دیالۆگی(کراتیلۆس)ی پلاتۆن

351
0
بڵاوکردنەوە:

ڕاڤە

نووسینی: کاوە جەلال

دیالۆگەکە

پلاتۆن دواى 399ى پ.ز. دیالۆگى کراتیلۆسی نووسیوە. کراتیلۆس یەکێکە لە دیالۆگەکانى قۆناغى ناونجیى پلاتۆن، کەواتە ئەو لەم دیالۆگەدا تیۆریى ئیدێکان وەک پێشمەرج دادەنێت.

کراتیلۆس دیالۆگێکى زمان-فەلسەفەییە کە ڕوودەکاتە پرسیارى سەرهەڵدانى واتا.

پرسیارى ئەم دیالۆگە بریتییە لە: ئایا ناوى شتەکان لە سروشتەوە سەر بە کرۆکى شتەکانە یان ئەو ناوانە بەڕێى رێککەوتنەوە (ئیتیفاقەوە / کۆنڤەنسیۆنەوە) چەسپێنراون؟ پرسیارەکە ئەوەیە کە داخۆ چۆن مرۆڤ بە دەستوێژە زمانییەکان بە مەئریفەى هەقیقەت بگات.

بەشداریکەرانی دیالۆگەکە

– کراتیلۆس کە بە شاگردى هێراکلیتێس دادەنرێت و یەکێکە لە مامۆستایانى پلاتۆن، تیۆریى “لێشاوى هەمیشەیى” هێراکلیتێس تیژ دەکاتەوە، واتا: کاتێک هێراکلیتێس دەبێژێت کە مرۆڤ ناتوانێت دوو جار بچێتە نێو هەمان ڕوبارەوە، ئەوا کراتیلۆس دەبێژێت، کە مرۆڤ تەنانەت یەک جار ناتوانێت بچێتە نێو هەمان ڕوبارەوە. ئاخر تەنیا بزووتنی هەمیشەیی هەیە، کەواتە هەرگیز هیچ شتێک لە جێی خۆیدا ناسرەوێت کە ئیدی مرۆڤ لە هەمان جێدا پێی بگاتەوە.

– هێرمۆگێنێس لەتەک پرۆتاگۆراسی سۆفیستدا هاوڕایە کە مرۆڤ خۆی پێوری سەرجەم شتەکانە. لەم ڕوانگەیەوە ئەوە مرۆڤە کە بە هەوەسی خۆی ناو لە شتەکان دەنێت و مرۆڤانیش لەسەر ناوەکان رێکدەکەون.

– سۆکراتێس کە وەک دادوەر دانوستانى هەردوو ڕوانگەی جیاوازی ئەوان دەکات.

ڕوانگەکان

– کراتیلۆس: هەموو شتێک لە سروشتەوە ناوێکى ڕاستى هەیە.

– هێرمۆگێنێس: ناو کاتێک ڕاستە گەر واتاکەى بەڕێى رێککەوتنەوە دیاریبکرێت.

– کراتیلۆس: دەشێت ڕستە، بەمەش وشە، دروست یان هەڵە بێت. مرۆ واتاى دروست بەڕێى گۆتەیەکەوە دەناسێت.

– هێرمۆگێنێس: مرۆ دەتوانێت زمانێک بدۆزێتەوە کە تێیدا گۆتەى ڕاست شیاوى دەربڕینە.

– سۆکراتێس: مرۆ دەبێت پێشتر هەقیقەت بناسێت تاکو پاشان بڕیار بدات کە داخۆ گۆتەیەک ڕاست بێت یان داخۆ تێگەیەک لە واتاى ڕاستینەدا بەکاربهێنرێت. بەم پێیە تێگە تەنیا ناوە (وشەیە) بۆ شتى ناسراو. سۆکراتێس لەدژى کراتیلۆس دەبێژێت، کە هەندێک ناو زۆر کەم وەک هێما بۆ شتەکان دەگونجێن. ئەو پرسیارەش بەکراوەیى دەمێنێتەوە کە داخۆ سازێنەرانی زمان لەکوێوە بزانن ئەوان گۆیا بە ناوەکان ئەدگارى سروشتیى شتەکان دیارى دەکەن؟ ئەوجا لەدژى هێرمۆگێنێس دەبێژێت کە رێککەوتنەکان هەوەسئاسا نین، بەڵکو ناوى شتەکان زۆر جار پێگونجاوییەکى هێماییان هەیە.

چارەسەرى پلاتۆن بۆ ئەم دیلێمایە بریتییە لە: پێویستە لەبریى ناو (وشە) کرۆکى شتەکان (ئایدۆس) بۆ مەئریفە وەربگیرێت.

دابەشاندنی دیالۆگەکە

بەشى یەکەم

ئەو تیۆرییە دەخرێتە ژێر پرسیارەوە کە وشەسازی بە ڕێکەوت و کۆنڤەنسیۆنەوە (ڕێککەوتنەوە) بەند دەکات.

هێرمۆگێنێس تێزەکەى خۆی بە نموونەى کۆیلەیەک ڕووندەکاتەوە کە مرۆ دەتوانێت بە ئارەزووی خۆى ناوى لێبنێت.

ئاخر “ناوى هیچ شتێک لە سروشتەوە سەر بە کۆیلە نییە، بەڵکو بەڕێى نەریت و خووى ئەو کەسانەوە ناوی لێدەنرێت کە وشەکانیان کردووە بە باو و بەکاریاندەهێنن.”

لەم ڕوانگەیەوە هێرمۆگێنێس مافى ناونان بە تاکەکەس نادات، بەڵکو دەیدات بە پۆڵیس (سەرجەم جڤاک).

کرۆکى ئەم تێزەى هێرمۆگێنێس ئەوەیە کە پەیوەندیى نێوان هێما و هێماپێدراو هەوەسئاسایە و بەندە بە ڕێککەوتنى جڤاکییەوە.

لێرەدا دەگەین بە تێزەکەى پرۆتاگۆراس: “مرۆڤ پێورى سەرجەم شتەکانە”، واتا: هیچ ڕاستییەکی ئۆبژێکتیڤی (مەوزوعی) لەگۆڕێ نییە، بەڵکو ڕاستی بەندە بە مرۆڤەوە و هەر ئەو خۆیشی پێناسەی ڕاستییەکەی دەکات، ئەو خۆی دەیسەپێنێت.

ئەمە تیۆرییەکى رێژەگەراییە، کە لە شتەکاندا هیچ کرۆکێک نابینێت، بەڵکو تەنیا خودی مرۆڤ بڕیار دەدات کە داخۆ ئەو خۆی چە ناوێک بە هەر شتێک بدات. لێرەدا تەنیا رێککەوتنى جڤاکى ڕەچاو دەکرێت.

سۆکراتێس بەرانبەر تێزەکەی هێرمۆگێنێس سێ پرسیار دەهێنێتە نێوانەوە:

ئایا دەشێت شتێک ناوبنرێت ڕاست یان هەڵە؟ – بەڵێ.

ئایا گۆتەیەک ڕاستە گەر کرۆکى شتەکان دەرببڕێت، لێ هەڵەیە گەر کرۆکیان دەرنەبڕێت؟ (بۆ نموونە ئایا هەڵەیە ڕوخسار ناو بنێت دەم-و-چاو؟  – بەڵێ.

ئایا رێکخراوییەکى زمان هەیە کە لە ناوناندا ڕێ بە هەوەس نەدات؟ (مرۆڤ ناتوانێت بە هەوەسی خۆی ڕوخسار ناوبنێت دەم-و-چاو) – بەڵێ.

کەواتە سەرەنجام: ڕستەى “مرۆڤ پێورى سەرجەم شتەکانە” شیاوى راگیرکردن نییە.

پاساوەکانى سۆکراتێس بەوردى:

سۆکراتێس: ئەگەر زمان بە کۆنڤەنسیۆن و ترادیسیۆنەوە بەند بێت، ئەوا زمان ناگونجێت بۆ دەربڕینی ئیدێیەک (وێنەیەک = ئایدۆسێک) کە هەمیشە ئۆبژێکتیڤییە، چونکە هیچ کەسێک نازانێت، کە داخۆ ئەوسا کەسى بەرانبەر واتایەکی تەواو جیاواز لە واتاکەی کەسی ئاخڤەر بە وشەیەکەوە نەلکێنێت.

کەواتە دەبێت لە وشەکاندا ڕاستییەکى “ئۆبژێکتیڤی” هەبێت. ئەوجا گەر شتێک بۆ کەسێک ناوى “ئەسپ” بێت و هەمان شت بۆ کەسێکى دیکە ناوی “مرۆڤ” بێت، ئەوسا دەبێت بەگوێرەى تیۆرییەکەى هێرمۆگێنێس بپرسین، کە داخۆ ئێمە بتوانین ڕاست یان چەوت بئاخڤین. دەربڕینێک ڕاستە، گەر چی-بوونی (چی-ێتیی) شتەکان لەبارەى ئەوان دەرببڕێت، لێ هەڵەیە، گەر لەبارەی شتەکان ئەوە ببێژێت کە ئەوان ئەوە نین (روخسار ناوبنێت دەم-و-چاو، ناڕەحەتیی گەدە ناوبنێت دڵەکزێ، تێگە ناوبنێت چەمک. کەواتە مرۆڤ دەتوانێت لە دەربڕیندا چە وشەى ڕاست و چە وشەی هەڵە، چە ڕستەى راست و چە ڕستەی هەڵە، دەرببڕێت.

ئەمە شتەکانیش دەگرێتەوە. ئایا شتەکان ئەوهان وەک چۆن ئەوان بۆ هەر کەسێک دیار دەدەن یان شتەکان بۆ هەر کەسێک هەقیقەتێکى جیاوازیان هەیە؟ یان: ئایا شتەکان بە پێچەوانەوە لە خۆیاندا ناوەرۆکى خۆیانیان هەڵگرتووە؟

ئەوجا لە لایەنی مرۆڤیشەوە گومانی تێدا نییە کە مرۆڤان جیاوازن لە یەکدى. ئاخر مرۆڤ هەیە چاکە و مرۆڤى دیکە هەیە خراپە. ئەوانەی یەکەمیان ئاوەزمەندن، ئەوانەى دووەمیان نائاوەزمەندن. کەواتە ناشێت شتەکان ئەوها بن، وەک چۆن ئەوان بۆ هەر کەسێک دیاردەدەن. لەم ڕوانگەیەوە پرۆتاگۆراس لەسەر هەق نییە. گەر تێزەکەى پرۆتاگۆراس ڕاست بووایە کە بەو پێیە مرۆڤ پێوری سەرجەم شتەکانە، ئەوسا نەدەشیا یەکێک لە یەکێکی دیکە ئاوەزمەندتر بێت، هەروەها ئەوەى بۆ هەر یەکێک وەک ڕاست دیار دەدات، دەبوو بۆ هەموو یەکێک ڕاست بووایە. ئەوجا لەبەر ئەوەی ناشێت ئاستى زانینى هەمووان وەک یەک بێت، ئەوا ناشێت هەموو شتێک بە هەمان شێوە بۆ هەموو یەکێک هەبێت.

ئەمەش بە واتاى: شتەکان لە خۆیاندا کرۆکى تایبەتمەندیان هەیە و هەر یەکەیان بەگوێرەی ئەو کرۆکەی خۆی هەیە.

ئەوەش ئاشکرایە کە مرۆڤ بەگوێرەى کرۆکى شتەکان کردار دەنوێنێت. گەر من بمەوێت شتێک ببڕم، ئەوا بە هەوەسى خۆم نایبڕم و بۆ بڕینیشی هەموو ئامرازێک بەکارناهێنم، بەڵکو بەگوێرەی سروشتى بڕین و خودی شتی بۆ بڕین تەرخانکراو کردارەکەم ئەنجام دەدەم.

بە هەماش شێوە دەربڕینێک ڕاستە، گەر بگونجێت بە سروشتى دەربڕین و دەربڕراو لەبارەى شتەکان. کەواتە ناونانیش یان ئاخافتنیش کردارە. ناولێنان دەبێت بەگوێرەى سروشتى ناولێنان و ناولێنراو ئەنجام بدرێت.

کاتێک ئێمە وشە وەک ئامرازى ناولێنان بەکاردەهێنین، ئەوا ئێمە شتێک فێرى یەکدى دەکەین و شتەکانیش بەگوێرەی جۆرى دروستبوونیان لە یەکدى جیادەکەینەوە.

کەواتە وشە دەستوێژێکى فێرکەر و جیاوازیکەرە لە نێوان کرۆکەکاندا. ئێمە دەتوانین لەم ڕەوشەدا نموونەی هونەرمەندى (وەستاى) جۆڵایى و هونەرمەندى فێرکارى وەربگرین.

جۆڵا دەتوانێت بەباشترین شێوە بەرهەمى دارتاش کە دەزگاى جۆڵاییە، بەکاربهێنێت، لێ دارتاش دەزگاى جۆڵایى لەسەر وێنەیەکى تایبەتى ی نێو هۆشی خۆی دروست دەکات و ئەم وێنەیەش هەقیقییە.

هونەرمەندی (وەستاى) فێرکارى وشە بەکاردەهێنێت. ئەم وشەکانمان بۆ دەنێرێت. لێ ئەم هونەرمەندەى فێرکاری بریتییە لە یاسادانەر.

کەواتە هەموو کەسێک ناتوانێت وشە بهێنێتە ئاراوە، بۆ نموونە هۆزانڤانان کە بۆ خاتری گونجاندنی دەنگ ڕوخسار دەکەن بە دەم-و-چاو، بەمەش دەبن بە مامۆستای بەدی گەل. نەخێر تەنیا یاسادانەر دەتوانێت وشە بهێنێتە نێوانەوە، چونکە ئەو کەسێکى چاکە و تەنیا ئیدێى وشەکان، واتا ئەوە کە خودی هەر شتێک لە کرۆکەوە دەگرێتەوە، سەرلەنوێ دەداتەوە.

سەرەڕای ئەوە گومانی تێدا نییە کە هەموو پیشەیەک پێویستیى بە چاودێرى هەیە. بۆیە چۆن پیشەى دارتاش ئەوەیە کە لەژێر چاودێریى کەشتیواندا سەوڵى کەشتى دروست بکات، بە هەمان شێوە یاسادانەر، گەر بەڕاستى بییەوێت وشەکان بەچاکى بسازێنێت، پێویستیى بە چاودێرێکە کە بریتییە لە دیالێکتیکی (فەیلەسوف).

کەواتە کراتیلۆس لەسەر هەقە کاتێک دەبێژێت، ناولێنانەکان لە سروشتەوە شتەکان دەگرنەوە و هەموو کەسێکیش وەستاى وشەسازی نییە.

هێرمۆگێنێس تەسلیم دەبێت.

بەشى دووەم

بەشداریکەرانى دانوستاندنەکە لەتەک یەکدا هاوڕان سەبارەت بەوە، کە “ناوەکان”، واتا هێمادانانەکان، لە لایەن یەک یان چەند “ناونەر”ێکەوە لە شتەکان نراون و لێرەشەوە “ڕاستى”یەکى تایبەتى لەخۆدەگرن.

لێ ئەو لایەنە هۆی ناتەباییە لە نێوانیاندا، کە داخۆ مۆتیڤى ئەم راستێتییەى ناوەکان بەڕێى سروشتى هێماپێدراوەکانەوە (ناولێنراوەکانەوە) هاتبێتە ئاراوە.

ڕوانگەکەى کراتیلۆس تەواو هەڵە نییە، لێ لە ڕووى فەلسەفەییەوە شیاوى وەرگرتن نییە.

لە وەرگرتنی پۆزەتیڤی ئەم ڕەوشەدا بەوە دەگەین، کە هێما شتى هێماپێدراو دەگرێتەوە، لێ لە وەرگرتنی نێگەتیڤی ڕەوشەکەدا بەوە دەگەین، کە هێماکە بەڕێى یاساوە (نۆمۆ) یان بەڕێى رێککەوتنەوە (تێزاى)، واتا بەبێ زەروورەیەکى ناخەکى، شتە ناولێنراوەکان دەگرێتەوە.

زۆر ناو هەن، کە لە پیت و بڕگەدا زرنگەیەکى نایەکسانیان هەیە، لێ بەگوێرەی واتاکەیان هەمان شت دەردەبڕن. کەواتە دەبێت ئەوە کە بەگوێرەى سروشت دروست بووە، هەمان ناو وەربگرێت. لەنێو سەرجەم زیندەوەرەکاندا تەنیا ئەو زیندەوەرەیان ناو دەنرێت مرۆڤ، کە کۆدەکاتەوە و لێدەڕوانێت. مرۆڤ ئەم کردارانە دەنوێنێت، چونکە ئەو پێکەوە لەو شتانەى ڕوانیوە کە ئەو بینیونى.

لێ ئەوە ئاوەزە کە لەبارەى شتەکان دێتە ئاخافتن. هەر شتێک ئاوەز ئەنجامی بدات، شایانى ستایشە، هەر شتێک لە لایەن ئاوەزەوە ئەنجام نەدرێت، شایانى سەرزەنشتە.

ڕاستى ی سروشتی ناشێت پەیوەند بە وشەکانەوە ئەو واتایە بگەیەنێت کە گۆیا وشەکان بەو شتانە ئیدێنتن (یەکانگیرن) کە وەک هێما بۆیان دادەنرێن.

لە ڕوانگەى کراتیلۆس سەرجەم وشەکان کە هاوکات ناولێنانن، ڕاستن. کراتیلۆس سرەوتوویى لە شتەکاندا نابینێت. ئاخر بە دیدی ئەو هەموو شتەکان لە لێشاوی هەمیشەییدان.

لێ سۆکراتێس بە پێچەوانەوە دەبێژێت: بەشێکى وشەکان بەباشى دانراون و بەشێکى دیکەیان بەناباشى. ئەمەش پڕکێشەیە، چونکە وشە گەرەکە دانەوەى ئەدگارە کرۆکییەکانى بابەتەکە بێت.

مرۆڤ بێگومان دەتوانێت شتەکان بەبێ وشە بناسێت، بەڵێ دەتوانێت بە سروشتیترین شێوە شتەکان بناسێت.

کەواتە مرۆڤ دەتوانێت چە بەڕێى خودى شتەکان و چە بەڕێى وشەوە شتەکان بناسێت، لێ: جوانترە ئەو شتەکان بەڕێى کرۆکیانەوە بناسێت.

هەروەها ناونەرانى سەرەتا دەبێت لە کەسانى دیکەوە فێرى ناوەکان بووبن، کە ئیدی ئەوان پاشان وەک رێسادانەر کاریان لەسەر کردوونەتەوە.

لێ ئەوەی ڕاستی بێت باشترە مرۆڤ لە راستیى شتەوە ئەو شتە بناسێت نەک لە لێکچوونییەوە، کەواتە باشترە لە خودى شتەکان وردبێتەوە نەک لە ناوەکانیان کە بۆیان دانراون. (لەم ڕوانگەیەوە پلاتۆن پێداچوونەوەی ناوەرۆکگر بە زماندا وەک پێویست دادەنێت).

گەر ئەو شتە کە دەناسرێت یان دەزانرێت هاوکات جوان و چاک بێت، ئەوا ناشێت ئەم زانراوە بزووتن لەخۆبگرێت، بەڵکو دەبێت زانراو سرەوتوو بێت (کرۆکێک هەیە کە ناوی ڕوخسارە و ناشێت تەنیا دوو توخمی (“چاو” و “دەم”ی) ئەو بۆ خودی ئەو وەک سەرجەمێک بەکاربهێنرێن).

ئاخر جوان ئەوەیە کە هەمیشە هەیە.

لێ گەر شتێک بەردەوام لە لێشاودا بێت، واتا بەردەوام لە گۆڕاندا بێت، ئەوسا مرۆ ناتوانێت گۆتەى ڕاست لەبارەى ئەو شتە دەرببڕێت، ئاخر ئەوسا مرۆ ناتوانێت بە مەئریفەى شتەکە بگات، چونکە لە هەر ساتێکی نزیککەوتنەوەیدا لەو شتە، خودی شتەکە یەکسەر گۆڕراوە بۆ شتێکى دى بەبێ ئەوەی دەرفەتی دابێت ناوی لێبنرێت.

 

دیالۆگی کراتیلۆس بەکراوەیى دەمێنێتەوە. خودی کراتیلۆس هێشتا هەر لەو باوەڕەدایە کە شتەکان ئەوهان وەک چۆن هێراکلیتێس بینیونى.

 

سەرچاوە:

Platon. Sämtliche Werke 2. Hamburg 1972.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: