منداڵ لە چەقی کۆمەڵگەدا

393
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: مەحمود چاوش

مرۆڤایەتی گەلەک دیمەنی غەمگین و پڕشەرمی لە میدیاکانی جیهانی ئەم سەردەمەدا لەمەڕ بارودۆخی منداڵان و مافەکانیان لە چەقی کۆمەڵگەکاندا بینیوە، ئەمەش بەبێ هیچ جیاوازییەکی جێندەری. منداڵان لەکاتی لەدایکبوونیانەوە تاکو تەمەنی هەرزەکارییان ئەو جیاوازییە جێندەریانە، کە لە کۆمەڵگەکاندا بەسەریاندا دەسەپێنرێن، بە شێوەیەکی ناهۆشەکی وەردەگرن و توانای بەرهەڵستی ڕاستەوخۆیان دژی ئەم دیاردانەیان نییە. ئەوان بەپێی سروشتی ساکار و بێگەردی خۆیان مامەڵە لەتەک دەوروبەریاندا دەکەن، ئەوان هەستیارن، دەوروبەر و سروشتی خۆیان بەسادەیی و بێگەردی وێنادەکەن و بێمەبەست دەڕواننە دەوروبەرەکەیان. کۆمپلێکسی (گرێی) گەورەکان لە هزر و ناخیاندا چەکەرەی نەکردووە، هەندێجار غەمگین و جارجار سینەیان پڕە لە حەز و ئارەزوی جوڵان و یاریکردن. ئەوان جیهانیان پاکژە و دوورن لە بیرۆکەی قێزەونئاسا و شەڕخواز.

بەکارهێنانی منداڵ لە لایەن گەورەکانەوە، هەر لە درۆکردنەوە تا سنوری بەکارهێنانی ئەو منداڵانەی دەکرێنە سەرباز و مەشقی مرۆڤکوژییان پێدەکەن، سەرتاپای مێژووی تەنیوە. منداڵان کە لە بوونیانەوە پاک و ڕاستبێژن، دەکرێنە دەروێش بۆ مەبەستە دینی و عەقیدەییەکان، بەکاردەهێنرێن و دەبنە مرۆڤکوژەکانی پاشەڕۆژ، لە حوجرە و مەدرەسەکانی تاڵیبان لە ئەفغانستان دەکرێنە شاگرد و فەقێی مەلاکان و ڕەوانەی بەرەی جەنگیان دەکەن، یان وەک لە جەنگی ئێران-ئێراقدا دەبنە خۆکوژو و خۆتەقێنەری بەرەکانی جەنگ.

ڕادیکالە سەلەفی و وەهابییەکان شەرح و تەفسیری قورئان و ئایەتەکانیان بە جیهانبینی ئیسلامی سیاسی خۆیانەوە دەهاوێژنە هزریانەوە، کلیلی بەهەشت دەکەنە ملیان، بۆ ئەوەی خوداوەندی ئەودیوی سروشت لە گوناهەکانیان خۆشبێت، هەروەک ئەوان لەسەر بێشکەوە تاوانباربن. منداڵان لەسەر شەقامەکانی تایلاند و وڵاتە هەژارەکاندا دەخرێنە بەر بێڕەحمی لەشفرۆشی و بۆ چەند دۆلارێک کۆرپە ناسک و پڕئازارەکەیان لەسەر خوانی بێویژدانی گەورەکاندا نمایش دەکەن، لە دارکنێت (Darknet)1 دا وەکو کاڵاکان بۆ هێورکردنەوە و رەحەتبوونی ئارەزووە سێکسوالییەکانی گەورە نەخۆشە پێدۆفیلی (Pädophilie)2 یەکان بەکاریاندەهێنن و فیلمی پۆڕنۆگرافییان پێ بەرهەمدەهێنن. لەو تەمەنەدا منداڵەکان لە مەبەستە قێزەونەکانی گەورەکان تێناگەن، ئەوجا کاتێک خۆیان گەورە دەبن، گرفتاری چەندین نەخۆشی دەروونی دەبن و تەواوی ژیانیان لە ئازارێکی بەردەوامدا دەسوڕێت، وەک نەخۆشیە دەروونییەکانی تراوما و غەمۆکی.

منداڵان لەلایەن گەورەکانەوە مانیپولاسیون دەکرێن (هەڵدەخڵەتێنرێن)، تەنانەت لەلایەن باوانیشیانەوە دووچاری گەلەک تەنگەژەی ژیان دەکرێن. ساڵانە چەندین ملوێن منداڵ لەبەر بژێوی خێزانەکانیان و بارودۆخی سەختی ئابوری وڵاتەکەیانەوە بەرەنگاری برسێتی و بەم هۆیەوە ڕوبەڕوی مردنێکی لەسەرخۆ دەبنەوە. زۆربەی بەشە دەوڵەمەندەکەی تری جیهان لەسەر شاشەی تەلەڤیزیۆنەکانیاوە ئەزموونی دەکەن کە چۆن ئەم منداڵانە گیانیان لەدەست دەدەن، لێ ئەوان هاوکات خۆشیان بەشدارن لە هۆکارەکانی ئەم کارەساتەدا. کڕیارانی بەرهەمەکانی کاری منداڵان لەتەواوی جیهاندا بەزۆری هاوردەی وڵاتە پیشەسازی و دەوڵەمەندەکان دەکرێن، کارگە و فیرما گەورەکانی جیهان زۆرترین سوود لە بەرهەمی ئەم کارانە وەردەگرن.

منداڵان لە تەواوی جیهاندا دەخرێنە بەر کاری سەخت و بە بڕێک پارەی کەم لەشە بچوکەکەیان دەخەنە ژێر توندترین پەستانی کارەوە، کە مرۆڤە گەورەکانیش هەندێجار ناتوانن ئەنجامی بدەن. 170 ملیۆن منداڵ لە تەواوی جیهاندا ڕۆژانە دەخرێنە ژێر کاری سەختەوە.3

لە هیندستان ڕۆژانە زیاد لە ملیۆنێک منداڵ دەخزێنە کارگەکانی بەرهەمهێنانی بەردی بەنرخ و فەرش، بازنی دەست و مور و ملوانکە، زۆرجار 16 سەئات لە ڕۆژێکدا کاریانپێدەکەن، هەندێجار بەبێ پشودان. سەیر لەوەدایە لە وڵاتێکی وەک هیندستان، بەتایبەتی لای هیندوسییەکان، ئەو دیاردەیە بەئاسایی و وەک بەشێک لە کولتوری هیندوئیزم دەنرخێندرێت، چونکە ئەو منداڵانە لە خێزانە هەژار و بێکاستەکانەوە (kastenlos)* هاتونەتە دنیاوە و هیچ مافێکی ئەندامبوونیان لە کاستەکانی ئەو وڵاتەدا نییە. دیاردەی کارکردن بە منداڵان لەو کارگانەدا تاکو ئەم ساتەوەختە بەردەوامە، چونکە خاوەن کارگەکان لەگەڵ سیستەمێکی گەندەڵ و فەرمانبەرانی ملهوڕدا دەستیان تێکەڵە. ئەو کارانە کە بە منداڵان ئەنجام دەدرێن، کاری چەوسێنەر و لەشپڕوکێنن، ناتەندروست و دژی هەموو مۆراڵەکانی مرۆڤایەتین. بێنیامین پیوتەر، نووسەری کتێبی “دەستی خنجیلە و دەستکەوتی گەورە”، کە 35 ساڵی ژیانی لە پێناوی بەلاوەنان و نەهێشتنی کاری منداڵاندا بێپشوودان بەسەربرد و بەردەوام سەردانی هیندستان و پاکستان و تبتی کردووە، بەشێکی ژیانی لەدژی کاری منداڵان لەو وڵاتانەدا بەسەربردووە و باس لەم سیستەمە نابەرانبەرییە دەکات. ئەو بەهۆی کولتوری گەندەڵ و سیستەمی غەمساردی ئەو وڵاتانەوە لەمەر کاری منداڵان، زۆرجار ژیانی کەوتۆتە مەترسیەوە، بەتایبەتی لەلایەن خاوەن کارگە و دەسەڵاتداران و فەرمانبەرانیانەوە. بێنیامین پیوتەر لە کتێبەکەیدا پەنجە دەهاوێژێتە سەر برینێکی گەلەک قوڵ و شەرملەخۆگری بێوێنە لە چەوساندنەوەی منداڵان لە تەواوی جیهاندا. پیوتەر دەبێژێت: “50 ملیۆن منداڵ لە ساڵی 2016 دا لە هیندستان لە بوارە جیاوازەکانی ئابوریدا کاریان کردوە. گەرچی ئێمە هەندێجار باوەڕ بەو ژمارەیە ناکەین و جێگای بڕوامان نییە، لێ 10 ساڵ پێش ئەو بەروارە ژمارەی ئەو منداڵانە لە 100 ملیۆندا بووە، واتە دوو هێندە.”4

پیوتەر ڕەخنە لە وڵاتە ئەوروپییەکان، بەتایبەت لە ئاڵمانیا دەگرێت، چونکە زۆرینەی بەرهەمهێنانی دەستی منداڵان لەم وڵاتانە بە نرخێکی هەرزان لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێن.

 منداڵ وەک قوربانیی جەنگ

لە گەلەک وڵاتانی جیهاندا تاکو ئەم سەردەمەش منداڵان دەکرێنە سوتەمەنی ئەو گڕدانەی، کە ئاگری جەنگەکانیان پێ گەرم دەکەن، بۆ نموونە لە هەندێک وڵاتی ئەفریقیدا ئەم منداڵانە هەڵدەخڵەتێنرێن و بەتایبەتی لەژێر کاریگەری مادەی هۆشبەرەکاندا چەکداریان دەکەن. بەگوێرەی ئامارە جیهانییەکان لەم ساتەوەختەدا 250 بۆ 300 هەزار منداڵ و مێردمنداڵ لە بەرەکانی جەنگ و ناکۆکیەکاندا چەکدارکراون و دەجەنگێن. تەمەنی هەندێک لەم منداڵانە لە 10 ساڵ تێناپەڕن. گەورەکان ئەم منداڵانە دەکەنە دێوەزمە و تەنانەت هاوڕێ و باوانیشیان پێدەکوژن. تەمەنی کامڵبوون لە هەندێک لەم وڵاتانەدا لە خوار 18 ساڵەوەیە، هەر ئەمەش دەکرێتە ئەرگومێنتی ئەوەی کە لە سەرو 10 ساڵەوە بەگەورە دەنرخێندرێن. لە جەنگی وێرانکاری ئێراق و ئێراندا گەلەک منداڵ و مێردمنداڵ ڕەوانەی بەرەی هەرەپێشەوەی جەنگەکانیان دەکران و ڕژێمی ئیسلامی ئێران تەنانەی کلیلی بەهەشتی دەکردە ملیان، بۆ ئەوەی پاش مردنیان بە بەهەشتی بەرین شادمان بن. ساکاری و کاڵفامێتی ئەم مێردمنداڵانەیان دەقواستەوە بۆ مەبەستە قێزەونەکانیان و مرۆڤیان پێدەکوشتن. لە ڕاستیدا ئەم جۆرە کارانە دژی مافی مرۆڤ و هەمانکات مافی منداڵانە و بە بەشێکی سەرەکی تاوانەکانی جەنگ دەنرخێندرێن.

ڕێککەوتننامەی مافی منداڵان

لە ساڵی 1989 دا ئەم ڕێککەوتننامەیە لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکاندا لەمەر مافی منداڵانەوە و لە لایەن 193 دەوڵەتەوە واژوکراوە. لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە پەیماننامەیەکی بەندکارە و ئەو وڵاتانە لەسەری پێکهاتوون (ڕێککەوتون). چاوگی (بنەمای) ئەم پەیماننامەیە لە ڕاڤەکردنی گشتیی مافی مرۆڤەوە لە 10.12.1948 ەوە هەڵهێنجراوە (بنچینەڕێژکراوە) 5. تایبەتمەندیی ئەم پەیماننامەیە لەوەدایە، کە منداڵان نەکرێنە ئۆبژەکتی (Objekt) یان مەرام و مەبەستی بازرگانیکردن پێیانەوە. گەورەکان تەنها بڕیاردەری ئەوان نەبن، گەورەکان دەبێت ڕێز لە داواکاریەکانی منداڵان بگرن، تێگەیشتنیان بۆ منداڵێتییان هەبێت، هاوتەک و هاودەمی ڕێگەی گەشەبوون و گەورەبوونیان بن، بەتایبەتی لە بواری تەنساغی و گەشەی هزری و بزواندنیانەوە / جووڵەی لەشەکییانەوە (Motorik). ئەم مەرجانە دەبنە هۆکاری ئەوەی، کە منداڵان جیهانی خۆیان بەلێهاتویی خۆیان وێنابکێشن و گەورەکانیش ئازادییەکی ئەوتۆیان بدەنێ، کە ئەو جیهانەی تێدا بدۆزنەوە، کە بە جیهانی منداڵان ناسراوە. منداڵان گەلەک ئارەزو و خواستی پڕڕەنگیان (ڕەنگلەخۆگریان) هەیە، گەورەکان دەبێت لە بەئەنجامگەیاندنی ئەم ئارەزوانەدا هاوکاریان بن نەک ڕێگر. کاتێک باس لە مافەکانی منداڵان دەکرێت، زۆر گرنگە بزانین، کە منداڵان نابێت کاڵافرۆش بکرێن، نەخرێنە بەر لەشفرۆشی، لاقە نەکرێن و فیلمی پۆڕنۆگرافیان پێئەنجام نەدرێت، کاری سەخت و درێژخایەنیان پێنەکرێت. دەبێت مرۆڤایەتی لەو ڕاستیە تێبگات، کە منداڵ کەسایەتییەکی سەربەخۆ و چوست و چالاکە، پڕئەندێشە و هەستناسکە، پڕحەز و ئارەزوور، نەترس و ڕاستگۆیە، بێغیرە و دڵپاکە. منداڵان لەو زبڵخانەیە کە مرۆڤایەتی بۆ ئەوانی جێهێشتوە، بێئاگان تا ئەو کاتە کە لووتیان بەر نەهامەتی ڕۆژگار دەکەوێت.

دیاردەی کاری منداڵان لە کوردستانیش زۆر بڵاوە، کاری منداڵان زۆر بەئاشکرا لەسەر شەقامەکان دەبینرێن، لە عەلاگە فرۆشەوە بۆ بۆیاخچییەکان، لە چێشتخانەکانەوە بۆ کاری سەربەخۆی ناوبازاڕەکانەوە، لە سواڵکردنەوە بۆ کاری دزی و ناهەمواری تر، لە هەموو بوارەکاندا منداڵان کاریان پێدەکرێت. لەبەر نەبوونی سەرچاوە لەمەر کاری منداڵان لە کوردستان، زانیاری گەلەک کەمە، بەتایبەتی لەسەر ڕێژەی ئەو منداڵانە و جۆری کارەکانیان، کە شیکارێکی/لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی زۆری پێویستە. لە کۆمەڵگەکانی ئێمەدا زۆر کاری ناهەموار بەرانبەر منداڵان دەکرێت، کە لە نێوان خێزانەکاندا دەشاردرێتەوە و ناخرێتە دەرەوەی ئەم بازنەیە خێزانییە، ڕەنگە هۆکارەکانی ئەم شاردنەوەیەش نووسینی تایبەتی و زانستیانەی پێویستبێت، کە لە چوارچێوەی ئەم نووسینە دەردەچێت.

بێنیامین پیوتەر دەبێژێت: “مرۆڤی ئەم ڕۆژگارە بێنرخ و بێفەڕکراوە، کەسێکی ترە لەو مرۆڤانەی سەردەمانی ڕابردوو. لەم ڕۆژگارەدا کە باس لە کارپێکردن و کۆیلایەتی منداڵان دەکەین، بیروڕاکانی کۆمەڵناسی ئەڵمانی زیگمونت باومانم دێتەوە یاد، کە ئەم دیاردەیە بەڕوونی باس دەکات.”6 زیگمونت باومان لەمبارەوە دەبێژێت: “لەم رۆژگارەدا کە باس لە کارپێکردن بە منداڵ دەکەین، هەمانکات باس لە مرۆڤی بەپاشەڕۆ و زبڵکراو دەکەین. منداڵان وەکو کاڵا دەکڕدرێن و دەکرێنە بەندی خاوەن کارگەکانی فەرش و بەردی بەنرخ، لاقە دەکرێن، توڕدەدرێنە ژووری تاریک و کاری سەختیان پێدەکرێت، هەندێجار دەیانکوژن و فڕێدەدرێنە ژێر خاکەوە. مرۆڤ بۆتە کاڵایەکی هەرزانکراوی گەمەی ملیاردە دۆلارەکان، بازرگانانی منداڵکڕینیش منداڵانی تر دەکڕنەوە و دەیانهاوێژنە هەمان بازنەی شەیتانییەوە.7

 

سەرچاوەکان

  1. Darknet داڕکنێت ئەو ملپەڕە نهێنیانەیە، کە لە ناویاندا کەسانی پێدۆفیل پەیوەندی ئینتەرنێتی بە شێوەیەکی نایاسایی لەگەڵ یەکتی دەگۆڕنەوە، بۆ نمایشی فیلمی پۆڕنۆگرافی لەگەڵ منداڵاندا. ئینتەرپۆڵ هەموو ساڵیک لە تەواوی جیهاندا بە شوێن ئەم کەسە تاوانبارانەدا دەگەڕێت و نهێنیەکانیان ئاشکرا دەکات و تاوانبارانیش دەدرێنە بەر دادگاکان.
  2. Pädophilie پێدۆفیلی بەواتای ئارەزوی جوتبوون لەگەڵ منداڵ و مێردمنداڵدا
  3. Benjamin Pütter: Kleine Hände – Große Profit, Kinderarbeit welches ungeahnte Leid sich in unserer Warenwelt verbirgt, Wilhelm Heyne Verlag München, 06/2017, S. 9

(بێنیامین پیوتەر، دەستی خنجیلە و دەستکەوتی گەورە: کارکردن بە منداڵان، چ ناڵاندنێکی نەزانراو لەژێر پەردەی کاڵا جیهانیەکاندا خۆیان حەشارداوە).

* کاست بە مانای ڕەچەڵەکگەرا یان گروپێکی سنووردارکراو لە لایەن هەمان هاوبیر یان هاوڕەچەڵەکەکانیانەوە. ڕەچەڵەک لە کاستەوە (Kaste) وەرگیراوە، کە واژەیەکی پۆرتوگالیە و بۆ گروپێکی سنووردارکراو لەنێو کۆمەڵدا بەکاردەهێنرێت. کاستەکانی هیندوسەکان لە هیندوستان و پاکستان، ئێزیدیاکانیش بەهەمان سیستەمی کاست مامەڵەی کۆمەڵایەتی دەکەن، ئەم سیستەمە بە کۆمەڵەی ڕەچەڵەکگەرا ناودەبرێن. بۆ نمونە لە دینی ئێزیدی کاستەکان بە مورید، شێخ، میر بە شێوەیەکی هەڕەمی دابشکراون.

4 هەمان سەرچاوە لاپەرە 88

5 هەمان سەرچاوە لا 120

6 هەمان سەرچاوە لا 121

  1. هەمان سەرچاوە لا 121، پیوتەر ئەم چەند ڕستەیەی لە کتێبی کۆمەڵناسی ئەڵمانی باومانەوە وەرگرتووە بەناونیشانی

Zygmunt Bauman: Verworfenes Leben. Die Ausgegrenzten der Moderne, Hamburg (Hamburger Edition),2005.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: