەڵەی چالاکی و پڕۆسە نیورۆنییەکانی مێشکمانین. کاتێک لە ڕێستۆرانتەکە دانیشتوویت و چەند هەڵبژاردەیەکت لە بەردەمە، بۆ ئەو ڕۆژە حەز دەکەیت کە سپاگێتی داوا بکەیت، ئەم ئارەزووەت کە لە خۆتەوە هاتۆتە ناو ئەقڵت و دەتەوێت بە ئەنجامی بگەیەنیت کاری نیورۆنەکانتە، جا هۆی ڕوودانیشی تەنیا پەیوەست نییە بە کاتی ئێستاتەوە، دەتوانیت بۆ میلی چرکە، چرکە، خولەک، هەفتە، مانگ، ساڵ، دەیە یەکی پێشوو بیگەڕێنیتەوە، تۆ بە هەموو ئەو ئەزموون و مێژوویەی تێپەڕبوویت گەیشتوویتەتە ئەم ساتەی ئێستا بڕیار بدەیت سپاگێتییەکە لە نێو چەندین ژەمی دیکەدا هەڵبژێریت، یان وەکو من ئەم وتارە بەم جۆرەی ئێستا دابتاشیت.

مێشکم پێش خۆم بڕیاری داوە؟

یەکێک لە تاقیکردنەوە بەناوبانگەکان کە لە ئێستادا بە تاقیکردنەوەیەکی کلاسیکی دادەنرێت لە بابەتی مێشکناسی و ویستی ئازاد، بریتییە لە: تاقیکردنەوەکەی لیبێت. بێنجامین لیبێت یەکێکە لەو زانایانەی کە هەوڵی داوە مەسەلەی هۆش بە زانستیانە بکات و بیهێنێتە ناو لێکۆڵینەوە زانستییەکان. بەهەرحاڵ، لە هەشتاکانی سەدەی ڕابوردوو لیبێت تاقیکردنەوەیەکی کرد کە ئێستا هەر بە ناوی خۆیەوە دەناسرێت— تاقیکردنەوەکەی لیبێت— لیبێت کەسێکی دەهێنا و لە بەردەمیدا کاتژمێرێکی دادەنا کە خاڵێکی تێدا بوو؛ هاوشێوەی میلی کاتژمێر، وەلێ خێراتر، دەسوڕایەوە، داوای لە بەژداربووەکان دەکرد هەر کاتێک دەیانەوێت بڕیار بدەن پەنجەیان یان دەستیان بجوڵێنن، با بیکەن و ئەو کاتەشی کە بڕیارەکەیان تێدا داوە لەسەر کاتژمێرەکە دیاری بکەن کە ئەو ساتە خاڵەکە لەسەر کامە بەشی کاتژمێرەکە بووە.

دەرەئەنجامەکان دەریانخست کاتێک کەسێک هۆشیانە دەیگوت لەو کاتەدا بڕیاری داوە بە بەجێگەیاندنی کرداری بەرزکردنەوەی پەنجەیەکی یان جوڵاندنی دەستی، ڕاستیەکەی ٢٠٠ میلیچرکە پێش ئەو هەستە هۆشییە بڕیارەکەی داوە، جیا لەوەش بە سەدان میلیچرکە پێشووتریش مێشک خۆی بۆ کردنی ئەرکەکە ئامادە کردووە. بەشێکی زۆر لە بیرمەند، بەتایبەتی دیتێرمێنیست و تەباگەراکان وا دەرەئەنجامی تاقیکردنەوەکەیان لێکدایەوە کە هەستکردن بەوەی ئێمە خاوەنی ویستی ئازادین لە وەهمێک زیاتر نییە، ئێمە وا هەستدەکەین خۆمان بڕیارمانداوە، کەچی بە چەند چرکەیەک پێشووتر مێشک خۆی بۆ خۆی بڕیارەکەی یەکلایی کردووەتەوە.

لێکدانەوەی جیاواز هەن بۆ دەرەئەنجامەکانی ئەم تاقیکردنەوەیە، خودی لیبێت پێی وا نەبوو کە دەرەئەنجامەکانی تاقیکردنەوەکەی زیان بە بیرۆکەی ویستی ئازاد بگەیەنن، تەنانەت ئەو دەیگوت کە هۆشی مرۆڤ دەتوانێت ڤیتۆی ئەو بڕیارە بکات و ئەو بژاردەیەی کە خەریکی ئەنجامدانێتی ڕەت بکاتەوە. هەندێکی دیکەش جوڵەی میکانیکی هاوشێوەی بەرزکردنەوەی پەنجە و جوڵاندنی مەچەک بە ویستی ئازاد لە قەڵەم نادەن، ئاخر ئەو جۆرە جوڵە میکانیکییە فیزیۆلۆژیانە مێشک لە کۆنەوە خۆی لەسەر ڕاهێناون و ئاساییە لە کردنی کردارێکی میکانیکی وا سادە مێشک خۆی ئامادە بکات. هەر بۆیە ویستی ئازاد بریتییە لە: بڕیاردان لە بژاردەگەلێک کە هۆش و بیرکردنەوە تێیدا ڕۆڵ دەبینن و ڕێڕەوی ژیانی کەسەکە دیاری دەکەن هاوشێوەی: بڕیاردانی هاوسەرگیری، هەڵبژاردنی پیشە، کوشتن و نەکوشتن و هتد.

لە تاقیکردنەوەیەکی سالی ٢٠٠٢، بە سەرپەرشتی پڕۆفیسۆر ئەلڤارۆ پاسکوال-لیۆن، بەژداربووگەلێک بانگ دەکرانە تاقیگە و لە بەرانبەر سکرینێکدا دادەنیشێنران و دەستەکانیشیان لەسەر مێزەکە ڕا دەکێشا. کاتێک ڕەنگی سوور نیشان دەدرا ئەوان لە ناو مێشکی خۆیاندا بڕیارێکیان دەدا لەوەی ئایە دەستی ڕاست یان چەپ بجوڵێنن، هەرچەندە بڕیارەکەیان دەدا بەڵام: جێبەجێیان نەدەکرد، دواتر ڕەنگی زەرد نیشان دەدرا و بەدوایدا سەوز، لە ساتی دەرکەوتنی ڕەنگی سەوز لەسەر سکرینەکە ئەو بڕیارەی لە مێشکیاندا هەڵیان بژارد بوو جێبەجێیان دەکرد و ئەو دەستەیان دەجوڵاند کە ویستبوویان بیجوڵێنن.

ئەوەی مایەی سەرنجە ئالڤارۆ و تیمەکەی لە ڕێی بەکارهێنانی TMSەوە شەپۆلێکی ئێلیکترۆماگنێتیکیان بۆ مێشکی کەسەکان دەنارد. بەمەش بەشی مۆتۆر کۆرتێکسیان لە کەسەکەدا دەوروژاند، بۆ ئەوەی وا لە کەسەکە بکەن بژاردەکەی بگۆڕێت بە بێ ئەوەی ئەو کەسانە هەست بەوە بکەن. هەر بۆیە ئەوان بڕیاریان دەدا کاتێک رەنگی سوور لەسەر سکرینەکە بوو، لەو ساتەی کە ڕەنگە زەردەکەش بە دیار دەکەوت توێژەران شەپۆلێکی ئەلیکترۆماگنێتیکیان بۆ مێشکی کەسەکە دەنارد، بۆ وێنە بەشی چەپی مۆتۆر کۆرتێکسیان دەوروژاند کە ئەمە وای دەکرد ئەگەری زیاتر بێت بەژداربووەکە دەستی ڕاستی بجوڵێنێت.

ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە، هاوشێوەی تاقیکردنەوەکەی لیبێت، بەژداربووەکان ڕایان دەگەیاند کە خودی خۆیان ویستوویانە ئەو دەستەیان بەرز بکەنەوە یان کاتێک بڕیارەکەیان گۆڕیوە خۆیان ویستیان لەسەر ئەوە بووە بڕیارەکەیان بگۆڕن، کەچی بێئاگابوون لەوەی لە ڕێی TMSەوە یاری بە هەڵبژاردەکەیان کراوە. هەر چ چالاکییەک لە مێشکدا ڕووی بدایە ئەوان خۆیان دەکرد بە خاوەنی، ئەمە هۆشە کە چیرۆکێک بۆ خۆی درووست دەکات لەوەی خۆتیت کە سوکانەکەت بە دەستە. بەڵام؛ ئەم جۆرە تاقیکردنەوانە کێشە بۆ هەبوونی ویستی ئازاد درووست دەکەن و وەهمی ویستی ئازاد دووپات دەکەنەوە.

هەر چۆنێک بێت، دەبێت ئەوە بگوترێت کە لە ئێستای مێشکناسیدا ناتوانین ویستی ئازاد بە تەواوی ڕەت بکەینەوە. مێشک ئەندامێکی ئاڵۆزە بلیۆنان نیورۆن چالاکی ئاڵۆزی تێدا بە ئەنجام دەگەیەنن، ئەمە جگە لەوەی لە هەسارەکەماندا ٨ بلیۆن مێشکی ئاڵۆزی وەها لە بووندان و لەگەڵ یەکدیدا هەڵسوکەوت دەکەن. ئەم تۆڕە بەیەکترداچووە ئاڵۆزە سەختە هەموو نهێنییەکانی خۆی بە ئاسانی بە دەستەوە بدات. بۆیە هێشتا پێویستیمان بە توێژینەوەی زانستی زیاترە بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە ئەندامە ئاڵۆزەکە- مێشک.

پەرەسەندنی ویستی ئازاد

پێشتر وا دادەنرا کە ئاژەڵەکان کرداریان نییە بەڵکو تەنیا پەرچەکرداریان هەیە، واتە تەنیا وەڵامی ئەو ئینپوتانە دەدەنەوە کە لە ژینگەکەیاندا ڕووبەڕوویان دەکرێتەوە، تەنانەت ڕێنێ دێکارتیش پێی وا بوو تەنیا مرۆڤەکان خاوەنی ویستی ئازادن و ئاژەڵەکان لە ڕۆبۆتێکی بایۆلۆژی زیاتر نین. بەڵام؛ ئەم جۆرە لە بیرکردنەوە دەربارەی ئاژەڵەکان ماوەیەکی زۆرە جێهێڵدراوە و بە هەند وەرناگیردرێت. ئاژەڵەکانیش بەشی خۆیان خاوەنی فۆڕمێکن لەو شتانەی کە ئێمە لەوان جیا دەکەنەوە: هۆش، مۆڕاڵ، بیرکردنەوە، زمان و هتد. توێژینەوەکان دەری دەخەن کە ئاژەڵەکانیش هەندێک کردار بە ئەنجام دەگەیەنن کە زادەی دۆخەکانی ناخیانە و مەرج نییە تەنیا وەڵام و پەرچەکردار بن بۆ ئینپوتەکانی دەوروبەریان.

دیدگایەکی پەرەسەندنیانە بۆ پرسی ویستی سەربەست لە لایەن ماڕتن هایزنبێرگەوە سەرچاوە دەگرێت کە زانایەکی بایۆلۆژییە و کوڕی ڤێرنەر هایزنبێرگی فیزیاناسە کە دانەری بنەمای نادڵنیاییە لە فیزیای کوانتەم. ماڕتن پێی وایە ئێمە خاوەنی ویستی ئازادین و ئەو ویستەش ڕەفتارێکی بایۆلۆژییە و بە درێژایی پڕۆسێسی پەرەسەندن پەرەی سەندووە. ئەو پێی وایە بە ڕوانین لە رەفتاری بایۆلۆژیانەی ئاژەڵەکانی دەوروپشتمان، تەنانەت زیندەوەرە تاکخانەکانێش دەتوانین تێگەیشتن بۆ ویستی ئازاد درووست بکەین.

ماڕتن هایزنبێرگ پێی وایە بەشێوەیەکی گشتی ژیان بریتییە لە: پەتپەتێن لە نێوان دیتێرمێنیزم و هەڕەمەکی بوون، هەروەک پێشووتر لە کوانتەمەوە زانیمان کە مەرج نییە گەردوون رەقوتەقانە دیتێرمێنیستیک بێت. کردار لە پەرچەکردار جودایە، چونکە پەرچەکردار وەڵامە بۆ ئینپوتێک، بەڵام؛ بەجێگەیاندنی کردارێک دەستی دەرەکی لە پشتەوە نییە، جا دەتوانین بەجێگەیاندنی کردارێکی هەڕەمەکی ببینین لە بوونەوەرە تاکخانەکان. بۆ نموونە سەرنج بدە لەوەی چۆن بەکتریای ئیکۆلای دەجوڵێت، ئیکۆلای خاوەنی کلکێکی قامچی-ئاسایە کە دەتوانێت بە دەوری خۆیدا خۆی بخولێنێتەوە بە ئاڕاستەی میلی کاتژمێر یان بە پێچەوانەوە. دوای خولانەوەکەی بڕیار دەدات ئاڕاستەیەک دیاری بکات و بۆی بچێت، ئەم خولانەوەیە بە هۆی وەرگرە هەستییەکانییەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت و پشکنینی ژینگەکەی دەکات، تاوەکو شوێنێک بدۆزێتەوە خۆراک و گەرمیەکی گونجاوی لێ بێت.

ئەوەی ئەم بەکتریایە پێمان دەڵێت؛ ئەوەیە کە ئاوتپوتێکی ڕەفتاری بوونی هەیە بەبێ ئەوەی ئینپوتێکی هەستیانەی دەرەکی هەبێت تا وا لە بەکتریاکە بکات ئەو کردارە بە ئەنجام بگەیەنێت. ئەمەش هاوشانی ئەوەیە لە ئۆرگانیزمەکاندا سیستەمی جوڵە کەمێک پیش گەشەسەندنی سیستەمی هەستی دەکەوێت، بۆی هەیە ئەمە بەهۆی پەرەسەندنەوە بێت کە جوڵەکردن و توانستی گەڕان بە شوێنێکدا باش بێت بۆ ئۆرگانیزمەکە. بەهەرحاڵ، ئەم ڕەفتارە سادەیە پەرەدەستێنێت و لەگەڵ هاتنە کایەی زیندەوەرە فرەخانەکان، ئێمەی مرۆڤ لەوانەین، رەفتارەکانیش ئاڵۆز دەبن.

ماڕتن هایزنبێرگ پێی وایە پێویستیت بە هۆش نییە تاوەکو ویستی ئازادت هەبێت، کارێک بە هۆشداریانە یان ناهۆشداریانە بە ئەنجام بگەیەنیت ڕەفتارێکی ئازادانە بووە، بۆ ماڕتن هەر کردارێک لە خۆتەوە سەرچاوەی گرت بێت ئەوا بە ویستی خۆت ئەنجامت داوە. هەرچەندە دان بەوەدا دەنێت کە هەبوونی هۆش رەفتارەکانمان باشتر دەکات و کاراتر دەبن، بەڵام؛ هۆش خۆی بۆ خۆی توخمێکی سەرەکی نییە لە کردنی رەفتارێکی سەربەستدا.

کەوایە ئێمە ئازادین ئەگەر رەفتارێک بکەین لە ناواخنی خۆمانەوە سەرچاوەی گرت بێت و بە زەبری تفەنگی ئینپوتێک نەبوو بێت. گەر وا بێت ئەوا رەفتاری ئازاد لە ئاژەڵەکانێشدا دێتە بەر دیدەمان. مێشی میوە وەربگرە وەک نموونە، ئەوان تەنیا ڕۆبۆتێک نین، تەنیا وەڵامی ئینپوتەکان نادەنەوە. کاتێک مێشی میوە ڕووبەڕووی هەندێک کێشە کراونەتەوە، توانیویانە پێشبینییەکانی خۆیان دەستکاری بکەن و ئەو کێشانە چارەسەر بکەن کە هەرگیز لە تەواوی مێژووی پەرەسەندی جۆرەکەیاندا ڕووبەروویان نەبووەتەوە. کەواتە ئەوانیش دەتوانن کردارگەلێک بە ئەنجام بگەیەنن کە لە خۆیانەوە هەڵقولاو بێت.

بە پوختی، ئەم تێگەیشتنەی ماڕتن هایزنبێرگ جۆرێکە لە تەباگەرایی. ویستی ئازاد یان راستتر بڵێین رەفتاری ئازاد بە پڕۆسەیەکی پەرەسەندندا ڕۆیشتووە. پێویستیمان بە بوونی ئەو هۆشمەندیەی مرۆڤ نییە تاوەکو بوونەوەرێک لە جێبەجێکردنی ڕەفتارە بایۆلۆژییەکاندا سەربەست بێت، وەلێ بێگومان هەبوونی هۆشمەندی کار دەکاتە سەر پتەوکردنی ئەزموونکردنی ویستی ئازاد.

ئێستا چی بکەین؟

هەروەکو دەبینیت کە هەڵهێنانی مەتەڵی ویستی ئازاد ئاسان نییە. مێشکناس ڕۆبێرت ساپۆڵسکی گوتەنی: ویستی ئازاد ئەو زانستەیە کە هێشتاکە پێی ئاشنا نین. پێم وایە هێشتا پێویستیمان بە توێژینەوەی قووڵی زانستییە بۆ ئەوەی لە ویستی ئازاد تێبگەین، بڕوا ناکەم زوو مێشک و گەردوون نهێنییەکانیان بدەن بە دەستەوە. بەڵام؛ خۆ بەڕێکردنی ژیانمان لەسەر چارەسەرکردنی کێشەیەکی زانستی-فەلسەفی نەوەستاوە، بە درێژایی هەزاران ساڵ وەڵامی ئەم پرسەمان نەداوەتەوە کەچی لە سەماکردن، نانخواردن و شتەکانی دیکەی ڕۆژانەمان نەکەوتووین. گومانی تێدا نییە کە تێگەیشتنێکی درووستی زانستیانە بۆ ویستی ئازاد دەکرێت زۆر شت لە ژیان و کۆمەڵگاکەمان بگۆڕێت، وەلێ تا دەگەینە ئەو شوێنەی ئیدی وەڵامێکی قایلکەرمان هەیە، لە سەماکردن و هەڵبژاردنی ژەمەکەت [کە بۆ خۆم هەڵبژاردەکە سوشیە] لە ڕێستۆرانتەکە مەوەستە.

سەرچاوەکان

Sapolsky, R. (2017). Behave: The biology of humans at our best and worst.

Hawking, S. (2018). Brief answers to the big questions.

Doyle, B. (2011). Free Will: the scandal in philosophy.

Eagleman, D. (2015). The Brain: the story of you.

Hales, S. D. (2013). This is philosophy.

Mandik, P. (2013). this is philosophy of mind.

Pascual-Leone, Á. et al. (2002). Modulation of input–output curves by low and high frequency repetitive transcranial magnetic stimulation of the motor cortex. Volume 113, Issue 8, Pages 1249-1257. https://doi.org/10.1016/S1388-2457(02)00109-8

Heisenberg, M. Is free will an illusion?. Nature 459, 164–165 (2009). http://dx.doi.org/10.1038/459164a

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: