کامۆ وەکوو فەیلەسووف، کامۆ وەکوو ئەدیب

1226
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ڕامیار محەمەد

“غەریزەی ژیان بەهێزترە لەو هۆکارانەی بۆ خۆکوشتن پاڵمان پیوە دەنێن. ئێمە بەر لەوەی خوو بە بیرکردنەوە بگرین، خوومان بە ژیانەوە گرتووە.”

– کامۆ

لە ڕۆژێکی وەك ئەمرۆدا و ٦١ ساڵ لەمەوبەر، لە کاتێکدا لەگەڵ میشێل گالیمار و هاوسەرەکەی (فرانسین فۆور) و کچەکانیدا بەرەو پاریس دەڕۆشتن، بە ئوتۆمبێل خۆیان دەکێشن بە دارێکدا؛ کامۆ هەر لەوێدا و لە تەمەنی ٤٦ ساڵیدا گیانی دەسپێرێت و خۆی و ڕۆحە یاخیی و توندەکەی بە یەکجاریی ماڵئاواییان لە ژیان کرد.

ژیانی:

ڕۆماننوس و فەیلەسوفە فەڕەنسییەکە، ئەلبێر کامۆ، مرۆڤە جوانپۆشەکە، ئەو کەسەی کە کچان و ژنان، بەبێ ویستی خۆیان دەکەوتنە داوی خۆشەویستییەوە. (دۆن دارپەر)ەکەی بوونگەرایی -هەرچەندە ئەمە لەوانەیە بێبایەخ بێت کە باسێکی لەسەر کامۆ لەسەر بکەیەنەوە، بەڵام ئەمە تاکە شتە کە بە بیری کەسانێکدا دێت کە ئاشنایەتییان لەگەڵ کامۆدا هەیە، کاتێك باسەکە دێتە سەر کامۆ- لە ٧ ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩١٣ لە شاری مۆندۆڤی جەزائیر لەدایکبووە. هەرچەندە باوکی بە ڕەگەز فەڕەنسی بوو، دایکیشی بە ڕەگەز ئیسپانی بوو، واتە کامۆ جەزائیری نەبوو. بەڵام زۆرترین کاتەکانی ژیانی خۆی لەوێ بەسەر بردووە. لە جیهانێکدا لەدایکبوو، جیهانی هەژاران، بەڵام دواتر بە وەفایانە و ئەمەکدارانە و بیرکەرەوە تیایدا مایەوە. باوکی لە جەنگی جیهانی یەکەمدا دەنێردرێت بۆ جەنگ و بەشداری شەڕی (مارن) دەکات، دواتر بە دەستی نازییەکان دەکوژرێت. هەربۆیە کامۆی هەشت مانگ، بە بێ باوکیی و لەگەڵ دایکێکی نەخوێندەوار و نەنکێکی توند و برایەکیدا لە ئاپارتمانێکی نیشتەجێبوون، بە بێ ئاو و کارەبا ژیان بەڕێدەکەن. ئەو کەسەی ڕۆڵێکی گەورەی گێرا لە ژیانی کامۆدا، مامۆستایەکی قۆناغی سەرەتایی بووە، ئەو درک بە توانای کامۆ دەکات و دەرگای خوێندنەوەی بە ڕووییدا دەکاتەوە.

کامۆ وەکوو فەیلەسووف

ئەلبێر کامۆ ئەوەندەی ڕۆماننوس و چیرۆکنووسە، ئەوەندە فەیلەسووف نییە و خۆیشی دانی بەوەدا ناوە، هەرگیز وەک فەیلەسووفێك خۆی نەناساندووە. ئەمە وێڕای ئەوەی لە زانکۆی جەزائیر فەلسەفەی خوێندووە و هەر لەوێش بە دوو ڕێبازی فەلسەفیی دیاری سەدەی بیستەم ئاشنابووە، واتە فەلسەفەی بوونگەرایی و هەروەها فینیۆمینۆلۆجی. لە فەلسەفەی بوونگەراییش زیاتر بایەخی بەلایەنە دینییەکەی دا و بەتایبەتیش بوونگەرایی سۆرێن و کریکەگۆر و یاسپەرز و چیستۆڤ. لە فینۆمینۆلۆجیش گرنگی بە ئیدمۆند هۆسێرڵ دا.

من دەمەوێ لێرەدا هەڵوێستە لەسەر کتێبە فەلسەفییەکانی کامۆ بکەم، کە دوو کتێبن:

١- ئەفسانەی سیزیف

٢- مرۆڤی یاخی

ئەفسانەی سیزیف

کامۆ لە سەرەتاکانی جەنگی جیهانی دووەمدا، کتێبی ئەفسانەی سیزیفی نووسی و لە ساڵی ١٩٤٢ دا بۆ یەکەمین جار چاپکرا، کە دەکاتە هەمان ساڵی چاپکردنی ڕۆمانی (نامۆ)ی.

سەرەتای کتێبەکە بەمە دەستپێدەکات:

“تەنها و تەنها یەک کێشەی فەلسەفی جیدیمان هەیە، ئەویش خۆکوشتنە، قەراردانی ئەوەی ئاخۆ ژیان ئەوە دەهێنێ بۆی بژین یاخود نا، ئەمە پرسیارە فەلسەفییە فێندەمێنتاڵییەکەیە.”

ئەم هەڵبژاردنەی کامۆ، لە چاوەکانیدایە، چونکە لەو کاتەوەی ئێمە بە جیدی بیر دەکەینەوە، وەکوو چۆن فەیلەسوفەکان بیر دەکەنەوە، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ژیان مانای نییە و هەر لێرەشەوە ناچار دەبین بیر بکەینەوە کە ئاخۆ ئەمە بەسە و دەبێ دەسبەردار بین؟ بۆ تێگەشتن لەم تێزە، دەبێ کامۆ لە مێژووی فیکردا هەڵسەنگێنین. ڕەچاوکردنی ئەوەی کە دەبێ خۆمان بکوژین چونکە ژیان بێمانایە. لەسەر بیرۆکەی پێشووتر بنچینەی دامەزراوە کە پێی وایە دەکرێت ژیان دەوڵەمەند بێت، کاتێک مانا خودایی و دنییەکەی بکەین بە بەردا. ئەم کۆنسێپتەش کەم تا زۆر لە دونیای ئێستادا پشگوێخراوە و وەکوو ڕیمۆتێك تەماشای دەکەین. دەبێ ئەوەش لەبەرچاو بگرین کە ئەم بیرۆکەیەی کە لە ڕوانگە دینییەکەوە پێی وایە ژیان مانادارە، بۆ دوو هەزار ساڵ لە ڕۆژئاوادا کاری کردووە، ئەویش لەلایەن کڵێسای مەسیحییەکانەوە بڕیاری لێدراوە. کامۆ لە ڕیزی بیرمەندە گەورەکانی وەك (کریکەگارد، نیچە، سارتەر، هایدیگەر…) دەوەستێت، بەوەی لە ڕاستیدا پێیان وایە هیچ ئامانجێكی خودایی لە ژیاندا نییە. ئێمە تەنها مەسەلەیەکی بایۆلۆجین، کە لەسەر بەردێکی بچوک لە گەردوونێکی گەورە و کەمتەرخەمدا، بێ ئامانج دەسوڕێینەوە. هیچ داوایەکی خوداییمان لی نەکراوە کە کار بۆ مانەوە بکەین و هیچ ئامانجێکی بەهێز و گەورە نییە بۆ ژیانکردن. ئەمانە ئەو باسانە بوون کە خۆیان لەناو ئەو فەیلەسووفانەدا حەشاردابوو، کە ئێمە ئێستا پێیان دەڵێین: فەیلەسووفە بوونگەراکان. کامۆ پێی وایە ژیان پووچە و بێمانایە، بەڵام ئەو وێرای ئەوە نیهیڵیزم و بێهیوابوونی تەواوەتی ڕەتدەکاتەوە.

گەر بێت و بڵێین (مرۆڤی یاخی) مانیفێستی یاخیبوون بوو لە سەدەی بیست دا، ئەوا دەتوانین بڵێین (ئەفسانەی سیزیف)یشی مانیفێستی ئەبسێردی سەدەی بیست بوو.

کامۆ (ئەفسانەی سیزیف)ی گریکی کردووە بە کڵێشەی نووسینی کتێبەکەی، سیزیف کە سزادراوە بە بەرزکردنەوەی بەردێك بۆ بەرزایی گردێك، و کە دەگاتە سەرەوەی کێوێك دووبارە دەکەوێتە خوارەوە و هەرگیز ناگات بە لوتکەکەی. ئەو پێی وایە ئێمەش دەبێ وەکوو سیزیف، کە هەرچەندە کارەکەی بێهودەیە و دووبارە و دووبارە بەردەکە دەباتە سەرەوەی گردەکە، بەڵام هێشتاکەش بەردەوامە و دووبارەی دەکاتەوە؛ پێویستە ئێمەش بەو جۆرە لە ژیان بەردەوام بین، سەرەڕای ئەوەی ژیانکردن بێهودەیە و هیچ ئامانجێکی تێدا نییە.

ئایا سیزیف بەختەوەرە؟

کامۆ بە بەڵێ وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە. لەبەر ئەوەی سیزیف هۆشیارە بەو کارەی دەیکات و ئەو چارەنووسەشی قبوڵە و باوەشی پێدا کردووە. کتێبی ئەفسانەی سیزیف پەیوەندی نێوان پووچی و خۆکوشتن بەیان دەکات بۆمان، ئەو پلەیەی کە تیایدا خۆکوشتن دەبێتە چارەسەرێك بۆ پووچی. بابەتەکانی ناوی شیکردنەوەی پەیوەندی نێوان پووچی (ئەبسێرد) و خۆکوشتنە، وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەیە کە سەرەتای بیرکردنەوە بە مێشکی تا ڕادەیەك دەتوانم بڵێم هەمووماندا دێت؛ ئەویش ئایا خۆکوشتن چارەسەرێکە بۆ پووچی؟

مرۆڤی یاخی

لە ساڵی ١٩٥١ کامۆ کتێبی (مرۆڤی یاخی) بڵاو کردەوە. واتە بە نزیکی ١٠ ساڵ دوای بڵاوکردنەوەی (ئەفسانەی سیزیف).

ئەو لەم کتێبەدا بە نزیکی فەلسەفەی یاخیبووانی ڕوونکردەوە. ناوەڕۆکی کتێبەکەی بە تەواوی فەلسەفی نەبوو، بەڵکوو تێکەڵێك بوو لە بیرۆکەی فەلسەفی و سیاسی.

کامۆ سەرەتای کتێبەکە بەمە دەستپێدەکات:

مرۆڤی یاخی کێیە؟ ئەو مرۆڤێکە کە دەڵێت: نەخێر. بەڵام ئەم ڕەتکردنەوەیە مانای ئەوە نییە کە ئەو مرۆڤە حاشا لە هەموو شتێك بکات، بەڵکوو مرۆڤێکە کاتێك دەست بە بیرکردنەوە لە خودی خۆی دەکات، بەهەمان شێوە دەشڵێت: بەڵێ. ئەو کۆیلەیەی کە بە درێژایی ژیانی فەرمانی جێبەجێ کردووە، لە پڕێکدا کە فەرمانی تازەی پێ دەدرێ بڕیار دەدات کە جێبەجێی نەکات.

یاخیبوون بەلای کامۆوە ئەو کاتە دەستپێدەکات کە مرۆڤی یاخی هەستدەکات بەجۆرێك لە جۆرەکان لەسەر هەقە. بەلای ئەوەوە ئازادی ڕەها گوزارشتێکە لە هەقی بەهێزترین تاک کە دەسەڵات بەسەریدا زاڵبێت. پێشی وایە کە دادپەروەری ڕەها ئەو کاتە بەدەستدێت کە ململانێ و کێشمەکێشمەکان ئیتر بە یەکجاریی کۆتاییان پێبێت، وە دواجار ئەم دادپەروەرییە ناواخنی ئازادییە. ئەم ململانێیەی نێوان ئازادی و دادپەروەری دەبێتە هۆی درووستبوونی هاوسەنگی هەمیشەیی و میانڕەوی سیاسی. وە ئەمەش شتێکە کە زۆرترین سنوورەکان بەرهەمدەهێن. ئەو پێی وایە کە مرۆڤ دەبێت بۆ بنیادنانی خود بژیی و ڕێگەش بۆ ژیانی خۆشبکات. هەرچەند لە دواتردا ئەم کتێبەی کامۆ بووە هۆی ناکۆکی نێوانییان لەگەڵ سارتەردا؛ سارتەر پێی وابوو کە ئەم ئازادی و دادپەروەرییە ڕەهایە لە ژێر هەژموونی کاپیتاڵیزم (سەرمایەداری) نایەتە بوون و هەتا هەژموونی سەرمایەداری زاڵبێت چینی پرۆلیتار ناتوانێ ئازاد بێت. کامۆ بە کتێبی (مرۆڤی یاخی) بەرگری لە سۆسیالیزمی ئاشتیخوازانە کرد و دژی شۆڕشی توندوتیژانە وەستایەوە. لە (مرۆڤی یاخی)دا کامۆ وتی: لە کۆتاییدا ئازادی هەڵدەبژێرم، تەنانەت ئەگەر دادپەروەریش بەرقەرار نەبێت، ئازادی پارێزگاری لە توانای ناڕەزایەتی دەربڕین دژی نادادپەروەری دەکات و ڕێگاکانی پەیوەندی بە کراوەیی دەهێڵێتەوە.

کامۆ وەکوو ئەدیبێك

لێرەدا من دێمە سەر باسی ئەو ڕۆمانەی کە کامۆ نۆبڵی پێ بەدەستهێنا، ئەویش کتێبی (نامۆ) بوو.

لە ساڵی ١٩٤٢ ئەم کتێبەی بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ دایکم مرد. لەوانەشە دوێنێ بووبێت؛ دڵنیا نیم. تەلەگرامێكم لە ماڵی پیرانەوە بەدەست گەیشت، “دایکت کۆچی دوایی کردووە. سبەی بە خاك دەسپێردرێ. وێڕای ڕێز.” ئەمە هیچ ناگەیەنێ، لەوانەیە دوێنێ بووبێت.

ئەم ڕۆمانەی باس لە پاڵەوانێکی جیاواز و سەربەخۆ و ئایرۆنی دەکات بە ناوی مارسۆ. پیاوێك کە هیچ ئامانج و مانایەك لە خۆشەویستی، کار و هاوڕێیەتیدا نابینێت. ئەو کەسەی کە ڕۆژێك بە ڕێکەوت تەقە لە پیاوێکی عەرەب دەکات و دەیکوژێت. بەبێ ئەوەی بزانێت مۆتیڤی ئەم کارەی چییە و ئەمەش بە مردنی کۆتایی پێدێت. بەشێکی مردنەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هیچ پەشیمانییەکی تێدا نییە بۆ کارەکەی و هیچ بایەخێك بەو کوشتنەش نادا کە ئەنجامی داوە، هەروەکوو چۆن بایەخی بۆ ئەو چارەنووسەش نییە کە هاتۆتە ڕێی. ڕۆمانەکە چەمکی (ئەنەمی) سۆسیۆلۆجیست (ئیمیل دۆرکاهیم) زۆر بەجوانی بەرجەستە دەکات؛ واتە مرۆڤێك خاڵی لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی و مرۆڤێک بایەخی بۆ هیچ شتێك نییە و نامۆیە. ئەو حاڵەتەیە کە مرۆڤ هەستدەکات بە تەواوی دابڕاوە لە کۆمەڵگا و ئەوانیتر، ناتوانێ ڕێگایەک بدۆزێتەوە تا بەها و سۆزی خۆی لەگەڵ ئەوانیتردا هاوبەشی پێبکات. پاڵەوانەکەی کامۆ ناتوانێ ئەوە قبوڵ بکات کە بۆچی وەڵامە باوەکان بەمجۆرەن. مارسۆ دووڕوویی و عەتف لە هەموو جێیەك دەبینێت و ناتوانێ پشگوێی نەخات. ئەو پیاوێکە کە ڕوونکردنەوە ئاساییەکانی پێ قبوڵ ناکرێت. ڕوونکردنەوە ئاساییەکان بۆ پڕۆسەی خوێندن، پەیوەندی خۆشەویستی و کارکردنی مرۆڤ و میکانیزمی کارکردنی حکومەت قبوڵ ناکات. کامۆ لەو چاپەی کە بۆ ئەمریکای نارد و لەوێ بڵاوی کردەوە دەنووسێت: مارسۆ یاری ناکات، ئەو درۆکردن ڕەتدەکاتەوە، ئەو خودی خۆیەتی، ئەو شاردنەوەی هەستەکانی رەتدەکاتەوە، هەر بۆیە کۆمەڵگا ڕاستەوخۆ هەست بە هەڕەشە دەکات. ئەوەی کە کتێبەکە جوانتر و جیاوازتر دەکات، ئەو دەنگەیە کە لە مەودایەکەوە و بە ساردی قسە بۆ ئێمە (خوێنەر) دەکات. لە کۆتاییدا مارسۆ سزای مردنی بەسەردا دەدرێت بەهۆی کردەی کوشتنەکەوە کە ئەنجامیداوە، کە دەتوانم بڵێم لە دەستی خۆیدا نەبوو، ئەو دەیەوێ بزانێ ئەو هەستە چۆنە کاتێك پەلاپیتکەی دەمانچەکە دادەگرێت و دەیتەقێنێ. “تەنیا ئەو ئاواتەم بۆ مابۆوە، ڕۆژی لەسێدارەدانەکەم بینەرێکی زۆر کۆ ببێتەوە و بە هاواری ڕقوکینیان پێشوازیم لێ بکەن. گەر بێت و بکوژیش نەبین، گەر بێت و دایکیشمان نەمردبێت، ئێمە لەو کتێبەدا ئەزموونێکی بەچێژ و واقعی دەکەین، وە هەموومان ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە ئێمە توانای درۆکردنمان هەیە و ناتوانین هەندێ ئەزموون هەیە بیکەین. بەڵام مارسۆ بێ هیچ سانسۆر و بێ هیچ درۆیەك ئەوە دەکات کە دەیەوێ. گەر بێت و (ئەفسانەی سیزیف) مانیفێستی پووچی بێت و (مرۆڤی یاخی) مانیفێستی یاخیبوون بێت، ئەوا لە سەدەی بیستدا (نامۆ) مانیفێستی نامۆبوونە.

کامۆ بە هەڵپرژانی بەسەر واقعییەتی سیاسی، ئەزمەی مۆراڵی و سنوورەکان و ئیمکانی هەڵەکاری مرۆڤ، پەیامێکی قوڵ و بەپێزی بۆ ئەم سەردەمەمان هەیە. هەتا پیرۆزترین و بەبەهاترین ئایدیاکان پێویستە لە بەرامبەر ئایدیاکانی دیکەدا هاوتابن و بە هەمان چاو تەماشا بکرێن. ڕەهاگەرایی داهاتووییەکی مەترسیدار لە پێشڕەویماندا درووستدەکات.

بۆ نووسینی ئەم وتارەم سوودم لەم سەرچاوەنە وەرگرتووە:

١- کتێبی ئەفسانەی سیزیف

٢- کتێبی مرۆڤی یاخی

٣- ڕۆمانی نامۆ

٤- https://www.newyorker.com/magazine/2012/04/09/facing-history

٥-

https://aeon.co/ideas/how-camus-and-sartre-split-up-over-the-question-of-how-to-be-free

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: