ڕەهەندە زمانەوانییەکانی کۆڤید-١٩

614
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: کامۆ ئاراز

ئەو کەسانەی لە ڕۆژی یەکەمی پەتاکەوە تاوەکو ئێستا دایەگنۆس کراون بە ڤایرۆسی کۆڤید-١٩، تەنیا ئەمان نین، بەڵکو پەتاکە تووشی تاک بە تاکی مرۆڤەکان بووە، کەسمان لە کاریگەرییە جیاوازەکانی پەتاکە بێبەری نین. هەر لە سەرەتای ئەم ڕووداوە مێژوویەوە، توێژەر، فەیلەسوف و نووسەران کۆڤیدیان خستە ژێر هاوێنەی لێکۆڵینەوە لە گشت بوارە جیاوازەکان. ئاخر، کۆڤید-١٩ کاریگەری خستە سەر هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی پەیوەست بە مرۆڤەوە: پزیشکی، ئابووری، ڕامیاری، پەروەردە، سایکۆلۆژیا، کۆمەڵایەتی، زمانەوانی هتد.

هەرچەندە ململانێی نێوان زمان و کۆڤید-١٩ لە یەکەم نیگا وا دەردەکەوێت کە پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ نەبێت، وەلێ ڕاستیەکەی ئەوەیە کە گرێدراوی ئەو دوو پرسە بە یەکدیەوە لایەنێکی دیکەی گرنگی لێکۆڵینەوەی زمانەوانە توێژەرەکان بووە؛ کۆڤید-١٩ کاریگەری خستە سەر زمان، هەم زمانیش کاریگەری خستە سەر پەتاکە بەوەی لە ڕێگەی زمانەوە تێڕوانینی مرۆڤەکانی بۆ لێکەوتەکانی ڤایرۆسەکە لەسەر دەوروبەر، ئاڕاستە دەکرد. ئامانجی ئەم وتارەش هەر ئەوەیە کە ڕۆناهی بخاتە سەر ڕەهەند و سەرگوزشتە زمانەوانییە هەمەچەشنەکانی پەتای کۆڤید-١٩.

کۆڤید، زمان و ڕەگەزپەرستی

هەر لە سەرەتای دەرکەوتنی پەتاکەوە، سیاسەتمەدار و مێدیاکان بە شێوەیەک دەربڕینە زمانەوانییەکانیان ڕێک دەخست کە دەبوونە هۆی زیادکردنی ڕەگەزپەرستی دژ بە چینی و تەنانەت ناچینییەکانی وڵاتانی باشووری-ڕۆژهەڵاتی ئاسیای دوور. دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا چەند ناوێكی لە ڤایرۆسەکە نا بوو کە دەبوونە هۆی زیادکردنی ڕەگەزپەرستی، لە سەرەتای دەرکەوتنی کۆڤید-١٩ ئەو ناوی لێنا بوو ‘ڤایرۆسە بێگانەکە.’ دواتر لە ١٦ی مارسی ٢٠٢٠ەوە بۆ ماوەی دوو هەفتە دەستەواژەکانی ‘ڤایرۆسە چینیەکە’ و ‘ڤایرۆسەکەی وهان’ لە زاریەوە دەبیستران، تەنانەت گاڵتە و گەپی بەم دەربڕینانەوە دەکرد و دەستەواژەی هاوشێوەی ئەمەشی بەکار دەهێنا: کۆنگ فلو. ئەوەی مایەی تێڕامانە تەنها لە کۆتایی هەفتەی یەکەمدا، ٦٥٠ هێرشی ڕەگەزپەرستی دەرهەق بە خەڵکە ئاسیاوییەکانی ئەمەریکا تۆمارکراوە، ئەم ژمارەیەش بە بەراورد بە ئامارەکانی پێشوو کەمێک زیاتر بوو.

زۆر هۆکار هەن لەوەی سیاسییەکی باڵای وڵاتێک بەم شێوەیە ناو لە ڤایرۆسی پەتایەکی بەربڵاوبووی جیهانی بنێت، لێ با ئێمە پاڵنەرە ڕامیارییەکان وەلاوە بنێین. ڕاستیەکەی هۆیەک لە هۆیەکان دەکرێت بریتی بێت لە دابەشکاری ئێمە-ئەوان، ئەمە پاڵنەرێکی نیورۆسایکۆلۆژی ئێمەیە، کاتێک کەسانێک هەژمار دەکەین سەر بە گرووپەکەی خۆمان و کەسانێکیش لە گرووپەکەمان وەدەر دەنێین، جا کۆمەڵێک فاکتەریش هەن کە دەتوانن جاریکی دیکە هەژمارکردنی کەسەکان لەوەی لە کامە گرووپن پۆڵێن بکەینەوە. هەر چۆنێک بێت، گومان بردن و باسکردنی ئەوەی دەستێکی دەرەکی یان بێگانەکانی وڵاتێکی دیکە هۆکاری نەخۆشی وڵاتی ئێمەن بیرۆکەیەکە لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بەردەوام بوونی هەبووە، بۆ نموونە لە کۆتاییەکانی سەردەمی ئێدۆ لە ژاپۆن بڵاوبوونەوەی کۆلێرایان ناونا بوو ‘ژەهری ئینگلیز’ و وایان دادەنا کە ئینگلیزەکان بە مەبەست لە ڕێگەی ژەهرەوە نەخۆشی بڵاو دەکەنەوە.

لە توێژینەوەیەکیشدا [سەرچاوەکە پریپرێنتە] کە ١٢٠٠ ئەمەریکی تێیدا بەشداربوون، ئامانج ئەوە بوو بزانرێت چۆن دەستەواژەی کۆڤید-١٩ و دەستەواژە چەوتەکەش ‘ڤایرۆسە چینیەکە’ کار دەکەنە سەر ستیگمەتایزکردنی پەناهەندە چینییەکان لە وڵاتی ئەمەریکا.  توێژینەوەکە دەریخست کە لەو کۆمەڵەیەی پرسیارەکان دەستەواژەی ‘ڤایرۆسە چینیەکەی’ تێدا بەکارهاتووە، ستیگمای کۆمەڵایەتی دژ بە پەنابەرە چینییەکان بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە بەم شێوەیە: ٪٢١.٧ لە دیموکراتەکان، ٪١٦.٧٣ لە لیبڕاڵەکان، لەو گروپەی کۆنتڕۆڵکراو بوو سپیپێستەکان [ناهیسپانیک و نائاسیاوی] لایەنگرانە نەبوو دژ بە پەنابەرە چینییەکان، وەلێ لەو گرووپەی کە پرسیارەکان بە دەستەواژەی ‘ڤایرۆسە چینییەکە’ داڕێژرا بوون بە ڕێژەی ٪١٩.٩٣ ستیگمای کۆمەڵایەتی ئەوان بەرامبەر بە پەنابەرە چینییەکان زیادی کرد بوو.

ڕاستیەکەی ئەوەیە کە وشەکان پێرسێپسیۆنمان بۆ پێشهاتەکان دەگۆڕن. نەک تەنها پێرسێپسیۆنی بینینمان بگرە بەکارهێنانی وشەی جیاواز بۆ هەمان مەبەست لە دوو پرسیار کە هەمان مەبەستیان هەیە، بۆی هەیە گۆڕانکاری بکاتە سەر یادگەی گەواهیدەری ڕووداوێک. هەر بۆیە بەکارهێنانی ئەم جۆرە دەستەواژە ڕاسیستانە لەلایەن سیاسی و مێدیاکانەوە لە کاتی پاندێمیکدا، کارێکی نابەرپرسیارانەیە. خۆی ناونانی پەتا بە ناوی ناوچەی جیۆگرافی یان ئەو خەڵکانەی لە ناوچەی توشبوو بە پەتاکە دەژین شتێکی نوێ نییە و پێشتریش کراوە، وەکو: ئەنفلوەنزای ڕووسی، کۆنیشانەی هەناسەیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڤایرۆسی زیکا و هتد، بەڵام ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانیWHO  دژی لەم جۆرە ناونانەی ئەم نەخۆشیانەیە تاوەکو ڕێگری بکات لەم جۆرە خراپ بەکارهێنانەی ناونانی نەخۆشییە تازە دەرکەوتووەکان، ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی ڕێکارێکیان هەیە بۆ ناونانی نەخۆشییە نوێیەکان. ڕێکارەکەش بەڕوونی باس لەوە دەکات کە نابێت نەخۆشیەکی نوێ بە ناوی ناوچەیەکی جیۆگرافی، خەڵک یان چەشنێک لە زیندەوەرە بکرێت، تاوەکو ڕێگە لە ستیگمەتایزکردنی ئەو خەڵکانە بگرێت.

پەتای کۆڤید و پەتای زمانەکان

ئەمڕۆکە زیاد لە ٧٠٠٠ زمان لە سەرانسەری جیهاندا بوونیان هەیە، ٪٥٠ی ئەم زمانانە جێگیرن و هێشتا بەشێک نین لەو زمانانەی ترسی لە ناوچونیان لەسەر بێت، هەرچی ٪٤٢ی زمانەکانن کە دەکەنە ٣٠١٨ زمان لە کۆی زمانەکانی جیهان مەترسی لە ناوچونیان لەسەرە، هەرچێ سەد لە حەوتی زمانەکانیشن کە ژامرەیان ٥٣٨ زمانە هەنگاوێک دوورن لەوەی ببنە بەشێک لەو زمانانەی کە مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە. ئەو زمانانەی کە لە لیستە نەخوازراوەکەدا هەن، زۆربەیان کەمتر لە ١٠،٠٠٠ قسەکەریان هەیە. ئێستا با بەراودکارییەک بکەین لەگەڵ پەتای کۆڤید، تا ئێستا پەتای کۆڤید-١٩ ژیانی لە سێ ملیۆن و نیو کەس لە جیهاندا سەندۆتەوە، واتە کۆی تەواوی ئەو زمانانەی کە خەریکە لە ناو دەچن هەموویان خاوەنی دە هەزار قسەکەر ببن [کە نین] ئەوا کۆڤید زیاتر لە ژمارەی ئەوانی کوشتووە، بە مانایەکی دیکە کۆڤید تەنها مەترسی نییە بۆ سەر ژیانی مرۆڤەکان، بەڵکو مەترسیشە بۆ سەر ژیانی زمانەکان.

گرنگە تێگەیشتنمان هەبێت لەوەی زمانە کەمینەکان بپارێزین، ئاخر هەموو زمانەکان موڵکی مرۆڤایەتین، کاتێک زمانێک لە دەست دەدەین ئەوا بەشێکی گەورەمان لە گەنجینەی مرۆڤایەتی لە دەست داوە. هیچ گومانێک نییە لەوەی زمان گرنگترین پارچەی کولتوورە، مردنی زمان مردنی تەواوی کولتوورەکەیە، هەر بۆیە زمانەکان شایەنی پاراستنن چونکە بەهایەکی کولتووریانەیان هەیە و موڵکی مرۆڤایەتین. بە کوشتنی زمانی گەلێک، ئەوا گەلەکەت تواندۆتەوە.

پەتای کۆڤیدیش تەنها نەگبەتی بۆ مرۆڤەکان نەهێنا، بەڵکو ژیانی زمانەکانیشی خستە مەترسیەوە. لە سەروبەندی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە دوورگەکانی ئاندامان لە هیندستان، خاتوونێک بە ناوی لیچۆ چاوەکانی بۆ هەتاهەتایە دادەخات، ئەمە تەنها مەرگی ئەم خاتوونە نەبوو بەڵکو ئەو دوایین قسەکەری زمانی سارێ [هەندیك جاریش: کاری یان چاریار] بوو، لەگەڵ مەرگی ئەو زمانەکەش لەناوچوو. هەڵبەتە مەرگی خاتوو لیچۆ بەهۆی پەتاکەوە نەبوو، بەڵام ئەمە ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ زمانەکانی دیکەی هەمان دوورگە. زمانی سارێ یان کاری سەر بە خێزانە زمانێکن بە ناوی خێزانی زمانەکانی ئاندامانییە مەزنەکان، تا ٢٠٢٠ دەزانین کە تەواوی خێزانە زمانەکە تەنها سێ قسەکەری ماوە، بەداخەوە زۆر ناخایەنێت کە ئەو زمانە بە تەواوەتی هیچ قسەکەرێکی نەمێنێت. هەروەک دیارە کۆرۆنا مەترسی زۆر بۆ سەر زمانەکان درووست دەکات.

دەبێت ئاگامان لەوە بێت کە کێشەکە تەنها ئەو زمانە کەمینانەی نەگرتووەتەوە، بەڵكو قسەکەرانی ئەو زمانانەی کە زمانێکی زیندوو و چالاکن لە کۆمیونیتە مەڵتایڵینگواڵەکاندا دەکرێت تووشی قەیران بێن. ساڵی یەکەمی پەتای کۆڤید لە شاری ئەبو زەبی، وەک نموونە، هێما و ئاماژە ئاگادارکردنەوەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسەکە تەنها بە زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی بوونە و ژمارەیەکی ئێجگار کەمیشیان زمانی کۆری لە خۆی گرت بوو، ئەمە لە کاتێکدا شاری ئەبو زەبی دانێشتوانێکی هەمەچەشنی هەیە و چەندین زمانی جیاواز تێیدا قسەی پێدەکرێت، ڕاستە زمانی عەرەبی زمانی فەرمی ئەو وڵاتەیە و ئینگلیزیش لەوێ لینگوا فرانکایە، بەڵام ئەو ڕێکارانەی خەڵکی لە خۆپارێزی ڤایرۆسەکە ئاگادار دەکەنەوە هاوشانی کەتواری ژینگەی زمانەوانی ئەو شارە نییە.

گرنگە زمانی هەمەچەشن لەسەر ئاماژەکان هەبن، ئاخر پەیامەکانی ڕێگری لە پەتای کۆڤید و هاوشێوەکانی کە دەکرێت لە داهاتوودا یەخەمان بگرن، دەگەنە زۆرینی دانیشتووانی شارێکی دیاریکراو، پێویستە ئەو جۆرە ئاماژە هۆشیاریدەرانە ڕەنگدانەوەی ژینگەی سۆسیۆلینگویستیکی ئەو شوێنە بێت.  ڕاستیەکەی لێکۆڵینەوەیەکی زێدە بوونی نییە لەسەر قەیرانە سۆسیۆلینگویستیکییەکان لە کاتێکدا گرنگە بایەخ بەو بوارە بدرێت. هەر بۆ نموونە جیا لە زمانە فەرامۆشکراوەکانی ئەو شارەی ئماژەمان پێدا، دەتوانرێت تەمەنی ئەو زمانانەی لە گیانەڵادان درێژتر بکرێنەوە گەر لەسەر هێما و ئاماژەکان دابنرێن، ئاخر ئەمە سەرنجی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوان ڕا دەکێشێت و بۆی هەیە بەشێک لەوان هەوڵبدەن ئەو زمانە بکەنە زمانی دووەهەمیانم یان هەر هیچ نەبێت هەبوونی زانیاری دەبارەی ئەو زمانە لە یادگەیاندا بە زیندوویی بمێنێتەوە.

بەهەرحاڵ زیادکردنی زمانگەلێک لەسەر ئاماژەکانی خۆپارێزی و ئاماژەکانی دیکەی هاوشێوەی هاتوچۆ لە ژینگەیەک کە چەندین زمانی جیاواز تێیدا قسە دەکرێت، دەکرێت کار بکاتە سەر ڕادەی بەرپرسیارێتیمان و ئەو ڕەفتارانەی دەیانکەین، قسەکەری زمانەکانیش دەتوانن ئەو هەستەیان لە لا درووست ببێت کە بەو ژینگەیە نامۆ نین.

مێتافۆرەکان لە سەروبەندی کۆڤید-١٩

مێتافۆر کەرەستەیەک و دەربڕینێکی زمانەوانییە بەکاری دەهێنین بۆ پێکچواندنکاری نێوان دوو شت، لە پێناوی تێگەیشتن لە بابەتێک بەهۆی چواندنی بە شتێکی دیکەوە، بۆیە بەکارهێنانی میتافۆر یارمەتیمان دەدات تاوەکو دەربارەی شتەکان قسە بکەین و وێنایان بکەین و تەنانەت وامان لێ دەکەن بیر لە شتە باسکراوەکە بکەینەوە. هەر بۆیە بەکارهێنانی مێتافۆرێکی دیاریکراو دەکرێت بیر و تێڕوانینمان ئاڕاستە بکات. مێتافۆر هەڵسەنگاندنی بارودۆخێک دێنێتە کایەوە و شێوە دەدات بەو ئەزموونەی دەمانبێت کاتێک کارلێک لەگەڵ ئەو بارودۆخە دەکەین کە لە بارەیەوە دەدوێین. مرۆڤەکان بە بەردەوام مێتافۆر بەکار دەهێنن، چەند توێژینەوەیەک دووپاتیان کردووەتەوە لە هەر ١٠٠ وشەیەک بەکاری دەهێنین بۆی هەیە ٣-١٨ دانەیان مێتافۆر بن.

لە سەرەتای دەرکەوتنی کۆڤید-١٩ەوە وڵاتان و میدیاکان مێتافۆری هەمەچەشنیان بەکارهێناوە بۆ باسکردنی کۆڤید-١٩. یەکێک لەو مێتافۆرانەی زۆر دووبارە دەبووەوە بریتییە لە چواندنی پەتاکە بە جەنگ، هەر لە دەستپێکەوە کۆمەڵێک وشە بەکار دەهاتن لە پاڵ پەتاکە تاوەکو وێنەی جەنگ و دوژمنایەتی لە مێشکی خەڵکی بونیاد بنێن، وشەی هاوشێوەی: جەنگ، جەنگی جیهانی سێیەم، دوژمن، بەگژداچوونەوە، شەڕکردن و هتد. تەنانەت هەندیک مێدیای کوردی ڤایرۆسەکەیان بە ‘دوژمنە نوێیەکەی مرۆڤ’ و ‘ڤایرۆسە ڕەگەزپەرستەکە’ دەچواند. بەهەرحاڵ ئەم مێتافۆری جەنگە گەلێک باو بوو لە نێوان سەرکردە و سیاسەتمەدارەکان، وەلی بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕەخنە گیراوە لەوەی پەتاکە بە جەنگ بچوێندرێت.

سەرۆک وەزیرانی تایلەند وەها ڤایرۆسەکەی بە جەنگ دەچواند: ”تایلەند لە جەنگی دژ بە ڤایرۆسەکە سەرکەوتوو دەبێت.” لە لایەکی دیکەوە بۆریس جۆنسنی سەرۆک وەزیرانی بەڕیتانیا کۆڤید-١٩ی بە دوژمن و هێرشکار و جەردە وێناکرد بوو لە ئاخاوتنەکانیدا، لە هەندیك شوێنیشدا بە ‘دوژمن؛ ناوی هێنا بوو: ”بەڵێ ئەم دوژمنە بۆی هەیە کوژەر بێت، بەڵام ئەوە دیبەیتی لەسەرە- ئێمە دەزانین چۆن ە ناوی ببەین ….” دوور لە سیاسەتیش، کاریاکتێرستێکی ئیرانی لە کاریکاتێرێکدا ئەو پزیشک و پەرستارانەی کە هەوڵی ڕاگرتنی کۆڤیدیان دەدا چواند بوونی بە سەربازێک لە جەنگدا کە تەقە لە دوژمن دەکات و ئەفسەرێکی ئاگرکوژێنەوە کە هەوڵ دەدات ئاگرکردنەوەیەک بڕەوێنێتەوە.

ئەم جۆرە بەکارهێنانەی زمان دەکرێت بە ڕێگایەکی هەڵە قسەکەران ئاڕاستە بکات، بە شێوەیەک کە دەکرێت زیان بگەیەنێت بە هەڵسوکەوتکردنی درووست لەگەڵ پەتاکە. هەرچەندە دەتوانرێت ئاڕگیومێنتی ئەوە بکرێت کە مێتافۆری جەنگ دەبێتە هۆی ئەوەی گوێگران خێرا ئاگادار بن و  بکەونە خۆیان، بەهەمان شێوە بۆی هەیە یەکگرتوویی درووست بکات و بابەتەکە بە هەند وەربگرن. وەلێ، چەند کێشەیەکیش هەیە و ئەگەری هەیە بەو شێوازە پلانەکە نەڕوات بە ڕێگاوە، یەکەم گرفت ئەوەیە کە تاکە مێتافۆرێک ناتوانێت بابەتێکی ئاڵۆز وەکو پاندێمیک کە هەموو جیهانی گرتۆتەوە وێنا بکات، ئەزموونکردنی بابەتێکی هاوشیوەی پەتای کۆڤید-١٩ زۆر ئاڵۆزترە وەک لەوەی تەنها بە جەنگ بچوێنرێت. ئەگەرێکی دیکە ئەوەیە: چی ئەگەر ئەم مێتافۆرە هەستی نیگەرانی لەلایەن هاوڵاتیانەوە درووست بکات؟ ئەگەر ئەو کەسانەشی دوای ڕێکارەکانی حوکومەت نەکەون دەبنە ‘ناپاک’؟

تا ئێستا تویژینەوەکان پشانیان داوە کە کاتێک مێتافۆری جەنگ بۆ بارودۆخێک بەکار دەهێنین، بۆی هەیە ئەوەی چاوەڕوانی دەکەین پێچەوانە ببێتەوە. بۆ نموونە بە هەمان شێوەی سەرەتای پەتای کۆڤید-١٩ بۆ ئەو کەسانەی شێرپەنجەیان هەیە دۆخە تەندرووستییەکەیان بە ‘جەنگ’ چوێنراوە، بۆ نموونە دەگوترێت ‘فڵان بەرانبەر بە شێرپەنجە لە جەنگدایە.’ تویژینەوە نیشانی داوە کە مێتافۆری جەنگ لەو کەسانەی کە تووشی شێرپەنجە هاتوون ڕێژەی ئەگەری مردن زێدەتر دەکات، چونکە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ویستی کەسەکە بۆ نەخواردنەوەی خواردنەوە کهولییەکان و ڕەفتارەکانی دیکە کە دەکرا یارمەتیدەر بوونایە لە کەمکردنەوەی مەترسییەکانی شێرپەنجە. توێژینەوەی دیکەش بەراوردیان کردووە لە نێوان هەردوو مێتافۆری ‘جەنگ’ و ‘گەشت.’ چواندنی شێرپەنجە بە جەنگ، زۆرجار هەستی تاوان لەلای نەخۆشەکە درووست دەکات کاتێک هیوای چاکبوونەوە لە دەست دەدات بە بەراورد بەو نەخۆشانەی کە مێتافۆری گەشتیان بۆ بەکارهێناون.

گرنگە بۆ گوتەبێژانی حەکومەتێک و دامودەزگاکانی کە چۆن چۆنی وتار و زمانی ڕێکارەکان دابڕێژن. دەبێت ئاگاداری ئەوە بن کە مێتافۆرێکی دیاریکراو لە چ بارودۆخ و کۆنتێکستێکدا گونجاوە، چونکە بەکارهێنانی وشەی جیاواز کاریگەری جیاواز دەخەنە سەر هاوڵاتیان. کەوایە چ مێتافۆرێک باشە بەکاری بهێنین؟ دیسان دەبێت لەوە تێبگەین کە مێتافۆرەکان سەبژێکتیڤانە لەلایەن مرۆڤەکانەوە ئەزموون دەکرێن و هیچ تاقە مێتافۆرێک بوونی نییە بێ هیچ کێشەیەک تەواوی دۆخێک ڕوون بکاتەوە، بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە بە تەواوەتی دەستبەرداری مێتافۆرەکان ببین، بەڵکو دەبێت بزانین کامە مێتافۆر و بۆچی و لە چ کۆنتێکستێکدا بەکار دەهێنین، چونکە هەندێک مێتافۆر لە هەندێکی دیکە گونجاوترن. هەر بۆ نموونە چواندنی پەتای کۆرۆنا بە ئاگر و هاوڵاتیان و ئەوانەشی لە بواری پزیشکیدا کار دەکەن بە ئاگرکوژێنەوە زۆر گونجاوترە وەک لە مێتافۆری جەنگ بۆ ئەم دۆخەی کە پەتای کۆڤید-١٩ هێناویەتە کایەوە.

نیۆلۆجیزم و گۆڕانی زمان

زمان بەردەوام لە گۆڕاندایە، چونکە دەبێت خۆی بگونجێنێت لەگەڵ ئەو کەتوارەی لە ژینگەیەکدا دێتە ئاراوە. ئەگەر ئەو توانستە خۆگونجاندنەمان نەبووایە لەگەڵ ئەو بارودۆخ و ژینگە و بەربەستانەی دێنە بەردەممان ئەوا نەماندەتوانی لە ژیاندا بمێنینەوە. زمانی مرۆڤ بە گوێرەی بارودۆخەکان هەوڵ دەدات خۆی بگونجێنێت و بە شێوازێک لەگەڵ دونیای ڕاستەقینە کارلێک بکات تاوەکو کەسی قسەکەر بپارێزێت. هەر بۆیە کاتێک کۆڤید-١٩ بەرۆکی مرۆڤایەتی گرت، وشەگەلێکی نوێ خۆیان خزاندە ناو زمانەوە. هەر زمانێکی دونیا بە شێوەیەک لە شێوەکان گۆڕانکاری لە خۆیدا کردووە بەهۆی ئەو ژینگەیەی پەتاکە درووستی کرد.

نیۆلۆجیزم هەر وشە و دەستەواژەیەکی نوێیە کە تازە هاتۆتە بوون و بڵاوە تا ڕادەیەک بەڵام هێشتا نەچۆتە ناو فەرهەنگی گشتیەوە، وەلێ لە پڕۆسێسی ئەوەدایە کە خۆی بخزێنێتە ناو فەرهەنگی تاک بە تاکی کۆمەڵگاوە. نیۆلۆجیزم لە دەرئەنجامی گۆڕانکارییە کولتووری و تەکنەلۆژییەکان دێتە کایەوە، هەر بۆیە پەتای کۆڤید-١٩ نیۆلۆجیزمی زۆری پێبەخشین، کە دڵنیام تەنانەت لە پۆست-کۆڤید-١٩ەش زمانەوانەکان بەردەوام وەک نموونەی نوێ و زیندوو لەسەری دەدوێن. ئەوە نەبێت تەنها وشەی نوێ هاتبێتنە کایەوە، بەڵکو پەتاکە مانای چەندین وشەی گۆڕی. بۆ نموونە وشەی  frontline [کوردیەکەی: سەنگەری پێشەوە] جگە لە ئانکۆ سەربازییەکەی، ئێستا یەکێک لە واتا تەسکراوەکانیشی ئەوەیە کە بۆ ئەو کارمەندە پزیشکیانەی لە سێکتەری پزیشکی هەوڵی چارەسەری دەدەن بەکاردەهێنرێت.  بۆیە بە گوێرەی فەرهەنگی مەکمیلەن frontline worker وەها پێناسە دەکرێت: ئەو کلینیسیانە پیشەییانەن کە ڕاستەوخۆ کار لەگەڵ تەندرووستی نەخۆشەکان دەکەن.

بەکارهێنانی هەندێک دەستەواژەش ڕەخنەی لێگیرا، بۆ وێنە، هەردوو دەستەواژەی social distancing [دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی] و physical distancing [دوورکەوتنەوەی فیزیکی/لاشەیی] لە دەستپێکدا و تەنانەت ئێستاش دەستەواژەی دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی باوە بەڵام ڕەخنەکە ئەوە بوو کە دەبێت دەستەواژەی دوورکەوتنەوەی فیزیکی یان لاشەیی لە باتی ئەو دەستەواژەیە بەکار بهێنرێت، چونکە دەستەواژەی یەکەم ئەو واتایە دەدات کە ئێمە لەلایەنی کۆمەڵایەتییەوە خۆمان لە دەوروبەر دوورخەینەوە کە ئاماژەیە بۆ پچڕاندنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی، بەڵام لە کاتی پەتایەکی وەکو کۆڤید-١٩ ئێمە پێویستیمان بە دابڕان و دووربوونی لاشەییە نەک کۆمەڵایەتی، بگرە دابڕانی کۆمەڵایەتی لە سەروبەندی پاندێمیکدا زیانەکان دوو هێندە دەکات، ئێمە پیویستیمان بە خۆشەویستی و پیوەندی دەوروبەرمانە.

هیچ زمانێک بێبەش نەبووە لە درووستکردنی وشەکان جا چ وشەیەکی نوێ خۆی هەڵبقورتێنێتە ناو زمانەکەوە، یان لە زمانێکی دیکەوە وەربگیردرێت، یان وشەکان بوونیان هەبووە لە زمانەکە بەلام ئێمە وەکو پارچەکانی میکانۆ لێکمان داون و مانای نوێترمان لی درووست کردوون. با لە زمانێکی وەکو ئەڵمانی بڕوانین، پەیمانگای زمانی ئەڵمانی زیاد لە ١٠٠٠ وشەی ڕیزکردووە کە لە سەروبەندی کۆرۆنادا درووستکراون. کەرەنتینە بە ئینگلیزی وشەی lockdownی بۆ بەکار دەهێنرا بەو واتایە کە کەسێک دووردەکەوێتەوە و خۆی لە ماڵەوە دەهێڵێتەوە و لە پەیوەندی لەگەڵ دەرەوە خۆی دا دەبڕێنێت، ئەڵمانەکان ئەم وشەیان وەرگرتووە و ڤێربێکی دینگڵشیان [ئەڵمانی-ئینگلیزی] لێ درووست کردووە: gelockdownt. لە زمانی ئینگلیزی وشەی Covidiot خۆی خزاندە ناو بەکارهێنان، کە پێکهاتووە لە هەردوو وشەی covid و idiot [گەمژە] کە بۆ ئەو کەسانە بەکار دەهێنرێت کە گوێ بە ڕێنماییەکان نادەن، یان زیاد لە پێویست بۆ کەرەنتینە کاڵا دەکڕن بەتایبەتی ماوەیەک ئەو باس و خواسە هەبوو کە خەڵکی زێدە کلێنسی تەوالێت دەکڕن بە ڕادەیەک کلێنس لە بازاڕگەکاندا نەدەما و قەیرانی کلێنسی ئاودەست درووست دەبوو، ئەڵمانەکان لە باتی Covidiot ئەم وشەیەیان درووست کردووە: Klopapierhamster کە پێکهاتووە لە وشەکانی کلێنسی تەوالێت و هامستەر کە جۆرە ئاژەڵێکی هاوشێوەی مشکە و خێرایە.

زمانی کوردیش لە گۆڕانکاری بێبەش نییە وەکو هەر زمانێکی دیکە، تەماشا بکە  وشەی هاوشێوەی ‘کەرەنتینە’ هاتووەتە ناو زمانەکەمانەوە، هەرچەندە لە سەرەتادا لەلایەن زمانەوانە کوردیناسەکانەوە وشەگەلی دیکە پێشنیار دەکرا لە باتی ‘کەرەنتین’ یان ‘کەرەنتینە’ بەکار بهێندرێن لەوانە: هاوێر، چلەگری، چلەنشین، هتد. تەنانەت لە باتی وشەی ‘پشکنین’ وشەی ‘تێست’ زێدەتر بەکار دەهێنرێت، بێگومان وشەی تێست پیشووتریش بەکارهاتووە و دەمێکە هاتۆتە ناو زمانی کوردی، بەڵام ئێستا دەبینین ئەو وشەیە ڕەگی خۆی دادەکوتێت و خۆی جێگیر دەکات، بە شێوەیەک بڕوام وایە ئیدی لەمەودوا تێست مانایەکی پزیشکیانە ببێتە تێمای سەرەکی و پشکنینیش مانای پشکنینی ناپزیشکی لە خۆی بگرێت، وەکو پشکنینی ئۆتۆمبێل. بەهەرحاڵ، ئەمە لە ماڵپەرێکی فەرمی حوکومەتی ئوستوڕالیادا بۆ وشیارکردنەوەی ئەو خەڵکی دەربارەی دوورکەوتنەوە لە یەکتری لە کاتی پەتادا کە بە زمانی جیاواز قسە دەکەن، کوردی یەکێک بوو لە زمانەکان، تێبینی بکە لە باتی وشەی ‘پشکنین’ وشەی ‘تێست’ بەکار هاتووە، یەک شتی دیکەش کە سەرنجی بۆ لای خۆی کێش کردم بریتی بوو لە وشەی ‘گردبوونەوە’ ڕاستە وشەکە بە واتای کۆبوونەوە دیت بەڵام لەمڕۆی میدیای کوردیدا وشەکە زیاتر مانای کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایی یان خۆپیشاندان دەدات.

”هەست بە نەساغی دەکەیت؟ دوورکەوە لە گردبوونەوەی خێزانی و یەکسەر خۆت تێست بکە. ئەگەر تۆ ئەندامی لە خێزانێکی گەورە و خزم و کەسوکارت زۆرە. دوورکەوتنەوە لێیان گەورەترین نیشانەی خۆشەویستیتە بۆیان.”

مەرج نییە هەموو نیۆلۆجیزمەکان بتوانن دەربازیان بێتە ناو فەرهەنگی زمانی هەموو خەڵکەوە، هەندێکیان دوای کۆتایی هاتنی بارودۆخەکە ئەوانیش کۆتاییان پێدێت، وەلێ هەندێکیان خۆیان لە ناو دڵی قسەکەراندا جێگیر دەکەن و دەبنە میوانی بەردەوامی زارەکان. ئەمانەی خوارەوە چەند وشەیەکی نوێن کە لە ئێستادا بەهۆی پاندێمیکەوە بوونیان هەیە:

quaranteen

ئەو کەسانە دەکرێتەوە کە لە ناوەندی ٢٠٠٠ەکان لە دایکبوونە و ئێستا لە سەردەمی کۆرۆنادا هەرزەکارن.

zumping

وشەکە dumpingە بەڵام پیتی d بۆ z گۆڕاوە تاوەکو هێمابێت بۆ پڕۆگرامی ‘زووم’ کە لە رێگەیەوە دەتوانرێت چەندین جۆری پەیوەندی ڤیدیۆیی ببەسترێت. وشەکە بەکار دەهێنرێت بۆ ئەو کەسەی کە واز لە خۆشەویستەکەی دەهێنێت و پەیوەندی ڕۆمانتیکی لەگەڵی کۆتایی پێ دەهێنێت بەڵام لە ریگەی زوومەوە. ئەمەش لەبەر پاندێمیک ناتوانن لە شوێنێکی دیکە لە یەکتری جیاببنەوە.

covexit

لە راستیدا ئەم وشەیە بۆ دوو واتای جیا بەکار دەهێنرێت و هەر یەکێکیشیان چۆنیەتی درووستبوونی جیاوازە:

١.covexit  دەکرێت لە هەردوو وشەی corona و exitەوە درووست کرا بێت، لەم دۆخەدا بە واتای هەنگاو بە هەنگاو هەڵگرتنی ڕێکارەکان و کەرەنتینە دێت.

٢.بەڵام گەر covexit لە هەردوو وشەی corona و Brexit درووستکرا بێت، کە برێکزت بریتی بوو لەو پڕۆسە سیاسیەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا جیا بووەوە ئەوا بە مانای جیابوونەوەی هاوسەران دێت لە کاتی پەتای کۆڤیددا. لە هەمانکاتتدا لە باتی covexit دەتوانرێت covidivorce بەکار بهێندرێت کە لە هەردوو وشەی covid و divorce [تەڵاق] پێکهاتووە.

وەدەستهێنانی زمانی دایک لە سەروبەندی پەتای کۆڤید-١٩

چەند ساڵی یەکەمی تەمەنی منداڵ زۆر گرنگە بۆ وەدەستهێنانی زمانی دایکی، ئەگەر لە چەند ساڵی یەکەمدا منداڵ فریای فێربوونی زمانی دایکی نەکەوێت ئەوا لەوانەیە بۆ هەتاهەتا لە قسەکردن بە زمان بێبەش بێت یان کێشە زمانەوانییەکانی تا کۆتایی تەمەنی چارەسەر نەکرێن. بۆیە گرنگە بەخێوکەرانی منداڵ لە سەرەتاوە ژینگەیەکی زمانەوانی و سایکۆلۆژی تەندرووست بۆ منداڵ بئافرێنن. لە سەروبەندی پەتاشدا کە زۆرینەی زۆری مرۆڤەکان ماسکیان پۆشیوە یان لە ماڵەوە دەمێننەوە کاریگەری هەمەچەشنی کردووەتە سەر زمانی منداڵان.

کۆمەڵێک پسپۆڕی بواری جارەسەرکردنی زمانی مدناڵان لە ئیماڕات تێبینیان کرد بوو کە لە دوای کەرەنتین ڕێژەی ئەو منداڵانە کێشەی زمانەوانیان هەبووە زۆر زیاتر بوون وەک لە پێش کەرەنتین. بێگومان چەند هۆکاریک هەن وا لەو منداڵانە بکات زمانگرتنیان دوابکەویت، یەکێک لە هۆکارەکان ئەو ماسکانەیە کە بەردەوام لە سیمادا هەن، ئەمە وا دەکەن کە منداڵەکان ئاماژەکانی سیمای گەورەکان نەبینن، خۆی بەشێوەیەکی ئاسایی دوای جێستەر و ئاماژە جەستەییەکان منداڵان زمانیان دەپژێت، بە بێبەشبوونی منداڵان لە بینینی جوڵە فیزیکییەکانی سیما و دەست و لاشەییەکان، ئەوا فێربوونی زمانیش دوا دەکەویت. هۆکارێکی دیکەش بریتییە لە کەمبوونەوەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی، کاتێک منداڵ لە ئەندامەکانی دیکەی خێزان دادەبڕێت، ئینپوتی زمانەوانی کەمتر دەبێتەوە هەر بۆیە لەوانەیە زمان درەنگتر گەشە بکات.

هەرچۆنێک بێت تیمێک لە پەنجا زمانەوان لە زیاد لە ١٠ وڵاتی جیاواز و لە توێژینەوە لە ١٠ زمانی جیاواز، بە پێچەوانەی ڕاپۆرتی پزیشکەکانی ئیماڕات دووپاتیان کردۆتەوە کە کەرەنتین سوودی زیاتری هەبووە بۆ گەشەسەندنی زمانی منداڵان. هەرچۆنێک بێت دۆزینەوەکانی ئەمان لەگەڵ تێبینی هاوشانە ئیماڕاتییەکانیان دژگۆ نین. ئاخر، ئەمان بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو منداڵانەی ئایپاد و ئامێرە سکریندارەکانیان کەمتر بەکارهێناوە بە ریژەیەک باش وشەی نوێ فێربوون، ئەوانەشی کە بەخێوکەرەکانیان چیرۆکیان بۆ خوێندوونەتەوە بەراورد بەوانەی پێشوو بە رێژەیەکی بەرچاو ڕێژەی ئەو وشانەی دەیزانن بەرزبووەتەوە، تەنانەت بەخێوکەرەکانیان تێبینی ئەوەیان کردووە کە توانستیان لە بەکارهێنان و دەربڕیندا بە شێوەیەکی باش زیادی کردووە.

ئایە فۆنۆلۆژیای زمانی ژاپۆنی ڕێگرە لە بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسەکە؟

لە کاتی ڕوودانی پێشهاتە نەخوازراوەکاندا، مرۆڤەکان مەیلی ئەوەیان هەیە سەرەتایترین تێگەیشتنیان لە لۆژیک لە دەست بدەن، هەروەکو دەبینین تیۆرییە پیلانگێڕییەکان یان تیۆرییە سودۆئێنتێلێکتوالییەکان پەرەدەسێنن. یەکێک لەو هیپۆتێزانەی کە لە سەرەتای پاندێمیکەکەوە هاتە بوون کە تیۆرێکی سودۆزمانەوانی بوو، بریتی بوو لە ڕاپۆرتی کەناڵێکی بەناوبانگی ژاپۆن.

گریمانەکە ئەوە بوو کە فۆنۆلۆژیای زمانی ژاپۆنی بەشێوەیەکە دەبێتە هۆی کەمتر بڵاوکردنەوەی کۆڤید-١٩، بە گوێرەی ئەمان هەر ئەمەشە وای کردووە کە پەتاکە زۆر لە ژاپۆن بەربڵاو نەبێت. هەر بۆ تاقیکردنەوە کلینسێکیان هەڵواسیبوو بەرانبەر قسەکەرێکی ژاپۆنی، سەرەتا بە ژاپۆنی دەیگوتこれはペンです。 [کۆرێوا پێن دێس] واتە: ”ئەمە پێنووسە.” دواتر بە ئینگلیزی بە هەمان مانا دەیگووت: this is a pen. لە ڤیدیۆکەدا وا دیار بوو کە کلێنسەکە ‌کەمتر دەجوڵا کاتێک کچەکە بە زمانی ژاپۆنی ڕستەکەی دەگوت، بەڵام بە زمانی ئینگلیزی کلێنسەکە زۆرتر دەجوڵا، جا هیپۆتێزەکە وابوو کە زمانی ئینگلیزی هەوا زیاتر فڕێ دەدات و بۆی هەیە لە ڕێگەی تەوژمی هەوا و لیکەکەوە ڤایرۆسەکە زێدەتر بڵاوببێتەوە. راستیەکەی ئەو کجەی کە تاقیکردنەوەکەی بەسەردا دەکرا زۆر بە ڕوونی دیار بوو لە کاتی قسەکردنی زمانی ئیگلیزیەکەدا دانی بە وشەی penدا دەنا و بە مەبەست هێزی وتنی وشەکەی زیاد دەکرد، هە ربۆیە ئەم پارچە ڤیدیۆیە بووە هۆی ئەوەی کە خەڵکێکی زۆر لە سۆسیال میدیادا گاڵتە بە بیرۆکە و ڤیدیۆ ‘تاقیکراییەکە’ بکەن.

 

سەرچاوەکان:

Lupyan, G. & Ward, E. (2013). Language can boost otherwise unseen objects into visual awareness. Proceedings of the National Academy of Sciences, August 2013Proceedings of the National Academy of Sciences, 110(35). DOI:10.1073/pnas.1303312110

Luckhurst, R. (2020). The Chinese Virus. Critical Quarterly 62(4), 34-42.

https://doi.org/10.1111/criq.12582

Xu, C., & Liu, Y. (2020, April 2). Social Cost with No Political Gain: The “Chinese Virus” Effect.

https://doi.org/10.31234/osf.io/j4t2r [پریپرێنتە]

Hopkyns, Sarah and van den Hoven, Melanie, “Linguistic diversity and inclusion in Abu Dhabi’s linguistic landscape during the COVID-19 period” (2021). All Works. 4163.

Semino, E. (2020). “Not Soldiers but Fire-fighters” – Metaphors and Covid-19. Health Communication. 36(1), 50-58.

https://bit.ly/3vmau0c

https://bit.ly/2SrgaY6

https://bit.ly/3bRFWvF

https://bit.ly/3oSfN5c

https://bit.ly/3oNkDQW

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: