لەودیوی مافی مرۆڤەوە

558
0
بڵاوکردنەوە:

وەرگێڕانی: محەمەد کامەران

لە ساڵی ١٩٤٣، وتارێکی هانا ئارێنت بە ناوی «ئێمە پەنابەرین» لە گۆڤاری Menorah Journal، کە گۆڤارێکی ئینگلیزی جوولەکەکان بوو، بڵاوبۆوە. لەوێ، ئارێنت بە ئەرگومێنتەکانی وێنەی بەڕێز کۆهنی لە بیرمان ڕسکاند، کە جووێک بوو شوناسی توابۆوە، چونکە ١٥٠%ی ئەڵمان و ١٥٠%ی ڤێتنامی و ١٥٠%ی فەڕەنسی بوو. کۆهن لەناو تێکستەکەدا لە حەژمەتان دەڵێت `ئێمە هەرگیز حەزمان لێ نەبووە پێمانبڵێن پەنابەر`. لە کۆتایی ئەم کارە پوخت و دانسەقەیەدا، هانا هەلومەرجی ئەم پەنابەرە بێ وڵاتە- کە خۆشی وابوو- ئاوەژوو دەکاتەوە تا وەک پارادایمێک بۆ خودئاگای مێژوویی بەکاریبهێنێت. کۆهن لێرە کەسێکە کە تەواوی مافەکانی لە دەستداوە، بەڵام ئەو نایەوێت تازە لەناو هیچ شوناسێکی نەتەوەییدا بتوێتەوە، بەڵکو دەیەوێت شێلگیرانە بەردەوامی بە پێگەکەی خۆی بدات وەک کەسێکی بێ ناسنامە. لەم ڕێیەدا، کۆهن ژیانی ناو عەوام لە دەستدەدات بەڵام ئەم بێ ناسنامەییە سوودێکی لە ڕادەبەدەری پێدەگەیەنێت: “مێژوو چیدی کتێبی داخراو نیە بۆ ئەوان، و سیاسەتیش چیتر لەلایەن جوولەکەکانەوە قۆرخ ناکرێت. خۆ ئەگەر جوولەکەکان لە ژێر سایەی یاسا پارێزراو نەبووبن، زۆربەی نەتەوەکانی ئەوروپاش دواتر هەمان ڕێگای سەختیان بڕی. ئەو پەنابەرانەی لە خاکی خۆیان وەدەرنراون، پێشەوای خۆوڵاتی خۆیانن.” (١).

کەسێک دەبێت مانای ئەم تێڕوانینە شەن و کەو بکات، کە تەنانەت دوای ٥٠ ساڵیش بایەخی خۆی لەدەستنەداوە. بابەتەکە تەنیا ئەمە نیە کە پرسی ئاوارەبوون، هەروەکو ئەوسا، لە ناوەوە و دەرەوەی ئەوروپا وەک پرسێکی گەرم خۆی نمایشکردووە. بەلکو مەسەلەکە ئەوەیە کە ئەم پرسە هاوکاتە لەگەڵ دابەزینی هەڕمێنی دەوڵەتە-نەتەوە و داڕمانی سیاقە سیاسی و یاساییە نەریتیەکان. لەم بۆتەیەوە، ڕەنگە چینی ئاوارەکان تاکە چین بێت کە بیری ئێمەی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە، و هەروەها تاکە چینە کە- هەر نا تا دەوڵەتە-نەتەوە و سەروەری دەوڵەت بەیەکجاری لەبەریەک هەڵدەوەشێن- بتوانێت فۆرم و سنووربەندیەکانی کۆمەڵگە سیاسیەکانی داهاتوو بنەخشێنێت. هەروەها، ئەگەر ئێمە نیازمان هەبێت یەکسانیەکی ڕەها لە هەموو کون و قوشبنێکی دنیا بەرپا بکەین لە داهاتوودا، ئەوا دەبێت بێ یەک و دوو ئەو تێگەیشتنانەی پێشوو فڕێبدەین کە خۆمان پێیان وەک خودی ملکەچی دەوڵەت دەناساند (وەک مرۆڤ [سیاسی]، هاوڵاتی و مافەکانی، پاشا و سەرەوەر، کرێکار و هەتا دوایی). لە جیاتی، دەبێت فەلسەفەی سیاسی خۆمان لە دەوری فیگەری پەنابەر خول بدەین.

یەکەم شاڵاوی پەنابەران، وەک دیاردەیەکی سەردەمی بە کۆمەڵ، لە دوای ڕووخانی ئیمپڕاتۆریەکانی ڕووسیا، نەمسا-هەنگاریا، و عوسمانی ڕوویدا، لە پاش جەنگی جیهانی یەکەم. هاوکات، چەند ڕێککەوتنامەیەکی ئاشتی گەڵاڵەبوون ئەو کات کە سنوور و دیمۆگرافیای ئەوڕوپای ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستیان گۆڕی. لە ماوەیەکی کەمدا، ١.٥ ملیۆن ڕووسی سپی پێست، ٧٠٠،٠٠٠ ئەرمەنی، ٥٠٠،٠٠٠ بولگاری، ١ ملیۆن یۆنانی، و سەدان هەزار ئەڵمانی و ڕۆمانی و هەنگاری زێدی خۆیان جێهێشت. ئەوەی جێی تێڕامانە ئەوەیە کە لەگەڵ ئەم ڕەوە بە کۆمەڵە، ٣٠٪ی دانیشتووانی ئەو وڵاتە نوێیانەی لەسەر ڕێککەوتننامەکان ڕۆنرابوون (وەک یوگۆسلاڤیا و چیکۆسلۆڤاکیا)، پێکهاتبوون لەو کەمە نەتەوەیایەتیانەی کە دەبوو لە ژێر سێبەری ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتیەکانەوە بپارێزرێن، گەرچی ئەو ڕێککەوتننامانەش هێندە کارا نەبوون و جێبەجێنەدەکران. چەند ساڵێک دواتر، یاساکانی جیاکاری ڕەگەزی و شەڕی ناوەخۆی ئەوروپا، ئاوارەیی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ئەوروپای لێکەوتەوە.

ئێمە ڕاهاتووین جیاوازی لە نێوان ئاوارە و مرۆڤی بێ وڵات بکەین، بەڵام ئەو کات ئەم جیاوازیە هێندە ڕوون نەبوو، لە ڕاستیدا، ئەمڕۆش تەم و مژێکی لەسەر ئەم جیاوازیە هەیە. لە سەرەتا، زۆرێک لە ئاوارەکان- کە نیشتیمانیشیان هەبوو- حەزیان دەکرد وەک ئاوارە بمێننەوە بەڵام نەچنەوە وڵاتی خۆیان. (بۆ ئەو کات جوولەکە ڕۆمانی و پۆڵەندیەکان باشترین نموونەن، کە دوای جەنگ لە ئەڵمانیا و فەڕەنسا مانەوە. بۆ ئەمڕۆش، زۆر ئاوارە هەنە کە دۆسیەی سیاسییان لە وڵاتی خۆیان لەسەرە، و گەڕانەوە بۆ ئەوان ژیانیان دەخاتە مەترسیەوە.) لەملاشەوە، ئاوارە ڕووسی و ئەرمەنی و هەنگاریەکان، لە ژێر سایەی حوکمەتە نوێیەکانی سۆڤیەت و تورکیا ڕاستەوخۆ شوناسیان لێ سەندرایەوە.

جێی سەرنجە کە لە سەروبەندی جەنگی جیهانی یەکەم، زۆرێک لە وڵاتە ئەوڕوپیەکان یاسای تایبەتیان دەرکرد تا ناسنامە و شوناس لە هاوڵاتی خۆیان وەرگرنەوە: فەرەنسا لە ١٩١٥ سەرمەشق بوو، کە ناسنامەی لەو هاوڵاتیانە وەرگرتەوە کە “لە بنەچەی دوژمنن”؛ بەلژیکا لە ساڵی ١٩٢٢ شوێن پێی فەڕەنسای هەڵگرتەوە، و ناسنامەی لەوانە سەندەوە کە “کردەی دژ بە نەتەوەیان” ئەنجامدابوو؛ لە ساڵی ١٩٢٦، ئیتاڵیای فاشی یاسایەکی دەرکرد کە مافی هاوڵاتیبوون لەوانە وەربگرێتەوە کە “لەو ئاستە نین ببن بە هاوڵاتی ئیتاڵی”؛ نەمساش لە ساڵی ١٩٣٣ هەمان شتی ئەنجامدا؛ و تا ساڵی ١٩٣٥، کە یاساکانی نورەمبێرگ هاوڵاتیە ئەڵمانیەکانی بۆ خاوەن ماف و هاوڵاتی بێ مافی سیاسی، دابەشکرد. ئەم یاسایانە کە دنیایەک مرۆڤی بێ وڵاتی لێکەوتەوە، وەچەرخانێکە لە ژیان لە چوارچێوەی دەوڵەتە-نەتەوەدا و هەروەها ڕزگاربوونێکی یەکجاریە لە چەمکی خەڵک و هاوڵاتی.

باسی مێژووی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان ناکەم، وەک کۆمکاری نەتەوەکان (کە دواتر بوو بە نەتەوە یەکگرتووەکان)، کە چۆن هەوڵیانداوە کێشەی ئاوارەبوون چارە بکەن، جا هەر لە دامەزراندنی فەرمانگەی نانسین بۆ ئاوارە ڕووسی و ئەرمەنیەکان (١٩٢١) بگرە، تا دەستەی باڵا بۆ ئاوارە ئەڵمانیەکان (١٩٣٦)، و دەستەی ناحوکومی بۆ ئاوارەکان (١٩٣٨)، و ڕێکخراوی ئاوارەی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان (١٩٤٦)، و نووسینگەی دەستەی باڵای ئاوارەکان (١٩٥١). ئەم ڕێکخراوانە پتر کارەکتەرێکی “مرۆیی و کۆمەڵایەتی”یان هەیە وەک لەوەی سیاسی بن.

ئەوەی گرنگە لێرە ئەوەیە کە چیتر پرسی ئاوارەکان لە دەوری چەند کەیسێک ناخولێتەوە، بەڵکو پرسێکی گشتگیرە و مامەڵە لەگەڵ ڕەوی بە کۆمەڵ دەکات (هەروەک چۆن لە نێوان هەردوو جەنگە جیهانیەکان وابوو، و ئەمڕۆش وایە). ئەم ڕێکخراوانە و دەوڵەتەکان- بە بەراورد بەو بانگەشەیەی دەیکەن بۆ مافی مرۆڤ- دەریانخستووە کە نەک تەنها ناتوانن کێشەی ئاوارەکان چارە بکەن، بەڵکو بگرە بە تێروتەسەلیش کێشەکەیان نەخستۆتەڕوو. بۆیە، تەواوی پرسەکە بۆ پۆلیس و ڕێکخراوە مرۆییەکان شۆڕبۆتەوە.

هۆکاری ئەم بێ بڕستیە تەنیا لە بێ باکی و خۆویستی دەزگا بیروکراتەکان نیە، بەڵکو بەو بیرۆکانەش پەیوەستە کە، لە چوارچێوەی دامەزراوە دادیەکانی دەوڵەتە-نەتەوە، ناتوانێت پێناسەکی ڕوون بۆ مرۆڤی ڕەسەن (واتە ژیان) دەستەبەر بکات. هانا ئارێنت ناوی ئەو کتێبەی نا “ڕووخانی دەوڵەتە-نەتەوە و بنبەستی ماف بۆ مرۆڤ”، کە باسی ئیمپریالیزم دەکات (٢). دەبێت باش ڕۆبچینە نێو ئەم کارە دانسەقەیەی هانا، کە تێیدا چارەنووسی مافی مرۆڤ بە چارەنووسی دەوڵەتە-نەتەوەی مۆدێرن گرێدەدات، بە شێوەیەک کە لەگۆکەوتنی ئەمیان دەبێتە داڕمانی یەکجاری ئەوی تر. پارادۆکسەکە لێرە ئەوەیە کە ئاوارە، ئەو فیگەرەی دەبوو مافەکانی مرۆڤی سەرتاپا لەخۆیدا بەرجەستە کردبا، هەنووکە بۆتە چەمکێک کە قەیرانێکی کوشندەی پێوەیە. هانا دەڵێت وێناکردنی مافەکانی مرۆڤ بە شێوەیەک کە لەسەر بوونی مرۆڤ وەک خۆی ڕۆنرابێت، زوو دووچاری کێشە دێت، چونکە ئەوانەی بانگەشە بۆ مافی مرۆڤ دەکەن بە چاوی خۆیان مرۆڤی وەها دەبینن کە لە هەموو خاسڵەت و تایبەتمەندیەکی مرۆڤایەتی داشۆراوە و ئەوەندەیە کە مرۆڤە و دەژیت (٣).

لە سیستەمی دەوڵەتە-نەتەوەدا، ئەو مافانەی جاڕیان بۆ دەدرێت و بە گرنگ وەسف دەکرێن، لە پنتێکدا لێکدەترازێن و تەنانەت بۆ هاوڵاتیش بەردەست نابن. لە declaration des droits de l’homme لە ساڵی ١٧٨٩، تایتڵێکی تەمومژاویە چونکە دیار نیە کە دوو چەمکەکە هەن بۆ ئەوەی دوو واقعی جیا دروستبکەن یانیش ئەوەتا دوو چەمکی بەیەکەوە گرێدراون، بە جۆرێک کە چەمکی یەکەم لە هی دووەم ئاخندرابێت.

خۆی دەبێت، بۆ مرۆڤێکی ڕووت، بۆشاییەکی ئازاد هەبێت لەناو پەیڕەوی سیاسی دەوڵەتە-نەتەوەدا، بەڵام ئەوەی کە دەبیندرێت ئەوەیە ئاوارە لە دۆخێکی کاتیدا دەژیت، کە یان بە داشۆرین لە ناسنامە یان بە ناردنەوەی زۆرەملێ بۆ وڵاتی دایک کۆتایی دێت. واتە پیگەکی جێگیر بۆ مرۆڤ، لە یاسای دەوڵەتە-نەتەوەدا نیە.

با ئێستا باسی جاڕنامەکانی مافی مرۆڤ لە ١٧٨٩وە تا ئێستا- لە ڕەهەندی پێداگرتنێکی جاویدانی بۆ بەها دادیە ڕووتەکان کە یاسادانەر ناچار دەکات ڕێز بۆ بەها مرۆییەکان دابنێت- وەلانێین، و لە کرۆکی ئەو بەهایانە بەپێی فرمانیان لە دەوڵەتە-نەتەوە بکۆڵینەوە. لە ڕاستیدا، مافەکانی مرۆڤ ڕەنگدانەوەی فیگەری ڕاستی ئاخنینی ژیانێکی سروشتی ڕووتە، لە چوارچێوە سیاسی و یاساییەکەی دەوڵەتە-نەتەوە. ژیانی ڕووتی مۆرڤ، لە سەردەمی دێریندا خواوەند خاوەنداری دەکرد، و لە دنیای کلاسیکدا لە ژیانی سیاسی جیاوازبووە bios، و دواتر هێدی هێدی بۆ کاروباری دەوڵەت شۆڕبۆتەوە و پەیوەندی بە ئاسمان نەماوە. دەوڵەتە-نەتەوە واتە ئەو دەوڵەتەی کە لەدایکبوون یان ڕەسانەیەتی (واتە ژیانی ڕووتی مرۆڤ) دەکاتە بناغەی سەروەری خۆی. ئەمە پێناسەی سێ بەندی یەکەمی جاڕنامەکەی ١٧٨٩یە: چونکە ئەم جاڕنامەیە لە بەندی یەکەم و دووەمیدا باسی ئەم پێکهاتە ڕەسەنەی کردووە (ژیانی ڕووت) لە جەرگەی هەموو کۆمەڵگایە سیاسیەکان، کە دەتوانێت پرەنسیپی سەروەری (بەندی سێ) بۆ نەتەوەکە دەستەبەر بکات. کێشەکە لێرە ئەوەیە وشەی “لەدایکبوون” ڕێک مانای “نەتەوە” دەدات، واتە هەر کە کەسێک لەدایکبوو بەشێکە لە نەتەوەیەکی دیاریکراو. ڕوونتر، مافی مرۆڤێک بێ ناسنامە تەنیا ئەو کاتە بەرجەستە دەبێت کە لە بنجە هاوڵاتیبوونیەکەی داماڵدرابێت.

ئەگەر ئاوارە وەها کەسێکی بێزراو بێت لەناو دەوڵەتە-نەتەوەدا، ئەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتە کە ئەم کەسە لە نێوان مرۆڤ و هاوڵاتیدا، لە نێوان ڕەسەنی و نەتەوەییدا، شوێنێ نیە و بگرە ئەم پەیوەندیانەش دەشێوێنێت، بەمەش پرسی سەروەری تووشی قەیران دەکات. هەڵبەتە کەیسی ڕیزپەڕ هەبوونە. ئەوەی ئەمڕۆ کێشەیە ئەوەیە کە زۆرێک لە مرۆڤەکان لەناو دەوڵەتە-نەتەوەدا نوێنەرایەتی ناکرێن، بەمەش شیرازەی دەوڵەت دەکەوتە بەر هەڕەشە. خۆی چونکە ئەم ئاوارە پەراوێزخراوە، کە سیانەی پیرۆزی دەوڵەت-نەتەوە-خاک دەهەژێنێت، دەبێت وەک فیگەری سەرەکی مێژووی سیاسی ئێمە بناسرێت. لەبیرنەکەین کە کەمپەکانی ئەوڕوپا سەرەتا داندران بۆ کۆنترۆلکردنی ئاوارەکان، و هەروەها سەرهەڵدانی کەمپەکانی زیندایکردن و گلدانەوە و لەناوبردن [هی نازیەکان]، هێندەی تر ئەم ڕاستیە دەردەخەن. یەک لە پەیڕەوەکانی نازیەکان بریتبوو لەوەی، کە “چارەی کۆتایی” هاتە گۆڕی، جوولەکەکان و دۆمەکان دەبوو ناسنامەکانیان لێ بسەندرایەتەوە بەر لەوەی بۆ کەمپەکانی لەناوبردن بنێردرێن (ئەمە دوای ئەوەی لە ناسنامەی دووەمیشیان داشۆردران کە یاساکانی نورەمبێرگ بۆی فەرهامکردبوون). کاتێک مافەکانیان هیچی تر لە مافی هاوڵاتیان ناچێت، بەرگێکی پیرۆز وەردەگرن، هەروەک چۆن یاسای ڕۆمانی ئەوانەی وەسف دەکرد کە دەبوو بمرن.

بیرۆکەی ئاوارە دەبێت بە تەواوی لە بیرۆکەی مافەکانی مرۆڤ جودابکرێتەوە، و مافی پەنابەری (کە ئێستا خەریکە لە یاسا ئەوڕوپیەکاندا هێندەی تر بەرزەفت دەکرێت) چیدی بەکارنێت بۆ باسکردنی دیاردەی ئاوارەبوون. (لە تێزەکانی مافی پەنابەری ئاگنێز هێلەر بڕوانن تا تێبگەن چۆن ئەم دوو شتە لەمڕۆدا تێکهەڵچڕژاون). ئاوارە دەبێت وەک خۆی سەیر بکرێت، کۆنسێپتێک کە پرەنسیپەکانی دەوڵەتە-نەتەوەی ئاوژووکردۆتەوە، سەرمەشقی ئەو گۆڕانکاریانەیە کە چیتر ناکرێت دوابخرێن.

لە هەمان کاتدا، دیاردەی کۆچی نایاسایی بۆ دەوڵەتانی یەکێتی ئەوڕوپا گەیشتۆتە ئاستێک کە بەرگرتن پێی دەبێت شتێکی قوبولکراو بێت (٢٠ ملیۆن پەنابەر لە ئەوڕوپای ناوەڕاستدا هەیە). ئەوەی دەوڵەتە پیشەسازیە زەبەلاحەکان ئەمڕۆ بەدەستیەوە دەناڵێنن ژمارەی زۆری ئەو خەڵکەیە کە هاوڵاتی نین و نایانەوێت، یان ناکرێت، ناسنامەیان لێ وەربگیرێتەوە یان بنێردرێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان. ئەم خەڵکانە زۆرجار ناسنامەی وڵاتی دایکیان هەیە، بەڵام چونکە خۆیان نایانەوێت هەیانبێت، لە دۆخێکدا دەبنە ئاوارەی بێ وڵات. تۆماس هامەر پێیان دەڵێت denizen چونکە بیرۆکەی citizen چیتر بە لێکدانەوەی واقعی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەوڵەتە نەتەوە ڕاناگات (٤). لەلایەکی تریشەوە، وڵاتانی پێشکەوتووی وەک ویلایەتە یەکگرتووەکان و دەوڵەتە ئەوڕوپیەکان، زۆرجار لە ڕێی بەشداری سیاسیەوە، بەربەستی هاوڵاتی و ناهاوڵاتی دەشکێنن، تا ئەم جیاکاریانە تەنک بکەنەوە. ئەمەش کاردانەوەی زینۆفۆبی لێکەوتۆتەوە. ئەمە پێمان دەڵێت کە تواندنەوەی نەتەوەیی لەمڕۆدا ڕق و کینە دروست دەکات.

بەر لەوەی کەمپەکانی لەناوبردن دووبارە لە ئەوروپا بکرێنەوە (کە ڕاستیەکەی خەریکە ڕووبدات)، دەوڵەتە-نەتەوەکان دەبێت بوێرانە گومان لە خەپاندنی پرەنسیپی ڕەگەز و ڕەسەنایەتی بکەن، و هەروەها بە گژ سیانەی دەوڵەت-نەتەوە-خاک دا بچنەوە کە لەسەر ئەو پرەنسیپە دروستدەبن. هەنووکە ئاسان نیە ڕێگاکانی ڕوودانی ئەم کارلێکە ڕاڤە بکەین. یەک لە ڕێگەچارەکان بۆ قودس ئەوەیە کە ببێتە پایتەختی دوو دەوڵەت- لە یەک کاتدا و بێ بەشکردن. ئەم دابەشبوونە پارادۆکسەی خاک، دەکرێت ببێتە مۆدێلێکی گشتگیر بۆ سیستەمێکی نوێ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان. لە جیاتی بوونی دوو دەوڵەتی نەتەوەیی کە کێشەی سنووریان هەبێت، دەکرێ دوو کۆمەڵگەی سیاسی لەیەک ناوچە بە ئاشتی بژین بێ ئەوەی بەهای کەلتووری خۆیان لەدەست بدەن. ئەو کات ناڵێین `مافی` هاوڵاتی، بەڵکو بیرمان لە دەوری `ئاوارەیی` تاک دەخولێتەوە. بۆ نموونە، ئەو دەم `ئەوڕوپای چەند نەتەوەیەک` نامێنێت، کە هەر ئەمڕۆ خەریکە ببتە قەوارەیەکی ناحەز، بەڵکو دەبێتە بۆشاییەک کە خاک تێدەپەڕێنێت، تێیدا هاوڵاتی و ناهاوڵاتی دانیشتووانی ئەوڕوپا لە دۆخی ئاوارەیی یان ئێکسۆدۆس دەژین. ئەوکات پێگەی ئەوروپا دەبێتە بوونێک، کە لە بەرامبەر هاوڵاتیانی خۆیدا، لە ئێکسۆدۆس دایە. بۆیە ئەوکات بۆشایی ئەوڕوپی جیاوازیەکی ڕوون لە نێوان لەدایکبوون و نەتەوەدا دەکات، کە تێیدا کۆنسێپتی کۆنی خەڵک (کە هەردەم کەمینەیە)،دەتوانێت دووبارە مانایەکی سیاسی وەربگرێت، و ڕووبەڕووی کۆنسێپتی نەتەوە بوەستێت (کە هەردەم دەستەمۆی کردووە). ئەم بۆشاییە دژ بە خاکە نەتەوەییە هاوچەشنەکان ناوەستێت و لە سەنگە تۆپۆگرافیەکانیشیان کەمناکاتەوە، بەڵکو لەم بۆشاییەدا شارە ئەوڕوپیەکان، لە ڕێی تێپەڕاندنی خاکی نەتەوەییەوە، دووبارە پیشە دێرینەکانی شار دروستکردنی خۆیان بەدەستدەهێننەوە.

کە هەنووکە ئەم وتارە دەنووسم، ٤٢٥ فەڵەستینی لەلایەن ئیسڕایلەوە دەرکراون و ئێستا هیچ پەنایەکیان نیە. ئەو پیاوانە، هەروەک هانا ئارێنت ڕەنگە بیڵێت, `پێشڕەوی خەڵکی زێدی خۆیانن`. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە کە ئەوان دەبنە هەوێنی دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستینی، یانیش ئەوەتا چارەیەک بۆ پرسی فەڵەستنی بدۆزنەوە. بەڵکو، ئەو خاکەی ئەوان لەسەری دەژین بەڵام ئەو خۆی بە خاوەنیان نازانێت، هەر ئێستا وەها شێوەی گۆڕاوە کە وێنەی شاخە بەفراویەکەی پتر لەناو خۆی پەنگداوە، بە بەراورد بە هەر هەرێمێک لە (ئێرتز). تەنیا لە جیهانێک کە بۆشایی دەوڵەتەکان بەم جۆرە جۆرە سمراوە و لەڕووی تۆپۆلۆجیەوە وەها شێوێندراوە، و تێیدا هاوڵاتیان ئاوارەیەک لە ڕووخساری خۆی (وڵاتەکە) دەبینن, تەنیا لە وڵاتێکی لەم چەشنە ئەمرۆ دەربازبوونی سیاسی مرۆڤایەتی مومکینە.

سەرچاوە:

Agamben,Giorgio.Means without End:Notes on Politics,tr.Vincenzo Binetti and Cesre Casarino,University of Minnesota Press.Minneapolis,2000,Mezzi Senas fine,,Bollati Boringhieri.1996(ME)

بڵاوکردنەوە: