بەدحاڵیبوونێک لە نیتچە

549
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: بەکر عەلی

ماوەیەکە لێرە ولەوێ هەندێک کۆپلە وڕستەی فریدریش نیتچە باس دەکرێت، بە مەبەستی ئەوەی بسەلمێنرێت کە نیتچە بیرکردنەوەیەکی ئەنتیسەمیتیزمییانەی هەبووە و هەڵویستێکی توندڕەوانەی پیاوانەشی بەرامبەر بە ژن هەبووە. هەڵبەت ئەمانە هیچیان وەکوو هەوڵی ڕندی لێکۆڵینەوە و خۆدەرگیرکردنی خاوەنەکانیان نابینم بۆ ساغکردنەوەی ئەرگومێنتەکانیان، چونکە ئەوان هیچیان نەیانتوانیوە تا ئێستا ئەوە دەرەنجام بکەن و سەلماندنەکە بەوجۆرە بێت کە کتومت هەم لەژیانی نیتچەدا و هەم لە فیکری نیتچەدا وێک بێتەوە. ئاشکرایە ئەوەی ژیانی کەسی نیتچە نەخوێنێتەوە، ناتوانێت ڕستەکانی لێکبداتەوە، ئەوەشی سەردەمەکەی نیتچە نەناسێت، ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم، سەدەیەک کە قەرەباڵغترین وشلۆقترین سەدە بوو لەڕووی ئابوری وسیاسی و ئیتنی و ئاینی و زانستی وفەلسەفییەوە، سەدەیەک بووە بنەمایەک و لێوەی سەدەی بیستی خوێناوی و جەنگاوی و نیهیلیزمی لەسەر هەڵچنرا.

نیتچە پیاوی سەردەمەکەی بوو، زۆر ورد و درشتی کێشەکانی سەردەمەکەی دەناسی، دەیزانی بەرەو چ چاڵێک و بەرەو چ نادیارێک ڕەوڕەوەکەی تل دەبێتەوە، دەیزانی دوای ئەوەی «خودایان کوشت» ئیتر چۆن بێ ئاسۆ دەمێنینەوە و چۆن دەریاکان وشک دەبن و چۆن بەرەو پێشەوە وبەرەو دواوە و بەملادا وبەولادا وبەهەموولاکاندا دەکەوین. لەگەڵ ئەوەشدا نیتچە لەناو ژیاندا هاوارێکی بۆ شادبوون بە ژیان دەربڕی، هەموو فیکری نیتچە بەڕای من وەڵامدانەوەی ئەم ڕستەیەیە: «چۆن بەرگەی ژیان بگرین کە هەمووی ئازارە» وەڵامەکەشی بریتییە لە جەختکردنەوە لە ژیان و لە ئەرێیاندنی ژیان و لەوەی ئێمە لەپێکەنین بەژیان دەستهەڵنەگرین. ژیاندۆستی نیتچە لێرەوە دێت، غەریزەی ژیان خۆی وەهامان دەبزوێنێت کە بەهەموو ژیان شاد بین و نەبینە بکوژ وتێکدەری ژیان. لێرەوەیە ئەو دەگەڕایەوە بۆ کولتوری گریکی دێرین تا لێیەوە ئەو مۆدێلە بخوازێت بۆ ژیانێکی نوێ.

لەسەردەمی ئەمڕۆشماندا ئەم هاوارە نیتچەییە هێشتا هەنووکەیی خۆی ون نەکردووە.

نیتچە شاعیربوو، فیلۆلۆگ بوو، کولتورناس بوو، دەروونناس بوو، موزیککار بوو، هەموو ئەم بەهرانە بەدەگمەن لەکەسێکدا کۆ دەبنەوە. لەڕووی دەروونناسییەوە قووڵایی زۆر تاریکی مرۆڤی بۆ ئاشکرا کردووین، ڕەگەزی نێر وڕەگەزی مێی مرۆڤەکانی بە باشی لێک جودا دەکردەوە،  وەکو فیلۆلۆگ و زانای زمانیش لە هەرە کەشخەترین ستایلی زمانی خستە نووسینی پەخشانی فەلسەفییەوە وزمانی ئەڵمانی بەتاقی تەنیا گەیاندە ترۆپکێک هاوشانی نەبێت، لەڕووی کولتورییشەوە شارەزای تەواوی فەرهەنگەکان بوو لە خۆرهەڵاتی دوورەوە بۆ  خۆرهەڵاتی نزیک و بۆ گریکی کۆن و بۆ سەردەمی ڕۆمەکان و بۆ تەواوی ئەوروپا و بە بریتانیای مەزنی ئەو سەردەمەشەوە و تا دەگاتە ئەمەریکاش. وەکو دەروونناسێک ئەگەر باسی پێکهاتەیەکی دەروونی مرۆڤی کرد بێت، ئەوە بریتی نەبووە لە حوکمدان بەڵکوو بریتی بووە لە وەسفکردن و لە دەستنیشانکردنی ڕەمەکێک، ئەو دەیویست لەڕووی ڕەچەڵەکناسییەوە لە ڕەوشت تێ بگات، واتە ئەو هەڵگر و ئەو سوبیەکتانە بناسێت و دەستنیشان بکات کە «بەهاکان»یان هەڵگرتووە. لەڕووی کولتوریشەوە هەمان ئەو پرۆگرامەی هەبووە کە وەکوو «پزیشکێک» بیر لە کولتور بکاتەوە، پزیشکێک کە دەستنیشانکەر  و دیاگنۆستیکەری نەخۆشییەکانی فەرهەنگ بێت. بۆیە پێیوایە فیلۆسۆف دەبێت وەک «پزیشکی فەرهەنگ» کار بکات. یەکێک لەو وتانەی کە زۆرجار دەهێنرێتەوە و بەڵام کەسێکی وانابینم لێی تێگەیشت بێت، ئەو وتەیەیە کە دەڵێت «فەلسەفاندن بەچەکوش»، زۆرینەی خوێنەران وای دەبینن ئەم چەکوشە هێمایە بۆ تێکشکاندن، کە لە ڕاستیدا وەها نییە و ئەوەی من خودی نیتچە دەناسم و ئەو نووسەرانەی نیتچەیان خوێندۆتەوە و من دەیانناسم، پێموایە ئەمە هەر پەیوەندی بەوەوە هەیە فەلسەفە دەبێت وەکو پزیشکایەتی بێت، پزیشکی دەمارگیری بەتایبەتیش. چونکە وەک دەزانین کە نەخۆش دەچێتە بەردەم پزیشک بۆ پشکنین، پزیشکەکە چەکوش بەکار دەهێنێت، چەکوشێک دەکێشێت بەسەری ئەژنۆیدا تا بەرتەکی دەمارگیرانەی نەخۆشەکە دیاری بکات. ئەم چەکوشە پزیشکییە بۆ دیاگنۆسەکردنی حاڵەتەکە، لای نیتچە دەبێتە چەکوشێکی فەلسەفی بۆ دەستنیشانکردنی دەردە کولتورییەکان.  یەکێک لەو وتە ناودارانەی تری نیتچە کە زۆرجار دەهێنرێتەوە، ئەمەیە کاتێک نیتچە دەڵێت:«من مرۆڤ نیم، من دینامێتم». ئەم ڕستەیە هیچ کەس وەک سلۆتەردایک نەیزانیوە بیبەستێتەوە بە کۆنتێکستە مێژوویی و فەلسەفییەکەیەوە، ئەو وای لێکدەداتەوە لەو ساتانەدا، لەوڵاتانی نەمسا وسویسرادا، تازە دەست دەکرا بە هەڵکەندن و تەقاندنەوەی شاخەکان بە دینامیت بۆ دروست کردنی تونێل بە ئاراستەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، نیتچە لێرەدا بە گەڕانەوەی کولتوری ئەوروپی بۆ گریکی کۆن لە دەریای ناوەڕاست، خۆی بەو دینامیتە پێناس کردووە کە بەربەستەکانیان بۆ لادەبات. هەروەها وتەکانی نیتچە سەبارەت بە ژن کە بەد حاڵییەکی خراپی لای خوێنەری سادەخواز و خێراخوز دروستکردووە، من لەوتارێکی تردا ئەو مەسەلەیەشم یەکلاکردەوە کە مەسەلەی قامچییەکەی لۆسالۆمی و زەردەشت لەکوێوە هاتووە، هەڵبەت لێرەشدا ئەوە دووپات دەکەمەوە ئەوەی دەخوازێت لەو مەسەلەیە تێبگات، ئەگەر دەرەقەتی کارەکان و خودی ژیانی نیتچە خۆی نایەت با کتێبێکی ئاسان هەیە لەسەر فیکری نیتچە هی ژنێکە کە نەک هاوسەردەمی نیتچە بووە، بەڵکوو هاوڕێی بووە وبەڕادەیەک نیتچە هێندە سەرسامی بووە دووجار داوای هاوسەرگیری لێکردووە، ئەویش کتێبەکەی لۆ ئەندریاس ڤۆن سالۆمییە. ئەم کچە دیارترین کچی سەردەمەکەی خۆی بوو، کراوەترین وسەربەستترین کچی ئەو سەردەمە بووە، ئەگەر بۆنی دژە ژنایەتی لە نیتچە بکردایە هەڵبەت دەبوو لەو کتێبەیدا باسی بکردایە، بەپێچەوانەوە ئاوا وەسفی نیتچە دەکات:«تا ئێستا پیاوی وا بەهەست وبلیمەتم نەدیوە».  جگە لەم، دوو ژنی تریش هەبوون کە لە هەڵکەوتووەکانی ئەو سەردەمە بوون و هاوڕێی زۆر نزیکی نیتچە بوون، ئەوانیش «مالڤیدا ڤۆن مایزەنبوگ و کۆزیما ڤاگنەر بوون»، ئەمانە هیچیان لە نامەکانیاندا و لەنووسینەکانیاندا باسی زۆر شتیان لەسەر نیتچە کردووە، بەس بە هیچ جۆرێک ئاماژەیان بەدژەژنبوونی بیرکردنەوەکانی نیتچە نەکردووە، ئەمە جگە لەوەی کاتێک پرۆفیسۆری زانکۆی بازل دەبێت دەنگدەدات بۆ بەشداریکردنی ژنان لە کایەی ئەکادیمیادا، شتێک بۆ ئەو ساتە بێوێنە بووە. ئیتر ئاوا دەبینین زۆرێک لە بیرۆکە وئایدیاکانی نیتچە بەدتێگەیشتنی دروست کردووە، نەک هەر لای خوێنەری سادەش بگرە لای زۆرێک لەوانەشی کە خۆیان بەفیلۆسۆف وئەکادیمیست و لۆجیکداڕێژەر دەبینن، هەیانە بەچەند زمانێک نیتچەی خوێندۆتەوە وهێشتا بەدحاڵە لێی، لەڕاستیشدا خۆی شتێکی سروشتیشە بیرکردنەوەی قووڵ لێی تێنەگەین، نیتچەش ئەو ترسەی هەبوو کە دەبەنگەکان بەهەڵە لێی تێبگەن. خودی تراژیدیای نیتچەش لێرەوە دەست پێدەکات، ئەوانەی لێی تێناگەن وەکو هۆکاری بەڵاکانی سەدەی بیستەم تێی دەڕوانن، بەنموونە مارکسییە دۆگماتیکییە کلاسیکییە پرۆگرامکراوەکان، ئەوانەشی لێی تێدەگەن زۆر دەگمەنن و دەنگیان زۆر پۆپیولێر نییە وەک دۆگماتیکەرەکان، چونکە هەروابووە دەنگێک بەئارامی بێتە دەر بەکزی و بەخاوی دەگاتە گوێبیستی خەڵک، بەڵام ئەوانەی دەقیژێنن و دەقیڕێنن دەنگیان لەسەرئاستی دنیادا دەبیسترێت و زاڵیش دەبن، نیتچە بەوانە دەڵێت زیقنەکان  Schreihälse.

هێندەی من بزانم هیچ لێکدەرەوەیەکی مارکسی، کە خاڵی بێت لە ئیدیۆلۆگیا و دۆگما و بە گەردبینێکی ئازادانە تێیبڕوانێت، نەیتوانیوە لەنیتچە و لە کۆنتێکستەکانی تێ بگات، وە ئەوانەشی کە توانیویانە لە نیتچە تێبگەن و دنیای فیکری ئەو واڵابکەنەوە لای من  دەشێت تەنیا سیان بن: یەکەمیان، سۆسیۆلۆگ وکولتورناس «گیۆرگ زیمیل» لە کتێبە نایابەکەیدا لەسەر نیتچە هەموو ئەو نێوبەندی وکۆبەندییە کولتوری و سۆسیۆلۆگیانەمان بۆ دەردەهێنێت کە تێزەکانی نیتچەی لێوە دەرهاتووە، ئەمەش کتێبێکە کە تائێستا نەم بیستووە هیچ نووسەرێکی عەرەبی و فارسیش ئاماژەیان پێدابێت، ئەم دوو زمانەش سەرچاوەی هەموو خوێنەرانی ئێمە بوون، کە زمانی عەرەبی وفارسی ئەوە حاڵی بێت، دەبێت زمانی دواوەی کوردی لەچ ئاستێکدا بێت، زمان لێرەدا مەبەستم لە کولتورەکەیە. دوای زیمیل فیلۆسۆفی فەرەنسی ژیل دۆلۆز بە ڕاڤەکارێکی ورد وقووڵ و کراوە و ئەنتی دۆگماتیک دەبینم کە نیتچەی لە زەلکاوی نازیزم وفاشیزم ومارکسیزم دەرهێنا و وەکوو مروارییەک خستییە ناو پێشانگەی مرواری و خشڵە دەگمەنەکانی گەنجینەی فیکری مرۆڤایەتییەوە. لەدوای ئەمیش بەپلەی سێهەم فیلۆسۆفی ئەڵمانی پیتەر سلۆتەردایک بە هەوڵەکانی توانی زۆر بە وردی هەرچی تەپوتۆزی ئیدیۆلۆگیستەکان و بەد حاڵیبوونی دۆگماتیستەکان و کوێربینی چەپی قەییمییەکانە لە جەستە و لە گیانی نووسینەکانی نیتچە بتەکینێت و بە پاکوخاوێنی، نیتچە بخاتە بەردەستمان.  بە پێی دەرەنجامگیری من دوای خوێندنەوەی ئەم سێ بیرمەندە گەیشتمە ئەو خاڵەی بڵێم تەنانەت هایدێگەریش بەهەڵە لەنیتچە تێگەیشتووە، چونکە ئەویش پشتی بە کتێبێک بەستووە «ئیرادە بۆ هێز» کە نیتچە شتی وای نەنووسیوە، ئەوە دەستکردی خوشکەکەی و زاواکەی و ئامۆزاکەیەتی، جگەلەمەش هایدێگەر فێڵباز بووە، وەک سلۆتەردایک زۆر باسی ئەو فێڵانەی هایدیگەر دەکات، لەوەی نەیزانیوە چۆن خۆی لە تۆمەتی نازیبوون دەرباز بکات ناچار خۆی بە بیانووی نیتچەدا هەڵواسیوە.

لەم نێوبەندییەدا دەمەوێت بگەڕێمەوە سەر هۆکاری نووسینی ئەم کورتە وتارە، چونکە لەڕاستیدا دەیەها کتێب لەسەر ئەو مەسەلانە بەزمانەکانی دنیا نووسراون و من ناتوانم خۆم بۆ ئەو ئەرکە فراوانە تەرخان بکەم. تەنیا دەتوانم وەڵامی خێرای هەندێک لەو بیروبۆچوونە چەوت و نادرووستانە بدەمەوە کە هەندێک خوێنەر، نووسەر وئەدیبی زەخیرەخۆر و چالاکوانی پێشترپرۆگرامکراو، بێئاگایانە لێرە و لەوێ دەریدەبڕن، ئەگەرچی بانگەشەی ئەوە دەکەن گوایا نیتچەیان خوێندۆتەوە، بەڵام  هیچ نیشانەیەکی ئەوتۆیان پێوە دیار نییە ئەو بانگەشەیە بسەلمێنێت، خوێندنەوەی کتێب جیاوازە لە بژارکردنی بیرۆکە و تێزە و بەسەرهاتەکانی کتێب، خوێندنەوەی کتێب نابێت بە پێشداوەرییەکی ئیدیۆلۆگی ودۆگماتیکییەوە ئەنجام بدرێت، بەنموونە نابێت ئێمە کاتێک بمانەوێت کتێبەکانی مارکس بخوێنینەوە، بەو پێشداوەرییەوە دەستپێبکەین گوایا مارکسیزم لە ڕژێمی کۆمۆنیستی سۆڤیەتدا کارەسات و بەڵای خوڵقاند، بەهەمان شێوە ئەوە خوێندنەوە نییە نەچیت کتێبە دینییەکان بخوێنیتەوە چونکە لەمانەوە تیرۆریزم و فەناتیزم سەریهەڵداوە. خوێندنەوە واتە دەبێت خۆت بێلایەن بکەیت، خۆت خاڵی بکەیتەوە لە پێشداوەری ولە پێوەرە نەریتییەکان، بێهۆ نییە نیتچە بۆ «خوێنەری عەقل ئازاد»ی دەنووسی، کتێبەکانی بۆ ئەو کەسانە بوون کە بە ڕۆحێکی سەربەستانەوە دەیخوێننەوە.

نووسەر وڕۆماننووس، هاوڕێم، ئیسماعیل حەمە ئەمین، لەم ڕۆژانەدا وتەیەکی نیتچەی لەسەر فەیسبووکەکەی دانابوو، گوایا نیتچە دژەجوولەکە بووە و هەر لەویشەوە ڕاسیزمی ئەڵمانی سەری دەرکردووە. هەروەها چەمکەکانی وەک: «مرۆڤی باڵا و مرۆڤی نزمی» داهێناوە  و دەستەواژەی «جوولەکەی ئەبەدی» زۆر دووبارە دەکاتەوە. هەروەها گوایا نیتچە باسی «گەدەی ئەڵمانی و هەرسکردنی جوولەکە» زۆر دەکات و ستایشی تێزەی جەنگ دەکات هەربۆیە فاشیزم ونازیزم سەریان هەڵداوە.

 

لێرەدا دەبێت ئێمە هەموو دەقێک بخەینە ناو نێودەقێتی خۆیەوە، واتە هەموو تێکستێک لە کۆنتێکستەکەیدا بخوێنینەوە. من تەواوی تێکستەکەی نیتچە لێرەدا بەکوردی دادەنێم، دواتر نێودەقاندنەکەیشی دادەنێم، تا ئەوە ڕوون بێت کە نەک تەواوی کتێبەکانی نیتچە نەخوێنراونەتەوە بەڵکو خودی ئەم پەرەگرافەش باش نەخوێنراوەتەوە!

لە کتێبی (ئەودیوی چاک و خراپە)دا، کە ساڵی ١٨٨٦ دوای  کتێبی«زەردەشت ئاوا دووا» بۆ یەکەمجار دەرکەوت و هەر دوای ماوەیەک چوار جار چاپکراوەتەوە، گرنگترین کتێبی گینیالۆگییە بۆ ڕەخنەگرتن لە مۆدێرنە و ڕژێمە مۆرالی و سیاسی و زانستیی وعەقلییەکانی، لەو کتێبەدا دەقەکە لە پەرەگرافی ٢٥١ دا ئاوا هاتووە: «دەربارەی مەسەلەی جوولەکە: گەلێک کە تووشی تای دەمارگیرانەی نەتەوەپەرستی  بوو بێت، دەبێت ئەوەشی لێ چاوەڕێ بکرێت، کە لەئاسمانی ڕۆح و هۆشیدا پەڵەهەوری شێواو و شڵەژاوی تووش بێت، بەنموونە ئەو گەمژایەتییەی لەئێستادا هەیە بۆ دژایەتیکردنی فەرەنسییەکان وجوولەکەکان و پۆلۆنییەکان……من داوای لێبوردنتان لێ دەکەم، دوای نیشتەجێبوونم بۆ ماوەیەکی کورت لە ناوچەیەکدا کە بەتوندی تووشی ئەو پەتایە بووبوو، منیش پێم نەکرا لەو نەخۆشییە قوتار بم بەتەواوەتی، بۆیە منیش وەکو هەموو دنیا دەستم کرد بە بیرکردنەوە لەو شتانەی کە هیچ بایەخی منیش نین: ئەوەش یەکەمین نیشانەیە لە نیشانەکانی پەتای سیاسی. بە  نموونە سەبارەت بە مەسەلەی جوولەکە، گوێبیستی ئەمە بن: من هێشتا یەک ئەڵمانیم نەدیوە هاوسۆزی جوولەکە بێت، ئەگەرچی هەموولایەنە ئاگادار و  سیاسییەکانیش پێ لەسەر ئەوە دادەگرن کە بەرپەرچی دژەسەمیتیزم بدەنەوە، کەچی ئەم ئاگاییە و ئەم سیاسەتە لە بنەڕەتدا بە ئاراستەی دژایەتیکردنی خودی ئەو هەستە دژیارییە نییە، بەڵکو ئەوان تەنیا لەدژی مەترسییەکانی زێدەڕەویکردنن بەو هەستەوە، بەتایبەتی دژی ئەو دەستەواژە هیچوپووچ و بێتامانەی بۆ ئەو هەستە پەنهانە بەکار دەهێنرێن…. ئێمە نابێت بەمانە فریو بدرێین! مقۆمقۆی ئەوەی کەوا ئەڵمانیا تەواو بەشی خۆی جوولەکەی هەیە، کەوا گەدەی ئەڵمانی و خوێنی ئەڵمانی  گەر زۆر ناچار بکرێت بە وەرگرتنی ئەو بڕە زۆرەی «جوولەکە» ئیتر لەناو دەچێت، هەروەک چۆن ئیتالییەکان و فەرەنسییەکان و ئینگلیزەکان بەهۆی هەرسکردنی بەهێزیانەوە تیاچوون. ئەم مقۆمقۆیە زەقترین بڕوبیانووە کە ڕەمەکە گشتتیەکەی چڤات هەیەتی و ناچارمان دەکەن گوێبیستی بین و پەیڕەویشی بکەین. ڕەمەکی گەلێک ئاوا فەرمانمان  پێدەدات: «ئیتر ڕێ بەهاتنەناوەوەی جوولەکەی تازە مەدەن! بەتایبەتیش دەروازەکانی خۆرهەڵات و «نەمسا»ش بگرن». هەڵبەتە ئەم گەلە لاوازەی کە جۆرەکەی هێشتا نادیاریکراوە (لێرەدا مەبەستی لە ئەڵمانە. ب. ع.)، ترسی لەوەیە، لەوانەیە بە ئاسانی بسڕدرێتەوە، بەئاسانی بەهۆی ڕەگەزێکی بەهێزترەوە، کەجوولەکانن، بپوکێتەوە. بەڵام لەڕاستیدا و بێ هیچ گومانێک جوولەکەکان بەهێزترین وتوندترین وپاکژترین ڕەگەزن لەمڕۆی ئەوروپادا. ئەوان لەژێر قورسترین بارودۆخدا توانای خۆڕاگرتنیان هەیە، ئەوەش بەهۆی ئەو ڕەندییە دیاریکراوانەی هەیانە، بەڵام لەمڕۆدا مۆری سووکایەتیان لێدراوە. ئەو بیرمەندەی سەرقاڵی بیرکردنەوەیە لە داهاتووی ئەوروپا لە ویژدانیدا دێت وديچێت، ئەوە لەهەموو ئەو نەخشانەی بۆ ئەو داهاتووە دایدەڕێژێت، سەرەتا مەسەلەی ڕوس وجوولەکە لەبەرچاو دەگرێت، بەوێییەی ئەمان لە هەموو هۆکارەکانیتر زیاتر ئەگەریان هەیە لە ڕۆڵی گەورە و شەڕی زلهێزەکاندا. ئەوەشی ئەمڕۆ لەئەوروپادا پێی دەگوترێت «نەتەوە» کە زۆرتر لە شتێکی دەستکردانە  res facta دەچێت وەک لەوەی لەدایکبوویەکی سروشتی nata  بێت، بگرە زۆرجار وەک شتێکی وەهمی ئەوتۆ دەردەکەوێت کە ئیتر بۆمان جیاناکرێتەوە. ئەم «نەتەوانە» دەبێت خۆیان لە دژایەتی کردن و ململانێی سەرشێتانە بپارێزن. چونکە ئاشکرایە جوولەکەکان، ئەگەر بیانەوێت، یاخود ئەگەر ناچار بکرێن، بەو جۆرەی لای ئەنتیسەمیتیستەکان دیارە، دەتوانن زاڵ بن، بگرە دەشتوانن بەمانای وشە دەست بگرن بەسەر ئەوروپادا. ئاشکرایە ئەوان بەو ئاراستەیە ئیش ناکەن و پلانی لەو جۆرەشیان نییە، بەڵکو لەئێستادا ئەوەی ئەوان دەیانەوێت و ئاواتیانە، و سووریشن لەسەری، ئەوەیە لە ئەوروپادا ولەلایەن ئەوروپاوە هەڵبمژرێن، ئەوان تینووی ئەوەن دواجار لەجێگایەکدا سەقامگیر بن و ڕیزیان لێ بگیرێت وڕێ پێدراو بن، و ئیتر سنوورێک بۆ کۆتاییهێنان بە ژیانی کۆچڕەوی دابنێن و ئەوەی پێیان دەگوترێت «جوولەکەی ئەبەدی» کۆتایی پێ بهێنن. ئێمە دەبێت پشتیوانی لەم مەیلە بکەین و بگرە هانیشی بدەین، لەپێناوی ئەوەشدا شتێکی بەکەڵک دەبێت گەر ئەو زیقاوڵە دژەجوولەکانەی ئەم وڵاتە بکرێنە دەرەوە.» من لێرەدا هەر هێندەی ئەم پەرەگرافە وەردەگێڕم، هەڵبەت خۆی درێژترە، چونکە تا ئێرە هەموو ئەو مەسەلەیەی وەکو خۆی تێدا باسکراوە، کە ئەوە ڕای گشتی خەڵکە دژی جوولەکەن، ئەوە قسەی نەستەقی خەڵکە پێیان دەگوترێت بۆ «ئەبەد جوولەکە»، ئەوە کولتوری مێگەلە شانازی بە گەدەی نەتەوەوە دەکات و ناهێڵێت خۆراکی بێگانەی تێ بچێت، ئەوە نیتچە نییە وا دەڵێت، کەچی خوێنەری خێراخواز و وەرگری بێمنەت لەکەسانی ترەوە دەیخەنە پاڵ ئەو، ئەوە نیتچەی ڕۆح سەربەستە ڕەخنە لە هەموو بتەکانی کولتور دەگرێت، ئەوە بیرمەندی ژیرە کە دەکرێتەوە بۆ وەرگرتن وئامێزاندن وئینتیگراسیۆنی ئەوانیتر، هەڵبەت ئەم تێزەیەی نیتچە بۆ جیهانی ئەمڕۆشمان هێشتا هەنووکەییە، بەتایبەت سەبارەت بە سیاسەتی ئینتیگراسیۆنی پەنابەر وبێگانە لە وڵاتە ئەوروپییەکان وجیهانیشدا. لام سەیرە ئیسماعیل دەتوانێت بەهەرسێ زمانی عەرەبی وئەڵمانی وئینگلیزی بخوێنێتەوە و بشنووسێت، کەچی لەوەرگرتن ولەهێنانەوەی ڕستە و دەستەواژەیەکدا بکەوێتە هەڵەوە. لەم پەرەگرافەدا ئەوە دەردەکەوێت بۆمان کە ئەمە وتەی نیتچە نییە کە دەڵێت«گەدەی ئەڵمانی وخوێنی ئەڵمانی جوولەکەی پێ هەرس ناکرێت» بەڵکو ئەوە وتەی باوی ئەو رۆژگارە بووە و نیتچە ئاماژەی پێدەدەت کە ئەنتی سەمیتیزم ئاوا بیردەکاتەوە. دیارە  مەسەلەی جوولەکە تێمایەک نییە نیتچە دایهێنا بێت، بەڵکو زۆر دێرینترە و لە سەدەی نۆزدەهەمدا بووە ترۆپکی گرفتە کولتورییەکان، بەتایبەتی کاتێک فیلۆسۆفی هەم چەپ و هەم ڕاستڕەوی ئەڵمانی برونۆ باوەر ئەم تێمایەی لەڕووی فەلسەفەوە لێکدایەوە و کتێبێکی نووسی بەناوی «توانای ئەوەی جوولەکە و کریستەکان ئازاد بن»، باوەر کە باوکی فیکری چەپ بوو، مارکس وئەنجلز لەمەوە فێری ئەو چەپایەتییە بوون، بۆیە مارکسیش وەکو بنەچەجوویەک (لە ڕاستیدا مرۆڤی چەپ نابێت بەپێی بنەچەگەری بیر بکاتەوە!) بە نووسینێک بە ناوی (دەربارەی مەسەلەی جوولەکە) وەڵامی دەداتەوە، هاوکات بەمان شۆپنهاوەر و شتێرنەریش لەبارەیەوە دوواون، مەسەلەکە لەو قۆناغەدا زۆر گرژی دەهێنێتە کایەوە و لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە جوولەکەکان قێزەون بوون چونکە پارەی هەموو ئەڵمانیا وئەوروپا لای ئەوان بوو، کەم بیرمەند هەبوو بەپێچەوانەی بیروڕای چڤاتەکەیەوە بیر بکاتەوە، نیتچە یەکێک بوو لەوانەی لەگەڵ ئامێزاندنی جوولەکەکاندا بووە و بگرە نیتچە ڕەخنە لەو کەسانە دەگرێت کە دژەجوولەکەن و بە کەسانی لاوازیان تێدەگات، ئەوە دژەسامییەکانن کە لاواز وبوودەڵەن کە بەرگەی ڕەگەزێکی تر ناگرن، ئەوان ترسیان لەوەیە بەهاتنی ڕەگەزێکی تر خۆیان نەمێنن وبتوێنەوە  و بپوکێنەوە. بۆیە هەر لەم پەرەگرافەدا نیتچە پێشنیاری ئەوە دەکات جوولەکەکان نا، بەڵکو دژەجوولەکە زیقنەکان لەوڵات دەربکرێن، وە ستایشی ئەوانە دەکات کە بەدەنگێکی دلێرانە لەگەڵ مەسەلەی ئامێزاندنی جوولەکەکاندان و بە بیرۆکەیەکی باشی دەزانێت بۆ دەوڵەمەندکردنی کولتورییانە.  ژیانی نیتچە پڕی بووە لە هەڵبەز و دابەز و نەخۆشی و تراژیدیا و ناکۆکی، لەگەڵ ئەوەشدا بەو پەڕی بەرکەماڵبوونی زیهنییەوە تا ساتەوەختی هەرەسە عەقلییەکەی و بەتەواوەتی تا ساڵی ١٨٨٩ زۆر بە سەنگینی نووسیویەتی و هەرنووسینێک دوای سەردەمی خۆی بڵاوکرابێتەوە خوشک وزاوا و ئامۆزاکانی بۆ سوودی خۆیان بەکاریان هێناوە. نووسینەکانی ئەو زیاتر ڕەخنەی کولتوریین، ئەو بێ ئەوەی فەلسەفە بخوێنێت، کەچی ئاراستە ومێژووی فەلسەفەی لە پلاتۆنەوە سەرەوژێرکردەوە، ئەو لەزۆر شوێنیشدا وتە باوەکانی سەردەمەی هێناوەتەوە و ئەم ڕەخنەی لێگرتوون، وەک مەسەلەی قامچییەکە، کە وتەی پیرێژنەکەیە نەک زەردەشت، هەروەها ئەم وتەیە «گەدەی ئەڵمانی وجوولەکەی ئەبەدی» ئەمانە هیچی وتەی نیتچە نین، خودی دەقەکە بخوێنەرەوە بەدروستی دەبینیت نیتچە ئاماژە بەوە دەدات کە لەناو مێگەلدا ئەو حوکمانە باوە.  هەموو کتێبەکانی نیتچە بخوێنەرەوە بچووکترین پرۆگرامی ئایدیۆلۆژی تێدا نابینیتەوە، ئەو هیچ تێزێکی نییە بۆ دروستکردنی سیستەم و بۆ داڕشتنی گوتار ودیسکۆرس، تەنانەت دەستەواژەی Übermensch کە بەهەڵە بە مرۆڤی باڵا و سوپەرمان وەردەگێڕدرێت، من پێم باشترە بە «مرۆڤی تێپەڕ» وەربگێڕدرێت، مرۆڤێک تێپەڕی بێت و بەرزبووبێتەوە بەسەر ئاستی نەوی خۆیدا،  ئەوە هیچ پرۆگرامێکی سیاسی نییە بۆ زاڵکردنی ڕەگەزێکی مرۆیی وئیتنی وبیۆلۆگی بەسەر ڕەگەزێکی تردا. دەستەواژەکانی مرۆڤی باڵا و مرۆڤی نزم، ئەوپەڕی هەڵەیە فیکری نیتچەی پێ بخوێنرێتەوە. ئەو باسی مرۆڤێک دەکات کە بەند و بەستراوی  بتەکانی بەها باوەکانە، ئەوانەی ڕق و کینە وبوغز Ressentiment وەکو گۆچانێک بۆ ڕۆشتن بەکار دەهێنن، نیتچە پێمان دەڵێت ئەو گۆچانانە بشکێنن و بەسەر ئەو هێزە سایکۆییە چەپینەرەدا زاڵ بن کە هەر ئەمانەش بوونەتە دروستکردنی ئەخلاقی ئەوەی ستەمکاری قبووڵ بکەن و گەر کراسەکەتان لێ بدزن تۆ لەبەر فەزیلە پانتۆڵەکەشیان بدەیتێ. مرۆڤی تێپەڕ مرۆڤێکە لەو دۆخە تێپەڕیوە و زاڵبووە بەسەر هێزە پاسیڤکەرەکانی ناوەوەی خۆیدا. کەسێک نییە کەوتوو بێت و نیتچە بخوێنێتەوە وبتوانێت لەگەڵ ڕۆح و خوێن و هەناسەکانی تێزەکانیدا بژی و هەناسە بدات، هەڵنەستێتەوە، کەسێک نییە بەو گۆچانە زەلیلکەرانەیە بڕوات و دوای خوێندنەوەی نیتچە فڕێی نەدات. سەدو پەنجا ساڵێک دەبێت نیتچە دەخوێنرێتەوە و جگە لە چەند نووسەر وچالاکوانێکی ئیدیۆلۆگی، یەک خوێنەری عەقل ئازاد شک نابەین وەکو فاشیستێک لێی هاتبێتە دەرەوە، من وەک خۆم نزیکەی سی و پێنج ساڵە بەعەرەبی وبەئەڵمانی کتێبەکانی نیتچە و ئەوانەشی لەسەر نیتچەیان نووسیوە بەبەردەوامی دەخوێنمەوە، ئەی بۆ نەبووم بەدژەژن و بە ڕاسیست و بە دۆگماتیکی. ئەم ژەهرە بۆ دەڕێژن بەسەر ئەو شیلەهەنگوینییەدا. هەڵبەتە ئەوە ڕوونە بەلامانەوە دەشێت بیرۆکە وتێزەکانی بیرمەندێک لەلایەن کەس وگروپێکەوە خراپ بەکار بهێنرێت، هەروەها ئەوەش ڕوونە بەلامانەوە دەشێت بیرمەندێک لەبارودۆخێکی ناجۆردا دەربڕینێکی توندی هەبێت، کە ئێمەش خودی خۆمان لەو ئەگەر بەدوور نین، بەڵام ئەمانە هیچیان ناکاتە ئەوەی هێڵێکی ڕاست و چەپ بەسەر کۆی کارەکانیاندا بهێنین. ئێمە فیکرە ئازادیخوازەکانی ئەومان لا مەبەستە، ئەوانەی هانی مرۆڤ دەدەن لە ڕق هاتنەوە لە ژیان ولە مرۆڤ ڕزگاریان بێت. بیرکردنەوەی نیتچە بۆ ئەو جۆرە عەقلانەیە کە تەنانەت لە هەژموونی مامۆستا وفێرکەرەکەشی تێدەپەڕێت، هیچ نووسەرێک وەکو نیتچە «بێنیشتیمان» نەژیا وبیری نەکردەوە. جا لێرەدا ناچمە سەر باسکردنی کاریگەری ودەرەنجامە هەرە باش وگەورەکانی تێزەکانی نیتچە لەسەدەی بیستەم وبیستویەکەمیشدا لە هەموو بوارەکانی وەکو ئەدەب وفەلسەفە وهونەر وموزیک وفیمینیزم دا، کە ئێمە هەرهەموومان قەرزارباری ئەو تێزانەی نیتچەین کەدوای ڕەخنەگرتنی بوێرانەی ئەو  لە بتەکانی عەقل و مۆرال و دین، ئێمەومانانیش فێری ئەوە بووین، جا سەرکەوتوو بووبین یان نا، دەستبکەین بەڕەخنەگرتن لەو بتانە و بەڵام ئەفسووس ئێمە وەک ئەو مرۆڤە بێ منەت و بێ ئەمەکانەی سەردەمی مۆدێرنەمان لێهاتووە، کاتێک سێوەکە لەدارەکەوە دەکەوێتە خوارەوە بۆی، بیری لێ ناکاتەوە بۆچی بەربۆتەوە،  بەڵکو ئەو یەکسەر دەست دەکات بەخواردنی.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: