گفتوگۆ لەگەڵ فەیلەسووفی فەڕەنسی (کلیمۆن ڕوسی)

349
0
بڵاوکردنەوە:

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: سامان عەلی

 

دەقی تەواوی ئەم وەرگێڕانە، گۆڤاری “فەلسەفە”، هاوینی ساڵی ٢٠١٦، لەگەڵ فەیلەسووفی کۆچکردووی فەڕەنسی؛ کلیمۆن ڕوسی سازی داوە، بە بۆنەی تێپەڕبوونی دە ساڵ بەسەر دامەزراندنی گۆڤارەکەدا، بێگومان ناونیشانی ئەم ژمارەیە لە گۆڤارەکەیش بەم جۆرە بوو: “فەلسەفە چییە؟”، بەشداریی کیلمۆن ڕوسی لەم ژمارەیەدا، کە سەرلەنوێ ئەرکەکانی فەلسەفەی ڕاستەقینەی دەستنیشانکرد، ئەوە بوو کە فەیلەسووف پێویست نییە خەباتگیڕ یاخود ڕۆشنبیرێکی پابەند بێت..

 

ڕۆژنامەنووس: “فەیلەسووفەکان هیچ شتێکی تریان نەکرد تەنها لێکدانەوەی جیهان نەبێت بە بڕێک شێوازی لە یەکدی جیاواز، بەڵام ئەوەی کە لەوە گرنگترە گۆڕینێتی”، دەربارەی ئەم وتەیە، کە دەدرێتە پاڵ هەریەک لە مارکس و ئەنگڵس، چی دەڵێیت؟

کلیمۆن ڕوسی: بەشی یەکەم و دووەمی ئەو وتەیە هەردووکیان چەوتن. سەبارەت بە زۆرێک لە بیرمەندان، مەرجی فەلسەفە گۆڕینی جیهان نییە، هەروەها لێکدانەوەیشی نییە، بەڵکو مەرجی ڕاستەقینەی فەلسەفە دەستکردنە بە گەڕان لەپێناوی دانایی و شادییدا. بەم شێوەیە، فەلسەفە گەڕانە بە دووی هاوئاهەنگیی لە نێوان قەوماو و خۆماندا. بەڵام من، تا ڕادەیەکی زۆر، پێموایە دوو مارکس هەن. دانەیەکیان بە شوێن گۆڕینی جیهاندا دەگەڕێت- شایانی باسە، مارکس بەتایبەتی لەم خاڵەدا، ئەفسانەی شاری چاکەخوازی-ی تۆماس مۆر (١٤٧٨-١٥٣٥) لە نێو کتێبەکەیدا؛ یۆتۆپیا، بەرهەم دەهێنێتەوە و- پێشبینیی ئەوە دەکات کە شۆڕشگێڕان لە داهاتوودا دەتوانن لە توالێتی لە زێڕ دروستکراودا دەست بە ئاو بگەیەنن. لەم ڕووەوە مارکس لە یۆتۆپیستێکی تر بەولاوە زیاتر نییە. لەلایەکی ترەوە مارکسێکی تر هەیە زۆر جێی سەرنجی منە چونکە خوێندنەوەیەکی ورد بۆ ڕاستیی کۆمەڵایەتی-سیاسی دەکات. ئەو خزمەتەی کە مارکس بە ئابووریی کرد، هاوتای ئەو خزمەتەیە کە نیتچە بە دەروونناسیی کرد، واتە ئەو ئامانجە داپۆشراو و شاردراوەکانی ئابووریی پەیدۆزی کرد و ڕووتکردەوە. نیتچە ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئاکار هیچی تر نییە بێجگە لە بەهانەیەک لەپێناوی پەردەپۆشکردنی هەستە جیاوازەکانی لاوازیی و قین و زەلیلیدا.  بە هەمان شێوە مارکس ئەوەی ڕوونکردەوە کە لە پشت ڕووکاری سەرنجڕاکێشی دامەزراوە سیاسییەکان و بتی کاڵادا، بەرژەوەندییە داراییەکان خۆیان شاردووەتەوە. بە بڕوای من ئەم شێوازە لە ڕۆشنایی خستنە سەر میکانیزمە شاراوەکانی هەر دیاردەیەک، شوێندەست و کاریگەریی فەیلەسووفێکی گەورەی بەسەرەوەیە.

ڕۆژنامەنووس: هەموو فەلسەفەکەت لە دەوری گەڕان بە شوێن ڕاستییدا دەخولێتەوە. ئاخۆ ئەمەیە ئەو شتەی کە وات لێ دەکات لە یۆتۆپیست و چاکسازییخوازان زۆر بەگومان بیت؟

کلیمۆن ڕوسی: بێگومان… لە کۆتایی کتێبەکەمدا؛ “ڕاستیی و کۆپییەکەی” بە شێوازێکی ڕوون گوزارشتم لەوە کردووە، لەم چوارچێوەیەیشدا تەنها دەتوانم ئەو بڕگەیە بدەمەوە بە گوێتدا کە بۆ هەموو ئەو ئایدیۆلۆژییانەم تەرخانکردووە کە دەیانەوێت وێنای جیهانێکی جوان و نموونەییمان بۆ بکەن: “دواجار دەمێنێتەوە ئەوەی هەموو وەهمەکان ئاشکرا بکەین- واتە هەموو ئەو سەرگەردانییانە – کە لە نێو هەموو ئەو پڕۆژە ئایدیۆلۆژییانەدا هەن کە جیهان لە کۆن و نوێدا بەخۆیەوە بینیون و، کاریگەرییان لەسەر دەروونی دەستەجەمعی زۆر بوو؛ بۆ نموونە لە شێوە جیاوازەکانی ڕەتدانەوەی قەوماوی زیندوودا.. بەڵام ئەم ئاشکراکردنە پشتئەستوورکراوە بە بڕێک بەڵگەی بەهێز، ڕەنگە بەرەو هەندێک مشتومڕی بێسوودمان بەرێت و، لە باشترین دۆخدا، دواجار هیچ ئەنجامێکی تری نابێت تەنها جەختکردنەوە لەسەر بڕێک ڕاستیی بەڵگەنەویست نەبێت. ئەم چەشنە لێکدانەوە وردە ئاسانە، بەڵام بێزارکەرە هەر بۆیە بڕیارمدا خۆمی لێ بپارێزم”.

ڕۆژنامەنووس: بێجگە لەو چەند دێڕە، لە نێو کتێبەکانتدا باسی سیاسەتت نەکردووە.

کلیمۆن ڕوسی: نەخێر… گوێ بە سیاسەت نادەم و سیاسەتم لا گرنگ نییە.

ڕۆژنامەنووس: ئەوە، سەبارەت بە فەیلەسووفێک کە قوتابیی لویس ئاڵتۆسێر بووە، شتێکی سەیرە. بەتایبەتی ئەگەر ئەوەمان لە یاد بێت کە هەموو بیرمەندانی نەوەی تۆ؛ میشێل فوکۆ، کە بەرەوڕووی دەسەڵات و بەتایبەتی سیستەمی بەندیخانەکان بووەوە و، پییەر بۆردیۆ، کە بەتوندیی ڕەخنەی سیستەمی قوتابخانەیی کرد کە بەرپرسیارە لە بەرهەمهێنانەوەی جیاوازییە چینایەتییەکان و، ژاک دێریدا، کە لە ساڵی ١٩٨١دا پشتیوانیی لە یاخیبووانی سیاسی لە پراگ کرد. ئەی تۆ، هیچ، تەنانەت شەڕێکیشت نەکردووە؟

کلیمۆن ڕوسی: نەخێر هەرگیز، ئەو بیرۆکەیە هەرگیز سەرنجی ڕانەکێشاوم، لەبەرئەوە سەیرم لێ دێت کاتێک کە دەبینم کتێبەکانم ساڵ لەدوای ساڵ برەوی زیاتر پەیدا دەکەن. من باسی دەنگوباس و هەواڵی ڕۆژانە ناکەم و، ڕۆڵی ڕۆشنبیری گشتی ناگێڕم. بە بڕوای من، فەلسەفە کۆششێکی ناوەکییە لەپێناوی تێگەیشتن و پەسەندکردنی ڕاستیی یاخود پێکهاتنەوە لەگەڵیدا، ڕێگایەکە لە هەردوو گوێیەکەیدا شادیی و بەختیارییەکی زۆر دەبینین. بەوپەڕی ڕاستگۆیی، ئەوەی کە وزەی خۆم لە زانینی ئەوەدا خەرج بکەم کە ئایا نرخی بلیتی شەمەندەفەر گران دەبێت یان نا، ئەوە شتێکە هیچ ڕۆژێک لە ڕۆژان بە مێشکمدا نەهاتووە.. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، من ئەوەت وە بیر دەهێنمەوە کە لایەنی کەم دەقێکم دەربارەی سیاسەت نووسیوە؛ “چەند سەرنجێک دەربارەی دەسەڵات”، کە لە دەستپێکی کتێبەکەمدا؛ “فەیلەسووف و هونەری جادوو” بڵاوکراوەتەوە.

ڕۆژنامەنووس: ئەمە، بە بەراورد بەو سی کتێبەی کە نووسیوتن، هیچە. پێشتر لە هیچ پارتێکی سیاسیدا کارت کردووە؟

کلیمۆن ڕوسی: هەرگیز.. کاتێک کە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان دەخوێنمەوە، تووشی داخورپان دێم کە دەبینم تیایاندا ژیاننامەی کەسانێکی “پابەند” دەخەنەڕوو. ئەم بابەتە دەمخاتە پێکەنین. هەر ئەوەندە بەس نییە کە ئەندازیار یاخود پیانۆژەن بیت. بەڵکو پتر لەوە پێویستە پابەند بیت. من، بەسادەیی، دەمەوێت کەسێک ئەوەم بۆ ڕوونبکاتەوە مەبەست چییە کاتێک کە ژنە گۆرانیبێژێک بە پابەند ناودێر دەکەین. ئەم مەزەندەکردنە لەڕادەبەدەرەی ئەو شتەی کە بە “پابەندبوون” ناوزەد دەکرێت، زێدەڕۆیی تێدا کراوە؛ وەک دەبینن ئێستا بووین بە هاوڕێی ئاشپەزە پابەندەکان و وەرزشکارە پابەندەکان… شتەکە بووەتە شتێکی بێزارکەر.

ڕۆژنامەنووس: ئەم هەڵوێستەت دەشێت زۆر کەس تووشی داخورپان بکات؛ ئایا بڕێک ڕاستیی داخورپێن، ژمارەیەک بەستێنی مێژوویی یاخود بڕێک شێوە لە ناچارکردن بوونیان نییە کە پەسەندکردن یاخود پێکهاتنەوە لەگەڵیاندا دژوارە.

کلیمۆن ڕوسی: گومانی تێدا نییە. بەڵام من خۆم ئەو شتەی کە بە پلەی یەکەم  لەلام گرنگە، شادیی ژیانە، شادیی ئەفسوناویی ئەوەی کە بەڕاستیی بوونم هەیە. وەک هاونیشتمانییەک بڕێک بۆچوونی دیارییکراوم هەن و، دەچم بۆ دەنگدان بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان. بەڵام وەک فەیلەسووفێک گوێ بەوە نادەم و، ئەو بۆچوونانە بیرکردنەوەم سەرقاڵ ناکەن. تەنها شادیی سەرقاڵم دەکات و، هەر ئەویش ڕێگام ڕۆشن دەکاتەوە. ئەم هەستەم لە منداڵییەوە لەگەڵ بوو. بەردەوام و بەبێ وچان ئەم دەستەواژەیەم دەگوتەوە: “چەند جوانە ئەوەی کە مرۆڤ بوونی هەبێت”. لەو سۆنگەیەیشەوە کە لە ساڵی١٩٣٩دا لە دایک بووم، ئەم بابەتە باوکم و دایمی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردبوو، چونکە ئەوان بڕوایان وا بوو کە ئەم دەربڕینە ئاهەنگئامێزە، لە سای داگیرکاریی ئەڵمانەکاندا، لە شوێنی خۆیدا نییە.

ڕۆژنامەنووس: لەم شتەوە ئەوە تێدەگەم کە فەلسەفە لە دیدی تۆدا بوێریی ڕوانینە لە ڕووخساری قەوماو هەرچۆنێک بێت، دڵڕەق بێت یاخود جوان.

کلیمۆن ڕوسی: زۆربەی هەرە زۆری فەیلەسووفەکان بیرۆکەیان لە قەوماو لا پەسەندترە، لێکدانەوەی ڕووتیان لەوە پێ باشترە کە لە پێش چاویانە. ئەم شێوازە بونیادنراوە لەسەر بنەمای دوورخستنەوەی سەرنج لەسەر ڕاستیی، لای هەموو فەیلەسووفە ئایدیالییەکان دەبینین، لە پێش هەموویشیانەوە لای ئەفلاتون. لە ڕوانگەی ئەفلاتوندا، کێ زیاتر مافی بوونی هەیە؟ وەڵامەکەی ئەمەیە: بیرۆکەی کورسی، کورسیی دروستکراو لەلایەن دارتاشەوە لە پێچەوانەبوونەوە یاخود ڕەنگدانەوەی بیرۆکەی کورسی بەولاوە زیاتر نییە. کورسیی نیگارکێشراویش لەلایەن ئەو نیگارکێشەوە کە ئەوەی وەک نموونەیەک وەرگرتووە کە دارتاشەکە دروستیکردووە، لە ڕەنگدانەوەیەکی دوو هێند بەولاوە زیاتر نییە (ڕەنگدانەوەی ڕەنگدانەوەیە). بەڵام ئەم چەشنە ڕوانینە بۆ شتەکان، چەوتییەکی زۆری تێدایە. ئێمە، جارێکی تر، لە سەدەی بیستدا، لای لیڤیناس، لەگەڵ هەمان ڕوانگەدا ڕووبەڕوو دەبینەوە: “باشترین شێواز بۆ دیداری ئەویتر، تەماشانەکردنی تەنانەت ڕەنگی چاوەکانیشێتی”. بە بڕوای لیڤیناس، لە پشت ئەویترەوە، ئەویتر بە واتا بەرین و فراوانەکەی خۆی شاردووەتەوە، واتە خودا یاخود هەر شتێکی لەو جۆرە. ئەوە چ گەمەیەکی غەمناکە. واتە تەنانەت ئەو ژنەی بەیدەستی دەستبازییەکانمان دەبێت، دواجار ژن نییە و، ئەو مەیەیش کە دەیخۆینەوە و تامی دەکەین، لەڕاستییدا مەی نییە. توانایەکی سەیرە ئەم توانا لەڕادەبەدەرەی کە فەیلەسووفەکان هەیانە و وایان لێ دەکات چاوپۆشی لەو شتە بکەن لە قەوماوە و لە بەر دەمیاندا هەیە.

ڕۆژنامەنووس: ڕاستیی، بە بڕوای تۆ، هەر شتێکە کە قەوماوە و هەیە.

کلیمۆن ڕوسی: بەڵێ، من بەو جۆرە دەیناسم. قین و بێزێکی زۆر لەو شێوازەدا هەیە کە بە هۆیەوە لەدایکبوونی فەلسەفە لای گریکەکان دەخەینەڕوو. سەبارەت بە کۆپییە فەڕمییەکە، هەموو شتێک لە دژبەریی نێوان هیراکلیتس-ی بیریاری گۆڕان و، پارمنیدس-ی بیریاری چەسپاوییەوە دەستیپێکرد. هیراکلیتس سروشپێبەخشی هەموو ئەو بیرمەندانەیە کە پێماندەڵێن جیهان ناسەقامگیر و بزواوە، بیرمەندانێکی لە نموونەی ئیپیکۆر و لۆکریس و منتاییەکان. بەڵام پارمنیدس بە دامەزرێنەری ئەو فەلسەفە ئایدیالییە دادەنرێت کە گرنگیی بە شێوە ئەزەڵییەکان و، چەسپاویی و ڕاستیی لە وێنە تاهەتاییەکەیدا دەدات. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، کاتێک کە هەڵبەستێکی پارمنیدس دەخوێنینەوە کە بە لەمێژینترین ڕانانی فەلسەفی لەقەڵەم دەدرێت، دەبینین گوتارەکەی مۆرکی ماتەریالی بەسەریدا زاڵە؛ وردبوونەوە لە هەندێک لە بڕگەکانی ئەم هەڵبەستە ئەو شتە بەڕوونیی دەردەخات.

ئەم بەدحاڵیبوونە هۆکارەکەی بۆ کۆتایی هەڵبەستەکە دەگەڕێتەوە کە سەبارەت بە سنووری جیاکەرەوەی نێوان بوون و نەبوون ئاڵۆزیی و ناڕۆشنیی بەسەریدا زاڵە. گەورە فەیلەسووفەکان فریوی ئەو شتەیان خوارد: نیتچە و هایدێگەر پێیانوابوو پارمنیدس بیرمەندی بوونە لە شێوە ئایدیالییەکەیدا نەک لە شێوە قەوماوەکەیدا. ئەفلاتون ئەو هەڵەیەی لە لێکدانەوەدا نەکرد؛ هەر بۆیە دەبینین سوکرات لە نێو ئەو گفتوگۆیەدا کە ناوی “سۆفستائی”یە، دەڵێت؛ سەبارەت بە فەیلەسووفەکان، کاتی ئەوە هاتووە باوکی خۆیان بکوژن، مەبەستی لە پارمنیدس-ـە. بەم پێیە لای هیراکلیتس و لای پارمنیدس-یش وەکو یەک، بابەتەکە پەیوەندیی بە ژمارەیەک فەلسەفەی ڕاستەقینە و قەوماوەوە هەیە کە تاکە ئامانجیان پاراستنی مرۆڤە لە کەوتنە نێو وەهمە جیاوازەکانەوە. بە دەربڕینێکی تر؛ ئەمە ئەو شتە یاخود ئەو بابەتەیە کە پتر لە سیاسەت بیرکردنەوەی من سەرقاڵ دەکات.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: