داربڕین وەک کۆڵۆنیالیزمی مۆدێرن

717
0
بڵاوکردنەوە:

مەلەف: دار و کۆڵۆنیاڵیزم

نووسینی: پەیڕەو ئەنوەر

تورکیا لە ڕێگەی سوپاوە بەردەوام لە سنوورەکانی پاسەوان و ئێشکگرە! ئەم پاسەوانبوونەی دەمانباتەوە بۆ ئەو وێنەیەی “سامۆئێل هەنگتینگتۆن” کە پێی وایە «تورکیا وڵاتێکی دڕاو و پارچە پارچەبووە» لە بنەڕەتدا ئەم قەیرانە ڕەگەکەی لە نائامادەبوونی «یەکانگیری و ناسنامەی دانپێدانراوەوەیە» Integration and recognized identity هەستکردن بە ونبوونی ناسنامە لە ناوخۆی تورکیا قەیرانێکی قوڵ و پڕ ئازارە بۆ زۆرینەی گرووپەکانی ناوی.

ئەمڕۆ تورکیا بە تەنها وەک پاسەوان نەهاتۆتە دەرەوەی خۆی! فۆڕمی پاسەوانبوونەکە گۆڕاوە بۆ داربڕین و شێواندنی سروشت. داربڕین کردەیەکی سانا و سادەیە بەڵام قوڵاییەکەی لەوەوە دێت تورکیا لە ڕێگەی سوپا و پاسەوانەوە وەک حەوشەی پشتەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەورووبەری رێکدەخاتەوە. چەمکی «حەوشەی پشتەوە» زۆر فراوان و فرە ئاستە. ئاستی سانا واتە جوگرافیا، پانتایی و ماڵی خۆم بە دڵی خۆم رێکدەخەم. دەیشێوێنم، دەیبڕم و دەیگوازمەوە. دیارە ئەم پڕۆژەیە یەکجار جێگەی مەترسی و ئازارە بۆ دنیای ئێمە.

یەکێک لە کێشەکانی تورکیای هاوچەرخ پرسی ڕوانینێکی ئیمپڕاتۆرانەیە بۆ دەرەوەی خۆی، بۆ دراوسێکانی، بۆ ئەو جوگرافیا سیاسییەی کە ڕۆژگار و سەردەمێک بەشێک بوونە لە ئیمپڕاتۆرییەتەکەی! ئەم پڕۆژە و دیدەی تورکیا لەسەر سێ بنامە دارێژراوە (بوونیاد، سەروەری و تێریتۆری) و دەکرێت ناوی بنێین سیانەی تورکیا بۆ گەڕانەوە بۆ نۆستالیژیا و گەڕانەوە بۆ یادەوەری و چیڕۆکەکانی سەردەمی عوسمانیزم.

تورکیا لە ڕووی بوونیادەوە وا هەست دەکات هێشتا بەشێکی زۆری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە بەشێکن لە بوونیادەکەی بەتایبەت یەکەیەکی وەک عیراق. یا وەرگرتنەوەی دوورگەی (سواکن) لە سودان کە ڕۆژگارێک بەشێک بووە لە بوونیادی عوسمانیزم! ئەم دیدە لەوەوە دێت گوایە تورکیا بەهۆی رێککەوتننامەی لۆزانەوە سێگۆشەی (تورکیا، عیراق و ئێران) ی لەدەستداوە کە چیاکانی قەندیل و تا نزیک رواندز لەخۆ دەگرێت و بەشێکی قوڵە لە جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە و گەیشتن بە کەرکووک و دواتریش کەنداو.

لێرەوە دیدی تورکیا بۆ عیراق دیدێکی بایۆلۆژیانەیە و تورکیا لە ڕووی بوونیاد، سەروەری و تێریتۆرییەوە عێراق بە منداڵ و نەوەی خۆی دادەنێت. وەها دەبینرێت کە پەیوەندی نێوان تورکیا-عیراق دەچێتە نێو میتۆدی پەیوەندی (دەوڵەتی باڵا و منداڵەکانی) و بەمەش بەردەوام هەوڵدەدات لە هەناوی عێراق و تێریتۆریەکەی ئامادەبێت. تەنانەت دەستکاری ژینگە بکات و دار ببڕێت و بیگوازێتەوە بۆ ناوەند/ئەنکەرە. ئەم شێوە مامەڵەیە ڕووکارێکی قوڵی کۆلۆنیالیزمی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە بەتایبەت کاتێک سیستمی ئیکۆی تێدا دەبێتە قوربانی و جینۆسایدی ژینگەیی لێدەکەوێتەوە.

ساڵی ١٩٧٨ (کەنعان ئێڤرین) ی سوپا سالاری تورکیا سەردانی عێراق دەکات و بڕیاری پێکهێنانی کۆمیتەیەکی هاوبەش دەدەن بۆ پرسەکانی پاراستنی ئاسایش و هەواڵگری. هەر لەو سەردانەدا هەردوو وڵات ڕێگەبەیەکتر دەدەن کە بەقوڵایی (١٧کم) بچنە نێوخاکی یەکترەوە بۆ ڕاوەدوونانی جوداخوازەکان کە مەبەستی پەکەکە و ڕێکخراوە کوردییەکانی تر بوو. ساڵی ١٩٨٢ (تەها یاسین ڕەمەزان) جێگری یەکەمی سەرۆک وەزیرانی عیراق سەردانی تورکیای کرد، واژووی لەسەر ڕێککەوتننامەیەکی نهێنی کرد کە ناوەڕۆکەکەی بریتی بوو لە:

١- ڕێگە بە هێزی هەردوو وڵات درا بچنە نێو خاکی یەکترەوە بۆ دژایەتی و لەناوبردنی تیرۆریستان (بە قەولی خۆیان کورد تیرۆریستە).

٢- هاریکاری و هەماهەنگی ئاسایش و ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری.

٣- ڕادەستکردنەوەی تۆمەتباران بە یەکتر و ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی لەناو خاکی یەکتر و ڕاوەدوونانی بەرهەڵستکارە سیاسییەکان.

ڕێکەوتی (١٥ی تشڕینی یەکەمی ساڵی ١٩٨٤) تورکیا و عیراق جارێکی تر ڕێککەوتننامەیەک بە ناوی (ڕاوەدوونانی گەرم) واژوو دەکەن و ڕێگە بەیەکتر دەدەن بە قوڵایی (١٥کم) بێنە نێو خاکی یەکترەوە.

عیراق و تورکیا (٣٧٧کم) سنووری هاوبەشییان لەنێواندا هەیە و تورکیا لەسەر بنەمای ئەم ڕێککەوتننامەیە دێتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان-عیراقەوە و لەڕووی بوونیادەوە بە بەشێک لە جەستەی خۆی دادەنێت و دەیەوێت لە هەموو جومگە و کەناڵە سنوورییەکانەوە بێتە ژوورەوە و سەروەریی و شوناسە سیاسییەکەی لێ بستێنێتەوە. ئەم ناسنامە سیاسییە ئەمڕۆ گۆڕاوە بۆ ناسنامەی ژینگەیی! شێواندنی ژینگە، بڕینی دار و گواستنەوەی، دەستکاریکردنی تۆبۆگڕافیا. ئەم رووداوانە بەگشتی نوێنەرایەتی ئەوە دەکەن کە دەوڵەتی تورکیا زەوی و ئاسمانێکی زۆری ناوچەکە بە حەوشەی پشتەوەی خۆی دادەنێت.

بڵاوکردنەوە: