نوێ و فاشن

451
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: بۆریس گرۆیس

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: کازیوە نەریمان مەحموود

(هەموو تیۆرێکی مێژوو بەردەوام مەترسی ئەوەی لەسەرە تایبەتمەندی نوێبوون لە دەستبدات و لەلایەن مێژوو خۆیەوە لە بیربکرێت)

زۆرکات ( نوێ) لە مێژوودا وەک فاشن دەردەکەوێت. هەروەها زۆر کات فاشن ئیدانەدەکرێت بەوەی تەنها بە دوای نوێ گەرییەوە بێت. یەکێک لەشێوە باوەکانی ئەم ئیدانەیە، زۆرکات گوێمان لێ دەبێت ئەم تێبینییە ڕوخێنەرەیە: ” ئۆو، ئەوە تەنها فاشنە” ئەمە بە مانای ئەوە دێت کە ئەو دیاردە کەلتوریەی کە لە مێژوودا باوە بەبەهێزی نامێنێتەوە، واتا کاتییە و بەم زووانە فاشنێکی نوێ باو دەبێت و ئەم لە بیردەکرێت. بێگومان دەبێت فاشن ئیدانە بکرێت ئەگەر کەسێک پێی وایە کە تاکە ئەرکی بیرۆکە ئەوەیە کە دڵنیایبکاتەوە لەوەی ئەو راستییانەی لە ڕابردوودا ئاشکرا بوون، بە نەگۆڕی بمێننەوە. منیش بە هەمان شێوە پێویستە ئیدانەبکرێم ئەگەر کەسێک پێی وایە کە ئامانج لە بیرکردنەوە، دۆزیینەوەی ڕاستییەکی جیهانییە کە بە تەواوەتی توانای دیاریکردنی داهاتووی هەبێت.

  فاشن لە بنەڕەتەوە دژی بیرۆکەی نمونەیی بوونە و لە ژێر کۆنترۆڵی هیچ تاکێک یاخود کۆمەڵەیەکدا نییە، ئەو گۆڕانکارییە بەردەوامانەی کە لە فاشندا ڕوودەدەن بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە داهاتوو پێشبینی نەکراوە و توانای هەڵهاتنی لە گۆڕانکارییە مێژووییەکان نییە و هیچ ڕاستییەکی جیهانیش بوونی نییە کە بتوانێت داهاتوو بە تەواوی دیاری بکات. کەواتە لە ڕابردوودا فاشن لەلایەن مۆدێرنیشەوە ئیدانە دەکرا. تەنانەت لە رۆژگاری ئەمڕۆشدا فاشن بەردەوام ئیدانە دەکرێت لە ئایدۆلۆجیای چەرخی پۆست مۆدێرندا:کە سەدەیەکی نوێی جیاواز بوونی بە کۆمەڵ ڕادەگەێنێت؛ ئەگەر هەمووان تەنها بەشێکیان جیاواز بێت لە یەکتری و هەمووان یەکسان بن؛ کەواتە ئەو خاسیەتەی کە وەک یەکسانبوون دەبیندرێت لەلایەن فاشنەوە دەشکێنرێت، چونکە فاشن ئەو بەشە پیشان دەدات کە جیاوازە و بە گرنگتر و بە بەها تری دەزانێت لە بەشەکانی تر.

سەرەڕای هەموو ئیدانەکردنەکان فاشن شوێنەوارێکی دیاری بەسەر ژیانی هزری و هونەرییەوە جێهێشتووە. بێگومان سیستمی یادەوەری مێژووی، کە،کردارێکی بەرهەم هێنانی تیۆری یان هونەریشن، لە بنەڕەتدا ئاراستەکەیان بەرەو فاشنە. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە فاشن لە هەموو چەرخەکاندا، کاتێک فاشنێکی هونەری نوێ یاخود هزری نوێ سەرهەڵدەدا، پارێزگاری لەوە دەکات کە فاشنە یاخود دەبێت بە فاشن. بە پێچەوانەی ئەو بیرۆکە باوەی کە هەیە. کەواتە ئەوەی ئەمڕۆ لە فاشندایە باشترین هەلی هەیە کە بەیانی بپارێزرێت- وەک ڕاستییەکی هەمیشەیی نا بەڵکو وەک خاسییەتیکی دیاری پارێزراو کە دەگەڕێتەوە بۆ چەرخێکی دیاری کراو. فەرمانە نوێیەکانی مێژوو یەکەم و سەرەکیترینیان فاشنە، چونکە فاشن ناوێکە بۆ مێژووی بنەڕەتی- مەبەستمان ئەو مێژووە نییە کە لە بابەتیکی تیۆریدا هەیە، مەبەستمان مێژووی هەموو ئەو بابەتانەیە کە پێشنیاری ئەوە دەکەن شتێک دەربارەی خودی مێژوو بڵێن. هەموو تیۆریکی مێژوو بەردەوام مەترسی ئەوەی لەسەرە تایبەتمەندی نوێبوون لە دەستبدات و لەلایەن مێژوو خۆیەوە لە بیربکرێت. ئامانج لە تیۆرێکی مێژووی چییە ئەگەر هیچ کتێبخانەیەک نەیەوێت ئەو تیۆرە هەڵبگرێت کە تیۆرەکەی تێدا ڕوونکراوەتەوە؟ ئامانج لە تیۆری ویستن چییە ئەگەر هیچ کەسێک نەیەوێت کتێبەکە بخوێنێتەوە چونکە چیتر لە فاشندا نەماوە؟

ویندام لویس بە دروستی ئاماژەی بەوە دا کەلە مۆدێرندا، زۆر لێکردن لە فاشندا جێگەی زۆر لێکردنی گرتۆتەوە لە دابونەریتدا. ترێندە کەلتورییە نوێیەکان بە مانای ئەوە نایەن کە ئازادی تاک سەرکەوتنی بە دەست ھێناوە؛ بەڵکو ترێندەکان کۆدی کۆمەڵایەتی و شێوازی ھەڵسوکەوتی نوێ- بەڵام کاتی و بچوک- و ھاوشێوە دروست دەکەن. ھەورەھا تەبابیی گروپە نوێیەکە تەواو گونجاوە و ھاوتایە لەگەڵیان*. بێگومان ئەم ستایشە دروستە بەڵام تەنھا با مانای ئەوە دێت کە فاشن نا یەکسانییەک بڵاودەکاتەوە لە نێوان ئەو بەھایانەی کە لە ڕێگەیانەوە دەتوانین جیاوازی لە نێوان بە ھاکانی “خۆمان” و بەھاکانی “تردا” بکەین. کاتێک بەھاکان جیادەکەینەوە ھەندێک لە جیاوازی تاکەکان بە تایبەتی پێناسە دەکرێت بەوەی بە تایبەتی بڕیاردەر و بە نرخ بن بۆ زیانگەیاندن بەوانی تر. بەم جۆرەش فاشن رێگە خۆشکەرە بۆ زیادبوونی دەسەڵاتی زۆرینە لە ھەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتیدا و دروستبوونی ھەرەمی بەھاکان و سیستمێکی پێوانەیی کە لەلایەن گروپێکی دیاریکراوەوە بە ڕاست دادەنرێت. ئەم سیستمە کورتخایەنەی بەھاکان ئەو بارودۆخەیە کە هێز دەدات بە هەردوو بەردەوام بوونی هێمنانەی ھەرەمی بەھا کۆنەکان لە فۆرمی نوێدا و ھەڵسەنگاندنێکی کەلتوری کە ھەمان ئەو مشتومڕانە کۆدەکاتەوە کە لە ئەمڕۆدا دژی سەپاندنی فاشنن و، کە دوێنێ دژی دابونەریتی باو بوون.

نوێگەری و فاشن دەکرێت بە پێچەوانەی بیرۆکەی مۆدێرنیزم سەبارەت بە ناسنامەی کەسێتی نمونەیی و لەھەمان کاتدا، بیرۆکەی پۆست مۆدێرن لەسەر نمونەیی بوونی جیاواز بوون بێت. ئەوەی نوێیە، بە نرخترە لەوەی تەنھا جیاوازە. نوێ بانگەشەی ئەوە دەکات کە لەناو کۆمەڵدا گرنگە و دەیەوێت ببێتە ڕاستی سەردەمی خۆی. نوێ داوای ئەوە دەکات کە لەلایەن میکانیزمەکانی یادەوەری کەلتورییەوە بپارێزرێت. سەرەڕای ئەمە و لە ھەمان کاتدا، ئەوەی نوێیە ھیچ گرنگییەکی تەواوەتی و ڕاستی بوون یاخود گەردوونی بوونی نییە. بێگومان نوێ بە ھیچ جۆرێک ئەو جیھانی بوونەی ناوێ چونکە لە مێژووی ڕەسەنی خۆی دەترسێت؛ پراکتیس کردنی ڕاستەقینەی ڕووکردنە نوێیەکان ئاماژەیەکە، کە لە پشتییەوە شارستانییەتی ڕاستەقینە دەژی. کە ئەوە دووردەخاتەوە کە ھاوشێوەیە، و لە جیھاندا بە دروست دادەنرێت؛ بەڵام ئەم ئاڕاستەکردنە ئاماژە بە ھەڕەمەکی بوون یان گۆرانکاری لە ناکاو یان بێ ئامانجی ناکات.ئەوەی نوێیە بە دەگمەن دەردەکەوێت. ناساندنی شتێک بە یادەوەری مێژووی کارێکی سەختە و ھیچ شتێکیش گرنتی سەرکەوتنی ناکات. نوێ ھەرگیز بە شێوەیەکی پاسیڤ یان ئۆتۆماتیک سەرھەڵنادات، لە لەبیر کردنی کەلتووری ڕابردوو یان لە دڵسۆزییەوە بۆ ڕاستییەکی شاراوە، بۆ ئەوەی کە “لە مێژە و ھەمیشە بووە” بەڵام بە پێچەوانەشەوە لە ئەنجامی بەدڕەوشتی و چاو برسێتی و تەماحی زۆرەوە سەرھەڵنادات. بەڵکو نوێ دەرئەنجامی ستراتیجییەکی کەلتوری-ئابوری دیاری کراوە لە دووبارە ھەڵسەنگاندنی بەھاکان. نوێ پێشنیاری ئەوەمان بۆ دەکات شارەزای میکانیزمە کەلتورییە ڕاستەقینەکان و بنەماکانی کارکردنیان بین. چونکە نوێگەری وای دادەنێت کە کەسێک بتوانێت ئەوە دیاری بکات کە کامە جیاوازی لە دابونەریتی کۆن و پێشووتر ھەبووە، لەگەڵ بەھاکان تەرخان بکرێت لە ھەر یەکێک لە چەرخە بەرجەستەکاندا. ئەمەش ھەلێک دەدات بەم جیاوازییە تا بگات بە یادەوەری کەلتوری.

نوێ، سەرەڕای هەموو ئەوانە، ڕێگە بە تاکێکی نوسەر دەدات کە ژیانی خۆی وەک بەهایەک لە کاتی مێژوویدا تەرخان بکات، و خۆی ئازادبکات لە هێزی ڕابردوو و، گەردوونی بوون و، ئاراستەکردن بەرەو داهاتوویەکی نموونەیی، و ئیستای هاوشێوە بە دە هەزار جیاوازییەکەیەوە کە لە بنەڕەتدا واتای هیچ شتێک بۆ هیچ کەسێک ناگەێنێت. مرۆڤی هاوچەرخ لە زۆر لایەنەوە قوربانیەکی بیردۆزی جیاوازی ڕەسەنە. بەو پێشنیارە ژەهراوی کراوە کە دەڵێت بێ بوونی هیچ هەوڵ و ماندووبوونێک مرۆڤی هاوچەرخ تاک و دەگمەن و جیاوازە لە هەموو مرۆڤەکانی تر لە ئاستێکی دیاریکراوی کەلتوری یاخود ئەخلاقی ژیاندا. بۆیە هەمیشە هەست بە پەستان و پەشۆکییەکی دیاریکراو دەکات لەوەی ڕاستی خۆی بۆ دەربکەوێت، کەناتوانێت کەلتورییە هیچییەکەی خۆی ببەزێنێت. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە هەرچۆنێک بێت ئەو پەڕپووتییە، دۆخی ئاسایی بوونی مرۆڤە. لەو دۆخەدا ڕەسەنی کەلتوری لە ئەنجامی هەوڵدانێکی تایبەتە کە واتا و ئامانجەکەی ڕاستەوخۆ دەرناکەون بۆ ئەو کەسانەی بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵ لە بواری کەلتوریدا کار ناکەن.

سەچاوە:

On The  New,Boris Groys, Translated by G.M.Goshgarian,Verso 2014

هێڵکاری: ئازەر عوسمان

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: