کۆرۆنا ..لەنێوان ئیندیڤیدوالیزم و هۆشیاری کۆلێکتیڤیدا

834
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: پیتەر سلۆتەردایک

لەئەڵمانییەوە: بەکرعەلی

(بۆیە تەنانەت ئێمە ئەگەر وەکو سروشتپارێزیش لەدایک نەبووبین، خۆ دەبێت هێندە ژیر بین، کە بۆ ماوەیەکیش بێت، خۆمان وەکو هەڵبژاردەیەکی زیندووماوەی سەر ئەم هەسارەیە ببینین، کە زۆر خێرا بەناو گەردووندا دەڕوات.)

نیو ساڵ لەدوای دەرکەوتنی قەیرانی کۆرۆناوە، ئێمە دەکەوینە کوێوەی نێوان تاکگەرایی و هۆشیارییە نوێکەی کۆگەرایی و نێوان کوێوەی سینیزمی دەسەڵاتدار و شێوەژیانی دیموکراتی؟بوونەوەری مرۆیی لەپێناوی ئەوەدا دروست نەبوون وەکو سروشتپارێز ڕەفتار بکەن. ئەوان هەر لە سەرەتاوە لەناو ئەوەی پێی دەگووترێت سروشت وەکو جۆرێک لەنێو جۆرەکانی تردا دەجووڵێنەوە. نەهیچ مێروولەیەک سروشتپارێزە و نەهیچ مارێکی بۆوا و نە هیچ شێرێکیش. لەژیاندا سروشت خۆی بەخیوکەرێکی گەورەیە بۆ ئەو ڕووەک و ئاژەڵانەی شیاوی خواردنن. ئاشکرایە کە پاشتر جۆرێک پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەگەڵ ڕووەکەکاندا دروست بووە، بێگومان دوای ئەوەی مرۆ ئەو وانەیە فێر بوو کە چۆن ڕووەکە ژەهراوییەکان لەو ڕووەکانەی دەخورێن جودا بکاتەوە، بێگومان بێجگە لەو ڕووەکە دەرمانبەخشانەی کە دەکەونە سەرسنووری نێوان ژەهر و دەرمانی چارەسەرکردنەوە. بەڵام پێکەوەژیانمان لەگەڵ ئاژەڵاندا  زۆر مایەی کێشە بووە: لەناو ئەماندا هەندێکیان هەن کە ئێمە بەپێی خەسڵەتەکەی خۆمان وەکو هەمووشتخۆرێ Karnivoren ، ئەوانیش دەخۆین، بەڵام لەناویشیاندا هەندێکیان هەن، کەبەپێی خەسڵەتەکەی خۆیان وەکو گۆشتخۆرێک Carnivoren   ئەوان ئێمە دەخۆن. سەرکێشییەکانی شارستانیەت بەوە دەستی پێکردووە کە مرۆڤ، بەتایبەتیش پیاوان، بچنە دەرەوە بۆ ڕاوکردن تا زاڵ بن بەسەر ئاژەڵی دڕندەی گۆشتخۆردا. لەکاتێکدا ڕاوچییە مۆدێرنەکان، بەوەی کاتێک بەردەوامی و مانەوەی ئاژەڵە دڕندەکان ڕێک دەخەنەوە، بانگەشەی ئەوە دەکەن، پێیانوایە ئەوان بەمە جۆرێک لە بایەخدان بەسروشت پیادە دەکەن . هەڵبەتە ڕاوچییەکانی سەردەمی ئەنتیک لەو دەستەواژانە تێنەدەگەیشتن، چونکە ئەوان بەمەبەستی سروشتپارێزی ڕاوشکاریان نەدەکرد.

لەدامێنی تاوێرە بەردەکانی سۆلوترێ Solutre لە بورگونی فەرەنسادا ئێسقانگەلێکی بەبەردبووی زلی ئەسپ هەیە، کە بۆهەزاران ساڵی پێشووی ڕاوچییەکانی سەردەمی پالێئۆلیتیکی دەگەڕێتەوە، کە لەو کەژ و زنارەدا بوونەتە نێچیر، کەمێک خوارتریش هەڤاڵەکانیان بەچەقۆی بەردینەوە چاوەڕوانییان کردووە و دوای هەر شکارێک بڕێکی زۆری گۆشتی ئەسپیان هەبووە. ئەو ئێسکە بەبەردبووانە گەواهی ئەوەمان دەدەنێ کەوا لەو کاتەدا هیچ بیرۆکەیەکی سروشتپارێزی لەئارادا بوونی نەبووە، بێگومان ئەگەرچی مرۆڤی دێرین لەوە تێگەیشت بوون، کەوا سروشت بزاوتێکی خۆبووژێنەرەوەیە. وەئەگەرچی مرۆڤی ئەوسا لەڕێی شت بەخشینەوە، بەنموونە لەڕێی قوربانیکردنەوە، پشتیوانی سروشتیان دەکرد، بەڵام کرۆکی مەسەلەکە هەستێکی زاڵ بوو بەوەی، کەوا سروشت زۆر لەوە بەتواناتر و خۆبەڕێوەبەرتر و بەرزتر و مەزنترە تا پێویست بکات چاوەڕوانی شتێک لە مرۆڤەوە بکات. لەناوچوونی زۆرێکیش لە ئاژەڵە زلەکان لە هەموو دنیادا، بەتایبەتی لەو شوێنانەی زۆر بەچڕی ڕاوکردن کراوە، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی، کەوا هەستی  مرۆڤی کۆن بۆ سروشت سافیلکانە و هەڵە بووە.

ئەم شێوازە لەگەڵ هاتنی شۆڕشی پیشەسازیدا دەگۆڕێت. لەسەدەی هەژدەهەمدا لەڕێی ماشینەی وزەی گەرمییەوە ئیکۆسیستەمی ئاگردانەکان لەناو تەباخی ماڵەکاندا، لە ئالتارەکاندا، لای کورەی ئاسنگەرخانەکان و لای سیرامیکسازیدا وەردەچەرخێت. کۆمەڵگە پیشەسازییەکان دووەمین گڕکانکارییان داهێناوە، کە بەشێوەیەکی بەردەوام بە ملیۆنەها جار تەقینەوەی بچووک بچووک پلەی گەرمای زەوی بەرزتر دەکەنەوە. ئەی ئەوتۆمۆبیل خۆی تائێستا چی بووە، جگەلە بورکانێکی بچووکی خلۆربۆوە.

مرۆڤ و مرۆڤ

کە مرۆڤ زۆر جار ئارەزووی ئەوە دەکات ئەویتر بە سەرچاوەی مەترسی دابنێت، ئەمە ئاکامی پاندەمی کۆرۆنای ئەمڕۆ نییە، هەروەها بریتیش نییە لەو دۆزینەوەیەی کە لەگەڵ ڕاسیزمی بەناو بیۆلۆگییانەی سەدەی نۆزدەهەمدا دەرکەوت. کلۆد لیڤی شتراوس لەمێژە ئاماژەی بەوە داوە، کەوا بڕێک لە ترس لە بێگانە/ ئێکسەنۆفۆبیا هەمیشە سەر بە میراتی مرۆڤی هۆشمەند/ هۆمۆ ساپینس بووە.  لە ڕاستیدا سەدان هەزار ساڵ پترە کە ئێمە زیندەوەری ناو گروپە بچووکەکان بووین و دواتر کەمێک بە قورسی پێویستی کرد فێری پێکەوژیان بین لەگەڵ بیگانەکاندا، لەناو قەوارەی گەورەتر و لەناو گەلەکانداو لەناو نەتەوەکاندا و لەناو ئیمپراتۆرەکانیشدا. لە هیچ شوێنێکیش ئەوە بەتەواوەتی سەری نەگرتووە، داخۆ مرۆ چۆن بەدیاردەکانی وەکو تاوان، ناکۆمەڵایەتیبوون، خۆکوژی، و داماڵینی خێزانییانەدا دەناسرێتەوە. وەکوتریش ترس لەبێگانە <<ئێکسینۆفۆبیا>> لەناو زەمەنی میژوویی خۆیدا هەمیشە بریتی نییە لە پێشداوەرییەکی ڕووت وبەس، بەڵکو ئەو دەربڕی پوختەی ئەزموونێکی مرۆڤە لەگەڵ مرۆڤەکانی تردا. هەموو شارستانییە باڵاکان بەو هەلومەرجەدا تێپەڕیون، لە ڕاوکردنی ئاژەڵەوە پەل بهاوێژن بۆ ڕاوکردنی مرۆڤ. وەکچۆن مەرج نییە هەموو ڕاوکردنێکی ئاژەڵ بە سەربڕینی ئاژەڵەکە کۆتایی بێت، ئاواش هەموو نێچیرێکی مرۆییش بە کوشتنی مرۆڤەکە کۆتایی نەهاتووە، بەڵکو نێچیرەکان مرۆیی بوو بن یاخود ئاژەڵی گلدراونەتەوە وڕاگیراون بۆ بەخێوکردن وپەروەردەکردنیان. لێرەوەیە << شارستانیەت>> ناونیشانێکی شیاوە بۆ ڕامکردنی ئاژەڵان و هەروەهاش بۆ بەکۆیلەکردنی مرۆڤ لەڕێی مرۆڤەوە.

هەردوو ئەم بزاوتەش دیالێکتیکی خۆیان هەیە، لەبەرئەوەی هەم ئاژەڵی ماڵی وهەم کۆیلەش بەبێ خۆڕامکردنی پاسەوانی ئاژەڵان وبەبێ ئاغا و سەرداری مرۆڤ ڕاناگیرێن. ئیمپراتۆریەتەکانی زوو بریتی بوون لە سیستەمە سەقامگیرەکانی خۆڕامکردنی پاسەوانەکانی ئاژەڵان لەڕێی ئەو پادشایانەی گوێڕایەڵی خوداکانیان دەکرد، هەروەها لەڕێی ئەو خەڵکە بەکۆیلەبووەی کە پابەندی فەرمانەکانی ئاغا و سەردارەکانیان بوون، ئەمەش هەر لە دەستپێکەوە بە کۆمەکی ئایین کراوە.

ئەوەی لە سایەی ئیمپەراتۆرەکاندا ژیا بێت، ترس لە بێگانە بریتی بووە لە خەڵاتێکی بە سوود بۆی:  چونکە ئەوە ڕێی تێدەچێت مرۆڤ لەناو << ئەوانیتردا>>، لەناو بێگانە سامناکەکاندا، لەناو ئەو بێگانە چەکدارانەدا، وێنای ڕاوکەری کۆیلەکان و تاڵانچییەکانی بکردایە. سەرهەڵدانی شێوەکانی سڵاوکردن و پێشوازیکردن لەویتر، هەم بۆ ناوەوەی ڕەگەزێکی مرۆیی و هەم بۆدەرەوەی ئەو ڕەگەزە، بریتییە لە نەسکێکی زۆر سەرنجڕاکێشی مێژووی مرۆڤایەتی. لەڕۆژگاری ئەمڕۆشماندا ترس لەبێگانە زۆرجار گۆڕاوە بۆ سیستەمی دوژمنایەتییەکی بۆش لەدژی لاوازەکان و پەنابەرەکان، وەکو ئەوەی کە زۆرجار ڕەفتارە کاریگەرە کۆنەکانی وەکو( ترس لە زەخیرە، خۆراکی حەرامکراو، نێرسالاری، ڕەمزەکانی شەرەف) لەناو دنیای مۆدێرنەشدا دەشێوێنرێنەوە.

کولتوریباڵا و هەڵخەڵەتاندن   

یەکێک لە نیشانە هەرە زەقەکانی کولتورەباڵاکان ئەوەیە کەوا ئەوان لەنێو یەکتریدا لەسەر فریودان وهەڵخەڵەتاندن هەڵچنراون. قەوارە و تەنەگەورە سیاسییەکانی مۆدێرنە، کە دەیان ملیۆن مرۆڤیان لەخۆگرتووە، بەبێ ئەو ئەندێشە فێڵکارییە ناتوانین وێنایان بکەین. ئەوان سەرەتا لەنێوان ئەو تاکانەی کە هیچ شتێکی هاوبەشیان نییە پێکەوە بیکەن، ئاسۆیەکی لێکتێگەیشتن دەسازێنن. بەڵام تەنیا لە سەردەمی ئێستاماندا ئەم ئیرادەیە بۆ هەڵخەڵەتاندن سەرکەوتووە بۆ بەرزترین پلەی  خۆی، لەودیوی ئایدیۆلۆگیایەکەوە کە داواکردنی هەقیقەت  بەردەوام هاوەڵایەتی ڕێگاکەی کردووە، واتە پلەی سینیزم Zynismus. کەسی سینیک/ سینیککار Zyniker درۆ دەکات، تەنانەت بەبێ ئەوەی وەها خۆی پێشان بدات، کە بیەوێت درۆکانی پەردەپۆش بکات، واتە لەهەمانکاتدا ئەو کەسێکە بەبێ ئەوەی هیچ شەرمێکی هەبێت، درۆ بەکاردەهێنێت.

سینیزم کەرتێکە لە نائارامی لەناو کولتوردا. سەرەتای هەشتاکان، کاتێک << ڕەخنەی عەقلی سینیزم>>م نووسی، ئەوسا وام دەزانی ئەوکاتە بەرزترین کاتی پێگەیینی ڕاڤەی سینیزمە. ئەگەر من لەشتێکدا فریوم خوارد بێت، ئەوا لەوەدایە کە وامزانی بوو ئەو فینۆمێنە لە سەدەی بیستەمدا دەبێت گەیشتبێتە ساتەوەختی پێگەیشتنی لە بەرزترین کاتی خۆیدا. لەکاتێکدا دەبوو ئەوەم بزانیایە، کەوا گرێکانی وەکو سینیزم، نامۆرالیزم، بێهودەگەری، ئیرۆنیزم و کولتوری بەربادی هەموو سەدەی بیست ویەکەمی بۆ خۆی هەیەبۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو مۆرالیزمێک.

با ئەمە زۆر بەسادەیی دەربڕین: سینیزم لەسەرەوە دروست دەبێت، کاتێک تاکەکەسەکان لەو باوەڕەدا دەبن، کەوا ئەوان زۆر بەهێزن ئەگەر پابەندی ڕێساکانی یارییەکە بن، واتە ئەوان گەمە لەگەڵ ڕێساکانی خۆیاندا دەکەن. لە سینیزم دا لە ژێرەوە ناهەمواری ئەو مرۆڤانە دێتە گۆ کە پێیانوایە، ئەوان لەوەدا زیانمەند دەبن گەر پابەندی ئەو پێوەر ونۆرمانە بن کە بۆ هەموو کەسێک کارایە، بگرە وەهاش دەردەکەون کە بۆ کارتێکردنێکی چاکتر دروستکرا بن. لەهەردوو دیاردەکەدا فەرمانڕەوایەتییەکی وێران دەردەکەوێت. بۆ ئەمەش ئەوان هەمیشە دیوێکی گاڵتەجاڕانەیان هەیە.

سینیزم لەسەرەوە و سینیزم لە بنەوە لەناو دیاردەی ترەمپیزم و بۆلسۆناریزمدا پێک دەگەنەوە. هەردوو ئەم << پیاوەی دەوڵەت>> بریتین لە ئۆبیەکتە نوقڵانەلێدراوەکانی prädestinierte Objekte ڕاڤەی نوکتە و راڤەی سینیزم. هەردووکیان دەستپێکی << جاڕنامەی سەربەخۆیی  Declaration of Independence>> ئەمەریکا دەخنە ژێر گومان وپرسیارەوە، کە بەپێی ئەم جاڕنامەیە هەموو مرۆڤەکان ئازاد ویەکسان لەدایک بوون.  بەڵام گەر بەپاشخانی ڕۆسۆ و ئەنترۆپۆلۆگی مێژووییەوە، تەماشای ئەوە بکەینەوە، ئەوا دەتوانین بڵێین، شتێکی بەڵگەنەویستەیە کە بڕێکی زۆری مرۆگەل، بگرە لەوانەیە زۆری زۆرینەشیان هێشتا بە زنجیرەوە بن و وەکو نیمچە کۆیلەیەک لەدایک بوو بن. ئاشکراشە، ئەوان هەوڵی ئەوە دەدەن خۆیان ئازاد بکەن، بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە بەپاسپۆرتەوە دۆخی کۆیلەی هەڵهاتوو  تێپەڕێنن. ئەو جۆرە خەڵکە گەر ئازادییان بۆ هەڵبژاردن و دەنگدان دەست بکەوێت، ئەو ڕابەرە هەڵدەبژێرنەوە کە لە ڕەفتارە زەقەکانیانەوە، بەشێوەیەکی ڕەمەکییانە خودی دەروونی کۆیلە هەڵهاتووەکەی  خۆیانی تێدا دەبیننەوە. مرۆ تا لەسەر لووتکەی دەسەڵاتدا پتر بێشەرمانە ڕەفتار بنوێنێت، ئەوا لەسەر تێچووی ئەوان هاوار و هوتافی ڕێگرانەی زۆرتر دێن. هەڵبەتە هۆکاری تریش زۆر هەن بۆ سەرکەوتنی ئەو جۆرە فیگورانە. هەندێکیشیان دەکەونە نێو بواری شیکاری سینیزمەوە: واتە ئەوەی بەدەنگدانی بۆ ترەمپ یاخود بۆلسۆنارۆ هیوای بەباشترکردنی دۆخەکەی دەبێت، ئەوە بەجۆرێک لەجۆرەکان  خۆی گوناهبارە، ئەمەش تەبایە وەکو ئەو حیکمەتە بەدکارەی دووهەزار ساڵێک دەبێت لە ڕۆما داڕێژراوە و بڵاوبۆتەوە، کە دەڵێت: << جیهان دەیەوێت هەڵبخەڵەتێنرێت، کەواتە دەبێت هەڵبخەڵەتێنرێت. Mundus vult decipi, ergo decipiatur>>.

ئازادی و داهاتوو

لە سەردەمی هاوچەرخدا ئەو ئەزموونەش هەیە، کەوا نەک هەر سینیزم  شتێکی سارییە و تووشمان دەبێت، بەڵکو ئازادیش دەشێت ساری بێت و تووشمان بێت. ئەگەری شیانی دیموکراتی لەسەر ئەم سەرنجە ڕاوەستاوە. ئەو بریتیە لەو فۆرمەی ژیان کە تێیدا مرۆڤە نائازادەکانیش بەئازادییەوە دەگلێنێت، لەپێناوی ئەوەی نەریتەکانی گوێڕایەڵێتی ڕەعیەتەکە داماڵێت.  لەم دیدگایەوە پەیوەندییەکی کۆن لەنێوان سیاسەت و لەنێوان درمدا/ ئەپیدەمی دا دەبینرێت.

یەکەمین ڕۆشنگەری لە سەردەمی ئەنتیکی یۆناندا بریتی بوو لەوەی هەوڵی ئەوە بدرێت مرۆڤ بە درمی خۆشویستنی حیکمەت تووش بکرێت، بەڵام لە ڕۆم بریتی بوو لەوەی کێبڕکێ ببێتە شێوەژیانی مرۆیی. لەدوای شۆڕشەکانی ئینگلاند و فەرەنسا  ڕۆشنگەری مانای ئەوە بوو داوای هەمان مافی ئاغاکانی بۆ هاوڵاتییان دەکرد، بۆ Gentry  و بۆ Bourgeoisie. لەبەرئەوەشی هەردوو ئەو دوو دەستەیە بە شێوەیەکی ڕێژەیی بچووکتر مابوونەوە لەوانەی کە بە خوێن ئاغا بوون، ئەوا لەپێناوی ئەوەی هاوڕایی زۆرینەی گەل بەدەست بهێنن،  دەبوو بە زمانی گەردوونگەری و مافی مرۆڤ و هەوڵی ڕەوایانەی خۆشبەختی بۆ هەموو کەس بدوێن.

نەها نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت، هیچ شتێک وەکو جۆشی بیرۆکە گەردوونخوازییەکان مرۆڤی تووش نەکرد بەخۆیەوە. لەکوێدا گەردوونخوازی شکست بێنێت، لەوێدا ڕەخنە سەرهەڵدەدات، لەکوێشدا ڕەخنە سەرهەڵ بدات، لەوێدا ڕقێکی  تووڕەی گەورە سەر هەڵ دەدات، لە کوێشدا ناکامی بەرەو دەستلەکارکێشانەوە نەڕوات، بەڵکو هێرشبەرانە خۆی دەربڕێت و پەلامار بدات، ئەوا لەوێدا پاندەمی تووڕەیی سەرهەڵدەدات.

ئەو ئەپیدەمییانەی کە میدیاکانیان هەڵگرتووە، بریتین لە واقیعی دەروونی کۆمەڵایەتی، بگرە بەکارهێنانی دەستەواژەیەکی وەکو << پێوەتووشبوون Infektion>> و<< درم Epidemie >> هەر میتافۆری ڕووت نین، بەڵکو ئاشکراکردنی گواستنەوەی نەخۆشییەکە و گواستنەوە و ساریبوونی کاریگەرییەکانیشی زۆر کۆنترە لە دۆزینەوەی میکرۆبەکان. لەڕؤژگاری ئەمڕۆی خۆشماندا شتێکی تریشی بۆ سەربار کراوە، کە تا ئێستا بەو شیوەیە بوونی نەبووە:  هاوزەمەنیکردنێکی  نیمچە تەواوەتییانەی هەردوو  پاندەمییەکە:  پاندەمی میکرۆبی و پەتای زانیاری. ئیتر ئێمە دەبێت لەداهاتوودا مامەڵە بەم شتە تازە ڕەهایە بکەین. ئیتر ئەمەش بەڵگەیە لەسەرئەوەی بەڕاستی جیهانگیری بوونی هەیە،  چونکە ئەوەتانێ کاڵاکان و مرۆڤەکان و میکرۆبەکان و زانیارییەکانیش بەهەمان خێرایی گەشت دەکەن.

پاندەمی وئێستا

لەمڕۆدا ئێمە هێشتا لەو بارەدا نین بڕوانینە سەر ئەم پاندەمییەی/پەتایەی ئێستامان. ئەگەرچی ئومێدی ڤاکسینی کوتاندنەکە شتێکی ماقووڵە، بەڵام ئەمە  وەڵامی پرسیارەکەی لەخۆنەگرتووە، پرسیاری ژیان << دوای ئەو>> چۆن دەرەکەوێت؟  زۆرێک لەچاوەڕوانی گەڕانەوەدان بۆ << نەتەوایەتی>>،  واتە بۆ خەمە سەرەتایی و بنەڕەتییەکان، بۆ بەربادییە ڕۆتینییە ڕۆژانەییەکەی شێوازی کۆنزومگەرییانەی ژیان. بەڵام من لەو باوەڕەدام، کەوا قەیرانی کۆرۆنا بۆ ماوەیەکی بەردەوام دەبێتە مایەی سەرهەڵدانی هۆشیارییەکی گۆڕاوی کۆگەرایی Kollektivbewusstseins لەناوەندی تاکگەراییدا Individualismus.

تا دێتیش ئێمە زیاتر وزیاتر لەوە تێدەگەین، کەوا پارێزبەندی Immunität مەسەلەیەکی کەسی  و تایبەت نییە. ئاسایشبەندیش Sekurität  < بەهەمانشێوە. لەئەوروپادا یەکێک لە دەستپێکەکانی ڕۆشنگەری وای ڕادەگەیاند: << تێگەیشتنی هاوبەش bon sens >> بریتییە لە باشترین شتێک کە لەدنیادا دابەشکراوە. بەڵام ئێمە هۆکاری خۆمان شک دەبەین لە دروستی ئەو تێزەیە گومان بکەین. چونکە تەنانەت نە پارێزبەندی و نە ئاسایشبەندیش سەر بەو شتانە نین کە زۆر باش و دادپەروەرانە بەجیهاندا دابەش کرا بن. لەبەرئەوەیە مرۆ دەبێت خەمی دابەشکردنێکی باشتر بۆ ئەوانە و بۆ هۆشیارییەکی نوێ بۆ نهێنیگیری مرۆڤەکان و بۆ خۆدوورگرتنێکی نائەریستۆکراتییانە بخوات.

ئەم پەرۆشییە درێژخایانە شتێکی گرنگە بۆ ئەو شتەی دەشێت پێی بڵێن دیموکراتی و دەشکرێت دیموکراتیش بێت. لێرەدا باس لەو گەشەسەندنە دەکەم کە من بەر لە چەند ساڵیک دەستەواژەی << هاوپەرێزبەندی Ko-Immunität>>م بۆ پێشنیار کردووە.

 بۆیە تەنانەت ئێمە ئەگەر وەکو سروشتپارێزیش لەدایک نەبووبین، خۆ دەبێت هێندە ژیر بین، کە بۆ ماوەیەکیش بێت، خۆمان وەکو هەڵبژاردەیەکی زیندووماوەی Überlebensanwärter سەر ئەم هەسارەیە ببینین، کە زۆر خێرا بەناو گەردووندا دەڕوات.

سەرچاوە:

Neue Zürcher Zeitung. 29.08.2020

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: