لە سەرەتادا وشەکە نەبوو

666
0
بڵاوکردنەوە:

دڵشاد حامید دەروێش

مەرگ و خـــــــۆکوژی

هەموو بوونەوەرەکان لە خـــــــــــودی مەرگ دەتۆقن، بەڵێ هەمووان، ئەمە پەیوەندی بە توانستی عەقڵی یاخوود بە پلەی ڕۆحلەبەرەکەوە لە پلەبەندی بووندا نییە. شۆپنهاوەر پی لەسەر ئەم ڕاستییە دادەگرێت و دەنووسێت: [ترس لە مەرگ، سەربەخۆیە لە هەموو مەعریفەیەک].  ئەگەر نەتکردووە، بە تاکــــــــــــــــــە پێڵاوێکەوە دوای قالۆنچەیەک بکەوە، ئەم مەخلووقە کە هیچ زانیارییەکی لەبارەی مەرگــــــــــەوە نییە، دەتۆقێت و خۆی حەشاردەدات. کەواتە ئێمە لە سێبەر و تارماییەکانی مەرگ ناترســـــــــــین، بە دیاریکراوتر، لەو گەندبێژی و پووچبێژییانە ناسڵەمینەوە کە لەبارەی مەرگەوە هۆنراونەتەوە، بەڵکوو مــــــــــیتافیزیـــــــکییانە لە خـــودی مــــــــەرگ دەتۆقین.

ڕەنگە هەبووبێت وایزانیبێت ئەوە بیرۆکەی نەبوونە ئەم ترس و بیمەمان تێدا دەچێنێت، بەڵام خۆ ئایدیای نەبوون لەلای قالۆنچە بوونی نییە، ئینجا کام نەبوون؟ خۆ ژیانمان چەند ساتێکی کەمە لە نێوان دوو نەبووندا. نەبوونێک هەبووە پێش ئەوەی ببین، نەبوونێکیش لە داهاتوودا هەڵماندەلوشێت. مەگەر نەبوون هەر نەبوون نییە؟! بۆچی غەمبارنین لەوەی لە جەنگی تەڕوادەدا هاوڕێی ئەکیلیسی پاڵەوان نەبوویت. کەچی ترسێکی قوڵ لە هەناوماندا جێگیردەبێت کاتێک بیر لەوە دەکەینەوە لــــە ئاهەنگی سەری ساڵی سێهەزاردا بەشدارنابین.

گرنگە بزانین کە ئەوەی دەچێتە ژێر سێبەری مەرگەوە دەرکەوتەکانی ویستە نەک خودی ویست.  ئەمشەو من وەک دەرکەوتەیەکی ویستی ژیان لە کوردستان دەمرم و سبەی ئادێل لە فەڕەنسا دەخزێتە نێو شوێنکاتەوە و لە بووندا هەڵدەتۆقێت، گرنگ نییە من هەبم یان ئادێل. ویست بایەخ بە پاراستنی [جۆر] دەدات نەک [تاک]. بەڵێ من نامێنم و ئەو عەشقبازی دەکات، شەراب دەنۆشێ و سەما دەکات، دواجار ئەویش بە چەشنی من لەبیردەکرێت. لــــــــــــــــــــە پەیمانی کۆندا هاتووە: [نەوەیەک دێت و نەوەیەک دەڕوات، بەڵام زەوی هەتاهەتایە هەر هەیە]. هەڵبەت پێویستمان بە سەلیقەیەکی ڕاڤەکاری ئەوتۆ نییە تاوەکو لەوە تێبگەین کە زەوی لێرەدا بـــە واتاکانی [زەوی، ژیان، جۆری مرۆڤ] ئاووس و سکپڕە.

 ویل دۆران [Will Durant] لە چیرۆکی فەلسەفە [The Story Of Philosophy]دا بەمشێوەیە ئەندێشەی شـــــــــــــۆپنهاوەر لــــــــــەبارەی مەرگەوە دەخاتەڕوو [هەر شتێک ساتێک بەردەوام دەبێت و پاشان بەرەو نەمان دەڕوات، ئەگەر مەرگ مۆڵەتێکمان بداتێ و تۆزێک چاوەڕێمان بکات، ئەوە تەنیا یاریکردنە بە ئێمە، هەروەک چۆن پشیلەیەک یاری بە مشکێکی نیوەگیان دەکات و پاشان دەیخوات].

بە پاساوی خۆکوژی، کەسانێک هەن گومان لەسەرجەم ئەوانە دەکەن کە وتمان. پێش ئەوەی وەڵامی ئەم گومانە بدەمەوە. بەباشی دەزانم بڕێک لەسەر خۆکوژی لە بەستێنی فەلسەفەی شۆپنهاوەردا بوەستم. ئەگەر پانۆراماییانە لە فەلسەفەکەی بڕوانین، هیچ جۆرە هەڵخڕاندن  و پاڵپێوەنانێک بەرەو خۆکوژی نابینین. هەڵوێستی شۆپنهاوەر دژوەستانە لەتەک ئەو وێــــــناکردنـــــــــــــە ئایینییەی کە خۆکوژی لـــــــــــــە هاوکێشەی تاواندا نیشتەجێدەکات. لە وتارێکیدا بە ناونیشـــانی [لەبارەی خۆکوژییەوە/ On suicide]دا  دەنــووسێت: [تاوەکو ئەو شوێنەی ئاگـــــاداربم جگە لە پەیڕەوگرانی یــــــــــەکتاپەرستی، واتە ئایینە یەهوودییەکان، کـــــــەس وەک تاوان لە خۆکوژی ناڕوانێت، ئەمەش جێی سەرسوڕمانە، ئـــــــاخر ئەم کردەیە لە پەیمانی کۆن و نوێدا  حــەرام و بێزراو نییە].

بۆ وەڕاستگەڕاندنــــــــــــــی  تاواننەبوونـــــــــــــــی خۆکوژی. فەیلەسووفەکەمان خـــــــــــــــوێنەر دەکاتە دادوەر. ئێمەش هەر وادەکەین. ئەندێشەی هەستتان بکەن کاتێک هەواڵی ئەوەتان پێدەگات ناسیاوێکتان دزی کردووە، یان پیاوێکی کوشتووە، یاخود منداڵێکی ڕفاندووە. پاشان بەراوردی بکەن بەو هەستەی کە دەبیستن خۆکوژی کردووە و بەویستی خۆی نووختەی کۆتایی لەسەر چیرۆکی ژیانی داناوە. لە تەخەیولی یەکەمدا شەرم و توڕەیی و ناڕەحەتی داماندەگرێت و ڕەنگە بەیداخی سزا و تۆڵەش بەرزبکەینەوە. کەچی لە دووەمدا هەست بە ‌غەم و هــاودەردی و بەزەیی دەکـــــــەین. لــــــــەبەر خۆشمانەوە سەرســـــــامی ئازایەتییەکەی دەبین، تەنانەت ئەگەر لەڕووی فەلسەفی و ئایینی و ئاکاریشەوە دژی کردەی خۆکوژی بین.

 ئەوە دەبێت لەلای خوێنەر ئاشکرا بێت، کە بە دید و چاویلکەی شۆپنهاوەر، ویستی ژیان دەبێت خەفەبکرێت نەک لەنێوببرێت، باشترە حاکمی مەعزول بێت نەک مەزبووح. وەلێ کاتێک دەرد و ژان و مەینەتی و قوڕبەسەرییەکان لە ڕادەبەدەر دەبن و دەبینە تۆپەڵێک برین، مافمانە ماڵئاوایی لە ژیان بکەین، مافمانە ئەمڕۆ نەدەینە دەستی سبەی، مافمانە ئەو بارە قورسەی ژیان لە کۆڵی نابووین و ماسۆشییانە چێژمان لێوەردەگرت، فڕێبدەین، لە هەمان وتاردا پێماندەڵێت: [کاتێــــــــــک خەونێکی ترســــــناک دەبینیت و بــــەتـــــرۆپکی سامناکی دەگەیت، ڕادەچڵەکیت، ئیتر وێنە تۆقێنەرەکان نامێنن، دەی ژیانیش خەونە، کە دەگاتە ئەوجی ســــــــــامناکی، پێویستە کۆتایی پێبهێنیت].

پێشئەوەی منیش کۆتایی پێبهێنم، دەمهەوێت وەڵامی گومانەکە بدەمەوە. ئەوەی لە پشت خۆکوژییەوەیە، تەلیسم و سیحری ژیانە. کەسی خۆکوژ ناخوازێت بمرێت، بەڵکوو دەخوازێت ژیانیکی باشتر بگوزەرێنێت. واتە، خۆکوژ دەرک بەجوانییەکانی ژیان دەکات، وەلێ ناتوانێت بەر ئەم جوانییانە بکەوێت. لەم سۆنگەوە، دەتوانین بڵێین کە ویستی ژیان لەکن کەسی خۆکوژ، لە بەهێزترین فۆرمەکانیدا پێ لەسەر بوونی خۆی دادەگرێت.

ئـــــــــــــــــەوین: فێڵی جۆر لە تاک

لە میسۆلۆگیای یۆنانیدا [ئێرۆس]ـی خواوەندی خۆشەویستی و عەشق تیری لە دڵان دەدا، دڵی ئەنگاوتەش شەیدای ئەو کەسە دەبوو، کە یەکسەر دوای بەرکەوتنی تیرەکە دەیبینی. لەدیدی فەیلەسووفە ڕەشبینەکەمانەوە، ویستی ژیان [ئێرۆس]ئاسا عاشقمان دەکات، ئەم ویستە کە تەنیا چاوی لە بەردەوامی ژیان بڕیوە، شەیدای لەبی میم و قەدی ئەلف و زوڵفی چیمی ژنانمان دەکات،  دەمانخاتە تابووتی هاوسەرگیرییەوە، زارۆکمان پێدەخاتەوە، بەمشێوەیە ئەوەی ویستی ژیان لێمانی دەویست، بەوەهمی ئازادییەوە دەیکەین، دوای بە ئەنجامگەیاندنی ئەم ئەرکەش، کە پاراستنی رەگەزی مرۆڤە لە ڕێگەی زاوزێوە، ڕەنگە بگەینە ئەو باوەڕە شۆپنهاوەرییەی کە عاشق کەسێکە ڕۆحی جۆر حوکمی دەکات.

عەشق لە نمایشێکی سەر شەقام دەچێت، ئەو نمایشانەی کە ئەکتەرەکان پێشوەخت دەقەکەیان نەخوێندۆتەوە، هەڵبەت مەبەستمان ئەوە نییە کە ئەکتەرەکان سەرپێیانە نمایش دەکەن، بەڵکوو هەر یەکەو هێدفۆنێکی لە گوێدایە، ئەوە دەکەن و دەڵێن کە دەرهێنەر لە دوورەوە بە بێتەلەکەی پێیان دەڵێت، لەم نموونەیەدا، ئەکتەرەکان عاشقەکانن، دەرهێنەرەکەش کەڵکەڵەی پاراستنی جۆری مرۆڤە. کەواتە نووسینی نامە سۆزدارییەکان، چڕینی گۆرانییە عاشقانەکان، هۆنینەوەی قەسیدە ڕۆمانسییەکان، تاسە و بێداری و چاوەڕوانی و ژوانەکان، گشتیان درۆی گەورەن، لەهەموو ئەمانەدا، بووکەڵەیەکین و ویستی ژیان و ئارەزووی پاراستنی جۆری مرۆڤ و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئینســــــــــــــــــــــــان بە دەزووەکانیان دەمانجوڵێنێنن. پاش وەچەخستنەوە، واتە ئەوکاتەی ئەم ویستە ئەهریمەنییە بە مەرامی خۆی دەگات، جۆش و خرۆش و کەف و کوڵی جارانمان بۆ دڵبەر نامێنێت. لە عاشقێکی سەوداسەرەوە دەبینە باوکێکی بەمشوور، هەموو جووڵەیەکمان لە پێناوی پاراستنی ئەوانەدان کە لێمان بوون، مەلۆتکەکانمان بە شیرەخۆرەیی و نانەبەریدا تێدەپەڕێنین و بە جاحێڵییان دەگەیەنین، ئەوجاکە تەماشایەکی ئاوێنە دەکەین، دەبینین خۆشمان نێوساڵکەتین، بەمجۆرە ئەو ڕۆڵەمان گێڕا کە ویستی ژیان پێیدابووین، ئیتر کاتی ئەوە دێت بۆ ئەبەد شانۆی وجوود جێبهێڵین.

تێکڕای ئەوەی وتمان دەمانگەیەنیت بەوەی، کە یەکەمین نیگای نێوان دڵدار و دڵبەر، چەخماخەی لەدایکبوونی ئینسانیکی نوێیە، تەقینی ئەو تەڵەیەیە کە ویستی ژیان بۆی ناوینەتەوە، کڵپەی ئەو ئاگرەیە کە جۆری مرۆڤ لە سینەماندا دایدەگیرسێنیت و زارۆک دایدەمرکێنیتەوە و خـــــامۆشی دەکــــات.

هەڵبەت وێناکردنی دیکە بۆ خۆشەویستی هەن، دەربڕینەکانی [تۆ من تەواو دەکەیت، تۆ نیوە ونبووەکەی منیت] وێردی سەر زمانی عاشقەکانن، ڕیشەکانی ئەم تاسەیە بۆ بەکەماڵ گەیشتن لە یۆنانی کۆندایە، ئەفڵاتۆن لە دیالۆگی [خوان]دا لەزاری ئەرستۆڤانسەوە هێما بۆ ئەفســــــــــــانەی هیـــرمافرۆدیتە [Hermaphrodite]دەکــــــات، بــــــــــــە گوێرەی ئەرستۆڤانس لەسەرەتادا سێ ڕەگەز هەبوون، نێر، مێ، هیرمافرۆدیت کە نێر و مێیە، لەو سەردەمەدا مرۆڤەکان چوار دەست و چوار قاچ و دوو ڕووخساریان هەبووە، سەریان بە هەموو لایەکدا دەخولایەوە، ڕەگەزی سێیەم هێندە ئازاو عەجوول بوون، مەترسییان بۆ سەر عەرشی خواوەندەکان دروستکردبوو. بۆ لاوازکردنی ڕەگەزی مرۆڤ، زیۆس بیرۆکەیەکی هەبوو، کەرتکردن، هەموویانی کرد بە دوو پارچەوە. بەمپێیە ئێمە نیوەی بوونەوەرێکی تەواوین، ئامانجمان گەڕانە بەدوای نیوە ونبووەکەی خۆمان. جگە لەم هەوڵە، چەندانی دیکە هەن کە  عەشق و خۆشەویستییان بە کۆمەڵێک ڕەهەندی ئاسمانی و ڕۆحی و ترانسدێنتاڵی بارگاویکردووە، بەداخەوە لێرەدا بواری ئەوەمان نییە ئەم هەوڵە فەلسەفی و ئایینی و ئەدەبییانە شەنوکەو بکەین، تەنیا ئەوە دەڵیین، بۆچوونەکەی شۆپنهاوەر، کە دواتر لەلایەن فرۆیدەوە هەڵدەگیرێتەوە، ئەوەی کە  عەشق و سێکس دوو ڕووی دراوێکن، شوێنی بەهەموویان لێژ کردووە. تەنانەت چەمکاندنی خۆشەویستی لە پەیوەندیدا بە سێکسەوە، لە گەلێک شوێندا بە باشی هاتۆتە نێو زوانەوە،  بۆ نموونە دەربڕینی [Let us make love] کە دەکاتە [با عەشق بکەین]ـی کوردی، واتای [با سێکس بکەین] دەبەخشێت.

بەچاوپۆشین لەوەی کە زانست لەم بارەیەوە چی دەڵێت، ڕەنگە ویستی ژیان و پاراستنی جۆر وەڵامێک بێت بۆ ئەو پرسیارەی کە ژبەرچی جڤات ئەو تاکانە فڕێدەداتە دەرەوەی خۆی کە عاشقی هاوڕەگەزی خۆیان دەبن؟ ئاخر ویستی ژیان وادەخوازێت کە هەموو عەشقێک چاو لە سێکس و هەموو سیکسێکیش چاو لە خستنەوەی منداڵی ساغڵەم ببڕێت، لەسەر هەمان نەغمە، بە شێوەیەکی تۆتۆلۆگییانە  وەڵامی ئەو پرسیارەشمان داوەتەوە کە بۆچی هاوڕەگەزبازەکان لە چاوی جڤاتدا کەسانێکن سووک تەماشا دەکرێن، بەکورتی ویستی ژیان وادەخوازێت عاشقی ژنان بین، عاشقی بوونەوەرێک بین کە نەک هەر توانستی کاری بازووی دژوار و ئاستەمی نییە، بەڵکوو لە ڕووی زەینیشەوە تاوەکو کۆتایی ژیانی هەر بە ساوایی دەمێنێتەوە.

بە تێگەیشتنی شۆپنهاوەر، تاکە شتێک ژنان تییدا کارامەبن هونەری فرت و فێڵە. لە وتاری [لەبارەی ژنانەوە/On women ] دا هاتــــــــــــووە: [هەروەکچۆن سروشت شێرەکانی بە چنگ و ددانی تیژ و فیل و یەکانەکانی بە شفرە و کەڵەگاکانی بەشاخ و کاتەڵ فیشی  بە پەڵەی شـــــــــــلی مەرەکەبی ئامادەکردووە، ئاوهاش ژنانی بە هونەری تەفرەدان بۆ بەرگریکردن و پاراستنی خۆی ئامادەکردووە].

چونکە ویستی ژیان ژنانی بە هونەری فریودان بۆ پارێزگاریکردن لەخۆی پڕچەککردووە، پیاوانی ئاسایی تەفرەدەخۆن و دەکەونە داوی خۆشەویستیانەوە، هەرچی مرۆی بلیمەتە، خۆیان لەم داوە قوتاردەکەن و بە زگورتیتی دەمێننەوە، بەڵگەنەویستە مەخلووقێک کە ئاسۆ هەرە دوورەکانی ئایندە بە ڕوونی ببینێت، ناکرێت و نابێت لەتەک مەخلووقێکدا بژی کە لە باشترین دۆخدا، تەنیا بەرپێی خۆی دەبینێت.

لە کۆتاییدا پێویستە ئەوەش بڵێین کە هەروەک لە سووککردنی ژیان و ستایشکردنی مەرگدا بینیمان، گووفتاری شۆپنهاوەر لەبارەی ژنانیشەوە تەواو پێچەوانەی ڕەوتاری بووە، ئەو ڕقەی لە تافی لاوییەوە لەهەمبەر ژنان هەیبوو، ڕێگر نەبوو لەوەی کە عاشقی کچە ئەکتەر [کارۆلین باجمن]، دۆستی [کاڕل ئۆگۆست]ی میری ڤایمار و لە [ڤنیسیا]ش ئاشوفتەی [تێرێزا] ناوێک بێت.

 

ژیان خراپەیە

 

بێکۆتایی

سەیری ئومێدی کوژاوە ئەکەم لە دڵی خۆمـدا

بێکۆتایی

ڕەقــــــــــــــی ئەبینم لــــــــــــــــــــــەم جیــــــــــــهانەدا

ڕامیار مەحموود

ئەگەر لەدیدگای لایبنتز [١٦٤٦ز- ١٧١٦ز]ـە وە ئەم جیهانە باشترینی ئەو جیهانانە بێت کە دەشێت بوونی هەبێت، ئەوا لەلای شۆپنهاوەر خراپترینیانە.  ئەو وایدەبینی کە ژیان شتێکە دەبوایە بوونی نەبێت، ئیشێکە تیچووی زیاترە لە قازانجی، نەگبەتییەکە یەخەی گرتووین. لە وتارێکیدا بەناونیشانی [لەبارەی ئازارەکانی جیهانەوە/ On the Suffering of the World]  کە شاکارێکی دیکەی خامە بە بڕشتەکەیەتی، دەنووسێت: [هەندێک جار منداڵان وەک بەندکراوانی بێتاوان دەبینم، نەک مەحکووم بە مەرگ، بەڵکوو مەحکووم بە ژیان].  بەڵام بۆچی ژیان خراپەیە؟!

ژیان خراپەیە، چونکە جەنگێکی ئەبەدییە، وەک پێشتر ڕوونمانکردەوە، ویست بەردەوام خۆی دەخوات، ئەمە وادەکات کوشتن و بڕین و بردنەوە و دۆڕان لە هەموو جێیەک ببینرین، بەجۆرێک، گیانداران مەرگ و ژیان لەنێو خۆیاندا دەبەشنەوە، مەرگی ئەم ژیانی ئەوە و ژیانی ئەو مەرگی ئەمە. مرۆڤیش کە دواپلەی پەیژەکە و لووتکەی هەڕەمی ژیانە، بە وەها لە سروشت دەڕوانێت وەک ئەوەی بە تەنیا بۆ بەکاربردنی خۆی تەرخانبێت، هەڵبەت وەنەبێت ئەم بوونەوەرە تەنیا بووبێتە گۆڕی سروشت بە بێگیان و ڕووەک و گیاندارەوە، بەڵکوو ئەم ململانێ و کوشتن و بڕینە لە نێوان خۆشیاندا بە ڕوونی دەبینرێت، هۆبز ڕاست بووە کە وتوویەتی: [مرۆڤ گورگە بۆ مرۆڤ].

ژیان خراپەیە، لەبەر ئەوەی هەرچەندە ڕووباری سەرجەم هەوڵ و کۆششەکانمان بەرە و زەریای خواستەکانمان دەچن، کەچی هەر پڕ نابێت، بەرانبەر هەر خواستێک کە ڕازی دەکەین، لانی کەم دەیەهای دیکە بە ڕازینەکراوی دەمێننەوە، ئەمە جگە لەوەی تێرکردنی هەر خواستێک زەمینەی سەرهەڵدانی یەکێکی دیکە دەڕەخسێنیت،  بەمچەشنە، خواستەکانمان لە بەرمیلەکەی [دانیدس]  و خۆشمان لەپاڵەوانی ئەفسانەی [تانتالۆس]  دەچین.

ژیان خراپەیە، چونکە ئازاد نین لە دیاریکردنی سروشتماندا. پیشەسازێک بهێننە بەرچاوتان وەختێ چەقۆیەک دروستدەکات، ئەو سەرپێییانە بەم کارە هەڵناستێت، بەڵکوو هەوڵدەدات کتومت ڕەچاوی ئەو وێنایە بکات کە پێشوەخت لەمەڕ چەقۆ لەلای گەڵاڵە بووە، لێرەدا چییەتی چەقۆ کە گوزارشتە لە دەستەیەک خەسڵەتی دیاریکراو، پێش بوونی ماتەریاڵیانەی چەقۆ دەکەوێت.

لەدیدی ژان پۆڵ سارتەر [١٩٠٥ز-١٩٨٠ز] وە مرۆڤ پێش ئەوەی پێناس بکرێت هەبوویەکە و دواتر بەئازادی چییەتی خۆی دیاریدەکات. لەبەر ئەوەی خودایەک نییە بە نێوەڕۆکێکی ئامادەکراوەوە خەڵقمانبکات، دیارە وێنای مرۆڤ لە ئاوەزی یەزداندا، وەک وێنای چەقۆیەک وایە لە زەینی چەقۆسازێکدا.  هۆیەکی دیکە ئەوەیە کە لە بوونیادی ئۆنتۆلۆگییانەی مرۆڤدا، نەبوون ئاراییەکی  بەردەوامی هەیە، ئەمەش واتە ئێمە هەمیشە [ڕوو- لە- دەر]ین و تاوەکو دواهەمین هەناسە بۆ پڕکردنەوەی ئەم چاڵە ئۆنتۆلۆگییە، پڕۆژەی نوێ سەرڕێگا دەخەین.

شۆپنهاوەر سەنگەری لەم جۆرە بۆچوونانە گرتبوو، ئەو وایدەبینی کە ئێمە خودان کرۆکێکی جێبەخۆگرتوو و نێوەڕۆکێکی چەسپاو و سروشتێکی کۆنکرێتی و چییەتییەکی نەگۆڕین. ئەوە نییە وێڕای پەشیمانی و بەڵێنیدان بە دووبارە نەکردنەوەی، کەچی دووبارە و بگرە سێبارە و چواربارەش دەخزێینە خەڕەندی هەمان هەڵەوە، مەگەر ئەمە بەڵگەیەکی بەهێز نییە لەسەر نەگۆڕی سروشتمان؟  مەگەر ئەمە بەس نییە تاوەکو ئەنجامگیری ئەوە بکەین کە [دز هەر دزە]

ژیان خراپەیە، چونکە بەختەوەری سەرابێکە تاوەکو مردن پەلکێشمان دەکات، دەخوازم کەمێک زیاتر لەسەر ئەم خاڵە بووەستم، سەرەتاش با پەرەگرافێک لەبارەی بەختەوەرییەوە لە شاکاری [جیهان وەک ویست و وێنا] بۆ خوێنەری هێژا بگوازینەوە: [بەختەوەری هەندێک جار لە داهاتوودایە و هەندێک جاریش لە ڕابردوودایە، هەنووکە دەشێت بە پەڵە هەورێک بچووێنرێت، پەڵە هەورێکی رەش کە با هێناویەتییە بەر خۆر، پێشەوە و دواوەی ڕووناکە، تەنیا خۆی سێبەرێک دروست دەکات، بەم شێوەیە ئێستا بەس نییە، داهاتووش شوێنی دڵنیایی نییە، ڕابردووش ناگەڕێتەوە]

ئەوەی ژیان پێمانی دەدات، وەهمی بەختەوەرییە نەک خودی بەختەوەری، بەڵام ئەم وەهمە بۆ؟ ڕەنگە ئەفسانەی پاندۆراس کۆمەکمان بکات لە گەیاندنی ئەو وێنایەی کە گەرەکمانە وەک وەڵامێک بۆ خوێنەری بگوازینەوە. بەگوێرەی ئەفسانەکانی یۆنان زیۆسی سەروەری خواوەندان و یەزدانخانمان بڕیار دەدات تۆڵە لە مرۆڤ بکاتەوە، بۆ ئەمەش [پاندۆراس]ی بە قوتوویەکەوە ناردە نێو مرۆڤ. قوتووەکە نەدەبوو بکرێتەوە، وەلێ پاندۆراسی کونجکۆڵ و پەیدۆز خۆی بۆ نەگیرا و کردییەوە، هەر کە کراشەوە، دەرد و ئازار و نەخۆشی و بەدبەختی دەرپەڕینە دەرەوە، بە گوێرەی ئەفسانەکە، بەرلەوەی هەمووان خۆیان بکوژن، ئبیمیسیۆس کەڕەتێکی دیکە قوتووەکە دەکاتەوە، ئەمجارە هیوا و ئومێدیش کە لە قوتووکەدا مابوونەوە، دێنە دەرەوە، ئیتر لێرەوە مرۆڤەکان بەرگەی هەموو دەرد و ئازار و نەخۆشی و بەدبەختییەکانی ژیان دەگرن.  ئەوەی لە ئەفسانەی پاندۆراسدا بۆ ئێمە گرنگە، کردنەوەی دووەمجاری قتووەکەیە، وەکچۆن ئبیمیسیۆس بە کردنەوەی قتووەکە وادەکات مرۆڤەکان چاو لە هەموو ناخۆشی و چەرمەسەرییەکانیان بپۆشن، بەهەمان شێوە پاراستنی جۆری مرۆڤ لە ڕێگەی داتاشینی وەهمی بەختەوەرییەوە، بە ژیانەوە گرێمان دەدات. ئاشکرایە کە مرۆڤێکی بێئومێد بە سبەینێیەکی باشتر، مرۆڤێکی تژی  لە کەڵکەڵەی خۆکوژی، نابێتە دڵخوازی ویستی ژیان، ویستێک بەتەنیا چاوی لە ژیان بڕیوە.

شۆپنهاوەر لە زیاد لە جێگەیەکدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بەختەوەری سروشتێکی نەرێنی هەیە و ئازار ئەرێنی. بە وشەگەلێکی دیکە، بەختەوەری بریتییە لە نەبوونی ئازار. لەم شوێنەوە ئەنجامگیری ئەوە دەکەین کە بۆ دیاریکردنی ڕادەی بەختەوەریمان، لەبری ئەو خۆشی و چێژانەی چەشتوومانن، پێویستە ئەو ئازار و دەرد و بەڵایانە لەبەرچاوبگرین کە توشمان نەبوون.

لە بەرئەنجامەکانی ئەوەی کە ئازار سروشتێکی ئەرێنی هەیە و بەختەوەری نەرێنی، ئێمە هەست بە ئازار و غەم و ترس دەکەین، بەڵام هەست بە تەندروستی و بێغەمی و ئاسایش ناکەین و نایاننرخینین هەتا لەدەستیان دەدەین، هەروەتر، ئەو ساتانەی لەوەهمی بەختەوەری و خۆشبەختیداین، خێرا دەڕۆن، کەچی لە ساتە ئازاراوییەکاندا، کاتژمێرەکان دەقیق دەبن و زۆر بەکاوەخۆ تێدەپەڕن.

ئازار تاکە دوژمنی بەختەوەری ئێمە نییە، لەپاڵ ئازاردا، وەڕسیش دژومنی بەختەوەریمانە، شۆپنهاوەر لە حیکمەتی ژیاندا دەنووسێت: [دوو دووژمنەکەی بەختەوەری مرۆڤ ئازار و وەڕسین].  ژیانی ئێمە وەک بەندۆڵێک لە نێوان ئازار و وەڕسیدا لەهات و چۆدایە، چەند لە جەمسەریکەوە دووربین، هێندە لەوەی دیکەیانەوە نزیک دەبینەوە، ئەگەر هەژار بین، هەست بە ئازار دەکەین، ئەگەر دەوڵەمەندیش بین، بە وەڕسی، چینی نەداری جڤات دەست و پەنجە لەتەک ئازاردا نەرم دەکات، چینی دەوڵەمەندیش لەتەک وەڕسیدا.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: