شتە بێ ماناكە: دۆزینەوەی مانا بۆ ژیان

641
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: كوردۆ شابان

هەر لەبەر ئەوەی هەین، لێرەین، لۆجیكێك لە هزری هەمووماندا دەخولێتەوە كە بە پرسیارێك هروژممان بۆ دەهێنێت، بریتییە لەوەی: مادام هەین، كەواتە مانایەكی هەیە، ئەو مانایەی بوونمان چییە؟ ئایا كۆی گشتیی مرۆڤ، یەك مانای بوون تەواو دەكەن، یان هەر یەكەمان هۆكارێكی تایبەتیی خۆی لە بوونەكەیدا هەیە؟ یان كۆی گەردوون هەموومان بەشێكین لە مانایەكی هاوبەش بۆ بوونەكە؟ فەیلەسووف و بیركارەكان بەشێكی تیۆری و گوتەكانیان بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە تەرخان كردووە، ئەمەیش وای كردووە ئایینیش لەسەر ئەوە بدوێت. جیاوازییەكەی ئەوەیە، هەردەم ئایین وەڵامی پێ بووە و وەڵامەكەش هەرچەند سادەن و ڕازیكەر نین، بەڵام بە كۆنكرێتی بڕاندوویانەتەوە، بەشێوەیەك ئیدی ڕێیان بە بیركردنەوەی زیاتر لەمەڕ ئەو بابەتە نەهێشتووەتەوە. هەر خۆی ڕزگاربوون و لەكۆڵبوونەوەی هەموو ئەو پرسیارەی دەیكەین، زۆرینە، لە پرسیارەكە بەلایانەوە باشترە. ئەمە هۆیەكی دیكەی زۆریی پێڕەوانی ئایینە، لەپاڵ ترس و تۆقینەكە و لەپاڵ هەلی ژیانێكی دی، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی لە ژیاندا شكستیان هێناوە.

وەڵامی ئەم پرسیارە: “بۆ هەین” لای ئایینەكان هیچ گێرەیەكی نەویستووە، زۆر ئاسانە؛ ئێمە بۆیە هەین، چونكە خوا هەیە. دروستی كردووین، بۆ خۆی. واتە مرۆڤ و سەرجەم زیندەوەرانی گەردوون، ژووری تاقیكردنەوەی كیمیایین، خوا بە شێوەی جیاواز دروستی كردووین و هەر زیندەوەرە پەیامێكی پێ بەخشیوین دەبێ جێبەجێ بكەین و ئەویش لە تاقیگەكەیدا دانیشتووە بزانێت كامیان هاوكێشەكەی هەڵە دەردەچێ و كیهان باشترە. بۆ نموونە هۆكاری سەرەكیی دروستكردنی مەڕ و مانگا، بۆ خواردنیانە، وەك چۆن ڕووەك و میوەجاتی بۆ ئەوە دروست كردووە. هۆی یەكەمی دروستكردنی مرۆڤیش، بۆ پەرستنی خوایە بەپێی ئەو نەریت و تقووسانەی ئایینەكان بۆمانیان دیاری كردووە. لێرەدا واتە، كاتێك مرۆڤ ئەوە ناكات كە خوا دەیەوێت (وەك ئایینەكان دەیڵێن) پێش ئەوەیش شكستی مرۆڤەكە بێت، فەشەلی خوایە. هەر بۆیە دوور مەبینە ئەگەر زانی هەموو مرۆڤ لەم پەیامە سەرەكییە فەشەلیان هێنا، جۆرە زیندەوەرێكی دیكەی وەك مرۆڤ بەڵام مرۆڤ نەبێت، دروست دەكات. ئەمەش بە چەند شێوەیەك لە دەقە ئایینییەكاندا هاتووە.

زانست و فەلسەفە، بە شێوەیەكی تەواو پێچەوانە لەمەڕ دۆزینەوەی مانا بۆ ژیان، دەدوێن و چەندان هۆكاری دیكەیان دیتووەتەوە كە هیچی لەوەی ئایین ناچێت. زانست بڕوای بە ماددییات و بەرجەستەبوون هەیە و هەرچی دەكەوێتە ژێر هاوكێشەی كیمیایی و جووڵەی فیزیایییەوە، لەوە دەكۆڵنەوە و ناچنە ناو شتێكەوە كە دیار نییە. فەلسەفە دەچێتە ناو لایەنی ڕۆحانیی قووڵتر لە لایەنە فیزیایییەكەی زانست، هەر بۆیە كۆمەڵێك بۆچوونی جیاواز لەمەڕ مانای ژیان و بوون لەلایەن فەیلەسووفەكانەوە دەبینین و هەریەكەیان بەپێی كات و شوێن و ژینگەی جیاوازی خۆی وەڵامی داوەتەوە. هەندێك لەو وەڵامە فەلسەفییانە بە نەمریی ماونەتەوە و كێبەركێی وەڵامە ئایینییەكان دەكەن، ئەگەرچی ئەمان هیچ هەڕەشە و پاداشتێكیان دانەناوە بۆ ئەوانەی هاوبۆچوونن یان لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكەن.

یۆنانییەكان، مانای ژیان بە گەیشتن بە لووتكەی مەعریفە دەزانن. ئەفڵاتوون سەرمەشقی ئەم بیرەیە و پێی وایە پێویستە هەموو شێوەكانی زانین بدۆزینەوە، تا مانای ژیانمان بۆ دەربكەوێت. كەواتە دۆزینەوەی “كۆمانا” دەبێتە كردنەوەی نهێنیی مانای ژیان. كۆمانا چییە؟ ئەفلاتوون و ئەرستۆ كە لەسەر كۆمانا كۆكن، لەوەی كۆمانا چی دەگرێتەوە، ناكۆكییان هەیە. د. حەممادە ئەحمەد عەلی، مامۆستای فەلسەفەی یۆنانی، كتێبێكی بەنای “چەمكی كۆمانا لای ئەفلاتوون و ئەرستۆ” نووسیوە. تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، هەر كەسێك بیەوێت لە فەلسەفەی یۆنانی قووڵ بێتەوە، زوو دەگاتە ئەم بابەتی جیاوازییەی نێوان ئەفلاتوون و ئەرستۆ لەمەڕ كۆمانا، ئاخر بەتەواوی كاریگەری بەسەر تەواوی فەلسەفەكەی خۆیان و پاش وانیش دروست كردووە.

وەك ئاماژەمان پێ دا، گەڕانەوەی مانای ژیان بۆ “كۆمانا” لە یۆنانییەكانەوە هاتووە و دەگەڕێتەوە بۆ فەیلەسووفانی وەك تاڵیس و ئەنەكسیماندرۆس، بەڵام ئەفلاتوون و ئەرستۆ، قووڵتر و شیكاریتر چوونەتە ناوی. بۆ نموونە، ئەفلاتوون ئاوەزی مرۆڤی بۆ دۆزینەوەی كۆمانا لە سێ ڕەهەنددا چڕ كردووەتەوە: یەكەم، چڕبوونەوە، دووەم، گفتوگتۆ و سێیەمیش هێزی ویستەكانە یان پێشی گوتراوە خۆشەویستی. یەكەم كە چڕبوونەوەیە، كۆكردنەوەی هەموو زانیارییەكانە لەسەر بنەچەی مرۆڤ و بوونی كە كۆمانای پێش كاتی ئێستە دیاری كردووە و ئێمە دەبێت لەڕێی ئاوەزەوە بیگەڕێنینەوە، ئەمەیش واتە ڕۆحەكانمان پێش ئەوەی بكرێتە جەستەمانەوە، هەموو شتێكی زانیوە، تەنیا لەسەرمانە خۆمان لە كاریگەرییە جەستەیییەكان خاوێن بكەینەوە، بۆ ئەوەی بگەینە ڕۆحی بێگەرد و كۆمانا ئاشكرا بكەین. ئەگەر سەرنج بدەین، ئایینەكان زۆر سوودیان لەم تێگەیشتنەی ئەفلاتوون كردووە.

ئەم ڕێگە ئەفلاتوونییە لەمەڕ كۆمانا و دۆزینەوەی مانای ژیان، كاریگەریی گەورەی بەسەر هەموو بیركار و فەیلەسووف و ئایین و ئایدیاكانی دوای خۆی دروست كردووە و بە شێوەی جیاواز پشتیوانی و درێژ كراوەتەوە، یان هەوڵ دراوە ڕەت بكرێتەوە، گرینگ ئەوەیە لەو چوارچێوەیەدا خۆی نواندووە، بەڵام مانای ئەوە نییە، هیچ كەسێك نەبووە لە دەرەوەی ئەو شێوە ئەفلاتوونییە، یان باشترە بگوترێ لەو شێوە یۆنانییە بیر لە مانای ژیان بكاتەوە. بۆ نموونە، ئەرتۆر شۆپنهاوەر، فەیلەسووفی مەزنی ئەڵمانی لە سەدەی هەژدە كە هەندێك بە فەیلەسووفی ڕەشبینی ناوی دەهێنن، قسەی دیكەی كردووە و پێی وایە، كرۆكی ژیان و ماناكەی دەگەڕێتەوە بۆ ویست (ئیرادە) كە مەبەستی لە ئیرادەیەكی قووڵترە لەوەی ئاوەزی ئاسایی مرۆڤەكان دەركی پێ دەكەن. ئیرادە لای شۆپنهاوەر بریتییە لەو پاڵنەرە كوێرانەیەی بەرەو ژیان و حەزی ژیان ڕامان دەكێشێت و لەو شتانەی دەمانەوێت یان نامانەوێت چڕ دەبێتەوە. ئەمەش واتە مانای ژیان بریتییە لەو پاڵنەر و حەزانەی لە ژیاندا دەركی پێ دەكەین یان دەركی پێ ناكەین. دەركپێنەكردن ئەو دیاردە سروشتییانەن كە لە دەرەوەی توانای مرۆڤن، وەك پێوەندیی خۆر بە زەوییەوە. مرۆڤ لە ڕێی تێگەیشتن و مەعریفەی خۆیەوە، دەگات بە ئیرادە و شوێنی دەكەوێت، ئیدی ئاوا مانای ژیان دەدۆزێتەوە. بە كورتی، شۆپنهاوەر دەڵێ: “ئێمە شتەكانمان ناوێت، چونكە هۆكارمان بۆ دۆزیونەتەوە، بەڵكوو هۆكار دروست دەكەین، چونكە شتەكانمان دەوێ.” ژیان لای وی، خەباتێكی هەمیشەیی و ئاڵنگاری و ململانێیەكی نەبڕاوەیە، تەنیا بە مردن هێور دەبێتەوە. خۆ مردنیش كۆتایی بە دەردەسەرییەكانی مرۆڤ ناهێنێ، بەڵكوو كۆتایی بەو ویستانە دەهێنێت كە بۆی دەجەنگا، ئەوە بۆیە ئیرادە، بنەچەی نەگبەتییەكانی لە دونیادا. “جیهان بۆ مرۆڤ تەنیا ئەو شتانەیە كە دەیبینن.” شۆپنهاوەر وا دەڵێ، ئاخر ئێمە نازانین خۆر هەیە یان زەوی هەیە، ئێمە چاومان هەیە، خۆری پێ دەبینین، دەست و قاچمان هەیە، هەست بە زەوی دەكەین. واتە جیهان بۆ مرۆڤ، هەر خۆیەتی، هیچی دیكە نییە لە دەرەوەی ئیدراكی خۆی، ئەوە بۆیە هەر یەكەمان بە شێوەی تایبەتیی خۆی جیهان دەبینێ. لێرەدا دەتوانین بڵێین، هەرگیز مرۆڤ ناگات بە كۆمانا وەك یۆنانییەكان هەوڵیان بۆ داوە، كەواتە ناتوانن مانای ژیانیش بدۆزنەوە.

ڕۆژێكیان لە ساڵی 1865ز، فریدریك نیتچە، فەیلەسووفی گەورەی ئەڵمانی، بە ڕێكەوت لە یەكێك لە كتێبخانەكانی شاری لایبزج، كتێبی ” The World as Will and Representation” ـی شۆپنهاوەر دەبینێ و دەیكرێ. دوای خوێندنەوەی، خۆی ددانی پێدا دەنێت كە تووشی سەرسووڕان و سەرسڕمانێكی زۆر دەبێت، ئەمەیش بۆ ماوەی نۆ ساڵ لەگەڵیدا دەژی و بەتەواوی وێنەی ژیان لەبەر چاویدا دەگۆڕێ. لەسەر ئەمە نووسیویەتی: “لێرەدا هەموو دێرێك هاوار بەسەر ناخدا دەكات و ڕەتی دەكاتەوە و ڕۆح هان دەدات. من لێرەدا ئاوێنەیەكم بینی، تێیدا جیهان و ژیان و ڕۆحی خۆم دیتەوە، بەڵام بە شكۆیەی سەرسووڕهێنەر، من لێرەدا هەم نەخۆشیم دیتەوە هەم چارەسەر، ئاوارەیی و داڵدە، دۆزەخ و بەهەشت.”

كتێبەكانی شۆپنهاوەر بۆ نیتچە تەنیا سەرچاوەی فێربوون نەبوون، بەڵكوو هۆكارێكی دڵئارامیش بوون لەو هەموو دڵەڕاوكێیانەی هەیبوو، هەر بۆیە زۆر ئاسایی بوو كە ڕێچكەی ئەو لە دیتنی ژیان بگرێتە بەر، تا ئەو كاتەی نەخۆش كەوت و ئیدی لەوێوە شۆڕشەكانی بەسەر شۆپنهاوەر دەست پێ كرد.

لای شۆپنهاوەر، ئیرادە مانای ژیانە، نیتچە بەهۆی كاریگەرییەكانی نەخۆشییەكەی بەسەرییەوە گەیشتە ئەو بڕیارەی نەخێر، “ئیرادەی هێز” كرۆكی مانای ژیانە. نیتچە پێی وایە، ژیان هەردەم داوای گەشانەوەی زیاتر و بڵاوبوونەوە دەكات، ئەمەیش تەنیا بە ملكەچكردنی چواردەور و هێز دروست دەبێت. لای وی ژیان دادپەروەر نییە و هەرگیز هێزێك نییە بۆ نموونە ناوی هێزی خوایی بێت تا ئاگای لە پێداویستییەكانی مرۆڤ بێت. لە كتێبی “مردنی خوا” ئەمەی بە تەواوی ڕوون كردووەتەوە. مادەم ژیان پێویستی بە ئیرادە و هێزی ئیرادە بێت و ئەم هێزە گەشەسەندنە لێكجیاوازەكانی مرۆڤ دیاری بكەن، ئیدی شوێنی خوا لە كوێیە؟

ڕەنگە گرینگیی هێز لای نیچە، وەك هیچ بیركارێكی دیكە نەبێت. مرۆڤی باڵا، كەسێكی بەهێزە كە ئازایەتییەكەی بەسەر خەڵكیدا زاڵە، هەر بۆیە تاوانبارێكیش كە بە ئازایەتی خۆی پێی گەیشتووە، مرۆڤی باڵایە، بەڵام لە ژینگەیەكی نەخۆشدا گەشەی كردووە.

نیتچە دەڵێ: ” ئەو مرۆڤەی نایەوێ بەشێك بێت لە مێگەل، تەنیا دەبێت واز لەوە بێت بەرانبەر خۆی لێبوردە بێت. پێویستە لەو كاتەی ناخی بانگی دەكات، بۆی بڕوات، بێ سڵەمینەوە. ئەوەی ئێستە دەیكەیت و بیری لێ دەكەیتەوە، هیچی تۆ نین، شوێن ناخت بكەوە، ئینجا دەبیتە خۆت.” ئەو پێی وایە، چەندە ژیان بێ مانا دەبێت كاتێك ئیرادەی هێز زاڵ نابێت و مرۆڤ لە ئازادی دوور دەخاتەوە و ئیدی هەرگیز ناشگات بە ئاسوودەیی. لە سروشتدا هیچ بوونەوەرێكی بەتاڵ نادۆزیتەوە هێندەی ئەو مرۆڤەی بەتەواوی لە بڕیارەكانی ڕۆحی خۆی جیا بووەتەوە و هیچ شتێك ناكات بەبێ ئەوەی سەیری ڕاست و چەپ، سەر و خواری نەكات. “خۆت بە” ڕەنگە پێناسەی تەواوی مانای ژیان بێت لای نیتچە. هەر بۆیە دەڵێ: “هیچ كەسێك ناتوانێت ئەو پردەت بۆ دروست بكات كە بە ژیاندا دەپەڕیتەوە. نە خۆت و نە كەس. ڕەنگە ڕێگەی لەژمارەنەهاتوو بۆ پەڕینەوە هەبێت و ڕێی خواییش زۆرن بۆ بەئاسانی پەڕینەوە، بەڵام گرتنەبەری ئەو ڕێیانە باجەكەی خۆت دەیدەی، كاتێك لە خۆت دوور دەكەویتەوە و شوێنیان دەكەویت. یەك ڕێگە هەیە لە ژیاندا كە تەنیا خۆت دەتوانی بەسەریدا بڕۆیت. بۆ كوێ دەڕوات؟ مەپرسە، بڕۆ!”

خۆ ئەوەندە ئاسانیش نییە، بۆیە دەبێژێ: “مرۆڤ چۆن دەتوانێ خۆناس بێت؟ ئەمە شتێكی پارمایی و تاریكە. ئەگەر كەروێشك حەوت پێستی هەبێت، مرۆڤ دەتوانێك حەفتاوحەوت كاژی خۆی لێ بكاتەوە، بەبێ ئەوەی بتوانێت بۆ جارێك بڵێت: ئێستە ئەمە منە ڕاستییەكەیە و بەرگی ساختەم پێوە نەماوە! هەروها پێبەندبوونێكە بە مەترسی ڕێژ كراوە، كاتێك مرۆڤ دەیەوێ بچێتە ناو قووڵایییەكانی خۆی و ڕاستەوخۆ لە كەناڵەكانی ناوەوەی بكۆلێتەوە و خۆیەتیی خۆی بدۆزێتەوە. زۆر ئاسانە مرۆڤ لەم قۆناغەدا تووشی جۆرە نەخۆشییەكی دەروونی بێت كە هیچ پزیشكێك لە توانایدا نەبێت چارەی بكات. خۆ لە بارێكیشەوە، پێویستیی ئەم قووڵبوونەوەیە بۆ چییە، بە بەراورد بە هەموو شەو شتانەی بەڵگەن لەسەر بوونمان، هاوڕێكانمان، دژمنەكانمان، بینینەكانمان، بیرەوەری و بیرچوونەوەكانمان، كتێب و قەڵەمەكانمان…”

هەر لەسەر مانای ژیان، جان پۆل سارتەر، فەیلەسووفی ئازادیی فڕەنسی كە قۆناغێكی مەزنی بەسەر تەواوی بیركردنەوەكان لەسەر ژیان بڕیوە، ئەگەرچی هاوخاڵی نیتچەیە لەبارەی تاكێتی و ئازادیی تاكەوە، بەڵام وەك چۆن لای نیتچە ئازایەتی چەقە، لای سارتەر ئازادی كڕۆكە. ئەو پێی وایە، مرۆڤ خۆی ئازادیی خۆی دروست دەكات و خۆیەتیی خۆی هەڵدەبژێرێ و هەمووی پێوەستە بە ئیرادەیەكی پوختی خۆیەوە. لێرەدا مەبەستی لەو تایبەتمەندییە بنەڕەتییانەن كە هەر كەسێك لەوی دی جیا دەكاتەوە. بەلای سارتەرەوە، ئەم ئازادییە بەرپرسیارییەتییەكی تەواوی لەگەڵدایە كە مرۆڤ تووشی دۆخێكی دڵەڕاوكێ و ترس لە ئەنجامەكەی دەكات، ئەو دڵەڕاوكێیەش شتێكی ئاسایی سروشتی مرۆڤە، هەر ئەمەیە وای كردووە، مرۆڤی ئازاد هەردەم لە دڵەڕاوكێی بەردەوامدایە، چونكە بەپێی بەپرسیارییەتیی هەڵبژاردنەكانی كاریگەری لەسەر دەكات.

ئەگەرچی ئەمەی سارتەر كە دڵەڕاوكێی خستووەتە تەنیشت ئازادییەوە، لەوەی نیتچە گشتگیرترە و فەلسەفەكەشی نوێترە، بەڵام پێشوەختە نیتچە وەڵامی داوەتەوە، چونكە “ئیرادەی هێز” شكۆمەندترە لە “ئازادی و دڵەڕاوكێ”.

وەك دەزانین سارتەر كە فەیلەسووفێكی بوونگەرابووە، بەوە داكۆكی كردووە كە “مرۆڤ پرۆژەی بوونی تایبەتی خۆیەتی، هیچ شتێك بە بوونی پێش خۆی لە ئاسمان نایبەستێتەوە.” ئەمەش وەڵامێكە بۆ هەركەسێك ئەگەر ژیان مانای لە بەردەمیدا دۆڕاندبێت. بە مانایەكی تر، ئەو پێناسەیەی بۆ دۆڕاندنی مانای ژیان لەسەر كەسێك دەیكەین، پێناسەیەكی بەتاڵە، چونكە كۆی مرۆڤایەتی بازنەیەكی تەواوكەری یەكدی نین، بەڵكوو هەر مرۆڤە بازنەیەكی تایبەتی خۆیەتی و لەناو بازنەكەی خۆیدا، مانای ژیانی وەك چۆنی ویستووە بە ئازادیی خۆی، دۆزیوەتەوە.

سەرباری ئەم هەموو گوتەیە لەمەڕ “مانای ژیان” دەبینین لودڤیگ ڤیتگنشتاین، فەیلەسووفی نەمسایی لە ڕوانگەیەكی دیكەوە دەدوێ و دەپرسێ: جارێ هەر بوون بۆ هەیە؟ لۆجیكی دروستبوونی گەردوون لە چیدایە؟ ئەو پێی وایە بۆ ئەوەی مانای ژیان بدۆزینەوە، پێویستە مانای بوون لەپێشدا بزانین.  ڤیتگنشتاین دەڵێ: قسەكردن لەسەر مانای ژیان كەمێك بێ مانایە. یەكێك نییە لەو شتانەی بتوانین بیڵێین یان ڕاڤەی بكەین، دەتوانین وەك “گرێیەك یان مەتەڵێك” ناوی بهێنین، ئاخر هەر چەمكێك كاتێد دەبێتە چەمك كە مانای هەبێت، مەسەلەی “مانای ژیان” لەبەر ئەوەی هیچ ڕاڤە ناكرێت، چەمكێكی گەمژانەیە. لە كتێبی “نامەی لۆجیكیی فەلسەفی”ـدل ڕوونی دەكاتەوە كە جیهان خۆی بریتییە لە كۆمەڵێك ڕووداوی ناوكی. هەڵبەت لە ڕوانگەیەكی زانستیی فیزیاییشەوە، ئەم گوتەیە سەلمێندراوە.

 

سەرچاوەكان:

  • نظرية المعنى الكلي: عند أفلاطون وأرسطو
  • العالم إرادة وتمثلًا
  • على طريقة نيتشه.. كيف تبحث عن ذاتك الحقيقية وتدرك قيمتها؟
  • نيتشه نبي فلسفة القوة
  • معنى الحياة: مقدمة قصيرة جدًّا
  • ویكیپیدیا
تاگهزر
بڵاوکردنەوە: