لینین و سەرقاڵییەکانی

483
0
بڵاوکردنەوە:

گفتوگۆ لەگەڵ جۆرج لوکاچ

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: سامان عەلی

پرسیار: بۆ یەکەمین جار کەی بوو کە ناوی لینینتان بیست؟

وەڵام: لە کاتێکی زۆر درەنگدا، بیرت نەچێت من، بەر لە جاڕدانی کۆماری ئەنجوومەنەکان، تێکەڵ بە جووڵانەوەی کرێکاریی نەبووم و، هەرگیز ئەندام نەبووم لە نێو پارتی سۆشیال دیموکراتدا. لە کانوونی یەکەمی ساڵی١٩١٩دا پەیوەندیم بە پارتی کۆمۆنیستەوە کرد، یەکەم پارت بوو کە لەماوەی ژیانمدا پەیوەندیی پێوە بکەم.

پرسیار: کەواتە ئێوە یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەو پارتە بوون.

وەڵام: نەخێر، من لەدوای نزیکەی چوار هەفتە لەو کۆبوونەوەیە کە بەسترا و تیایدا جاڕی دامەزراندنی درا، پەیوەندیم پێوە کرد، شتەکان بەو جۆرە بوون؛ ئەگەرچی من سۆشیالیست نیم، ڕەوتە ئایدیۆلۆژییە فەڕەنسی و ئینگلیزییە گەورەکان زۆر چاک ئاشنابووم. لەو کاتەدا “کاوتسکی، میهرینگ”و، بەتایبەتی “سۆریل”ی فەڕەنسیم دەخوێندەوە کە “ئیرڤین شایو” هێمای بۆ کردووە و سەرنجەکانی بەرەو لای ئەو ڕاکێشا. ئەمە لە کاتێکدا کە بە هیچ کلۆجێک هیچ شتێکم دەربارەی جووڵانەوەی کرێکاریی ڕووسی نەدەزانی، یاخود باشتر بڵێم ژمارەیەک لە کتێبەکانی “بلیخانۆف” ئاشنابووم، بەڵام ناوی لینین کاتێک پەیتا پەیتا لای من واتای پەیدا کرد کە ڕۆژنامەکان بوارێکی فراوانیان بەو ڕۆڵە بەخشی کە شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ساڵی١٩١٧دا گێڕای، بەڵام لەڕاستییدا من لە کاتی کۆچمدا بۆ ڤییەننا نەمتوانی بایەخی ڕاستەقینەی لینین بسەنگێنم. تەنانەت “بێلاکون”ی ئایدیۆلۆژیی کە من لە سەرەتادا پەیوەندیی باشم لەگەڵیدا هەبوو، لە گفتوگۆ تایبەتییەکانی نێوانماندا باسی “بوخارین”ی وەکو ئایدیۆلۆژیستێک زیاتر بۆ دەکردم وەک لە لینین. تەنها لە کاتی کۆچم بۆ خوێندنم بۆ ڤییەننا توانیم واتای لینین، ئەو سەرکردە و ئیلهامبەخشەی جووڵانەوەی کرێکاریی، بدۆزمەوە.

پرسیار: چ شتێک لە ڕەفتاری لینیندا سەرنجی ئێوەی ڕاکێشا؟

وەڵام: ئەوەی کە شۆڕشگێڕێک بوو لە تەرزێکی تەواو نوێ. لە ماوەکانی گواستنەوەدا چەندین دەستەی زۆر لەو خەڵکانە تێکەڵ بە جووڵانەوەی کرێکاریی دەبن کە لە ڕاستەوە بەرەو چەپ گواستویانەتەوە، لەگەڵ خۆیاندا هەموو تایبەتمەندییەکانی باڵی ڕاستڕەو و ئەو نەرێنییانەی کە لەسەری ڕاهاتوون و دەرفەت و توانای سازان لەگەڵ کۆمەڵی سەرمایەداریی پێبەخشیون دەهێنن. ئەم چەشنە لە خەڵکی لای من گرنگ نەبوو، من بیرم لە هەندێک لەو شۆڕشگێڕە بەهێزە سۆفیگەرانە دەکردەوە کە لە ڕێگای هۆشیاریمەوە لەگەڵیاندا لە پەیوەندییدا بووم و، ئەم تەرزە لە شۆڕشگێڕان لە ماوەی شۆڕشی فەڕەنسیدا لە نێو تەوژمی یەعقوبییەکان و لە چوارچێوەی “ڕۆپسپیر”دا پەرەیسەند و پەیدابوو، ئەم تەرزە لە شۆڕشگێڕان بەچەشنێکی ئایدیالی لەلایەن “یۆجین کیفین”ـەوە نوێنەرایەتی کران کە لەدوای داڕمانی کۆماری ئەنجوومەنەکان لە باڤاریا، لە میونیخ لە سێدارە درا. ناوبراو پێشتر وتبووی؛ “ئێمەی کۆمۆنیستەکان لە مردووی مۆڵەتدراو دەچین”. ئەو شۆڕشگێڕانە، لە هەنگاریا، بڕێک نموونەی هەڵاوێردی ئایدیالییان هەبوو، من نامەوێت لەو بارەیەوە لیستێک بنووسم، بەڵکو تەنها دەمەوێت هێما بۆ “ئۆتۆکۆرفین” بکەم، کە نوێنەرێکی نموونەیی شۆڕشی سۆفیگەرانە بوو.

هەرچی لینینە نموونەیەکی بەتەواویی نوێ بوو؛ دەتوانین بڵێین بە هەموو ئەو ورە و هەڵمەت و گیانەی کە هەیبوو خۆی تێکەڵ بە شۆڕش دەکرد و تەنها لە شۆڕشدا دەژیا، بەڵام بەبێ ئەوەی لە هیچ ڕوواڵەتێکی سۆفیگەرانەدا دەربکەوێت. لینین دەیزانی چۆن جەخت لەسەر دژبەرییە تایبەتییەکانی خۆی بکاتەوە، یاخود باشتر بڵێین؛ دەکرێت بڵێین زۆر چاک دەیزانی چۆن چێژ لە ژیان وەربگرێت. مرۆڤێک بوو ئەرک و کارە تایبەتەکانی خۆی هێندە ئەرێنییانە بەجێدەهێنا دەتگوت سۆفیگەرێکە، بەبێ ئەوەی تاکە تایبەتمەندییەک لەو تایبەتمەندییانەی سۆفیگەریی هەبێت. پاش ئەوەی کە توانیم ئەم بۆچوونە دەربارەی لینین دروستبکەم و، چاودێریی هەموو تایبەتمەندییەکانی ڕەفتار و هەڵسوکەوتیم کرد، دواجار دڵنیابوومەوە لەوەی کە ئەو نموونە مرۆییە هەرە باڵاکەی شۆڕشگێڕی سۆشیالیستییە، کە بەچەشنێکی ڕوون پشت بە دیدێکی ئایدیۆلۆژییانەی قووڵ دەبەستێت، بەڵام ئەو جووڵانەوە کرێکارییەی کە پێش ئەو دروست بوو بوو دابەشبوونێکی توند لە نێوان ژیان و ئایدیۆلۆژیادا لە چارەی نووسرابوو.

چونکە لەلایەک سۆشیال دیموکرات مارکسیزمی بە لاڕێدا بردبوو و، بۆ شتێکی هاوشێوەی سۆسیۆلۆژیای وەرگۆڕیبوو و، لەلایەکی تر بە هۆی پێلێنانی لە بەرتریی ئابووریی لەو چینانەی کە لێی بەرهەمهاتوون، تێبینیی ئەوەم کرد کە هۆشیاریی چین، لە ڕووی سۆسیۆلۆژییەوە، پرسێکی چەسپاو و، بەجێهاتوو و، پێدراوێکی بابەتیی و، گشتییە. لینین هەریەک لەم دوو گریمانەیەی دایە دواوە و، ئەو یەکەم کەس بوو کە، بەربنەمای مارکس، پاڵنەری خودیی لە شۆڕشدا، لە بەر چاو گرت.

پێناسەکەی لینین بەناوبانگەکە و، دەڵێت؛ دۆخی شۆڕشگێڕیی خەسڵەتێکی تایبەتی هەیە و ئەویش ئەوەیە کە چینە باڵادەستەکان توانای فەرمانڕەواییکردن بە هۆی ئامراز و شێوازە کۆنەکان لە دەست دەدەن، لە کاتێکدا کە چینە چەوساوەکان ژیان بەگوێرەی بناغە کۆنەکان ڕەتدەدەنەوە.

هەندێک لە شوێنکەوتەکانی لینین ئەم بۆچوونەیان بە بڕێک جیاوازییەوە ڕەچاوکرد، واتە پێیانوابوو ئارەزوونەکردنی ژیان بەگوێرەی شێوازە کۆنەکان واتای ئەوە دەگەیەنێت کە پەرەسەندنی ئابووریی، بەچەشنێکی بڕێک میکانیکییانە، چەوساوەکان دەگۆڕێت بۆ شۆڕشگێڕ. لە کاتێکدا کە لینین دەربارەی دیالەکتیکی ئەم پرسە هۆشیار بوو، بەو واتایەی کە پەیوەندیی بە جووڵەی بەردەوامی کۆمەڵێکەوە هەیە، کە دەشێت چەندین جووڵەی بەردەوام بەخۆوەبگرێت.

من دەمەوێت ئەم هەڵوێستەی لینین لە ڕێگای نموونەیەکی خاوەند واتایەکی بەرچاوەوە ڕوون بکەمەوە. لە کاتی مشتومڕە گەورەکاندا دەربارەی شۆڕشی٧ی نۆڤێمبەری١٩١٧، زینۆفێف، لە نێو ئەو وتارانەدا کە نووسینی وتارێکی نووسی تیایدا ئاماژەی بۆ ئەوە دەکات کە هیچ دۆخێکی شۆڕشگێڕیی ڕاستەقینە بوونی نییە، چونکە تەوژمە کۆنەپەرستەکان لە نێو ڕیزی چەوساوەکاندا یەکجار بەهێزن و، وێڕای ئەوە، بەشێکی زۆر لە جەماوەر، شوێن دەستەی “سەد ڕەشەکە” دەکەوتن، واتە ئەوپەڕی کۆنەپەرستیی ڕووسی. لینین بەو توندییەی کە پێی ناسراو بوو ئەم بنەمایەی زینۆفێفی دایە دواوە. جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە، بە بڕوای ئەو، بوونی قەیرانێکی کۆمەڵایەتیی گەورە، واتە کاتێک کە خەڵکی ئارەزوونەکردنی ژیان بەگوێرەی شێوازە کۆنەکە دەستپێدەکەن، ئەم “نائارەزوو”ە دەشێت سەرهەڵبدات، یاخود باشتر بڵێین دەبێت سەرهەڵبدات، هەم بە ئاراستە شۆڕشگێڕانەکەدا یاخود بە ئاراستە کۆنەپەرستانەکەدا. بەڵکو ئەو پێچەوانەی “زینۆفێف” پێی لەسەر ئەوە دادەگرت کە دۆخێکی شۆڕشگێڕیی شیانیی نابێت ئەگەر جەماوەرێک نەبن ڕووەو ئاراستە کۆنەپەرستەکە هەنگاوبنێن، بەم هۆیەیشەوە توانا بابەتییەکانی کرێکار بەرزدەکەنەوە. ئەرکی حیزب، بەتایبەتی لەم قۆناغەدا، بەرزکردنەوەی توانا خودییەکانی کرێکارە.

هیچ ڕێکەوتیش نییە کە بنەما ئانارشییەکە، بەگوێرەی بۆچوونی لینین، بە ڕەهایی هەڵە بێت، ئەو بنەمایەی کە دەڵێت؛ سەرەتای شۆڕش کردەی گواستنەوەی تاکەکانە لە خۆپەرستیی سەرمایەدارییەوە بۆ هزرە کۆمەڵایەتییەکانی سەرمایەداریی. لینین هەمیشە جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە پێویستە شۆڕش بە پشتبەستن بەو خەڵکانە دەستپێبکات کە ئەوانیش دیسان سەرمایەداریی دروستیکردوون و، بە شێواز و ڕێگای جیاواز لە نرخیانی کەم کردووەتەوە، واتە پشتی بە قەوماوێک بەست کە دەڵێت کردارە هەمەچەشنەکانی تاکەکان لەگەڵ پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکاندا هاوئاهەنگ دێنەوە. ئەو هەمیشە هەوڵیدەدا ئەرکە سەرەکییەکانی شۆڕش لەم هەماهەنگییە قەوماوەوە هەڵبهێنجێت، بەربنەمای ئەوەیش- هەروەها لەسەر بناغەی ئەو بنەما لینینییانەیەی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ئەوەی کە پێویستە بکرێت لە لێکدانەوەی قەوماوی دۆخی قەوماوەوە لە دایک دەبێت- لەڕاستییدا لێکدانەوەی کەسەکانیش دیسان تێهەڵکێشی ئەم لێکدانەوەیە دەبێت.

پرسیار: کەواتە تاکیش دیسان بەو شتە پشت دەبەستێت…

وەڵام: لێرەدا، جیاوازییەکی تری گەورەمان، لە نێوان سەردەمی لینین و قۆناغی دواتردا، لە پێشە، ئەم جیاوازییە ڕاستەوخۆ لەپاش مەرگی لینین دەستی بە ڕوونبوونەوە کرد، تا لە کۆتاییدا بەو شتە گەیشتە لوتکە و تەقییەوە کە بە “دادگاییە گەورەکان” لە نێوان ساڵانی ١٩٣٦-١٩٣٧دا ناودێر کرا، کە بۆچوونە باوەکان لەو ماوەیەدا باسی ئەوەیان دەکرد ئەگەر ئێمە لە ڕابووردووی ئەوە بڕوانین کە لە دژی هێڵ یاخود ئاراستەی کۆمیتەی ناوەندیی بوو دەبینین یەکێک بوو لە هەرە کۆنەپەرستەکان، بەم جۆرە ئێمە هیچ کارێکی دیکەمان نەکرد تەنها دروستکردنی خەڵکانێکی کۆنەپەرست نەبێت. بەڵام لینین تەواو بەپێچەوانەوە ڕەفتاری دەکرد. ئەو داوەرییەیش کە دەیکرد داوەرییەکی بابەتییانەی دوور بوو لە سەرسامبوون و هاوسۆزیی تایبەت و کەسییەوە. بۆ نموونە “بوخارین” لە ڕوانگەی ئەودا کەسایەتییەکی ئەوپەڕی نیان بوو و، بەو هۆیەیشەوە شایستەی ڕێزی ڕەوای خۆی بوو لە نێو حیزبدا، بەڵام کاتێک کە دوا نامەی خۆی نووسی، کە وەک ڕاسپێریی و وەسیەتەکەی وا بوو، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بوخارین هەرگیز مارکسیستێکی ڕاستەقینە نەبووە. لە کاتێکی تریشدا، لە سەروەختی گفتوگۆکانیدا لەگەڵ “ماکسیم گۆرکی”دا، جەخت لەسەر ئەو خزمەتە گەورانە دەکاتەوە کە “ترۆتسکی” لە ساڵی١٩١٧و، لە کاتی شەڕی ناوخۆدا، پێشکەشی کرد و، وتی؛ دروست حیزب دەتوانێت شانازیی بە توانا و چالاکیی ترۆتسکییەوە بکات، بەڵام، بەو جۆرەی کە گۆرکی لە سەروبەندی ڕوونکردنەوەی لایەنی نەرێنیی نێو ترۆتسکیدا دەڵێت، هەروەها دەیشڵێت وێڕای ئەوە: “ترۆتسکی لەگەڵ ئێمە ڕێ دەکات، بەڵام لەڕاستییدا بەشێک نییە لە ئێمە”، هەروەها ئەو بڕێک تایبەتمەندیی ناپەسەندی هەن کە ئەو وا لێ دەکەن لە “لاسال” بچێت.

ئەم دوو نموونەیە بەڕوونیی ئەوە دەردەخەن کە چۆن لینین دادپەروەرانە داوەریی ئەو کەسانەی دەکرد کە سەر بە بازنەی نزیکترین یاریدەدەرەکانی بوون و، چۆن لە هەڵهێنجانی لایەنی بنەڕەتیی نێو تایبەتمەندییە چاک و خراپەکانیان و، لایەنی چەوت و لایەنی ڕاستیان، شارەزایە و، وەک خۆیان چۆنن هانیان دەدات بەبێ ئەوەی بوار بەوە بدات هاوسۆزیی یاخود قایلبوونی تایبەت و کەسیی هیچ کاریگەرییەکی لەسەر هەڵوێستەکانی و کارە سیاسییەکەی هەبێت.

ئەم چەشنە لە ڕەفتاری لە ڕووی تیۆرییەوە ئاڵۆز، بەرامبەر بە هەر کەسێک هەیبوو کە لەگەڵیدا لە جۆرێک لە پەیوەندییدایە “هەڵبەتە ئەمە، لە ئەوپەڕی شیمانەکاندا، پەیوەندیی بە سەد یاخود دووسەد کەسێکەوە هەیە و تەنها بۆ ئەو ژمارەیە گرنگیی هەیە، چونکە ڕێی تێ ناچێت وێنای ئەوە بکرێت کە لینین لەگەڵ هەموو هاونیشتمانییان لە نێو یەکێتیی سۆڤیەت یاخود لە نێو جووڵانەوەی کۆمۆنیستییدا پەیوەندیی تایبەتی هەیە”. هاوکات دژبەریی هەموو ئەوانەیشی دەبینی. من نموونەیەکیت بۆ دەهێنمەوە؛ لینین بەڕوونیی پێیوابوو لە سای شەڕێکی ناوخۆیی تا دوا دڵۆپە خوێن خوێناویدا ناشێت هەمیشە بەگوێرەی یاسا و دادگەریی  بجووڵێینەوە. چونکە جارێکیان لە سۆنگەی ئەو پەرۆشیی و دڵسۆزییەوە کە پێی ناسراو بوو، بە گۆرکی، کە بە دەم دەربڕینی بێزاریی و سکاڵاکردنەوە باسی شەڕێکی بۆ دەکرد لە نێو یەکێک لە یانەکاندا ڕوویدا، دەڵێت: “کێ دەتوانێت ئەوە یەکلایی بکاتەوە کام لە مشتەکۆڵەکان پێویست بوون بۆ دەستپێکردنی ئەو شەڕە و، کامیان ناپێویست بوون؟”، بەڵام هەروەها وتی: “کارێکی زۆر گرنگ و پێویستە کە فەرماندەی ڕاسپێردراو بە سەرکوتکردنی دژە شۆڕش بڕێک هەستی سەبارەت بە ڕووداوەکان و بە دادگەریی هەبێت”. ئەمە بەو واتایەی کە هەموو دۆزێک بەشێوەیەکی ئاڵۆزی فرە لایەن خۆی دەسەپێنێت، چ پەیوەندیی بە بڕیارێکی سیاسیی گەورەوە هەبێت، یاخود بە داوەرییەکەوە کە پێویستە سەبارەت بە کەسێک لە کەسەکان بکرێت.

پرسیار: پەیوەندیی لینین لەگەڵ گۆرکی چۆن بوو؟

وەڵام: لینین بە توانای گۆرکی زۆر سەرسام بوو و، ئەمەیش لەو نامانەدا بەڕوونیی دەردەکەوێت کە بۆ ساتێکیش چییە لە ڕەخنەکردنی نەدەکەوت کاتێک کە گۆرکی بە ڕێگای هەڵەدا دەڕۆیشت. ئێمە جارێکی تریش دەتوانین تێبینیی ئەوە بکەین لینین چەند دوور بوو لە بیرکردنەوە بەو جۆرەی کە هەندێک لە خەڵکی هەرگیز هەڵە ناکەن، یاخود بەپێچەوانەوە ئەوەی کە خەڵکانێک هەبن تا سەر هەڵەبن.

لە نێو کتێبەکەیدا دەربارەی پەڕگیریی، لینین، کاتێک کە باسی چەوتییەکان دەکات، بەشێوەیەکی تەواو ڕوون دەڵێت کە هیچ خەڵکانێکی بێهەڵە بوونیان نییە، هەروەها دەڵێت: ژیرە ئەو کەسەی کە هەڵەی گەورە و قووڵ ناکات و، بەوپەڕی خێرایی کە لە توانادایە دەتوانێت ئەو هەڵەیە ڕاستبکاتەوە کە کردی. لەمەیشدا دیسان دەردەکەوێت چۆن داوای لێکدانەوەی قەوماوی دۆخی قەوماو دەکات، کاتێک کە هێمای بۆ پەیوەندییە مرۆیی و سیاسییەکان لەگەڵ کەسە گرنگەکاندا دەکرد.

پرسیار: ئەی پێتوایە کە پەیوەندیی لینین لەگەڵ “مارتۆف” گرنگ بوو؟ چونکە کاتێک کە دوو نەیار دەست دەکەن بە..

وەڵام: بەڵێ، زۆر گرنگ بوو، چونکە ئەم پەیوەندییە لە سەرەتاکانی سەدەکەدا دەستیپێکرد کاتێک کە هەردووکیان پێکەوە لە نێو جووڵانەوەی نایاساییدا بوون، بەردەوام گفتوگۆ و مشتومڕیان بوو، سەرەڕای هەموو ئەوانە لینین “مارتۆف”ی خۆشدەویست، سەرباری هەموو دژبەریی و جیاوازییەکانی نێوانیان وەک مرۆڤێکی جوامێر و بەتوانا لێی دەڕوانی. هەموو ئەمانەیش ئەو کاتە بەڕوونیی دەرکەوت کە لەپاش پەیماننامەی بریست-لیتۆڤسک کێشمەکێشی چینایەتیی تاوی سەند. بە کردەوەیش وا بوو، لینین دادگایی “مارتۆف”ی نەکرد، بەڵکو ئەوەی نەشیا کردی تاکو “مارتۆف” قایل بکات یەکێتیی سۆڤیەت جێبهێڵێت و لە دەرەوە چالاکییەکانی ئەنجام بدات. دەیویست مارتۆف لە جووڵانەوەی کرێکاریی ڕووسیی دووربخاتەوە، بەڵام نەیدەویست لەناویبەرێت. ئەمەیش کتومت پێچەوانەی ئەوەیە کە لە ساڵانی دواتردا ڕوویدا.

پرسیار: پێموایە کە ئەوە بەشێک بوو لە ڕاستیی لینین کە جارێکیان وتی: “باشتر وایە ناحەزێکی کۆچبەر بێت وەک لەوەی شەهیدێک بێت لە نیشتمان”.

وەڵام: لەم بابەتەیشدا دیسان، لینین هەر لینین خۆیەتی.. چۆن ئەوەت بۆ ڕوونبکەمەوە.. ئەوەی کە من دەیڵێم ڕیشەکانی خۆی لە ڕاستییە دژ بە سۆفیگەرییەکەی ئەودایە. – لە قسەکردن لەسەر گۆرکیدا ئەوەم بۆ باس کردیت- لینین سڵی لە جەختکردن لەسەر ئەوە نەکردەوە کە دەشێت خەڵکانێکی بێتاوان لە کاتی شەڕی ناوخۆدا گیان لە دەست بدەن، هەر بۆیە ئەوەندەی پێی کرا ویستی خۆی لەوە بپارێزێت، لەمەیشدا بەرژەوەندیی شۆڕشی لە بەر چاو گرت، کاتێکیش کە کەمترین توانا هەبوون شێواز و ئامرازە توند و دڵڕەقەکانی لە دژی کەسەکان بەکارنەدەهێنا.

پرسیار: پێموایە پەیوەندیی لینین لەگەڵ گۆرکی، وێڕای ئەو شتەی کە دەشێت لە ڕووی مرۆییەوە هەڵبهێنجرێت، دەشێت دیسان گرنگ بێت، بە ئەندازەی ئەوەی کە پەیوەندییە لە نێوان سیاسی و وێژەوانێکدا، بەڵکو دوورتر لەمەیش بەقەدەر ئەوەی کە پەیوەندییە لە نێوان سیاسەت و وێژەدا.

وەڵام: ئەوە تەواو ڕاستە و، لەمەیشدا هاوشێوەییەک هەیە لەگەڵ ئەو سەرسوڕمانەدا کە مارکس بەرامبەر بە “هاینی” هۆزانڤان هەستی پێ دەکرد. ئەو دەرکی بە چەوتیی هەڵوێستەکانی لە ڕووی ئاکارییەوە لە زیاد لە لایەنێکەوە دەکرد، هەمان شتیش لەگەڵ لینیندا ڕوویدا، کە دروست گۆرکی بە گەورەترین وێژەوانانی زیندووی ڕووس لە قەڵەم دەدا. هەر ئەمەیش بوو ئەو شتەی کە بەو ئاراستەیەدا ڕێبەریی کرد کە بەرامبەر بە گۆرکی هەستێکی تایبەت و کەسیی دایبگرێت. بەڵام پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بکرێت کە لینین ئەم چەشنە مەیلەی تەنها بەرامبەر بە گۆرکی نەبوو.

ئەو بە کردەوە، لە سەروەختی شەڕی ناوخۆدا، زۆر بە توندیی دەدوا، بەڵام شان بە شانی پێلێنان لە توانای نووسەرێکی ڕووسییدا کە بەتەواویی چووە پاڵ دژە شۆڕشە بمبوورە لە ئێستادا ناوەکەیم نایەتەوە یاد، بەهەرحاڵ نووسەرێکی گرنگ نەبوو، بەڵام دەمەوێت ئەوەیش بۆ قسەکانم زیاد بکەم- چونکە ئەوە پەیوەندیی بەم بابەتەوە هەیە- کە “کرۆپسکایا” ڕاستی بۆ چوو کاتێک کە وتی؛ لینین، لە نێو ئەو وتارەدا کە لە ساڵی١٩٠٥دا نووسی- ئەو وتارەی کە لە قۆناغی ستالینیزمدا گۆڕا و بوو بە بناغەی بەراورد و داوەرییکردنی وێژە- ئەو تێزانەی کە تیایدا خراونەتەڕوو دەشێت بەسەر وێژەدا جێبەجێ بکرێن. چونکە هێمای بۆ ئەو ئاراستە نوێیانە دەکرد کە پێویستە ڕۆژنامەکانی حیزب و چاپکراوەکانی، کە لە دۆخی کاری نهێنی هاتوونەتە دەر، پەیڕەویان بکەن.

بێگومان لینین مافی تەواوی ئەوەی هەبوو کە داوا لە ڕۆژنامەگەریی حیزب بکات هێڵێکی سیاسیی دیارییکراوی هەبێت و، پێویستە وتارە بڵاوکراوەکان بەگوێرەی ئەو هێڵە سیاسییە بنووسرێن، بەڵام ئەوە هیچ پەیوەندییەکی بە وێژەوە نییە. لینین هەرگیز بەو چەشنە بیری نەکردەوە کە پێویستە وێژە ببێت بە زمانحاڵی حیزب و ڕۆژنامەی ناوەندیی سۆشیالیستی. ئەوەیش لەم دوو شتە بنەڕەتییەدا ڕوونبووەوە: یەکەم؛ لینین هیچ ڕێزێکی لەو شتە نەدەنا کە بە وێژەی فەڕمیی ناودێر دەکرێت، دووەم؛ لەگەڵ ئەو شتەدا کە بە شۆڕشی کەلتووریی ناوزەد دەکرێت، هەستی بە دژبەرییەکی زۆر دەکرد.

هەروەها ئەوەیش ئاشکرایە کە چۆن لینین تەنانەت لە “مایاکۆڤسکی”ش جۆرێک هەستەوەرانە دەیڕوانی، جارێکیان لە کاتی لێدوانێکیدا لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی کۆمسمۆل، وتی کە ئەو هێشتا لایەنگیریی لە پوشکین دەکات و پوشکین بە شاعیرێکی ڕاستەقینە دەزانێت. بەڵام ئەمە لینینی تەنها بەو ئاراستەیەدا ڕێبەریی نەدەکرد کە پێ لە ئازادیی وێژە بنێت، “بێگومان تا ئەو سنوورەی کە ئەم ئازادییە واتای پڕوپاگەندەکردن بۆ دژە شۆڕش نەگەیەنێت، کە بەڵگەنەویستە لینین بەربەرەکانێی دەکرد، چ وێژەیی بووایە یان نا”، بەڵکو هەروەها بەرەو ڕەتدانەوەی ئەو بنەمایەیش ڕێبەریی کرد کە لەگەڵ ئەو شتەدا کە بە برۆلیتکۆڵت ناودێر دەکرێت دەستی بە گەشەکردن کردبوو، وێڕای ڕەتدانەوەی ئەو ڕەوتەی کە لە ئاییندەگەرایی ئیتاڵییشدا بە هەمان شێوە گەشەی کرد و، کە دەیگوت وێژەی شۆڕشگێڕانە پێویستە بەتەواویی نوێ بێت و، بە یەکێک لەم دوو بژاردەیە داوەریی وێژەی کۆن بکات؛ یان لە مۆزەخانەکاندا پەنا بگرێت یاخود لەناوبچێت و کۆتایی بێت.

باسی برۆلیتکۆڵتم کرد، لینین دەڵێت هێزی مارکسیزم لەوەدایە دەتوانێت هەموو بەها و نۆرمە ڕاستەقینەکان، ئەو بەها و نۆرمانەی کە لە چوارچێوەی کاروانی پێشکەوتنی مرۆڤایەتییدا لە ماوەی هەزاران ساڵدا دەرکەوتن، بکات بە موڵکی خۆی. لەم بوارەیشدا ئەو تاکە دلسۆزی هێڵەکەی مارکس بوو. بە کردەوەیش ئاشکرایە مارکس تەنانەت دەگەڕێتەوە بۆ هۆمیرۆس و وەک نموونەیەک بەکاریدەهێنێت بەوپێیەی پایەبەرزترین شاعیری “منداڵیی مرۆڤایەتییە”.

پاشان ئەگەر ئێمە لە پەیوەندیی لینین لەگەڵ تۆڵستۆی بڕوانین دەتوانین- بەپێچەوانەی “بلیخانۆف” و ئەوانی دیکەوە کە ڕەخنەی توند لە تۆڵستۆی دەگرن- تێبینیی ئەوە بکەین چۆن ئەو شتەی لێ هەڵدەهێنجێت کە گەوهەریی و گرنگە؛ ئەویش هەستی دیموکراسییانەی قووڵی ئەو نووسەرە ڕووسەیە. من، جارێکی تر، دەمەوێت هێما بۆ قسەیەک بکەم کە لینین، سەبارەت بە تۆڵستۆی، بە گۆرکی گوت، لینین بە گۆرکی گوت؛ بەر لە پەیدابوونی ئەم خانەدان (کۆنت)ـە لە نێو وێژەی ڕووسییدا، هیچ جووتیارێکی ڕاستەقینە بوونی نەبوو.

پرسیار: ئایا ئەم حەوسەڵە و پشوولەسەرخۆییەی لینین تەنها تایبەت بوون بە وێژە و هونەر، یاخود لایەنی ئایدیۆلۆجیشیان دەگرتەوە کە هەڵبەتە پەیوەندییەکی ڕۆژانەی توندوتۆڵی لەگەڵ سیاسەتدا هەبوو با بۆ نموونەیش ڕۆژنامە بهێنینەوە؟

وەڵام: لینین خاوەنی ڕوانگەیەک بوو لە دوو بەش پێکدەهات، لە ڕێگایەوە جارێکی تر گوزارشتی لە دیالەکتیکی قەوماو دەکرد. ئەو، بۆ نموونە، هەموو دۆزینەوەکانی زانستەکانی سروشتی پەسەندبوو و، بەم هۆیەیشەوە ئەو بنەمایەی دایە دواوە کە مارکسیزم وەک ڕاستکەرەوەیەکی زانستە سروشتییەکان دەخاتەڕوو. بەڵام ئەو، لەلایەکی ترەوە، دەیزانی کە زانست پاڵنەرێکی ئایدیۆلۆجیی گرنگە، هەر بۆیە لە دژی ئەو ڕەوتە ئایدیالییە تێکۆشا کە لە زانستی نوێدا پەیدابوو، بەدڵنیاییەوە ئەم کارەیشی بەشێوازێک ئەنجامدا دەستکاریی ئەو بنەما چەسپاوانە نەکات کە زانستە سروشتییەکان پێیگەیشتبوون.

لەو ماوەیەدا کە تیایدا ڕەخنەکردنی ڕەخنەی دەنووسی، سەرەتای دۆزینەوە نوێیەکانی فیزیا دەستیپێکردبوو. کە دەبوو، بەگوێرەی بۆچوونی لینین، هەموو هاوکێشەکانی، بۆ نموونە وەکو هاوکێشەکانی دەربارەی گەردیلە، پەسەند بکرێن کاتێک کە ڕاست و بەجێن. بەڵام دروست ئەو شتەی کە پێویستە، دەستنیشانکردنی ئەوەیە کە ئاخۆ گەردیلە- بەو جۆرەی کە فەلسەفەی مارکسیزم جەختی لەسەر دەکاتەوە- وەک شتێکی سەربەخۆ لە هۆشیاریی مرۆڤ دەرک دەکرێت، یاخود وەک بەرهەمی ئەم هۆشیارییە، ئەم گریمانەیەی دووەم چی تر بە گریمانەیەکی تایبەت بە زانستە سروشتییەکان نەماوە، بەڵکو بنەمایەکە لە ڕەوتێکی فەلسەفیی دیارییکراوەوە بەرەوخوار دەبێتەوە و، لەلایەن لینینەوە و لە نێو کتێبی ڕەخنەکردنی ڕەخنەدا و، لەو سۆنگەیەوە کە بنەمایەکی ئایدیالیانەیە، ڕەتدراوەتەوە. جاری تریش پێی لەسەر ئەم ڕەتدانەوەیە داگرتووە. بەڵام ئەمە هەرگیز واتای ئەوەی ناگەیەنێت کە لینین خۆی لە شوێنێکدا داناوە کە لەوێوە بە ناوی مارکسیزمەوە دۆزینەوە زانستییە سروشتییەکان هەڵدەسوڕێنێت.

پرسیار: ئایا ئەمە زانستە کۆمەڵایەتییەکانیش دەگرێتەوە؟

وەڵام: بەبڕوای من، زانستە کۆمەڵایەتییەکان ناگرێتەوە، نابێت ئەوەیشمان لە بیر بچێت کە چەندین شۆڕشی هاوشێوە لە کایەی زانستە سروشتییەکاندا ڕوویاندا، لەو بارەیەوە هەر هێندە بەسە کە هێما بۆ سەردەمەکانی “کۆپەرنیکۆس” و “کیپلەر” و “گالیلۆ” بکەین. بێگومان، بە ناوی ئازادیی زانستە سروشتییەکانەوە، قایلبوون بە پێداگیریی لەم چەشنە شیانی نییە: “ئەگەر بمەوێت ئەوە زەوییە کە بە دەوری خۆردا دەخولێتەوە، ئەگەر بتەوێت ئەوە خۆرە کە بە دەوری زەویدا دەخولێتەوە”. چونکە گالیلۆ، بەچەشنێکی بێ چەند و چوونی گومان هەڵنەگر، سەلماندی کە ئەوە زەوییە بە دەوری خۆردا دەخولێتەوە.

لینینیش وەک دۆزینەوەیەکی لەو چەشنە لە مارکسیزمی دەڕوانی و لەمەیشدا ڕاستی بۆ چوو بوو، دۆزینەوەیەک کە ناتوانرێت پشتگوێبخرێت ئەگەر ئێمە بمانەوێت لە ڕوانگەی زانستییەوە دوور لە شۆخیی بین، هەر بۆیە لینین بواری نەدەدا بەوەی کە ئابووریی نەیاری مارکسیزم لە نێو زانکۆ سۆشیالیستییەکاندا بخوێنرێت- ئەمەیش شتێکی سروشتیی و ئاسایی بوو- بەڵام ئەوەی بەسەر کەلتووری کۆمەڵدا لەسەر ئاستێکی باڵا نەدەسەپاند. چونکە لینین، بەردەوام، پێی لە بایەخ و گرنگیی ژمارەیەک فەیلەسووف و نووسەر و وێژەواندا نا کە بە هیچ کلۆجێک فەیلەسووف و نووسەر و وێژەوانی مارکسیی نەبوون.

ئێمە دەتوانین لە نێو لینیندا ئەو دیالەکتیکە ڕاستەقینەیەی دروستیی و چەوتیی بدۆزینەوە و ببینین کە هیچ یاسایەک نییە فەرمانڕەوایی بکات، یاخود ئەوەی کە بۆ نموونە بتوانرێت لێی هەڵبهێنجرێت ئەگەر مامۆستایەک لە زانکۆ مافی ئەوەی هەبێت دەستداری کورسیی وانەگوتنەوەی خۆی بێت یان نا.

پرسیار: ئەوەی تۆ دەیڵێیت ڕاستە، بەڵام من بڕوام وایە دەشێت لێکۆڵینەوە ئایدیۆلۆجییەکان و، هەروەها لێکۆڵینەوە کۆمەڵایەتییەکان، لە داهاتوودا بڕێک گریمانە بخەنەڕوو و، لەدواییدا ژمارەیەک لەم گریمانانە نەتوانن دروستییان بسەلمێنن.

وەڵام: لینین هەرگیز وەک کۆبوونەوەی بڕێک باوەڕ و ئایدیۆلۆجیای تا دونیا دونیایە و بەردەوام دروست لە مارکسیزمی نەدەڕوانی، بەڵکو وەک یەکەم تیۆریی دروست دەربارەی کۆمەڵ تەماشای دەکرد، تیۆرییەک کە بە هۆی پەیوەندیی توندوتۆڵ لەگەڵ پەرەسەندنی کۆمەڵایەتییدا بەجێهات و پەرەیسەند، ئەو پەرەسەندنەی کە وەک چۆن پێشکەوت دەشێت بەرەو دوایشەوە بچێت. چونکە لە نێو هەموو کردەیەکی پەرەسەندندا ئەم دووفاقییە هەیە کە مارکس و ئەنگڵس و لینین دۆزییانەوە و نیشانەکانیان دەستنیشانکرد. لینین تەنها داوای ئەوەی دەکرد کە پشت بە دروستیی تیۆریی ببەسترێت و لە ماوەی خەباتی سیاسییدا ئەو دروستییەی بسەلمێنرێت. بەدڵنیاییەوە دیدە دوولایەنەکەی لینین هەرگیز واتای ئەوەی نەدەگەیاند کە دوو گریمانە دابنرێن و لە یەک کاتدا هەردوو گریمانەکە وەک دوو گریمانەی دروست یاخود چەوت تەماشابکرێن.

ئەو بوارێکی فراوانی بە گفتوگۆکردن دەدا، بەڵام کتومت دەرکی بە بوونی تەنها یەک ڕاستیی سەبارەت بە پێدراوێک دەکرد، ئەو شتەیش کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئەو کەسانە کە خۆیان بە چاکسازییخواز ناودێر دەکەن دەربارەی فرەیی بیرۆکە دەیڵێن، شتێکی بەڕوونیی پێکەنینئاوەرە و، بڕێک شتی تەواو جیاواز و دژبەر تێکەڵ دەکات. بوونی دۆخێک کە بۆ نموونە بۆ ماوەیەک کە لە بیست ساڵ تێدەپەڕێت پێویستی بە لێکۆڵینەوە و گفتوگۆکردن هەیە تاکو ئەو ڕاستییەی کە هەیە دەربکەوێت، هەرگیز واتای ئەوە ناگەیەنێت کە ڕاستیی دووفاقە، یاخود سێ ڕاستییە، چونکە لە یەک ڕاستیی تەنها ڕاستییەک دەشێت بوونی هەبێت.

پرسیار: بەربنەمای ئەو شتەی کە باست کرد دەکرێت بڵێین ئەو ڕێچکەیەی کە دەچێتەوە سەر ڕاستیی یەک ڕێچکە نییە…

وەڵام: نە یەک ڕێچکەیە و نە ڕێچکەیەکی یەکانگیریشە. خودی لینین خۆی، سەبارەت بە پرسێکی گرنگ، لەسەر ڕێگەچارەیەکی تەواو نوێ بە بەراورد بە مارکس قایل بووە. لە بیرت نەچێت مارکس پێشبینیی ئەوەی کردبوو گواستنەوە لە سەرمایەدارییەوە بۆ سۆشیالیزم لە دەوڵەتانی پێشکەوتووتردا بێتەدی. بەڵام لینین، لەم بوارەدا، بۆچوونێکی تایبەت بە خۆی خستەڕوو، چونکە دۆزی سۆشیالیزم لە وڵاتیکی پێشنەکەوتوودا هاتە پێش، ڕێگەچارەکەی لینین سۆشیالیزم بوو، واتە- لێرەدا مۆڵەتی ئەوەم بدە لێکدانەوەی تایبەتی خۆم بخەمەڕوو- لینین بەگوێرەی پێداویستیی پێدراوەکانی دۆخی مێژوویی بڕیاری خۆی دا. مەبەستم ئەوەیە لە ڕووسیا لە ساڵی١٩١٧دا دوو جووڵانەوەی جەماوەریی شۆڕشگێڕیی گەورە هەبوون. جووڵانەوەی یەکەم هەموو ڕەتدانەوەی جەماوەریی لە دژی شەڕی ئیمپریالیزمی لە خۆ گرتبوو، هەرچی جووڵانەوەی دووەمە نوێنەرایەتیی خواستی جووتیارانی دەکرد بۆ ڕزگاربوون لە دەرەبەگایەتیی و، دەستخستنی زەوی. ئەگەر ئێمە بمانەوێت شیکارییەکی تەواو ڕووت شیکاریی ئەم دوو جووڵانەوەیە بکەین، دەبینین هیچ کامیان تامەزرۆییەکی ڕاستەقینەیان بۆ سۆشیالیزم بە واتای بەرتەسکی وشەی سۆشیالیزم، وەک پەیام هەڵنەگرتووە. چونکە ئاشتی، لە دوا دەرەنجامدا، تەنانەت دەوڵەتێکی بۆرژوا دەتوانێت بەدیبهێنێت، هەروەها دەیشتوانێت زەوی بەسەر جووتیاراندا دابەش بکات. بەڵام لەو قۆناغەدا تەنها پارتە بۆرژواکان لە دژی ئاشتیی دەسبەجێ نەبوون کە کۆتایی بە شەڕە ئیمپریالیستانەکە دەهێنا، بەڵکو تەنانەت پارتە میللییەکانی لە نموونەی پارتی سۆشیالیست-شۆڕشگێڕ و، پارتە کرێکارییەکانی لە نموونەی پارتی مەنشەفیکیش لە دژی شەڕ بوون. هەروەها ئەو پارتانە، وێڕای ئەم هەڵوێستەیان بەرامبەر بە شەڕ، زۆر بەتوندیی و، بە هەموو شێوازێک، بەرهەڵستیی دابەشکردنی زەوییان بەسەر جووتیاراندا دەکرد، کاتێک کە دۆخەکەیش بەم جۆرە بوو، چی تر سەبارەت بە لینین ئەوە ڕوون بوو کاتێک کە دەرکی بەوە کرد کە بەتەنها هەر شۆڕشی سۆشیالیستیی دەتوانێت خواستەکانی ملیۆنان خەڵکیی بەدیبهێنێت. هەر بۆیە ئەوەی بە بیردا نەهات کە لە مانگی تشرینی یەکەمدا لە ڕووسیای دواکەوتوودا لەسەر بنەمایەکی تاکتیکیی پەتیی شۆڕش بکات، بەڵکو لێکدانەوەیەکی قەوماوی دۆخی قەوماوی ڕووسیای لە ساڵی١٩١٧دا کرد بە پێودان.

پرسیار: قسە و باسێکی زۆر سەبارەت بە پشوولەسەرخۆیی لینین بەرامبەر بەو کەسانەی کە لەگەڵی جیاوازبوون و هەروەها لەگەڵ ئەو بۆچوونانەی کە هاوبۆچوونی نەبوون کراون، پێتوایە پشوولەسەرخۆیی شتێکی گرنگە لە ڕەفتاری شۆڕشگێڕانەدا، ئەگەرچی لە یەکەم تەماشادا پێچەوانەی بنەمای شۆڕش دەردەکەوێت؟

وەڵام: من دەمەوێت ئەو تایبەتمەندییەی لینین بە دوو نموونە باس بکەم، لە ساڵی١٩٠٥دا چی تر ئەوە بۆ لینین ڕوونبوو کە جووڵانەوەی شۆڕشگێڕیی گورزێکی بەئازاری بەر کەوت، لەو کاتەیشدا قۆناغی دژە شۆڕش دەستیپێکرد، لێرەدا جیاوازیی و ناکۆکیی لەگەڵ تەوژمی بۆگدانۆڤ-لۆناچارسکی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان هاتە پێش.

ئەو تایبەتمەندییەی لینین و پشوولەسەرخۆییەکەی نەک هەر بەتەنها لە بڕێک شتی بچووکدا بەڵکو هەروەها لەو شتانەیشدا دەرکەوت کە لە ساڵی١٩١٧دا ڕوویاندا. چونکە کاتێک کە کرێکارانی پیترسبۆرگ، کە لە دۆخی ڕاپەڕینێکی چالاک و زیندوودا بوون، بڕیاری ئەنجامدانی خۆپیشاندانێکی گەورەیان دا، لینین لە دژی ئەنجامدانی وەستایەوە، چونکە دەرکی بەوە دەکرد کە هاوسەنگیی هێزەکان بەجۆرێک نەگونجاو بوون کە ئەنجامەکان سەبارەت بە پڕۆلیتاریا کارەساتبار دەبوون، لەبەرئەوەی بۆرژوا پشتی بە هاوپەیمانەکانی بەستبوو و لە لایەن ئەوانەوە پشتگیریی لێ دەکرا، وەک ئاشکرایە ئەو خۆپیشاندانانە، وێڕای ناڕەزایی لینین، ئەنجامدران و، هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی شەڕی ناوخۆیان هەبوو، بەڵام ئەوەیش دیسان ئاشکرایە کە پڕۆلیتاریا بۆڕدرا و، گورزێکی توندی بەر کەوت و، لینین ناچارکرا بەرەو کاری نهێنیی بکشێتەوە، بەڵام شۆڕشەکە بووە خاوەنی هەڵقووڵانێکی نوێ کاتێک کە کودەتاکەی “کۆرنیلۆڤ” شکستی هێنا.

لینین ئەم بابەتەی بەشێوەیەکی دوولایەنە لێکداوەتەوە. چونکە لەلایەک وتارێکی، پێموایە لە مانگی سێپتەمبەردا، نووسی، تیایدا داوا لە زۆرینەی سۆشیالیستیی-شۆڕشگێڕ و مەنشەفیک لە نێو سۆڤیەتەکانی کرێکاراندا دەکات، دەسەڵات بگرنە دەست و، بەڵێنی ئەوەیان پێدەدات کە پارتی کۆمۆنیست بەرهەڵستییەکی دڵسۆزانە دەکات بەقەدەر ئەوەی کە ئەوان لە بواری چاکسازییە سۆشیالیستییەکاندا بەرەوپێش دەچن، بەڵام سەرلەنوێ و لەدوای چەند ڕۆژێک وتارێکی نووسی تیایدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم دۆخە کە لە وتاری پێشوویدا پێشنیازی کرد، بوو بە ڕابووردوو. کاریگەرییەکەی تەنها چەند ڕۆژێکی خایاند.

بەم جۆرە ئۆکتۆبەر هاتە پێش، ئیتر لینین داوای بەپەلە و بەخێرایی گرتنە دەستی دەسەڵاتی کرد، بە هەمان ڕادە کە تیایدا دژ بە خۆپیشاندانی تەمموز بوو و، بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ هاوڕێ دێرینە سەرەکییەکانی خۆی، لە نموونەی زینۆفیێف و کامینێڤ بچڕاند، واتە لە مانگی تەممووزدا پشوولەسەرخۆیی پیشاندا، بەڵام لە ئۆکتۆبەردا ئەم پشوولەسەرخۆییە کۆتایی هاتبوو، بەلەبەرچاوگرتنی پێدراو و هەلومەرجە خودیی و بابەتییەکانی جووڵانەوە شۆڕشگێڕییەکە. کەواتە با سەرلەنوێ بگەڕێینەوە بۆ ئەو خاڵەی کە پێویستە لەسەر بناغەکەی کاروبارەکان ڕێ بکەن، بەتایبەتی سەبارەت بە پرسە ئایدیۆلۆژییە گەورەکان، چونکە ئەوەی کە هەمیشە بڕیاردەدات، شیکاریی قەوماوی دۆخی قەوماوە.

پرسیار: ئێستا ئەوەم وەبیرهاتەوە کە سەبارەت بە پەلەکردن و کۆتاییهاتنی پشوولەسەرخۆیی بە “لایۆس ناجی”ت گوت…

وەڵام: لە ساڵی١٩٣٤دا لە مۆسکۆ کۆنگرەیەک بۆ نووسەران بەسترا “لایۆس ناجی”یش بەشداریی تێدا کرد. من ئەودەم پەیوەندییم لەگەڵی زۆر باش بوو. سەردانیکردم و دەربارەی ئەو ساڵانە پرسیاریلێکردم کە پێشبینیم دەکرد تیایدا هیتلەر لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. وەڵاممدایەوە و گوتم من پێغەمبەر نیم تاکو پێشبینیی داهاتوو بکەم. بەڵام یەکێک لەو شتانەی کە من دەمتوانی پێشبینی بکەم و هەڵیبهێنجم ئەوەبوو کە ئەو دەیتوانی ماوەی ١٠ بۆ ١٥سال بەردەوامبێت. لایۆس ناجی زۆر توڕە بوو و ڕووخساری سوورهەڵگەڕا و بە مشتی کێشای بەسەر مێزەکەدا و بە ڕوومدا هاواری کرد و گوتی: لەو سۆنگەیەوە کە پرسی شۆڕش و بەرپابوونی پرسێکی سادە و کەم نییە، هەر بۆیە کەسی وەک تۆ بەڕاستیی کۆمۆنیست نییە و، ئەمەیش هەر دیسان پەلەکردن و نەمانی پشوولەسەرخۆییە.

دەمەوێت نموونەیەکی دیکەت بۆ باس بکەم کە تا ئێستا بۆ کەسی ترم باس نەکردووە، ئەم نموونەیەیش پەیوەندیی بە هەمان بابەتمانەوە هەیە؛ ئەوکات ڕێپێوانە گەورەکان لە مۆسکۆ بەشێوەیەکی ئەوپەڕی خراپ ڕێکخرابوون. بۆ نموونە کاتێک کە دەبوو کاتژمێر یەک کرێکارانی یەکێک لە کارگەکان بە گۆڕەپانی سووردا ڕەتبن، دەبوو کاتژمێر شەشی بەیانی لە شوێنێک کۆببنەوە. ئەمەی کە من بۆتی دەگێڕمەوە لە یەکێک لە ڕێپێوانەکاندا ڕوویدا، من بە تەنیشت ئافرەتێکی زۆر جواندا ڕێم دەکرد کە لە ساڵی١٩١٩وە کۆچی کردبوو. کاتێک کە ڕێماندەکرد لە دوورەوە بورجەکانی کرملینمان بینی، لەم کاتەدا ئافرەتەکە، کە پڕ بوو لە خرۆش و کەف و کوڵ، هاواری کرد: “بڕوانە، وەک ئەوەی پرسەکە شایانی بێت لە شەشی بەیانیدا کۆببینەوە، تاکو هەموو ئەوانە ببینین!” منیش وەڵامێکی تەواو جیاواز لەو وەڵامەی کە وەڵامی لایۆس ناجیم دایەوە وەڵاممدایەوە و، گوتم: “ئەگەر لینین خاوەنی ئەم پشوولەسەرخۆییەی تۆ بووایە بەلشەفییەکان نەیاندەتوانی دەسەڵات بگرنە دەست و، لەوێوە فەرمانڕەوایی بکەن”.

نازانم ئاخۆ ئەم دوو نموونەیە ئەوە دەردەخەن یان نا کە پشوولەسەرخۆیی و پەلەکردن دوو دژبەری میتافیزیکی نین یەکێکیان ئەوی دیکەیان بگوازێتەوە، بەڵکو لەسەر خودی مرۆڤ خۆی پێویستە- لێرەدا دەمەوێت سەرلەنوێ بەڵگە بە بنەماکەی لینین بهێنمەوە: شیکاریی قەوماوی دۆخی قەوماو- کە پشوولەسەرخۆ و، لە هەمان کاتیشدا بەپەلە بێت.

پرسیار: دەتوانین پرسیار دەربارەی چیەتیی کۆتایی ڕەفتاری شۆڕشگێڕانە لە پەیوەند لەگەڵ ئەو ڕووداوە هەمەجۆرانەدا کە بەشێوەی زۆر جیاواز ڕوودەدەن بکەین؟ بۆ نموونە، با لەلایەک جووڵانەوە خوێندکارییەکان و، لەلایەکی تر دەوڵەتانی سۆشیالیستیی بە نموونە وەربگرین: لە دەوڵەتێکدا کە هێزە شۆڕشگێڕەکان لەسەر تەختی دەسەڵاتن و، بەربنەمای ئەم ئامادەییەیش لە دەسەڵاتدا چەندین ئەرکی جیاوازی هەن، تۆ خۆت، کە لەوەتەی پتر لە پەنجا ساڵە شۆڕشگێڕیت، چۆن دەتوانیت شۆڕشگێڕبیت، دەتوانیت لەو بارەیەوە چی بڵێیت؟

وەڵام: با ئێمە لە بواری جووڵانەوە خوێندکارییەکاندا بمێنینەوە، چونکە من بە چاوی دۆستانە و ڕێزێکی زۆرەوە لێی دەڕوانم، لەبەرئەوەی ئەگەر ئێمە دۆخی ساڵی١٩٤٥ لەگەڵ دۆخی ئێستادا بەراوردبکەین، ئەوکات بەڕوونیی ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە “ئەمێریکان وی ئۆف لایڤ”، واتە سەرمایەداریی مۆنۆپۆل، لە ئێستادا و لایەنی کەم تەنانەت لەسەر ئاستی ئایدیۆلۆژییش سەرکەوتووە، تەنها یەک توێژ دەستی بە جووڵەکردن کردووە، ئەگەرچی پرسەکە ناهۆشیارانەیشە، یاخود شێوازە دروستەکان بەکارناهێنێت، ئەوە نە هیچ زیانێک و نە هیچ گرنگییەکی هەیە.

من دەمەوێت بەراوردێکی سەمبولیکییت بۆ بکەم؛ سەروەختێک کە، لەپاش کەڵەکەبوونی جۆرایەتی، سەرمایەداریی نوێ لە دایک بوو، کرێکاران، بە چەشنێکی خۆبەخۆ، هەستیان کرد کردەی کەمکردنەوە لە گرنگیی ئەوان بۆ بەرژەوەندیی ماشێنەکان بەڕێوە دەچێت، ئەم هەستە بناغەی “لۆدیزم” بوو، واتە جووڵانەوەی پایەماڵکردنی ماشێنەکان.

ئەگەر کردەی لەناوبردنی ماشێن و کەرەستەکانیش تاکتیکێکی دروست نەبێت، ئەوا وێڕای ئەوە، بێگومان قۆناغێکی گرنگ بوو، لەدواییدا کرێکارانی بەرەو ڕێکخراوبوون لە نێو سەندیکاکاندا پاڵنا. زۆر باشە، من خوێندکاران وەک نموونەیەک بۆ کاری شۆڕشگێڕانە تەماشاناکەم، بەڵکو وەک دەستپێکەری قۆناغێکی نوێ لە مێژووی جیهاندا لێیان دەڕوانم. پرسەکەیش لای من وەک یەکە و هیچ جیاوازییەکی نییە ئەگەر ڕابەرانی خوێندکاران وەک من بیردەکەنەوە یان نا؛ لە ڕووی بابەتییشەوە لەپشت هەموو ئەم شتانەوە- بەو جۆرەی کە ئەوان دەڵێن- “ڕەتدانەوەی بوون بە گەمژە فەرمانێکە کە سەرمایە هەڵیاندەسوڕێنێت” هەیە، هەر بۆیە ئەوان بە شوێن بڕێک ڕێچکەی نوێدا دەگەڕێن. هێشتا ئەم ڕێچکە نوێیەیشیان نەدۆزیوەتەوە و نایشیدۆزنەوە ئەگەر ژمارەیەک توێژی گەورەتر نەتوانن لە دژی سەرمایەداریی مۆنۆپۆل ڕابپەڕن. سەرەتاکانی ئەم ڕاپەڕینەیش، لە بڕێک شێوەی سەرەتاییدا، لە ئەمەریکا و لە چەند شوێنێکی تردا، لە شێوەی بڕێک جووڵانەوەی دژ بە شەڕدا دەبینین، هاوکات دەتوانین پرسەکە سەبارەت بە دۆزی ڕەشپێستەکان و، ئەو مشتومڕانە کە لە بارەیەوە دەکرێن، کورتبکەینەوە. دەتوانین بڵێین کە ئێمە لە قۆناغی سەرەتای ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەکەداین لە دژی سەرمایەداریی مۆنۆپۆل، کە بۆ نموونە لە بووژانەوەی جووڵانەوەی کرێکاریی لە نێوان کۆتایی سەدەی هەژدەیەم و سەرەتای سەدەی نۆزدەیەم دەچێت- بەڵام، سەبارەت بەم  لێکچوونە، پێویستە بەئاگابین، چونکە شتەکان لە مێژوودا دووبارە نابنەوە. لەو کاتەدا باس باسی مارکسیزم نەبوو، بەڵام بەبێ ئەو مارکسیزم هەرگیز لە دایک نەدەبوو.

بەقەدەر ئەوەیش کە بابەتەکە پەیوەندیی بە دۆخی ئەمێستامانەوە هەیە، دەتوانم بڵێم سۆشیالیزم، سەرلەنوێ، بەرەوڕووی ئەم پرسە گەورەیە دەبێتەوە: لینین دوایین کەسایەتیی گەورەی نێو کردەی پەرەسەندنێکی شیمانەکراوی سەردەمێکی ڕابووردوو بوو، ئەم پەرەسەندنە بەردەوام دژوار بووە و بەدیهاتنی شیانی نییە. پێویستە لەبیرمان نەچێت کە لە سەرەتای جووڵانەوەی کرێکارییدا- ئەوەندە بەسە کە مارکس و ئەنگڵس و لینین وەبیربهێنینەوە- کەسایەتیی گەورەی ئایدیۆلۆژیی و، پێشەوای سیاسی، لە نێو یەک مرۆڤدا یەکانگیر بوو بوون. ئەم دوو ڕوواڵەتە لە نێو ئەو سێ کەسایەتییەدا کە ناویان هێنراوە یەکانگیر دەبوون و دەژیان، ستالینیش دەبوو بەو جۆرە بێت تاکو ببێتە شوێنگرەوەی لینین. پێموایە ستالین، بەربنەمای داوەرییەکی بابەتیی مێژوویی، شۆڕشگێڕێکی خاوەن باوەڕ بوو. مرۆڤێکی خودان هۆشیاریی و توانا و، یاریچییەکی هەڵاوێرد بوو، بەڵام پێموایە لە هەر نەرم و نیانییەکی ئایدیۆلۆژیی خاڵیی بوو.

من لە نێو چەندین وتاردا، ئێستا ناتوانم  لێکیانبدەمەوە، نووسیم کە ئەوکات لە سەردەمەکانی مارکس و لینیندا لە نێو جووڵانەوەی شۆڕشگێڕیی جیهانییدا بنەمای ئایدیۆلۆژیی هەبوو، ئەو بنەمایەی کە جووڵانەوە کرێکارییەکانی دەوڵەتانێکی هەمەجۆر، لە ڕێگای بڕێک بڕیاری تاکتیکییەوە، ستراتیژی خۆیان لێ هەڵدەهێنجا. ستالین ئەم نموونەیەی سەروبن کرد: چونکە بڕیاری ستراتیژیی و تیۆریی بۆ بڕیاری تاکتیکیی بەکارهێنا.. لەبەرئەوەی لە سەردەمی ستالیندا سەرکردەی حیزب ئایدیۆلۆژیستی حیزب و تیۆریسێنە هۆشیارەکەی بوو کە هەموو شتێکی دەزانی؛ بەم جۆرە خەڵکانێکی لە نموونەی “ڕاکوسی” و “نۆڤۆتنی” و هتد هەبوون. دەبێت زۆر چاک ئەوە بزانین کە جووڵانەوەی کرێکاریی گرفتاری دژوارییەکی گەورە دەبێت، یاخود ئەستەمە بتوانێت لە نموونەی مارکس یاخود ئەنگڵس یاخود لینین بە دونیا بهێنێت. هەر بۆیە پرسی ئەوە خۆی پیشاندەدات کە لە نێوان بونیادی ئایدیۆلۆژیی و تاکتیکی سیاسیی پارتەکاندا پەیوەندییەکی توندوتۆڵ هەبێت. بە بۆچوونی من ئەم بابەتە هێشتا بە لادا نەخراوە. یاخود باشتر بڵێین یەکێکە لەو پرسە گرنگانەی کە خۆی پیشانی جووڵانەوەی کرێکاریی دەدات.

لەسەر ئەو بناغەیە، پێویستە لەسەر خەڵکیی، لە خۆرئاوا، لەوە تێبگەن کە سەرمایەداریی مۆنۆپۆل قۆناغێکی نوێ نییە، چونکە نە سۆشیالیستییە و نە سەرمایەدارییە و، پێویستە لەسەریان لە ڕێگای شیکارییەوە شوێن پێی هەڵبگرن، لەلایەکی دیکەوە پێویستە لەسەر ئێمەیش، لێرەدا- من بەو جۆرەی کە هەمیشە گوتومە و دووبارەم کردووەتەوە بایەخێکی زۆر بەم ڕوواڵەتە دەدەم- بەتەواویی ئەوە بزانین کە ستالین، لە زۆرێک لە بابەت و پرسە گرنگەکاندا، شوێنگرەوەی لینین نەبوو بەڵکو دژبەری لینین بوو.

بەم ئاراستەیەدا و، لە ڕێگای دیدی مرۆگەراییەوە، گەڕانەوە بۆ نموونە شۆڕشگێڕانەکەی لینین، بابەتێکە پایە و پلەیەکی لەپێشین و هەڤیازی هەیە. هەر بۆیە پێموایە ڕوانگەی لینین وەکو مرۆڤێکی کردەیی نەک وەک کەسایەتییەکی ئەندێشەیی ئەفسانەیی، پرسێکە گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە ئەو پرسە، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، وێڕای بڕێک شتی تر، مەبەستێکی سیاسیی نوێی هەیە.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: