گۆرانی سیرێنەکان

526
0
بڵاوکردنەوە:

کایەی دەنگ وەک شوێنگەی لەدایکبوونی خود

نووسینی: بەکر عەلی

بۆکوێ بانگت بکەم، کە من خۆم لەناوەوەتدام؟

ئەی تۆ لەکوێوە دەبێت بێیتە ناومەوە؟

من دەمەوێت شوێن ئەم دەنگەت بکەوم و بتگرم

– ئەوگەستینۆس. دانپێدانانەکان.

ئایا کرۆک و سوبستانسی خود لەچیدایە؟ ئێمە چۆن دەرک بە خۆمان وەک سوبیەکتێک دەکەین. وە ئایا دەرککردن بە خود لەڕێی ئامرازی دەرەکییەوە دەبێت یان بەهۆی ئۆرگانە هەستەوەرییەکانی خود خۆیەوە؟ بەڵام کە خود خۆی ناسی، ئایا وەک تەنێکی گشتی، وەک یەکەیەکی یەکانگیر خۆی دەناسێت، یان وەک چەند پارچەیەکی لێکپچڕاو؟ بە گشتی با بپرسین ئایا خود بە چی خۆی وەکوو خودێک دەناسێت؟

خود ئەگەر لەسەردەمی کلاسیکەوە بە تەنیا بریتی بووبێت لەکێشەیەکی فەلسەفی، ئەوا لەمۆدێرنە بەدواوە، واتە لەوکاتە بەدوواوە کە چەمکی(ڕۆح) گۆڕاوە بۆ (دەروون/پسایکۆ)، ئیدی بووەتە مادەیەکی خامی بونیادییانەی کایەیەکی تەواو نوێ کە بە دەروونناسی (پسایکۆلۆگیا) ناسراوە. واتە دەشێت بگوترێت کە پسایکۆلۆگیا بە شێوەیەکی گشتی باسی سەرەکی بریتییە لەڕاڤەکردنی خود و شیکارکردنی سوبیەکت. لێرەشەوە لەچەندین شیکاردا تیۆرەی جیاواز بەرهەمهێنراوە، لەفرۆیدەوە بە تێپەڕینی بەسەر یۆنگ و فرۆم و تا دەگاتە لاکان، کە وەک تیۆریسازی شیکاری دەروونی ناسراون، هەوڵی دەروونشیکارییانە دراوە بۆ ناسینی مرۆڤ لەڕوانگەی دەروونناسییەوە.

ئەم نووسینە خۆی لەو ڕاڤەیە هەڵدەقورتێنێت، کە بۆ یەکەمینجار لەکێڵگەی ئەنترۆپۆلۆگیدا توانی دۆزینەوەیەکی نوێ بۆ سوبستانسی خود دەستنیشان بکات. ئەو ڕاڤەیەش لەکارپێکردنی تیۆری کایەناسیدا پیادەکراوە، کە فیلۆسۆف پیتەر سلۆتەردایک لەسێینە کتێبە زەبەلاحەکەیدا بەناوی (کایەکان) دایڕشتووە.

ئەم سێینە کتێبە، لەقەبارەی پتر لەدووهەزار و پێنجسەد لاپەڕەدایە، بریتیە لە(کتێبی یەکەم/ بە ناوی بڵقەکان، دووەم/ بە ناوی گۆ، سێیەم/ بەناوی کەفەکان) پرۆژەیەکی گەورەی فەلسەفی، ئەنترۆپۆلۆگی، کولتورناسی، ئەرشیتێکتۆری، سۆسیۆلۆگی و پسایکۆلۆگی و گەلێک کێڵگەی تری زانستی و زانینی لەخۆ گرتووە بۆ خوێندنەوەی تەواوی کایە بچووک و کایە گەورەکانی ژیان.

لێرەدا لەپێناوی ڕیشەکانی ناسینی خود قسە لەسەر بەشێک لەبەرگی یەکەمی ئەو کتێبە دەکرێت بە ناونیشانی (قۆناغی سیرێنەکان)، کە سلۆتەردیک لەڕێی خوێندنەوەکەی لاکان بۆ (قۆناغی ئاوێنە)، ڕەخنە لەم تیۆرییە بەناوبانگەی لاکان دەگرێت و ئەو تیۆری قۆناغی سیرێنەکان دادەڕێژێت.

  • قۆناغی ئاوێنەی لاکان

لەڕێی ئەم تیۆرییەوە لاکان ئەوە دەدۆزێتەوە کەوا سەرەتا لای منداڵ سوبیەکت لەقۆناغی ئاوێنەدا دروست دەبێت. کاتێک منداڵ بۆ یەکەمینجار تەماشای خۆی لەئاوێنەدا دەکات، لەو ساتەدا ئیتر بۆ یەکەمینجار ئەو وەکوو (گشتێک) دەرک بە خودی خۆی دەکات. دەرک بەخودکردن لەڕێی وێنەکەوە دەبێتە مایەی پێدانی ناسنامە بە منداڵ. دیارە لاکان پێیوایە بەر لەقۆناغی ئاوێنە منداڵ خۆی وەک لەشێکی گشت و تەنێکی یەکانگیر نابینێت، بەڵکوو وەکوو پارچەپارچە و هەر جارەی بەجیا دەرک بەئەندامێکی خۆی دەکات. بەڵام بەبینینی وێنەی ناو ئاوێنەکە ئیتر خود دەبێتە لەشێکی گشتگیر و لەوێدا دەرک بە (من/خود) دەکات.

لێرەدا ئەم تیۆرییە لاکانییە وێنەیەکی ئەنترۆپۆلۆگی خود پیشان دەدات. کە تێیدا لاکان پێ لەسەر گرنگی وێنە دادەگرێت لەهەر هەوڵێکی ناسینی خودی مرۆییدا. چونکە ئەوە تەنیا مرۆڤە لەگەڵ بینینی وێنەدا خۆی دەرگیر بە ناسنامەی خودەوە دەکات، لەکاتێکدا ئاژەڵ وەها نییە. بە نموونە ئەگەر شەمپازییەک تەماشای وێنەی خۆی لەئاوێنەدا بکات، هیچ بایەخێکی ئەوتۆی پێنادات، وێنەکە بۆ ئەو هیچ ئەندێشە و سیمبۆلێک ناگەیەنێت. لەکاتێکدا لای مرۆڤ بینینی وێنەکە دەبێتە مایەی بەخوددەرککردنێکی ڕیال. واتە لای لاکان وێنەکە دەبێتە ڕیال و لەشە ڕاستەقینەکە دەبێتە پەراوێز و لاپاڵ. پێدەچێت لاکان لەژێر کاریگەری هایدێگەردا بووبێت، کاتێک ئەو جیهانی وەک وێنە ڕاڤە دەکرد. لاکان سێینەیەکی تایبەت بەخۆی هەیە بۆ وێنە کە بریتین لە: وێناندن/ ئیماگینێر، هێما/ سیمبۆل وە ڕیال. وێناندن پەیوەستە بە توانای فانتازماتیکییانەی مرۆڤەوە. هێما پەیوەستە بە گرێدانەوەی ئەم توانایە بە ڕێکخستنە ئاماژەییەکانەوە (وەک سۆسیال). ڕیالیش واتە ڕەهەندە ئاشکراو دیارەکەی ئەم توانایە دەگرێتەوە. قۆناغی ئاوێنە پێڤاژۆیەکی دەوونییانەیە بەدوو ئاستدا تێدەپەڕێت:

  1. یەکەمیان کاتی دەرککردنی مناڵەکە بە وێنەکە.
  2. دووەمیان کاتی دەرککردنی بە تەماشاکە.

لەم پێڤاژۆیەدا تەماشاکردنەکان تێکەڵ بە یەکتری دەبن، وێنەی ئەویتر لەگەڵ خۆمدا تێکەڵ بە یەکتری دەبن. من جێی خۆم دەگۆڕم بۆ ئەو، من لەخۆم دەچمە دەرەوە و لەوێدا خۆم دەناسم. لێرەوە لاکان پێناسە ناودارەکەی دەکات و دەڵێت: (من ئەویترە.). ئەمە یەکەمین دیدارە بە خود لەڕێی تەماشاکردنی ئەویترەوە.

لاکان بۆ مەسەلەی تەماشا، ئەم دیمەنەی ئەوگوستینۆس دەهێنێتەوە: مناڵێک بە تەماشایەکی ژەهراوییەوە دەڕوانێتە دیمەنی شیرپێدانی مەمکی دایکی بە برا بچووکەکەی، لەم تەماشاکردنەوە لاکان قۆناغی ئاوێنە تەواو دەکات، واتە ساتی خۆناسین بەرکەماڵ دەبێت و خود بە تەواوەتی خۆی دروست دەکات.

  • ڕەخنەی سلۆتەردایک

بەم پێیە بنەڕەتی کێشەکە لای لاکان ئەوەیە وێنەکە دەبێتە ڕیال و خودە ڕاستەقینەکە دەبێتە لاوەکی و مارگینال. لێرەوە سلۆتەردایک یەکەمین ڕەخنەی خۆی ئاراستەی ئەم تیۆرییە دەکات و پێیوایە دەبێت ژێدەرێکی گەلێک دێرینتر هەبێت کە لێوەی منداڵ دەرک بەخۆی و بەجیهان دەکات، کە ئەو ژێدەرە بە پێی توێژینەوە جینیالۆگییەکەی سلۆتەردایک بۆ منداڵ، بەپێی لێکۆڵینەوەی پزیشکی، لەتەمەنی هەرە کۆرپەلەییدا بریتییە لەناو منداڵدانی دایک، وە لەوێدا لەتەمەنی بیست وچوار هەفتەییدا کۆرپە لەگوێچکەی توانای بیستنی دەبێت لەڕێی بڕبڕاگەی پشتی دایکەوە جیهانی دەرەوە دەبیستێت و لەناویشەوە هەموو هاژە و خوڕەی ناوسکی دایک دەبیستێت. واتە سلۆتەردایک پێیوایە ئەوەی وادەکات منداڵ دەرک بە خود بکات بریتی نییە لەوێنە، چونکە زۆرینەی ماڵەکان تا سەدەی نۆزدەش ئاوێنە لەماڵەکانیاندا بوونی نەبووە، بەڵکوو لەڕێی ئۆرگانی گوێچکەوە لەقۆناغێکی زۆر زووتردا دەتوانێت گوێبیستی دەنگەکان بێت، واتە دەنگ یەکەمین ئامراز و یەکەمین کایەی دەرککردنە بەخود. لەکایەی دەنگدا هەمیشە دووان هەن، گوێگرێک و قسەکەرێک، واتە دووانبوون مەرجی بنەڕەتی هەموو تاکێکە، بگرە تاک هیچ نییە جگە لەبەرەنجامی دابەشبوونی دووان. وەک حاڵەتی دایک و کۆرپەکەی کە کایەیەکی دووانین و سەرەتا دوای لەدایکبوون دەبنە دوو تاک. بۆیە سلۆتەردایک پێیوایە وێنەی ئاوێنەکە، وەکوو منێکی وەهمی کە لاکان دەیکاتە منێکی ڕیاڵ، لێرەدا بریتییە لەدیداری من بە منی دووەم: »کاتێک هەر دیدارێک بە وێنەی خۆم لەئاوێنەکەدا تەواو بەوە دەزانێت کە دووانبوون چ واتایەکی هەیە. وێنەکە ئاماژەی ئەوە دەدات بە دەرکەوتنی خۆم وەک تەنێکی یەکانگیر لەنێو تەنە یەکانیگیرەکانی تردا لەشوێنێکی بینینی ڕیال دا.« ل ٥٤٥.

ئەوەی لاکان وەک درامایەکی ئەنترۆپۆلۆگی هەمەکی کاری تێدا کرد و پێناسە ناودارەکەی کەدەڵێت: )من بریتییە لەئەویتر) وای لەخود کرد هیچ ناسنامەیەکی خۆی بەبێ هەبوونی ئەویتر نەبێت، بگرە لای لاکان ئەویتر، وێنەکەی دووەم، ناسنامەی ڕاستەقینەی منە، نەک منی ڕاستەقینە بریتی بم لەخودی خۆم، واتە خود لەڕاستەقینەیی خۆی بێتە دەرەوە و خۆی فڕێ بداتە ناو وێنە وەهمییە هەڵخەڵەتێنەرەکەوە، سلۆتەردایک پێیوایە ئەمە تەنیا لەنێو پەیوەندییە پاتۆلۆگییە سۆسیالەکاندا هەیە. »ئەم بەهای سنوورە پاتۆلۆگییە بارەگای خۆی لەژیاندا تەنیا لەناو سترەکتورێکی خراپی خێزانیدایە. « ل٥٤٦.

لێرەوە سلۆتەردایک پێیوایە تیۆرییەکەی لاکان بەشیوەیەکی ئیمپیریکی خۆی ناتوانێت ڕابگرێت. بۆیە ئەو سۆراغی ئۆرگانێکی تری زۆر دێرینتر دەکات بۆ دۆزینەوەی یەکەمین چرکەی دەرک بە خودکردن. یەکەمین ناسنامەی سوبیەکت کە لەجیاتی وێنە و چاوی تیۆرەکەی لاکان بریتییە لەدەنگ و لەئۆرگانی گوێچکە.

بۆ ساغکردنەوەی تیۆرەکەشی دێت و ڕاڤەی بەشێکی داستانی ئۆدیسیۆسی شاعیری گریکی هۆمیرۆس دەکات بەناوی )قۆناغی سیرێنەکان).

  • سیرێنەکان چین؟

وەڵامی ئەم پرسیارە ڕێک دەمانبەستێتەوە بەکرۆکی باسەکەمانەوە. لەئەفسانە گریکەکاندا هاتووە، کە سیرێنەکان بوونەوەرێکی مێینەی باڵدارن (کچی باڵدار)، لەشێوەی پەری و فریشتەدا، کە لەسەردەمی ئەمڕۆماندا ئەم بوونەوەرە بووەتە (پەری دەریا/کچی دەریا) کە کچێکە لەشێوەی ماسیدایە، ئەم سیرێنانە بەوە ناسراون کە دەنگێکی زۆر زوڵاڵ و شیرینیان هەیە وەک هۆمەر وەسفی دەکات بە هەنگوین، بە گۆرانی گووتنیان هەموو کەس گومڕا دەکەن و بەرەو دوورگەیەکی نەناسراو فریویان دەدەن و لەوێ سەرەونگوونیان دەکەن. دەنگێک هیچ کەسێک ناتوانێت بیبیستێت و فریونەخوات. دەنگێکی وەها ئەفسووناوی لەمێیەکی وەها جوانەوە، هەڵبەت هەموو لایەک گومڕادەکات. هۆمیرۆس لەداستانە گەورەکەیدا بەناوی ئۆدیسیۆس، باسی گۆرانییەکانی سیرێنەکان دەکات.

»سیرێنەکان ئەو فیگورە گرنگەن کە لەڕووی کولتورییەوە گەلێک خوێندنەوەی مۆدێرنی بۆکراوە، ناودارترینیان ئەوەی ئەدۆرنۆ و هۆرکهایمەرە کە ئۆدیسیۆس لەنێوان داستان و ئەفسانەدا، ئیپۆس و میتۆس دا، وەک نموونەیەک بۆ خۆسەرزەنشتکردنی خۆرئاوا و بۆ فێڵکردنی عەقلانی دەیخوێننەوە، وە هی فرانتس کافکایە کە لەبارەی بێدەنگی و سیرێنەکان دەدوێت و هی پیتەر سلۆتەردایکە، کە وەک کردەیەکی نێوەکییانەی دەنگەوەری و سۆنۆسفێری دەیبینێت، کە سێ خوێندنەوەی تەواو جیاوزن ئێمە هەوڵی ناساندنیان دەدەین.»

ئۆدیسیۆس لەگەشتە دەریاییەکەیدا و بەهاوەڵایەتی چەند یاوەرێکی خۆی چاوەڕوانی دەرکەوتنی ئەم سیرێنانە لەسەر ڕێیان دەکەن، بۆیە ژنەخواوەند (کیرکە)ی جادووگەر ئامۆژگاری ئۆدیسیۆس دەکات، (ئەم ئەمۆژگارییە بۆ هەموولایەکە، نەک بۆ یەک و دووان)، کە گوێچکەی یاوەرەکانی خۆی بە مۆم بئاخنێت تاوەکوو گوێبیستی ئەو گۆرانییە ئەفسووناوییە نەبن، وە ئۆدیسیۆس خۆشی ببەستنەوە بە کۆڵەکەی کەشتیە چارۆکەدارەکەوە و داواش لەیاوەرەکانی دەکات ئەم بەستنەوەیە چەندێک ئازاری بدات و هاوار بکات و بقیژێنێت هێشتا ئازادی نەکەن، بگرە توندتر بیبەستنەوە (ئۆدیسیۆس سروودی دوانزە).  لەم گەشتە دەریاییەدا، سیرێنەکان دێنە سەر ڕێیان و گۆرانی ئەفسووناوی خۆیان بەدەنگە شیرینەکەیان دەچڕن، وەک هۆمیرۆس وەسفیان دەکات، بەڵام هیچ کام لەسەرنشینانی کەشتییەکە ناتوانێت گوێبیستیان بێت، جگە لەئۆدیسیۆس، بەڵام ئەمیش بەستراوەتەوە و ناتوانێت بچێت بۆلایان.

پرسیاری گرنگ لێرەدا کە سلۆتەردایک لێوەی بەبێ هیچ ماندووبوونێک لەڕاڤە ورد و درێژەکەیدا دەیخاتە ڕوو، بریتییە لە: « ئەو بڕوایەی هۆمیرۆس لەکوێوە سەرچاوەی گرتووە، کەوا گۆرانی سیرێنەکان کوشندەن بۆ مرۆڤ؟ ئەم گۆرانیبێژە مێینانە چی لەبارەی مرۆڤەوە دەزانن تا بیکەنە قوربانی؟» ل. ٤٩٣

ئەوەی لەوان نزیک بێتەوە و گوێیان بۆڕادێرێت، فریو دەدرێت و چیتر ناگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە. ئەو ئەفسوونە لەکوێوە دێت، گۆرانی سیرێنەکان بتوانێت ئاوەها مرۆڤەکان جڵەوگیر و دەستەمۆ و گومڕا بکات؟ چییە، لەم گەشتە دەریاییەدا، هەرچییەکیان بەسەردا بێت گرنگ و بایەخی نییە، تەنیا ترسیان لەموزیک و گۆرانی هەیە؟

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە سلۆتەردایک ڕاڤەیەکی زۆر وردەکاری دەخاتەڕوو، دەمانبات بۆ لێکدانەوەیەکی پسایکۆلۆگی بۆ دەنگ و ئاواز، دەنگ وەکوو کایە، وەکوو شوێنێکی نەرم، بۆ ئینتیمیتێت و هەناوە گەرمەکەی نێو کایەکانی بوون و جۆرێك لەپسایکۆلۆگیای دەنگەوەری دادەهێنێت وەکوو یەکەمین کایەی ناسینی خود.

ئاوازی سیرێنەکان، ئاوازێکی زۆر نامۆیە. سلۆتەردایک پێیوایە هۆمەر هەوڵی ئەوەش دەدات کە دەسەڵاتی ئەم سترانبێژانە سنووردار بکات: « لەکوێ سیرێنەکان گۆرانی بڵێن، لەوێ با لەگڤەی خۆی دەکەوێت، بە لەمەکان بێدەنگ بە ئاوەکاندا لێژ دەبنەوە. دەریا دەبێتە ساڵۆنێکی کۆنسێرت. گوێگرەکان خامۆشانە دەچنە نێو ئەم ئاوازە خوداییەوە و گۆرانیبێژە باڵدارەکانیش شیری دەنگیان دەڕژێننە نێو گوێچکە داخراوە پڕ زەوقەکانی پیاوەکانەوە.» ل٤٩٦.

سلۆتەردایک ئەوە دەسەلمێنێت، ئەوەی لەسیرێنەکاندا گومڕاکەرە، شێوەی دەرکەوتنیان نییە، واتە ئەوان لەخودی خۆیاندا جوانییەکەیان گومڕاکەر نیە، بگرە ئەوەی فریودەرە لەواندا تەنانەت دەنگە شیرین و زوڵاڵەکەشیان نییە، ئاوازە شیرینەکەیان نییە، کە وا لەهەموو گوێبیستێک دەکات یەکڕاست خۆی بداتە دەستیان. لێرەدا سلۆتەردایک ڕەخنەش لەئەدۆرنۆ دەگرێت کە بەهەڵە پییوابووە موزیکی گومڕاکەری سیرێنەکان بریتی بووە لەسەرچاوەی سروشتە هەستیارییەکەیان، بەڵکوو لەڕاستیدا دەشێت وابووبێت سروشتی ئەم سیرێنانە لەوەدابووە کە شتە فریودەرەکانی خۆیان پیشان نەدەن، بەڵکوو بە گۆرانییەکانیان باس لەنهێنی ئەوانیتر بکەن. واتە ئەم گۆرانیبێژانە باسی جوانی خۆیان نەکردووە تا گوێگرەکان بەو جوانییە فریو بدەن: «(کۆنسێرتی سیرێنەکان بریتی نییە لەنمایشکردن و پێرفۆرمانسی پرۆگرامێکی فاسقانە، کە تاوەکوو ئێستا بەختی هەبووە لەوەی هەموو ئەوانەی بەوێدا تێپەڕیون بکەونە داویەوە و فریو بدرێن)، نهێنی سەرکەوتنی ئەم گۆرانیبێژانە لەگومڕاکردندا لەوەدا نییە کە بێپەروا گەنجینەکانی خۆیان نمایش بکەن، بەڵکوو هەمیشە لەوەدایە موزیکی موسافیر و ڕێبوارەکان بچڕن، بگرە تەنانەت چ بیرۆکەیەکیان لەبارەی موزیک و ئاوازە تایبەتییەکانی خۆشیانەوە نییە، تەنانەت شیرینی دەنگیشیان بریتی نییە لەسیفەتێکی موزیکی تا گۆرانییەکانیان کاریگەرتر بکات. بەڵکوو کاتێک دەنگی سیرێنەکان دەگەنە نێو گوێچکەکانەوە، بەتایبەت گوێچکەکانی ئۆدیسیۆس، و فریویان دەدەن، ئەمە لەبەرئەوەیە، چونکە ئەوان لەشوێنی گوێگرەکانەوە گۆرانی دەچڕن. نهێنییەکە لەوەدایە، ئەو گۆرانییانە بچڕن کە گوێچکەی ڕێبوارەکان حەز دەکەن بکەونە ناویەوە.» ل٤٩٧.

واتە فریودەری سیرێنەکان دەشێت تەنیا لەوێدا بێت کە گۆرانییەکانیان باس لەمنی بەرانبەر دەکات نەک باس لەخودی خۆیان. کاتێک گۆرانییەکان باسێکی جوان و پەسنێکی بەرزی ئۆدیسیۆس دەکەن، بە مانای خودی ئۆدیسیۆسیان کردووە بە گۆرانییەک و بۆ خودی ئۆدیسیۆسی دەچڕن. باسی ناوداری و نەبەزی ئەو دەکەن و بەسەر شان و باڵا و شکۆ و چارەنووسی ئەو بۆ ترۆیا هەڵدەدەن، سیرێنەکان ئەو داستانە دەکەنە ئاواز کە قارەمانەکەی ناوی ئۆدیسیۆسە. ل٤٩٦. (وەرە ئۆدیسیۆس، تۆ ئەی سەروەری جیهان، وەرە، کەشتییەکەت بهاژوو بەرەو کەنار و گویبیستی ئاوازەکەمان بە، کەسێک نییە لێرەوە گوزەری کردبێت و گوێبیستی دەنگی شیرینی هەنگوین ئاسای ئێمە نەبوو بێت ل٤٩٨).

هەڵبەت گۆرانییە سیرێنەکان زۆر کاریگەری قووڵ لەئۆدیسیۆس دەکەن، ئەو بەبەستراوی بە کۆڵەکەکەوە وەختە باڵ بگرێت و بفڕێت بۆ لایان، بەڵام دواجار دەتوانێت کۆنترۆڵی خۆی بکات و کۆنترۆڵی یاوەرەکانیشی لەڕێی ئەو تەکنیکەوە بکات. ئەگەرچی ئەدۆرنۆ ئەم فێڵەی دیۆنیسیۆس دەنرخێنێت و ئەو بەیەکەمین هاوڵاتی عەقلانی دادەنێت، بەڵام سلۆتەردایک دەگەڕێت بەشوێن دووراییەکی تری ئەم تەکنیکەدا. ئەو پێیوایە سروودی سیرێنەکان بریتییە لەو ئامرازەی کە حەز و ئارەزووەکان لێوەی دروست دەبن. «گۆرانییەکە، حەزی بیستنەکە و سوبیەکتەکە، هەمیشە سەربەیەکترن.» ل ٥٠١. ئیدی کۆی کارلێکردنی ئەم سێ توخمە پێکەوە سوبیەکتگەرایی دروست دەکەن.

بەم جۆرە، وەک سلۆتەردایک دەڵێت گۆرانی سیرێنەکان باسی ئۆدیسیۆسێک لەناو ئۆدیسیۆس دا دەکات، وەک ئەوەی بە قوڕقوڕاگەی ئۆدیسیۆس گۆرانی بچڕن نەک بە هی خۆیان. واتە سیرێنەکان گۆرانی ئۆدیسیۆس دەچڕن نەک هی خۆیان ئەم گۆرانییانە زۆر بەخێرایی و ئاسانی خۆیان دەخەنە نێو گوێچکەوە و لەوێدا هەرچی نهێنی و مەتەڵ و ڕاز و نیاز هەیە دەیکەنەوە و ئاهەنگی بۆدەسازێنن. ئەمەش تەکنیکێکی سەرسوڕهێنەرە بۆ چوونە ناوەوە و کۆنترۆلکردنی خودی ئەویتر. بۆیە ئەوان گۆرانی بەسەر شکۆ و ناوبانگی جیهانییانەی ئۆدیسیۆس دا دەچڕن، ئەوە دەڵێن کە خود حەزی پێدەکات، چونکە دەزانن نهێنی خود لەچیدایە، سیرێنەکان ژیانی ئۆدیسیۆس بە هەموو وردەکارییەکانیەوە دەکەنە گۆرانی و بۆ خودی ئۆدیسیۆسی دەچڕن، سلۆتەردایک وای دەبینێت ئەوە سیرێنەکانن مانایەک دەدەن بە خۆڕاگرتنی ئۆدیسیۆس.

لێرەدا ئەم ڕاڤەیە تەواو پێچەوانەی ڕاڤەکەی ئەدۆرنۆ و هۆرکهایمەرە کە لەدیالەکتیکی ڕۆشنگەریدا ل.٦٢ وەها هاتووە (بەچاوپۆشی کردنی قوربانی لەدژی قوربانی) مانا بەو خۆڕاگرییەی ئۆدیسیۆس دەدەن. لەدیالەکتیکی ڕۆشنگەریدا ئەوان پێیانوایە ئۆدیسیۆس بریتییە لەشەهادەیەک بۆ دیالەکتیکبوون و دووفاقبوونی ڕۆشنگەری، وە مێژووی شارستانی وەک مێژووی فەرامۆشکردنی قوربانی دەبیننەوە. بێگومان ئەدۆرنۆ لێرەدا ڕۆڵی نیتچە ناشارێتەوە وەک یەکەمین دۆزەرەوەی ئەم دووفاقێتییەی ڕۆشنگەری: «ئۆدیسیۆس یەکێکە لەوانەی بەردەوام زۆر لەخۆی دەکات، کەچی ئەو بریتییە لەقوربانی بۆ لەناوبردنی قوربانی… هەموو قوربانییەک زیاتر دەبەخشێت لەو شتەی کە لەپێناویدا قوربانی بۆ دەدات. ل٦٢/٦٣.»

لەکاتێکدا لای سلۆتەردایک چاوپۆشیکردن نییە، بەڵکوو شتەکە پێشبینیکردنە، یان ڕاستتر بڵێم پێشبیستن کردنە، بۆیە داوای بەستنەوە بە داری چارۆکەکەوە دەکات، وەک دەڵێت: «ئایا گەردوون بۆ ئەوە دروست نەبووە کە من لەم جێگایەدا بەتەواوی گوێبیستی خۆم بم. ل ٥٠٥».

لێرەدا سلۆتەردایک ئۆدیسیۆس وەک ئەو خودە ڕاڤە دەکات کە لەڕێی پێشبینییەکی دەنگەوەرییەوە بەرکەماڵبوونی پێویستی خۆی دەبینێتەوە.

لەکاتێکدا، وەک وترا، لای نووسەرانی دیا لەکتیکی ڕۆشنگەری، ئۆدیسیۆس بریتییە لەیەکەمین هاوڵاتی عەقلانی و (قوربانییەکە چاوپۆشی لەوە دەکرێت کە خۆی دەکاتە قوربانی). هەردوو نووسەری دیالەکتیکی ڕۆشنگەری، لەڕێی خوێندنەوەی کولتورییانەی ئۆدیسیۆسەوە، دەگەنە ئەو ڕایەی بڵێن مێژووی شارستانی بریتییە لەمێژووی خۆخواردنەوەی دەروونییانەی قوربانی، واتە مێژووی چاوپۆشیلێکردن Entsagung .

ئەدۆرنۆ زۆر باسی فێڵ دەکات کە ئۆدیسیۆس بەکاری دەهێنێت، بگرە پێی دەڵێت ئۆدیسیۆسی فێڵباز ل٦٣. بۆیە ئۆدیسیۆس وەک بەگژداچوونەوە و لاسارییەک هەر بەو دوورگەیەدا تێدەپەڕێت کە سیرێنەکانی لێن، وە هیچ هەوڵی لادان لەو دورگەیە نادات. فێڵ بریتییە لەلاسارییەکی ئەقلانی. ل٦٦)).

لەکاتێکدا لای کافکا مەسە لەکە بۆ دەنگ و گۆرانی نییە، بەڵکوو بۆ ئەو بێدەنگییەیە کە لەگەڵ گوێ ئاخنکردنی سەرنشینەکاندا بە مۆم دێتە کایەوە. جا لەم بارەدا سیرێنەکان گۆرانی بڵێن یان نا، ئەوا مادام گوێچکەکان گیراون و توانای بیستنیان نییە ئیتر هیچ مەسە لەیەکی ئەوتۆ نییە. لێرەوە کافکاش دەگەڕێتەوە بۆ ژێرخانە وێنەییەکەی داستانەکە و چ بایەخ بە دەنگ نادات، بۆیە ئەم زیاتر خۆی بە سیرێنەکانەوە خەریک دەکات وەک بە ئۆدیسیۆسەوە.

بەمەش کافکا خۆی دەخاتە دەرەوەی ئەم پاتۆسە مێژووییەوە و لای ئەو ئۆدیسیۆس چ کاریگەرییەکی لەسەر دنیا نییە، کاتێکیش سیرێنەکان بێدەنگ دەبن ئەوکاتە مەسەلەکە بۆ خۆڕاگەیاندنێکی ئیستاتیکییە وەکوو پرۆسێسێکی هاوشان بە خود. لەوێدا کافکا دەڵێت: خۆت بناسە مانای ئەوە نییە چاودێری خۆت بکە. چونکە چاودێری خۆت بکە وتەی مارەکانە. کەبە مانای: خۆت بکە بە سەرداری ڕەفتارەکانت، دێت. ئەمەش واتا: خۆت مەناسە و خۆت بزرکە. خۆت تێک بشکێنە. واتە کەمێک بەدکارانە خۆت بچەمێنەرەوە، ئەوسا گوێت لەچاکەی خۆت دەبێت، کە بریتییە لە: بۆ ئەوەی خۆت بکەیت بەوەی کە بریتییە لەتۆ. Kafka. Hochzeitsvorbereitung.S.59

هێندەی زانیارییەکانی من بڕ دەکات، پێموایە بەر لەسلۆتەردایک جگە لەنیتچە بەتایبەتی لەکتێبی «زانستی شاد. بڕگەی ٣٧٢. نەچۆتە ناو ئەم کایە ون و بزرەوە، کایەی دەنگ و بیستن و گوێچکە، نیتچە لەوێدا ڕەخنەی توند لەتەواوی فەلسەفەی پێشخۆی دەگرێت کە ترسیان لەباسکردنی هەستەکان هەبووە، و(گوێچکەیان بەمۆم ئاخنیوە) لەپێناوی ئەوەی عەقلانی بفەلسەفێنن، فەیلەسوفی ڕەسەن گوێی بۆ ژیان ڕانەدەدێرا، هێندەی ئەوەی کە ژیان بریتییە لەموزیک، ئەو نکوڵی لەموزیکی ژیان دەکرد. لەڕاستیدا ئێمە ئەمڕۆ داوامان لێدەکرێت تەواو بەپێچەوانەوە بیربکەینەوە. فەیلەسوفەکانی جاران بێ دڵ بوون.»

ئێستا سلۆتەردایک ئەو فەیلەسوفە نیتچەگەرایەیە کە بنکوڵی حەشارگە هەرە نهێنی و شاراوەکانی هەناوی مرۆیی دەکات و فەزایەکمان بۆ دەپشکنێت کە ئێمە لەدێرینترین ساتەوەختی دروستبوونمانەوە، لەکاتی کۆرپەلەیی بوونمانەوە تیایدا هەین.

لەم ڕووەوە دەبینین لای سلۆتەردایک خوێندنەوەی داستانی ئۆدیسیۆس، بەتایبەتی دیمەنی سیرێنەکان قووڵتر و فرە جەمسەریترە، بە دیوێکدا وەک ڕیشەی خود لای ئەویتر دەیبینێتەوە کاتێک کە ئەویتر باسی خۆمم بۆ دەکات، بەدیوێکی تردا ئاڵوگۆڕێک لەنێوان ئەویتر و خود دروست دەکات کە هەردووکیان لە دەرەوەی خۆیان لەناو کایەیەکی تردا هەن، واتە گۆرانییەکە بۆ گوێچکەکان دەوترێت و گوێچکەکانیش گوێ لە گۆرانییەکەی دەرەوە دەگرن. بەم جۆرە سلۆتەردایک سیستەمی میتافیزیکی شکاندووە و جۆرێک لە سوبیەکت دروست دەکات کە لە بنەڕەتدا جەوهەرێکی دووانەیی هەیە و ناتوانێت بێ ئەویتر بوونی هەبێت. ئەمەش وادەکات مرۆڤ ببێتە بوونەوەرێکی کایەیی، واتە خود هەمیشە لەنێو کایەیەکدایە کە جەمسەری تریشی تێدایە، ئەو دەڵێت: (ڕۆح شتێکە هەمیشە میوانێکی لایە.) دەنگ یەکێکە لەو سوبستانسانەی مایەی کۆکردنەوەی جەمسەرەکانە لە کایەیەکی دەنگەوەریدا. شایەنی ئاماژەپێدانە سلۆتەردایک، جگە لە کتێبی یەکەمی کایەکان بەناوی (بڵقەکان ١٩٩٩) لەدوو کتێبی تریشیدا بەناوی (خۆپڕچەککردنی کۆپەرنیکۆسی و خۆچەکداماڵینی پەتلیمۆسی ١٩٨٦) وە کتێبی (نامۆیی جیهان ١٩٩٣) باسی دەنگ و ئاواز دەکات وەک کایەیەکی جەوهەرییانە بۆ خود لەخۆگرتن و گردکردنەوەی مرۆڤ.

بەمجۆرە دەبینین لە قۆناغی کۆرپەلەییدا لەنێوان دەنگی دایک و گوێچکەی کۆرپەلەکەدا کۆمۆنەیەکی ناهاوتا دروست دەبێت. دایک بریتییە لە دۆخی منداڵەکە و دۆخی منداڵەکەش لە ناو دایکایەتیدا ڕۆنیشتووە، کۆمۆنەی دەنگ نیشتەجێبوونی دەنگ لە واقیعدا دەبەخشێت بەو، وە ئەوان لەجیاوازییە ڕیالییەکەدا بەشێوەیەکی ڕیال لەگەڵ یەکتردان. چونکە دەنگەکە بۆ خودی خۆی قسە ناکات، بەڵکوو بۆ گوێچکەکە، وە گوێچکەکەش گوێڕادێری خۆی ناکات، بەڵکوو هی دەنگەکە. ئەمە ناوپەیوەستبوونی هەناوگەریە، واتە ئینتیمیتێت. «هەردووکیان لەدەرەوەی خۆیان ــــ لای ـــ خۆیانن». ل٥٢٢.

وەک بڵێین بەنموونە، لەنێوان دوو خۆشەویستدا کایەیەکی ترهەیە کە هەردووکیان کۆدەکاتەوە بریتییە لە کایەی خۆشەویستی، واتە هەردووکیان لە دەرەوەی خۆیان لای خۆیانن. وە لەنێوان قسەکەرێک و گوێگرێکدا کایەی دەنگبیستن هەیە، دەنگەکە ڕوودەکاتە گوێگرە ناوەکییەکەی و گوێچکەکەش شادمانی بیستنی دەنگەکەیە. لێرەوەیە سلۆتەردایک پێناسێکی دروستی ناوپەیوەستی (ئینتیمیتێت/ ئەم دەستەواژەیە کە بەمانای پەیوەندی گەرموگوڕی ناوەکی دێت من بە دەستەواژەی ناوپەیوەستی وەریدەگێڕم) دەکات بەوەی بریتییە لە ئاڵوگۆڕکردن و لە درێژەپێدانی پەیوەستی. لەم ئاڵوگۆڕکردنەشدا چ شوێنێک بۆ خودئەڤینی و نارسیزم بوونی نییە، بەڵکوو ئەمە حاڵەتێکە تێیدا گوێچکە و دەنگەکە لە یەک پلازمادا یەکاڵا دەبنەوە. ل ٥٢٣.

لەڕاستیدا بەرگی یەکەمی کتێبی کایەکان دەشێت بە پرۆژەی داڕشتنێکی پسایکۆلۆگی و فەلسەفی بۆ ناوپەیوەستی Intimität ببینین، کە لێوەی ژیانی هەموو تاکێک بەدروستکردنی کایە ناودەبات و هەموو کایەیەکیش لە دووان پترە، واتە لای سلۆتەردایک تاک بوونی نییە، بەڵکوو دووان بوونی هەیە و تاک بەرەنجامی دابەشبوونی جووتە، وەک دایک کەدوای مناڵبوون دەبێتە دوو تاک.

لەنێوــ دەنگ ــ دا ــ بوون.

بەمپێیە شوێنگەی لەدایکبوونی سوبیەکت بریتی نییە لە ئۆرگانی چاو کە بەبینینی وێنەی ئاوێنەکە دەرک بە خود درووستکردن دەکات وەک لاکان دەیبینێت، چونکە هەتا سەدەی نۆزدەش لەهەموو ماڵێکدا ئاوێنە بوونی نەبووە، بەڵکوو لەکایەیەکی گەلێک دێرینتر و زۆر زووتردا خود دروست دەبێت، کە بریتییە لەکایەی گوێچکە. گوێچکە یەکەمین ئۆرگانە تێیدا پەیوەندی کۆرپە بە جیهانەوە دروست دەبێت، زانستیش دەمێکە ئەوەی سەلماندووە کە کۆرپە لە لەچەند مانگی سەرەتایدا لەنێو منداڵدانی دایکدا، دەتوانێت گوێبیستی دەنگەکان بێت، بە دەنگی هاژە و خوڕەی ناو وێڵاشەکەوە بیگرە تادەنگی دەرەوەی کایەی خۆی. لێرەدا من دەبێتە وێنەیەکی دەنگی Tonbild ل٥٠١. (لەلێکۆڵینەوەیەکی ترمدا بەناوی لەدایکبوونی موزیک لەڕۆحی ڕۆمانەوە، خوێندنەوەیەکی ئاکوستیکیم بۆ ڕۆمانی شاری مۆسیقارە سپییەکان کردووە و لەوێدا ڕۆڵی گوێچکە و بیستن شیکراوەتەوە.)

منداڵ لەنێو ئەم کایە نێوهەناوییەوە دەرک بەوە دەکات کەئەویش بەشدارێکە لەم هەستە هاوبەشەدا، کە مەرج نییە ئەمەش لە ئاستێکی بینراوو ڤیزوئێل دا ڕووبدات، بەڵکوو لە ئەزموونی دەنگدانەوەی هەستەکانەوە دروست دەبێت. منداڵ زۆر بەر لە لەدایکبوونی لەوە تێدەگات کە یەکانگیری و پێکەوەبوونی چییە، ئەویش لە ڕێی بیستنەوە، لە ڕێی دەنگدانەوەکانی نێو هەناوگەی منداڵدانی دایکەوە. لێرەوە لە نێوان منداڵ و دایکدا هەرێمێکی نێوەکی هەیە، کۆمۆنەیەک هەیە نەرم، کە سەرەتا لەڕێی بیستنەوە دروست دەبێت، نەک لەڕێی وێنە و وێناندەنەوە Einbildungskraft. واتە من بریتی نییە لەوێنەی ئاوێنەکە، بەڵکوو بریتییە لەدەنگدانەوەیەکی دەروونییانەی نێو منداڵدان، کە لەوێدا بەرلە بەجێهێشتنی ئەم کایە هەناوییە، بەرلە جیابوونەوە لە دایک دروست دەبێت. ئەمە هۆکارێکی دەروونناسیمان دەداتێ کە مادام من سەرەتا لە کایەیەکی دەنگداریدا دروست دەبێت، ئەوا دەبێت لە بارەی خۆبەدەنگکردنەوە بدوێین نەک خۆبەوێنەکردن. سلۆتەردایک پێیوایە هەمیشە لە وێدا هێزێکی بیستاندن هەیە Einhörenskraft ئەم هێزی بیستاندنە فاکتۆرێکی گەورە و کارایە لای منداڵ بۆ خۆگەیاندنە دنیایەکی گەورەتر لە خۆی کە بریتییە لە دایک و لە جیهان. ل٥٢٦. گوێگرتن لەدەنگی تر پێشمەرجە بۆئەوەی خۆت بتوانیت دەنگی خۆت دەربڕیت. بوونی مرۆڤ یەکڕاست و بەشێوەیەکی کردەگی لەم سەر زەوییەدا لەو پێویستییەوە هاتووە، کە خۆی لەنێو بەردەوامبوونێکی پسایکۆئاکوستی گشتیدا، لەناو بەردەوامییەکی دەنگدانەوەدا نیشتەجێ دەبێت. ل٥٣٠.

مرۆڤ نیشتەجێی کایەکانە، کایەی دەرەوە، کایەی ناوەوە. کایەی بیستن لە دێرینترین ئەو کایانەیە کە خود گرێدەداتەوە بە ئەویترەوە، کە ناوەوە پەیوەستی دەرەوە دەکات. لە ناو گوێچکەدا ئینتیمیتێت و ناوپەیوەستی و پێکەوەگرێدان هەیە. لێرەوە ئیتر هەموو وێنەیەکی تری سۆسیالبوونی مرۆڤ دروست دەبێت. وەک سلۆتەردایک دەڵێت: لەناو ماڵە بێدیوارەکەی دەنگدا، مرۆڤ بووەتە ئەو ئاژەڵەی کە ئینتیما و پەیوەستییان بۆ یەکتری هەبێت. چونکە مرۆڤ لە بنەڕەتدا بوونەوەرێکی سۆنۆسفێرییە (کایەدەنگییە). ل ٥٣١ .

واتە بۆ ئەوەی خود پەیوەندی بەجیهانیشەوە ببەستێت، دەنگ سەرەکیترین میدیۆمە، هەموو بیستنی دەنگێکیش لە دەرەوە بریتییە لە یەکەمین قۆناغی دروستبوونی سوبیەکت. بەم پێیە دەنگ ئامرازێکی کۆمیونیکاسیۆنی کۆمەڵایەتیشە، کە هەر لە منداڵدانی دایکەوە ئەو پەیوەندی بەستنە بە جیهانەوە چێ دەکات.

تەواوی میتافیزیکی خۆرئاوا لەو ڕەوگەیەدا هاتوچۆی کردووە، کە سوبیەکت و ئۆبیەکت، دەرەوە و ناوەوە، ئێرە و ئەوێ، من و ئەویتر، بە جیا لەیەکتری دەستنیشان بکات. کێشەی سوبیەکت لە هەرە کێشە فەلسەفی و پسایکۆلۆگییەکانی نێو جیهانی خۆرئاوایە. ئەم خوێندنەوەیەی سلۆتەردایک بەوەی هەردوو جەمسەرەکە ئاوێزانی یەکتری بکات و سیستەمێکی کۆمیونیکاسیۆنی دروست بکەن، بەرەنجامی کۆششێکی گەورەی بیرمەندێکی گەورەیە، کە ئاسۆیەکی نوێی بۆ داهاتووی فەلسەفە بۆ واڵاکردووینەتەوە.

دەنگ یان وێنە..

سلۆتەردایک یان لاکان..

هەموو سوبیەکتێک مەیلی یەکەمی بەرەو دەنگی خۆی دەچێت، فریکوێنسەکان بریتین لەکرۆکی خود. ناسینی ڕاستەقینەی خود، کە لاکان لە(قۆناغی ئاوێنەدا) دەیبینێتەوە، بۆ خۆپێوەستکردنی وێنەیی دروست نییە، بەڵکوو بۆ پەیوەندییەکی خۆییانەی دەنگی و ئاودیۆڤۆکالی سوبیەکت دروستە. ل ٥٠٣. ئەمە ئەو نهێنییە هەمیشەییەیە کە پێمان دەڵێت بۆچی مرۆڤ زیاتر حەزی لەناوبانگ و دەنگدانەوەیە وەک لەدەرکەوتنی وێنەییانە، لەبەر ئەوەی مرۆڤ سوبیەکتێکی دەنگەوەرییە. مرۆڤ وەک دەنگدانەوە گرنگترە لە مرۆڤ وەک دەرکەوتن. مرۆڤ پتر حەز بە ناوبانگ دەرکردن دەکات وەک لەوەی وەکوو شتێک دەربکەوێت، لەناو کۆمەڵگادا خود حەز بە ناوبانگ و دەنگدانەوە دەکات، ئەمەش کرۆکی بنەڕەتی هەموو خودگەراییەکی مرۆڤانەمانە.

لێرەوەیە ئێمە هەستەکانی ناوەوەمان، ئینتیمیتێمان، شیعرەکانمان دەکەینە گۆرانی و دەنگ و ئاواز و موزیک، بگرە وەک سلۆتەردایکیش دەڵێت: ڤیدیۆکلیپیش هەر بریتییە لە بەوێنەکردنی دەنگ. ل٥٠٤.

ئەوەی لە ناوەوە دەستکاری من دەکات، ئەوەی لەوێدا بە خۆمم ئاشنا دەکات و داوام لێدەکات گۆرانی خۆم بدۆزمەوە، گۆرانی سیرێنەکانە. گۆرانی ئەوانیتر کە باسی خۆمم بۆ دەکەن، کە لە خۆم زیاتر شارەزای خۆمن. ئەمان بەرجەستەی ئەو توانایە دەکەن کە پێیان دەشێت بێنە ناوەوەی من و دەست بدەن لە چەقی وروژاندنی دەنگەکانی من. ل٥١٠. سیرێنەکان لەکوێ بن هەست بەخۆکردن لەوێیە. لەدایکبوونی خود لەدەنگ و گۆرانییە کاراکانی سیرێنەکانەوە دێت. گوێگرتن لەسیرێنەکان گوێگرتنە لە خود، کەئەوان بانگت دەکەن، واتە لەپاڵ هێزێکی خۆییەوە بەرەو لای ئەوان بچیت ل٥١٠.

ئەگەر ئێمە لەبەر ڕۆشنایی ئەم تیۆرەی سلۆتەردایک، کەوا گۆرانییەکان باسی من لەناو مندا دەکەن، کەوا دەنگ کایەی پێکەوەبوونی جەمسەرەکانە، با ئێمە نموونەی دەنگی گۆرانییەکانی مەزهەری خالقی بهێنینەوە. من دەپرسم ئایا چ خودێک دەتوانێت گوێبیستی گۆرانییەکی خالقی بێت و لێوەی هەست بە شادییەکی گەورە نەکات. ئەم شادییە بریتییە لە چوونە دەرەوە لە خود بۆ ئەوەی بە ناسینەوە بگەڕێیتەوە بۆ نێو خود، بریتییە لەوەی خۆت لەڕێی دەنگی ئەویترەوە بە خۆت ئاشنا بکەیتەوە. ئێمە بەرلەوەی وێنەی خالقیمان دی بێت، دەنگی خالقی بانگی کردووین، تەواو وەک ئۆدیسیۆس کاتێک گوێبیستی گۆرانی سیرێنەکان دەبێت لە دەرەوەی خۆی، بەخۆی ئاشنا دەبێت، گوێگرتن لەدەرەوەی خۆت دەتباتەوە ناوەوەی خۆت، بەهەمانشێوە، کۆرپەلە لە سکی دایکیدا گوێبیستی دەنگەکانی دەرەوەیە و لەوێدا دەرک بەخۆی دەکات کە تەنێک و خودێکە لەنێو ئامێزی کایەیەکی تردا. ئەزموونی من لە موزیکی کوردیدا، بە بیستنی دەنگی خالقی هەستم بەو فریودانەی خود کردووە کە لە زیندانێکی بەتاڵی ژیانی بێهودەی ڕۆژانەمەوە دەمباتە دەرێ بۆ ناو خودە ڕاستەقینەکەی خۆم. چ موزیکێک نییە جگە لەو بتوانێت لە ناوەوە پەیوەستم بێت و بتوانێت ئاوێزەم بێت، ئەم موزیکە ئینتیمیتێتە، بە خۆم و بە جیهانم دەبەستێتەوە. ئەگەر هەر لە زووەوە ئەم موزیکە نەبووایە زێدەڕەوی نییە گەر بڵێم هەستی بیستنم وەک بایەخدارترین ئۆرگانی بوونم بە خۆم و بە جیهانەوە پاسیڤ دەبوو. (ئەگەر گوێچکە زوو فێری بیستن نەبووایە، ئەوا گۆڕانکاری ژیان بەئەشکەنجەی بیستنی قیڕەقیڕ و ژاوەژاوەکان وێران دەبوو. ل٥١٢). هەموو ئەو شتانەی دواتر فێری دەبین لەسەر ئەم بناغەیە خۆی هەڵدەچنێت.

سلۆتەردایک بە بڕستێکی درێژ و هەناسەیەکی قووڵەوە گەڕانێکی جینیالۆگی دەکات بۆ دۆزینەوەی یەکەمین شوێنگەی لە دایکبوونی خود، تا بە پشتبەستن بە زانستیش، لەپاڵ تێکستی ئەدەبی و داستان و ئەفسانەدا، دەگاتە ئەو باوەڕەی کە هەموو کۆرپەلەیەک لە منداڵدانی دایکیدا گوێبیستی دەنگەکان و ئاوازەکان دەبێت و لەوێدا یەکەمین کایە و یەکەمین ئەتمۆسفێری نێوەکییانەی مرۆڤ و دواجار جەستەی دایک دەکاتە ئامرازێکی موزیکی بۆ کۆرپەکەی، بەڵام بەو مانایە نا کە پارچە موزیکێک بۆ گوێگرێکی تر بژەنێت، بەڵکوو بە مانای کارتێکردن و وروژاندنی دەنگە دێرین و بنەڕەتییەکە. ل ٥١٧.

کەچی لای لاکان دروستبوونی من و کارابوونی خود لەوێنەدا دەردەکەوێت، لەو ساتەدا وەک تەنێکی گشتی دەرک بە خود دەکات کە تەماشای ئاوێنەکە دەکات. واتە بەرلە قۆناغی ئاوێنە هەموو مناڵێک لەناو بارودۆخێکی پەرت پەرتدا دەبێت. لێرەوە دەروون دەبێتە هەقیقەتی منداڵ، هەقیقەتێکی پارچە پارچەبوو، کە منداڵ هیچ لەتوانایدا نییە پارچەکانی وەک یاری پوزل کۆبکاتەوەوە و وێنەی گشتی و دروستی خۆی لێ دروست بکات. تەنیا مەگەر لەڕێی خۆبینینەوە لەناو ئاوێنەدا، خۆی وەک جەستەیەکی یەکانگیر پیبزانێت. قۆناغی ئاوێنە سەرباری هەموو گرنگی و بایەخێکی بە گواستنەوەی منی پەرت پەرت، کە دەروونی خۆم دروستی کردبوو، بۆ منی یەکانگیر، کە بەیارمەتی ماتەریالێکی دەرەکی دەستم کەوت (ئاوێنە)، خاڵی نییە لە هەڵە و چەواشەیی. سلۆتەردایک پێی وایە لاکان لەم تیۆرەیدا هەڵەی بوونیەوی دەکات. چونکە مناڵێک کە لەبەردەوامییەکی باشدا گەورە دەبێت، هەر هەستێکی سەبارەت بە خۆی هەبێت، ئەوا لەسەرچاوەی ترەوە بەر لە ئاوێنەکە وەریدەگرێت. چونکە تا سەدەی نۆزدەش زۆرینەی ماڵەکانی ئەوروپا بێ ئاوێنە بوون، لێرەدایە تیۆرەکەی لاکان لە ڕووی مێژوویی و کولتورییەوە چ کاریگەرییەکی نییە.

چونکە سوبیەکتی لاکانی ئەوەیە: لەخودی ڕاستەقینەی خۆی بچێتە دەرێ و خۆی فڕێ بداتە وێنەیەکەوە، لە پێناوی ئەوەی لەو پارچەپارچەییەی ناو پێستی خۆی، کە لە ڕێی هەستەکانیاوە پەیوەندییەکی خراپی لەگەڵ خۆیدا بۆ دروست کردووە، دەربچێت و لەناو جیهانی وێنەدا خۆی بکاتە تەنێکی گشتگیر.

وەک تێبینی دەکرێت لەناو لاکانیزم دا جۆرێک لە گنۆستیک هەیە، کە لەپێناوی خۆناسیندا دەبێت خود خۆی لەخۆی ڕزگار بکات، خود لە خۆی بچێتەدەرێ بۆ تاراوگە. لەکاتێکدا لای سلۆتەردایک خۆڕزگارکردن نییە، بەڵکوو باس لەو کایە گیان لەبەرە دەکات کە هەردووکمانی تێدا دەژین، قسەکەر و گوێگر، دەنگ و بیستن، خود و ئەویتر لە دەرەوەی خۆیان ئامێزەی کایەیەکن کە بەر لەوەی بێنە دنیاوە دەرکیان پێکردووە، هەستی خودگەرایی.

 

سەرچاوەکان:

1. Peter Sloterdijk. Sphären 1. Blasen. Suhrkamp.1999.

2. M.Horkheimer & T.W.Adorno, Dialektik der Aufklärung. Fisher Taschenbuch Verlag 1994

3. F.Kafka. Die Hochzeitvorbereitung auf dem Lande und andere Prosa.Fisher Verlag 1986.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: