چیاکانمان هەراسانیان دەکەن، دارەکانمان بریندار

406
0
بڵاوکردنەوە:

مەلەف: دار و کۆڵۆنیالیزم

نووسینی: ڕامیار محەمەد

“ئەم لا یەك پەڵە، ئەولا یەک پەڵە: هەوری ڕەنگاوڕەنگ؛

لە ناوەڕاستا: بە دەم ئاسۆوە ڕۆژی شۆخ و شەنگ!

سەوزە گیا پاراو، گوڵ و گوڵاڵە مەستی ڕەنگ و بۆ،

درەخت تازە شین، سەر لق ڕازاوەی گوڵ، گەڵا، چرۆ…”

– گۆران

(تیبینی: دەستپێکی نووسینەکەم بۆیە بە شیعری گۆران کرد، چونکە گرنگترین شاعیری ئێمەیە بۆ نیگابردنمان بۆ ناو سروشت لە ڕیگەی بەئێستەتیکردنی ژینگەییەوە.)

بەگوێرەی ئەوەی، کورد، کوردستان، هەوێنی شارستانییەتە؛ ئەمە بووەتە مۆتەکە و ترسێکی زۆر لەناو ئاوەزی تاکی “تورک”. زۆر شت هەن، کە دەکرێت ئێمە دەربارەیان بدوێین، کە ئاخۆ، تورکیا ئەم ڕقە زۆرە چییە لە بەرانبەر کورد هەیەتی؟ ئایا کورد لە مێژوودا هیچی بەرانبەر تورک کردووە؟ ئەی ئایا تورک بە تەنێ بەرانبەر کورد ئاوایە، یاخود هەر خۆی میللەتێکی ڕەگەزپەرستە بەرانبەر هەموو نەتەوەیەکی دیکە؟ ئایا تورک کە بەو جۆرە ڕەگەزپەرستە، هۆکار چییە؟

ئەمانە هەمووی پرسیاری بە جێن، کە دەکرێت ئێمە لە پرسێکی لەم جۆرەدا بیانوروژێنین، بەڵام من دەمەوێ لێرەدا، لە ڕوانگەیەکی تر، لە سۆنگێکی ترەوە، باس لە کێشەی تورک و کورد بکەم و بە شێوازە گشتییەکەی باسی ئیمپریالیزم و کۆڵۆنیاڵیزم بکەم.

هەموومان، کەم تا زۆر ئاگاداری کێشە و مەسەلەی کۆڵۆنیاڵیزمین، بە درێژایی مێژوو چۆن هاتووە و ئەوروپا بە گشتی و بەڕیتانیا بە تایبەتی، چ کارێکیان بە جیهان کردووە! ئێمە دەربارەی ئەوە ئاگادارین و مێژوو بۆی ڕوونکردووینەتەوە، بەڵام ئاخۆ مێنتاڵیتی و ڕوانگەی “کۆڵۆنی”یەکان چی بووە، چی وای لێکردوون بە چەندەها وڵات خاپوور بکەن و بیکەنە کۆڵۆنی خۆیان؟ جیا لە دەستکەوتی مادی و لایەنەکانی دیکە.

ئێدوارد سەعید لە سەرەتا و لاپەڕەی یەکەمی کتێبەکەی وتەیەکی “مارکس” بە نمونە دەهێنێتەوە و لە ڕێیەوە دەچێتە ناو بابەتەکەیەوە کە پرسی ڕۆژهەڵاتە: «ئەوان ناتوانن نوێنەرایەتی خۆیان بکەن، دەبێ نوێنەرایەتی بکرێن.» (ڕۆژهەڵاتناسیی/ ن. ئێدوارد سەعید/ و. د.موحسین عومەر)

لەم کتێبەیدا، ئێدوارد جگە لە باسکردنێکی زۆری ڕۆژهەڵاتناسیی، بواری ڕۆژهەڵاتناسیی، باسکردنی ئایدیای ڕۆژهەڵات، بەکارهێنانی لە لایەن ڕۆژئاواوە و داهێنانی ڕۆژهەڵات لەلایەن ڕۆژئاوەوە، دێتە سەر باسێکی ڕژد. لە سەرەتای ئەم باسەیدا بەشێك لە شانۆنامەیەکی کۆنی فارسی دادەنێت، لە نووسینی “ئێشیل” بە ناوی ” فارسەکان”. لەم شانۆنامەیەدا “ئێشیل” وەسفی هەستی کارەساتباری فارسەکان دەکات، کاتێك دەزانن، کە سوپاکەیان بەرانبەر بە یۆنانییەکان شکاوە و سروودێکی لە شانۆنامەکە وەرگرتووە و دایناوە. (بۆ خوێندنەوەی پەرەگرافی شانۆکە بڕوانە “ڕۆژهەڵاتناسیی لا ١٢٦”).

لەم سروودەدا ئەوە ڕوون دەکاتەوە، کە ئاسیاییەکان لە ڕێگەی خەیاڵی ئەوروپاوە قسە دەکەن، کە وەک سەرکەوتووێک بەسەر ئاسیادا وەسف کراوە. لێرەدا ئێدوارد وتەیەکی جوان دەڵێت: «ئەم “ئەویتر”ە جیهانێکی دژە تا ئەودیوی دەریاکان.» ئەمە ئەو نرخەیە کە ڕۆژهەڵات دەبێ بیداتە پاڵ ڕۆژئاوا، هەروەها ئەم سروودە لە هەمان کاتدا ناڵە و ئازاریشە بۆ لە دەستچوونی ڕابردووییەکی شکۆمەند کە ئاسیا هەیبووە.

بە واتایەکی تر ئێدوارد دەیهەوێ بڵێت “ڕۆژهەڵات” ئەویتری “ڕۆژئاوایە، ڕۆژهەڵات دەستکردی ڕۆژئاوا خۆیەتی.

لەسەر هەمان بنەما، دەمەوێ بڵێم: “کورد” ئەویتری “تورک”ە. کوردی شکۆمەند و خاوەن مێژوو، خاوەن شارستانییەت، ئەو ئەویترەیە کە تورک هەمیشە ویستوێتی ببێت و هەرگیزیش ناتوانێ ببێت، هەربۆیە لە ڕێگەی داگیرکارییەوە دەیهەوێ ئەم ئەویترەی بەدیبهێنێت، لە ڕێگەی سڕینەوەی شوناسی کورد و سڕینەوەی ڕەچەڵەکی کورد، دەیهەوێ خۆی بکات بە خاوەن مێژوو، کولتوور، دونیابینی، هزرو ژینگەی کورد.

مێژوو پێمان دەڵێ تورک چییە و چی هەبووە، شارستانییەتی تورک چییە، چ ڕۆڵێکی گێڕاوە لە ناوچەکەدا و چۆن هزری ئیسلامی تا ئەندەلوسیش بردووە، بێگومان بە زەبری هێز و چەك! دەمەوێ ئەوە بڵێم، ئەو مێژووەی تورک هەیەتی هەمووی چوار سەدە زێدەتر تێناپەڕێنێ.

ئەوەی تورک هەموو دەمێك ویستوویەتی بیکات، ویستوویەتی بیبێت، ئاواتەخواز بووە هەیبێت، مێژووی کورد، شارستانییەتی کوردە؛ وەکوو میللەتێکی چاوتێبڕیو لە کورد، هەموو دەم ئاواتی بەوە خواستووە؛ چیاکانی کورد هەراسانیان دەکەن، چەمەکانی کورد بێزاری کردوون، ئەوەتا ئێستاش دارەکانی کورد برینداریان دەکەن.

دەمەوێ بەتایبەتیتر بێمە سەر باسی نەهێشتنی دار و جینۆسایدکردنی ژینگەی کورد لەلایەن تورکەوە. خۆی هەموو ڕووداوێك چەند ڕەهەندێکی جیاوازی هەیە، بەڵام لێرەدا، ئەم ڕووداوە، بە کۆڵۆنیکردنی کوردە لە ڕێگەی خاپوور کردنی ژینگەکەیەوە. ئەو دێت کار لەسەر ژینگەی تۆ دەکات، دارت دەبڕێتەوە، بۆمبارانت دەکات و گڕ لە ژینگەت بەر دەدات، مەڕ و ماڵات و چەندەها ئاژەڵی کێوی و ماڵیت لەناو دەبات!

وەکوو سەرەتای چوونی ئەوروپییەکان بۆ ئەمریکا، یەکەمین کارێك خاپوورکردنی ژینگەکەی بوو، بە بڕینەوەی دارەکانی و ڕاوی ئاژەڵ و سوتاندنی ژینگەکەی و پاشان دەستکردن بە بەرهەمهێنان تیایدا، بەڵام جیاوازییەکە لێرەدا ئەوەیە، تورکیا ناتوانێ بەو زەبری هێز و چەکە لە تۆ بدات بەڵام، ئەوروپا لە ئەمریکای دا. پاشانیش بەکارهێنانەوەی دارەکان لە بواری بازرگانیکردن و دروستکردنی کەلوپەل و پێداویستی، پاشان فرۆشتنەوەی بە هەمان میللەت، بە کورد! لە هەمان کاتدا دارەکانمان دەبڕنەوە و بە خۆشمانی دەفرۆشنەوە!

دەشێ لە داهاتوودا چی بکەن؟ خۆ ئەوان گوتیان زەوییەکانمان کڕیوەتەوە، دەشێ لە داهاتوودا سنووری زیاتر ببەزێنن و لەو جێگایانە، باڵاخانەی گەورە گەورە بکەنەوە و دووبارە کوردی تێدا نیشتەجێبێتەوە!

دەشێ ئەوەش بڵێم، کە چەند مۆتیڤێك هەیە بۆ ئیمپریالیزم، بەدووری نازانم ئەردۆگان و تورکیاش یەکێك لەم مۆتیڤانەیان هەبێت:

هەرە گرنگترینیان مۆتیڤی ئابوورییە، وەکوو چۆن مارکسیستەکان، بەتایبەتی لینین و بوخارین، ئیمپریالیزمیان وەکوو قۆناغێکی درەنگوەختی کاپیتاڵیزم دەبینی، کە تیایدا بازاڕی وڵاتی داگیرکراو ناچار دەکرێت ملکەچی بازاڕی بێگانە ببێت بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمە لە رادەبەدەرەکەیان و سەرمایەیان گەورە بکەن.

مۆتیڤێکی دیکە بریتییە لە ئاسایشی دەوڵەت، کە هێشتاکەش ئەم مۆتیڤە بە باشی کار دەکات.

مۆتیڤێکی دیکەیان، بریتییە لە (غەریزەی مانەوە) و پەیوەندیدارە بە داروینەوە. چەندەها فیگەری وەکوو “هیتلەر، بەیکۆن، مۆسۆلینی، ماکیاڤیڵی” ئیمپریالیزمیان وەکوو کێشمەکێشمی سروشتی دیوە بۆ ویستی مانەوە. ئەوانەی کە بەهێزن و توانایان هەیە، دەتوانن زاڵ ببن بەسەر ئەوانەی کە لاوازن، لێرەدا ئیمپریالیزم وەکوو ئیندیڤیچواڵ کار دەکات.

دەمهەوێ لە کۆتاییدا ئەوە بڵێم: دەبووایە کورد، کاری لەسەر ڕەخنە بکردایە، وەکوو ڕەخنە خۆی، بەشێوە باوەکەی ڕەخنە نا لای ئێمە. کورد لە هەموو شتێك زیاتر دەبوو کاری لەسەر (ڕەخنەی پۆستکۆڵۆنیاڵیزم) بکردایە، بە گوێرەی ئەوەی کورد، تاکوو ئێستاش، نەتەوەیەکی کۆڵۆنییە. ئاخر کورد کە هەر لەگەڵ کرانەوەی بە ڕووی جیهاندا ڕۆژێك ئاسودەیی بەخۆیەوە نەدیوە، دەبوو زیاتر کار لەسەر ڕەخنەی پۆستکۆڵۆنیاڵیزم بکات، تا بزانێ چی بەرهەمهاتووە لە ئەنجامی داگریکارییەکانی کە بەسەریدا هاتوون، تا بزانێ ئەدەبی، کولتووری، دنیابینی، هزری و ژینگەی چی بەرهەمهێناوە و چی لێهاتووە، بەداخەوە کە نەکراوە، ئەمە بە پڕۆژەی جیدی دەکرێت و هەرچی زووە بە بڕوای من، دەبێ کاری لەسەر بکرێت.

بڵاوکردنەوە: