رێنیسانس

648
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: فیلیپ ڤان نێس

وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: ئاسۆ خالید

دەستەواژەى رێنیسانس بەمانایەکى بەرتەسک ( لەدایک بوونى نوێ) یە، مەبەستمان ئەوەیە کە ئەوکاتە په‌رۆشیه‌کی نوێ بۆ ئەدەب و هونەر و مەعریفەى کلاسیکى هەبوو کە لە ئیتاڵیا سەریهەڵدا تا کۆتایی سەدەکانى ناوەڕاست و لەسەدەکانى پانزە و شانزەدا کلتورێکى نوێی بەخشیە ئەوروپا. لەلاى زۆر لە نووسەرەکان دەستەواژەکە لەمانایەکى زۆر بەرتەسک تردا بەرجەستەبووە کە بەکارهێنراوە بۆ دەستنیشانکردنى زیندووبوونەوەى هونەرى کلاسیکى، ئەمەش لەبەرچاوگرتنى قۆناغێکى زۆر گرنگى گەشەسەندووى فرە لایەنەیە. رێنیسانس لەبنەڕەتدا بزووتنەوەیەکى رۆشنبیرى بوو، ئەوەش ئەم سیفه‌ته‌ رۆشنبیرییەیه‌ کە جێگایەکى مەزنى پێ دەبەخشێت لە مێژووى جیهاندا.

گەر ووشەکە بەمانایەکى به‌ رفراوان بەکاربهێنین، دەکرێت پێناسەى بکەین وەک: سەرلەنوێ چوونە ناو جیهانى ئەو رۆحە سێکیولارە پشت بەخۆبەستووە کەئەدگاریى بەخشیبوو بەژیان و کەلتورى دێرینی کلاسیکى. ئەمەش بەسادەیی ئەوە دەگەیەنێت کە مرۆڤەکانى رۆژئاواى ئەوروپا لەژێر کاریگەرى زیندووبوونەوەى رۆشنبیرى گەشتنە بیرکردنەوە و هەستکردن بە تەماشاکردنى ژیان و جیهانى دەرەوە هەروەک ئەوەی کە مرۆڤى یۆنانى و رۆمان ته‌ماشیان ده‌کرد. ئەمەش ماناى وایە لەوە گەڕان کە وەک مرۆڤى چاخەکانى ناوەڕاست بیربکەنەوە و هەست بکەن، دەستیان کرد بەبیرکردنەوە و هەستکردن وەک مرۆڤى مۆدێرن.

خاچ پەرستان و پەیوەندیان بە رێنیسانسەوە

زۆر لایەن به ‌شداربوون له‌ سه‌رهه‌ڵدانی رێنیسانس، لەناویاندا خاچ پەرستەکان. ئەم دامەزراوە پارێزراوانە بۆ ماوەیەکى دوورودرێژ بەشداریانکرد لە تێکشکاندنى تەمەڵى عەقڵیى کە یەخەى عەقڵى ئەوروپى گرتبوو و رۆحى ژیانێکى نوێیان بەئاگا هێنایەوە لە ناو نەتەوەکانى ئەوروپاى رۆژئاوادا. بەر لەکۆتایی خاچ پەرستان رێگاى رێنیسانس هه‌ر زوو ئامادەکرابوو. ئه‌و رێگایانه‌ ده‌ستنیشان کرابوون که‌ به‌درێژاییان ده‌بوایه له‌ناو قه‌واره‌ی هه‌ر چالاکیه‌کی مرۆڤدا پێشکه‌وتن له زۆر ئاراسته‌وه روویبدایه‌ له‌لایه‌ن په‌رۆشی ده‌ستپێشخه‌رانی ژیان و که‌لتووری نوێ.

گەشەسەندنى ئەدەبى تایبەت وەک دەربڕێکى نوێ

بەئاگا هاتنەوەى ئەم رۆحە نوێ یە لەناو نەتەوەکانى رۆژئاوادا کە بەتایبەتى پەرەسەندن و گەشەسەندنى ئەدەبى تایبەت شیاوى تێبینی کردنە. ئەو زمانە نوێیە ،گەر بەگشتی قسە بکەین، لەماوەی و پاش سەدەکانى خاچ پەرستان کەتیایدا زمانى دایکى ئەوروپى دەنگێکی تیادۆزیەوەو دەستیکرد بە خوڵقاندنى ئەدەبى خۆی، هەتا ئەو کاتەى کە شێوەکانیان جێگیربوو، ئیتر ئەدەب شتێکى بوو شیاوى دروست بوون بوو. ئەم هەموو قسانە بوونە خونچەو شکۆفەیانکرد و گۆڕانى رۆمانسیان خوڵقاند

لە ئیسپانیا قەسیدەى مەلحەمى سەرەتاى ئەدەبى ئیسپانى پێکهێناو لەباشوورى فه‌ره‌نساش وڵاتەکەى پڕکرد لە ئاوازى گۆرانى خۆشەویستى. لە باکور رۆمانسیە خرۆشێنەرەکانى (charler) بۆ ئارسەى پادشاوجامی پیرۆز، لە ئەڵمانیاش هەوڵە زبرەکانى ( Nibelungenlied) وتۆنە نەرمەکانى (Minnesingers) بەدوایداهات. لەئیتاڵیا دانتێ گۆرانى کۆمیدیاى ئیلاهى دەڵێت بەزمانى پەتی توستانى، کە گوێ حەز بەبیستنى ئەکات و زمانێکى خوڵقاند بۆ رەگەزى ئیتاڵى. لە ئینگلتەراش چۆسەر (canterbury tales) دەنوسێت و یەکبوونى ساکسۆن- نۆرمان تەواو دەکات و زمانى ئینگلیزى دەخولقێت.

ئەم پەرەسەندنەى ئەدەبەکان سێبەرى بەرایی نزیک بوونەوەى رێنیسانس بوو، چونکە لەناویاندا ئازادى و ناڕەزایه‌تی هەبوو دژ بەزوهدى سەدەکانى ناوەڕاست و سنوردارکردنەکانى کەنیسە، لەهەمانکاتیشدا ئەم پەرەسەندنەى ئەدەب مژدەى هاتنى زیندبوونەوەى رۆشنبیریداو په‌له‌ی له‌سه‌رهه‌ڵدانی کرد. گۆرانیە دلگیره‌کان و چیرۆکەکان و رۆمانسەکانى ئەم ئەدەبە تایبەتە ،جیاواز لە بەرهەمەکانى سکۆلارەکان کە بەزمانى لاتیینى بون و تەنها پەیوەست بوون بەچینێکى دیاریکراوه‌وه‌، ئاراستەى جەماوەر کرابوون و ئیتر عەقڵ و دڵى گەردوونى ئەوروپیان هەژاند.

ژیانى شار و کەلتورى سێکیولار

رۆحى ژیانى نوێ بەهۆى کەشی شارە گەورەکان بوژایەوە. لەکاتى قسەکردن سەبارەت بەژیان لەشاره‌کانى سەدەکانى ناوەڕاستدا، تێبینى ئەوەمانکرد کە چۆن لەشارەکاندا ژیانێکى گەشەسەندوو هەبوو وەک ژیانى سەردەمى مۆدێرن. له‌ناو کەش و هەواى ئەم شارە قەرەباڵغ و پڕ هەراو هوریایەوه‌ رۆحێکى بازرگانى شیاوی پراکتیزەکردن هاتە بوونەوە. ژیانێکی فرەو سەربەخۆ و سێکیولار کە لەزۆر رووەوە ئاڕاستەکرابوو دژ بەوانەو و ئایدیاڵەکانى سەدەکانى ناوەڕاست.

ئەم بزوتنەوە رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیه‌ی ناوشارەکانى سەدەکانى ناوەڕاست بەتایبەتى لەشارە گەورەکانى ناو کۆمارەکانى ئیتاڵیا پابەندبوو ،کە دوایی دەیبینین، بە زیندوو بوونەوەى سەدەکانى 15 و 16 کە دەستەواژەى رێنیسانس بەشێوەیەکى تایبەت بۆى بەکارهاتووە.

دانتێ وەک پێشەواى رێنیسانس

دانتێ ئەلیگیرێ “شکۆى خەڵکى توسکان” لەساڵى 1265 لە فلورەنسا لەدایک بوو، لە ساڵى 1302دا نێردرا بۆ مەنفا لەلایەن فلۆرەنسیەکان و لاى هاوڕێکانى ئەوە فێربوو کە چەند قورسە ” سەرکەویت بەسەر پێپلیکانەکانى قەشەیەکدا”. دانتێ لەراڤێنا لە ساڵى 1321دا مرد و گۆڕەکەى ئێستا مه‌زاری حەج کردنه‌.

لەسەردەمى مەنفادا دانتێ قەسیدە نەمرەکەى نوسى commedia کە خۆى وەهاى ناونا، لەبەر کۆتاییە خۆشنوودیەکەى.

کۆمیدیاى ئیلاهى ،کە هه‌واداره‌کانی وایان ناولێنا، قەسیدەیەکه‌ دانرا بە “مەلحەمەى سەدەکانى ناوەڕاست” نموونەیەکى ژیان و بیرکردنەوەى سەدەکانى ناوەڕاستە. تیۆلۆژیاى دانتێ تیۆلۆژیاى کەنیسەى سەدەکانى ناوەڕاستەو فەلسەفەکەى فەلسەفەى سکۆلارەکانە و زانستەکەشى زانستى سەردەمى خۆیەتى.

هەرچەندە دانتێ لەروانگەیەکەوە سەیری جیهانى دەکرد کە سەر بەسەدەکانى ناوەڕاست بوو و به‌ره‌ونه‌مان ئه‌چوو، بەڵام هێشتاش بەمانایەکى فراوان پەیامبەرى سەدەى نوێ بوو کە نزیک دەبوویەوە. پێشەواى رێنیسانس بوو، ئەو ئاوەها بوو لەهەستکردندا بەسەدەى دێرین، کاتێ عاشقانە لەبارەى “ڤێرجیل”ەوە قسەى دەکرد وەک مامۆستاوسه‌رداری خۆی کەلەویشه‌وە شێوازى جوانناسی فێربوو و شەرەفمەندى کرد. ئەوە دەردەخات کە چۆن گەشتە ئەوەى بەچاوێکى جیاواز لەوەى سەدەکانى ناوەڕاست تەماشاى شاعیرى ئۆگوستان بکات. هەڵوێستى مۆدێرنى سەبارەت بەکەلتورى یۆنانى – رۆمانى زیاترئه‌وه‌ پیشان ئەدا که‌ چۆن ئازادانە کارەکانى نووسەرە کلاسیکیەکان به‌کارده‌هێنێت. بابه‌تی روونکەرەوەى قەسیدە گەورەکەى بەزۆرى لەکلاسیکەوە دەستى کەوتووە تا لە سەرچاوەى هیبر و مەسیحیەت. دانتێ لەحوکمى خۆى و لەرۆحى رەخنەگرایی و لەسەربەخۆیی عەقلیدا سیفاتى رۆشنبیرانە دەردەخات کە ئێمە وەک ئەوەى مرۆڤى مۆدێرن نەک مرۆڤى سەدەکانى ناوەڕاست دەیناسینەوە.

پاڵنەرى نوێی چەرخى دێرین

گەشتینە سەرەتاى سەدەى چواردەهەم، کە هەنوکه‌ پێشکەوتنى رۆشنبیرى ئەوروپا پاڵنەرێکى گەورەى بەدەستهێنا لەنوێکردنەوەى تەواوى گه‌نجینه‌ی، کەشیاوى هەڵسەنگاندن نەبوو، شارستانیەتى دێرینى یۆنان – رۆمانەوە. کاریگەرى کەلتورى جیهانى کۆن دەستەبەرى بەدەست گەشتن و گۆڕینى کرد لەناو نەتەوەکانى ئەوروپاى رۆژئاوا کە رێنیسانس، گەر وەک گۆڕین لەسەدەکانى ناوەڕاستەوە بۆ سەردەمى مۆدێرن سەیر بکرێت، رەنگە دابنرێت بەسەرەتاى دۆزینەوە یاخود سەرلەنوێ دۆزینەوە و دەست بەسەرداگرتنى سەرچاوە دەوڵەمەندەکانى لەلایەن سکۆلارە ئەوروپیەکانەوە. لەبەشى داهاتوودا هەندێک لەم مێژووى بزوتنەوەى رێنیسانس باسدەکەین لەسەرەتایترین قۆناغیدا لە ئیتالیا خۆى بەیانکرد.

رێنیسانس له‌ ئیتالیا

هۆکارە هاندراوەکانى بزوتنەوەکە، هەروەک چۆن سەدەى چاکسازى لەئەڵمانیاوە دەستى پێکرد و شۆڕشى سیاسیش لە فەرەنساوەو بەهەمان شێوەش رێنیسانس لەئیتاڵیاوە دەستى پێکرد. ئەمەش ڕێکەوت نەبوو، رێنیسانس رەگە راستەقینەکانى لەئیتالیادا بوو لەبەرئەوەى کە هەموو ئەو دامەزراوانە کە لەسەرخۆ لەسەدەکانى ناوەڕاستەوە بۆ جیهانى مۆدێرن دەگۆڕان ئیتر لێرە زیاتر لەکارەکانیاندا چالاک و کاریگەربوون وەک لەوەى لەهەرشوێنێکى دیکە.

شارەکانى ئیتالیا دەبێت بەهۆى کاریگەرى گەورەیانەوە لەسەر بزوتنەوەکە بکرێنە یەکێک لەو دامەزراوانە. پێشتر باسمانکرد کە چۆن ژیان تەواو پەرەى سەندبوو لەئیتالیا وەک لەوەى ووڵاتانى ئەوروپاى رۆژئاوا، لەکەشی ناوشارە کۆماریە ئیتالیەکانه‌وه‌ ژیانێکى بەهێز و بوژاوە و پڕ و سێکیولار و فرە هەبوون. ئەوە ژیانێکى سیاسى و رۆشنبیرى و هونەری بوو وەک ئەوەى له‌ ناو شارەکانى یۆنانى کۆن. بۆ نموونە، فلۆرەنسا بووە ئەسیناى دووەم. لەناو کەشی پەرۆشى ئەو شارەوە بەهرەمەندی و عەقڵى تاک پەرەیسەند وەک ئەوەى کە لەکه‌شی پایتەختى کۆندا هەبوو. لە فلۆرەنسا، سیامۆندز ئەڵێت: مرۆڤى شکۆمەند خوڵقا وەک ئەوەى جیهان بەدەگمەن ببینێت، تەواوى دانیشتوانەکەى بلیمەتى ئەرستۆکراسیان دروستکرد.

بەووشەیەک، ژیان لەئیتالیا زووتر لەهەر شوێنێکى تر سیفاتەکانى سەدەکانى ناوەڕاستى وونکرد و سیفەتەکانى ژیانى مۆدێرنى لەخۆگرت. دەکرێت بەراستى بڵێین کە رێنیسانس لەشارەکانى ئیتالیاى سەدەکانى ناوەڕاستدا لەبێشکەنرا.

ئیتالیەکان وەک سایموند ووتى: ” نۆبەرەی ئەوروپاى مۆدێرن بوون”.

دووەم بارودۆخ کە بێگومان بەشدارى کرد لەوەى وابکات ئیتالیا شوێنى لەدایکبوونى رێنیسانس بێت ئەو راستییەیه‌ کە لەناو ئیتالیادا ماوەى نێوان شارستانى کۆن و نوێ تەواو نەبوون وەک ئەوەى ناو ووڵاتەکانى ترى ئەوروپاى رۆژئاوا.

ئیتالیەکان لەرووى زمان و خوێنەوە لەرۆمانە کۆنەکان نزیک بوون لەوەى له‌ نەتەوە تازە پێکهاتووەکان. ئیتالیەکان خۆیان دائەنا بە میراتگرى داگیرکەرە کۆنەکانى جیهان. ئەم هۆشیاریەى نزیک لەو مرۆڤانەى کەرابردوویەکى گەورەیان هەبوو کاریگەرى زۆرى هەبوو لەسەر خەیاڵى ئیتاڵیەکان و مەیلى نەک تەنها بۆ ئەوە بوو کە بەردەوام بوون ببه‌خشیت به‌ پەرەسەندنى مێژوویى لەناو نیمچە دورگەکەدا، بەڵکو بۆ ئەوەى وەک ئەرکێکى یەکەمینى سکۆلارە ئیتالیەکان دابنێت تاوەکو کەلتورى دێرین زیندووبکەنەوە و بخزێنە ناویەوە.

بەڵام لەهەموو دامەزراوە بەهێزەکانى تردا بوونى ئەو مۆنیۆمێنتە شارستانیانە و شاکارە گەورەکانى رۆمى کۆن بوون. ئەمەش عەقڵى ئیتالى بەئاگاهێنایەوە لەدیاریکردنى ئاڕاستەى چالاکیەکانى لەپاش ئەوەى بەهۆى هاندەرى ترەوە هاندرابوون.

بەمانایەکى دیاریکراوتر بڵیێن ئەو شارانە پێکهاته‌ی ئیمپراتۆرى کۆن بوون و لەهەموو جێگایەکى نیمچە دوورگەکەدا زەویەکە بە سیمبولەکانى ئەفرێنەرە ‌رۆمانیەکان داپۆشرابوو. ئەو کاریگەریەى کە ئەم وەبیرهێنەرەوانه‌ی رابوردووى شکۆمەندی به‌ رۆحی هەستیاری به‌خشی زۆر بەباشى لەلایەن بایۆگرافیەکانى کەسانى وەک رێنزى و پێترارک روونکراوەتەوە.

دوو قۆناغى رێنیسانسى ئیتالی

وەک پێشتر ووتمان نزیکى ئیتالیەکان لەرابردووى کلاسیکه‌وه‌ کە بووەهۆى ئەوەى رێنیسانس لەئیتالیا بەشێوەیەکى سەرەکى کاراکتەرى زیندووبوونەوەى کلاسیک لەخۆبگرێت، نوێکردنەوە و لەخۆگرتنى ئیتالیەکانی بۆ میراتى فەرامۆشکراوى دوورودرێژى شارستانى یۆنانى – رۆمانى له‌ خۆگرت.

بزووتنەوەکە لێرەدا پێکهاتووە لەدوو قۆناغى جیاواز و لەهەمانکاتدا تەواو نزیک لەیەکەوە، بەتایبەت زیندووکردنەوەى ئەدەب و مه‌عریفه‌ی کلاسیکى و زیندووکردنەوەى هونەرى کلاسیکى. ئەوە یەکەم دانەیانە کە ئێمە سەرنجى لێ دەدەین کە ئەویش قۆناغى رۆشنبیرى و ئەدەبى بزووتنەوەکەیە. ئەو بەشەش لە بزووتنەوەکە بەشێوەیەکى تایبەت پێى دەڵێن ” هیومانیزم ” و ئەوانەى کە پاڵپشتى دەکەن پێیان دەڵێن “هیومانیستەکان” لەبەرئەوەى سەرنجیاندا لەدیراسەکردنى کارە کلاسیکیەکان دژ بەنامە ئیلاهیەکان کە ئەویش تیولەژیایە کە پەروەردەى کۆنى لەخۆگرتبوو.

پێتراک، یەکەم هیومانیست

فرانسیسکۆ پێترارک (1304 – 1374) بەزۆرى وەک نووسەرى سۆنێتە ئیتالیەکان ناسراوە، بەڵام گرنگى ئەو بۆ مێژووى گشتى پەیوەندیی خۆیه‌تی بەزیندووکردنەوەى مه‌عریفه‌ی کلاسیک لەئیتالیا و لە سەرئەنجامیشدا باس لە قۆناغی چالاکى ئەو دەکەین.

ناوى پێترارک نەک بەتەنها لەمێژووى ئەدەبى ئیتالیى بەڵکو لەمێژووى ئەدەبى جیهانى شارستانى و هەروەها نەک بەتەنها لەمەشدا بەڵکو لەمێژووى هزرى مرۆڤدا وەک ئەستێرەیەکى گرنگ ئەدرەوشێتەوە.

لەنێو ووشەى ئاوەهادا یەکێک لەمێژوو نوسە گەورەکانى هیومانیزم قسە دەکات لەبارەى پێترارک و جێگەى ئەو لەمێژووى پێشکەوتنى رۆشنبیرى نەتەوەکەدا. جێى گرنگیدانە بۆ ئەوەى هەوڵ بدەین تێ بگەین لەوەى پێترارک چى بوو لەنێو خۆیداو چیکردووە کە بیانوو بدات بەدەست ئەو ستایشکردنەى گرنگى ئەو بۆ مێژووى گەردون. تێگەیشتن لەپێترارک تێگەیشتنە لەرێنیسانس.

پێترارک یەکەم و گەورەترین نوێنەرى قۆناغى هیومانیستى رێنیسانس بوو. یەکەم سکۆلارى رۆژگارى سەدەى ناوەڕاست بوو کە بەتەواوى بۆى دەرکەوت و تەقدیرى نایابى باڵاو جوانى ئەدەبى کلاسیکى و بەهاکەى وەک ئامڕازێکى کەلتورى کرد. په‌رۆشی ئەو بۆ نووسەرە کلاسیکیەکان چەشنێک لەعیبادەت بوو، لەماوەیەک و کارێکى زۆردا دووسەد جەڵدی دەستنووسى کارى کلاسیکى کۆکردەوە. یەکێک لەوکارانەى هەڵیبژارد لەناو گەنجینەى لاتیندا هەندێ لەنامەکانى شیشیرۆى تیادابوو کەخۆى لەکتێبخانەى کۆندا دەستى کەوت له‌ ڤێرۆناو بەڕێزەوە بەدەستى خۆى کۆپی کردن. نەیدەتوانى یۆنانى بخوێنێتەوە، بەڵام دەستنوسى یۆنانى ولاتینى کۆکردەوە. شانزە کارى ئەفلاتۆنى هەبوو کۆپى کارێکى هۆمەریش کە لەکۆنستاتینۆپلەوە پێى گەشتبوو. بەم چەشنەش کەخۆى دەریبڕى یەکەمین شاعیرەکان و یەکەمین فەیلەسووفەکان لەگەڵیدا ژیان.

ئەم هەستەى دوایش هەستى پێترارک بۆ کتێب دەردەخات. بەبۆچونی خۆی رۆحى نووسەرەکانیان دەوریان گرتبوو لە کتێبخانه‌ بێ دەنگەکەیدا و قەد ئەوەندەش دڵخۆش نەبوو ئەوکاتە نەبێ کە گفتوگۆى لەگەڵ رۆحى هەڵبژێردراوى رابووردوو دەکرد، هەمیشە نامەى دەنووسى بۆ شایستە کۆنەکان، هۆمەر، شیشیرۆ و ڤێرمیل و سینیکاو ئەوانى تریش. پێترارک وەهاى دەکرد تاوەکو بیرکردنەوەکانى تۆمارکات و کاتێکى زۆرى بەسەر دەبرد لە ئەفراندنی نامە  نووسین، چونکە ئەفراندن بۆ نووسەرە کلاسیکیەکان بووە سەرچاوەى بڵاوبوونەوە. باوکان لۆمەیان دەکرد بۆ دورخستنەوەى کوڕەکانیان لەدیراسەکردنى یاسا لەپێناو خوێندنەوەى کارە کلاسیکیەکان و نووسینى شیعرى لاتینى، بەڵام ئەو بزووتنەوەیەى کە لەلاى پێترارک دەستى پێکرد نەدەکرا بپشکنرێت، ئەو ترپەیەى کە ئەو خستیە دڵی دیراسە هیومانیستەکان تا ئێستاش هەستى پێ دەکرێت لەجیهانى نامەو مەعریفەدا.

هەستى پێترارک بەرانبەر داڕماوه‌کانی رۆم

پێترارک هەستێکى هەبوو بۆ مۆنیومێنتە ماتریاڵەکانى کارە دێرینە کلاسیکیەکان هاوتاى ئەو هەستەى کەهەیبوو سەبارەت بە یادگاریە ئەدەبیەکانى. هەموو ئەمەش بەتەواوى ئەو جیاوازیە روون دەکاتەوە که‌ لەنێوان مرۆڤى سەدەکانى ناوەڕاست و مرۆڤى رێنسانسدابوو. لەماوەى سەدەکانى ناوەڕاستدا تاوەکو بەرەبەیانى زیندووبوونەوەى رۆشنبیرانە داڕمانەکانى رۆم تەنها چەند چاڵێک بوون. مۆنیۆمێنتەکانى قەیسەر رووخێنرابوون و بۆ به‌ده‌ستهێنانی کەرەستەی بیناکردن و پەیکەرە مەڕمەڕەکان و سوتێنرابوون بۆ دروستکردنى بارووت.

ئێستا، پێترارک یەکێ بوو لەمرۆڤە یەکەمینەکانى سەدەکانى ناوەڕاست کە هەستێکى مۆدێرنى هەبوو. ئەیگێڕنەوە چەندجار لەگەڵ جیۆڤانى کۆلۆنا سەرکەوتووە بەتاشە بەردەکانىDiocletian Baths of لەناو هەواى پاک و بێدەنگى دا کە پانۆرامایەکى فراوان لەدەوریان کشابوو و ئەوکاتە قسەیان دەکرد نەک لەبارەى کارەوە یاخود سیاسەت بەڵکو لەبارەى ئەو مێژووەى کە ئەو داروپەردووەى ژێرپێیان دەیگێڕایەوە.

پێترارک هێشتا نوێنەرایەتى قۆناغ و کواڵیتى ترى رۆحى مۆدێرنى دەکرد کە مەحاڵە زیاتر بڵێین لەباره‌یه‌وه‌. لەبارەى هەستى ئەو بۆ سروشت و سیفاتە گەورە و رۆمانسیەکانى دەبێت تەنها یەک ووشە نه‌ڵێین. یەکێک لەهەرە پاسیجە بەناوبانگەکەى لەنووسینەکانیدا ئەم وەسفەى شاخى ڤینۆسە کە پێیادا سەرکەوتووە نزیک لە ئاڤیگنۆن لەپێناو ئەوەى روانگەیەک بێت لەبەرزاییدا. ئەمەش سەرەتاى کارى شاخەوانى بوو لەسەردەمە نوێیەکاندا و شتێکى نوێ بوو لەجیهاندا. ئەمەش لەسەردەمە دێرینەکاندا نەبوو بەتایبەتیش لەچاخەکانى ناوەڕاستدا، تەنانەت دانتێ بەلەرزەوە باس لەشاخەکان دەکات، هیچ شتێکى جیاوازى ناکات لەنێوان مرۆڤى مۆدێرن و مرۆڤى سەدەکانى ناوەڕاست وەک ئەم هەستە نوێیەى مرۆڤ بۆ سروشتى کێوى و زەبەلاحەی له‌ ئه‌وپه‌ڕی به‌رزی میزاجدا.

بۆکاسیۆ، دەروێشى پێترارک

پێترارک قوتابخانەیەکى دروستکرد لەگەنجى په‌رۆشی هیومانیست کە وەک مامۆستاى خۆیان سەیریان دەکردو بەردەوام بوون بە په‌رۆشیه‌کی لێنەبڕاوەوە بۆ دۆزینەوەى کەش و هەوایەکى رۆحى کە ئەو دۆزیبوویەوە. لەهەرە دەروێشە دەرکەوتووەکانیش بۆ کاسیۆ بوو (1313 – 1375) کە ناوبانگێکی باشی په‌یداکردبوو بەهۆى کتێبى Decameran که‌کۆکراوەى چیرۆک بوون بە ئیتالى نوسرابوون، بەڵام کارەکانى بۆ کاسیۆش وەک هیومانیستێک گرنگە بۆ ئەو پەیوەندیەى کەهەى بوو لەگەڵ پێترارک.

بۆ کاسیۆ زۆرى کرد لەپێناو بڵاوکردنەوە و قوڵکردنەوەى ئەو په‌رۆشیه‌ی کەبۆ دێرین هەبوو کە پێترارک وە ئاگاى هێنابوو. زۆر لێهاتوانە دەستنوسە کۆنەکانى کۆکردەوە و کۆپیکردن بەمەش سکۆلاربوون لەدیراسەى کلاسیکدا بەشێوەیەکی کاریگەر پەرەیپێدا. بۆکاسیۆ دەیویست لاسایى پێترارک بکاتەوە و هەوڵیدا یۆنانى فێربێت بەڵام وەک پێترارک زۆر کەم فێربوو نەیتوانى بەسەریدا زاڵ بێت لەبەر بێ توانایی مامۆستاکەى و لەبەر نەبوونى کتێب و خوێندن و رێزمان و فەرهەنگ. مامۆستاکەى قایل کرد تاوەکو کتێبى ئایادو ئۆدێسە وەربگێڕێت لەلاتینیەوە بەوەش زۆر به‌ناوبانگ دەبێت لە یه‌که‌م کاری وەرگێڕانى مۆدێرنی کاری هۆمەر. وەرگێڕانەکە ڤێرژنێکی خراپ بوو، بەڵام سروشى بەخشییە سکۆلارە ئیتالیەکان بۆ ئەوەى ئارەزوویەکى زۆریان هەبێت بۆ خوێندنەوەى ئەدەبى یۆنانى بە زمانى یۆنانى، کە ئەو ئەدەبەش ئەوە بوو کە نووسەرە رۆمانیەکان سروشیان لێوە وەرگرتبوو.

کرایى سۆلاراس زمانى یۆنانى بە ئیتالیەکان ئەڵێتەوە

ئەم ئارەزووه‌ى سکۆلارە ئیتالیەکان زۆر زوو بەدیهات. تەنها لەکۆتایی سەدەى چواردەهەمدا ئیمپراتۆرى رۆژهەڵات باڵوێزى نارد بۆ ئیتالیا بۆ ئەوەى هاوکارى بکەن لەشەڕیدا دژبە تورکەکان. نێردەکە مانیۆڵ کرایسۆلاراس سەرکردایەتى دەکرد کە سکۆلارێکى دەرکەوتووى یۆنانى بوو. هەر ئەوەندەى گەشتە ڤینیسا، فلۆرێنسیس ناردى بەدوایدا بچێت بۆ شارەکەى، قایل بوو بەداوەتەکە، پێشوازیان لێکرد بەجۆرێکى شەرەفمەندانە کە هەر پێشوازى لەبوونێکى ئیلاهى وا دەکرێت و کورسى پرۆفیسۆریان دایە لەزانکۆ، گەنج و پیر دەورى ژوورى وانەووتنەوەیاندا، پیاوانى سەرو شەست ساڵان “هەستیان بەگەنج بوونەوەکرد” کەبیریان لەوە دەکردەوە بتوانن یۆنانى فێربن.

دەرکەوتنى کرایسۆلارس وەک مامۆستا لە فلۆرەنسا دەستنیشانى زیندووکردنەوەى پاش حەوت سەدە لەفەرامۆشکردن له‌ دیراسەى زمان و ئەدەبى یۆنانى لەقوتابخانەکانى ئەوروپاى رۆژئاوا کرد. ئەمە مانایەکى زۆرى هەبوو، ماناى زیندوکردنەوەى شارستانى بوو و کردنەوەى سەردەمى مۆدێرن، چونکە لاى هەر دامەزراوەیەک کە بایه‌خى ئەدا بەگۆڕینى سەدەکانى ناوەڕاست بۆ جیهانى مۆدێرن ئەوا زیندووکردنەوەى کەلتورى یۆنانى یەکێک بوو لەهەرە کارە گرنگەکانى.

” گەر راست بێت” (وەک ئەوەى جەختى لەسەر کراوە) هیچ شتێک لەم جیهانەدا ناجوڵێت کە لەبناغەدا یۆنانى نه‌ بێت بێجگە لە هێزە کوێرەکانى سروشت. بۆ ئه‌وه‌ش بیانومان هەیە سەبارەت بە خاڵى پەیوەندیکردن لەنێوان مامۆستاى یۆنانى کرایسۆلارس و قوتابیە فلۆرەنسیەکانى وەک یەکێ لەهەرە قەیراناویترین پەیوەندى کە مێژووى شارستانیەتى دیاریکرد.

گەڕان بەدواى دەستنووسە کۆنەکان

وەک لەپێشەوە باس له‌ پێشەواکانى هیومانیزمى ئیتالى کرا لەسەدەى 14دا، دەکرێت بەشێوەیەکى گشتى باسى قۆناغە گرنگەکانى بزووتنەوەى هیومانیستى بکەین لەسەدەى داهاتوودا.

یەکەم سەرنجى سکۆلارە ئیتالیەکان ئەوە بوو کە کارە کلاسیکیە دێرینەکان رزگار بکەن کە لەژێر هەڕەشەى له‌ناوچوندا بوون. هەروەک ئەوانەى کە ئەمڕۆ ئەگەڕێن بۆ شتى عەنتیکە و خۆڵى سەرگردەکانى ئاشوریەکان هەڵدەدەنەوە بۆ جێگە دەستى شارستانى دێرینى خۆرهەڵات، هەرواش هیومانیستەکان کتێبخانەى کەنیسەو کاتردائیەکان و هەر جێگایەکى ترى ناو ئەوروپا یان تەى دەکرد بۆ دەست نووسەکانى نووسەرە کلاسیکیەکان.

دەست نووسە بەهادارەکان دەدۆزرانەوە لەحاڵەتێکى شەرماوى لەبیرکردن و داڕزانى بەردەوامدا. هەندێجار دەدۆزرانەوە کە خۆڵ دایپۆشیبوون لەژێر زەمینە تاریکەکاندا یاخود بارێک تۆزیان لەسەربوو لە کەنیسەکاندا بەزۆریش دەدۆزرانەوە وەک ئەوەى بۆ کاسیۆ لەژوورى دەست نووسەکاندا دەیدۆزینەوە لەژوورى قەشەکانى Monte لەناو چوون بەزۆر شێواز، هەندێکیان بۆ نموونە دڕابوون یان پەڕەیه‌کى تەواویان لێبووبووەوە. (ئەم لەناوچوونە بەزۆرى بەهۆى دەگمەنى و کەمى ئامڕازى نووسینەوە بوو کەوایکرد لەکۆپیکەرەکانى سەدەکانى ناوەڕاست تاوەکو دەقە ئەسڵیەکەى کاغەزە کۆنەکە بسڕنەوە کە رەنگ بوو دواى بەکاریان بهێننەوە. بەم شێوەیە زۆر لەکارەکانى نووسەرە کلاسیکیەکان لەناوچوون. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێجار دەقە کۆنەکە کە زۆربە باشى لەناو نەچوو بوو کەبەهۆى بەکارهێنانى ماددەى کیمیایی تایبەتەوە کە دەکرا بەشێکى چاک بکرێتەوە و ئەو چەشنە دەستنوسانەى کە دووجار نوسرابوونەوە پێىان دەوترێت پالیمپێستس).

ئەم گەڕانەى دوایی هیومانیستەکان بەدواى کارەکانى نووسەرە کۆنەکاندا زۆر دەست نووسى بەبەهاى بۆ جیهان گەڕاندەوە کە دەکرا ئەگەر ماوەیەکى زیاتر فەرامۆش بکرانایە بۆ هەتاهەتایە لەناوبچوونایه‌.

هاوبەشەکانى مەعریفەى نوێ

” دروستکردنى کتێبخانەکان”

ئەم کۆپیکردن و کۆکردنەوەى دەستنوسە کۆنەکان لەرووى کات و کارەوە زۆرى تێ چوو، بەڵام زۆر لە هۆ هەبوون بۆ هاندانى کارى زیاتر، میرە بازرگانەکان و دکتاتۆرەکان و پاپاکان بوون بەهاوبەشى بەخشندەى وەکو هیومانیستەکان.

لەو کەسە دەرکەوتوانەى هاندەرانى مەعریفەى نوێ کەسى وەکو کۆزیمۆ و لۆرێنۆد و مێدیچى لە فلۆرەنسا بوون.

ئەوە بەهۆى ره‌سەنایەتى و رۆشنبیرى ئەوانەوە بوو سەبارەت بەدەستپێکردن بۆ گەڕانەوەى ئەوکارانە که‌ کەلتور و ئەدەبى کلاسیکى کۆن وایکرد فلۆرەنسا ببێتە ماڵى زیندووکردنەوەى ئەدەب و رۆشنبیرى.

لەنێو ئەو پاپایانەى کە پشتگیرى ئەو کارانەى بزووتنەوەکەیان دەکرد، پاپا نیکۆلاسى پێنجەم بوو (1445-1447) کە زۆر دیاربوو، ئەو خەڵکى نارد بۆ بەشەکانى ترى رۆژئاوا بۆ گەڕان بەدواى دەست نووسەکاندا خەڵکانێکى وەکو کۆپیکەرەکان و وەرگێڕەکانى تەواو سەرقاڵ کرد. کەمێک دواى ئەویش پاپا یولیوس (1503-1513) و پاپا لیۆ (1513-1521) رۆماى کرد بەسەنتەرى درەوشاوەى هونه‌رو مه‌عریفه‌ی رێنیسانس.

کتێبخانەکان دروستکران و گەنجینەکان دەکرا بەسەلامەتى بپارێزرێن و دەستى سکۆلارەکانیان پێ بگات. لەم بزووتنەوەیەدا گەورەترین کتێبخانەکانى ئیتالیا دروستکران، لە فلۆرەنسا مێدیچى کتێبخانەى Medicean دروستکرد.

لەرۆما پاپا سیکۆلاس کتێبە کۆکراوەکانى پاپاى دەوڵەمەندکرد بەپێنج هەزار دەست نووس و بەم چەشنەش بووە یەکەم دامەزرێنەرى کتێبخانەى ئێستاى ڤاتیکان.

چۆن کەوتنى کۆنستانتینۆپل یارمەتى زیندووکردنەوەیدا

بزووتنەوە هیومانیستیەکە، تائەورادەیەى کە سەبارەت بەنامە و مەعریفەى یۆنانى بێت، لەسەدەى پێنجەمیندا به‌هۆی داڕمانی ئیمپراتۆریەتى خۆرهەڵات کاریتێکرا. کۆنستانتینۆپل لەلایەن تورکە عوسمانیەکانەوە لەساڵى 1453دا داگیرکرا.

بەڵام بۆماوەى نیو سەدەى بەر لەرووداوەکە ئەو هەڕەشەیەى دەهاتەپێش کەبەربەریەکان دروستیانکردبوو، کۆچى بەکۆمەڵى سکۆلارە یۆنانیەکانى بەدوادا هات بۆ رۆژئاوا، زۆریان لەمەنفادا پەنایان بۆ ئیتالیا برد کە دەکرێت بڵێین یۆنان نەکەوت، بەڵکو کۆچى کرد بۆ ئیتالیا کە لەسەردەمى کۆندا پێیان دەوت Magna Graecia.

ئەم راکردوانە لەگەڵ خۆیان دەستنووسى پڕبەهاى کارە یۆنانیە کلاسیکیە دێرینەى هێنا کەهێشتا سکۆلارە رۆژئاواییەکان نەیان دیبوو ئەو په‌رۆشیه‌ی ئیتالیەکان بۆ هەرشتێکى یۆنانى وایکرد کە زۆر لەراکردووە یۆنانیەکان وەک مامۆستاو وانەبێژ دابمەزرێن لە قوتابخانە و زانکۆکانیاندا. بەم چەشنە دووبارەکردنەوەى ئەوە هەبوو کە لەرۆما روویدا لەرۆژانى کۆمارى دوایینەدا، ئیتالیا بۆ جارى دووەم داگیرکرا لەلایەن بلیمه‌تی یۆنانیەوە.

وەرگێڕان و رەخنەگرتن لەکارە کلاسیکیەکان

دۆزینەوەى کارە کلاسیکیە کۆنەکان و زیاترکردنیان لەلایەن کۆپیکەرانەوە و پاراستنیان لەکتێبخانەکاندا بەتەنها یەکەمین و ئاسانترین بەشى ئەرکەکە بوون کە هیومانیستە ئیتالیەکان هەستان بەجێبەجێکردنى. سەختترین و گرنگترین بەشى کارەکەیان لەناو بەراوردکردن و راستکردنەوەى دەقەکان بوو وەک وەرگێڕانى دەستنووسە یۆنانیەکان بۆ لاتین و لێکدانەوە و رەخنەگرتن لەوکارە ئەدەبیە کۆنانەى کەدۆزرابوونەوە.

یەکێک لەناو ئەو سکۆلارە ئیتالیانە کە خۆی تەرخانکرد بوو بۆ کارە کۆنەکان، پۆڵینیشن بوو (1454-1494) پیاوێک کە مەعریفەیەکى دیارى هەبوو، نزیکەى هەموو هیومانیستە ئەوروپیەکان لەسەردەمى ئەوداو لەنەوەى دوایشدا لەناو ژوورى وانە خوێندنەکانى ئەودا سروشیان وەرگرتبوو. (ناوێکى ترى ئەو پیاوە دەرکەوتووە کە وابەستەى سکۆلارەکانى سەدەى پانزەهەم بوو، پیکۆ دێلا میراندولا بوو (1463-1494) کە پیاوێک بوو عەقلێکى گەورەى هەبوو، ئەو ئەرکە تایبەتەى کە پیکۆ بۆخۆى دانابوو، گونجاندنی مەسیحیەت بوو لەگەڵ مەعریفەى نوێ، ئەرکێک وەک ئەوەى سکۆلارەکانى ئێستا کە هەوڵ ئەدەن ئینجیل ئاشت کەنەوە لەگەڵ زانستى مۆدێرندا.

داهێنانى چاپکردن

لەکۆتایی سەدەى پانزەهەمدا کارى هیومانیستە ئیتالیەکان پەرەى پێدرا لەلایەن داهێنانى هونەرى چاپکردنى نامەکان کە گرنگترین دۆزینەوە بوو لەهەڵسەنگاندنى (هالام) کە لەنێو مێژووى مرۆڤایەتیدا تۆمار کرابێت. دروستکردنى چاپەکان لەرێى لەسەر هەڵکۆڵین و مۆرکردن کارێکى کۆنە بەقەد شارستانیەتەکان. چینیەکان لەمێژەوە ئەم کارەى چاپکردنەیان کردووە. ئەم هونەرە بەشێوەیەکى سەربەخۆ لە ئەوروپا سەریهەڵدا لەکۆتایی چاخەکانى ناوەڕاستدا. یەکەمجار ئەم شێوازى چاپکردنە لەسەر کارتى یاریکردن دروستکرا بە بەکارهێنانى مۆر، پاشان دەستنووسەکانیش مۆرکران بەپۆترێت و وێنە.

هەنگاوى دوایی ئەوە بوو کە چەند دێرێکى دەقە لێکدراوەکان هەڵکۆڵرێت لەسەر مۆرەکان. بەتێپەڕبوونى کات دێڕەکان بوون بەلاپەڕەکان و لەنیوەى یەکەمى سەدەى پانزەهەمدا تەواوى کتێبەکان بەم شێوازەى چاپکردن چاپکران.

بەڵام چاپکردن بەم شێوازە هێواش بوو زۆریشى تێ دەچوو. هونەرەکە بەشۆڕشکرا لەلایەن جۆن گوتنبێرگەوە (1400-1468) کە خەڵکى مەینز بوو لەئەڵمانیا، بەهۆى داهێنانى پیتى جووڵاوەوە کە ئێمە پێى دەڵێن تایپ. هەندێک لەنووسەرە ئەڵمانیەکان دەڵێن شەرەفى ئەو داهێنانە کۆستەرى هارلێم بوو، بەڵام ئەمە جێگەی متمانە نەبوو. کۆنترین کتێب کە چاپکرا بەهۆى پیتى جوڵانەوەوە کۆپیەکى لاتینى ئینجیل بوو لەلایەن دەزگاى گوتنبێرگ و فاوستەوە لەشارى مەینز لەساڵانى 1454 تا 1456. هونەره‌که‌ بەخێرایی بڵاوبووەوە و بەر لەکۆتایی سەدەى پانزەهەم دەزگاى چاپکردن لەهەموو وڵاتانى ئەوروپادا هەبوو. بەتەنها لەشارى ڤینسیا دووسەد کتێب چاپکرا بەخێراییەک کە کۆپیکەرانى ناو کەنیسەکان خەویان پێوە نەبینیبوو.

دەزگاى چاپى ئالدین لەشارى ڤێنسیا

ئێمە لێرەداکە ئێستا گرنگی پێدەدەین بەتەنها چوونى هونەرەکە بۆ ئیتالیایە. ئەو ماوە کەمەى کە هەمانە باس لەناوى ئالدوس مانوتیوس (1450-1515) دەکەین کە لەشارى ڤێنسیا چاپخانەیەکى بەناوبانگى دروستکرد بەناوى دەزگاى چاپى ئالدین کە چیرۆکەکەى یەکێک لە پێشەنگترین و سەرنج راکێشترین بەشى مێژووى هونەرەکە پێک دەهێنێت لە پەیوەست بوونیدا بە هیومانیزمەوە.

لەماوەى چەند ساڵێکى کەمدا، ئالدوس زنجیرەى تەواوى کتێبێکى نووسەرە یونانیەکانی بەخشی به‌ سکۆلارە ئەوروپیەکان. لەپاڵ ئەم چاپانه‌دا دەقى لاتینى و هیبرۆیشى دەرکرد، بەگشتى زیاتر لەسەد کارى چاپکرد، لەرووى کواڵیتى لاپەڕە و تایپى روون و جوانى چاپەکانى پێشه‌نگ بوو.

کارەکانى دەزگاى چاپى ئاڵدوس لەشارى ڤێنسیا لەگەڵ دەزگا چاپەکانى تردا کە کەمتر بەناوبانگ بوون تەواوى ئەدەبى کلاسیکى زیندووکردەوە بەهۆى بڵاوکردنەوەشیان لە ئەوروپادا کارەکانى نووسەرە کۆنەکان ئیتر مەحاڵ بوو هیچ بەشێکیان لەجیهان وون بێت.

هیومانیزم چیاى ئەڵپى بڕى

هەرزوو لەناوەڕاستى سەدەى پانزەهەمدا گەنجە ئەڵمانیەکان چیاى ئەلپیان بڕى تاوەکو بچن بخوێنن لەیۆنان لەژێر چاودێرى مامۆستاى ئەوێدا. نوێنەرى ئەو گەنجە ئەڵمانیه‌ هیومانیزمانه‌ ناوى ریوجین بوو کە لەساڵى (1482) چوو بوو بۆ ئیتالیا تاوەکو لەوێ خۆى بناسێنێ بە مامۆستایەکى بەناوبانگى یۆنانى. وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ تواناى زمان زانین ئەو داوایەى لێکرا کە باسیجێک لەکتێبێکى سوسیدیلادز وەرگێڕێت، “بەربەرى” گەنج کە ئەم دەستەواژەیە ئیتالیەکان پێیان دەگوتن لە رقى خۆیانەوە لە باوانى نیشتەجێى باکوور. دێڕەکانى بەئاسانى و جوانى وەرگێڕا کە ئەوەى تاقیکردنەوەکەى پێکرد کە یۆنانى بوو بەڕەچەڵەک لەسەرسوڕماندا هاواریکردو ووتى “یۆنانى مەنفا فڕیبووە ئەودیو چیاى ئەڵپەوە”.

لەئەوروپاى باکوور بزووتنەوەى هیومانیستى تێکەڵ بەمەیلى تربوو، خۆتەرخانکردن هەبوو لە ئیتالیا بۆ نامە و مەعریفەى یۆنانى و لاتینى لەباکوریش ئەو په‌رۆشیه‌ هەبوو هاوشانى په‌رۆشی بۆ کەلتورى کلاسیکى و بەتایبەتیش بۆ کارە دێرینەکانى هیبرۆ و مەسیحیەت. بەم چەشنەش زیندووکردنەوەی ئەدەبى و رۆشنبیرى بەمانا فراوانەکەى بووە هۆى جوڵاندنى شۆڕشى ئاینیه‌ گەورەکە که‌ بە ریفۆرمه‌یشن (چاکسازی) ناوى دەرکرد و ئەوەش لەپەیوەندیدایە بەسەرەتاکانى ئەم بزووتنەوەیە کە خاڵێک دەدۆزینەوە بۆ قسەکردن لەسەر هیومانیستەکانى ئەڵمانیاو ووڵاتەکانى ترى باکوور.

زیندووبوونەوەى هونەرییانە

وەک لەپێشدا بینیمان هەستى نوێ بۆ دێرینە و کلاسیک کەلەناو ئیتاڵیەکان وە ئاگاهات بەتەنها باوەشى نەگرتەوە بۆ لایەنى ئەدەبى و فەلسەفى کەلتورى یۆنان – رۆمان بەڵکو بۆ لایەنى هونەریش هەروا بوو. بەلێکدانەوەى ئەم قۆناغەى دوای رێنیسانسى ئیتالى کارێکى مەحاڵە بۆمان کە بەدوورودرێژى قسەى لەسەر بکەین یاخود پێویست ناکات قسەى لەسەر بکەین، چونکە گرنگى سەرەکى رێنیسانس بۆ مێژووى جیهان، وەک لەپێشدا تێبینى کرا، دەبێت دیراسە بکرێت وەک بزووتنەوەیەکى رۆشنبیرى پەتی کەلە لاپەڕەکانى داهاتووى ئەم بەشەدا باس دەکرێت.

زیندووبوونەوەى هونەرى لەجەوهەردا گەڕانەوەى هونەر بوو بۆ سروشت، چونکە هونەرى چاخەکانى ناوەڕاست خاڵى بوو لە ئازادى و سروشتى. هونەرمەند بێ توانا کرابوو بەهۆى ترادیسۆن و سنووردارکردنەکانى کەنیسە، هەروەها لەژێر کاریگەرى زوهدى ئایینى سەردەمى خۆیدا بوو. مۆدیلەکانى هونەرەکانى فۆرمە بیزەنتینیە نازیندووه‌ گۆشەساز و بێ جووڵەکان بوو یاخود جەستەى لەڕوولاوازى قەشه‌و پیاوە ئایینیەکان بوو. ئازادى نەبوو لەکاتى دیکۆر دروستکردن بۆ دیوار و دەرگاو ئەڵتارى کەنیسەکان تەنانەت ئەگەر ئارەزووشى هەبوایە جۆرە ترادیسۆنیە پیرۆزەکان جێ بهێڵێت.

(لەکەنیسەى یۆنانى لەکاتى ئێستادا، هونەرمەند رێگەى پێنەدراوە لەکاتى دروستکردنى پۆترێتی بابەتە پیرۆزەکاندا دەربڕینى ترادیسیۆنى یاخود هەڵوێستى مۆدیلەکانى بگۆڕێت).

ئێستا ئەوەى رێنیسانس کردى بۆ هونەر ئازادکردنى بوو لەسنوردار کردن بۆ ئەوەى رۆح بکات بەبەرى فۆرمە مردووەکانى کە ژیانێکى نوێیە و وەئاگاهێنەرەوە بێت لەهەموو شوێنێک. ئەم بزووتنەوە سەربەستە دروست بوو بەشێوەیەکى گشتى لەژێر ئارەزوویەک کە سەرچاوەى گرتبوو لەدیراسەى شاکارەکانى هونەرى دێرینە.

بەم چەشنە کارە کلاسیکیە دێرینەکان هەمان کاریگەرى هەبوو لەسەر ئازادکردن و زیندووکردنەوەى هونەر وەک ئەوەى کردى بۆ ئازادکردن و زیندووکردنەوەى نامەکان. لەناو لیستى ناوى پەیکەر سازه‌ ئیتالیەکان ئەم هونه‌رمه‌ندانه‌ شایستەى ناوهێنان: گێبرتى (1378-1455) کە بلیمەتیەکەى پیشاندراوە لە دروستکردنى دەرگا برۆنزیانەى جێگاى تەعمیدان لەشارى فلۆرەنسا کە مایکڵ ئەنجیلۆ وتویەتى ئەو دەرگایانە شایستەى ئەوەن دەرگاى بەهەشت بن، برونلێچى (1377-1444)، دۆناتیلۆ(1386-1466) مایکڵ ئەنجیلۆ (1475-1564).

 

وێنەکێشان هونەرى باڵاى رێنیسانسی ئیتاڵى بوو

ئەم بیروبۆچوونانەى کەلەم پەرەگرافەدا باسکراون قسەى سایموندز لەناو کتێبى هونەرە جوانەکاندا کە جەڵدى سێ هەمینن سەبارەت بە رێنیسانس لەئیتالیا. وێنەکێشان کاراکتەرى هونەرى رێنیسانسى ئیتالى بوو، ئەویش لەبەرئەوەى کە بەباشترین شێوە ئایدیا و هەستەکانى مەسیحیە دەردە بڕێت. ئەو هونەرەى کەهى دەستى کەنیسە بێت و دەبێت نوێنەرایەتى باوەڕ و هیواو نەشئەو ئازارچەشتن بکات، چونکە هیچ یەکێ لەمانە ناکرێت بەباشى بەهۆى پەیکەرەوە دەرببڕێت کە هونەرى دەربڕینە.

پەیکەرسازى سەرەکیترین هونەرى یۆنانیەکان بوو، چونکە ئامانجى هونەرمەند لاى ئەوان دەربڕینى جوانى و هێزى فیزیکى بوو، بەڵام گرفتى هونەرمەندى مەسیحى ئەوەیە کە هەست و سۆز دەرببڕێت بەهۆى نێوەندگیرى جەستەوە ئەمەش ناکرێت لەرێى مەرمەڕى بێ رەنگ و ساردوسڕەوە بکرێت. بەم چەشنە وەک سایمۆندز پرسیار دەکات “چۆن دەبێت رۆژى قیامەت لەرێى وێنەکێشانەوە بکرێت؟”. رووداوە سەرەکیەکانى ژیانى مەسیح بەدروستکردنى پەیکەر باس ناکرێت.

لەبەرئەوە، چونکە پەیکەر هێزى کەمى هەیە دەربڕى سۆز بێت، بەڵام وێنەکێشان کە بەئاسانى دەربڕى هەست دەبێت ئیتر بووە ناوەندى دەربڕین لاى هونەرمەندە ئیتالیەکان. ئەم هونەرە تواناى پێدان تاوەکو وێنەى نەشئەى پیاوە پیرۆزەکان و جوانى شیرینى مادۆناو باوەڕى قوڵى مەسیح و هەروەها ترسى جوڵاوى رۆژى دوایی دەرببڕێت.

چوار کەسە گرنگەکە: بابەتى تێکەڵاو لە مەسیحیەت و کارە کلاسیکیەکان

ئەو چوار کەسە گرنگە ئیتالیەى هونەرى رێنیسانس لیۆناردۆ داڤنشی (1452-1519)، (داڤینشى فرە لایەنى و فرە بەهرەمەندیە، منداڵێکى راستەقینەى رێنیسانسى ئیتالى بوو، ئەو بەجارێ وێنەکێش و پەیکەرساز و مەعمارى و شاعیر و موزیک ژەن و زانا بوو) کە شاکارەکانى کە سەماکارى شارەزایە لەسەر دیوارى کەنیسە کە لەشارى میلاندا. رافایل (1483-1520) خۆشەویسترین لەناو هونەرمەنداندا کە مادۆناکانى دادەنرێت بەگەنجینەکانى جیهان. مایکڵ ئەنجیلۆ (1475-1564) (ئەنجیلۆ وەک وێنەکێشێ، من بینیم، مەعمارى بوو پەیکەرسازێک و وێنەکێشێک بوو، پەیکەرى (درۆ)ى کە تاکە پەیکەرسازى مۆدێرنە کە دەکرێت جێگەیەکى پێ بدرێت لەگەڵ پەیکەرسازە گەورەکانى یۆنانى کۆن) کە باشترین وێنە رەنگاوڕەنگەکانى لەنێویاندا وێنەى رۆژى دوایی لە کەنیسەی سابستین لەرۆمادایه‌. تیتیان (1477-1576) بەناوبانگە بە پۆترێتەکانى کە بۆ ئێمە پارێزراوە، وەک دەڵێن لەخوێن و گۆشت، یەکێ بوو لەپیاوە هەرە بەناوبانگەکانى سەردەمى خۆى (هەروەها لەناو لیستى وێنەکێشە ئیتالیە دەرکەوتووەکان ئەمانەن: سیما بوو (1240-1302) و گیۆتۆ (1275-1337) و دەست پێشخەرى زیندووکردنەوەکەن. ئێرا ئەنجێلیکۆ (1387-1455) کۆریجۆ (1494-1534) تینتۆرێتۆ (1518-1594) و ڤێرۆنیس (1530-1588) نوێنەرى رێنیسانسن.

وێنەکێشە ئیتالیە سەرەتاییەکان بابەتى وێنەکانیان روی تەلارەکان و بینا حکومیه‌کانی لەئیتالیادا داپۆشى بەوێنەى ئەو هەموو ئایدیا و خەیاڵانەى چاخەکانى ناوەڕاست وەک ئایدیاى مەرگ و قیامەت و بەهەشت و دۆزەخ. وەک سایمۆند دەریدەبڕێت و ئەڵێت ئەوەى دانتێ لەڕێى شیعرەوە کردى ئەمان لەڕێى وێنەوە کردیان.

هونەرمەندەکانى دوایی کە زیاتر لەژێر کاریگەرى زیندووکردنەوەى کارە کلاسیکیەکان بوون بابەت و پاڵنەرى پاگانى و مەسیحیەتیان ئازادانە تێکەڵ کرد و بەم چەشنە بوونە نوێنەرى راستەقینەى بزووتنەوەى رێنیسانس زیاتر لەوانەى پێش خۆیان کە بابەتێکى گرنگ بوو لە ئاشتکردنەوە و تێکەڵاوکردنى کەلتوورى پاگانى و مەسیحیەت.

پاگانیزمى رێنیسانسی ئیتالى

لایەنێکى ئەخلاقى و ئایینى یاخود وەک هەمیشە پێی گوتراوە لایەنێکى نا ئەخلاقى و نا ئایینى زیندووکردنەوەى کارە کلاسیکیەکان لە ئیتالیادا هەبوو، کە ناکرێت هەمووى ،بێ لەوەى ببێتە جێى سەرنج لێدان، باسبکرێت تەنانەت گەر لەم بابەتە کورتەى ئێستادا سەبارەت بەمێژووى بزووتنەوەکە.

لەسەرەتادا دیراسەکردنى شاعیر و فەیلەسوفە پاگانیەکان هەمان ئەنجامى دابەدەستەوە کە پێشبینى کرابوو لەلایەن لایەنێکى دیاریکراوە و لە کەنیسە سەلمێنرا کە بریندارکەرى باوەڕى ئایینیە. مرۆڤەکان لەرووى شێوازى بیرکردنەوە و هەستکردندا بوونە پاگانى. سکۆلار و کۆمەڵگەى ئیتاڵى ئیتر لەمەسیحى بوون کەوتن بەهەر مانایەکى راستەقینەى ووشەکە. لەگەڵ مەعریفەى نوێدا ئەو نەنگى و نائەخلاقیەتانە هاتن کە وەسفکەرى داڕمانى شارستانى کلاسیک بوون. ئیتالیا گەندەڵ بوو بەهۆى ئەو کاریگەریە نوێیەوە کە بارى بەسەریا هەروەک چۆن رۆما گەندەل بوو بەهۆى رەفاهیەت و ئارەزووبازى یۆنانیەکانەوە لەرۆژانى داڕمانى کۆماردا، زۆرێک لەبابەتە ئەدەبیەکانى ئەو سەردەمە زۆرزیاتر لەئەدەبى داڕماوى کلاسیکى نائەخلاقى بوون لەتۆندا.

کاریگەریە گشتییەکانى رێنیسانس

رێنیسانس چەمکى نوێى بۆ ژیان و جیهان هێنا. رێنیسانس کاریکردە سەر رۆژئاواى مەسیحى و شۆڕشى رۆشنبیرى و ئەخلاقى دروستکرد کە زۆر گرنگ و زۆر فراوان بوون لە عاقیبەتدا کە دەشێت بەراورد بکرێت بەو کاریگەریەى کە مەسیحیەت کردیەسەر جیهانى کۆن. مەعریفەى نوێ لەراستیدا کتێبى پیرۆزى نوێ بوو، وەک مەسیحیەتیش رێنیسانس جیهانێکى ترى ئاشکرا کرد بۆ مرۆڤ و حاڵەتێکى ترى بوونى ئاشکراکرد، چونکە ئەو بوو گرنگى راستەقینەی بۆ مرۆڤ زیندووکردەوە کە ئەویش دۆزینەوەى شارستانیەتى کلاسیکى دێرین بوو. لەم دۆزینەوەیەدا فێربوون کە ئەم ژیانەى سەرزەوى شیاوى ژیاندنە خۆى لەپێناو خۆیدا، کە ئەم ژیانەو چێژەکانى نابێت مەحکوم بکرێن و بکرێنە قوربانى تاوەکو دڵنیابن لە ژیانى هەتاهەتایی جیهانەکەى تر. هەروەها کە مرۆڤ رەنگە بیربکاتەوە و لێکۆڵینەوە بکات و تینوێتى خۆى بشکێنێ تاوەکو تێبگات و بزانێت بەبێ ئەوە حاڵەتى باشى رۆحى خۆى بخاتەژێر مەترسیەوە.

تامەزرۆ بوون و ترسه‌ خورافیەکانى مرۆڤ لەسەردەمى گۆڕان لەنێوان رۆژگارى سەدەکانى ناوەڕاست بۆ رۆژگارى مۆدێرنە زۆر بەباشى بەرجەستەکراوە لە ترادیسیۆنى دکتۆر فاوست دا. سایمۆندز دەڵێت ئەو ئەفسانەیە پێمان دەڵێت له‌باره‌ی ئەوەی که‌ چۆن مرۆڤ لەسەرەتاى زیندووکردنەوەکەدا تامەزرۆى بوو ئەوەشى لێى دەترسان کاتێک بیریان لەڕابردوو ده‌کردەوە. نهێنى چێژوەرگرتن و سەرچاوەى بەهێزیی کە دێرینە هەیبوو فریویدان، بەڵام ئەوان باوەڕیان وابوو کە بەتەنها کاتێک دەتوانن ئەم گەنجینەیە بگەڕێننەوە کە رۆح بکوژن، لەبەرئەوە فریودانەکە گەورە بوو کاتێک فاوست نرخەکەیدا. پاش هەڵلووشینى هەموو مەعریفەى سەردەمەکە، خۆى بەشەیتان فرۆشت تاوەکو تینوێتى بۆ ئەزموون بشکێت و دەستەڵاتى بەسەر جیهاندا بەهێز بێت و چالاکیە بێزارکەرەکانى چێژ بەخشبن. یەکەم بەکارهێنانى دەستەڵاتى کڕاوه‌ى ئەوە بوو کە هۆمەرى کوێر والێبکات گۆرانى بۆ بڵێت. ناێفیۆن قیسارەکەى دەسازان لەکۆنسێرتەکەى میفیسیتۆ فیلس، ئەلێکساندەرد لەگۆڕ دەرچوو لەسەر فەرمانى ئەو بەهەموو سوپاکەیەوە هێلینشیان وەک بووک پێى دەدا. بۆیە فاوست گێڕەوەى تامەزرۆییە ناتەواوەکانى رۆح بوو لەچاخەکانى ناوەڕاستدا و هەروەها سروشتى بەسۆزى و ئارەزووى ویژدان پەرستى و فزوڵى نەبڕاوەى بوو لەنێو سنورە قایمەکانى مەعریفەی ناتەواو و دۆگماتیزمى ناعەقلانیدا.

ئەم دۆزینەوانەى کە مرۆڤى رێنیسانس پێى گەشت پاڵنەرێکى فراوان بوو بۆ پێشکەوتنى رەگەزى مرۆڤ. سروشیان بەخشیە مرۆڤایەتى بەرۆحێکى تازەوە، رۆحێک کە موقەدەر بوو بۆى کە هەموو شتەکان لەهەموو بوارەکاندا نوێ بکاتەوە ، لە مەملەکەتى ئایین و سیاسەت و ئەدەب و هونەر و زانست و داهێنان و پیشەسازیدا.

یەکێتى هه‌ڵوه‌شاوه‌ی مێژووى گەڕاندەوە

کاتێک مەسیحیەت چووە ناو جیهانى یۆنان – رۆمانى کۆن یەکسەر شەڕ خۆی لەنێو ئایینى نوێ و کەلتورى کلاسیکى بەتایبەتى لەنێوان ئەو و هێڵینیزمدا بەیانکرد. هەرزوو کەنیسە سەرکەوت بەسەر پاگانیزمداو دێرینەى رەتکردەوە. هەندێک لە رەگەزەکانى ئەم میراتیە، راستە، بەشیاوکران لەلایەن مرۆڤى سەدەکانى ناوەڕاست و بەم چەشنەش کەلتورى نوێى مەسیحیەتى دەوڵەمەند کرد، بەڵام وەک گشت وەلاوەنرا وەک پاگان فەرامۆشکرا، به‌مەش یەکێتى مێژوویی پەرەسەندن شکێنرا.

ئێستا لەنێو مەیلە لیبراڵەکان و حەماسەتى جوانى رێنیسانسدا ئاشت بوونەوە لەنێوان مەسیحیەت و شارستانى کلاسیکیدا روویدا لەوێدا پێکەوەلکانى جۆرەکان و رەگەزەکانیان روویدا، یەکێتى لێکترازاوى مێژوویی گەڕایەوە، ماوەى نێوان جیهانى کۆن و مۆدێرن داخرا، لقە شکێنراوەکە بەدرەختە کۆنەکەوه‌ لکێنرایه‌وە.

گرنگى ئەم گەڕانەوەیەى یەکێتى لێکترازاو بۆ مێژووى گەردوونى ئه‌وه‌یه‌، لەلایەن سەدەى مۆدێرن بۆ فەرامۆشکردنى دوورودرێژى کەلتورى دێرینە، که‌ زۆر بەدەگمەن دەکرێت لەخۆى زیاتر هەڵسەنگێنرێت، چونکە ئەو کەلتورە لەوەى کە لەخۆی گرتبوو تەنها باشترین بیرکردنەوە و رەگەزى مرۆڤ نەبوو یاخود ئەوەى کە هەستى پێدەکرد لەماوەى بەرزترین دەستەڵاتیدا، بەڵکو هەروەها ئەو کۆگا زانستیە پڕ بەهایانە بوو کە نەتەوە و مرۆڤى کۆن کەڵەکەى کردبوون و کۆى کردبوونەوە. تەواوى ئەم گەڕانەوە و شیاوکردنە مەبەستى ئەوە بوو بۆ جیهان وەک سەرۆکى پێشوو ووڵسەى دەرى بڕى لەم ووشانەدا، شارستانى کۆن گەنجینەى تیادا بوو کە بەهاى بەردەوامى هەبوو کە جیهان بۆى نەکرا بیهێڵێتەوە، کە جیهان ناتوانێت و نایەوێت هەرگیز بیهێڵێتەوە. ئەمانە چوونە شادەمارى ژیانەوە و یارمەتى راستەقینانەیاندا له‌ سەلماندنیدا بۆ پێشکەوتنى کەلتور کەلەیەک شتدا کۆیکردنەوە لەجوانى و راستى هەموو سەردەمەکاندا.

چاکسازى لەپەروەردەدا کرد

زیندووبونەوە هیومانیستیەکە شۆڕشى بەرپاکرد لە بوارى پەروەردەدا. لەماوەى چاخەکانى ناوەڕاستدا زمانى لاتینى داڕماو بووە جاڕگۆنێکى بەربەرى و هەروەها زمانى یۆنانى لەبیرکراو فەلسەفەى ئەریستۆ بەلارێدابرا. سەبارەت بە ئەفلاتۆنیش، بیریارەکانى چاخەکانى ناوەڕاست ئاگایان لێی نه‌بوو. ئێستاکە هیومانیزم زمانى رەوانى لاتینى گەڕاندەوە بۆ جیهان و سەرلەنوێ زمانى یۆنانیشى دۆزیەوە و ئەوکارە کلاسیکیە کۆنانەى کە وەک میراتێک بۆ ماوەیەک رەتکرانەوە و سەرلەنوێ دۆزیەوە کەتیایدا فەلسەفەى ئەفڵاتۆنى هەبوو کە هێزى بەرزکردنەوە و ووزە بەخشى بیرى مۆدێرن بوو.

قوتابخانە و زانکۆکان بەدەر نەبوون لەکاریگەرى ئەم زیندووکردنەوه‌ هیومانیستیانە. جێگا بۆ زمان و ئەدەبى یۆنانى و لاتینى نەک بەتەنها لەزانکۆ نوێیەکاندا کە دامەزران لەژێر کاریگەرى سروش بەخشى مەعریفەى نوێ، بەڵکو لەزانکۆ کۆنەکانیشدا دانرا. میتۆدى سکۆلارى و رێنماییەکان کە لەپاشدا باسى ئەکەین بەشێوەیەکى قۆناغ بە قۆناغى سیستمى کلاسیکى پەروەردە جێگەى گرتەوە کە هەژموون بوو لەسەر قوتابخانە و زانکۆکانى جیهان هەتاوەکو هاتنى دیراسە زانستیەکانى رۆژگارى ئێستا.

رێگەیدا بە پەرەسەندنى ئەدەبى خۆماڵى

زیندووبوونەوەى کلاسیک گەنجینەى دوو ئەدەبى بەرزى گەورەى بەخشیە جیهان، هەروەها شاکارى نووسەرە کۆنەکانى بەخشیە سکۆلارەکانى ئەوروپا لەگەڵ زۆر لەبابەتى نوێ و مۆدێلى بێ خەوشى چێژ و حوکمى ئەدەبى کە جیهان تائەوکاتە بەرهەمى نەهێنابوو. کاریگەرى ئەمەش لەراستکردنەوەى زیادەڕۆییەکانى خەیاڵى چاخەکانى ناوەڕاست و لەدروستکردنى ئایدیاڵى ئەدەبى راستدا دەکرێت ببینرێت لەئەدەبى ره‌سه‌نی ئیتالیاو فەرەنساو ئیسپانیاو ئینگلتەرادا.

شیاوە بڵێین کە لەراستیدا ئەو سەرنجەى درابوو لەکارى کلاسیکى کۆن و ئەو بەکارهێنانە پەسەندکراوەى لاى زۆر لەنووسەرەکان لەکات و کۆتایی چاخەکانى ناوەڕاست و سەرەتاکانى ماوەى مۆدێرنى لاتینى وەک زمانى ئەدەب پەرەسەندنى ئاسایی ئەدەبى خۆماڵى نەتەوە ئەوروپیەکانى هێواشکردەوە، (هەندێک لەهەرە کارە ئەدەبیە باشەکانى ئەو ماوەیە بەلاتینى نوسرابوون بۆ نموونە و سەلماندنیش کارەکانى Colloanies ى ئیراسموس و بۆتاپیاش مۆرن).

بۆ ئیتاڵیاش راستە کەئەو ئەدەبە خۆماڵیەى هاتبووە بوونەوە بەوه‌عدێکى گەورەى وەک لاى دانتێ و پێترارک و بۆکاسیۆ، که‌ ماوەى سەدەیەک فەرامۆش کرابوون، هه‌بون. بەڵام لەئەوروپاى سەرووى چیاى ئەلپ، بێجگە ئەڵمانیا، کەلەوێ زمانى لاتینى بەتەواوى جێگەی ئەدەبى خۆماڵی گرتبووەوە، دیراسەى زیندووبوونەوەى کارە کلاسیکیەکان هەمان کاریگەرى گەورەى نەبوو کە لەئیتالیادا هەیبوو، بەپێچەوانەوە وەک ئێستا ووتمان کاریگەرى هیومانیزم لەسەر ئەدەبى ئەوروپا، بێجگە لەچەند هەڵاوێردێک، بۆ ئەوەبوو دەوڵەمەند و بێ خەوشیان بکات.

زانستى ئەرکیۆلۆژیى و رەخنەى مێژوویى خوڵقاند

زۆرى زانستەکان لەسەرەتاى دروستبوون بوون لەرێنیسانسدا. بۆ زانستى ئارکیۆلۆژیش هه‌روایه‌ کەخاوەنى سەرنج لێدانى تایبەتیە لاى قوتابى مێژوو که‌ دەکرێت بەڕاستى بووترێت کە لەزیندووبوونەوەى کارە کلاسیکیەکاندا لەدایک بووبێت. ئەوەندە نیە کە تێبینى ئەو هەستەمانکرد بۆ میراتى لەمێژە کە رۆحى مرۆڤى سەردەمى رێنیسانسى هەژاند.

لەلاى سکۆلارە ئیتالیەکان داڕماوەکانى ئیتالیا یەکەم بابەتى فزوڵى و په‌رۆشی ئارکیۆلۆژیانە بوون. لەسەدەى پانزەمەوە تا ئەمڕۆ بایه‌خدان به‌ مۆنیۆمێنت و کارە دەستیەکانى سەدەکانى رابردووی شارستانى بەبەردەوامى فراوان و قوڵ بوونە ته‌وە و ده‌ست پێشخه‌ری لەزۆر دۆزینەوە کردوه‌ نەک بەتەنها لەرووى کلاسیکى بوونەوە، بەڵکوبۆ نمونه‌ له‌ ناوخاکى هێبرو ئاشوریەکان و میسریەکاندا ئەو دۆزینانەوانه‌ى سه‌باره‌ت به‌ چیرۆکى رەگەزى مرۆڤ بۆ ماوەیەکى زۆر لەمێژەى دوور سەرەتایەکى تەواو نوێى بەخشیە مێژوو.

ئەوەى سەبارەت بەزانستى ئارکیۆلۆژى راستە بەهەمان شێوە راستە سەبارەت بەرەخنەى مێژووى. بینیمان کە ئەو رۆحەى بەئاگاهاتەوە لەرێنیسانسدا رۆحێکى پرسیارکەر و رەخنەگر بوو کە زۆر جیاواز بوو لەرۆحى ساویلکەى چاخەکانى ناوەڕاست کە ئامادەبوو قبووڵى هەرچى ترادیسۆنێکى وێنەیی یاخود چیرۆکێکى نامۆیان بەبێ لێکۆڵینەوە لەسەرچاوەى راست بوونەکەى بکات. ئەمە ئەو رۆحە بوو کە لەناو پێترارک دا هەژێنرا، دەبینین بەراورد دەکات و رەخنە دەگرێت لەنووسەرە کلاسیکیەکان و بەتەنها دواى ئەوانە دەکەوێت کە هۆى هەیە بۆ باوەڕهێنان بەوەى کەشایەنى ئەو دواکەوتنەن.

بەڵام دامەزرێنەرى راستەقینەى زانستى رەخنەى مێژوویى لاورێنتیۆس ڤالا بوو (1407-1457). دەستکەوتى گەورەى وەک رەخنەگرێک روونکردنەوە بوو لەرووى فیلۆلۆجى و مێژووییەوە، سه‌باره‌ت به‌کاراکتەرى نارەسەنى کتێبى Donation of Constantine بوو. هەروەها شیکارى دەستەڵاتى لیڤى کردوو و ئەو کاراکتەرى پاڵنەرى ئەو نامە گۆڕینەوەى نێوان سێنیکاو ئەپۆستڵ پۆل بوو.

دەستکەوتەکانى ڤاڵا دەرکەوتن لەرەخنەى مێژوویدا. لێرەدا رەخنەى بێژەرەوە و هەڵسەنگاندنى سەرچاوە مێژوویەکان دەستى پێکرد کە بووە ئەنجامى رەتکردنەوە و لێسەندنەوەى متمانه‌ لە هەزاران ئەفسانەو خورافە کەپێشتر دانرابوون وەک بابەتى مێژوویی نەشیاو بۆ دەست لێدان و رەخنەگرتن. هەروەها بوونە ئەنجامى سەرلەنوێ دروستکردنەوەى مێژووى رۆژهەڵات و کلاسیکى و چاخەکانى ناوەڕاست.

کاریگەرى دانا لەسەر ریفۆرمى ئایینى

بزووتنەوەى هیومانیستى، وەک پێشتر تێبینیمانکرد، کاتێک چیاکانى ئەڵپى بڕیوو خۆیکردە کاراکتەرێکى نوێ لەناو نەتەوەکانى باکووردا، ئەوە رابردووى هیبرو بوو نەک رابردووى یۆنان و رۆمانیەکان کە جێگەى سەرنجى سکۆلارەکان بوون لەباکوور. ئینجیل، کە دەزگاکانى چاپکردن چاپیان دەکرد به‌ زمانی هیبرۆ و یۆنانى رەسەن هەروەها بەزمانە خۆماڵیەکانیش، بووە بابەتى دیراسەکردنێکى په‌رۆشانه‌ و تەفسیرى نوێ. لەعاقیبەتدا، ئەوەى کە لەباشوور زیندووکردنەوەى ئەدەب و هونەرى کلاسیک بوو، بووە زیندووکردنەوەى مەسیحیەتى سەرەتایی لەباکوورى زۆر جیدى و هەستیاردا. هیومانیست بووبە ریفۆرمخواز. ریۆچلین و ئێراسموس و هیومانیستەکانى ترى باکوور بانگەواز خوازى راستەقینەى شۆڕشى گەورەى ئایینى بوون لەسەدەى شانزەهەمیندا.

 

سەرچاوە: www.shsu.edu

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: