گۆڕەکەی لینین (١٩٨٦)

810
0
بڵاوکردنەوە:

بۆریس گرۆیس

وەرگێڕانی: سامان عەلی

پەرستنی کەسایەتیی لینین گرنگ بوو هەم بۆ پێدانی ڕەوایەتی بە ستالین و هەم بۆ بەرەوپێشچوونی ڕیالیزمی سۆشیالیستی، لەو کاتەوەی ستالین چووە دەسەڵات، لینین وەک نموونەی “مرۆڤی نوێ” “هەرە مرۆییترین مرۆڤ لە نێو هەموو بوونەوەرە مرۆییەکاندا” لێی ڕوانرا. دروشمەکەی مایاکۆڤسکی؛ “لینین لە زیندووەکان زیندووترە“، کە شەقامەکانی شارەکانی سۆڤیەتی دەڕازاندەوە، لەگەڵ پەرستنی مۆمیا ڕاکشاوەکەی لینین لە نێو گۆڕەکەیدا (کە ڕەنگە ناڕوونترین گۆڕ بێت لە مێژووی ئایینی جیهانییدا) دژبەر نەدەهاتەوە.

ئەگەرچی من بەنیاز نیم لێرەدا باسێکی تەواو دەربارەی ئەم پەرستنە بخەمە ڕوو، بەڵام پەرستنێکە دەهێنێت هەڵوەستەی لەسەر بکەین. گومانی تێدا نییە پەرستنی لینین کاریگەرییەکی پێکهاتەیی شاراوەی لەسەر کۆی کەلتووری سۆڤیەتیی ستالینیزم و پاش ستالینیزم گێڕا، ئەگەرچی لەبەر هیچ شتێک نەبووبێت تەنها لەبەر ئەو شوێنە ناوەندیی و سەرەکییە نەبێت کە لە نێو ڕێکخستن و ڕیزبەندیی سۆڤیەتیی پیرۆز و شاراوەدا هەیبوو. دوو جار لە ساڵێکدا “هەموو وڵاتی سۆڤیەت” “ڕاپۆرتی خۆی” لە ڕێگای بڕێک نمایش و ڕێپێوانەوە دەخاتەڕوو کە بە بەردەم گۆڕەکەدا تێپەڕ دەبن و، ئەو سەرکردانەی کە ئەم ڕاپۆرتە وەردەگرن لەسەر ئەو باڵەخانەیە ڕادەوەستن کە دەسەڵاتەکەیان لە ڕووی سەمبولیکییەوە لەسەر مۆمیاکەی لینین کە لە ژێریاندا ڕاکشاوە دادەمەزرێنێت. دروستکردنی گۆڕەکە لە گۆڕەپانی سوور و دەستپێکردنی لینین پەرستی، لەلایەن مارکسییە کۆنەکان و نوێنەرانی چەپڕەوی هونەر بەتوندیی بەرهەڵستی کرا. دەستەی یەکەم، واتە مارکسیییە کۆنەکان، باسی “کێوێتی ئاسیایی” و “سروتی کێوییەکان کە لایەق بە مارکسییەکان نییە” کرد. هەڵوێستی نوێنەرانی چەپڕەوی هونەریش بەرامبەر بە یەکەمین نموونەی کاتیی گۆڕەکە بە هەمان شێوە بوو کە لەدواییدا سادەتر کرا و، بەو جۆرە باسیان کرد کە “گواستنەوەیەکی دەقاودەقی فارسی دێرینە” چونکە لە گۆڕەکەی پادشا کۆرش لە نزیک موگرابا دەچوو. هەڵبەت ئەم جۆرە ڕەخنەیە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا شیانی نییە، نەک تەنها لەبەرئەوەی لە مێژ بوو گۆڕەکە وەک “شوێنی پیرۆزی هەموو هاونیشتمانیانی سۆڤیەت” ڕاگەیەنرابوو، بەڵکو هەروەها لەبەرئەوەی کە هەمووان لەمێژبوو بەکردەوە لەسەر سەردانیکردنی ڕاهاتبوون. نوێنەرانی چەپڕەوی هونەر، ئەوانەی کە پێیانوابوو گۆڕەکەی لینین تەنها کۆپییەکی گۆڕە ئاسیاییە کۆنەکانە، بە هەمان باوی جاران، نەیاندەتوانی پەی بە ڕیشەیێتیی ئەو ستالینیزمە نوێیە ببەن کە بە بەر چاویانەوە دروست دەبوو. مۆمیای فیرعەونەکان و فەرمانڕەوایانی تری سەردەمە دێرینەکان کە هەڕەمەکانیان لەسەر دروستکرابوو بۆ شاردنەوە (دابڕین)یان لە مرۆڤە لەناچووەکان دانرابوو – هەڵدانەوەی ئەو گۆڕانە وەک دەستبردن بۆ پیرۆز لێی دەڕوانرا. بەپێچەوانەی ئەوەوە لینین وەک کارێکی هونەریی خرابووە ڕوو، گۆڕەکەیشی، بەو جۆرەی بەو سەرەگرتنە دوورودرێژانەدا دەردەکەوێت کە چەندین سەدەیە ڕۆژانە لە بەر دەمیدا کۆدەبنەوە، گومانی تێدا نییە یەکێکە لەو مۆزەخانانە لە یەکێتیی سۆڤیەت کە زۆرترین سەردانیکاری هەن. کاتێک کە “ناخوداباوەڕە پەڕگیرەکان” لەو کاتەدا گۆڕی پیاوچاکانی ئایینییان هەڵدایەوە و لەو پێشانگایانەدا نمایشیان کردن کە لە مۆزەخانە تایبەتەکان دەچن وەک پڕوپاگەندەیەک لە دژی ئایین، لینین نێژرا و لاشەکەی بە هەمان شێوە خرایە ڕوو. گۆڕەکەی لینین ئاوێتەکردنێکی نێوان هەڕەم و مۆزەخانەی نمایشکردنی جەستەی لینینە، ئەو پاشماوە لەناوچووەی کە بەجێیهێشت و بوو بە گوزارشتێکی بونیادنانی سۆشیالیزم، “تاکو گەلی سۆڤیەتی هانی ئەنجامدانی کاری پاڵەوانانە بدات”. ڕاستییەکی تری گرنگ هەیە ئەویش ئەوەیە کە مۆمیاکان بەشێوەیەکی باو کفنی تایبەتی لەبەردەکرێن وەک هێمایەک بۆ گواستنەوەی بوونەوەرە لەناوچووەکە بۆ جیهانەکەی تر، بەڵام ڕوواڵەتی لینین سەرلەنوێ “بەشێوەیەکی زۆر ڕاستەقینانە” تا وردترین وردەکاریی دروستکرایەوە تاکو بەو جۆرە دەربکەوێت کە “هێشتا زیندووە”. ئەم کارە بەشێوەیەکی باو لە ڕۆژانی بەڕێکردنی تەرمی مردووانیشدا دەکەن بەر لەوەی لاشەکە بخرێتە نێو گۆڕەوە، ئەمە بەڵگەیەکی ترە لەسەر مۆرکی گشتیی ئەو ڕێچکە ئایینییەی کە لە دروستکردنی گۆڕدا هەیە. ڕەنگە بگوترێت لە ڕابووردوودا کاتێک کە ڕێز لە لاشەی مردوو دەنرا بە هۆی گۆڕانی خاوەنەکەیەوە بوو بۆ ئەوی ترێکی ڕەها، لەبەرئەوەی چی تر ئەو سەر بە جیهانێکی جێگرەوەی ئەم جیهانە سەرزەمینییەیە- بەو جۆرەی کە لە جوویزم و کریستیانیزمدا دەکرێت- بەڵام جیهانێکە کە ئومێدی زیندووبوونەوە دەدات، بەڵام لاشەکەی لینین بە دیارییکراوی لەبەرئەوە ڕێزی لێ نرا چونکە کۆچکردووەکە بۆ تاهەتایە جێیهێشت. بەدەربڕینێکی تر، لەبەرئەوەی چی تر پەیوەندیی لەگەڵ هیچ قەوماو و دۆخێکی ڕۆحانییدا نەما. بەم واتایە لاشەکەی لینین بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییەی کە لینین بۆ تاهەتایە ئەم جیهانەی جێهێشت و وەک گەواهیی ئەوەی کە بەیەکجاریی ئەو جەستەیەی جێهێشت، ڕێزی لێ نرا، بە جۆرێک کە گیانی ئەو یاخود “دۆزەکەی” تەنها بە گوزارشتلێکراویی لە نێو ئەو سەرکردە سۆڤیەتییانەدا کە لەپاش خۆی هاتوون بەردەوام دەبێت. لاشە نمایشکراوەکەی لینین کە نەگۆڕا بەڵکو بەو “شێوەیە کە لە ڕۆژی مردنەکەیدا بینرا” مایەوە، دەویسترا ببێت بە بەڵگەی تاهەتایی ئەوەی کە ئەو بەڕاستیی مرد و جارێکی تر زیندوو نابێتەوە و، تاکە پەیوەندیی شیانیی لەگەڵیدا لە ڕێگای میراتگرانییەوەیە کە ئێستا لەسەر گۆڕەکەی ڕاوەستاون. بەم واتایە دەرهێنانی ستالین لە گۆڕ و ناشتنی ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەم کەلتوورە ناتوانێت پەی بە کۆتایی مەرگی خۆی ببات و گیانی خۆی لە دەربڕین و گوزارشتی دیکە ئازاد بکات (ڕێکەوت نییە یەفتوشنکو لە نێو هەڵبەستی؛ “میراتگرانی ستالین”دا بەبۆنەی ناشتنی لاشەکەی ستالینەوە، ترسی خۆی لە بەردەوامبوونی کاری ستالین، وێڕای ناشتنی لاشەکەی، دەرببڕێت).

پرسیارێک سەبارەت بە ژیانی سۆڤیەتی و ئاکار

لیۆن ترۆتسکی، کانوونی دووەمی١٩٣٣

لیبرتی: ئایا ئەوە ڕاستە لەکاتێکدا کە دوڵەتی سۆڤیەتی دژایەتیی ئایین دەکات بەڵام بیر و بۆچوونە لەپێشترەکانی خەڵکی نەزان و نەخوێندەوار بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاردەهێنێت؟ بۆ نموونە ڕووسەکان تەنها کاتێک پێیانوایە هەر پیاوچاکێک لەدوای مردنی چووەتە بەهەشت ئەگەر لاشەکەی بەرگەی ڕزان و شیبوونەوە بگرێت. ئایە ئەمە بوو ئەو هۆکارەی پاڵی بەلشەفییەکانی نا مۆمۆیاکراوەکەی لینین بەشێوەیەکی دەستکرد بپارێزن؟

ترۆتسکی: نەخێر، ئەو لێکدانەوەیە بە هیچ جۆرێک ڕاست نییە، تەنها گوزارشت لە نەیارێتی دەکات و بە بڕێک پێشداوەریی پشت دەبەستێت. من لە ئەمڕۆدا بەوپەڕی ئازادیی دەتوانم بڵێم هەر لە سەرەتاوە لە دژی مۆمیاکردنی لاشەکەی لینین و دروستکردنی گۆڕ و ئەو شتانە بووم، وەک چۆن بێوەژنەکەی لینینیش؛ ن، کرۆبسکایا، لە دژی بوو. هیچ گومانێکیشم نییە لەوەی ئەگەر لینین بۆ تەنها جارێک لەسەر پێخەفی نەخۆشییەکەی بیری بۆ ئەوە بچووایە کە هەمان مامەڵەی لاشەی فیرعەونەکان مامەڵەی لاشەکەی دەکەن، پێشوەخت و بەتوڕەیی و لە بەر دەم حیزبدا، بەرهەڵستیی ئەو کارەی دەکرد. ئەوە هەڵوێستی من بوو. لاشەی لینین نابێت لە دژی گیانی بەکاربهێنرێت. هەروەها وتم: “نەڕزان و شینەبوونەوەی لاشە”ی لینین، ڕەنگە ببێتە هۆکاری پەیدابوونی “بڕێک ئەفسانە و خەیاڵات و بیری نەشیاو”ی خاوەن مۆرکی ئایینیی. بەڵام کراسین کە داکۆکی لەوە کرد و، بیرۆکەی مۆمیاکردنەکەی دەستپێکرد، بەرهەڵستیی کرد و وتی: “بەپێچەوانەوە، ئەو شتەی کە ڕۆژگارێک پەرجوویەک بوو بە دەستی قەشەکانەوە، دەبێت بە پرسێکی تەکنەلۆژیی بە دەستی ئێمەوە. خەڵکیی شێوەی ئەو مرۆڤە دەبینن و دەناسن کە ئەو هەموو گۆڕانە مەزنەی لە ژیانی وڵاتەکەماندا دروست کرد. ئێمە، بە یارمەتیی زانست، پێویستیی پاساودراوی خەڵکیی تێر دەکەین و هاوکات نهێنیی ئەو نەڕزان و شینەبوونەوەیەیشیان بۆ باس دەکەین”. گومانی تێدا نییە دروستکردنی گۆڕەکە ئامانجێکی سیاسی هەیە؛ بەهێزکردنی دەسەڵاتی قوتابییەکانی لینین بۆ تاهەتایە، لە ڕێگای بەهێزکردنی دەسەڵاتی مامۆستاوە. بەڵام ئەم کارە هیچ بەکارهێنانێکی خەیاڵات و بیرە نەشیاوە ئایینییەکانی تێدا نییە. بەو کەسانەی کە سەردانی گۆڕەکە دەکەن دەگوترێت؛ چاکەی پاراستنی جەستەکە لە ڕزان و شیبوونەوە،  هی کیمیایە.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: