حەقیقەتی هونەر

719
0
بڵاوکردنەوە:

بۆریس گرۆیس

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ڕامیار محەمەد

 

پرسیاری سەرەکی دەربارەی هونەر کە بکرێت ئەمەیە: ئایا هونەر دەکرێت ببێتە میدیەمێك بۆ حەقیقەت؟ ئەم پرسیارە زۆر گرنگە بۆ بوون و مانەوەی هونەر، چونکە گەر هونەر میدیەمێك نەبێت بۆ حەقیقەت ئەوا هونەر تەنیا پرسێکی چێژییە. مرۆڤ پێویستە حەقیقەت پەسەند بکات گەر بێت و بەدڵیشی نەبێت. بەڵام گەر هونەر تەنها پرسێکی چیژیی بێت، ئەوا بینەر زۆر گرنگتر دەبێت لە بەرهەمهێنی هونەر (هونەرمەند). لەم دۆخەدا هونەر تەنها دەتوانرێت سۆسیۆلۆجییانە، یاخود لە ڕوانگەی بازاڕی هونەرییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، لەم دۆخەدا هیچ سەربەخۆیی و هێزێکی نییە. بەمجۆرەش هونەر  چوونیەک دەبێت لەگەڵ دیزایندا.

ئێستا ڕێگای جیاواز هەن کە بەهۆیانەوە دەتوانین دەربارەی هونەر وەك میدیەمێك بۆ حەقیقەت قسە بکەین. با من ڕێیەك لەم ڕێیانە هەڵبژێرم تا دەربارەی بدوێم. دونیای ئێستامان لەژێر هەژموونی زۆر کۆمەڵەی گەورە دایە، لەوانە: دەوڵەتان، حیزبە سیاسییەکان، دامەزراوەکان، کۆمیونیتییە زانستییەکان…هتد. لەناو ئەم کۆمەڵانەدا تاك ناتوانێت ئەزموونی شیاوی و تایبەتمەندی کردارەکانی (ئاکشن) خۆی بکات-ئەم کردارانە دواجار  لەلایەن کۆمەڵەکانەوە هەڵدەمژرێت (ون دەبێت). هەرچۆنێك بێت، بناغەی سیستمی هونەری ئێمە لەسەر ئەو پێشەکی وادانانە دامەزراوە کە بەرپرسیارییەتی بۆ بەرهەمهێنانی کارە تاکییە هونەرییە جیاوازەکان، یاخود بەڵێنی ئەو کردارە هونەرییانە، بەتەنها موڵکی هونەرمەندە تاکگەراکەیە. بەمشێوەیە لە دونیا هاوچەرخەکەی ئێمەدا، هونەر تاکە بوارێکی ناسراوە لە بەرپرسیارییەتی کەسیدا. لەگەڵ ئەوەشدا بواری دیکەی نەناسراو هەیە بێگومان، ئەویش بواری کارە تاوانکارییەکانە. لێكچوونی نێوان هونەر و تاوان مێژووییەکی درێژی هەیە، من ئێستا ناچمە ئەو بابەتەوە. ئەمڕۆ پێم باشە پرسیارێك بکەم: تا چ پێوەرێك تاك دەتوانێت گۆڕانکاری لەو جیهانەدا بکات کە تیایدا دەژیت؟ با هونەر وەك مەیدانێك سەیر بکەین کە هەوڵە گۆڕانکارییەکانی لەلایەن هونەرمەندانەوە گیراونەتە بەر، وە ببینین چۆن ئەم هەوڵانە کار دەکەن. لە چوارچێوەی ئەم تێکستەدا، بەوجۆرەی گرنگی بە ستراتیجیەیەکانی ئەم هەوڵانە دەدەم، گرنگی بە ئەنجامی ئەو هەوڵانە نادەم کە هونەرمەند دەیگرێتە بەر.

بێگومان گەر هونەرمەندان دەیانەوێ جیهان بگۆڕن، ئەم پرسیارانە سەر هەڵدەدەن: لە چ سۆنگێکەوە هونەر کار دەکاتە سەر ئەو جیهانەی کە ئێمە تیایدا دەژین؟ لە ڕاستیدا دوو وەڵامی گونجاو هەیە بۆ ئەو پرسیارە، یەکەم وەڵام ئەوەیە: هونەر دەتوانێت بەسەر ئەندێشەدا زاڵبێت و هۆشیاری خەڵك بگۆڕێت. گەر هۆشیاری خەڵك بگۆڕێت، پاشان ئەو خەڵکانەی گۆڕاون ئەو جیهانە دەگۆڕن کە تیایدا دەژین. لێرەدا هونەر وەك زمانێك وایە کە ڕێگە بە هونەرمەندان دەدات پەیام بنێرن. وە ئەم پەیامەش دەبێت بگاتە ڕۆحی وەرگر، لایەنی هەستی بگۆڕێت، هەڵسوکەوتییان بگۆڕێت، ئەخلاقییان بگۆڕێت. ئەمەش با بڵێین جۆرە تێگەیشتنێکی ئایدیاڵیستانەیە بۆ هونەر- بەهەمان شێوەی تێگەشتنی ئێمە بۆ ئاین و کاریگەرییەکەی بۆ سەر جیهان.

هەرچۆنێك بێت بۆ  گەیاندنی  پەیام، هونەرمەند بۆ ئەوەی پەیامەکەی بگەیەنێت، دەبێت زمانی هاوبەش لەگەڵ بینەردا بەشبکات و تێیانبگەیەنێت. ئەو پەیکەرانەی لە پەرستگا کۆنەکاندا هەبووە وەکو بەرجەستەکەرێکی خوا سەیرکراوە: ڕێزیان لێگیراوە، مرۆڤەکان لەبەردەمیدا چەماونەتەوە لە کاتی داوا و نوێژەکانیاندا، چاوەڕێی یارمەتییان لێکردوون و ترساون لەبەرامبەر توڕەیی و هەڕەشەی سزاکانیان. هەروەها ڕێزگرتنی ئایکۆنەکان مێژووییەکی دوورودرێژی هەیە لەگەڵ مەسیحییەتدا، تەنانەت گەر واش داندرابێ خودا نادیارە. لێرەدا زمانە هاوبەشەکە ڕەگ و ڕیشەی خۆی وەرگرتووە لە ترادیسیۆنی ئاینە هاوبەشەکاندا.

هەرچۆنێك بێت، هیچ هونەرمەندێکی مۆدێرن نییە کە چاوەڕێی ئەوە بکات هیچ کەسێك لە بەردەم کارە هونەرییەکەی ئەودا بچەمێتەوە و نوێژی بۆ بکا و داوای هاوکاری کردارییانەی لێبکات، یاخود بەکاری بهێنێ بۆ دوورخستنەوەی مەترسی لەخۆی. لە سەرەتای سەدەی نۆزدەدا، هیگڵ وایدانا کە لە دەستدانی باوەڕی هاوبەش بە خوداوەندە بەرجەستەکان، هۆکارە بۆ ئەوەی هونەر حەقیقەتی لە دەستداوە. بە گەڕانەوە بۆ هیگڵ حەقیقەتی هونەر ئیتر بووە بە پرسێکی ڕابردوو.  ئەو دەربارەی وێنە و بیرکردنەوەی ئایینە کۆنەکان قسە دەکات لەبەرامبەر یاسا نادیارەکان و هۆکار و ئەو زانستەی کە فەرمانڕەوایی دونیای مۆدێرن دەکات. بێگومان لە سیاقی مۆدێرنیتیدا، زۆرێك لە هونەرمەندە مۆدێرن و هاوچەرخەکانیش هەوڵی دووبارە بەدەستهێنانەوەی ئەو زمانەیان داوە لەگەڵ بینەرەکانیان بەشێوەیەك لە شێوەکان، جا ئاخۆ بە بەشداری سیاسیی بێت یاخود ئایدیۆلجی. بزاوتە سیاسییەکان وەها جێگەی کۆمەڵە ئاینییەکانییان گرتەوە کە هەردووك، (هونەرمەند و بینەرەکانیان) تیایدا بەشدار بوون.

لەگەڵ ئەوەشدا، گەر بمانەوێ هونەر سیاسییانە کاریگەر بێت و وەکوو پروپاگەندەیەکی سیاسی بەکار بهێندرێت…پێویستە جەماوەر بەدڵیان بێت و پەسەندی بکەن. بەڵام گەر کۆمەڵگایەك لەسەر بناغەی پڕۆژەیەکی هونەری دامەزرابێ کە زۆرینە بەدڵی بێت و بەلایەوە باشبێ، ئەوا کۆمەڵگایەك نییە قابیلی گۆران بێت؛ کۆمەڵگایەك نییە بتوانێت بەجدی جیهان بگۆڕێت. هەموومان دەزانین، گەر بمانەوێ وەکوو (داهێنەر، ڕادیکاڵ، پێشکەوتووخواز) دابنرێین، کارە هونەرییە مۆدێرنەکان پیویستە کارەکانی پێش مۆدێرنە ڕەتبکەنەوە؛ ئەگەرنا ئەو کارە هونەرییانە دەکەونە ژێر گومانی لاساییکردنەوە، بێبایەخبوون، وە بە تەنها لە بواری بازرگانیدا ئاڕاستە دەکرێن. ئێمە ئەوە دەزانین کە بزاوتە پێشکەوتووخوازەکان سیاسییانە، زۆربەی کات کولتوورییانە کۆنسەرڤاتیڤ بوون، وە لەکۆتاییدا ئەو ئاراستە کۆنسەرڤاتیڤە بووە کە بردوێتییەوە. هەر ئەوەش هۆکارە کە هونەرمەندە هاوچەرخەکان گومانیان لە شێوازی چێژبینینی پەبڵیك هەیە. وە هەروەها پەبڵیکی هاوچەرخیش گومانیان لە شێوازی چێژبینینی خۆیان هەیە. ئەو ڕاستییەی کە پێمان وایە، گەر کارێکی هونەریمان بەدڵبوو ئەوە مانای ئەوەیە کارێکی زۆر باش نییە، وە گەر بەدڵمان نەبوو ئەوە مانای ئەوەیە کارێکی زۆر باشە. (کازیمیر مالێڤیچ) دەڵێت: گەورەترین دوژمنی هونەرمەند، دڵسۆزییەکەیەتی. هونەرمەند هەرگیز نابێت کارێك بکات کە دڵسۆزانە بەدڵیبێت، چونکە ڕەنگە کارێکی بە دڵسۆزانە بەدڵ بێت کەچی خراپبێ و هونەرییانە پەیوەندیدار نەبێت. بێگومان هونەرییەکانی ئاڤانت گارد، نەیان ویستووە قبوڵکراو بن. وە ئەوەی کە زۆر گرنگە ئەوەیە: نەشییان ویستووە خەڵك تێیان بگەن – نەیان ویستووە ئەو زمانە بەشبکەن لەگەڵ بینەرەکانییاندا کە پێی دەدوێن. پشتبەستن بەمەش، ئاڤانت گاردەکان بە تەواوەتی دوودڵ بوون لەوەی کە بتوانن کاریگەری لەسەر ڕۆحی پەبڵیك دابنێن و کۆمەڵگایەك درووستبکەن کە بەشێك بن تیایدا.

لەم جێیەدا، دووەمین ڕێتێچوون و ئەگەری گۆڕینی جیهان لە ڕێی هونەرەوە دێتە ئاراوە. لێرەدا تێگەیشتنەکە ئەوەیە کە هونەر بەرهەمهێنەری پەیامەکان  نییە، بەڵکو  وەکوو بەرهەمهێنەری  شتەکانە. تەنانەت گەر هونەرمەند و بینەرەکانیشییان زمانی هاوبەش بەش نەکەن لەنێوان خۆیاندا، ئەوا ئەو جیهانە ماتریاڵییە بەشدەکەن کە تیایدا دەژین. هونەر وەکوو جۆرێکی دیاریکراو لە تەکنەلۆژی، ئەو ئامانجەی نییە کە ڕۆحی بینەرەکانی بگۆڕێت، بەڵکو ئەو جیهانە دەگۆڕن کە بینەرەکان تیایدا دەژین بە حەقیقی.

ماویەتی.

تێبینی : تەواوی  ئەم باسە لە  یەکەم کتێبی تایبەت بە کوردڕاوم ( تیشکدانەوە  فەلسەفییەکانی مۆدێرنە) بخوێنەرەوە مانگی  یەکی ٢٠٢١ بەردەست د ەبێت.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: