سۆسیالیزاسیونى منداڵ تا پێش قۆناغى هەرزەکارى (بەشی دووەم)

285
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: کاوە جەلال

٢-٢- سۆسیالیزاسیۆنى فێرگەیى

منداڵ لایەنى کەم لە تەمەنى شەش ساڵییەوە هەموو ڕۆژێک، جگە لە ڕۆژانى پشوو، چەند سەئاتێک لە فێرگە بەسەردەبات و ئەمەش دەشێت شەش تا نۆ ساڵ بخایەنێت. منداڵ لەم ماوە درێژخایەنەدا نەک تەنیا لە خۆیەوە مامەڵەى جیاواز لەنێو فێرگەدا دەکات، بەڵکو هاوکات لە ڕەوتی پەیوەندییە نێویەکییەکاندا، هەروەها بەڕێى داواکاریى فێرگەییەوە، فێرى شێوازى دیکەى مامەڵەکردن و ڕەفتارنواندن دەبێت، کە پێکڕا گۆڕان بەسەر شێوازە خۆییەکانى کردارى ئەودا دەهێنن.

بۆ نزیککەوتنەوە لە سۆسیالیزاسیۆنى فێرگەیى پێویستە سەرەتا بپرسین کە داخۆ سیستەمى فێرکارى بە چە شێوەیەک پەیوەندە بە کایەکانى دیکەى کۆمەڵگەوە. ئاشکرایە کاراییەکى سۆسیالیزاسیۆنى فێرگەیى بریتییە لە گەیاندنى توانست، چونکە فێرگە بۆ ئەوە دامەزرێنراوە کە بە منداڵان توانستەکانى وەک نووسین و ژماردن، زانستى سروشتى و ئێستێتیکی و هتد بگەیەنێت، کە منداڵان لە ئایندەدا پێویستیان پێیانە بۆ ئەوەى بتوانن داواکارییەکانى نێو پرۆسەى کار وەک فەرمانبەری فەرمی یان پیشەمەندی سەربەخۆ بەجێبگەیەنن. ئەرکێکى دیکەى فێرگە ئەوەیە کە دەرفەت بڕخسێنێت بۆ ئەوەى منداڵ لە ڕەوتی سۆسیالیزەکردندا شکۆفەى ناخەکى بکات و لێرەشەوە بۆى بلوێت گۆڕان بە تواناى خۆیى بدات، ئەوجا لە کارى تیمدا (کۆییدا) جێگەى خۆى بکاتەوە و خۆى بگونجێنێت. دامەزراوەکان کە نوێنەرایەتیى بوارە کولتوورییەکان دەکەن، لەوانە زانکۆ، سەنتەرەکانى توێژینەوە، دامەزراوە فەرهەنگییەکان بەگشتی و تەنانەت یانەکانى وەرزش، “چاوەروانیى ئەوە لە فێرگە دەکەن کە لایەنى کەم (…) گۆچانێکى تێگەیشتن و گرینگیدان و مەئریفە و توانست بۆ نەوەى نوێ ئامادە بکات، بەمەش شیمانەى هاتنى منداڵ بۆ نێو رەهەندەکانى ژیانى فەرهەنگی ئاوەڵا بکات.”(20)

ئەرکێکى دیکەى فێرگە لە سۆسیالیزەکردنى منداڵدا ئەوەیە کە هەوڵ بدات هەڵوێستى بەهایى و شێوازەکانى راڤەکردنى پێبگەیەنێت. کەواتە ئەرکى فێرگە لەم کاراییەیدا گەیاندنى کولتوورە، ئەم ئەرکە هاوکات بریتییە لە بنیاتنان و گۆڕاندان بە شوناسێکى کولتوورى. لێ پێویستە لەم پەیوەندییەدا جەخت لە هەقیقەتێک بکەین، واتا “ئەوە کە لە کۆمەڵگەدا وەک پۆزەتیڤ، ئەوەش کە سیستەمى سیاسى ڕەوایەتیى پێدەدات، بۆ نموونە سەرکەوتن (نەجاح) بەڕێى توانستى بەدیهێنانەوە، یان هۆشرایەڵى و هتد، وەک بابەتى سەرەکیى وانە ناگەیەنرێن، بەڵکو لە لاوە وەک ‘پەیڕەوى شاراوە’ (hidden curriculum 21) دەگەیەنرێن. زۆر جار خودى بەشداریکەران نازانن کە ئەم فاکتەرە لاوەکییانە چە واتا و شێوازێکى کاریگەرییان هەیە.”(22)

‘پەیڕەوى شاراوە’ بە هەمان شێوەى پلانى فەرمیى فێرکارى کارایە لە سۆسیالیزەکردنى منداڵدا، چونکە ‘پەیڕەوى شاراوە‘ هەموو ئەو ئەزموونە سۆسیالانەى فێربوون لەخۆدەگرێت کە منداڵان لە ژیانى ڕۆژانەى فێرگەدا دەیانکەن، بۆ نموونە ژیان لە فێرگە لەوبەر پلانەکانى فێرکارییەوە، یان ڕێنوما و ڕێساکانى فێرگە کە پلانى فێرگەیى نین، بەڵکو دەسەپێنرێن و کارگەری لەسەر ڕەفتارى فێرخوازان دەنوێنن، ئەوجا چەوساندنەوەى دەربڕینى کتوپڕى پێداویستییە خۆییەکان، یان ڕیزبەندى لەنێو گرووپدا و دانانى منداڵان لەژێر ڕکێفى مەبەستەکانى دامەزراوەى فێرکاریدا.

لە ‘پەیڕەوى شاراوە‘دا چەند ڕەوشێک هەن کە واتای کرۆکییان بۆ سۆسیالیزەکردنى منداڵ هەیە. کێشەیەکى کرۆکى بریتییە لە فەزا و کات. “ژینگەى فەزایى هێزێکى فۆرمێنەرە” بە کاریگەریى بەهێزەوە لەسەر مرۆڤ. شێوەى بیناى فێرگە و پۆلى وانە کاریگەری لەسەر هەستى حەساوەیی و میزاجى فێرخوازان بۆ فێربوون دەنوێنن. نەخشەى فێرگە بەڕوونى پێشانى فێرخوازانى دەدات کە پلاندانەرانى بیناکە چە پێشبینییەکیان بۆ فێرگە و وانە هەیە و چۆن ژیانى فێرخوازان دەنرخێنن. هەروەها فۆرماندنى ژوورەکانى وانە، بۆ نموونە ڕیزبەندیى مێزەکان، ئەو هەستە بە فێرخوازان دەدات کە مامۆستایان چاوەڕوانیى چى لە ئەوان دەکەن. بابەتەکانى نێو دامەزراوەى فێرگە تەنیا ڕێ بە نێوچالاکى و بزووتنى تایبەتى دەدەن: فێرخوازان بۆیان هەیە بڕۆن، دابنیشن یان بووەستن، لێ بۆیان نییە ڕابکەن یان پاڵبکەون. لێ لەپاڵ کێشەى فەزادا کێشەى کات هەیە. منداڵان بەڕوونى دەبینن کە کاتى فێربوون لەسەر بنەماى ساڵ و رۆژ و سەئات دیاریکراوە، لێ ئەوان هاوکات دەبینن کە فێرکاران بە پێچەوانەوە کاتیان هەیە، دەبینن ئەوە فێرکارانن کە پلانەکانى فێرکارى دادەنێن و دەسەڵاتیان هەیە بۆ ئەوەى سەرەتاى وانە و کارى تاک یان گرووپ دیاریبکەن(23).

رۆڵێکى “‘پەیڕەوى شاراوە‘ بریتییە لە نرخاندنى ‘ئەنجامەکان’، بەم رێیەشەوە کار دەکاتە سەر گەشەى کەسێتى بە سەرەنجامێکەوە کە لە نێوان فێرخوازانى باش و ناباشدا جیاوازى لە هەستى خۆیى و متمانەبەخۆکردندا سەرهەڵدەدات. ئەو منداڵانە کە ئەنجامى فێرگەیى باشیان هەیە، پێشبینییەکى سەقامگیرتری کەسێتیى خۆیانیان هەیە لەو فێرخوازانە کە کەمتر سەرکەوتوون. کەواتە فێرگە بەهێزتر لە خێزان دەرفەت بۆ ئەوە دەڕەخسێنێت کە فێرخوازان خۆیان بە کەسانى دى بەراورد بکەن، یان دەرک بکەن کە چۆن ئەوان لە لایەن کەسانى دیکەوە دەنرخێنرێن. بەم شێوەیە نرخاندنى بەدیهێنانە فێرگەییەکان دەبێت بە بەشێکى شوناسى کەسیی.”(24)

ئێمە هاوکات لە فێرگە سۆسیالیزاسیۆنى تایبەت بە ڕەگەزەکان دەبینین، لێ لەم پەیوەندییەدا پێویستە لە پێگەیاندنى کوڕان و کچاندا ڕەچاوى فێرگەى تێکەڵ یان جیاکراوە بکەین. لە سۆسیالیزاسیۆنى فێرگەیى جیاى ڕەگەزەکاندا هەر لە سەرەتاوە دیوارێک لە نێوان منداڵانى نێر و مێدا هەڵدەچنرێت، کە ئیدی لەم تەمەنەوە شێوازەکانى دەربڕینى ئارەزوویان بۆ یەکدى، شەرم لە یەکدى، ناز بەسەر یەکدیدا، سەرهەڵدەدەن، کەواتە لەم تەمەنەوە گەراى کاریگەرییە دەروونییەکان لەسەر کوڕان و کچانى گەنج دادەنرێت، بەم رێیەشەوە فۆرمى باوى ڕێکخراوى کۆمەڵایەتى بەرهەمدەهێنرێتەوە. لە لایەکی دیکەوە گومانى تێدا نییە کە سۆسیالیزاسیۆنى ڕەگەزى لە فێرگەى تێکەڵدا نزیکى لە نێوان ڕەگەزەکاندا چێدەکات و بەمەش ترس و شەرمى تایبەتی ڕەگەزییانە کەمدەکاتەوە، لێ لێرەش هێشتا هەر بەبێ ئاگا یان بەبێ مەبەست سۆسیالیزاسیۆنى تایبەتى ڕەگەزى روودەدات: “کوڕان زۆرتر لە کچان لە وانەدا پرسیاریان لێدەکرێت، ستایش یان سەرزەنشت دەکرێن و بەهۆى کێماسی دیسپلینەوە گەڤ دەکرێن. کوڕان زۆرتر لە کچان پەیوەندیى چاویان لەتەک فێرکاراندا هەیە، فەزاییانە لێیان نزیکترن و زۆرتر لە کچان پرسیاریان لێدەکرێتەوە. بە شێوەیەکى دى ببێژین: کوڕان زۆرتر لە کچان ئاگامەندییان لە لایەن فێرکارانەوە پێدەبڕێت، ئەمەش زۆر جار بە پێچەوانەى مەبەستى دیاریکراوى خودى کامڵەکانەوە(…). بەشداریى کوڕان لە وانەدا پڕبەهاتر دادەنرێت و ئەوان زۆرتر وەک شایانى پشتیوانیکردن دادەنرێن، بۆیە ڕوودەدات کە زۆرتر لە کچان هاندەدرێن.”(25)

٣– کاریگەریى کولتوور لەسەر پرۆسەى سۆسیالیزاسیۆن

لە سەرەوە کێشەى سۆسیالیزاسیۆنمان لە ڕووى پەیوەندیى نێوان بکەرانى سۆسیالیزاسیۆن (واتا دایک و باوک و فێرگە) و منداڵەوە دیارى کرد. لێ هەروەها کولتووریش فاکتەرێکى گرنگى سۆسیالیزاسیۆنە، چونکە کولتوور وەک کڵافەیەک لە بیروباوەڕ و دەستکەوت و ترادیسیۆن، کە هەموویان “پاشین”ـەى کۆمەڵگەیەک پێکدەهێنن، هەمیشە رۆڵى سەروەرى خۆى دەنوێنێت و کاریگەرە لەسەر گۆڕانى کەسێتى.

٣-١- تێگەى کولتوور

کولتوور کە دراوێکى پڕواتایە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا، “بریتییە لە کۆى سەرجەم بونیادەکانى ڕەفتار، هەروەها بریتییە لەو هەڵوێست و بەهایانە کە ئەندامانى کۆمەڵگەیەکى تایبەتى بەهاوبەشى هەیانن و وەک میرات دەیانگەیەنن بە نەوەکانى دى.”(26) کولتوور “بەشێکى کرۆکیى ڕوودانە کۆمەڵایەتییەکانە”، گرنگترین کارایى کولتوور لەوەدایە کە “جەخت لە بۆماوەى کۆمەڵایەتی دەکات”، هەروەها لەبەر ئەوەى فۆرم بە ڕەفتارى راستینە دەدات، ئەوا کاریگەرییەکى پێوارەیی (معیاری)ى هەیە، جگە لەوە کولتوور “دەستوێژێکە بۆ چارەسەرى کێشە.”(27)

ئێمە دەتوانین کولتوور بەسەر دوو کایەى سەرەکیدا بەش بکەین: کولتوورى مادی (ماتەریەل) و نامادی (هۆشەکی). یەکەمیان بریتییە لە شکۆفەى مادی و تەکنیکیى کۆمەڵگە، واتا سەرجەم ئەو شتانە دەگرێتەوە کە لە ئاستى گۆڕانى زانستى کۆمەڵگەیەک جیانابنەوە. لێ کولتوورى نامادی یان هۆشەکى بە پێچەوانەوە بریتییە لە نۆرمەکان (پێوارەکان)، جۆرەکانى پێشبینیى ئاوەزمەندانە و نائاوەزمەندانە، وەک پێشبینیى زانستى، بڕواى ئایینى، ئەفسانە و داستانەکان و هتد (28).

٣-٢- رۆڵى کولتوور لە پێگەیاندنی کەسێتیدا

مرۆڤ بوونەوەرێکى کۆمەڵایەتییە. تەنانەت مەلۆتکە لەکاتى هاتنیدا بۆ نێو جیهان بەندە بە هاومرۆڤانییەوە. لەبەر ئەوەى مەلۆتکەى شیرەمژە لە لایەن کۆمەڵگەیەکى تایبەتی و نوێنەرەکانییەوە بەکرۆکى کارى تێدەکرێت، ئەوا پرسیارەکە سەبارەت بە گۆڕانى منداڵ پتر ڕوو لەو کۆمەڵگە و کولتوورە دەکات کە ئەو لە نێویدا پێدەگات. “بۆ ئەوەى لە واتاى کۆمەڵگەى مرۆڤیى وەک فاکتەرى سۆسیالیزاسیۆن بۆ ڕەفتار تێبگەین، دەبێت خۆمان بە کولتوورەوە خەریک بکەین، چونکە کولتوور گرنگترین دراوە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا. کولتوور پێکدێت لە بونیادى فێربوو و ڕێکخراوى ڕەفتار کە مۆرکى تایبەتیى کۆمەڵگەیەکن.”(29)

بێگومان کولتوور نەک بە شێوەیەکى موجەڕەد (ئەبستراکت)، بەڵکو بە شێوەیەکى بەرجەستە بەڕێى نوێنەرەکانییەوە (دایک و باوک، فێرکار، مەلا و هتد) کارا دەبێت. “سیستەمەکانى بڕوا (العقیدە) کە مەرجى کولتوورییان هەیە، هەروەها تێڕوانینە سەروەرەکان سەبارەت بە سروشتى مرۆڤ، پاشان مەبەستى ژیانى مرۆڤ و پەیوەندیی ئەو بە ژینگە و هاومرۆڤانییەوە، کاریگەرییەکى بەواتایان لەسەر پرۆسەى سۆسیالیزەکردن هەیە. کامڵەکانى هەندێک کولتوور پەروەردەى منداڵ تەنیا وەک کێشەى تێرکردن دەبینن، منداڵان لە کولتوورى دیکەدا وەک بابەتى گوێرایەڵى یان بەخێوکردن دەبینرێن، کولتووریش هەیە کە بایەخ بە تەحقیقکردنى کەسێتیى خۆ و خودبەدیهێنان دەدات”(30).

کولتوورێک کە لە سۆسیالیزەکردنى منداڵدا ئەزموونى کۆیى، واتا بەستنەوەى تاک لەنێو ڕێنوما دانراوە ترادیسیۆنیەکاندا بەهەند وەربگرێت، ئەو کولتوورە پێگەیشتنى “من”ى کەس ڕەتدەکاتەوە، چونکە کەس پێویستە وەک کەرتى کۆمەڵ ڕەفتار بنوێنێت و پەیوەندییەکانى خۆی دابمەزرێنێت. لە پاشخانى داواکارییە کولتوورییەکانەوە کچان و کوڕان وەک ژنى ماڵ و دایکى ئایندە، یان وەک پیاوى گوێرایەڵ و دڵسۆز بۆ داب و نەرێتى سەروەر، سۆسیالیزە دەکرێن. بەم شێوەیە کچان و کوڕان چاو لە نموونەکانیان دەکەن، نموونەکانیش لاى کچان بریتین لە هەڤاڵان، دایک و نەنک، پوور و ژنانى دراوسێ و هتد، لێ لاى کوڕان بریتین لە هەڤاڵان، باوک و باپیر، مام و خاڵ و پیاوانى دراوسێ و هتد. سەرەنجامى ئەم چاولێکەرییە یان لاساییە ئەوەیە کە “‘من‘ بە دەگمەن شکۆفە دەکات و بەزۆریى لەنێو چێوەى نێوچالاکیى کۆمەڵایەتیدا دەردەکەوێت، لێرەشدا لە پشتى کردارەکەوە دەمێنێتەوە.”(31)

٤– گۆڕانى زمان لاى منداڵ

منداڵ لە پرۆسەى سۆسیالیزاسیۆندا خۆشە دەکرێت داب و نەریتەکانى کۆمەڵ وەربگرێت، تا ببێت بە ئەندامێکى گونجاوى کۆمەڵگە، لەم ڕەوتەشدا ناچار دەکرێت فێرى فۆرمە ناسێنراوەکانى ئاخافتن ببێت. گەر منداڵ خۆى بۆ شتێک وشەیەک بدۆزێتەوە، ئەوا کۆمەڵگە ئەو وشەیەى لێوەرناگرێت. کۆمەڵگە بۆ دیاریکردنى شتێکى تایبەت وشەیەکى دیکەى هەیە، بۆ نموونە چەو، تەرزە. بێگومان وشەدروستکردنەکانى منداڵ بۆ ماوەیەک لە یادمانى لێبوردووى خێزانى ناوکیدا (core family) دەمێننەوە، لێ ناچەسپێن، بەڵکو هێدى هێدى لەبیردەچنەوە.

٤-١- زمان وەک دەرکەوتەى تایبەت بە مرۆڤ

ئێمە دەتواین لە سێ شێوەدا دەرکەوتنى زمان لەنێو مرۆڤدا دیارى بکەین: زمان دەربڕینى ئەو ڕەوشانەیە کە وەک بوونى ئاژەڵى لەنێو دەروونى مرۆڤدا دەژین؛ زمان دەربڕینى ئەو توانستەیە کە دەتوانێت ناو لە هەموو شتەکانى جیهان بنێت؛ لە کۆتاییدا زمان دەربڕینى ئەو توانستەیە کە هەوڵ دەدات لە پەیڤیندا بە خودى خۆى بگات و بەم رێیەشەوە زمان دەبێت بە خەریکبوون لەتەک خودى خۆدا.(32)

زمان لە پرۆسەى سۆسیالیزاسیۆندا واتاى تایبەتى وەردەگرێت. “توانست بۆ ئەوە کە منداڵ سۆسیالیزە بکرێت، بەندە بە توانستى منداڵەوە بۆ سیمبۆل، ئەمیش بەندە بە توانستى زمانەوە”. سیمبۆلەکان لە پەیوەندییە نێومرۆڤییەکاندا “چالاک دەبن و لە دۆخە سۆسیالەکاندا واتاى خۆیان وەردەگرن.”(33) گومانى تێدا نییە کە کاراییەکانى مێشک فاکتەرێکى سەنترالین بۆ فێربوونى زمان، سەرەڕاى ئەمە پێدەچێت زمان بەتەنیا بەند نەبێت بە فێربوونەوە، چونکە “دەبێت چەند پرۆسەیەکى کۆگنیتیڤی (مەئریفی) گەشە بەپێش فێربوونى زماندا ڕاببورن، کە ئیدی دواى گەیشتن بە ‘ئامادەبوون بۆ زمان‘، زمان بتوانێت بەڕێى وروژێنەرەکانى ژینگەوە ئاوەڵا ببێت.”(34) لەم ڕوانگەیەوە زمان لەنێو پرۆسەیەکى نوێکردنەوەدا ئاوەڵادەبێت، لەم ڕەوتەدا بونیادە شارراوەکانى زمان دەرفەتى دەرکەوتنیان بۆ دەڕەخسێت کە ئیدی لە کۆتاییدا ناوەرۆکەکانى زمان شیاوى فێربوون و پاراستن دەبن.(35)

واتاى زمان لە رووى پسیکۆلۆژییەوە لەو پرسیارەدایە کە ڕوودەکاتە مامەڵەى مرۆڤان لەتەک زماندا، یان ئەو پرسیارەیە کە داخۆ ئەوان لەسەر بناغەى چە پێشمەرجێک و بە چە شێوازێک فێرى زمان ببن. زمان لەم ڕوانگەیەوە ئامرازە “بۆ ئەوەى کەسێک تێڕوانینێک لەبارەى شتەکان بە کەسێکى دى ڕابگەیەنێت”. کەواتە زمان کارەکتەرى کردارى هەیە و لەم کردارەدا سێ تەوەرە هەن: تەوەرەى خۆیى (کەسێک)، تەوەرەى نێویەکى (ئەویدى)، تەوەرەى بابەتى (لەبارەى شتەکان).(36)

لێ هەروەها لە زماندا شێوازى بیرکردنەوەى کۆمەڵگەیەک دەردەکەوێت. زمانێک چەند هەژار بێت، بیرکردنەوەى ئەو کۆمەڵگەیەش ئەوەندە سادەیە. لەبەر ئەوەى بیرکردنەوە و زمان بە شێوەیەکى مێژوویى گۆڕراون و هەردووکیان پێکەوە لەتەک کارەکتەرى تایبەتیى کۆمەڵگەیەکدا میراتە سۆسیالەکەیان پێکدەهێنن، ئەوا شێوازى بیرکردنەوە و زمانى کۆمەڵگەیەک پێکهاتەى کرۆکین لە پرۆسەى سۆسیالیزاسیۆندا، چونکە “ئەو زمانە کە منداڵ فێرى دەبێت، کەمتر زمانى خۆیەتى، بەڵکو بەزۆریى زمانى کۆمەڵگەیە. گەرچى تاکەکەسانى جیاواز دەتوانن سیماى تایبەتى بە شێوازە چەسپیوەکانى دەربڕین و پەیڤین و واتا بدەن، لێ هێشتا هەر ئەم وەرگۆڕینە خۆییانە ناوکێکى هاوبەشیان وەک بناغە هەیە”(37). ئێمە دەتوانین، لە ڕووى سایکۆلۆژییەوە، زمان وەک ئاوێنەى پەیوەندییە سۆسیالەکان ببینین. بە هەر حاڵ “زمان گرنگترین بابەتى سۆسیالیزاسیۆنە.”(38)

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: