سەبارەت بە ڕۆڵی ڕۆشنبیران

595
0
بڵاوکردنەوە:

د. عەلی زەڵمی

لێرەدا هەوڵ دەدەم گفتوگۆی چەمکی ڕۆشنبیر و ئەرکی ڕۆشنبیر بکەم لە روانگەی دیدو بۆچونەکانی ئەنتۆنیۆ گرامشی بە تایبەت تێزەکەی لەمەڕ ‘هەژموونی کەلتوری’. ئەو پرسیارەی کارمان لەسەر کردووە ئەوەیە ئایا پەیوەندی نێوان ڕۆشنبیر و دەسەڵات(مەبەست لێرەدا کاری سیاسیە بەگشتی) چۆنە و هەروەها پاش سی ساڵی ئازادی و ئەزمونی دەسەڵاتی نێوخۆی،  کۆمەڵگای کوردی چ جۆرە ڕۆشنبیرێکی بەرهەم هێناوە؟ ئایا کاراکتەری ئەو مەخولوقەی پێدەوترێ ڕۆشنبیر( بە هەموو ئەو پارێزکردنەمان بۆ بەکارهێنانی ئەو چەمکە)، بونێکی ئۆرگانیک و سروشتیە یان زوڕناژەن و پەخشکەرەوەی بەهاکانی بازاڕی ئازاد و بوونە مشتەریە لە سیستمی کەپیتالیزمی ڤێرژنە کوردیەکەیدا. گەر وا نیە، ئەی ئەو بەها و نۆرمانە چین ئەم ئەکتەرە کۆمەڵایەتی و سیاسیە کاری بۆ کردون و گەشەی پێداون؛ هەروەها تا چەند چینی ڕۆشنبیران بەرپرسن لە کەلتوری شەقاوەچییەتی بەناوی سیاسەتەوە، ئەو جنێوفرۆشیە بەناوی دیبەیتەوە؟ هەروەها باس لەو قەیرانە دەکەین کە چۆن لە کێڵگەی رووناکبیری کوردیدا چەمکەگەلی وەک ئەقڵی ئازاد و رەخنەی ئەقڵانی وەک پێشمەرجی هەر بیرکرندەوەیەکی ئازادانە تێکەڵ بە بۆڵەبۆڵی سیاسی و رەخنەی بازاڕی بووە. سەرەتا پێویستمان بە کورتەیەک لە ناساندنی بۆچونەکانی گرامشی هەیە و پاشان لە دوو رووەوە گفتوگۆی تێزەکەی گرامشی دەکەین لەمەڕ هەژموونی کەلتوری، یەکەمیان، ئایا ڕۆشنبیری کوردی ئۆرگانیک و سروشتیە؟ هەروەها ئایا ڕۆشنبیری کوردی هەر قسەکەرە یان رێکخەر و رابەریشە(بەقەولی مارکسیەکەی)؟ ئەگەر وایە چ جۆرە رێکخەر و رابەرێکە؟

بۆچی گرامشی:

ئەنتۆنیۆ گرامشی (١٨٩١-١٩٣٧) پێیوایە لە  کۆمەڵگا مۆدێرن و کەپەیتالیستەکاندا، دەسەڵات نەک هەر لەڕێگەی توندوتیژی و سەربازی و سیاسی و ئابوریەوە  کۆمەڵگا کۆنترۆڵ دەکات؛ بەڵکوو لە ڕێگەی ئایدیۆلۆژی و کەلتوریشەوە بەهەمان شێوە دەسەڵاتی خۆی تۆکمەتر دەکات بەسەر جڤاتدا. دەسەڵاتدار و سەرمایەدارەکان لە ڕێگەی هەژموونی کەلتوریەوە کار بۆ چەسپاندنی بەها و نۆرمەکانی خۆیان دەکەن لە ناو  کۆمەڵگادا، هەتا وردە وردە ئەو نۆرم و بەهایانە ئاسایی دەبنەوە بە تێگەیشتنی باو و گشتی(common sense). ئیدی خەڵکی بەگشتی ئەو بڕوایان لا دروست دەبێت کە سودی بازرگان و دەسەڵاتدارەکان سودی ئەوانیشە، ئەوان هەرچی دەکەن بۆ ئەمانە. دواتر گرامشی درێژە دەدات بە تێزەکەی و گەشە دەدات بە چەمکی (هەژموونی کەلتوریی) لەوێوە قسە لەسەر رۆڵ و ئەرکی ڕۆشنبیری دەکات لە ناو  کۆمەڵگادا. ئەو لەسەرەتادا دێت جیاوازی دەکات لەنێوان ئەرکی (ئینتڵجیسیا) ی کۆمەڵگا ترادیسۆنەکان و (ئینتەڵەکچوال) لە کۆمەڵگا سەردەمیەکاندا، بەلای گرامشیەوە ئەوان واتە ئنتێڵجیسیا بە هەڵە خۆیان پۆلێن کردووە لە ناو کۆمەڵگادا وەک چێنێک کە ئەوان لەبری خەڵکی گشتی دەبێت بیر بکەنەوە. بۆیە پێیوایە کەپیتالزم زۆر لێزانانە هەڵدەسێت بە وەگەڕخستنی ئەم توێژە بۆ گەیاندنی بەها و نۆرمەکانی دەسەڵات لە ڕێگەی سیستمی پەروەردە و میدیاوە. هەرلێرەوەیە ئەو پێداگیری لەسەر دروستکردنی جۆرێک لە ڕۆشنبیری (سروشتی) دەکات لەبری ئەو هێزەی دەیەوێ لەبری خەڵک بیر بکاتەوە هەروەها ئەو پێشیوایە کە هەموو تاکێکی کۆمەڵگا بەجۆرێک لەجۆرەکان توانستی ڕۆشنبیریی و فکری خۆی هەیە بەڵام مەرج نیە هەموویان بتوانن ئەرکی رێکخراوەیی و رابەرایەتی بگێڕین لە ناو  کۆمەڵگادا. ئیدی بەلای گرامشییەوە وەک زەرورەتێکی مێژوویی چینی چەوساوە لەناو  کۆمەڵگادا ڕۆشنبیری خۆی بەرهەم دەهێنێت بەشێوەیەکی ئۆرگانیکی.

بۆچی گرامشی و تێزەکەی لەسەر چەمکی (هەژموونی کەلتوریی)( cultural hegemony). لێرەدا گرنگە و ئێمە پێویستمان پێیەتی دوای زیاتر لە هەشتا ساڵ. لانی کەم لەدوو ڕووەوە ئەو بۆچونانەی گرامشی ئەکرێ سودیان لێوەرگرین لە خوێندنەوەی بارودۆخی هەنووکەیی هەرێمی کوردستاندا، چ وەک پەیوەندی نێوان ڕۆشنبیر و دەسەڵات چ وەک پەیوەندی نێوان ڕۆشنبیر و خەڵک. سەرەتا لەو پرسیارەوە دەست پێدەکەین کە ئایا ڕۆشنبیری ئێمە ڕۆشنبیری سروشتی و ئۆرگانیکە بە قەولی گرامشی، یان سەربە چینێکی دیاریکراوە و لەوەهمی خۆیدا دەژی و چووەتە سەر پەڵە هەورێک ئیدی وادەزانێ قەد سایەقە ناکاتەوە و ناتوێتەوە؟ پاشان دێینە سەر پرسیارێکی دیکە، دیسان ئەویش لە شیکارکارییەکانی گرامشییەوە هەڵمانجنیوە، ئایا ڕۆشنبیری ئێمە هەر قسەکەرە یان رێکخەریشە، ئایا ئەگەر ئەو رێکخەر و رابەرە هەستاوە بە گەیاندن و بڵاو کردنەوەی چ جۆرە پەروەردەیەک، چ جۆرە کەلتورێک، چ جۆرە بەها و نۆرمێک؟

مۆدێرنە و ڕۆشنبیر:

کاتێ کە مۆدێرنە وەک پرۆژەیەکی ژیاریی و ئەقڵانی دێت بەتەنها دەستکاری زۆربەی هەرە زۆری کایەکانی ژیانی تاک کۆمەڵگاکان ناکات لەڕووی سیاسی و ئابوری و ستراکتۆری کۆمەڵایەتی؛ بەڵکوو ئەو وەک جیهانبینی و باوەڕی نوێ دێت. ئەگەر شۆڕشی زانستی و پیشەسازی و ریفۆرمی سیاسی و ئاینی گرنگ بن لە پرۆژەکەی مۆدێرنەدا ئەوە ئەوەندەش گۆڕینی ئاراستەی بیرکردنەوەش لای تاک و جڤاتەکان گرنگە، بۆ نمونە چەسپاندنی ئەو باوەڕەی کە چیدی مرۆڤ دەبێت بۆ پێشەوە بڕوانێ و هەنگاو بنێ نەک بگەڕێتەوە بۆ باوان و ترادیسۆن واتە قەتیعە لەگەڵ رابردوودا (ئایندەسازی). هەروەها نمونەیەکی دیکەش گەیشتن بەو قەناعەتەی کە هەموو شتێک دەبێت بکەوێتە بەر تاقیگەی ئەقڵەوە بۆ سەلماندنی هەرچی شتێک لە دەرەوەی ئەم ئەزموونکردنە نازانستیە و هەروەها دوورە لە راستیەوە پرۆسەی (بەئەقڵانیکردن). ئیتر هەر زوو ئەم دوو پرۆسە هاوتەریبە ئەقڵانیەت و ئایندەسازی پرسیاری مۆراڵی و ئینسانیان خرانە سەر بە تایبەتی لەسەروەختی گەشەسەندنی سیستمی ئابوری کەپیتالزمدا، کە کەمتر بەها مرۆییەکان بەهەند وەرگیران و زیاتر بەها ماددەیەکان و قازانج بوونە ئامانج. هەڵبەتە دواتر بە سەرهەڵدانی هەردوو جەنگە جیهانییەکە ئیدی بەتەواوی مۆدێرنە پرۆژەی بەمۆدێرنەکردن لانی کەم لە کۆمەڵگا رۆژئاواییەکانەوە پرسیاری گەورەی خرایە سەر. کارڵ مارکس و دواتریش کارەکانی ماکس ڤێبەر بە دووان لەو هەوڵە گرنگ و بنەمایانە ئەژمێردرین کە رەخنەیان لە گەشەکردنی کەپیاتاڵیزم گرت نەک تەنها وەک سیستمێکی ئابوریی بەڵکو وەک پرۆژەی کۆمەڵایەتی و کەلتوریی و سیاسی. دواتریش کارەکانی قوتابخانەی فرانکفۆرت و نەوەکانی دیکەی ئەو قوتابخانە و رێچکە فکرییە بە وێستگەی زۆر گرنگی مێژوویی دەژمێردرێن لە مێژووی هزر و رەخنەی فکری لەسەر مۆدێرنە و کەپیتالیزم. دیارە گرامشی وەک شاهێدحاڵی کارەساتەکانی جەنگی یەکەمی جیهانی و هەروەها ئاسەواری خراپی ئەو جەنگە لە سەر مرۆڤی رۆژئاوایی تێزەکەی دادەمەرزێنێ. بەتایبەتیش کە خۆی قوربانی رژێمێکی وەک فاشیزمی مۆسۆلۆنی ئیتاڵیایە هەمان تەرزی بیرکردنەوەش چ لە ئەڵمانیا لای هیتلەر و نازییەکان و چ لە ڕوسیا(وەک لانکی شۆڕشی پرۆلیتاری) لای ستالین سەری هەڵدابوو. لای گرامشی پرسیارەکە ئەوەیە چۆن ئەوروپا بەم دۆخە ترسناکە گەیشت و ئایا دەوری ئینتلجیسیا چی بووە لە گەشەدان بەم توندوتیژی سیاسیەی  کۆمەڵگا مۆدێرنەکانی ئەوروپا؟ کەواتە بەلای گرامشییەوە دوو شت گرنگن ئەوانیش، لەلایەک ئایدیۆلۆژیای دەسەڵاتە فاشی و شۆڤینییەکان چۆن ئاوها زوو پەرەیسەند، هەروەها کەپیتالیزم چۆن دەتوانێ مرۆڤ و کۆمەڵگاکان رام بکات و ئاڕاستەیان بکات بەو جۆرەی خۆی دەیەوێ. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ڕۆشنبیرانی کورد(بەتایبەتی نەوەی پاش ڕاپەڕین) و ئینتلێکتواڵ بە قەولی گرامشی وەڵامدانەوەی واقعەکەی خۆیانن و بەرهەمی چینی کرێکار و زەحمەتکێشن یاخود ئایا ئەوان جیان لەو جۆرە ڕۆشنبیریەی کەپیتالیزمی کوردی بەرهەمیهێناوە؟ ئەو بەهایانە چین ئەم توێژە کاری لەسەر کردوون ئایا بەهای فەراهەمکردنی ژیانێکی یەکسان و تەبا لەنێوان گروپەکانی  کۆمەڵگا یان بەرهەمهێنانی جۆرە بەهایەکی نادڵسۆز و ڕقاوی و دروستکردنی نەوەیەکی شەقاوە و نابەپرس؟

ڕۆشنبیری ئۆرگانیک:

ئێمە ئەم دەستەواژەیەمان لە گرامشی قەرزکردوە و لێرەدا زیاتر و بەشێوازێکی بەرفراوانتر بەکاری دەهێنین لەمەڕ خوێندنەوەمان بۆ کێڵگەی ڕۆشنبیری کوردی. مەبەستمان لە ئۆرگانیک یان سروشتی ئەوەیە ئایا کۆمەڵگای کوردی بە کاوەخۆ و بە پرۆسەیەکی خۆڕسکی و مێژوویی توانیویەتی هێزێکی مەعریفی بەرهەمبهێنێت لەسەروبەندی کرانەوە و تێکەڵاوبوونی بە دونیای مۆدێرن (دوای ڕاپەڕین) کە جیاواز بێت و تێپەڕێنەری چینی ئینتیڵجسای کلاسیکی کوردی بێت؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە دیارە کاری تیۆری و مەیدانی زۆرمان دەوێ و لێرەدا ئێمە ناچینە ئەو تەفاسیلەوە، بەڵام لەسەر پرسیارەکە دەوەستین و هەندێک شیکارنی بۆ دەکەین. سەرەتا دەبێ دان بەو راستییەدا بنێین کە پرۆسەی گەشەکردنی کۆمەڵگای کوردی پرۆسەیەکی ئاڵۆز و ناسروشتی بووە بگرە دەکرێ پێداگیری لەسەر ئەوەش بکەین کە نەک هەر ئاڵۆز بگرە لێوانلێوە لە دژوازی و تەناقوزات. دوای راپەڕین و دواتریش دوای روخانی سەدام و رژێمی بەعس کۆمەڵگای ئێراقی بە گشتی و کوردیش لەگەڵیدا کەوتنە بەردەم پرسیاری گەورە لە رووی سیاسی ژیانی دیمۆکراتی و کەلتورییەوە. بۆ نموونە؛ ئەگەرچی هەڵبژاردن هەبوو بەڵام نەزعەی خێڵەکی و تایفی زۆرجار ئەنجامەکانی یەکلا دەکردوە، ئەگەرچی ژن لە دەسەڵاتدا بوو، ڕۆژانە ژن هەتک دەکرێ و دەکوژرێ لەسەر ناموس. کەواتە  کۆمەڵگایەکت هەبوو لە بەرواری دوای شۆڕش و راپەرین و دیکتاتۆرییەتدا بوو بەڵام لە رووی پەرەسەندنی مێژووییەوە کۆمەڵگای پێش شۆڕش و ئازادی و دیمۆکراسی و مافەکانی مرۆڤ بوو. ئەزموونی سیاسی دوای ڕاپەرین لە هەرێمی کوردستاندا و دابەش بوونی هاوڵاتییان بەسەر گروپ و پارتە سیاسییەکاندا ئەوەمان پێدەڵێ کە کورد و تاکی کوردی رێک لە قۆزاخە و چوارچێوەی خێڵ و عەشرەت گوازرایەوە بۆ چوارچێوەی پارتی سیاسی و گروپی چەکداری بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەک لەو مەخلوقەدا روویدابێت یان هیچ گۆڕانکارییەک لە فۆرمی حیزبەکە روویدابێت جگە لەچەند فۆرمێکی شکڵی.

ئەو سەردەمە قۆناغێکی زۆر گرنگ و چارەنووسساز بوو بۆ ئەوەی تیایدا ئێمەی کورد بتوانین راگوێزان بکەین و پرۆسەی پەروەردەی سیاسی و ڕۆشنبیری تەکانێک بخوا و گۆڕنکاری نەوع رووبدات. ئەو پرۆسەیەش دەبوو لەلایەن ڕۆشنبیرانەوە وەک دەرکەوتێکی سروشتی کۆمەڵگا یان با بڵێین بە قەولی گرامشی وەک پێداویستییەکی مێژوویی و حەتمی ئەنجام بدرایە. بەڵام کۆمەڵگای کوردی نەک نەیتوانی ئەمە بکات و ئەو هێزە بەرهەمبهێنێ بەڵکو بە هەموو پەل و پۆ و رەنگ و توێژەکانیەوە کەوتە ناو گەمەیەکی قێزەونی سیاسی. هۆکار زۆرن لێرەدا ریزیان بکەین بەڵام ئەشێ هەروا ئاماژەیەکی سەرپێیانە بکەین بۆ گەشەی کەپیتالیزمی کوردی، لەبەر ئەوەی ئەو حزبانە تەنها کاری سیاسییان نەدەکرد بەڵکو کۆمپانیاش بوون بۆیە تۆ فۆرمی زۆر عەجایبی کەپیاتالیزمت بەدی دەکرد کە لەهیچ جێگایەکی دونیادا بوونی نەبوو. کەواتە نە گەشەی کەپیتالیزم سروستی بوو نە هۆشیاری پرۆلیتاریا سروشتی بوو نە قۆناغەکانی گەشەی مێژووییش سروشتی بوون؛ بەڵکوو تێکەڵەیەک لە خێڵ و  کۆمەڵگا، لە هاوڵاتی و جەنگاوەر، لە دیمۆکراتی و دیکتاتۆری، لە دۆگمای ئاینی و سیکۆلاری، لە پیاوسالاری و فیمنیزمی… هتد. سەرتاپای کۆمەڵگای کوردی تەنیبوو بەئێستەشەوە.

ڕۆشنبیر وەک رێکخەر و ڕابەر:

لە ئاوها باروودۆخێکی ناتەبا و ئاڵۆزدا چی بەرهەم دێت، هۆشیارییەکی زۆر بارگاوی بە توندوتیژی و بازاڕیی. ئەوەی کە گرامشی پێمان دەڵێ هەموو مرۆڤەکان بە سروشت ڕۆشنبیرن بەڵام هەموویان توانای رابەرایەتی و رێکخستنییان نییە رێک دەشێوێنرێت. چونکە پرسیارەکە ئەوەیە ئەگەر ڕۆشنبیر بوو بە رابەری سیاسی و رێکخەری کۆمەڵایەتی چ جۆرە نۆرم و بەهایەک دەبێ بڵاوبکاتەوە، ئەو کەناڵانەی ئەو کاریان تێدا دەکا وەک میدیا و پەروەردە چی بەرهەمدەهێنێت؟ بەداخەوە کاراکتەرێکی ڕۆشنبیری سەریهەڵدا لەدوای راپەڕین کە هەڵپەی ئەوەی بوو ببێ بە هەمووشت ئەمەش بەتایبەتی دوای فەشەلی نوخبەی سیاسی کوردی و تێوەگلانی پارتە کوردییەکان بە شەڕی نێوخۆ. ئەوان بە تەنها ڕۆشنبیر نەبوون بەڵکوو ئابوریناس و کۆمەڵناس و فەیلەسوف و سیاسەتمەدار و مامۆستا و مەلای ئاینیش بوون. من لە نووسینێکی دیکەم دا باسی ئەوەم کردووە کە چۆن پرۆژە و خەونی مۆدێرنە گشتگیرە و شمولییە، ئاوهاش ڕۆشنبیرانی کورد هێشتا لەو خەونەی مۆدێرنە رانەچڵەکیون و ئیش لەسەر گوتاری شمولی مۆدێرنە دەکەن. لەو نووسینەدا باسی ئەوەم کردووە کە چەندە بەها و گوتاری پۆستمۆدێرنە بەکەڵکە بۆ ڕۆشنبیری ئێمە، چەندە ڕۆشنبیری ئێمە دەخاتەوە سەرپێی خۆی؛ لێرەوە لە لۆکاڵەوە دەست پێدەکات نەک سەری لە جێگایەک بێت و پێکانی لە جێگایەکی دیکە.

لە فەراغی ئەکادیمییا و لە بەتاڵی سیاسییەکان و بە تەنها سکیڵی شاخ و جەنگاوەرییەوە وایکرد نەوەیەکی عەجایب دروست بێت کە ئەوەی ئێمە پێ دەڵێن (ڕۆشنبیر)، ئەو لە میدیادا بوو لە مزگەوتدا و لە چاخانە و لە ژوورەکانی مەکتەب سیاسی راوێژکار بوو. لێرەوە جۆرێک لە هەیمەنەی ڕۆشنبیری دروست بوو هەندێ فیگەر دروستبوون کاریزمای خۆیان بوو، رێک وەک چۆن ئەو  کۆمەڵگایەی ئێمە توانا و ئارەزووێکی ئێجگار زۆری هەیە بۆ کاریزمای سیاسی و ئاینی دروستکردن هەرواش ڕۆشنبیری زۆر کاریزمی دروست کرد. قەیرانەکە لەوەدا بوو ئەوانیش ڕۆشنبیران زۆر حەزیان بەمە دەکرد ئەگەرچی لافی تەقەشوفیان لێدەدا. چاک بیرمە هەندێ حزب بەس بۆ ئەوەی پێ بڵێن کراوەیە ماستا و و مامەحەمەی دەکرد بۆ ئەو ڕۆشنبیرانە ئەگەرچی زۆرجار تەرزی بیرکردنەوە و ئایدیۆلۆژیایان لێک جیاواز بوو. بانگیان دەکردن بۆ سەر میدیا و رۆژنامەکانیان بۆ دیداری رۆژنامەوانی و یان سیمینار و کۆڕگرتن یان ئەندامەکانیان دەچوونە کۆڕ و مێزگردەکانیانەوە پشتگیریان دەکردن و چەپەڵەیان بۆ لێدەدان هەتا بفەرموون ئەم حزبە یان ئەو گروپە دیمۆکراسین و کراوەن. کارەساتەکە لەوەدا بوو ئەو ڕۆشنبیرانەش تەماحیان لە تەک ئەو بارە کردبوو و زۆرجار ئەو هاندانە دەبوویە هۆی راگۆڕییان زووزوو دەربارەی هەندێ لەو گروپانە یان سەخاوەتکردن لەسەر بەخشینەوەی نازناوی فڵانە حزب کراوەیە و مەدەنییە. یەکێک لەو نمونانە ئاماژەی پێبکەین؛ پەیوەندی نێوان فاروق رەفیق و یەکگرتووی ئیسلامی بوو لەسەرەتای ساڵی دووهەزارەکاندا. ئیدی کەلتورێک دروست بوو کە ڕۆشنبیرانێک هەن دەسەڵاتیان هەیە بە قەولی فۆکۆ دەسەڵاتی مەعریفی، ئەوان دەتوانن شەقام بوروژێنن و فشار دروست بکەن، هەروەها بگرە ئەلتەرناتیڤی سیاسیشییان هەبێت بۆ کۆمەڵگا. ئەم تێگەیشتنە زۆر باووبوو بەتایبەتی کاتێ وردەوردە میدیای ناحزبی(بە رووکەش) سەریهەڵدا. ئیدی ڕۆشنبیری وامان هەبوو لەبەر ستون نووسین بەر نەدەکەوت و هەر لاپەڕەیەکت دەکردەوە دیدارێک یان ستونێک خەریک بوو دەچوو بەچاوتا. بێگومان ئەمە بۆخۆی وەک ئەوەی میدیای ئەلتەرناتیڤ هەبێ و ئازادی رۆژنامەگەری هەبێ و گوتارێکی جیاواز لە هی پارتە کلاسیکییەکان بەرهەم بهێنی کارێکی نەک باشە، بگرە زەرورەتی مێژووییە. بەڵام قسەکە لەسەر ئەو بێسەری و بەرییەی کورد بوو ئەوانەی کاراکتەری ئەم مەیدانە بوون پێیان کەم بوو خۆیان بە سیاسی و چالاکوان و رۆژنامەنووس ئەژمێرکەن بگرە ئەوان نازناوی فەیلەسووف و بیریاریان بۆ خۆیان دانابوو بەڵام شیعریان دەنووسی، رۆمانیان دەنووسی و ستونیان دەنووسی، بەیاننامەیان دەردەکرد… هتد. لە هەموویشی ترسناکتر ئەوە بوو بوارێک بۆ تایبەتمەندی نەمابوو ئەوان قسەی خۆیانی لەسەر نەکەن، واتە پسپۆر و شارەزا لەهەموو بوارەکانی فکر و ڕۆشنبیری. لەمەش خەتەرتر ئەوە بوو ئەگەر دەنگێک یان قەڵەمەێک لێرە و لەوێ دەرکەوتایە بە ئەوانی نەخواردایە ئەوا زوو وەلا دەنرا و بگرە تیرۆری کەسییەتی دەکرا، چونکە ئەوان هێزی سیاسی(پشگیری حزبەکان) و هێزی جەماوەرییان هەبوو (پشتگیری میدیایی).

لەسەروبەندی جیابونەوەی نەوشیروان مستەفا و باڵی ریفۆرم و هەندێ گروپی دیکە لە یەکێتی نیشتمانی و هەروەها پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی ٢٠٠٩؛ ئیدی دەنگە نارازییەکانی شەقام و ئەو باڵەی یەکێتی کە جیا بوویەوە بە پشتگیری ڕۆشنبیران و میدیای ئەهلی فۆرمێکی نوێی ئۆپۆزسیۆنیان دامەزراند لە شێوەی بزوتنەوەیەکی سیاسی و لە هەڵبژاردنەکاندا توانی ٢٥ کورسی بە دەست بهێنێ. یەکێک لەو کێشە و ناڕوونییانە سەری هەڵدا بەهۆی ئەو یەکگرتنەوە ئەوە بوو ئیدی وزە و دەنگی ڕۆشنبیران ڕژایە نێو ئەو پارتە سیاسییەوە فۆرمێکی سیاسی وەرگرت هەتا دەهات فۆرمە کۆمەڵایەتییەکەی کاڵتر دەبوویەوە. بەمەش کێشەی تەرەفگیری و بارگاوی بوونی گوتاری ڕۆشنبیری لێکەوتەوە، بەجۆرێ هەرکەسێک رەخنەی لە دەسەڵات دەگرت بە گۆڕان ئەژمێر دەکرا و بەمەش ڕۆشنبیران لە بەرەی میللەت و بێلایەنی هاتنە دەرەوە و چوونە نێو ململانێ حزبی. ئیتر جۆرێک لە نائومێدی و هەروەها لەدەستدانی متمانە بە ڕۆشنبیران دروست بوو لای خەڵک، چونکە دەبوو ڕۆشنبیر ئەو متمانەیەی لەدەست نەدایە کە لای بابایەکی پارتی یان یەکێتی یان هەر پارتێکی دیکە هەیبوو خۆیشی بە موڵکی ئەوانیش بزانیایە.

نمونەی ئەو ژووانەی لە نێوان رووناکبیران و حیزب لە ژوانگەی موعارەزەدا خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوبات بوو؛ کاتێ پاش کەڵەکەبوونی چەندین قەیرانی سیاسی و ئابوری و ئیداری لە هەرێم و هەروەها بە چاولێگەری ئەوەی پێیدەوترا بەهاری عەرەبی خەڵکی رژانە سەر شەقام. کێشەکە ئەوە نەبوو خەڵکی دواکاری هەبوو هاتبووە سەر جادە و داوای مافەکانی دەکرد لە دەسەڵاتی سیاسی؛ بگرە کێشەکەش ئەوە نەبوو کە ئەو خەڵکانە لایەندار و سەر بە پارتە سیاسییەکان بوون کە ئەوکات هێشتا بە کێکی شیرینی دەسەڵات نەگەیشتبوون. بەڵکوو کێشەکە ئەوە بوو چەند فیگەرێک بوونە پاڵەوان بەسەر خۆپیشاندانەکانەوە و ئەوان بەناوی فەلسەفە و رووناکبیری خۆپیشاندانەکەیان بە دوو ئاقاری خراپدا برد، یەک ئاراستە و ئاقارێکی ئیسلامی رێک کۆپی ساحەی تەحریر ی میسری ئیخوانەکان دەکرایەوە، هەروەها ئاقارێکی دیکە بردنی خۆپیشاندانەکان بەرەو توندوتیژی و ئاژاوەگێڕی. جارێکی تر ڕۆشنبیران بوونە سەرقافڵەی خۆپیشاندانەکان بەڵام بەداخەوە لەبری حیکمەت و ژیری ئەنجامدان ئەوان بوونە رێگەخۆشکەر بۆ نابەرپرسیارییەتی و فەوزانانەوە. بەمەش جارێکی دیکە بیری رەخنەگری و ئەقڵی رەخنەگرانە وەک پێشمەرجی هەر بزاڤێکی رۆشنگەری لەهەر کۆمەڵگایەکدا تێکەڵ بە دەردەدڵ و بۆڵە بۆڵی سیاسی کرایەوە و سەرباری ئەمەش ڕۆشنبیران بوونەوە بە تەرەفگیر و لایەندار لەبری ئەوەی ببن بە ڕابەر وەک گرامشی ئاماژەی پێدەکات.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: