ماکیاڤیلی و کاریگەریی خراپە

342
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ژۆن فیولاک

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: سامان عەلی

نیکۆلاس ماکیاڤیلی (١٤٦٩-١٥٢٧) ئەو مرۆڤەیە کە پراتیکی سیاسی و زانینی مێژوویی لە هەموو بنەما و ڕێسایەکی ئاکاریی و، هەموو پشتبەستنێک بە بیرۆکەی چاکە ڕزگار کرد. کەچی وێڕای ئەوە ماکیاڤیلی تیۆریسێن نەبوو، بەڵکو فەرمانبەرێکی گەورەی کۆماری فلۆرەنسا و، ڕاوێژکار و، دیپلۆمات بوو. لە ساڵی١٥١٢دا، گەڕانەوەی بنەماڵەی میدیتچی بۆ دەسەڵات، کۆتایی بە کۆماریی هێنا؛ ماکیاڤیلی بەرەوڕووی کارکەنارکردن لە پۆستەکەی بووەوە و خرایە زیندانەوە. لەپاش ئازادکردنی، ڕووی کردە سارا. بەخاتری ئەوەیش سەرلەنوێ بەشدارییپێکردنی لە کارگێڕیی فلۆرەنسا دەستگیربێت، کتێبی “میر”ی نووسی و، کۆتا تیراژی بە دیاری بە لۆرانی دووەمی بنەماڵەی میدیتچی بەخشی، کە لە نێوان ساڵانی١٥١٣و ١٥١٩دا فەرمانڕەوایی فلۆرەنسای کرد.

ڕاستیی ڕووداوەکان

کتێبی “میر” لێکۆڵینەوەیەکی تیۆریی نییە؛ بەڵگەنامەیەکی کردەییە، واتە بڕێک ئامۆژگاریی یارمەتیدەرە بۆ دەستگرتن بەسەر دەسەڵات و پاراستنیدا. ماکیاڤیلی، لە نووسینی ئەم گوتارە ڕاستەقینەیەدا دەربارەی میتۆدی دەسەڵات، بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد و دروست سەبارەت بە مێژووی ڕۆما و ئیتاڵیا پشتی بەست، بەتایبەتی لە ڕوانگەی کارەکەی مێژوونووسی ڕۆمانیی؛ تیت لیڤ (٥٩ پێش.ز- ١٧پاش. ز)ـەوە. تایبەتمەندیی دەگمەنیی و دانسقەیی دەقەکە، کە ڕاستەقینەیێتییەکەیەتی، لێرەوە هاتووە: ماکیاڤیلی ئەوە ناکات بە خاڵی دەستپێکردن کە پێویستە مرۆڤ لە چ بارێکدا بێت، بەڵکو ئەو بارە دەکات بە خاڵی دەستپێکردن کە بە کردەوە و بەڕاستیی مرۆڤی تێدایە، بەو جۆرەی کە ئەو خۆی ئەوە دەردەبڕێت، کاتێک کە دەڵێت ئامانجی من؛ “پابەندبوونە بە ڕاستیی کردەیی شتەوە، نەک پابەندبوون بەو شتەوە کە ئەندێشە لەبارەیەوە دەیڕێسێت”. بەڵام لێکۆڵینەوەی مێژوو دەریدەخات ئەو شتەی کە لە بواری سیاسەتدا باڵادەستە دڵڕەقیی و فێڵ و زەبروزەنگ و چاوبەستە، نەک چاکە و پاکداوێنیی و ئاکار.

لەسەر بنەمای ئەم شتە و، لەو سۆنگەیەوە کە مێژووی سیاسی ئامادەگیی و کاریگەریی خراپە دەردەخات،  خۆکوشتنە ئەگەر مرۆڤ لە کایەی سیاسەتدا وەک مرۆڤێکی باش هەڵسوکەوت بکات. ماکیاڤیلی لە سەروبەندی سەلماندنی ئەو ئامۆژگارییانەیدا دەڵێت: “لە نێوان ئەو شێوازەدا کە دەژین و ئەو شێوازەی کە دەمانەوێت بژین جیاوازییەکی زۆر هەیە، بە ڕادەیەک هەر کەس ئەوەی کە هەیە لەگەڵ ئەوەی کە دەبێت هەبێت تێکەڵاو بە یەکتر بکات لەجیاتی خۆپاراستن خۆی لەناودەبات.. سەبارەت بە میر-یش دیسان، ئەگەر دەیەوێ بەردەوامبێت، دەبێت توانای ئەوە فێربێت کە باش نەبێت”. ئەمە ئەو تێزەیەیە کە لەم وتە کورتەدا دایدەڕێژێت (لە لای خوارەوە دەقەکەی داندراوەتەوە)؛ تیایدا ماکیاڤیلی ڕاستەوخۆ ڕوو لە دەسەڵاتدار دەکات و، ئەو ئامۆژگارییە سەرەکییە کە ئامۆژگاریی دەسەڵاتدار دەکات ڕێزنەگرتنە لە ئاکار و، بەدیارییکراویی زانینی دوورکەوتنەوە لە ئاکارە ئەگەر پێویستی کرد. ئەوکات سیاسەت لە هەموو سپاردنێک بە نموونەکانی دادگەریی و چاکەخوازیی ڕزگار دەبێت و، کاریگەریی دەبێتە سەنگێنەرە سەرەکییەکەی.

تا ئەو کاتە، لەڕاستییدا لە سەردەمی ئەفلاتونەوە تاکو تۆما ئەکوینی، سیاسەت و ئاکار بە چەشنێکی ڕەها بە یەکدییەوە گرێدرابوون و، سیاسەتیش وەک ئاکارێکی کۆمایی، ئەرکی یەکەمی دەستنیشانکردنی ئەو چۆنێتییە بووە کە بە هۆیەوە تاکەکان ناچاردەکرێن خاوەنی ئاکارپەسەندیی بن. لەگەڵ ماکیاڤیلیدا، ئاکار و سیاسەت لێکدی جیاکرانەوە؛ سیاسەت سەرەتا و بەر لە هەر شت بووە پرسی هێز. بەم جۆرە کتێبی “میر” واژۆی لەسەر کۆتایی وەهمەکان کرد، کاتێک کە سروشتی ڕاستەقینەی دەسەڵات و مێژوو ئاشکرا بوو.

بەڵام هەڵەیە ئەگەر کتێبی “میر” وەک تیۆرییەک دەربارەی دەسەڵات لە قەڵەم بدەین، کە هیچ خەمێکی تری نییە تەنها پەسندانی توندوتیژیی و کەلبیگەرایی نەبێت، واتە ستایشکردنی “ماکیاڤیلیزم” بە واتای باوی وشە. لای ماکیاڤیلی هیچ ستایش و پەسندانێکی لەو شێوەیە نییە، بەڵکو ڕاڤەکردنێکی بابەتییانەی دەوڵەت و یاساکانی ئیشکردن هەیە، ڕاڤەکردنێکە نهێنیی بنەمای “بەرژەوەندیی دەوڵەت” ئاشکرا دەکات کە وا دەکات خودی دەوڵەت خۆی لە هەمان ئەو یاسایانە چاوپۆشی بکات کە بە هۆیانەوە خەڵکیی پابەند دەکات. لەم ڕوانگەیەوە ماکیاڤیلی دامەزرێنەری نوێگەریی سیاسییە.

لەو کاتەوە تا بە ئێستا دەگات، مێژوو وەک خۆی بە مێژوویەکی ماکیاڤیلییانە مایەوە. بەم جۆرە، فەلسەفەکەی تۆماس هۆبز، هۆبز یەکەمین تیۆریسێنی دەوڵەتی نوێیە، لە نێو “لویاتان”دا، وەک پێودانێک ئەمەی چەسپاند: “مرۆڤ، دەرهەق بە برای مرۆڤی، گورگە”، پاشان ژیانی هاوبەشی نەک لەسەر بنەمای تایبەتمەندییە ئاکارییەکان بەڵکو لەسەر بنەمای توندوتیژیی و ترس دامەزراند. ئەوە ئەم ڕاستییە نیگەرانکەرەیە لە خوێندنەوەی مێژوودا کە ماکیاڤیلی میراتگرەکانی خۆی پێیەوە پابەند کرد.

 

گوڵبژێرێک لە کتێبی؛ “میر”ی ماکیاڤیلی

“توانای سەبارەت بە ئەنجامدانی خراپەکاریی ئەگەر چاری ناچار بوو”

هەموومان ڕادەی ئەو ستایشە دەزانین کە میرێک بەدەستی دەهێنێت کە پەیمانی خۆی دەپارێزێت و ژیانێکی ڕاستگۆیانەی بێ فرتوفێڵ دەژی. بەڵام ئەزموونەکانی سەردەمی ئێستامان دەیسەلمێنن ئەو میرانەی کە کاری مەزنیان کردووە ئەوانە بوون کە تەنها کەمێک پەیمانی خۆیان پاراستووە. هەروەها ئەو میرانە بوون کە توانییان بە هۆی ئەو فێڵبازییەیانەوە کە هەیانە کار لە ئەقڵ بکەن. هاوکات توانییان بەسەر ئەوانەدا زاڵبن کە دڵسۆزییان کردە ڕێنوێن و ڕێپیشاندەری خۆیان. کەواتە پێویستە میر پەیمانێک نەپارێزێت کە پاراستنی لە دژی بەرژەوەندیی خۆی بێت و، لەسەر پاراستنی پەیمانێک بەردەوام نەبێت کە هۆیەکانی پابەندبوون پێیەوە نەمابن. خۆ ڕەنگە ئەم بنەمایە بنەمایەکی خراپ بێت، بەڵام ئەمە تەنها لە بارێکدا ڕاستە ئەگەر هەموو مرۆڤەکان چاکەخوازبن. بەڵام ئەگەر هەموویان خراپەخوازبن و پەیمانەکانیانت لەگەڵ نەپارێزن، ئەمە بوار بە تۆ دەدات لە پەیمانەکانیان ڕزگارت ببێت. چونکە هیچ فەرمانڕەوایەک لە هێنانەوەی ئەو بڕ و بیانووە پەسەندانەدا شکستی نەهێناوە کە بە هۆیانەوە پاساوی نەپاراستنی پەیمانەکەی بداتەوە. لە سەردەمی نوێیشدا ژمارەیەکی بێئەژمار نموونە هەن ئەوە دەسەلمێنن و، ڕوونیدەکەنەوە پەیمانی زۆر هەن لەبەر نەبردنە سەریان لەلایەن میرەکانەوە هەڵوەشێنراونەتەوە. هەروەها بۆمان ڕووندەکەنەوە ئەوانەی توانییان لێهاتووانە لاسایی ڕێوی بکەنەوە، باشترین سەرکەوتنیان بەدەستهێنا. بەڵام پێویستە توانایەکی لێهاتووانەت لە شاردنەوەی ئەم تایبەتمەندییەدا هەبێت و، بتوانیت چەواشە و چاوبەست بکەیت. لەو شوێنەدا کە خەڵکی سادە ئامادەن هەموو ڕاستیی و قەوماوێک قەبوڵ بکەن و، ئەو کەسەی کە فریویان دەدات لە نێویاندا کەسانێک دەدۆزێتەوە قایلە بەئاسانیی فریو بخوات.

من لە نموونەیەکی نوێ زیاتر باس ناکەم، ئەسکەندەری شەشەم بێجگە لە لەخشتەبردنی خەڵکیی هیچ شتێکی تری نەکرد، چونکە لەوە بەولاوە بیری لە شتێکی تر نەکردەوە و، هەمیشە دەرفەتی کردنی ئەوەی بۆ دەڕەخسا. لەبەر ئەوە هیچ کەس نەیتوانی لە توانای دابینکردنی دەستەبەر و، سەلماندنی شتەکان بە سوێندخواردنی درۆدا بۆڕی بداتەوە، هەروەها هیچ کەس لە نەپاراستنی پەیماندا لێی نەبردەوە و، فێڵەکانی هەمیشە و لە هەموو بارودۆخێکدا سەرکەوتوو بوون، چونکە زۆر چاک لەو شتە سەرەدەریی دەکرد و تێدەگەیشت.

هاوکات پێویست نییە میر هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی هەبن کە پێشتر خرانەڕوو، بەڵام پێویستە بەو جۆرە دەربکەوێت کە هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی هەن. دەتوانم بڵێم: پارێزگارییکردن لە تایبەتمەندبوون بەو تایبەتمەندییانە و پاراستنی، شتێکی ترسناکە، بەڵام بەهەرحاڵ شتێکی بەسوودە. هەر بۆیە باش وایە میر میهرەبان و، دڵسۆز و وەک خاوەنی بڕێک تایبەتمەندیی خۆش و شیرین و، ڕاستگۆ و خواپەرست دەربکەوێت و، بە کردەوە بەو جۆرە بێت نەک تەنها بە ڕووکەش یاخود ڕوواڵەت. بەڵام پێویستە هۆش و ئەقڵت ئامادەبێت بۆ وەرگۆڕان بۆ پێچەوانەکانی ئەو تایبەتمەندییانە لە کاتی پێویستدا. هەروەها پێویستە ئەوە ڕوون بێت کە میری تازە میر ناتوانێت گوێ بە هەموو ئەو شتانە بدات کە خەڵکیی بە چاک و باشی دەزانن، چونکە لەپێناوی پاراستنی دەوڵەتدا ڕەنگە ناچاربێت پێچەوانەی دڵسۆزیی و چاکەخوازیی و تایبەتمەندییە باشەکان و ئایین بڕێک کار یاخود شت بکات. هەر بۆیە پێویستە هۆش و ئەقڵی خۆی بۆ هەڵکردن لەگەڵ هەر بایەکدا ئامادە بکات کە لە دژی هەڵدەکات، هەروەها لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەدا کە لە داهاتوودا ڕوودەدەن. هاوکات پێویستە (بەو جۆرەی کە پێشتر گوتمان) ئەوەندەی دەتوانێت و پێی دەکرێت لە چاکەخوازیی دوور نەکەوێتەوە، هاوشانی ئەوە بتوانێت خراپە بکات ئەگەر چاری نەبوو و نەیتوانی خۆی لە ئەنجامدانی بپارێزێت.

هەروەها پێویستە میر زمانی خۆی بپارێزێت و تەنها ئەو شتانە بە زاریدا بێن کە ئەو پێنج تایبەتمەندییە باشەی پێدەدەن کە پێشتر خستماننە ڕوو. دەبێت، لە پێش چاوی ئەوانەدا دەیبینن و دەیبیستن، میهرەبان و ڕاستگۆ و سەرڕاست و لەخواترس بێت. تایبەتمەندیی کۆتایی، واتە لەخواترسیی، تایبەتمەندییەکی زۆر پێویستە، چونکە خەڵکیی ئەو شتانە دەکەنە پێوانە و داوەریی دەکەن کە بە چاوی خۆیان دەیبینن، نەک ئەو شتانەی کە دەرکی پێ دەکەن، چونکە ئێمە هەموومان توانای بینینمان هەیە، بەڵام تەنها کەمایەتییەکی کەممان توانای دەرککردن بە ڕاستیی ئەو دۆخەیان هەیە کە تۆی تێدایت و، ئەو کەمایەتییەیش توانای بەرەوڕووبوونەوەی ئەو زۆرایەتییەیان نییە کە شکۆی میر دەیپارێزێت. لە نێو هەموو کارەکانی مرۆڤدا، بەتایبەتی لە کاری میرەکاندا، ئامانج پاساوی ئامراز دەداتەوە، ئەمە داوەرییەکە ناتوانرێت بدرێتە دواوە، کەواتە پێویستە ئامانجی میر بردنەوە لە سەرۆکایەتی و پارێزگارییکردن لە سەرۆکایەتییەکەی بێت، ئیتر ئەوکات هەمووان ئامرازەکانی بە پایەبەرز و بەڕێز ناودێر دەکەن و پەسنیشیان دەدەن. چونکە ڕەشە خەڵک یاخود عەوامی خەڵک ڕووکەش و ڕوواڵەتی شتەکان دەبینن و داوەریی دەکەن. ئەم جیهانەیش تەنها و تەنها لەو عەوامە پێکهاتووە. بەڵام ئەو مرۆڤانەی کە ساویلکە و خۆشباوەڕ نین، تەریک دەبن و دادەبڕێن کاتێک کە دەبینن زۆرینە لە دەوری میر کۆبوونەتەوە.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: