زانست و فەلسەفەی ویستی ئازاد (بەشی یەکەم)

886
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: کامۆ ئاراز

بەشی یەکەم

دەتوانم بە متمانەوە بڵێم؛ کە لە خاڵی دەسپێکی فەلسەفەوە تاوەکو ئەمڕۆ هیچ چەمک و بابەتێک نەبووە بەبێ مشتومڕ و بۆڵەبۆڵ دەربازی بوو بێت. دەردی شۆن کاڕۆڵی فیزیاناس دەڵێت: کە ئەگەر سێ فەیلەسووف لە ژوورێکدا گفتوگۆیان بێت، نەک لەسەر ئەو شتەی باسی دەکەن تەبا نابن، بگرە دڵاودڵن لەوەی ئایە بەڕاست ژمارەیان سێ فەیلەسوفە یان جارێ ئەوان و ژوورەکە بەڕاستی بوونیان هەیە؟! هەر بۆیە زۆرجار لە سەرەتای دەسپێکی نووسینی ئەم جۆرە وتارانە، هەمیشە دەڵێم کە ئەم پاژۆیە هەویرەکەی ئاو زۆر هەڵدەکێشێت، هێندە ئەو دەربڕینەم دووبارە کردووەتەوە خەریکە لە گفتوگۆی ئاسایی ڕۆژانەش هەمان هەڵوێستم دەبێت بەرانبەر وەڵامی پرسیارێکی ئاسایی وەک ‘

حەز بە کامە ڕەنگ دەکەیت؟’ بەهەرحاڵ، لەبەر ئەوەی ویستی ئازاد بابەتێکی فراوانە و پێ دەنێتە ناو زانست، فەلسەفە و ئایین ئەوا دەتوانین دەیان هەزار وشەی لەسەر بنووسین و هێشتاکەش نەگەینە خاڵێک کە وەڵامەکان ئاسوودەمان بکەن، هەر بۆیە ئەم وتارەی بەردەستت پێشەکییەکی گەلێک چکۆلەیە بۆ بابەتەکە و پێناساندنێکە سەبارەت بە بیرۆکە سەرەکییەکانی ویستی ئازاد.

ویستی ئازاد کێشەیەکی کۆن و قووڵی فەلسەفەیە، بە درێژایی دوو هەزار ساڵ لە سەرەتای فەلسەفەی یۆنانیەوە بووەتە گرێ کوێرە بۆ بیرمەندەکان. ئارێشەکە بە پوختی ئەمەیە: ئایە ئێمە ئازادین لەو شتانەی کە دەیانکەین؟ لەوانەیە ئەو پرسیارە سەرەتا بە خەندەمان بهێنێت لەوەی ئایە فەیلەسوفەکان بەڕاستیانە لە کردنی پرسیارێک کە وەڵامەکەی زۆر ڕوونە. ئاخر ئێمە هەرگیز پرسیار لە خۆمان ناکەین کاتێک لە خواردنگەیەک ژەمێک لە نێو چەندان ژەمدا هەڵدەبژێرین، هیچ هێزیک نییە بە زەبری تفەنگ هەڵبژاردەکەت پێ بگۆڕێت، بەڵکو ئەوە بە ویستی تەواوی خۆت ئەو ژەمەت هەڵبژاردووە. ڕەنگ بێ دوای ئەم خەندەیەت، ئەم بیرۆکەیەش خۆی بخزێنێتە ناو جیهانی بیرکردنەوەت: بەڵام خۆ من دیاریم نەکردووە کەی و لە کوێ و چۆن لە دایک ببم، دیاریم نەکردووە کەی ئەم جیهانە جێدێڵم، تەنانەت ڕەنگی پێست و قژیشم دەرەئەنجامی بڕیاردانی من نین، دەکرێت ژەمێکیش هەڵبژاردەی من نەبێت لەبەرئەوەی بۆی هەیە بەرانبەر بەو خواردنە هەستیار بم. کەواتە پرسیار دەربارەی ئەوەی ئێمە لە بڕیار و بژاردەکان ئازادین یاخود نا، دێتە کایەوە.

ئێمە لە گەردوونێک دەژین کە ڕووداوەکان زنجیرەیەکی پێکبەستوون لە کار و کاردانەوە، هەموو شتێک هۆکارێکی هەبووە بۆ ڕوودان و خۆیشی بۆی هەیە ببێتە باوان بۆ ڕووداوی دواتر. ئەگەر ئەمە بە هەند وەربگرین، تەنانەت دەتوانین ئاڕگیومێنتی ئەوەش بکەین کە ئەو ژەمەی لە خواردنگەکە هەڵمان بژارد لە ڕاستیدا دەستکردی نیورۆبایۆلۆژیای مێشکمان بووە، ئەوە خانەکانی مێشکمان بوون پاڵیان پێوەناین تاوەکو ئەو بژاردەیە هەڵبژێرین، سا کەوایە ئێمە هەرگیز ئازاد نین لەوەی کە دەیکەین و دەیڵێین، تەواوی ڕەفتارەکانمان کە لە دەرەئەنجامی جوڵە و چالاکییەکانی مێشکمانەوە دەکەونەوە لەگەڵ جوڵەی تەنەکانی دیکەی گەردوون هەموویان لە ژێر کاریگەری هاوکیشە فیزیکاڵییەکانن، بۆیە ئێمە ئازاد نین. بەڵام؛ ئایە بەڕاست ناکرێت ئازادی بوونی هەبێت؟ ناتوانین نەپرسین: ئایە ئێمە پاروە بێدەستەڵاتەکەی ژێر چنگی چارەنووسین؟

ڕاستیەکەی بوون یان نەبوونی ویستی ئازاد دەکرێت کێشەی بەرپرسیاریەتی ئەخلاقیش درووست بکات، ئەگەر کەسێک ویستی ئازادی لەسەر تاوانێک نەبوو بێت، بۆچی سزای بدەین؟ کاتێک دەبیستین ویستی ئازاد بوونی نییە، بۆی هەیە لە ناخماندا تووشی نیگەرانی ببین، یان تەنانەت بترسین لەوەی ئێمە لە بوکەڵەیەکی بەتەلبەستراو زیاتر نین کە لەلایەن هێزەکانی بەدەر لە ‘خۆمان’ دەستەمۆ کراوین. بەڵام؛ دیسان دووبارەی دەکەمەوە، ئەم بابەتە بەم ساکارییە نییە، هەندێک ئاڕگیومێنتی ئەوە دەکەن ئەگەر ویستی ئازاد هەبێت یاخود نا، بە هیچ شێوەیەک کار ناکاتە سەر ئەوەی ڕەفتارێک باشە یان خراپ، هەندێکی دیکە لایان وایە فیزیای کوانتەم دەکرێت چارەسەر بێت بۆ ئەم پرسە و پرسگەلێکی دیکەی هاوشێوەی مەسەلەی هۆش، دەکرێت ببیستین ویستی ئازاد ڕەفتاری بایۆلۆژییە و پەرەیسەندووە. بە پوختی، لە ناو بوخچەی کێشەی ویستی ئازاد’دا چەندین هزری جیاواز سەبارەت بەم کێشەیە بوونیان هەیە، با دانە بە دانە لێکیان هەڵبوەشێنین.

تاکسۆنۆمی ویستی ئازاد

لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە قوتابخانە هزرییەکانی سەبارەت بە ویستی ئازاد پەرەیانسەند و بیرۆکەی جوداجودا هاتنە کایەوە، بە شێوەیەک هەر ڕێچکەیەک پشتگیری لە ئایدیایەکی دیاریکراو و تەنگ دەکرد سەبارەت بە پرسی ویستی ئازاد. هەر چۆنێک بێت، کاتێک دێتە سەر ئەوەی ئایە ئێمە بوکەڵەی ژێر دەستی چارەنووسین یان تاودەری ئەسپی خۆمانین بە مەچەکەکانی خۆمان، سێ بیرۆکەی بنەمایی بوونیان هەیە:

١. ئێمە بە تەواوی خاوەنی ویستی ئازادین لەو کردارانەی کە دەیانکەین.

٢. ویستی ئازاد بوونی نییە و بە هیچ شێوەیەک ئازاد نین لەو کردارانەی دەیانکەین.

٣. ئێمە خاوەنی ویستی ئازادین لە دونیایەک کە تێیدا پێشهاتەکان دیاریکراون؛ بە واتایەکی دیکە ئەم تێڕوانینە تێکەڵەیەکە لە هەردوو خاڵی یەکەم و دووەم.

ئەم سێ خاڵەی سەرەوە ئاماژەن بۆ سێ قوتابخانەی سەرەکی سەبارەت بە پرسی ویستی ئازاد: خاڵی یەکەم؛ هاوشانی لیبرتاریانیزمە libertarianism کە بە کوردی دەتوانین پێی بڵێین؛ ‘ئازادگەرایی’ یان ‘سەربەستگەرایی،’ هەرچی خاڵی دووەمە هاوشانی دیتێرمێنیزمە determinism کە بە کوردی دەکاتە ‘دیاریکراوگەرایی’ یان ‘زەبرگەرایی’ یان ‘جەبرگەرایی’ بە واتایەکی دیکە ئەو شتانەی ڕوودەدەن و دەیانکەین بە زەبر و زۆرەملێیە و خۆمان هیچ هەڵبژاردەیەکمان نییە. خاڵی سێیەمیش دەستەواژەی کۆمپاتیبڵزمی compatibilism بۆ بەکار دەهێنرێت و بە کوردی دەتوانین پێی بڵێین؛ ‘سازگارگەرایی’ یان ‘گونجاوگەرایی’ یان ‘تەباگەرایی’ بەو مانایەی بۆی هەیە لە جیهانێکی دیتێرمێنیستیانەدا ویستی ئازاد بە شێوەیەک لە شێوەکان بوونی هەبێت.

لیبێرتاریانیزم:

سەربەستگەرایی، هەروەکو ئاماژەی پێدرا، لای وایە کە مرۆڤەکان ئازادن. سەربەستگەراکان بە تەواوی دژن لەگەڵ تێزی دیتیرمێنیزمدا، نەک تەنیا دیتێرمێنیزمی فیزیکاڵی کە پێی وایە لە دونیای فیزیکاڵیدا ئازادی بوونی نییە چونکە هەموو شتێک پێشتر بەهۆی یاسا و دیاردە فیزیکییەکانەوە دیاریکراوە، بەڵکو دژی تەواوی فۆڕمەکانی دیکەی دیتێرمێنیستیشە (لە بەشی داهاتوو ئاماژە بە هەندێکیان دراوە.) ئەگەرچی درووشمەکەی ئەمان ئەوەیە: ‘مرۆڤ بوونەوەرێکی سەربەستە.’ لێ هەر سەربەستگەرایەک دەکرێت خاوەنی شرۆڤەی جیاواز بێت بۆ چەند و چۆنی ئەو سەربەستییە.

بەشێکی زۆری سەربەستگەراکان لە کۆندا بڕوایان بە تێزە مێتافیزیکییەکەی دێکارت هەبوو- دواڵیزمی ئەقڵ-لاشەی دێکارت. دێکارت وا تێدەفکرا کە گەردوون لە دوو جۆر شت پێکهاتبێت کە ئەوانیش ماددەی فیزیکی و ماددەی مێنتاڵین. شتە فیزیکییەکان وەکو دەست و بەرد و ئۆبژێکتەکانی دیکەی دەوروبەرمان کە دەتوانین لە ڕێگەی هەستەکانمانەوە پەیان پێ ببەین و وابستەی هاوکێشە فیزیکییەکانن، هەرچی ماددەی مێنتاڵیشە لە دونیای فیزیک جودایە و ناتوانین بە مێتۆدی فیزیایی پەی پێ ببەین، یان بە ئەندامە هەستەوەرەکانمان هەستیان پێ بکەین، هەر ئەم ماددە مێنتاڵیەشە کە بەهۆی مامەڵە کردنی لەگەڵ دونیای ڕەق و تەق دەبێتە هۆی هێنانە کایەی هۆش، ‘ڕۆح’ و ئەزموونە نافیزیکییەکانی دیکە.

ئەو سەربەستەگەرایانە لە سۆنگەی ئەم مۆدێلە مێتافیزیکیەی دێکارتەوە ئازادبوونی ویستی ئێمەیان لێک دەدایەوە. هەر بۆیە بە گوێرەی ئەمان سەربەستبوونی ویست و ڕەفتاری مرۆڤ بە شێوەیەک لە شێوەکان بەندە بە ماددەی مێنتاڵەوە کە توانای ئەوەی هەیە لە دونیای فیزیکدا بە پێچەوانەی پێشهاتە فیزیکاڵییەکان مامەڵە بکات. تەنانەت کانتیش هەر لای وا بوو دەبێت ویستی ئازاد پەیوەندی هەبێت بە دونیایەکی ترانسیدێنتاڵی دەرە-فیزیا. ڕاستیەکەی ئەم دەمەتەقێ مێتافیزیکییە تفەنگ نانە بە تاریکییەوە و چارەسەر نییە بۆ پرسەکە، پرسیارێکی هاوشێوەی ئەمە: چۆنایی ماددەی مێنتاڵی ئازادیمان پێ دەبەخشێت؟ هەر بە نادیاری دەمێنێتەوە، چونکە نازانرێت کە ئەگەر ماددەی مێنتاڵی هەبێت چۆن چۆنی مرۆڤ سەربەست دەکات.

سەربەستگەرای دیکە هەن کە دەیانەوێت بە کۆمەکی بیروباوەڕی ئایینی ئاگری ئارێشەکە بکوژێننەوە. ئەم سەربەستگەرا ئایینخوازانە دەڵێن؛ کە خودا مرۆڤی سەرپشک کردووە ئازاد بێت، بەڵام؛ لە هەمان کاتتدا خودا زانیاری پێشوەختەی هەیە کە ئێمە چی دەکەین و چی ناکەین. ئەم هزرە لە دیتێرمێنیزمدا وەکو یەکێک لە فۆڕم و ئاڕگۆمێنتەکان بەکار دەهێنریت بۆ ڕەت دانەوەی هەبوونی ویستی ئازاد. بەڵام؛ هەر چۆنێک بێت، ئەم تێزەش هاوشێوەی ئەوەی پێشوو لە غێمی زیاتر کەش و هەوای تێگەیشتن لە سرووشتی ئەو ئازادییە کەم ناکاتەوە.

ئەگەر ئاڕگیومێنتی سەربەستگەرا نوێیەکانی ئەمڕۆکەمان وەربگریت، دوو تێزیان سەرەکی و بەرچاون. هەندێکیان لایان وایە کە مرۆڤ ئازادە و ئەو ئازادیەشی بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیوەستە بە بوونێکی مێتافیزیکیانەوە کە ناتوانین شڕۆڤەی بکەین لە دونیای فیزیکاڵیدا. هەرچەندە ئەمانیش هاوشێوەی دێکارتییە دواڵیستەکان ڕەچاوی تێزێکی مێتافیزیکی دەکەن، وەلێ مەرج نییە ڕووت و قووت دێکارتی بن. هەرچی تیزەکەی دیکەیە، پشتگیریکەرانی لایان وایە هەندێک لە ڕووداو و پێشهاتە فیزیکاڵییەکان یان ئەوانەی مێشک بێهۆکارن یان هەر هیچ نەبێت هۆیەکان نادیاریکراوگەران. بەڵام؛ دیسان، ئەم بیرۆکەیە بە تەواوەتی ڕزگارمان ناکات لەوەی کە ئەو کردارانەی دەیانکەین لە دەرەئەنجامی هۆکارێکی پێشووەوە نەبووە، جا چ هۆکارەکە میانڕەو بێت یان بە پێچەوانەوە.

هەرچەندە ئێمە هەستێکی بەهێزمان هەیە لەوەی کە ئێمە سەد لە سەد سەربەستین لەم ژیانەدا. هەموو ئەو هەڵبژاردە و بڕیارانەی داومانە، جا لە هەڵبژاردنی هاوژینەکەتەوە بگرە تاوەکو ئەوەی لە مینۆی ڕێستۆرانتەکەدا سوشیت هەڵبژاردووە، هەر هەمووی بە ویستی تۆ بووە. ڕاستیەکەی ئەوەیە کاتێک ورد دەبینەوە ناکرێت لیبێرتاریانیزم درووست بێت، هەر بۆیە پشتگیریکەرانێکی زۆر بوونیان نییە بۆ ئەم دۆزە فەلسەفیەی کێشەی ویستی ئازاد. تۆ سەیر بکە، تەنانەت ئەگەر تێزی سەربەستگەرایی ئایینداریت لە لا پەسەند بێت، ئەوا خۆ خۆت نەبوویت کە لە سەرەتادا بڕیارت دابێت بێیتە ناو دونیاوە. ئەگەر بڕوات بە تێزەکانی دیکەی سەربەستگەرایش بێت جا چ پشت بەستوو بن بە تێزێکی ناپاراوی مێتافیزیک یان نامێتافیزیک، هێشتا بەشێکی زۆری هەڵبژاردە و هەبوونەکانی ژیانت، بە ویستی خۆت دیاریت نەکردوون: ناوت، ڕەنگی پێستت، جیۆگرافیای ژینکردنت، شووناسی خێزانی و نەتەوەیت، تووشبوونت بە نەخۆشی جێنەتیکی و هتد.

دیتێرمێنیزم:

لە کن دیاریکراوگەراکان ئەوەی لە گەردوون ڕوودەدات و ئەو کردەوانەشی مرۆڤەکان پێی هەڵدەستن ئازاد نین، سا کەواتە مرۆڤ بە هیچ شێوەیەک ئازاد نییە لەوەی کە دەیکات، هەموو ئەو شتانەی ڕوودەدەن و دەیانکەیت، بە هۆی ڕووداوێکی پێشووترەوە هاتۆتە بوون. شووناسی دیتێرمێنیزم وابەستەی دوو پنتی سەرەکییە: یەکەمیان؛ ئەوەیە هەرچی ئەوەی ڕوو دەدات بە هۆی ڕووداوێکی پێش خۆیەوە بووە، شتێک دەبێتە هۆی ڕوودانی شتێکی دیکە، بە مانایەکی دیکە پێشهاتەکان لە ژێر چنگی کار و کاردانەوەدان. خاڵی دووەمیش بریتییە لەوەی: کە ئەو شتەی ڕوودەدات دەبووایە هەر بەو جۆرە ڕووی بدایە و دەرفەتێک بوونی نییە کە بە شێوازێکی دیکە ڕوویبدایە.

لە یەکەم وشەوە تا ئێستا کە لەم وتارە نووسراوە، هەر یەکەیان بووە بە بابی ئەوەی دوای خۆی، نە دەشکرا بە شێوەیەکی دیکە ئەمە ڕوویبدایە، بە واتایەکی دیکە ئەگەر بتوانم کات بگەڕێنمەوە سەرەتای دەسپێکی نووسینی ئەم وتارە، هەموو وشەکان هەر وا دادەڕێژرانەوە و بە هیچ شێوەیەکیش ئەگەری ئەوە نەبوو بە جۆرێکی دیکە ئەم ڕووداوانە ڕوویانبدایە. جگە لەمەش دیتێرمێنیستەکان بڕوایان وایە کە بە تەواوی هەموو پیشهاتەکان دەتوانرێت پێشبینی بکرێن. بێگومان لەوانەیە لامان سەیر بێت، خۆ ئێمە پێشبینیکاری باش نین لە بوارگەلێکی هاوشێوەی سایکۆلۆژیای ڕەفتاری مرۆڤ، ڕووداوە ڕامیارییەکان، و هتد. وەلێ بە گوێرەی دیاریکراوگەرایی دەتوانرێ پێشبینی بکرێن. لە بنەمادا بە پێی شیکاریی هاوکێشە فیزیاییەکان ئەم پێشبینیکردنە ئەستەم نابێت. بۆیە گەر سوپەرکۆمیوتەرێک درووست بکەیت و لە توانایدا بێت تەواوی دۆخی گەردوون لە ساتێکدا هەژمار بکات، دەتوانیت پێشبینی ڕووداوی دواتر بکەیت.

بەم پێیەی دیاریکراوگەرایی بێت، دەتوانین وەکو پارچەکانی یاری دۆمینۆ یەک بە یەکی ڕووداوەکانی گەردوون بگەڕێنینەوە دواوە تا سەرەتای هاتنە کایەی گەردوون. واتە ئێستا کە من وا خەریکی داتاشینی ڕستەکانی ئەم وتارەم— کار و کاردانەوەکانی ئەوەی ئێستا بەسەرمدا ڕوودەن و ڕوویانداوە— دەگەڕێتەوە بۆ بیگ بانگ. بە واتایەکی دیکە تەواوی ئەوەی ڕوویداوە پێشووتر هەمووی دیاریکراوە و نەدەشکرا بە جۆری دیکە ژیانی ئێمە و کۆزمۆس دابڕێژرانایە، ئەم بیرۆکەیە پێی دەگوترێت: پێش-دیاریکراوگەرایی pre-determinism کە وا باشترە بە جیاواز بیبینین لە خودی دیتێرمێنیزم.

پری-دیتێرمێنیزم ڕیسەی هەموو ئەو ئایدیایانەی تۆزقاڵێک سەربەستیان تێدا بێت دەکاتەوە خوری، ئاخر بە گوێرەی ئەم دیدگایە هەموو ڕووداوێکی ڕابوردوو و ئێستا و داهاتووش دیاریکراوە و بە هیچ شێوەیەکیش خۆلادان لێی بوونی نییە. بە گوێرەی دیتێرمێنیزم ژیان و ڕەفتارەکانی ئێمەی مرۆڤ و گەردوونەکەمان وەکو ڤیدیۆیەکی ماڵپەڕی یوتوب وایە، گەر ڤیدیۆکە چەندبارە بکەیتەوە، دیمەنەکان بە هەمان شێوەی یەک لە دوای یەک نیشان دەدرێنەوە. هەر چۆنێک بێت، لە ئێستادا فیزیای کوانتەم هاتۆتە ناو باسەکەوە، هەندێک لە بیرمەندەکان باوەڕیان وایە فیزیای کوانتەم چارەسەرە بۆ پرسی ویستی ئازاد، بە گوێرەی ئەمان لە تەواوی گەردوون تاکە شتێک کە نادیاریکراو بێت دیاردەی کوانتەمە بۆیە دەبێت پەیوەندیەکی بە ویستی ئازادەوە هەبێت، گەر ئەمە ڕاست بێت ئەوا مەرج نییە هەموو شتێک دیاریکراو بێت (دواتر لە بەشی کوانتەم میکانیکی ویستی ئازاد زیاتر لێی دەدوێین.)

شایەنی باسە دیتێرمێنیزم خۆی لە چەندین فۆڕمی جیاواز دەبینێتەوە، هەر جۆرێکیان زۆرجار ئاڕگیومێنتە بۆ دیاریکراوگەرابوونی پێشهاتێکی دیاریکراو. بەڵام؛ لە نێوان ئەم جۆرە جیاوازانەی دیتێرمێنیزمدا هەموویان هەمان درووشمیان هەیە و زۆریشیان لە یەکدیەوە نزیکن و خاوەنی چەندین خاڵی یەکتربڕن. یەکێک لە فۆڕمەکانی دیتێرمێنیزم بریتییە لە: دیتێرمێنیزمی ئایینی [Theological Determinism] ئەمەش ئەوەیە کە بە هەبوونی خودایەک کە زانایە بە هەموو شتێک و ئاگای لە تەواوی وردەکارییەکانی ڕابوردوو، ئێستا و داهاتوو هەیە و دەزانێت چی دەگوزەرێت لە داهاتوودا، ئەوا مەحاڵە ویستی ئازاد بوونی هەبێت. ئەگەر خودا تەنانەت لە پیش درووستکردنی گەردوونەوە بزانێت کە من لە نێوان ڕێگای A و B لە ڕۆژی ١٨ی مانگی شەشی ئەمساڵ لە فڵان پاڕک ڕێچکەی A هەڵدەبژێرم، من چ توانا و ویستێکم دەبوو کە Bم هەڵبژاردایە؟

ئەم هزری دیتێرمێنیزمە ئایینییە زۆر نزیکە لە پری-دیتێرمێنیزم و فەیتاڵیزمیشەوە Fatalism کە بە کوردی دەتوانین پێی بڵێین؛ ‘چارەنووسگەرایی’ یان ‘قەدەرگەرایی،’ ئەو بیرۆکەیەیە کە ئەو شتانەی ڕوودەدەن قەدەر بووە ڕووبدەن، ئەو شتانەی کە دەیکەیت هەموویت لە چارەت نووسراوە. بەهەرحاڵ ئەمەی خوارەوە ئاڕگیومێنتی دیتێرمێنیزمی ئایینییە:

 

١. پێشگریمانەی یەکەم: وادابنێ خودایەک هەیە بەڕەهایی زانایە بە هەموو شتەکان.

٢. پێشگریمانەی دووەم: ئەگەر خودا بە ڕەهایی زانا بێت بە هەموو شتەکان، ئەوا بێ هیچ کەمایەسیەک زانایە بە هەموو ڕاستییەکانی ڕابوردوو، ئێستا و داهاتوو.

٣. دەرەئەنجامی پێشگریمانەکانی یەکەم و دووەم: کەواتە، خودا بێ کەموکوڕی هەموو شتێک دەزانێت دەربارەی ڕابوردوو، ئێستا و داهاتوو.

٤. لە پێشگریمانەی سێیەمەوە: کەواتە، خودا ئاگادارە بەوەی کردووتە و ئێستا دەیکەیت و ئەوەیشی لە داهاتوودا بەسەرتدا دێت.

٥. پیشگریمانەی پێنجەم: ئەگەر خودا بە بێ کەموکورتی ئاگاداری هەموو ئەو شتانە بێت، ئەوا مەحاڵە تۆ بتوانیت هیچ شتێک بکەیت بە پێچەوانەی زانینی خوداوە؛ هیچ هەڵبژاردەیەکت نییە.

٦. دەرەئەنجامی پێشگریمانەکانی چوارەم و پێنجەم: کەواتە تۆ هیچ بژاردەیەکت نییە لەوەی کە دەیکەیت.

٧. پێشگریمانەی حەوتەم: ئەگەر تۆ ویستی ئازادت نەبێت لەوەی کە دەیکەیت کەواتە تۆ سەربەست نیت.

٧. دەرەئەنجام: ویستی ئازاد بوونی نییە.

هەروەکو ئاماژەمان پێدا چەندین جۆری دیکەی دیتێرمنیزم هەن، هەندیک لەوانە: دیتێرمێنیزمی لۆژیکی، دیتێرمێنیزمی سایکۆلۆژی، دیتێرمێنیزمی بایۆلۆژی، دیتێرمێنیزمی زمانەوانی، ئاکتواڵیزم و هتد. بەهەرحاڵ، دوو بیرۆکەی دیکە لە دیتێرمێنیزم دێنە کایەوە کە لام وایە گرنگە ئاماژەیان پێ بدەین ئەوانیش بریتین لە: ئیلوزیۆنیزم illusionism و ئیمپۆسیبڵیزم impossibillism. ئیلوزیۆنیزم دەتوانین بە کوردی ئەمانەی پێ بڵێین: ‘وەهمگەرایی’ یان ‘ساوێرگەرایی،’ ئەم بیرۆکەیە لە کۆنەوە هەر هەبووە، بەڵام؛ پێم وایە ئێستا زیاتر باوە لە نێو بازنە فەلسەفی و زانستییەکاندا، بێگومان قسە زۆر هەڵدەگرێت لێ بە پوختی ئەمەیە کە ویستی ئازاد بوونی نییە و ئەو هەستەشی هەمانە لەوەی ئێمە لە بەربژێرکردنی ڕەفتارەکانماندا ئازادین لە وەهمێک زیاتر نییە. هەندیک فەیلەسوف لەوەدا هاوڕا نین گەر ئەم وەهمە بەسوود بێت یان زیان بەخش، هەر  چۆنێک بێت لەگەڵ هاتنە کایەی فیزیای کوانتەم، هەندێک خودی بیرۆکەی دیتێرمێنیزم بە وەهم ودۆگماتیک وێنا دەکەن. هەرچی ئیمپۆسیبڵیزمە [بە کوردی: مەحاڵگەرایی]  ئەو هزرەیە کە ویستی ئازاد مەحاڵە بە هیچ شێوەیەک بوونی هەبێت. بەڵام؛ ئەمە زێتر پێداگرییەکی منداڵانەی دۆگماییە، ئاخر تەنیا بە خستنەڕووی ئاڕگیومێنتێک لەوەی دیتێرمێنیزم ڕاستە واتای ئەوە نییە جێ نەماوە بۆ نادیاریکراوگەرایی [ئیندیتێرمێنیزم].

کۆمپاتیبڵیزم:

تەباگەراکان دیپلۆماتگەلێکن هەوڵی ئەوە دەدەن کە بڵێن؛ ویستی ئازاد و دیتێرمێنیزم تەبان لەگەڵ یەکتری و هیچ دژگۆییەک نییە لەوەی ویستی ئازاد بوونی هەبێت لە نێو گەردوونێکی دیاریکراوگەراییدا. ڕاستیەکەی تەباگەرایی پێشووتر و بەتایبەتی لەلایەن ویڵیام جەیمسەوە پێی دەگوترا “دیتێرمێنیزمی نیان Soft Determinism”، ئاخر تەباگەراکان دیتێرمێنیستیان لا پەسەندە، ئەوەی ئەمان دەیکەن لە گونجاندنی سەربەستی و ژێردەستی چارەنووس تەنیا بریتییە لە: یاریەکی سێمانتیکی و پێناسەکردنەوەی دەستەواژەی ویستی ئازاد. دەبێت ئەوەش بگوترێت کە بەشێکی زۆری فەیلەسوف و بیرمەندەکان هاوڕای ئەم ڕێبازەن.

ئەگەر دوو خاڵە سەرەکییەکەی دیتێرمێنیزمت بێتەوە یاد: ١. پێشهاتێک ڕۆڵەی ڕووداوی پێشوو و هۆکاری ڕووداوی دواترە ٢. ئەوانەی کە ڕوویان داوە نەدەکرا بەشێوەیەکی دیکە ڕوو بدەن و ئەوانەشی ڕوودەدەن دەبێت بەو جۆرە ڕووبدەن کە دەستنیشانکراوە. تەباگەراکان دەیانەوێت بە لایەنی کەمەوە ویستی ئازاد لەگەڵ یەکێک لەم خاڵانە بگونجێنن. ڕاستیەکەی بەشێکی زۆر لەمان تەنگی بوون و نەبوونی بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی تەنگی پێ هەڵچنیون.

تەباگەراکان لایان وایە کاتێک ئێمە بڕیارێک دەدەین و ئەو بڕیارە لە ناخمانەوە سەرچاوەی گرتووە و هیچ کاریگەرییەکی دەرەکی لەسەر نەبووە، دەتوانین بەمە بڵێین؛ ویستی ئازاد. کاتێک من بە ‘ئازادانە’ ژەمێک لەسەر مینۆی ڕێستۆرانتەکە هەڵدەبژێرم و هیچ یەک لەو کەسانەی کە لەگەڵم دانیشتوون لەسەر مێزەکە زۆریان لێ نەکردووم کامە ژەم بژاردەم بێت، بە گوێرەی تەباگەراکان، تۆ ئازاد بوویت لەوەی هەڵت بژاردووە. بێگومان ئەمە لێوانلێوە لە کێشەی فەلسەفی، بەڵام؛ بۆ ئەمان چارەسەرێکی گونجاوە بۆ پەک نەخستنی بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی.

ئاڕگیومێنتێکی دیکەی تەباگەرایی ئەوەیە کە نەزانینی ئێمە بۆ پێشهاتەکان ویستی ئازاد بە ئێمە دەبەخشێت کە دونیایەکی دیتێرمێنیستیانە. کاتێک تۆ پارە ئاسنینەکەی دەستت هەڵ دەدەیت تاوەکو یاری شێر و خەت بکەیت، گەر فیزیکاڵیانە بدوێین، دەرەئەنجامی شێر یان خەت دیاریکراوە، بە گوێرەی ئەو هێزەی خستووتەتە سەر پارە ئاسنینەکە، کاریگەری هێزی کێشکردن لەسەری و خێرایی و کاتی بەربوونەوەی و هتد. هەموو ئەمانە دیاریکراون لەوەی پارەکە لەسەر لای شێر یان خەت دەکەوێتە ناو لەپی دەستت، وەلێ ئەوەی کە نادیارە زانینی تۆیە دەربارەی دەرەئەنجامەکە، هەر بۆیە نەزانینی ئەو دەرەئەنجامە جۆرێکە لەوەی دیدگای ئەوەت لە لا درووست بکات کە شتەکان بۆیان هەبوو بە شێوازێکی دیکە ڕوویان دابووایە.

بەهەرحاڵ، تەباگەرایی بێبەش نییە لە ڕەخنەگەلێک. یەکێک لە ڕەخنە سەرەکییەکان بریتییە لەوەی: کە ئەمان دەستەواژەی ‘ویستی ئازاد’ پێناسە دەکەنەوە تاوەکو بە هەر شێوازێک بوو بێت لەگەڵ دیتێرمێنیزمدا بیگونجێنن، سا ئەمە بریتی نابێت لە: هەبوونی ویستی ئازادی ڕاستەقینە. ئەوەی تەباگەراکان باسی دەکەن دەتوانین ناوی بنێین ‘ئازادی لە ڕەفتار’ یان ‘ ئازادی لە کردار’ بەڵام؛ ئەمە واتای ئەوە نییە کە ئەم پێوانەیە بەس بێت یان ئەم پێناسە داتاشینە بەس بێت بۆ هەبوونی ویستی ئازاد، بەڵکو ویستی ئازاد بریتییە لە: هەبوونێکی ڕاستەقینەی ئەوەی من ئازاد بم لە هەڵبژاردەی ویست، باوەڕ، ئارەزوو و ڕەفتارەکانم.

هەویری ئەم گفتوگۆ فەلسەفیانەی پەیوەست بە پرسی ویستی ئازاد ئاو زۆر هەڵدەکێشێت، هەر بۆیە با خۆمان تووشی گرێ کوێرەی زیاتر نەکەین، دەنا دەتوانرێت لەسەر ڕێگەیەکی ناکۆتا بخولێینەوە، هەر بۆ نموونە، یەکێک لە تێگەیشتنەکانی ئینکۆمپاتیبیڵیزم incompatibilism [بە کوردی: نادیاریکراوگەرایی] بریتییە لەوەی: نە ویستی ئازاد، نە خودی دیتێرمێنیزم ڕاست نین و بوونیان نییە، بەم دیدگایە زۆرجار دەگوترێت نادیاریکراوگەرایی ڕەشبینیانە pessimistic incompatibilism.

بەرپرسیاریەتی مۆڕاڵی و ویستی ئازاد

پێش ئەوەی خۆمان لە دیدگا فەلسەفییەکان دەرباز بکەین و وردە وردە لە ڕوانگەیەکی زانستیانەوە لە باسەکە بدوێین، یەک باسی دیکە هەیە کە بە کورتی دەمەوێت باسی لێوە بکەم، دەنا دەبێت تەواوی ڕۆژەکە هەر بەو باسەوە خەریک ببین، ئەویش بریتییە لە: پێوەندی نێوان بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی و ویستی ئازاد. ئەگەر ویستی ئازاد بوونی نەبێت و هەموو شتێک جا چ فیزیکیانە یان بایۆلۆژیانە دیاریکراو بێت ئەوا بۆچی پێویستە کەسێکی ئەخلاقی بم؟ یان چ پێویست دەکات کاتێک کەسێک ناماقوڵییەک دەکات سزای بدەین؟ ڕاستیەکەی هەر ئەمەیە توخمێکی گرنگی کۆمپاتیبڵستەکان، ئەوان یەکێک لە ترسەکانیان ئەوەیە ئەگەر هاتوو بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی دابماڵین ئەوا کۆمەڵگە ڕووبەڕووی گیروگرفت دەبێتەوە. بەڵام؛ لە هەمان کاتتدا دیتێرمێنیستەکان دەڵێن: کە ویستی ئازادی مرۆڤ لەوەی بڕیارەکانی بە دەستی خۆیەتی لە وەهمێک زیاتر نییە و کەسمان ئازاد نین، بەڵام؛ ئەوە واتای ئەوە نییە نابێت بکوژێک زیندانی نەکەین.

بێگومان زۆربەمان وا لە بابەتەکە دەڕوانین بە نەبوونی ویستی ئازاد ئەوا بەرپرسیاریەتیش بوونی نابێت، بەڵام؛ ئەمە تێگەیشتنێکی چەوتە. دەبێت بوون و نەبوونی ویستی ئازاد جیا بکەینەوە لە بەرپرسبوون لە ڕەفتارە ئاکارییەکان. ئاخر تۆ بڕوانە، ئێمە نازانین لەوەی گەردوون پری-دیتێرمێنیستیانەیە یان نا، ویستی ئازاد بۆی هەیە بوونی هەبێت لە گەردووندا یان نا، وەلێ گومانمان نییە کە بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی ڕاستیەکی سرووشتیانەی ژیانمانە. ئێمەی مرۆڤ بزانین و نەزانین لەوەی ویستی ئازادمان هەیە یان بە پێچەوانەوە، هێشتاکە هەر خاوەنی ئەو پەرچەکردارانەین کە بەرانبەر کردارێکی باش یان خراپ دەمانبێت. ئەگەر شتێکی نەخوازراوی ئەخلاقی یان نائەخلاقی بە بەرچاوتەوە ڕوو بدات بۆی هەیە یەکێک لەم پەرچەکردارانە لە ئامێز بگریت: دەستخۆشیکردن یان لۆمەکردن، هەست بە تاوانکردن یان شانازیکردن، تاوان و سزا، لێخۆشبوون، پێزانین و هتد.

تۆ لە بنەمادا ئازاد بیت یان ئازاد نەبیت، هێشتاکە لە ناو کۆمەڵگەدا دەژیت، بە کردنی تاوانێک دەبێت سزا بدرێیت، تەنیا لەبەر ئەوەی دونیا دیتێرمێنیستیانەیە واتای ئەوە نییە ڕێ بە بکوژێکی زنجیرەیی بدەین لە شوێنێکی وەکو سەرچنار پیاسە بکات، سەری کاتژمێرێکیش کەسێک بکاتە قوربانی. بە کورتیەکەی ئەگەر تۆ زیانێکی بە مەبەست بە من بگەیەنیت، با بڵێین قۆڵێکم دەبڕیت، گفتوگۆ ناکەین لەوەی ئەم کردارە بە کار و کاردانەوە دەتوانین بیگێڕینەوە بۆ ساتی بیگ بانگ، بەڵکو ئەم کردارە سەربەستیانە بوو بێت یان نا کارێکی باش نییە و زیان بەخشە. دیتێرمینیست بوونی ویستی ئازاد ئەفسووناویانە ئەم ڕەفتارە ناکاتە ڕەفتارێکی خاڵی لە زیان یان لە سوود.

سام هارس کە مێشکناس و بیرمەندێکی ئەمەریکیە و دیگایەکی شێلگیری دیتێرمێنیستیانەی هەیە دەربارەی ویستی ئازاد، تەنانەت بە ڕوونی دەڵێت: کە هەستکردن بە ویستی ئازاد لە وەهێک زیاتر نییە. هارسیش پێی وایە کە ‘مێتافیزیکیەتی’ کار و کاردانەوەی مێنتاڵی ئێمە سەبارەت بە هەڵبژاردەی ئازادانە جیاوازە لەو کردارانەی کە دەیانکەم کە دەکرێت بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی بگرنە ئەستۆ. بۆ نموونە، ئەو دەڵێت: ئەگەر بڕۆمە بازاڕگەیەک و چەند پێم بکرێت ماسی قوتوو بدزم، ئەوا من سرووشتی ئاسایی ڕەفتارەکانم تێپەڕاندووە چونکە هاوشانی هزرەکان، بیروباوەڕ، ڕەفتار و ئارەزووکانم نەبووم کە ‘من’ درێژکراوەیەکم لەوان، بە واتایەکی دیکە مێشکم لەسەر خۆم نەبووە. داوەریکردن لەم دۆسیەیە دەکەوێتە سەر بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی لەسەرم، ‘منێک’ لکە درێژکراوەی ئارەزوو و مەبەست و ڕەفتارەکانمە، هەر بۆیە ئەم داوەریکردنە لەسەر ‘مێتافیزیکی’ هۆدارێتی [کۆزاڵتی] بینا ناکەین.

کاتێک کەسێک [ئازادانە بێ یان نا] تاوان ئەنجام دەدات و مەترسی ئەوەش هەبێت کە تاوان بە ئەنجام بگەیەنێتەوە، پێویستە زیندانی بکەین، ئەوەیشی دەیزانین ئەوەیە کە ئەم جۆرە پەرچەکردارانە زۆرجار ڕەفتاری کەسەکان دەگۆڕێت. بەم شێوەیە ڕووانین لە مرۆڤ لەوەیە ئەمان دیاردەیەکی  سرووشتین هیچ زیان ناگەیەنێت بە سیستەمی دادوەری و تاوانکاری وڵاتێک. تەماشاکە، بە بێ ئەوەی کارەساتە سرووشتییەکانی هاوشێوەی لافاو و تۆفان بە ویستی ئازاد ڕووبدەن یان نا ئێمە پەرچەکردارمان بەرانبەریان دەبێت و شتانێک دەکەین بۆ پارێزگاریکردن لە خۆمان.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: