مێتافۆری قامچی، لە نێوان زەردەشت و ئەلیزابێت دا

333
0
بڵاوکردنەوە:

جەنگێک لەسەر سینەی زەردەشت

نووسینی: بەکر عەلی 

ڕەنگە زێدەڕەوی نەبێت گەر بڵێین لەنێو هەموو ئەو ڕستە و ڕشتە و کۆپلە مرواری ئاسایانەی نێو کتێبی «زەردەشت ئاوا دووا»ی فریدریش نیتچەدا ئەم ڕستەیە «کە دەچیت بۆ لای ژنان، قامچییەکەت بیرنەچێت!» هەموو ناوبانگییەک و لە هەمانکاتدا بەدناوییەکی دابێت بە فریدریش نیتچە. بەڵام بەلای خوێنەرانێکی زۆرەوە ئەوە هێشتا ڕوون نەبۆتەوە ئەم وتەیە لەکوێوە هاتووە و بەرەو کوێ دەڕوات. بۆیە ئەوەی کە لە فیکری قووڵی نیتچە تێنەگەیشتبێت لەسەر ڕووکەشی وتەکانی دەنیشێتەوە و لە بۆنە و باسەکاندا هاکەزاییانە بەکاریان دەهێنێت، لە سەدەی بیستەم دا هیچ نووسەرێک، لەسەر ئاستی جیهان، هێندەی نیتچە وتەکانی لەبوارەکانی فەلسەفە، ڕەخنە، ئەدەب، شیعر، هونەر، موزیک، وە سینەما و بگرە سیاسەتیشدا نەهێنراوەتەوە. بەڕادەیەک وشەی نیتچە بووەتە مارکەیەکی جیهانی. شتێک کە نیتچە خۆی دژی هەموو بەمارکەبوونێک بوو.

هەڵەترین لێکدانەوە بۆ نیتچە ئەو چەپە سۆسیالیستانە دەیکەن کە سەرهەڵدانی ئایدیۆلۆژیای نازیزم دەخەنە پاڵی، ئەمە لەهەرە سادەترین و ڕووکەشخوازترین لێکدانەوەی نیتچەیە، ئەوەی نەتوانێت هیچ کارێکی نیتچە بخوێنێتەوە، تەنیا ئەو نامانەی کە نووسیونی بۆ هاوڕێکانی وبۆ دایک وخوشکەکەی، وە لەپاڵیدا کارەکانی «سپێدە و ئاوابوونی بتەکان و زەردەشت و ئەمەیە مرۆڤ» کەمێک بە قووڵی بخوێنێتەوە ولەگەڵ ئایدیاکانی خۆی دەرگیر بکات و بیخاتە نێو کۆبەندییەکی سەردەمەکەیەوە و ڕەچاوی گەشەسەندنی عەقڵییانەی ئەو بکات، ئەوە زۆر بە ئاسانی ئەو ڕاستییەی بۆ دەردەکەوێت کە ئەم نووسەرە دژی هەموو جۆرەکانی سیستەمسازی بووە و بۆ ئەوپەڕی توانای ئازادکردنی ڕۆحی مرۆیی بەهەردوو ڕەگەزەکەیەوە نووسیویەتی. ئەم دێباتەیە وا نزیکەی بۆ سەدەیەک دەچێت لە خۆرئاوا لەلایەن بیری چەپگەری کلاسیکەوە وروژێنراوە و تا هەنووکەش درێژەی هەیە و پێناچێت کۆتایی بێت چونکە مرۆی ئیدیۆلۆگی پێناچێت دەستبەرداری کوێربینییەکەی خۆی بێت. لەکاتێکدا گەر مێژووی ئەو دۆکیومێنتانە هەڵبدەینەوە کە لە ئەرشیفی بزووتنەوە چەپەکانی دنیادا کەڵەکەبوون، ئەوە دەسەلمێنرێت بۆمان کە ستەمکاری و غەدری خودی چەپە سۆسیالیستی وکۆمیونیستییەکان لە ژن و لە مافی ژن و لەئازادییەکانی ژن زۆر کوشندەتر بووە لەو ستەمەی لەلایەن بەرەکانی ترەوە لەدژی ژن و ژنایەتی ئەنجام دراوە. یەکەمین مۆدێلی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا کۆمۆنەی پاریس بوو، لەم بزووتنەوەیەدا لە ساڵی ١٨٧١ ژنان ڕۆڵێکی زۆر کاریگەریان هەبوو لە بەشداریکردن بۆ سەرخستنی ئەو بزووتنەوەیە و تەنانەت لەسەنگەرەکاندا بەرگری چەکدارییانەیان دەکرد. ژنان ئەگەرچی توانیبوویان ڕێکخراوی تایبەت بە خۆیان بۆ بەرگریکردن لە مافەکانیان دابمەزرێنن، کەچی پیاوە دەسەڵاتدارە چەپەکانی ئەو کۆمۆنەیە لە پرۆسەیەکی دەنگداندا بۆ بەشداریکردنی ژنان لە کایەی سیاسی دا، بەزۆرینەی هەرە زۆری ئەولیژنەیە بە «نەخێر» دەنگیان دا، ئەمە خودی گەورەترین فێڵ و غەدر بوو لە ژنان لەلایەن ئەوانەی بانگەشەی سەربەستبوونی ژنانیان دەکرد. بەڵام هاوکات بەم ڕووداوە هەر لەو ماوەیەدا، نیتچە پرۆفیسۆری فیلۆلۆگیا دەبێت لە زانکۆی بازل، لەو زانکۆیەدا لیژنەیەکی شەش پرۆفیسۆری دروست دەبێت بۆ دەنگدان بۆ وەرگرتنی ژنان بۆ خوێندن و فێربوون وفێرکردنی زانکۆیی کە بۆ ئەو سەردەمە شتێکی تەواو نوێ وتازە بوو، لەو شەش ئەندامە چواریان، کە یەکێکیان نیتچە بووە، بە «بەڵی» دەنگیان داوە بۆ بەشداریکردنی ژن. نیتچە خۆی لەنامەیەکیدا بۆ ڤاگنەر ئاماژە بەوە دەدات «کاتێک شۆڕشگێڕەکان ئەوەیان کرد و دواتریش مۆزەخانەی لوڤەریان سووتاند، ئیتر باوەڕم بە هیچ شۆڕشێکی لەو جۆرە نەما».  جا نەک هەر لەو مۆدێلەدا بگرە چ لە مۆدێلی سۆڤیەت و چین و کوبا وڤێتنام وکۆریای باکور و لە هەموو پارتییە کۆمیونیستییەکانی دنیادا، کەهەموومان دەزانین ژنان شان بەشانی پیاوان لەخەباتی سیاسی وسەربازیدا بەشدارییان  تێدا کردووە، کەچی تا ئێستاش بۆ یەک جار لەیەکێک لەو مۆدێلانەدا ژنێک بەرپرسیارێتییەکی باڵای پێ نەسپێردراوە، بۆیە گەر ڕەخنە لەم پرۆگرامە ستەمکارییەی ئەو چەپانە نەگرین ئەوا ژنان دیسانەوە دەبنەوە بە قوربانی ئەو ئیدیۆلۆگیاچەواشەکەرانەیە، بۆیە هەموو ئیمانسیپاسیۆن وسەربەستبوونێکی ژنان لەوێوە دەست پێدەکات کە لە سەنگەری چەپەکان بێنە دەرەوە و بەرەو لیبرالیتێت خەبات بکەن.  هەڵبەت نیتچە هەر لەسەردەمی خۆیدا  تەنیا هاوڕێیەتی ئەو ژنانەی کردووە کە هەڵکەوتووی سەردەمەکەی خۆیان بوون و بووبوونە عەقلێکی ئازاد، وەک: کۆزیما ڤاگنەر، مالڤیدا ڤۆن مایزەنبوگ، لۆ سالۆمی. هەرسێ ئەم ژنە سەربەستە بەشداری کارایان هەبووە لە هۆشیارکردنەوە و ڕۆشنگەریکردنی مەسەلەی ژن لەسەردەمەکەی خۆیاندا و بەردەوامیش نیتچە پشتیوانی لێکردوون وئەگەر نیتچە دژ بەوان بیری بکردایەتەوە هەڵبەت ئەوان لەهەموو کەس نزیکتر بوون لێی و ئاماژەیان بە شتێکی لەو جۆرە دەدا، بەڵام لە نووسینەکانی ئەوانەوە جگە لە ستایشکردنی نیتچە شتێکی تر بەجێ نەماوە. هەر لەو ساڵانەدا  نیتچە لە کتێبی «مرۆڤانە، زۆر مرۆڤانە. بەرگی یەکەم. لەبڕگەی ٤٢٥ دا، ل٢٥٥ دا دەڵێت: مرۆ دەتوانێت لە وڵاتە بەشارستانیبووەکانی ئەوروپادا، بەهۆی ئەو سەدان ساڵ مێژووەی بۆ پەروەردەکردن هەیانە، ژنان بگۆڕن بۆ هەر شتێک کە بیانەوێت، تەنانەت لەژێر ئەو کارتێکردنانەدا ئەوان خەسڵەتەکان و بەهێزییەکانی پیاویش وەردەگرن، هەڵبەتە لەوەشدا دەبێت لاوازییەکانیشیان لەبەرچاو بگیرێت. مرۆ چەندێک حەز بکات، دەتوانێت هێندە ناچاریان بکات بۆ گۆڕین. بەڵام ئایا ئێمە چۆن بەرگەی ئەو قۆناغە ڕاگوزەرییە بگرین کە لەوێدا و بەدوای ئەوەدا دێتە ئاراوە، چونکە ڕەنگە ئەم قۆناغەش چەند سەد ساڵێک درێژە بخایەنێت.» هەڵبەتە نیتچە لەچەندین شوێنی تری نووسینەکانیدا قسەی لەسە ژن و هاوسەرگیری ومنداڵ خستنەوە کردووە و لەزۆر جێگەدا ژنی بە ژیان و بە ڕاستی پێناس کردووە، لێرەدا ئێمە شوێن ئەو تێمایە ناکەوین، بەڵکو پتر قسە لەسەر ئەو مقۆمقۆیە دەکەین کە لەلایەن چەپە سۆسیالیستییەکانەوە دەخرێتە سەر نیتچە بەوەی دژەژن و باوکی نازیزم بووە.

چەپەکان کە هاتوهاواریانە لەوەی هیتلەر لە کتێبەکانی نیتچەوە هاتۆتە دەر، ئیتر دەبێت لەمەودووا قڕوقەپی لێ بکەن، چونکە کاتێک لەو ساڵانەی دوواییدا کتێبخانە تایبەتەکەی ماڵی هیتلەریان کردەوە، لەگەڵ ئەو هەموو دۆکیومێنت وبەڵگانەی هەی بووە، تاکە یەک ڕستە وبگرە بەیەک وشەش ناوی نیتچەی تێدا نەهاتووە، جگە لەو گۆچانەی نیتچە کە ئەلیزابێتی خوشکی نیتچە بەخشی بووی بە هیتلەر. هەڵبەتە ئەوەش ئاشکرایە کە ئەلیزابێت ڕۆڵێکی زۆر نێگەتیڤی بینیوە لەژیانی بیرکردنەوە و لە ژیانی تایبەتی فریدریشی برایدا. لێرەدا دەمەوێت بچمە سەر قسەکردن لەسەر یەکێک لەو ڕستانەی نیتچەی پێ بەدناو بووە، کە هۆکارەکەیشی هەر ئەلیزابێتی خوشکی بووە و بنج وبنەوانی ئەم چیرۆکە سەبارەت بە پەندەکە «کە دەچیت بۆلای ژنان قامچی لەبیر نەکەیت» کە لەبەشی یەکەمی زەردەشتدا هاتووە لەباسی «سەبارەت بە ژنانی پیر و لاو» بە یەکجاری بۆ خوێنەران ڕوون بکەمەوە.  لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کە زەردەشتی نیتچە لەڕاستیدا قامچییەکە لەبیر دەکات، ئەوە ژنێکە بیری دەهێنێتەوە کەلەگەڵ خۆیدا بیبات. واتە ڕاستە زەردەشت لێرەدا ئەم ڕستەیەی بە خوێنەرانی درکاندووە، بەڵام لەڕاستیدا وتەی ئەو نییە بەڵکو وتە و ئامۆژگاری پیرەژنە بچوکەکەیە، کە جگە لە ئەلیزابێتی خوشکی کەسێکی تر نییە.

کەچی ئەم وتەیە نیتچەی لای ژنان بەدناو کردووە و ئیمەیجێکی قێزەونی لا دروست کردوون. بێئاگا لەوەی کە نیتچە هەم لە کۆی ژیانی کەسی وتایبەتی خۆیدا وهەم لە تەواوی نووسینەکانیدا هیچ جۆرە جیاوازییەکی ڕەگەزی نەکردووە وبگرە لە زۆر ڕووەوە ژنی خستۆتە سەروو ئاستی پیاو. لە کتێبی «مرۆڤانە، زۆر مرۆڤانە»دا لە بڕگەی ٣٧٧. ل٢٤٣، دەڵێت «ژنی بەر کەماڵ مۆدێلێکی مرۆڤە، کە باڵاترە لە پیاوی بەرکەماڵ»  چونکە هەموو ئەوەی سەبارەت بە بەرزەمرۆڤە لەنێو ئەو دۆخە زەلیلەدا کە مرۆڤ تێیدایە ژنان لەپیاوان پتر پێویستیانە بۆ خۆ تێپەراندن، کەم نین ئەو ژنانەی لەژیاندا بەو ئەزموونە تێپەڕیون و ئەوانەشی لە بوارەکانی هونەر و ئەدەب وفیکردا ئیلهامیان لە بیرۆکەکانی نیتچە وەرگرتووە بۆ گۆڕینی بەهاکان و بۆ کردنی شتی ئەستەم و نەکردە و بۆ تێگەیشتن لە کولتور و بۆ ڕەخنەگرتن لە فەلسەفەی خۆرئاوا کە مەسەلەی جەستەی فەرامۆش کردووە، لێرەدا هێندە بەسە ناوەکانی وەکوو (سیمۆن ڤایل، سیمۆن دی بوڤوار، ئاین. راند و هانا ئارێنت) بهێنینەوە. بۆیە بیرکردنەوەی نیتچە بۆ فیکری فیمینیزمی لەمڕۆدا بریتییە لە ڕێخۆشکەرێکی سەرەکی. ڕەخنەکانی نیتچە لە «دوامرۆڤ» کانیاوێکی گرنگن بۆ ڕەخنەکانی فینیزم لەو جۆرە مرۆڤە شەهوەتباز و شەبەقییەی کە خەریکی کۆنزوم و بەکاڵاکردنی هەموو شتێکە، مۆدێلێکی مرۆڤ کە زیانی هەم بەپیاو هەم بە ژن گەیاندووە. هەروەها ئەو سێ قۆناغەی بەسەر ڕۆحدا دێت کە لە زەردەشتدا باسی لێوەکردووە، قۆناغی وشتر، وەک قۆناغی هەڵگرتن وبەرگەگرتنی کۆڵ وئازارەکانی ژن لە کۆمەڵگەدا، وە قۆناغی شێر، وەکو ڕۆحی بوێر و ئازایانەی ژن بۆ بەگژداچوونەوەی ئاغاکان و خوداکانی سەرەوەی و قۆناغی منداڵ، وەک قۆناغی پاکبوونەوە ولەسەرەتاوە دەست پێکردنەوەی ژیانێکی تازەی سەروەرانە و سەربەخۆ. لە قۆناغی مناڵبوونەوە ئیتر سەربەخۆیی ژن دەست پێدەکات، زەردەشت دەڵێت «منداڵ چەرخێکە لەخۆیەوە خلۆر دەبێتەوە» واتە سەرەتایەک و بوونێکی سەربەخۆ. مرۆ تا سەربەخۆ نەبێت و نەبێتە کەسێکی نوێ و ئیندیڤیدومێکی سەربەخۆ بەهیچ جۆرێک ناتوانێت سەربەستانە بچێتە جیهانەوە. پرۆگرامێکی وەها پتر بۆ ژن شیاوترە وەک بۆ پیاو.

نیتچە کەسێکی سادۆماخۆ نەبووە تا چێژ لەئازاردانی ئەویتر وەربگرێت، وە هیچ کاتێک و لەهیچ بڕگەیەکی تەواوی نووسینەکانیدا دەربارەی «بەرزەمرۆڤ» مەبەستی لەوە نەبووە ڕەگەزی نێر زاڵ بکات، ئەگەرنا لەبری «بەرزە مرۆڤ» ئەو «بەرزەپیاو»ی دەخواست. بۆیە چەمکی مرۆڤ چەمکێکی هەمەکیگرترە و هەموو ڕەگەزەکان وەکوو یەک لەخۆ دەگرێت، بگرە لای نیتچە کاتێک ژنێک ڕواڵەتی باوی ژنبوون تێدەپەڕێنێت بەرەو ئاستی تر ئەو زۆر سەرکەووتووانەتر و کاریگەرانەتر لەپیاو دەتوانێت ببێتە «بەرزەمرۆڤ». نیتچە لە نووسینێکیدا ساڵی  ١٨٨٣ ز دەڵێت: «براکەم، هیچ دڵنەواییەکم نییە بۆ ژن جگە لەوەی پێی بڵێم: هەروەها تۆش دەتوانیت بەرزەمرۆڤ بهێنیتە دنیاوە.»

قامچییەکەی دەستی لۆسالۆمی و ئەسپلیسکەکەی نیتچە و ڕێ.

چیرۆکی ئەم قامچییە لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ جێیەکی تر، کە زۆرینەی هەرە زۆری خوێنەرانی زەردەشت لێی بێئاگان، یان گەر ئاگاداریشی بن نایلکێننەوە بە بنەڕەتەکەیەوە و فەرامۆشیان کردووە. ئەویش چیرۆکی ئەو وێنەفۆتۆگرافییەیە کە ساڵی ١٨٨٢ نیتچە ڕێکی دەخات بۆ خۆی وپاول ڕێ و لۆ سالۆمی هاوڕێی. لە وێنەکەدا نیتچە لۆ سالۆمی دەکاتە ژنێکی بەهەژموون و باڵادەست و قامچییەکەی دەداتە دەست وخۆی و پاوڵ ڕێی دەکاتە ئەو دوو ئاژەڵەی کە ئەسپلیسکەکەی بۆ ڕادەکێشن. لەو وێنەیەدا لۆ سالۆمی وەکو ژنێکی دۆمینانس و بە هەژموون هەردوو پیاوەکە دەخاتە جووڵە. لێرەدا نیتچە ویستوویەتی ئەوە پیشان بدات کە چۆن ئەو دوو فیلۆسۆفە بە فەرمان و ئارەزووی لۆسالۆمی دەڕۆن بەڕێوە. نیتچە ڕێک مەبەستی لەوە بووە پیاو چەندێک داناش بێت، کاتێک  ژنێک دانا دەبێت، پیاو ئامادەیە جڵەو بداتە دەست ژنەکە. بەوەشدا لەو سەردەمەدا لۆ سەربەستترین وئازادترین و داناترین ژنە نووسەر بوو، هەربۆیە نیتچە سەرسامی بووبوو، وە ڕازی بووە بەوەی دۆمینانتی ژن جڵەوگیری بکات. لەم ڕووەشەوە ئەو بەردەوام لە ناکۆکی ودەمەقاڵێدا بوو لەگەڵ دایکی و ئەلیزابێتی خوشکی دا، وە ئەوان زۆر سووک سەیری ژنێکی ئازادی وەک لۆ یان دەکرد. بەتایبەتی دوای بڵاوبوونەوەی ئەم وێنەیە زۆر تووڕەبوون لە فریدریش و پێیان دەگووت ئەم چەتیوە بەرەڵا بێ ئەسڵ و فەسڵە ئابڕووی بردووین.

قامچییەکەی ئەریستۆ و فیلیس

بەڵام دەشێت ئەم وتەیە پەیوەندی بەو بەسەرهاتەشەوە هەبێت کە لە مێژووی فەلسەفیدا خراوتە پاڵ ئەریستۆتێلس وەکو پەروەردەکارێکی میر ئەلێکساندەر، بەڵام ئەریستۆتێلس بۆ فیلیس، ئەو ژنەکارەکەرەی ماڵی میر کە دۆستی ئەریستۆتێلس بوو، پەیوەندییەکی تری تەواو جیاواز و لاوازی هەبوو. ئەریستۆتێلس ئیمپراتۆرێکی پەروەردە کرد، کەچی  لەماڵەوە فیلیس زاڵ بوو بەسەریدا. هەمان چیرۆک لای سوکرات وزاینتیپیش  هەیە. کە سوکرات دەرەقەتی دەمی ژنەکەی نەدەهات بۆیە ناچار دەبوو مالەوە بەجێ بهێڵێت و بکەوێتە کۆڵان و جادە وگۆرەپانەکانی ئەتینا و قسە بۆ خەڵک بکات، ئەمیش هەموو گەنجانی ئەتینای هار کرد بوو، کەچی خۆی لەماڵەوە بەدەست ژنە هارەکەیەوە زەلالەتی بوو. لیۆناردۆ داڤینشی تابلۆیەکی هەیە کە لە ساڵی ١٤٧٥ دا نەخشاندوویەتی تێیدا ئەریستۆ لەسەر دەست و ئەژنۆ کەوتووە و فیلیس لەسەر پشتێتی و بە قامچی پیای دەکێشێت، ئەم دیمەنە چەندین نیگارکێشی تر کێشاویانەتەوە. دیارە لێرەدا نیتچەش ویستوویەتی هەمان دیمەنی ئیرۆتیکی نێوان ژن وفیلۆسۆف بسازێنێتەوە.

بەڵام کاتێک نیتچە پەیوەندی لەگەڵ لۆ دا کۆتایی پی دێت، ئەم پەیوەندییە ئیرۆتیکییەش کۆتایی پێ دێت و ڕەنگە ئیتر هاوکێشەکەش هەڵبگەڕێنێتەوە وقامچییەکە لەدەستی لۆ وەربگرێتەوە. واتە لەو قۆناغەدا لۆ وەکو ژنێکی بە دەسەڵات ڕۆڵی سادۆماخۆی دەبینی و دواتر نیتچە دەیەوێت ئەو ڕۆڵە لە لۆسالۆمی بسەنێتەوە. هەڵبەتە ئەم پەیوەندییەی نێوان ئەو دووانە پڕی بووە لە ناکۆکی ولەناتەبایی و لە دژیاری، کە هۆکارەکەیشی خودی نیتچە نەبووە بەڵکو ئەلیزابێتی خوشکی لەو نێوەندەدا ڕۆڵێکی بەدکارانەی وازی کردووە. ئەلیزابێت خۆی لە بیۆگرافییەکەیدا چیرۆکێک دەگێڕێتەوە کە ڕێک وڕەوان پەیوەندی بە مەسەلەی قامچییەکەوە هەیە، ئەو وەها دەست پێدەکات: «کاتێک فریتس (لە ماڵەوە بە نیتچەیان دەگوت فریتس و بە ئەلیزابێتیان دەگووت لاما، واتە بەرخۆلە) لە سەرەتای ١٨٨٢ دا  لە ناومبورگ سەردانی کردین، من نۆڤێلەکەی تورگنێڤ«یەکەمین ئەوین»م بۆ خوێندەوە. کە باسی کیژێکی بزێوی گەنج دەکات ناوی سینایدایە، بە سروشت وکارەکتەرێکی گوماناوی پڕ لە دڵەڕاوکێوە لە یەککاتدا لەلایەن دوو کەسەوە خۆشدەویسترێت، ئەو دوو کەسەش باوک و کوڕێکن لە خانەوادەیەکی دەرەبەگی سەدەی نۆزدەی ڕوسیا، کە دیارە تورگنیڤ ویستوویەتی لەڕووی پسایکۆلۆگییەوە دۆخی کارەکتەری میر و دەرەبەگەکانی ئەو سەردەمەی روسیا پیشان بدات. باوکەکە پیاوێکی چل ساڵانی بەهێز و پڕ لە وزە و توندوتۆڵییە، کوڕەکە هێشتا لاوێکی نموونەیی نەرمونیانی هەژدە ساڵانە. ئەم کیژە جوانە جارێکیان پیاوەکە پێش خۆی دەخات. کوڕە شەیداکە بەمە دەزانێت و خۆی مەڵاس دەدات بۆیان، دەبینێت کیژەکە پیاوە عاشقەکەی خستۆتە سەر ئەژنۆ و باوکیشی لێی دەپاڕێتەوە و بە قامچی لێی دەدات، بەشێوەیەک کە قۆڵ و باڵی تەواو سوور هەڵگەڕاون، سەرباری ئەوەش کیژەکە هەر باوکەکەی خۆش دەوێت». دیارە  بەدیدی ئەلیزابێت، ئەم کیژە بزێوە ئەو کارەکتەرەیە کە لۆ سالۆمی بەرجەستە دەکاتەوە، لەو ڕۆژانەدا تەمەنی لۆ هەمان تەمەنی ئەو کیژە بوو سینایدای ٢١ ساڵ، هەردووکیان، واتە سینایدا و لۆ سالومی، وەکو یەک پتر لە یەک پیاو لەیەککاتدا حەز وئارەزوویان لەسەر بوو. لەڕووی دەروونناسییەوە ئەم چیرۆکە باس لە کیژێکی جوان دەکات کە دەسەڵاتی هەیە بەسەر ئەو پیاوانەی خۆشی دەوێن، ئازار و ئەشکەنجەشیان دەدات. هەڵبەتە ئەم دیمەنەی ئەشکەنجەدان  مانایاکی سێکسوئێلیشی هەیە. چونکە لە دیمەنێکی تردا کە کوڕ وباوکەکە  بەجزمە و قامچییەوە لە ئەسپەکەیان دادەبەزن و بەجیا پیاسەیەک دەکەن، کوڕەکە ئەمجارە دیمەنێکی تەواو جیاواز دەبینێت، دیمەنێک جیاواز لەوەی پێشوو، تێیدا هاوکێشەکە پێچەوانە دەبێتەوە و دوای ئەوەی ناکۆکی دەکەوێتە نێوان باوکەکە و سینایدا، باوکەکە داوای گوێڕایەڵی لە سینایدا دەکات وئەمیش مل نادات بۆی، تا دەگاتە ئەوەی  باوکە توڕە دەبێت و دەکەوێتە قامچی لێدانی کیژەکە. ئاوا ئیتر پیاوە توڕەکە دەکەوێتە لێدانی کیژە باڵادەستەکەی پێشوو، لەگەڵ ئەوەشدا «کیژەکە هێشتا پیاوەکەی خۆشدەوێت». ئەلیزابێت وای دەگێڕێتەوە، کە سینایدا قۆڵی بەرز دەکاتەوە بۆ لای دەمی و ئەو شوێنانە ماچ دەکات کە بەقامچی سووربوونەتەوە. ئینجا باوکەکە قامچییەکەی لەوناوە توڕ دەدات. دواتر کە دەچێتەوە لای کوڕەکەی و پێکەوە سواری ئەسپەکانیان دەبنەوە، باوکەکە بە دەستی دەژەنێتە ملی ئەسپەکە تا بڕوات، کوڕەکە پێی دەڵێت قامچییەکەت لەکوێ «لەبیرکردووە». باوکەکەش دەڵێت: «لەبیرم نەکردووە» بەڵکوو «فڕێمداوە».

ئەم دەقەی تورگنیڤ کە بەمەبەست ئەلیزابێت بۆ براکەی دەخوێنێتەوە کاریگەری لەسەر بەجێ دەهێڵێت. چیرۆکەکە باس لە ڕۆڵی جێگیر وسەربەخۆییانەی سینیادا دەکات کە لە هەردوو بارەکەدا پیاوەکەی هەر خۆش دەوێت، کاتێک قامچی دەوەشێنێت وکاتێکیش قامچی بەر دەکەوێت. بۆیە لەهەردوو بارەکەدا ئەگەر پیاو بچێت بۆ لای ژن یاخود ئافرەت نابێت قامچییەکەی لەبیر بچێت. لای تورگنێڤ ئەگەرچی قامچی ئامرازێکی لێدانە کەچی دواجار فڕێی دەدات، بەڵام بەگێڕانەوەکەی ئەلیزابێت وا نییە و باسی فڕێدانی قامچییەکە ناکات بۆ نیتچە، بەڵکو هەمیشە لێدراوەکە سەرباری ئەشکەنجەکەش هێشتا لێدەرەکەی خۆی خۆش دەوێت.

هەڵبەتە نیتچە خۆیشی گومان لە گێڕانەوەی چیرۆکەکەی تورگینیڤ بەزاری ئەلیزابێت دەکات بۆیە خۆی وێڵی دۆزینەوەی چیرۆکەکە دەبێت، وەک خودی ئەلیزابێت دەیگێڕێتەوە نیتچە حەزی لە دیمەنی  قامچیکارییەکە نەبووە. بەڵام ئەم سووربووە لەسەر ئەوەی بە براکەی بڵێت لەناو سروشتی مێ دا ئەو مەیلە بۆ «پێویستبوونی پیاوی بەهێز» و قامچی هەیە و دەبێت هیرارشیەتی دەسەڵاتی ڕەگەز لەو پەیوەندییەدا هەبێت. هەڵبەت قامچی لێرەدا مێتافۆرێکە بۆ هەموو ئامرازەکانی دەسەڵات، نەک قامچی وەک خۆی بگرینە دەست. بۆیە ئەلیزابێت لەڕێی ئەم چیرۆکەوە دەخوازێت بە براکەی بڵێت ژنان گەر دەسەڵاتیان بەسەرەوە نەبێت، لاسار ودزێو و سرک و بێشەرم دەبن. دەسەڵات ژنان گوێڕایەڵ دەکات. بەڵام نیتچە ئەم گێڕانەوەیە وێڵ وفەرامۆش دەکات و لەو وێنەیەدا تێزەی دەسەڵات لە پیاوەوە ڕادەستی ژن دەکات. واتە لەو فۆتۆیەی  کە لە لوتسێرن گیراوە نیتچە دیدگاکەی خوشکەکەی هەڵدەگەڕێنێتەوە وقامچییەکە دەداتە دەستی لۆ سالۆمی. واتە دەسەڵات وهەژموون دەگەڕێنێتەوە بۆ ژن، ئاوا ئیتر لەنێوان ئەلیزابێت و هەموو ژنە ئازادەکانی ئەوسا و ئەمڕۆدا جەنگێک لەسەر سینەی زەردەشت ڕاگەیەنراوە.

نیتچە لەنامەیەکیدا باسی ئەوە دەکات کە چۆن ئەلیزابێت پێشنیاری بۆ پیاو ئەوە بووە کە دەسەڵاتیان بەسەر ژندا هەبێت، بەڵام نیتچە گووتوویەتی «نا». چیرۆکی ئەم قامچییە جارێکی تریش دوای ساڵێک لە دیمەنی ستۆدیۆکەی لۆریتس ساڵی ١٨٨٢، واتە لەساڵی ١٨٨٣دا دەردەکەوێتەوە کاتێک ئەلیزابێت دەچێت بۆ بینینی فریدریش لە ڕۆما. کاتێک فریتسی بەشێک لە زەردەشت بۆ لاما دەخوێنێتەوە لە نەسکی «لەبارەی ژنانی پیر وگەنجەوە» کە باسی ئامۆژگاری پیرەژنەکە دەکات بۆ پیاوان بەوەی «کاتێک بچن بۆلای ژنان، قامچی لەبیرنەکەن» لە نامەیەکدا ئەلیزابێت ئەوە دەگێڕێتەوە کە ئەو ساتەوەختە تووشی خورپەیەک بووە و بە فریتسی برای گوتووە: « ئۆی لە تۆش فریتسی! دڵنیام ئەو ژنە پیرە منم… فریتسی برام پێم پێکەنیوە و وتوویەتی کچێ با ئەوە بەس لەنێوان خۆماندا بێت و لای کەس نەیدرکێنیت. لەو کەینوبەینەدا ئیتر فریتس بیروڕای لەسەر ژن گۆڕا و هەستم بەوە دەکرد کە بەتەواوەتی دانی بە هەموو مەسەلەی ژن دا دەنا.»

لێرەوەیە خاوەنی ڕاستەقینەی پەندی قامچییەکە نە نیتچەیە ونە زەردەشتەکەی، بەڵکو ئەلیزابێتە. کە هەوڵ دەدات براکەی لە خۆشەویستەکەی بکات و بە چیرۆکەکەی تورگینێڤ ئەو پەیوەندییە جێندەرییە توندوتیژەی بۆ ڕوون بکاتەوە. یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانی نیتچە فرانز ئۆڤەربێک لە وتارێکدا باسی مەسەلەی ژن لای نیتچە دەکات: »ئەلیزابێت لەو بڕوایەدا بوو هەموو مەسەلەی ژن دەبێت لەڕێی قامچی و مەتبەخەوە چارەسەر بکرێت… بەڵام ئەمە بەهیچ جۆرێک ڕای نیتچە نەبووە».

لە لەبیرچوونی قامچییەوە بۆ فڕێدانی قامچییەکە

هەر لە کتێبی زەردەشتدا لەبەشی سێهەمیدا لە نەسکی«گۆرانییەکی تری سەما« (وەرگێڕانە کوردییەکەی .ئازاد بەرزنجی ل ٤٥٩) دیمەنێکی دیالۆگی تێدایە لەنێوان زەردەشتی سەماکەر و ژیان دا دەکرێت، هەڵبەت لەوێدا ژیان لەبەژنی کەسێکدا بەرجەستە دەبێت، کە کتومت ئەو کەسە ڕەنگدانەوەی چیرۆکی لۆسالۆمی پێوەیە. لەوێدا زەردەشت دەڵێت: «من بە سەماوە دوات دەکەوم، بچووکترین شوێنپێت هەڵدەگرم. تۆ لەکوێیت؟ دەستتم بدەرێ، یا هیچ نەبێت پەنجەیەکت… بەڕاستی بێزار بووم لەوەی بەردەوام شوانی مەڕئاسای تۆ بم. ئەی جادووگەری شەڕەنگێز، تا ئێستا هەر من سترانم بۆ تۆ چڕیوە. ئێستا تۆ دەبێت هاوار بکەیت. دەبێت لەگەڵ لێدانی قامچییەکەمدا سەما بکەیت و هاوار بکەیت! پێتوایە قامچییەکەم لەبیر چووە؟ نەخێر.» تا ئێرە زەردەشت لاوێکی گوێڕایەڵی ئامۆژگارییە کۆنەکەی پیرەژنەکەیە.

بەڵام زەردەشت دوای ئەمە ئیتر بیروڕای خۆی دەگۆڕێت بەرامبەر بە ژن و بە ژیان، لەبری ئەوەی وەکو سادۆماخۆیەک قامچی هەڵگرێت بۆی، ژیان دەچرپێنێت بە گوێچکەیدا و داوای ئارامبوونەوە و هێوری و نەرمونیانی لێ دەکات: «هێی زەردەشت! بەو شێوە ترسناکە قامچییەکەت مەوەشێنە! تۆ خۆت باش دەزانی کە ژاوەژاو هزر دەکوژێت، منیش وا ئێستا هزرگەلێکی ناسک بە زەینمدا دێن… من و تۆ کارمان نە بە چاکە ونەبە خراپە هەیە. ئێمە لەسەروو چاکە و خراپەوە دورگە و مێرگوزاری خۆمان دۆزییەوە… ڕاستە من و تۆ لەدڵەوە یەکمان خۆشناوێت، بەڵام لەبەرئەوەی بەدڵ یەکمان خۆش ناوێت، بۆ دەبێ ئیتر ڕقمان لەیەکتر بێت.  ل ٤٥٩ ».

نیتچە ئەم بیرۆکەیەی لە ئارتور شۆپنهاوەرەوە وەرگرتووە لە کتێبی «پارێرگا و پارالیپۆمێنا. بەرگی دووەم» نەسکی «دەنگەدەنگ و ژاوەژاو. ل ٦٩٧ـ ٧٠١» کە دەڵێت«تۆ ئەوە دەزانیت کە: دەنگەدەنگ بیرکردنەوە دەکوژێت». زەردەشتیش ئیتر لەو توندوتیژی و ژاوەژاوە دوور دەکەوێتەوە، لەبەرئەوەی «هزرینی ناسک بەمێشکیدا دێت». لێرەوەیە دواجار نیتچە بەهەموو حیکمەتەکانیەوە خۆی ڕادەستی ژیان دەکات و لەگەڵ ژیاندا، واتە لەگەڵ لۆسالۆمی دا ئاشت دەبێتەوە. ئیتر ئەو بەهیچ جۆرێک باسی قامچییەکە ناکات، ناشڵیت لەبیری کردووە، بەڵکو بەتەواوەتی ئامۆژگارییەکەی پیرەژنەکە، کە خوشکەکەی خۆیەتی، وێڵ وفەرامۆش دەکات و لەبری دەسەڵات بەسەر ژن دا، نەرمونیانی هەڵدەبژێرێت. بێهۆ نییە، ئەلیزابێت باسی هەموو بەشەکانی زەردەشتی کردووە، باسی ئەم بەشەی بەهیچ کلۆجێک نەکردووە. ئیتر لەوە بەدوا ئەو چیرۆکی قامچییەی ناو ستۆدیۆکەی لورینتس کە لەساڵی ١٨٨٢دا دەستی پێکرد، بەوەی لۆ سالۆمی دۆمینانس و هەژموونی پیاوەکانی دەکرد و قامچییەکە بەدەستی ئەوەوە بوو، وە ساڵێک دواتر واتە لە ١٨٨٣ دا لە بەشی یەکەمی زەردەشتدا قامچییەکە بەپێچەوانەوە پەیدا بۆوە  بۆئەو کەسەی دەچێت بۆلای ژنان، نابێت قامچییەکەی لەبیربچێت، کەچی ساڵێکی تر دوای ئەمەش واتە لە ساڵی ١٨٨٤دا لە بەشی سێهەمی زەردەشتدا بەتەواوەتی قامچییەکە فڕێ دەدات و ڕێی ژیان و بیرکردنەوەی نەرم دەگرێتەبەر. ئیتر لێرە بەدواوە زەردەشت جۆرێکی تر بیر لە ژیان و لە لۆسالۆمی دەکاتەوە. واتە لەماوەی ئەو سێ ساڵەدا فیکری نیتچە لە فۆرمی جیاجیادا دەرکەوتووە، ئەمەش خەسڵەت و تایبەتمەندی فیکری ئەوە کە فرەمانایی و فرەدیدگایی لە خۆی گرتووە و بیرۆکەکانی خۆیان دەرگیری ئەزموونەکانی ژیان کردووە، نەوەک لە ئایدیۆلۆژیایەکی پێشتر لەقاڵبدراوەوە داڕێژرابن.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: