فوکۆ و نوێگەریی فەلسەفی

395
0
بڵاوکردنەوە:

عەبدولسەلام بنعەبدولعالی

و. سامان عەلی حامید

میشێل فوکۆ بایەخ و گرنگییەکی زۆر بە دەقی؛ “ڕۆشنگەریی چییە؟”ی ئیمانوێل کانت دەدات، چونکە وێرای ئەوەی کە زیاد لە جارێک دەربارەی دوواوە، وەک دەقێکی دەگمەنیش لیی دەڕوانێت، بەوپێیەی ئەو دەقە فەلسەفییەیە کە بۆ یەکەمینجار پرسی ئێستای تێدا دەخرێتە ڕوو: ئێستا چی ڕوودەدات؟ ئەو ئێستایە چییە ئەو ساتەوەختە دەستنیشان دەکات کە من تیایدا دەنووسم؟ ئەمە، بە بڕوای فوکۆ، پرسیارێکە لە مێژووی فەلسەفەدا نەکراوە.

ڕاستە کە هەواڵەکردنەکان بۆ ئێستا، بۆ هەنوکە و دۆخی مێژوویی و، ئەو هەلومەرجانەی کە دەشێت سەبارەت بە بیرکردنەوەی فەلسەفی بایەخی خۆیان هەبێت، لە مێژووی فەلسەفەدا بابەتێکی نوێ نییە. چونکە وەک ئاشکرایە ڕینێ دیکارت لە نێو بەشی یەکەمی؛ “وتارێک دەربارەی میتۆد”دا، ڕێچکەی خۆی و ئەو بڕیارانە دەگێڕێتەوە کە هەم سەبارەت بە خۆی و هەم سەبارەت بە خودی فەلسەفە خۆی بە ڕەچاوکردنی ئەو دۆخە مێژوویی و زانینەکیی و زانستییە گرتونییەتییە بەر کە تایبەتمەندیی ئێستای ئەون. بەڵام ئێمە لای دیکارت ئەو چەشنە پرسیارە نادۆزینەوە کە کانت وەڵامیدەداتەوە و، پەیوەندیی بەو ئێستایەوە هەیە کە ئەو پەیوەندیی پێوەی هەیە. چونکە دیکارت، کە بە باوکی فەلسەفەی نوێ دادەنرا، لە گەڕانەوەیدا بۆ ئێستا مێژووییەکەیدا، تەنها لە سنووری گەڕان بە شوێن ئەو شتەدا دەمێنێتەوە کە دەشێت وەڵامی ئەو بۆ پرسیارێک لە پرسیارەکان دەستنیشان بکات و، گرنگیی بەو پرسیارە نەدەدا کە دەڵێت؛ لە نێو ئەم ئێستایەدا، ئەو شتە چییە کە سەبارەت بە هزرێکی فەلسەفیی ڕاستەقینە، واتای ڕاستەقینەی خۆی وەردەگرێت.

ڕەنگە لێرەدا پێویست بە هێماکردن بۆ دوو شت بکات:

یەکەم؛ وەڵامی ئەو پرسیارە لە ساڵی ١٧٨٤دا لە سەر لاپەڕەکانی “گۆڤاری بەرلین”دا بڵاوبووەوە، ئەم بابەتەیش بابەتێکە کە بێواتا نییە. ئەگەرچی دابەزینی دەقە فەلسەفییەکە بۆ ناو ڕۆژنامە و گۆڤارەکان لە ئارادا نەبوو، بەڵام خستنەڕووی بابەتەکە بەو شێوەیە هەنوکەییەکەی دەسەلمێنێت، یاخود با بڵێین یەکێکە لەو پرسانەی کە لەو کاتەدا “خۆیان دەسەپاند”.

ئەوەی کە ئەمە دەسەلمێنێت و، کە ئەم بابەتەی دووەمە، ئەوەیە کە ئەوە کانت نەبوو کە ئەو پرسیارەی کرد، بەڵکو ئەم پرسیارە لە پەراوێزی وتارێکدا دەرکەوت کە قەشەیەکی پڕۆتستانتی لە ژمارەی مانگی دوانزەی ساڵی ١٧٨٣ی هەمان گۆڤاردا نووسی و، میندڵسۆن مانگی پێشتر بەر لە ئەو وەڵامیدابووەوە.

ئەگەرچی دەقەکەی کانت لە دووتووێی کتێبێکدا بە ناونیشانی؛ “فەلسەفەی مێژوو” چاپ و بڵاوکرایەوە، بەڵام فوکۆ پێی وا نەبوو کە ئەم دەقە، بە هەمان شێوەی ئەو دەقانەی تر کە لەگەڵیدا بڵاوکرانەوە، وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە: ڕووەو کوێ مل دەنێین، ڕۆشنگەریی چ ڕۆڵێکی لە دیاریکردنی داهاتوودا هەیە؟ سروشتی ئەو داهاتووە چییە و چۆنە؟ ئایا باڵابوون و پێشکەوتنێکە ڕووەو باشتر، یاخود لێژبوونەوە و کشانەوەیە؟ دەقەکەی کانت شیکاریکردنێکی ساتەوەختێکی مێژوویی نییە، بەوپێیەی کە ساتێکە لە ساتەکانی گۆڕانێکی مێژوویی گشتی، هەروەها تێهەڵکێشی بیرکردنەوەیەکی مێژوویی ئامانجداریش نابێت، بەڵکو باشتر بڵێین وەڵامی ئەم پرسیارەیە: سەبارەت بە ئێمە کە ئەم ئێستایە دەژین، ڕۆشنگەریی چییە؟ ڕۆشنگەریی، بەوپێیەی کە ئێستای ئێمەیە، نەک ئەو ئەنجامەی کە لەدواییدا لێی دەکەوێتەوە، چییە؟ چونکە ئەم دەقە ناچێتە چوارچێوەی “فەلسەفەی مێژوو”ەوە، بەڵکو بناغەی بابەتێكی نوێ دادەنێت کە “ئۆنتۆلۆژیای ئێستا”یە، یاخود با بڵێین لێکۆڵینەوەی فەلسەفی ڕووەو ڕێچکەیەکی نوێ و، ڕێچکەیەکی تر، ئاراستە دەکات، کە ڕێچکەی نوێگەرییە.

دەستنیشانکردنی ڕۆشنگەری بەوەی کە؛ “ڕزگاربوونی مرۆڤە لەو کەموکووڕییانەی کە هۆکارەکانیان خودی مرۆڤ خۆین و، ئەو کەموکووڕییانەیش ئەوەن کە مرۆڤ ناتوانێت بەبێ ڕابەرایەتیی ئەوی تر دەرک و تێگەیشتنی خۆی بەکاربهێنێت”، دەستنیشانکردنی ڕۆشنگەرییە بەوەی کە ڕزگاربوونە لە ڕاسپێریی و، پێلێنانە لە ئۆتۆنۆمیی و سەربەخۆیی مرۆڤ و، جەختکردنەوەیە لە سەر ئەوەی کە مرۆڤ چی تر بووەتە خودێکی سەربەخۆ و، ددانپێدانانە بە لەدایکبوونی مرۆڤ سەبارەت بە خۆی و، لەدایکبوونی مرۆڤە وەک خودێكی بکەر.

کەواتە بابەتەکە پەیوەندیی نییە بە شیکاریکردنی ئێستا لە پەیوەندیدا بە ڕابوردو و داهاتووەوە، لێرەدا بەو جۆرە لە ڕۆشنگەریی ناڕوانرێت کە جووڵەیەکی مێژووییە، بەڵکو بەو چەشنە لێ دەڕوانرێت کە شێوەیەکی نوێیە بۆ دەستنیشانکردنی پەیوەندیی مرۆڤ بە سەردەم و بە خودی خۆیەوە و، بەوپێیەی کە لەدایکبوونێکی “نوێگەریی فەلسەفییە”.

…………

ژێدەر: سایتی “مٶمنون بلا حدود”.

تاگفیکر
بڵاوکردنەوە: