دیمانەیەک لەگەڵ ئمانوێل لیڤناس

486
0
بڵاوکردنەوە:

ئەوە چییە هیچ کەسێک ناتوانێت لەبری من بیکات لە شوێنەکەمدا؟

وەرگێرانی: سەنگەر عەبدولکەریم

ئمانوێل لیڤناس و فرانس گیوی

فرانس گیوی: بەڕێز لیڤناس با بە پرسیارێکی کەمێک ساویلکانە دەستپێبکەین: ئایا مرۆ بە فەیلەسووفی لەدایکدەبێت، یان دەبێتە فەیلەسووف؟

ئمانوێل لیڤناس: ڕاستییەکەی، بانگەشە بۆ ناوی فەیلەسووف ناکەیت بەو شێوەیەی کە بانگەشە بۆ پیشەیەکی تایبەت دەکەیت. ئەوەی هەمیشە من توشی واقوڕمان دەکات ئەوەیە کەسێک بڵێت من  فەیلەسووفم یان شاعیرم. من وا بیر ناکەمەوە. لە وشەی فەلسەفەدا پێشوەختە مەحاڵی خاوەندارێتی دانایی هەیە؛ پێشوەختە پێشنیازی هەنگاوێک بۆ دواوە دەردەخات لە پێش وشەی مرۆڤانی دانا.  فەیلەسووف کەسێکە کە شەیدای داناییە. ئەوە دەستپێکی ئارەزووە بۆ چەند پرسێکی دیاریکراو، چەند کتێبێکی دیاریکراو.

فرانس گیوی: ئەو کتێبانە بۆ تۆ کامانەن؟

ئمانوێل لیڤناس: من هەمیشە بەرخوردم هەبووە بۆ کارە بنەڕەتیەکانی دونیای وێژە، بۆ نموونە، وەک ئەوانەی شەیکسپێر و سێرڤانتس. بێگومان شاکارە کلاسیکیەکانی وێژەی ڕووسییش: تۆلستۆی، دۆستۆیڤسکی، پوشکین، تورگنیڤ و گۆگۆل. ئەم دەقانە بەردەوام دەپرسن مرۆڤ چییە، هەروەها مانای ژیانیش چییە. پرسیارکردنەکەیان زۆر نزیکە لەو گرفتە بنچینەییانەی فەلسەفە دەیوروژێنێت. هەمان ئەو پرسیارانەشن کە لە مەزنترین کاری وێژەیشدا دەدۆزرێتەوە ــ کتێبی کتێبەکان، کتێبی ئینجیل.

ڕەخنە لە فەلسەفەی خۆرئاوا

فرانس گیوی: ئایا هیچ ناکۆکییەک دەبینی لە نێوان ئینجیل و فەلسەفەدا؟

ئمانوێل لیڤناس: پێموانییە. هەرگیز وەک دوو هێزی ناکۆک نەمبینیون. لە هەردوو باردا بابەتەکە مانایە، دەرکەوتەی مانادار ــ جا لە شێوەی ئەوەدا بێت کە یۆنانییەکان پێیان دەگوت ژیری یان لە پەیوەندی لەگەڵ هاوسێکەتدای کتێبی پیرۆز. ئەوەی بە شێوەیەکی سەرەکی هاوبەشە لە نێوانیاندا ئەوەیە لە هەردووکیاندا مەبەستەکە گەڕانە بەدوای مانادا، گەڕانە بۆ مانادار.

فرانس گیوی: فەلسەفەی خۆرئاوا ڕەگی لە کتێبی پیرۆز و فەلسەفەی یۆنانیدا داکوتیوە؛ دوو سەرچاوەی هزری خۆرئاوایی کە چەقی فەلسەفەکەی تۆشن. ئایا ئەمە واتای ئەوە نییە بە دیدی تۆ کە پێویست ناکات لە دەرەوەی سنووری ئەوروپادا بەدوای داناییدا بگەڕێین؟

ئمانوێل لیڤناس: من دەڵێم بۆ من کە ئەم دوو شێوەیە لە مرۆڤی ئەوروپایی واتە گریک و کریستیان، تەواوکەری یەکترین لە شارساتنییەکەماندا، گرنگییەکی بناغەیی هەیە. ئەوە بە مانای ئەوە نایەت کە ئەگەری دۆزینەوەی دەقی گرنگ لە دەرەوەی ئەوروپا ڕەتبکاتەوە. بەڵام لە لایەن خۆمەوە، لەوە ناترسم کە دەربارەی چەقێتیەکی دیاریکراو بدوێم ـ لە مەڕ گرنگیەکی زۆر ـ لە ناو هزری ئەورپیدا. ئەمەش دەڵێم بە ڕەچاوکردنی هەموو ئەو خراپ بەکارهێنان و تۆقینەی ئەوروپا بینویەتی.

فرانس گیوی: ئایا مەبەستت لە کردە تۆقێنەرەکانی ڕژێمی نازیەکانە؟

ئمانوێل لیڤناس: ڕێگەمبدە با ئەوە بڵێم خانم، کە بنچینەیترین شت لە ژیان و هزرمدا ئەوەیە کە، هاوتەریب بە مەزنی زانست و زرنگی ئەوروپی، لە هەمان ئەو ئەورپایەدا، قڕکردن و لەناوبردن ڕوویداوە – شۆو[1]، کە شێوازێکی زۆر سەرەتایی قڕکردنی مرۆڤە لە لایەن ئەوانی دیکەوە. کاریگەری هەستەکی و یادەوەری ئەو ساڵانە ناسڕدرێتەوە. بەڵام هیچ وەڵامێک بۆ ئەو درامایە نادۆزینەوە لە ژیارەکانی دیکەدا. پێموایە لە نێو خودی ژیارەکەماندا پێویستە پێگەیەکی سەرەکی بدەین بە هەندێک پێکهێنەری دیارکراو کە بە کەم لێمان ڕوانیون. چاوەڕوانییەکی زۆرم نییە لە توێژینەوەکەم بۆ گۆڕینی ڕەوتی شتەکان. بەڵام هەرچۆنێک بێت کارم لەسەر ئەوە کردووە کە پێموایە ناهاوسەنگیە، لە نێو ئەم ژیارەدا، لە نێوان تێما بنچینەییەکانی مەعریفە و شێوە بنچینەییەکانی پەیوەندی لەگەڵ ئەوی دی.

فرانس گیوی: ئایا ئەوە بناغەی ڕەخنەکەتە لە فەلسەفەی خۆرئاوا؟

ئمانوێل لیڤناس: دەزانیت، خەڵکی ڕێگە بەخۆیان دەدەن گوزارشتی زیاد لە پێویست بەکاربهێنن. قسەکردن لەسەر ڕەخنەکردنی فەلسەفەی خۆرئاوا وەک نکوڵیکردنە لەوەی هیمالایا بەرزە. ئەوە فەلسەفەی خۆرئاوایە هێندە گرنگە، بنچینەییە و سەختە کە سەرەتا پێویستە لێهاتوو بیت تێیدا، بەرلەوەی ڕەخنەی بکەیت.

فرانس گیوی: لە گەڵ ئەوەشدا دەڵێی، “مێژووی فەلسەفەی خۆرئاوا تا ئەم کاتە لەناوبردنی باڵاگەرییە (تراسندێنس). ”

ئمانوێل لیڤناس: مەبەستی من لەوەدا مەبەستێکی زۆر تایبەتی و دیاریکراوە. فەلسەفەی ئەوروپی نموونەیی، باوەڕی بە شیاوی هزری مرۆڤە بە لەخۆگرتنی هەموو ئەو شتانەی لەوە دەچێت بەربەست بن. ئەمەش لەخۆگرتنی ئەوەیە کە دەرەکییە، باڵاگەریی. فەلسەفەی خۆرئاوا چیتر نایەوێت باڵاگەری ئاسمانی بهزرێنێت یان هەر شتێکی تر کە دەکەوێتە دەرەوەی تەکوزیەکی لەخۆگری بەرجەستە: وەک ئەوەی ڕۆح پێکبێت لە لەخۆگرتنی هەموو شتەکان.

فرانس گیوی: وەک فەلسەفەیەک لێی دوایت کە تیایدا من فەرمانڕەوایی باڵا و مەعریفە دەکەم زیاتر پێکدێت لە بردن وەک لە تێگەیشتن.

ئمانوێل لیڤناس: بەڵێ، فەلسەفەیەک کە تیایدا من، لە ڕێی مەعریفەوە، وەک هەمان دەناسرێمەوە، هەمیشە وەک هەمان، وەک بچووکبوونەوە بۆ هەمان، کە وەک ئەوانی دیکە دەردەکەوێت ـ بێگومان وا بیردەکەمەوە، یەکەمین و گرنگترین بەرکەوتنە لەگەڵ ئەوانی دیکەدا.

فرانس گیوی: بەتایبەتی لەو خاڵەدایە کە ڕەخنە لە هایدیگەر دەگریت.

ئمانوێل لیڤناس: هایدگەر گەیشتووە بە یەکێک لەو لوتکانەی هیمالایە کە بۆتم باسکرد، یەکێک لە لوتکەکانی میتۆدی فینۆمۆنۆلۆجی. ئەوەیە کە لە کارەکانی فێربووم. ئەوەی ڕەخنەی لێ دەگرم ئەوەیە بۆ ئەو بەرکەوتن بە ئەوانی دیکە تەنیا ساتێکە لە تێگەیشتن لە دونیا. لەکاتێدا بۆ من بەرکەوتنی ئەوانی دیکە تێگەیشتنە لە دونیا، تێگەیشتنە لە سینەی بوون کە لەڕێی دونیاوە خۆی مانیفێست دەکات. ئەوانی دیکە بۆ من زاراوەی هاوتای ناوازەی فەلسەفەییە، سەرچاوەی تێگەیشتنە. ئەوەیە لە هەوڵە سادەکانمدا، هەوڵدەدەم پەیوەندی لەگەڵ ئەوانی دیکە بخەمە چەقەوە ــ ئەوانی تر وەک مرۆڤ، ڕووتکراوە لە پێگەی کۆمەڵایەتی، شەیدایی کۆمەڵایەتی ــ وەک ئەو ساتەی کە گوتەی خودامان پێدەگات و کارمان تێدەکات.

لەپێشینەیی دادپەروەری

فرانس گیوی: کەواتە ئەگەر بە دروستی تێتگەیشتبم، گەڕان بەدوای ڕاستی لە خۆیدا کەمتر گرنگە لە بوونی ئەوانی دیکەیە؟ بە دەربڕینێکی تر: پرسی دادپەروەری بەر لە پرسی ڕاستی؟

ئمانوێل لیڤناس: بێگومان، نامەوێت فەلسەفەسازی بکەم دەربارەی ئەو شتانەی چەوتن. لە گەشەسەندنی شارستانیەتدا، مەعریفە و ڕاستی فرە گرنگن. بەڵام من لەپێشینەیەکی دیاریکراو دەدەم بە پەیوەندی ئەوانی دیکە، بۆ بوون بۆ ئەوانی دیکە، بۆ ڕەهەندی کۆمەڵایەتی. ڕاستی لەسەر بناغەی پێویستی دادپەروەری دامەزراوە، بەو جۆرە لەسەر ڕەهەندی کۆمەڵایەتیش.

فرانس گیوی: لە لەپێشینەیی کۆمەڵایەتی و دادپەروەریەوە ئەوەی بەدوادا دێت کە مرۆڤ پێویسە لە ئاستی سیاسیدا دەرئەنجامەکان وەربگرێت. ئایا دەتەوێت بڵێیت، وەک جان پۆڵ سارتەر دەڵێت کە پێویستە لایەنگیری سیاسیمان هەبێت؟

ئمانوێل لیڤناس: ئەوە بابەتێک نییە کە لەسەری ناکۆک بم لەگەڵ سارتەردا. بۆ ئەو ئەوە بیرکردنەوەیەکی دروستە. تەنانەت ئەگەر خۆشم هیچ ئایدۆلۆژیایەکی سیاسیم نەبێت، دەڵێم لە پەیوەندیمان لەگەڵ ئەوانی دیکە یەکسەر ڕووبەڕووی بێهاوتاییەکەی دەبینەوە، ڕووخساری، ئەوانی دیکە ناوازەکە، لە ڕێی ئەم ڕوخسارەی ئەوانی دیکەیە کە خودا پەیوەندیمان لەگەڵ دەگرێت. ئەوەش یەکسەر ئاماژە بە ئەرکێک دەکات. بەڵام لەوە زیاتر دەڕوات، چونکە لە هەمان ساتدا مەسەلەی ئەرکە بەرانبەر کۆیەتیی کەسەکان، کە من پێی دەڵێم لایەنی سێیەم. هەروەها لایەنی چوارەم، پێنجەم و… هتد. هەیە، ئەوانیش هاوسێمن. ئەوەش پێویستی دادپەروەری دێنێتە کایەوە، ئەوەیە بەهەند گرتنی ئەوانی دیکە، نەک تەنیا لەڕێی ڕوخساریەوە، کە تیایدا بێهاوتایە. دەبێت بێلایەنانەش بیر لە ئەوانی دیکە بکەینەوە، کەواتە پێویستە ئەو بوونانە بەراورد بکەین کە بەراورد ناکرێن. بەم جۆرە سیاسەت حەتمیە. لەبەرئەوەی کارمان لەگەڵ ژمارەیەک لە خەڵکییە لە پەیوەندیە مرۆییەکاندا و هەر یەکەشیان دراوسێمن، پێویستە ڕێسایەک، یاسایەک دابمەزرێنن، بۆ ئەوەی ڕەفتارەکانم و پەیوەندیەکانم لەگەڵ کۆدا دادپەروانە بێت. دەزانی، ئەگەر بۆ یەکێکیان باش بین، ڕەنگە زیان بە ئەوی تر بگات. هەر بۆیە پێوستمان بە یاسا و ڕێسا هەیە بۆ هەبوونی دادپەروەری، دەستوورێکیش بۆ داکۆکیکردن لەو دادپەروەرییە لە ڕێی دەسەڵاتەوە. بەو جۆرە پێویستمان بە دەسەڵاتی دەوڵەتێکی سیاسی دەبێت. ڕاستی ژیان لە کۆمەڵگەیەکدا داخوازی دادپەروەری دەکات وەک یەکەم ئەرک.

ئیتیک پێش فەلسەفە دەکەوێت

فرانس گیوی: دەشێت چۆن ئەوەی تۆ پێی دەڵێیت ڕوخسار لێکبدرێتەوە؟ بۆ تۆ، ئیتیک پێش فەلسەفە دەکەوێت ئەو ئیتیکانەش لە ڕێی دەرکەوتەی ڕوخسارەکەوە گوزارشت کراوە.

ئمانوێل لیڤناس: ئەوە تێمای سەرەکی بیرکردنەوەمە. ئەوی دیکە، کە لە سەرەتادا بەشێکە لە دونیا وەک گشت، بەجۆرێک ئەو دونیایە دەسمێت بە دەرکەوتەی وەک ڕوخسار. ئەو ڕوخسارەش بە سادەیی شێوەیەکی پلاستیکی نییە بەڵکو یەکسەر نوێنەرایەتی خۆتەرخانکردنێکم بۆ دەکات، بانگم دەکات، فەرمانێکە بۆم هەتا لە خزمەتی ئەو ڕووخسارەدا بم. ئەمە بە واتا خزمەتکردنی مرۆڤەکەی دیکەیە، کە لەو ووخسارەیدا یەکسەر بە ڕووتی بۆم دەردەکەوێت، لە دۆخی کزۆڵیدا، بێ ئەوەی هیچ شتێک بیپارێزێت ـــ کەواتە لەو دۆخەدا، لەو بارە هەژارەیدا. لە هەمانکاتیشدا ئەم ڕوخسارە ئەو شوێنەیە کە فەرمانم پێدەکات، ئەوەشە کە پێی دەڵێم وشەی خودا لە ڕووخساردا.

فرانس گیوی: ئەو فەرمانەش ئەمەیە: “تۆ نابێت کەس بکوژیت.”

ئمانوێل لیڤناس: ڕوخسارەکە ئەوەیە کە خۆی ڕادەستی بکوژ دەکات یان بەرهەڵستی دەکات. “تۆ نابێت کەس بکوژیت” پرۆگرامێکی تەواوە: واتە “تۆ ژیانم پێ دەبەخشیت.” هەزار و یەک شێواز هەیە بۆ کوشتنی ئەوانی تر، نەک تەنیا بە دەمانچە. ئەوانی تر دەکوژین کاتێک بێدەربەستین لە هەمبەریان، بە گرنگی پێنەدانیان، بە جێهێشتنیان. لە دەرئەنجامدا “تۆ نابێت کەس بکوژیت” شتە سەرەکیەکەیە: بەهۆی فەرمانەکەوەیە کە مرۆڤەکەی دیکە وەک ئەوە دەناسرێتەوە کە خۆی بەسەرمدا ناچار دەکات.

فرانس گیوی: بەڵام ئەو ڕوخسارەی ئەوی دیکە داوای بەرپرسیارێتیم لێ دەکات و تۆش لەو بەرپرسیارێتییەدا زۆر دوور ڕۆیشتویت. تەنانەت هێندە دوور ڕۆیشتویت کە بڵێیت پێویستە خۆمان بکەینە قۆچی قوربانی ئەوی دی، لە پێناو ئەوی دیکەدا ئازار بچێژین.

ئمانوێل لیڤناس: وشەی بەرپرسیار چ نییە جگە لە شێوازێکی تر بۆ گوزارشتکردن لەوەی کە پێی دەڵێم بوون بۆ ئەوانی تر. من بەرپرسیارم لە ئەوی دی، من وەڵامدەرەوەم بۆ ئەوی دی، بە پوختی من وەڵامدەرەوەم بەرلەوەی هیچم کردبێت. دژیەکیەکە ئەوەیە کە بەرپرسیارێتی دەرئەنجامی ئەو کردانە نییە کە کردوومن، بەڵکو وەک ئەوە وایە کە بەرپرسیاربووبم بەرلەوەی هیچ کردەیەک بکەم. وەک ئەوە وایە مەعریفەیەکی ئەزموونەکراوم هەبووبێت و لە دەرئەنجامدا وەک ئەوەی ئازاد نەبووم لە خۆلادان لەو بەرپرسیارێتیە، وەک ئەوەی بەرپرسیاربووبم بەرلەوەی هیچ شتێکی هەڵەم کردبێت. ئەوەیە کە وەک ئەوە وایە قوربانی بدەم، وەک بارمتەیەک ڕەفتار بکەم.

ئازادی هەڵبژێردراو

فرانس گیوی: بەڵام ئازادی و سەربەخۆیی مرۆڤ چی واتایەکی هەیە، کاتێک بەر لە هەموو مەعریفەیەک و هەموو ئازادییەک، ئەوە ئەوی دیکەیە کە ئازادیم دەخاتە ژێر پرسیارەوە و داوای بەرپرسیارێتیم لێ دەکات؟

ئمانوێل لیڤناس: بەو جۆرە دەبوو ئەگەر من پرسیارەکەم بکردایە: چۆن پێناسەی ئازادی بکەین؟ ڕوونە کاتێک سنوورداری هەبوو، ئازادی نییە. بەڵام کاتێک سنوورداری نییە، مەرجە ئازادی هەبێت؟ دەکرێت ئازادی بە شێوازێکی نەرێنی شوناس بکرێت، وەک نەبوونی سنوورداری؟ یان، بە پێچەوانەوە، ئازادی واتا ئەگەری کاردانەوەی کەسێکە بۆ ئەو داوایەی لێی دەکرێت، کردنی شتێکە کە هیچ کەسێکی تر ناتوانێت لەبری ئەو بیکات؟ ئەوەی من پێی دەڵێم چاکێتی بەر لە هەڵبژاردنەکەم ئەوە بەرپرسیارێتیمە، من، وەک ئەوەی هەڵبژێردرابم، وەک ئەوەی نەتوانرێت بگۆردرێمەوە، من تاکە کەسم کە دەتوانم ئەوە بکەم کە دەیکەم لە بەرامبەر ئەوانی دیکەدا.

فرانس گیوی: کەواتە کۆکی لەگەڵ سارتەر کە دەڵێت ئێمە مەحکومین بە ئازادی؟

ئمانوێل لیڤناس: ئەوە بەندە بە بابەتەکە. کاتێک کەسێک خۆی تەرخان دەکات بۆ شتێک یان کەسێک و بەسادەیی تەنیا پێویستییەکی کوێرانە نییە، بەڵکو بانگهێشتێک هەیە بۆم وەک تاکەکەس کە دەتوانم ئەوە جێبەجێ بکەم کە جێبەجێی دەکەم ـــ دواتر بەرپرسیارێتی ئیتیکی هەمیشە ئامادەیە. واتای بەرپرسیارێتی ئیتیکیم ئەوەیە کە هیچ کەسێک ناتوانێت لەبری من ئەوە بکات کە دەیکەم. وەک ئەوە وایە هەڵبژێردرابم، ئەم بیرۆکەی ئازادی هەڵبژێردراوەشە کە دەیخەمە شوێنی ئازادیی نەرێنی پەتی. ئەوەی شۆکمان دەکات دەربارەی نائازادی ئەوەیە کە ئێمە تەنیا هەرکەسێکین لە بەرپرسیارێتیماندا بۆ ئەوانی دیکە. لەکاتێکدا من هەمیشە بانگ دەکرێم وەک ئەوەی تاکە کەس بم بتوانم ئەوە بکەم. ئاڵوگۆڕکردنی خۆت بە کردەیەکی ڕەوشتی هاوتایە بە دەستبەرداربوون لە کردە ڕەوشتیەکە. سارتەر بە شێوازە نەرێنیەکە بیر دەکاتەوە، لەکاتێکدا من بە شێوازە ئەرێنیەکە بیر دەکەمەوە. ئەوەی بۆ من گرنگە ئەوەیە لە پشت هەر تاکێکەوە کە هەر کەسێکە لەنێو کۆمەڵەکەیدا، من تاکە کەسم کە دەتوانم بیکەم. هەموو ئەوەی تر بۆچوونە. بە دیدگای من، ئازادی هەڵبژاردنی ئازاد یەکەمین ڕووداوی مرۆڤ نییە. ئەگەر لێم دەپرسی ئازادیمان و سەربەخۆیمان چی مانایەکی هەیە لەم دۆخەکەدا کە تیایدا بارمتەی بانگهێشتی ئەوانی دیکەین، وەڵامەکەم ئەمەیە کە هیچ پەیوەندییەکی بە سنوورداری و نائازادییەوە نییە، بەڵکو ئەوە نوێنەرایەتی قوڵترین ئەرکم دەکات.

فرانس گیوی: دەکرێت خۆت لە گوزارشتەکەی کانتدا ببینیتەوە، پڕۆپۆزەڵی ڕۆشنگەری: “ڕۆشنگەری هەبوونی بوێریە بۆ شوێنکەوتنی تێگەیشتنی خوودی کەسەکە”؟

ئمانوێل لیڤناس: ئەوەی دەیڵێم سەرەداوە بۆ ئەوە قوڵترینە لە مندا: ئەوە بابەتێکی ئەوپەڕی کەسییە. هەمان شت نییە لەگەڵ پرەنسیپە گەردوونیەکەی کانتدا. لێرەدا ئازادی واتا کردنی شتێک کە هیچ کەسێکی تر ناتوانێت لەبری من بیکات. ئازادی بنچینەیی ئەمەیە. دەڵێم ئەوە ئازادی چاکەکردنە.

فرانس گیوی: ئەی ئەو چاکەیە… ناتوانرێت فەرمانی پێ بکرێت؟

ئمانوێل لیڤناس: تەنانەت ئەوەش دەڵێم، وەک گوفتارێکی مەترسیدار: چاکە کردەیەکی خۆبەخشانە نییە. مەبەستم لە گوتنی ئەمە ئەوەیە کە لە بزووتنەوەی ئازادیدا، هیچ کردیەکی تایبەتی ویست نییە کە خۆی هەڵقورتێنێت و بڕیار بدات چاک بێت. کەس بڕیار نادات چاک بێت؛ کەسەکە چاکە بەر لە هەر بڕیارێک. لە تێهزرینمدا دڵنیابوونەوەیەک هەیە لە چاکەی بنەڕەتی. کاتێک دەڵێم کەس خۆویستانە چاک نییە، ئەوە وەڵامێکیشە بۆ یۆنانیەکان، کە ڕاهاتبون بڵێن کەس خۆویستانە خراپ نییە. ناڵێم کە مرۆڤ خراپە، بەڵکو کەللەڕەقە و بە سروشت خۆگونجێنە لەگەڵ مکووڕیەکانی بوونیدا.

دابڕانێک لە سیستەمی سروشت

فرانس گیوی: ئەی بیرکردنەوەت دژی سروشت دەوەستێتەوە؟

ئمانوێل لیڤناس: بیرکردنەوەم لە سیستەمی سروشت دادەبڕێت. لەو سیستەمەی سروشتدا کە هەموو شتێک هەوڵی مانەوەی خۆی دەدات ــ مرۆڤەکان لەو سیستەم ڕێکوپێکەی سروشتدا بیر لە خۆیان دەکاتەوە و لەسەر بوونیان مکوڕ دەببن. ئەوە ڕێک ئەوەیە کە  فەیلەسووفی مەزن سپینۆوزا (جوو، هۆڵەندی، بەڵام ئەوروپیش) پێی دەڵێت کردەی باڵای خودا: ئەوە، ئەوەیە کە هەر بوونێک مکوڕە لەسەر بوونی خۆی.

بە ئەوەی من پێی دەڵێم بەرپرسیارێتی بۆ ئەوانی دیکە، ئەو سیستەمە دەشکێت، دەکرێت بشکێت، هەمیشە ناشکێت. بێگومان ناڵێم ئەوە ئەوەیە کە هەمیشە دەیباتەوە، بەڵام بۆ مرۆڤ، ئەگەری شکاندنی ئەو سیستەم کراوەیە. مرۆڤ شیاوێتی بیرکردنەوەی هەیە، خۆ تەرخانکردن، خەمخۆری بۆ ئەوانی دی بەر لە هەڵوەدابوون بەدوای مکوڕیەکانی بوونی خۆیدا.

فرانس گیوی: دەڵێیت: “مرۆڤ ناتوانێت بێباک بمێنێتەوە لە هەمبەر بانگهێشتی ئەوانی دیکەدا. ” بەڵام ئەی ئەوسا چۆن خراپە ڕوونبکرێتەوە؟

ئمانوێل لیڤناس: مەبەستم ئەوەیە مرۆڤ ئەو ئەگەرەی تێدایە. ناڵێم هەموو ڕۆژێک ڕوودەدات، بەڵام لە مرۆڤدا شیاویەکی دیاریکراو هەیە بۆ دابڕانێکی پێیویستی حەتمی لە سروشت. بێگومان ئەوەیشی بۆ زیاد دەکەم، ئەمە گریمانەی ئەوەش دەکات کە مرۆڤانی چاکەخواز و پیرۆز هەبوون لە مێژووی مرۆڤایەتدا. خاکی پیرۆز واتای چییە لە کتێبی پیرۆزدا؟ خاکێکە کە ڕێگە نادات گوناه ڕەگ داکوتێیت تێیدا، کە پاڵپشتی ڕەفتاری بەدی کۆمەڵایەتی ناکات، کە پاڵپشتی نادادپەروەری کۆمەڵایەتی ناکات. دەربارەی ئەم بابەتە گرنگترین دەق دەڵێت خاکێکە نەخۆش دەکەوێت و نیشتەجێبووەکانی دەڕشێنێتەوە ئەگەر بەگوێرەی یاسا ڕەفتار نەکەن، ئیتیکەکانی دادپەروەری. ئەوە تاکە ڕەگداکوتانی شیاوە.

فرانس گیوی: کەواتە ئایا ئیتیکەکەت داخوازی پیاوچاکێتی دەکات؟

ئمانوێل لیڤناس: ناتوانم بانگەشەی ئەوە بکەم مرۆڤ پیرۆز و چاکەکارە، لێ مرۆڤ بوونەوەرێکە ناتوانێت نکوڵی لە بەهاکانی چاکەخوازی بکات.

فرانس گیوی: مەبسەتت ئەوەیە کە ئەوە ئەرکێتی؟

ئمانوێل لیڤناس: ئەوە ئەرکێتی، زۆر بە قورسیش زارەوەی ئەرک وەردەگرم: کەسێک هەیە بانگ ڕادێڵێت. نەک کەسێک کە ڕووی لە منە و من بانگ دەکات؛ بەڵکو ” کەسێک” کە لە ڕوخساری ئەوانی دیکەدا بانگم دەکات. بانگکردن واتە ئەرک بەبێ بەکارهێنانی هێز. شتێک هەیە وەک ئەرک بەبێ هێز، بەبێ توندوتیژی. بەڵام جەخار، لە دوای ئەشوارتزەوە، ئەمە بیرۆکەیەکە کە چیتر ناتوانرێت بانگەشەی بۆ بکرێت. دەتوانی بە خۆت بڵێیت کە خودا بەبێ توندوتیژی فەرمان دەکات، بەڵام مافی ئەوەت نییە بانگەشەی بۆ بکەیت، چونکە وا دەردەکەویت پاساو بۆ ئەشوارتز بهێنیتەوە. ڕەنگیشە نەتوانین وا بیربکەینەوە کە هەمووی لەدەستچووە، تەنانەت ئەگەر خوداش بێدەنگ بمێنێتەوە. خودا دوای ئەشوارتز چیتر هیچ پاساوهێنانەوەیەکی نییە. ئەگەر هێشتا باوەڕ هەیە، باوەڕێکە بەبێ دادپەروەری خودایی، بێ ئەوەی بتوانین پاساو بۆ خودا بهێنینەوە. بەسانایی ئەوە ناڵێم، بەڵام ئیتیکێکە بەبێ هیوا، کە بۆ ئەوە ناشێت بانگەشەی بۆ بکەیت. لە سێ چاکەخوازیە ئایینیەکە ـــ باوەڕ، هیوا و ئەوین ــ ڕادەمێنم کە هیوا یەکلایکەرەوەی باوەڕە نییە. هیوا زۆر لە پاداشتەوە گلاوە. ڕزگاربوونی جوولەکەش، لەو هیوایەوە گلاوە.

هەژمارەکانمان هەرگیز یەکلایی نەبوونەتەوە

فرانس گیوی: لە یەکێک لە کارەکانتدا، نووسیوتە: “هەمووان مەسیحاین؛ من مەسیحام. ”

ئمانوێل لیڤناس: مەسیحیای بوون واتە دوو شت: یەکەم: قوربانیدان و کەفارەتی گوناهەکانی ئەوانی دی؛ دووەمیش، لە مەسیحیەتدا هەستانەوە لە مەرگت هەیە و لە جودایزمیشدا مەسیحایەکی سەرکەوتوو. جارێکیان لە بۆنەیەکدا گوتم، هەستانەوە لە مەرگ بەهێزترین خاڵی مەسیحیەت نییە. بە دیدگای من ئەوانەی دوای مەسیح کەوتن دوای مەرگی و بەر لە دۆزینەوەی گۆڕەکەی بە بەتاڵی زۆر قایلکەرترن. تەنانەت دۆزینەوەی گۆڕە بەتاڵەکەش قایلی نەکردن؛ ویستیان سەرەتا خۆی ببینن. خاڵی بنچینەی مەسیحایی ئەوەیە تۆ، وەک کەسێکی بێهاوتا، پێویستە خۆت تەرخان بکەیت بۆ بەرژەوەندی ئەوانی دیکە. لەوێدا ناهاوسەنگی پەیوەندیە کەسییەکان ئامادەیە. بەڵام ناتوانیت بانگەشە بۆ ئەوە بکەیت، ناشتوانیت لە ئەوانی تر بۆ خۆتی داوا بکەیت. تەنیا دەتوانیت بە خۆتی بڵێیت. بەم شێوازەیە کە دەکرێت ببم بە مەسیحا. ناڵێم کە هەوم.

فرانس گیوی: ئایا ئەوە هچ پەیوەندیەکی هەیە بە پیرۆزیەکی دیاریکراوەوە؟

ئمانوێل لیڤناس: بێگومان نەخێر. بە پێچەوانەوە. ئەوە بابەتەکە نییە کە خاوەندارێتی دەکات. بەڵکو ئەو کەسەیە کە بەرپرسیارە. ئەو بەرپرسیارێتیە گەردوونیەشە کە ئەرکردارم دەکات. ئەوە بوونمە، وەک بەردەنگیش خۆم بەرپرسیارم. بانگهێشت کراوم، بارمتەم، هەڵبژێردراوم بۆ وەڵامدانەوەی بانگهێشتی مرۆڤەکەی تر. لەوەشدا من بێهاوتام. ئەوەیە، کە من پێی دەڵێم مەسیحا بوون: هاتووم بۆ ڕزگارکردنی دونیا. بێگومانیش ئەوەم لەبیرچۆتەوە؛ ئێمە هەموویان مەسیحاین کە لەبیرمان چۆتەوە. بەڵام لە ڕێی ئەو تاکایەتیەوەوەیر، کە من وەک هێز بیری لێ ناکەمەوە بەڵکو وەک چاکێتیەکی بێ بەرژەوەندی، کە ئەم بەرپرسیاریەتیە سەرهەڵدەدات.

فرانس گیوی: دەڵێیت: “بەرپرسیار دەبم هەر کە ئەوی تر سەیری کردم. ” لە کاتێکدا سارتەر دەڵێت ئەوانی تر کە لێم دەڕوانن ئاستم بۆ پێگەی شتێک دادەبەزێن، کە ئەوانی تر واتە دورەپەرێزی، ئەوە ڕاستێتی ئەوەیە کە ئەوانی تر بە توندوتیژیەوە لێم دەڕوانن، بۆ تۆ پەلاماردەرەکە ئەوانی دیکە نین؛ منم.

ئمانوێل لیڤناس: پێموابێت بە گوتنی ئەوە، لەباردابوونێکی بنچینەیی مرۆڤ داناهێنم. پێت دەڵێم: کاتێک ئێمە بە پوختی و سادەیی لە دۆخی بووندا نین، بەڵام لە ئەوانی دیکەبوونی ئەوانی تر تێگەیشتووین، هەرگیز تێنەگەیشتووین. هەژمارەکەت لە هەمبەر ئەوانی دیکەدا هەرگیز یەکلایی نەبۆتەوە، ئەوە پێشوەختە گوتنی ڕەوشتێکی تەواو بۆرژوازیە کە لە ساتێکی دیاریکراودا بڵێیت: دەتوانم دەرگاکە دابخەم.

ئەوانی دیکە بە هەندم وەردەگرن، نەک بە شێوازە سارتەریەکە، بە ڕێگری لێ کردنم، بەڵکو بەو شێوازەی کە لە فەڕەنسا دەگوترێت: کارەکەت بەهەند وەردگرم، کارەکەت بەهەند وەرناگرم، کارەکەت هەمەیشە بەهەند وەردەگرم.

فرانس گیوی: گرنگی پێدەدەم؟

ئمانوێل لیڤناس: نا بەهەندی وەردەگرم؛ ئەوە زۆر توندترە. ئەوە ساتی مەسیحایەتیە لە ئەزموونی مرۆڤدا. نەڵێم کە مەسیحا دەیباتەوە، نایەت، خۆت تێدەگەیت. بەڵام لەڕێی ئەو ئەرکەوەیە کە بێهاوتایە، لەوێدا تاکایەتیەکی دەردەکەوێت.

بەرپرسیارێتی و ناهاوسەنگی

فرانس گیوی: زۆر جار ئەو گوتەیەی دۆستۆیفسکی دەهێنیتەوە: “هەموومان گوناهبارین بە هەموو شتێک و بەرامبەر هەموو کەسێک، من لە هەمووان گوناهبارترم. ”

ئمانوێل لیڤناس: ڕوونە کە مرۆڤ هەموو ڕۆژێک بەو شێوەیە ناژی، وانییە؟ بەڵام ئەوەی دەمەوێت بەوە گوزارشتی بکەم ئەوەیە کە نابێت هەرگیز وەک سوودگۆڕکێ لە پەیوەندی لەگەڵ ئەوانی دیکە تێبگەیت. ئەگەر بڵێیت: من بەرپرسیارم لە ئەو بەڵام ئەویش بەرپرسیارە لە من، پێشوەختە بەرپرسیارێتیە بنچینەیەکەت گۆڕیوە بۆ بازرگانی، ئاڵوگۆڕ و یەکسانی. هەروەها پێشوەختە بە هەڵە لەو ڕستەیەی دۆستۆیفسکی تێگەیشتوویت، کە ئەزموونێکی بنەڕەتی مرۆڤە.

فرانس گیوی: ئەوەش ڕوونی دەکاتەوە کە مەبەستت چییە لە ناهاوسەنگی؟

ئمانوێل لیڤناس: بەڵێ، ئەو ڕاستەیەی کە پەیوەندیەکەم لەگەڵ ئەوانی دی پەیوەندیەکی یەکسەری نییە لە نێوان دوو بوونەوەری یەکساندا وەک ئەوەی هاوتای من بێت. نەخێر، من لەسەروو ئەو کەسەوەم کە ئەرکدارە، ئەویش بە شێوەیەکی سەرەکی ئەو کەسەیە کە من بەرامبەری ئەرکردارم. ئەوە شێوازی بنچینەیی پەیوەندیە لەگەڵ ئەوی دیکەدا. کاتێک ساتێک لەمەوبەر گوتم ناتوانم بانگەشەی ئایین بکەم لای ئەوانی دیکە، تەنانەت ئەگەر پرەنسیپێکی دیاریکراویش پەسەند بکەم بۆ خۆم ـــ پێشکەشکردنی بە ئەوانی دیکە دەبێتە چەنابازیەکی ڕووکەشانەی ئایینی. دەتوانم ئایینێک بۆ خۆم پەسەند بکەم کە مافی ئەوەم نییە بۆ ئەوانی دیکەی پێشنیاز بکەم. مەبەستم ئەوەیە لە ناهاوسەنگی.

فرانس گیوی: بەڵام لە کایەی کۆمەڵایەتی بینینی چەندین لە ئەوانی تردا، پێویست نییە ئەو ناهاوسەنگیە هاوسەنگ بکرێتەوە؟

ئمانوێل لیڤناس: هەر کە ڕووبەڕووی سێیەم بوومەوە، کە ئەویش دراوسێمە، هەروەها ئەو کەسەشە کە بە هەموو شتێک قەرزداریم، پێویستە بەراوردنەکراو بەراورد بکەم، لەو خاڵەدا دەگەڕێمەوە بۆ قەڵەمڕەوی دادپەروەری، دەگەڕێمەوە بۆ شار، بۆ ژیانی سیاسی، کە نکوڵی لێ ناکرێت. بەڵام تەنانەت بۆ هاوشاریەکیش کە یاساکانی شاری پەسەندە، جۆرێک دانایی دەتوانێت بێتە نێوانەوە. داناییەک کە یاسا نییە، باوەڕ یان پرەنسیپێکی چەسپاویش نییە، بەڵکو تیایدا ئەگەرگەلێک هەیە گونجاو بۆ هەر تاکێک لە بێهاوتایەکەیدا. لۆژیکێکی دەرەکییە کە کەسێکی لەو جۆرە دەتوانێت، لەکاتێکدا دادپەروەری جێبەجێ دەکات، بەشێوازی خۆی بەزەییەکی زیاتر زیاد بکات، کە جۆرێکە لە دانایی. بەزەییەک کە بە هیچ جۆرێک یاسا نییە بەڵکو لەسەر بنەمای ئەو ڕاستیەیە کە من بێهاوتام و بوونم وەک بێهاوتا، دەتوانێت شتێک بکات کە کەس نەتوانێت لەبری من بیکات، ئەوەش لە یاسا و دادپەروەریدا پێشبینی نەکراوە. سیاسەت گرنگ و پێویستە، بەڵام هەرگیز ناتوانێت وامان لێ بکات بێهاوتایی ئەوانی دی لەبیر بکەین. لە کایەی کۆمەڵایەتیدا، ئەوە دادپەروەریە کە سنووری چاکێتی دیاری دەکات. بەڵام چاکێتی دەتوانێت توندئاژۆیی دادپەروەری نەرم بکاتەوە.

ڕێزگرتنە لەو دادپەروەریە کۆمەڵایەتیەی کە ڕێگری لە هیچ کەسێک ناکات بە شێوازە بێهاوتاکەی خۆی بە خێرومەندیەکی دیاریکراو بیر لە ئەوانی دی بکاتەوە، بە چاکێتی. ئەو چاکێتییە یاسا نییە؛ جۆرێکە لە دانایی لەسەر بنەمای بێهاوتایی خۆم.

فرانس گیوی: چۆن ئەو دێڕە لێک دەدەیتەوە “دراوسێکەت وەک خۆت خۆشبوێت”؟

ئمانوێل لیڤناس: لە زانکۆی لایدنیش ئەو پرسیارام لێ کرا، تۆش دەزانیت کە چۆن وەڵامم داوەتەوە: نابێت کەس ئەم دێڕە وا بخوێنێتەوە وەک ئەوەی من نموونەی ئەو شتە بم کە کەسەکە خۆشی دەوێت. “دراوسێکەت وەک خۆت خۆشبوێت واتە: دراوسێکەتت خۆشبوێت، ئەوە خۆتیت، ئەوە خودی خۆتیت؛ تاکایەتی پێکدێت لەو خۆشویشتنی دراوسێکەت. ”

فرانس گیوی: بەڵێ، بەڵام ئەوە پەسەند دەکەیت کە ڕێژەیەک لە خۆ خۆشویستن پێویستە بۆ ئەوەی بتوانرێت ئەوە جێبەجێ بکرێت؟

ئمانوێل لیڤناس: بە هەڵە لێم تێمەگە. من بە هیچ جۆرێک ناڵێم دەبێت ئەشکەنجەی خۆت بدەیت، بەڵام حەز دەکەم بیرت بخەمەوە کە چیمان گوت دەربارەی ڕاستی یەکلایی کردنەوەی هەژمارەکانمان لەگەڵ ئەوان دی. وا هەست دەکەین کە پێشتر کردوومانە بەرلەوەی بەڕاستی کردبێتمان ــ بەخۆشمەوە. مەبستم ئەوەیە: ئەو دۆخی بارمتەبوونە بە هیچ جۆرێک شێوەیەک نییە لە خوود ـ خەمۆکی، بەڵکو دەبێت وەک هەڵبژاردنێک لێک بدرێتەوە. هەوڵدەدەم بە هیچ جۆرێک لە ڕوانگەی کات و شوێنەوە بیر لە تاکگەرایی مرۆڤ نەکەمەوە، بەڵکو لە ڕوانگەی هەڵبژاردنەوە دەیبینم. دەبینیت؟ وەک ئەوەی ئیگۆتیزمی من بە هیچ جۆرێک لایەنێکی بەتوانا نەبێت، بەڵکو وەک کەسێک کە بانگهێشتکراوە بۆ ئەوەی ببەخشێت.

ڕەوشتێکی ماسۆکیستی؟

فرانس گیوی: بەڕێز لیڤیناس، پرسیارە ئەزەلیەکە بۆ تۆ ئەوە نییە کە “مانای ژیان چییە؟” بەڵکو “ئایا مافی بوونم هەیە؟” یە. چۆن دەتوانین لەگەڵ ئەو پرسیارە دژە سروشتیەدا بژین؟

ئمانوێل لیڤناس: بەڵام هەموو ئەو شتانەی هەوڵمداوە پێشکەشیان بکەم مرۆڤایتیەکی دژە سروشتی بووە ـــ ئەوەی کە دژی سیتەمی تەکوزی سروشتە. دابڕانێکە لە سیستەمی ئاسایی بوون. کە لە خەمی ڕاگرتنی خۆیدایە، مانەوەی لە بووندا، تەنانەت بیر دەکاتەوە کە هەموو شتێک، کاتێک بابەتەکە بوونێتی، ڕێگەی پێ دەدرێت و کە لە ڕووی ئەو مانەوەیە لە بووندایە کە پێویستە هەموو پرسیارەکان بکرێن. هزری من پێکدێت لە دابڕانێک لەو سیستەمە، بڕواشم وایە لە مرۆڤدا ئەو دابڕانە شیاوە و ڕێی تێ دەچێت.

فرانس گیوی: دژوەستانەوەی یاساکانی سروشت، لەپێشینەی بەخشین بە ئەوانی دیکە و هەستی گوناهباری و پاکانە بۆ ئەوانی دیکە: ئایا ئەمە ڕەوشتێکی ماسۆکیستی نییە؟

ئمانوێل لیڤناس: ئەوەی پێی دەڵێین ماسۆکیزم نیشانەی نەخۆشیی بوونێکی تەندروستە. پێموانییە مرۆڤ تەندروست بێت بە مانا ناڕەسەنەکەی وشەکە. دەمەوێت لەو چاکییە ڕووکەشە دابڕێم کە پێکدێت لە شێوەیەکی سەرەکی نیگەرانبوونم دەربارەی تەندروستی خۆم. ئەوە گۆشەگیریە. دەزانی، هەموو نەخۆشینەکان پێویستیان بە چارەسەر نییە. ماسۆکیست؟ من لەو وشەیە ناترسم.

فرانس گیوی: ئەوەی پێی دەڵێیت تەندروستی ساختە و ڕووکەش لە پەندەکەی هۆبزدا چڕبۆتەوە “مرۆڤ گورگە بۆ مرۆڤەکەی دیکە[2]

ئمانوێل لیڤناس: مێژوو پیشانی داوە کە مرۆڤ نەک بەتەنیا گورگە لە بەرامبەر ئەوانی دیکەدا، بەڵکو پێی وایە مافی ئەوەی هەیە گورگ بێت بەرامبەر ئەوانی دیکە. ئەوە ئەوەیە کە لە ڕژێمە تۆتالیتاریزمەکاندا دەبینین، کە لە نێویاندا بیرۆکەی پاراستنی هەمووان لە لایەن دەوڵەتەوە خراپ کەڵکی لێ وەرگیراوە. ئەو ڕژێمانە شێوەیەکی نزمی ئەوەن کە دەبێت دەوڵەت چۆن بێت. لە لیڤاسانی هۆبزدا، دەوڵەت لەو ڕاستیەوە دروست دەبێت کە گورگ درک بەوە دەکات لە بەرژەوندیەتی کە بچێتە پێکهاتەکەیەوە، بەو جۆرە بە پاراستی ئەوانی تر خۆی دەپارێزێت.

لە دژی ڕەگداکوتان

فرانس گیوی: لە کتێبەکەتدا ئازادی سەخت وتارێکت نووسیوە بە ناونیشانی: ” هایدیگەر، گاگارین و ئێمە. ” بە پێچەوانەی هایدیگەرەوە، تۆ زۆر ئەرێنیتر لە کێشەی تەکنەلۆجیا و زانستی مۆدێرن دەڕوانیت، لەو دیدگایەوە کە بەرەو دەرەوەی ڕەگداکوتان پێشڕەویان کردووین. بەڵام لەوە ناترسیت کە دیدگاگەی هایدیگەر لەمەڕ تەکنەلۆجیا وەک ئامڕازێکی پەراوێزخستن و بەرجەستەکاری مەرگ لە ئێستادا ئامەدەیەکی بەرچاوی هەیە لەو نیگەرانیەدا کە بەهۆی هەڕەشەی جەنگی ئەتۆمیەوە هەیە؟

ئمانوێل لیڤناس: بەڵێ، دژم لەگەڵ ئەو بیرۆکەی ڕەگداکوتانەی کە بەردەوام لای هایدیگەر هەیە: گرنگی شوێن، پردی بچووک و جۆگەلە. ئەو دەقانەی هایدیگەر نووسیونی دەربارەی ناوەڕاستی ئەوروپا، دەربارەی ئەڵمانیا، دەقگەلێن پێویستە بە وشەیی وەربگیرێن ـــ خوازەیی نین، دەزانیت. ئەو دەقانە هەناسەی ئەتمۆسفیری ئایدیالی و پەرستشی سروشت دەدەنەوە. لەو کەشەدا، مرۆڤ ڕووەکێکە، ئەوەش ڕێک ئەوەیە کە دژی دەوەستمەوە. بۆ من، مرۆڤ مرۆڤە. ناڵێم هیچ ڕەگەزێکی ئاژەڵی لە مرۆڤدا نییە، بەڵام دەڵێم مرۆڤ دەرخەری دابڕانێکە لە سروشتی ئاژەڵی و ڕووەکی، ئازادبوونیشی لەوێدا مۆڵیوە.

بەتەواوەتی درک بە مەترسیەکانی تەکنەلۆجیا دەکەم، پەرۆشیەکی مەزن بۆ تەکنەلۆجیا، بۆ ئاستێک کە تەکنەلۆجیا ببێتە سەرداری مرۆڤ و مرۆڤ ببێتە کۆیلەی تەکنەلۆجیا. دەتوانم هەموو ئەوانە ببینم، بەڵام ئەگەر تەکنەلۆجیا بە چاکی ئاراستە بکرێت، ئەگەرەیلێکی گەورە دەستەبەر دەکات بۆ چارەی کێشەکانی برسێتی دونیا، ئازادکردنی مرۆڤ لە کۆیلەیەتی کار . . . هتد.

بەڵام بەدڵنیایەوە باوەڕم بەوە نییە تەکنەلۆجیا پەراوێزخستنی تەواوەتی مرۆڤە. پێموایە کینەی مرۆڤ لە مرۆڤەکانی دیکە، سەرچاوەیەکی مەزنتری پەراوێزخستنە. ستایشکردنی سروشتێکی دیاریکراو، ڕەگداکوتان لە شوێنێکدا کە دەرئەنجام دەیکەیتە ئایدیال، نەبینینی بەشەکانی دیکەی دونیا ــ ئەمە هیچ جیاوازیەکی نییە لەگەڵ دابەشکردنی مرۆڤایەتی بەسەر ڕەسەن و بێگانەدا. جودایزم هەمیشە سەلماندویتی کە پەیوەستیەکی دیاریکراوی بە شوێنەوە هەیە.

فرانس گیوی: بەڵام ئەگەر وابێت پێگەی تۆ چییە لە ئیسرائیلدا؟

ئمانوێل لیڤناس: ئەرکی ڕاستەقینەی ئیسرائیل دەبێت لە ئیتییکدا بۆی بگەڕێیت، ئەوە ئەرکێتی. لە داگیرکردنی خاکەکەدا نییە. تەنانەت بۆ دەوڵەتی ئیسرائیلیش حەزم لەو سروودانە نییە کە ستایشی سروشتەکەی دەکەن و لەمەڕ ڕەگداکوتان دەدوێن. ئەوەی گومانی تێدا نییە زۆرینەی جوولەکان بەردبارانم دەکەن لەسەر گوتنی ئەمە.

ئیرۆتیسیسزم و زایندەیی

فرانس گیوی: لەگەڵ بەتایە و سارتەر، ڕەتی دەکەیتەوە کە ئیرۆتیسیزم و زایندەیی یەکسان ببینیت، بەڵام تۆ لەوەدا لەوان جیاوازیت کە ئیرۆس وەک جۆرە دەروازەیەک دەبینت بۆ ئەوانی تر نەک وەک شێوازێکی جەنگان لە نێوان دوو کەسەکەدا. پێتوایە ئەگەری پەیوەندی ڕاستەقینە هەبێت لە پەیوەندیەکی ئیرۆتیکیدا؟

ئمانوێل لیڤناس: ئەوە گرفتێکە زۆر سەرنجی ڕاکێشاوم، بەڵام تەواو سەربەخۆ لە سارتەر و بەتایە، کە لە پێگەیەکی بڵندا دایندەنێم. بەڵام دەربارەی ئەم بابەتە شتێکی وایان لێ فێرنەبووم.

بۆ من، پەیوەندی لەگەڵ ئەوانی دیکە بە هەڵکەوت نییە، بەدڵنیایشەوە نابێت وەک جۆرە یەکگرتنێکی پلەنزم لێکبدرێتەوە. هەرچەندە ئەوە تێمای سەرەکییە لە وێژەیی ئیرۆتیکی و وێژە بەگشتی. لە وێژەدا، ئەو ڕاستیەی کە کەسێک لەگەڵ ئەوی دیکەدا نییە، بەردەوام شیوەنی بۆ دەگێڕدرێت، یان ئەگەر بتەوێت، ئەو پەیوەندیە نزیکە وەک یەکگرتنێکی چەسپاو دەبینرێت. لەو بارودۆخەدا، پەیوەندی نێوان دوو مرۆڤ وەک شکست دەبینرێت. هەندێکجار لەسەر ئەم پێودانگە دنەدەدرێم بڵێم کە دەتوانیت ژیانت لەگەڵ کەسێک تر هاوبەشی پێ بکەیت، بەڵام بوونت نا. کۆمەڵایەتیبوون “باشترە” ( لە نێو دوو بەرزە بۆردا، بەبێ بەهای داوەری کردن) لە یەکگرتن. کۆمەڵایەتیبوون واتایەکی زیاتری هەیە لە یەکگرتنێکی خۆ قایلکەر. ئایدیالی شیوەنبۆکراوی یەکگرتن نەمانی ناوەزەیی: کۆمەڵایەتیبوونە. ئەوەی کە زۆر گرنگە بۆ من لە پەیوەندییە مرۆییەکاندا ئەوەیە کە ئەوانی دیکە دەرئەنجامی دڵنیایی لە داهاتوو نین، کە لە ناویاندا بۆ یەکبوونێک ناگەڕێن کە بە یەکگرتنێک کۆتایی بێت داخراو بۆ ئەوانی دی و شادان بە خۆی.

ئەگەر بە ئیرۆتیسیزم مەبەستت لە ئاڵۆشی سێکسی بێت ( بە گوزارشتەکەی پاسکال)، ئەوە زۆر جەخت دەکاتەوە لە خاوەندارێتی ئەوی دیکە. بەڵام لە زایندەیدا بەدوای ڕەهەندێکی تردا دەگەڕێم. ڕەهەندێک کە ئەوی دیکە پەراوێز نەخات. لە هەرکوێ سێکس هەیە، ڕووخساریش هەیە، پەیوەندیش بە ڕوخسارەوە پەیوەندیەکی ئیتیکی ڕاستگۆیانەیە، چونکە پێشوەختە ئەنگێزەیەکی هاوسۆزی هەیە کە ڕێگە نەدرێت ئەوی دی بە تەنیا بمرێت. ئەوەیە کە پێی دەڵێم ئەوین بێ ئاڵۆشی. چونکە ئاڵۆشی هێشتا دەیەوێت چنگ گیر بکات، خاوەندارێتی بکات. لە سێکس خۆیدا بەدوای ڕووی منداڵێکدا دەگەڕێم، کە سەرلەنوێ پەیوەندیە لەگەڵ ئەوی دیکەدا کە پێویستی بە بەرپرسیارێتیە.

ئارەزوونەکراو هاوتەریب بە ناوازە

فرانس گیوی: هەروەها بە ئەوانی تر دەڵێیت “ئارەزوونەکراو هاوتەریب بە ناوازە. ” لەمەدا دەشێت بە جۆرێک ڕەنگە کۆک بیت لەگەڵ ئەوەی سارتەر گوزارشتی دەکات کاتێک دەڵێت: “دۆزەخ ئەوانی دیکەن”؟

ئمانوێل لیڤناس: مرۆڤ چییە؟ بۆ ئەو مرۆڤایەتییە تەکوزی سروشتە، بۆ ئەو مرۆڤایەتییە ڕووەکیە، ئەو مرۆڤایەتیەی کە تیایدا هەمووان خۆیان دەگونجێن بەگوێرەی مانەوە لە بووندا. ئەوانی دیکە ئارەزوونەکراوی هاوتەریب بە ناوازەن. چونکە ئەوانی دیکە گرفتن، ئەو کەسەی کە سنووردارم دەکات، چونکە هیچ شتێک ناتوانێت سنووردارم بکات جگە لە کەسێکی تر، ئەوەش دژی ئەوە ــ ڕووبەڕووی ئەوە ـ کە تۆ ڕووی تێ دەکەیت بەهۆی ئەوەوە کە پێی دەڵێم خودا لە ڕوخساری مرۆڤدا. ئەوە دراماتیکیە. زاراوەیەکە لە وتارەکەمدا هاتووە “خودا و فەلسەفە” کە تیایدا هەوڵمداوە ئەوە پیشان بدەم کە وەڵامی خودا بریتی نییە لە وەڵامدانەوەی تۆ بەڵکو ناردنی تۆیە بەرەو ئەوانی دی. وەڵامی خودا ئەمەیە: بڕۆ بەرەو ئەو ئارەزوونەکراوە هاوتەریب بە ناوەزەییە.

فرانس گیوی: کەواتە پەیوەندی بە خوداوە، بە بێسنوورەوە، پەیوەندیی لەگەڵ مرۆڤدا؟

ئمانوێل لیڤناس: دەزانیت خاتوون، من مەسیحی نیم، بەڵام چەندین شت لە گۆسپێلەکاندا دەبینم کە زۆر نزیکن لێمەوە، کە وا دەردەکەون لام، لە بناغەدا، تەواو هی کتێبی پیرۆز بن. ئەوەی کە زۆر سەرسامم پێی لە گۆسپێلەکاندا پاژی بیست و پێنجی ماسیۆیە. پاژێکە دەربارەی ڕۆژی دوایی، کە خودا دەڵێت، “ئێوە منتان وەدەرنا، ئێوە دوژمنایەتی منتان کرد. “ـــــ”کەی تۆمان وەدەرناوە؟ کەی دوژمنایەتی تۆمان کردووە؟”ـــــ “کاتێک هەژارەکانتان وەدەرنا. ” ئەمە نابێت بە هیچ جۆرێک بە خوازەیی وەربگیرێت، بەڵکو دەبێت وەک پایەیەکی مەسیحیەت سەیر بکرێت. لە نێو هەژاراندایە کە هەبوونی خودا ئامادەیە.

فرانس گیوی: بە مانا بەرجەستەکەی؟

ئمانوێل لیڤناس: بە مانا بەرجەستەکەی. ئەمە زۆر گرنگترە لە نان و شەرابی مەسیحیەت. ئەمە ڕێک ئەوەشە کە هەمیشە پەرەگرافی ٥۸ ی ئایزایەی پێ دەخوێنمەوە، کە تیایدا بەو کەسانەی بەدوای خودادا دەگەڕێن دەگوترێت، “دەمدۆزنەوە، بەڵام کۆیلەکان ئازاد بکەن، ڕووتەکان پۆشتە بکەن، برسیەکان تێر بکەن و داڵدەی بێ ماڵەکان بدەن” ـــــ ئەوەش زەحمەتە، چونکە ڕاخەرەکانت خۆڵاوی دەکەن.

ئازادکردنی مرۆڤ لە خودا

فرانس گیوی: دەڵێیت ڕوو لەو تیۆریە فەلسەفی و ئایینیانە وەردەگێڕیت کە وەڵام و دەرئەنجامیان دەوێت. ئەوە، دەڵێت کە بەرەو خودایەکی نائایینیمان دەبات. لە کتێبەکەتدا سەرجەمێتی و بێسنووری، ئەم ڕستەیەم خوێندەوە: “ڕۆح بە زگماک بێ خودایە؛ شکۆیەکی مەزنە بۆ کردگار کە سەرکەوتوو بووە لە دروستکردنی بوونەوەرێکدا کە توانای بێ باوەڕی هەیە، چونکە بێ باوەڕی مەرجە بۆ پەیوەندیەکی ڕاستەقینە لەگەڵ خودادا. ” دەتەوێت مرۆڤەکان لە خودا ئازاد بکەیت؟

ئمانوێل لیڤناس: بەشێوەیەکی سەرەکی لەو کتێبەمدایە ئەو خودایەی کە بە هزردا دێت کە شیکاریەکەم پێکدێت لە دۆزینەوەی ئەوەی لە چی بارودۆخێکدا وشەی خودا خۆی مانا وەردەگرێت. ناتوانرێت خودا لۆمە بکرێت لەسەر هەموو ئەو شتانەی بەسەر مرۆڤدا هاتوون. ئەو جۆرە باوەڕە سەرنجم ڕاناکێشێت. ئەوەی بەلای منەوە بنچینەییە ئەوەیە کە مرۆڤ دەتوانێت بەرەو خودا بجوڵێت لە چاکەخوازیەکەیەوە دەست پێ بکات، لەبری ئەوەی بەرەو ئەو چاکێتیە بڕوات کە لە خوداوە دەست پێ دەکات. ئەو ڕاستیەی کە بەبێ گۆکردنی وشەی خودا من چاکم زۆر گرنگترە لەو چاکێتیەی کە دێت و خۆی لە پێشنیازەکانی دۆگماییەکاندا جێگیر دەکات.

فرانس گیوی: لەو ڕووەوە دەتەوێت مرۆڤەکان لە خودا ئازاد بکەیت؟

ئمانوێل لیڤناس: ئەرێ، ئازاد لەو ڕووەوە. هەروەها ئەوەی کە گرنگترینە دەستپێکردنە لە چاکەوە، نەک لە دروستکردنی دونیاوە. دروستکردنی دونیا پێویستە مانای خۆی لە دەستپێکردن لە چاکەوە وەربگرێت. لەبەرئەوەی تۆش نامۆ نیت بەو بابەتە ئایینیانە، دەزانیت کە ئەمە باوەڕێکی کۆنە، کە دەبوو لە کتێبی پیرۆز وەربگیرێت، کە دونیا ئامادە کراوە، کە دونیا دروستکراوە، بە ئیتیک، بە بێرسهێت[3] ــ کە “لە سەرەتادا” خودا دروستی کرد ـــ ئەم وشەیە واتە ئیتیک، یاخوود تەورات. بەو جۆرە ئیتیک، تەورات پێش دونیا دەکەوێت. ڕوونە هەموو ئەوەی گوترا بە شێوازی ئەفسانە بوو.

فرانس گیوی: کەواتە ئیتیک زۆر گرنگترە لە ئایین. زیاتر دەربارەی ئایین دەڵێیت: تاکە مرۆڤایەتی کە شایەنی دڵنەوایی ئایینی و بەڵێنگەلی مەسیحاییە، مرۆڤایەتییەکە کە دەتوانێت بێ ئەوانە هەڵکات.

ئمانوێل لیڤناس: بەوە مەبەستم ئەوە نییە کە “ئایین” چەوتە، هەروەها ڕەنگە ئەو ڕۆحانیەتەی ئیتیک دابینی دەکات تەواوکۆ نەبێت. دەکرێت مرۆ پێویستی بە ئایین بێت هەتا یاریدەی بدات دوورتر بڕوات. بەڵام بۆ من وادیارە کە ئایین ئەو ڕێگەیە نییە کە بەرەو ڕۆحمان دەبات بە واتا دیاریکراوەکەی ڕۆح.

فرانس گیوی: لە شوێنێکی نووسینەکانتدا ڕۆمانیەک لە ڕابیەک دەپرسێت: بۆچی خوداکەتان خودای هەژارانە؟ ئایا هەژاران تێر ناکات؟ ڕابییەکەش وەڵامدەداتەوە: هەتا مرۆڤایەتی لە بەنەفرەتبوون ڕزگار بکات.

ئمانوێل لیڤناس: ئەوەیە گوناهی کوشندە، ئەوەی ئابڕووچوون: کە مرۆڤەکان یارمەتی مرۆڤەکان نادەن. ئەگەر خودا بەرپرسیار بووایە لەوە، هیچ بژاردەیەکی نەدەبوو جگە لە بەجێهێشتی مرۆڤەکان بۆ گوهانەکانیان.

فرانس گیوی: بەڵام ئەوسا دەبوو کڵێساکان ڕەخنە بکرێن بەوەی هەمیشە بانگەشە بۆ خودایەک دەکەن کە پاداشت دەکات و سزا دەدات.

ئمانوێل لیڤناس: کڵێساکان تۆمەتبار ناکەم. کاریان زۆرە بیکەن. . . گرفتی زۆریان هەیە چارەی بکەن. کتێبگەلێکی فرە گرنگ هەن کە کڵێسا بڵاویان دەکاتەوە و لەسەریان دەدوێت. بەڵام ڕەنگە ئەوەی لەو کتێبانەدا بووە بەر لە بوونی ئەو دامەزراوەیە گرنگتر بن. بۆ من، ڕۆحانیەت لە کڵێساوە دەست پێ ناکات.

کردنەوەی خوود بۆ ئەوانی دیکە

فرانس گیوی: تەنیا یەک پرسیاری تر، بەڕێز لییڤناس. کاتێک دەربارەی دیالۆگ دەدوێیت، یەکسەر ڕەهەندی ئیتیکی دێنیتە ناوەوە، بەڵام لە کەتواری مێژووی مرۆڤایەتیدا، هەم لە ڕووبەری تایبەتی و هەم لە سیاسیدا، مرۆڤەکان هەمیشە مەیلی کۆنتڕۆڵکردنیان هەیە لە پێگەی هێزدا لە هەمبەر هاوبەشەکەیاندا. هەر بۆیە حەز دەکەم لێت بپرسم، ئەو کەتوارە ساردت ناکەتەوە؟ لەوە ناترسیت کە تۆ فەلسەفەکەت ئاڕاستەی بوونەوەرانی ئاسمانی دەکەیت، فەلسەفەیەک کە تیایدا هەموو مافەکان بە ئەوانی دیکە دەبەخشیت؟

ئمانوێل لیڤناس: هەتا ئەو کاتەی دیالۆگ هەبێت، دەزانم خراپ بەکارهێنان دەبێت، بەڵام هەر ڕاستی ئاخافتن، بەردەوامبوونی دیالۆگ، پێشوەختە پەیوەندیە لەگەڵ ئەوی دیکەدا. خراپ بەکارهێنانەکان هەرچیەک بن، دیالۆگ هەمیشە بەسوودە. لە بە وردی سەرنجدانی ڕووی ئەوانی دیکەدا، هەمیشە چاکەیەک هەیە کە پێش هەر شەرەنگێزیەک دەکەوێت: ئەوە خۆی پێشوەختە مانادارە.

دەربارەی سەرنجە گشتیەکەت، لەمەڕ هەموو ئەو خراپ بەکارهێنانەی پەیوەست بە ڕوخساری ئەوانی دیکە، هیچ فەلسەفەیەکی مێژووم نییە بتوانێت دڵنەواییەک دابین بکات. هەموو ئەوەی هەوڵدەدەم بە فەلسەفەکەم بیڵێم ئەوەیە لە کردنەوەی خۆتدا بۆ ئەوی تر، مرۆڤ دەتوانێت ئەو قورسیەی بوون بسمێت کە داگیری کردووە. ئەمە ئەگەری بەهەند وەرگرتنی ئەوانی تر ، خەمخۆری بۆ ئەوانی تر، هەبوونی کەمێک چاکە بەرامبەر ئەوانی تر و نیگەرانبوون بۆ مەرگی ئەوی تر بەر لە مەرگی خۆی، دەکاتەوە.

هەروەها ئەگەر ڕێگەم پێ بدەیت دەشڵێم، هیچ دڵنەواییەک نییە بۆ ئەو ساردبوونەوەیەی ئاماژەت بۆ کرد. بەڵام زۆربەی جار پێموایە لە شیکاریدا پێویستە جەخت بخرێتە سەر بێدەربەستی لە پەیوەندیە مرۆییەکاندا. لەسەر ئەو بێدەربەستی ئاخاوتنەی کەسەکە هەیەتی لەگەڵ ئەوانی تردا و ئەوەش ئاستەم نییە ـــ بەڵام ئەوە لە دەرەوەی فەلسەفەیە ــ ئەوەی کە ئەوانەی پشت بە پاداشت نابەستن شایەنی پاداشتێکن.

پەراوێزەکان:

[1] قڕکردنی جووەکان لە لایەن نازیەکانەنەوە، هۆلۆکۆست

2  homo homini lupus

Bereshit3

سەرچاوە:

Religion Beyond a Concept, Edited by Hent de Vries, Fordham University Press, New York 2008

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: