تەلموود و حیکمەتەکانی

688
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: چۆلی فایەق

سێ سەت ساڵ بەسەر ئۆغری یەسوعدا تێ پەڕیوە، هەنووکە حاخامە جووەکان بۆ کۆوەکردنی بنەواکانی شەریعەت، هەموویان گرد و خڕ بوونەتەوە. ئۆرشەلیم تازە کەوتووە و هەیکلەکە بەدەستی ئێمپڕاتۆری ڕۆمانی ئیلیانووس هادریانۆسەوە شکێنراوە. شاری ئۆرشەلیم وێران بووە، شارێکی دیکە لەو شارە لەدایک بووە کە بە ئیلیا ناوەکەی ڕۆییوە. ئیلیاش لە ڕۆژگاری هاتنی ئیسلام بە قودس (البیت المقدس) ناودێر دەکرێ، کە تاریفی عیبریی شارەکە: (بیث هامقیداش) بوو.

لە ئیلیای جاران و قودسی ئێستە حاخامەکان بنەوا شەرعی و دەستوورەکانی تەوڕاتیان کۆوە کرد و خەریکن سەرلەبەری سەرلەنوو بنووسنەوە. ڕەشنووسێکیان ئامادە کرد، حاخامێکی مەعلان بە ناوی یەهوزا هەنناسی هات و پاکنووسیی بۆ هەموو ئەو بڕگانە کرد، کە هاوڕێ حاخامەکانی نووسیویانەتەوە؛ زێدەی خۆشی هاوێشتە سەری. دوای هێنانوبردنێکی زۆر دواجار “المباحث الستە”ی لێ جێ‌ بووەوە. بەرەنجام ئەم کۆشش و شەونخونییەی ناوی [تـەلمــوود]ـی لێ ‌نرا.

تەلموود لەبەرانبەر شەریعەتی نووسراوەیی یەهوودیدا، شەریعەتی زارەکییە. بەگوێرەی دنیابینیی یەهوودیێتی بێت، مووسای تەوڕاتێ بە دوو شێوە شەریعەتی هێناوە:

یەک: نووسراوەیی .. کە (تەوڕات)ە. دوو: زارەکی .. کە (تەلموود)ە.

لە ئاقیدەوتقاتی یەهوودێتیدا وەها هاتووە: مووسای کەلیموڵا لەبان کێوی تووڕەوە تەلموودی بە گەلی ئیسرائیل داوە، دواتر لای هاڕوون ئەزبەر کراوە، پاشان یوشەعی کوڕی نوون لە هاڕوونی گواستووەتەوە، زار بە زار تا بە یەهوزا دەگات، ئەویش بە پایانێی دەگەیەنێت و بە داڕشتنێکی تۆکمەوە سەرلەبەری دەینووسێتەوە.

یەهوودێتیی ئەرسەدۆکسی پێبەندی شەریعەتی تەلموودە. بە دووهەمین کتێبی پیرۆز و دووهەمین ژێدەری شەرع و دینی دادەنێن. وابەستەییان بە ئەندازەیەکە لە گوتاری باویاندا دەڵێن: [ئەوی بەبێ میشنا و گیمارا تەوڕات وەخوێنێت، خودای نییە].

تەلموود لە دوو بەش پێک‌ دێ، بەشێکیان پێی دەڵێن میشنا (משנה) کە ئەوەیان هەوەڵین جزمەی نووسراوەی شەریعەتی زارەکیی یەهوودێتییە. بەشەکەی تر گیمارا (גמרא)ی پێ دەڵێن، کە ئەوەیان سەرباری ئەوەی میشنا دەخاتە بەرباس و لێوەکۆڵین و پەراوێزدانان، بەشێک لە گوفتارە ئەدەبی و پەندیارییەکانی حاخامەکانیشی تێدا بژار کراوە.

تەلموود بە هەموو ڕووەکانییەوە، بە عەقڵانییەت و خوڕافات و ئەفسانەکانییەوە، لە دڵڕەقییەوە بۆ میهرەبانییەکانی .. بە میراتێکی گەورەی ماریفەتی و ئەدەبیی مرۆڤایەتی دێتە هەژمار. لێرەدا چەند شنەبایەکی ئەدەبیی نێو ئەو دارستانە، بەرەو کەناری زمانی کوردی دەبەم.

ـ دایک لەوەش تێ ‌دەگات، کە منداڵ نایڵێت و نایدرکێنێت.

ـ کاتێ دڵ تاڵ بوو، شەکری سەرزار ژیان شیرین ناکات.

ـ مرۆڤ شتانێکی هەن، کە نایهەوێن. شتانێکیشی نین، کە دەیهەوێن و پێویستی پێیانە.

ـ ئەگەر نازانی چۆن بزە و زەردەخەنە بکەیت، فرۆشگەکەت مەکەوە.

ـ نیوەی هەقیقەت درۆیەکی تەواوە.

ـ بۆ کڕینی مۆمێک خۆر مەفرۆشە.

ـ ناتوانیت کەس ناچاری ئەوە بکەیت خۆشی‌ بووێیت.

ـ لەو کەسە دوور بکەوە، کە بۆ بەرژەوەندییەکی خۆی مۆچیاری و ڕێنوێنییت دەکات.

ـ خۆشەویستی نەمریمان پێ تام دەکات.

ـ لەو شارە مەژی، کە هیچ پزیشکێکی لێ نییە.

ـ باڵندەیەک، کە ئازادت کردووە، دەشێ جارێکی تریش ڕاوی بکەیتەوە. بەس ئەو وشەیەی لە زارت دەرچوو و ئازادت کرد، هەرگیز جارێکی تر ناگەڕێتەوە.

ـ ئەوەی بە چاوی خۆت نایبینیت، بە زار مەیڵێ.

ـ بەر لەوەی سۆراغی ماڵ بکەیت و خانووەکە بکڕیت، سۆراغی دراوسێیەکانی بکە.

ـ ئەوی هەست بە ئازار نەکات مرۆڤ نییە.

ـ ئەوەی بەرگەی دۆخە خراپەکان نەگرێت باش ناژی.

ـ جارێ خۆت باش بکە، ئینجا بیر لە باشیی ئەوانی تر بکەوە.

ـ هەر لە قسان نا، بەڵکوو لە ڕەفتارانیش حەکیم بە.

ـ بەر لە گفتوگۆیان بەڵگە ئامادە بکە.

ـ برادەر دەبێت بیانکڕیت، بەنرخن. هەرچی دوژمنە، بەبێ بەرانبەر بەدەستیان دەهێنیت، بێنرخن.

ـ لەنێوان ئەوانەی ڕاوەستاون دامەنیشە. لەبەینی ئەوانەی دانیشتوون ڕامەوەستە. لەگەڵ ئەوانەی پێدەکەنن مەگری. لە تەک ئەوانەی دەگریێن پێ‌ مەکەنە.

ـ زمانت فێر بکە، لەجیاتی درۆکردن بڵێت: نازانم.

ـ خوا لە دڵە‌شکێنراوەکان نزیکترە.

ـ میوانداری جۆرێکە لە پەرستن.

ـ ئاخم هەڵدەکێشا لەسەر ئەوەی جووتە پێڵاوێکم نەبوو، تاوێ بە کەسێ گەیشتم کە هەردوو قاچی نەبوو، ئیتر ئاخهەڵکێشانم نەما.

ـ ئەگەر چاوت لە شتی گەورە نەبێت، شتی بچووکیشت وەچنگ ناکەوێت.

ـ مرۆڤی باش کەم دەڵێت و زۆر بەجێ‌ دەگەیەنێت.

ـ زمانە بەرزەفتنەکراوەکان لە دەستە شەڕانگێزەکان خراپترن.

ـ کەس لەو مرۆڤە کەڕتر نییە، کە گوێ ڕانادێرێت.

ـ دایکێک بە سەت مامۆستای هەیە.

ـ خۆبەزلزانی دەمامکی داپۆشینی کێماسیی مرۆیە.

ـ ئەو کەسەی برادەری بێهەڵەی دەوێت، بەبێ برادەر دەمێنێتەوە.

ـ ئەوەی هاوڕێیەکی دڵسۆز دەدۆزێتەوە، گەوهەرێکی دۆزیوەتەوە.

 

 التلمود البابلى ـ ترجمة مركز دراسات الشرق الاوسط/ ۲۰۱۲ الٲردن.

دوامات التدین، یوسف زیدان. دار الشروق

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: