گەڕانەوە بۆ ئایینی کوردی

963
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: چۆلی فایەق

زۆربەی لێکۆڵینە میتۆلۆژییەکان بەلای ئەوەدا دەچن، کە خاکی کوردستان لانکی گۆشکردن و پێگەیاندنی ئایینە سەرەتاییەکانی مرۆڤ بووە. سەرەڕای ڕێوڕەسم و سرووت و ئاماژە ئایینییەکانی نێو ئەشکەوتی شانەدەر و زنجیرەچیاکانی زاگرۆس، بیروباوەڕە دینییەکانی سۆمەرییەکانیش (کە وەک دایکی ئایینەکان لێی دەڕوانرێت) تۆوەکەی لەنێو خاکی کوردستان چەکەرە دەکات و خونچەی داستانی “گلگامش”یش لە لوڕستانەوە دەپشکوێت. ئەو ئەفسانە یان داستانەی تەکانێکی بە دونیابینی و شێوەژیان و جیهانی ڕۆحانیاتی مرۆڤایەتی دا.

ڕۆژان دێن و دەڕۆن و خاکی کوردستانیش هەر لە پێشوازیی ئایین و ڕێباز و مەزەبی جوایەز دەبێت، بەر لە هاتنی ئایینی ئیسلام بۆ کوردستان، کوردەکان جگە لە ئایینی زەردەشتی بەشێوەیەکی بەرچاو پێڕەوییان لە چەندان ئایینی دیکە کردووە. لە نموونەی “مەسیحی ـ دیان، مانەوی، مەزدەکی، ئێزەدی، یارسانی…تاد”.

بەر لە گەشەکردنی زەردەشتیێتی، ئایینی میترایی لەسەر خاکی کوردستان ئایینی زۆرینە بووە. دانیشتووانی قەڵاتی هەولێریش، بەگوێرەی یادداشت و ژێدەری مێژوویی قەڵاتییەکان خۆیان، بەر لە هاتنی ئیسلام زۆرینە لەسەر ئایینی مەسیحی بوون و مزگەفتی قەڵاتیش، کە بە مزگەفتی گەورەی شار ناسراوە، پێشتر کڵێسا یان مەعبەدی دیانەکان بووە.

لەو ساڵانەی دوایی لەنێو گوتاری ڕووناکبیریی کوردی، بەیداغی گەڕانەوە بۆ ئایینی کوردی دەشەکێنرێتەوە و وا نیشان دەدرێت کە هەموو نەهامەتی و دەردەسەریی کوردەکان لە دەستبەردانیانە لە ئایینی کوردی و بەگەڕانەوە بۆی، کورد لە نەگبەتی ڕزگاری دەبێت و وەڵاتەکەشی دەبێتەوە بە بەهەشتی ڕازاوە. لەو میانەیەشدا هەردەم زەردەشتیێتی وەک ئایینی ڕەسەن و ڕاستەقینەی کورد پێشنیار دەکرێت.

لێرەدا پرسێکمان لێ قیت دەبێتەوە، ئەوەی کە بۆچی دەنێو هەموو ئایینەکانی بەر لە ئیسلام، تەنیا زەردەشتیێتی بە ئایینی کوردان هەژمار دەکرێت و داوای گەڕانەوەی بۆ دەکرێت.

ئەو شێوازە لە سەوداکردن لەگەڵ ئایینەکان، دوورە لە بنەوا و وردبوونەوەی کۆمەڵزانی و دینزانی. گوتارێکی ناتۆکمە و سادەیە، کاتێ بە بەهانەی “ئایینی کوردان” داوا لە هاووڵاتان بکرێت کە بەرەو ئایینی زەردەشتی بگەڕێنەوە. ئەگەر “زەردەشتیێتی ئایینی کوردان”ە ئەرگیۆمێنت و بەهانەی سەرەتا و کۆتا بێت، ئەوسا دەکرێت بۆ بیروباوەڕە ئایینییەکانی سۆمەرییەکان و بت و خواوەندەکان و دواتر مێترایی و مانەوی و ئێزیدی و ئایینەکانی تریش بگەڕێینەوە، دەبێت بۆ سەتان ڕێبازۆکەی پڕ لە خوڕافات و خوزعبەلاتیش بگەڕێینەوە، چون ئەوانیش هەموو لەسەر خاکی کوردستان بەربڵاو بوون و کورد و گەلانی دیکەی کوردەواری بە مێنتەڵێتیی ئەو ئایین و ڕەوتە جیاوازانەوە لە دونیایان ڕوانیوە.

کورد و ئایین، بەگوێرەی کاتبەندی “کرۆنۆلۆژیا”ی هەبوونی خۆی لەو بوونەدا لە پێوەندیییەکی گۆڕاودا بوون، شوێنکات “زمکان”ی ناجێگیر و کەموێنەی جوگرافیای کوردستانیش ڕێی بۆ ئەو فرەیی و گۆڕانە هەردەمییە ڕۆحییەکان خۆش کردووە.

ناتوانرێت هیچ ئایینێک بە ئایینی ڕەسەن و یان تاکە ئایینی کوردان دابنرێت، سرووشت و مۆرکی جڤاکی کوردی وەکچۆن لە زمان و داب و ئاکاردا فرە و ڕەنگاڵەن، لە ئایین و دیوە ڕۆحانییەکانیش هەروەتر هەر وەهایە. هەر ئایینەو بەگوێرەی قەبارەی نەخشە و گوتاری خۆی، خۆی لەنێو دونیابینی و ئاکار و سلووکی گەلی کوردستان چەقاندووە. بۆیە چەند ئاساییە کە مانەویێتی و ئێزدیێتی و ئەوانی دیکەش بە ئایینی کوردان دەناسرێن، وەهاش ئاساییە ئیسلام (لە قۆناغی کۆتایی ئایینی نوو دەنێو کورداندا) بە ئایینی کورد بناسرێت. ئایینناسی هیچ دژایەتییەکی لەگەڵ ئەو تێزە نییە، کورد لە دەرکەوتنەوەی نوویدا ناسنامەکەی پێبەندە بە ئایینی ئیسلام ـ سووننی و ڕەگوڕیشەیەکی هەزاروئەوەندە ساڵ هاوتەریبیی لەگەڵ دونیابینی و ژیانی کوردیدا هەبووە.

ئەو گفتوگۆیە هیچ بەرهەمێکی نابێت، کە ڕوانینمان تەنیا لەسەر ئەوە چڕ بکەینەوە ئاخۆ کامەیان ئایینی ڕەسەنی کوردانە! .. ئەگەر قەرارە ئایین بەر لە هەر شتێک پڕۆسەیەکی ڕۆحی و ناوەوەیی تاک بێت، دەرەچەیەکی مرۆڤ بێت بۆ گەڕان لە دیوە شراوەکانی وجوود و لێرەبوونی خۆی و خەلق و سەرەنجامی خۆی، ئەوسا سنووری نەتەوە و زمان دەبڕێت و ئاسایی دەبێت کە هاووڵاتییەکی ئەمەریکایی پێڕەوی لە بودایزم بکات کە نە دەنێو نەژادی ئەوە نە لەنێو زمانەکەیشیدایە.

ڕووناکبیری کوردی لەو گوتارەی کە پێی وایە تەنیا زەردەشتیێتی ئایینی کوردانە و بۆیەش دەبێت بۆی بگەڕێینەوە، نەک سوودێکی ئەوتۆ بە ژیانی کۆمەڵگە ناگەیەنێت، بگرە زیان بە پاشخانێکی قووڵ و لەمێژینە دەگەیەنێت و دووبارە نامۆبوون یان شۆکێکی ڕۆحی پێشکێش بە تاکی کورد دەکاتەوە. ئێمە ئەگەر وا دابنێین کە بەڵێ زەردەشتیێتی تاکە ئایینی ڕەسەن و ئەسڵی کوردانە، بەڵام دەبێت پێ لەوەش بنێین کە زەردەشتیێتی بۆ چەندان سەتەیە لە خۆی و خەڵکی کوردستانیش دابڕاوە، ئەوەی سەریشی هەڵداوەتەوە ئەو زەردەشیێتییە نییە کە لە ئەوسای کوردستاندا چالاک چاپووک بووە. لە دەرکەوتنەوەی نووی نەتەوەی کورد، هێندەی ئیسلام بە ئایین بۆ کورد هەژمارە، زەردەشتیێتی ئەو هێزەی لەبەردا نەماوە ئەو ڕۆڵە بگێرێت، عەیامێکە لە ئایینی میللی کەوتووە.

بەڵام .. کاتێ گفتوگۆ و گوتارەکە بە ئاراستەیەکی تردا ببەین، بەوەی پرسی فەلسەفەییبوونی زەردەشتیێتی و فەیلەسووفبوونی زەردەشت بڕوژێنین، ئەستەم نییە سەرەوەڵامێکمان بۆ ئەو پرسینە دووبارە و بێزارکەرە “ئایا کورد فەلسەفە و فەیلەسووفی هەیە؟” دەست بکەوێت. لە خوێنەواران ڕوونە کە لەکن نووسەر و لێکۆڵەرانێکی بەرچاوی ڕۆژاوا، زەردەشت وەک فەیلەسووف چاوی لێ دەکرێت، فەیلەسووفانی وەک نیتچە و هێگڵ بە چاوی فەلسەفەوه لە زەردەشت و ئاوێستایان ڕوانیوە.

ئەلێرەدا کاتێ لێمان دەپرسرێت: کورد فەلسەفەی هەبووە؟ دەکرێت ئیدی ڕووی ئەوەمان هەبێت زەردەشت وەک فەیلەسووفێکی کورد هەژمار بکەین.

لە مێژووی سەت ساڵەی ڕابردووی نەتەوەی کورد هێندەی لەسەر وەڕگەڕان لە [خێڵ و عەشیرەت و حزب و ڕەوت و دەڤەرچێتی و سوخرەکێشی و ناپاکژی…] خەڵک کوژراون و شەڕی خوێناوی بەرپا بووە، نیو هێندەش لەسەر وەڕگەڕانی دینی و لە شەڕەدینیدا خەڵک نەکوژراون. گەلی کوردستان بە [موسڵمان و دیان و ئێزیدی و عەلەوی و یارسانی…] پێکڕا کوشتەی یەک دەردی هاوبەشن، پێکڕا لەنێو یەک کەوانەی داخراودا بوونی خۆیان لێ زەفت و تۆق کراوە. گەلی کوردستان لە هەبوونی فرەیی ئایین ڕاهاتووە، بگرە کەم وەڵات هەیە وەک کوردەوار لە واقیعیشدا پێڕەویی لە باوەڕی جیا و ڕۆحانییەتی جودا کردبێت. ئەوەی گرفتێکی لەمێژینە و گرێیەکی هەمیشەییە، ئەوەیە کە ئاخۆ کورد فەلسەفەی هەبووە. بۆیە زەقکردنەوەی گوتاری “گەڕانەوە بۆ زەردەشتیێتی وەک ئایینی کوردان” هیچ کەلێنێکی ماریفەتیی کوردی پڕ ناکاتەوە، بگرە دەرەزی زێتریشی تێ دەخات.

لەو سەردەمەدا کە سەردەمی پاشەکشە و پەراوێزخستنی ڕۆحانیات و ئایینەکانە، چاخی دیگیتاڵی و دەرککردنی ئاسمان و گەردوون، ئەوەی هەرەوەزیمان دەکات لە پڕکردنەوەی بۆشاییەکان، هێنانەپێشەوەی گوتاری “زەردەشت وەک فەیلەسووف”ە و پێرەویکردنی کوردە لە زەردەشتیێتی وەک قوتابخانەیەکی ئاکاری و ڕۆحی، نەک وەک ئایین. زەردەشتیێتی گەر وەک قوتابخانەیەکی فەلسەفەیی پەروەردەیی ئاکاری و ڕۆحی ڕەچاو بکرێت، بۆی هەیە وەک بودایزم نەک تەنیا لە جوگرافیای خۆی، بگرە لە سەرتاپێی جیهان چاوی لێ بکرێت و خەڵکی پێرەوی لێ بکەن .. بەڵام وەک ئایین، ئەو هێزەی نەماوە و نابێت.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: