گۆگڵ: وشەکان لەودیو سنووری ڕێزمانەوە

1291
0
بڵاوکردنەوە:

بۆریس گرۆیس

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: کازیوە نەریمان (دەستەی نووسەران)

ژیانی مرۆڤ دەکرێت بە گفتۆگۆیەکی درێژ لەگەڵ جیهاندا پێناسە بکرێت. مرۆڤ لە جیهان ئەکۆڵێتەوە و جیهانیش بە هەمان شێوە لە مرۆڤ ئەکۆڵێتەوە، دیاری کردنی گفتۆگۆی نێوان مرۆڤ و جیهان دەکەوێتە سەر ئەو پرسیارانەی بە شیاوی دەزانین ئاڕاستەی جیهانی بکەین یاخود جیهان ئاڕاستەی ئێمەی بکات، و ئەو وەڵامانەی لە مێشکی خۆماندا پێشبینی دەکەین بۆ پرسیارەکان. ئەگەر بڕوامان بەوە هەبێت کە خودا جیهانی دروست کردووە، ئەوا ئەو پرسیارانەی دەیکەین و ئەو وەڵامانەی پێشبینی دەکەین جیاواز دەبن لەوەی کە ئەگەر بڕوامان وابێت کە ئەم جیهانە بەدیهێنراوێکی خودا نییە. هەروەها ئەگەر بڕوامان وابێت کە مرۆڤ بونەوەرێکی هۆشمەندە ئەوا گفتۆگۆکە بە جۆرێکی تر دەکەین لەوەی کە بڕوامان وابێت مرۆڤ بونەوەرێکە کە شوێن غەریزە کەوتبێت، هەر بۆیە گفتوگۆی نێوان ئێمەی مرۆڤ و جیهان دەکەوێتە سەر چەن بیروبۆچوونیکی فەلسەفەیی دیاریکراو کە بابەت و شێوازی گفتوگۆکە دیاری دەکەن. لە رۆژگاری ئەمڕۆدا، گفتۆگۆی ئێمە لەگەڵ جیهان بەشێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوەیە. ئەگەر بمانەوێت پرسیارێک ئاڕاستەی جیهان بکەین، ئەوا وەک بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت ڕەفتار دەکەین. هەروەها ئەگەر جیهان پرسیارێک لە ئێمە بکات، وەک دابینکەری دووەمی زانیارییەکە ڕەفتار دەکەین. لە هەردوو بارودۆخەکەدا، چۆنێتی ڕەفتار کردنمان لە گفتۆگۆکەدا، واتە شێوازی پرسیارکردن و وەڵام دانەوەمان لە چوارچێوەی شێوازی ئینتەرنێتە. بە پێی ئەوەی کە لە ئێستایا ئینتەرنێت بە دروستی کار دەکات، ئەم ڕێسا و یاسانە لەلایەن گۆگڵەوە دیاری دەکرێن. بەم جۆرەش ئێستا گۆگڵ هەمان ئەو ڕۆڵە دەگێڕێت کە لە کۆندا فەلسەفە و ئاین دەیانگێڕا. گۆگڵ یەکەم مەکینەی فەلسەفەیی ناسراوە و گفتۆگۆی ئێمە لەگەڵ جیهاندا ڕێک دەخات بەوەی جێگەی هەموو بیرکردنەوە ناڕوون و مێتافیزیکی وئایدۆلۆجیەکان دەگرێتەوە بە چەن یاسایەک کە بە فەرمی دانپێدانراون و لە هەموو جیهاندا پەیڕەو دەکرێن. بۆیە زۆر گرنگە توێژینەوە فەلسەفییە هاوچەرخەکان شێوازی کارکردنی گۆگڵ شیبکەنەوە، و هەروەها بە تایبەت، ئەو خاڵە فەلسەفیانە باس بکەن کە شێوازی کارکردنی گۆگڵ دیاری دەکات. لە هەمان کاتدا هەوڵ دەدەم کە گۆگڵتان وەکو مەکینەیەکی فەلسەفیی پشانبدەم، گۆگڵ لە مێژووی خۆیدا جینالۆجی خۆی هەیە لە ناو مێژووی  فەلسەفەدا، بە تایبەت فەلسەفەی هاوچەرخ. با دووبارە باس لە شێوازی گفتوگۆی گۆگڵ بکەین لەگەڵ جیهاندا، بە پێی ئەم یاسایەنە هەموو پرسیارێک دەبێت پێکهاتبێت لە وشەیەک یان چەن وشەیەک. ئەو وەڵامەی گۆگڵ دەیداتەوە لە چەن دەقێک پێک هاتووە کە هەمان ئەو وشەیە یان چەند وشەیەی تێدایە کە لە پرسیارەکەدا هەبووە و ئامێری گەڕانی گۆگڵ دۆزیویەتەوە. ئەمە واتای ئەوەیە کە پرسیارێکی شیاو لەلایەن گۆگڵەوە پێناسە دەکرێت بە پرسیارکردن سەبارەت بە واتای وشەیەک یان چەند وشەیەک. وە پێناسەی وەڵامی شیاو دەکات بۆ ئەو پرسیارە بە چەن دەقێک کە هەمان ئەو وشەیە یاخود کۆمەڵە وشەیەی تێدایە کە لە پرسیارەکەدا هەبووە. لێرەدا سەرجەم ئەو دەقانەی بەردەست بن بە پێی واتای ڕاستەقینەی وشەکە یان ئەو کۆمەڵە وشەیە دیاری دەکرێت کە بەکار هێنەرەکە داغڵی کردووە. وە بە هۆی ئەوەی تەنها دەکرێت پرسیار سەبارەت بە واتای ڕاستەقینەی وشەکان بکرێت لە گۆگڵ، ئەو واتا ڕاستەقینەیە وەکو تاکە وەڵامیک دەرەکەوێت بۆ ئەو بابەتەی پرسیار لەبارەیەوە کراوە. بە پێی ئەمەش، زانیارییە ڕاستەکە بریتیە لە سەرجەم وشەکانی ناو هەموو ئەو زمانانەی کە لە ئێستایا مرۆڤایەتی بەکاری دەهێنێت. بەم جۆرەش گۆگڵ زمان دەکات بە چەن کۆمەڵە وشەیەکی تاک تاک و بە شێوەی کۆد وەریان دەگرێت. گۆگڵ لە ڕێگەی ئەو ووشانەوە کار دەکات کە ڕێسا باوەکانی زمان و ڕێزمان نایانگرێتەوە. هەر لە کۆنەوە، کاتێک ئێمە لە بری ئاین یاخود ئارەزووە سێکسییەکان زمانمان وەک کەرەستەیەکی گفتوگۆکردن هەڵبژارد، وامان دانا بوو کە پرسیارەکانمان ئەو کاتە دروستن کە لە قاڵبی ڕستەیەکی ڕێزمانی ڕاستدا بن وەکو: ( ئایا واتای ژیان چییە ؟)، (ئایا خودا جیهانی دروست کردووە ؟). بێگومان ئەوە ڕوونە کە ئەم ئەم ڕستانە تەنها دەکرێت بە ڕستەیەک وەڵام بدرێنەوە کە لە ڕووی ڕێزمان و بابەتەوە ڕاست بێت ئەویش وەڵامێکی فەلسەفەیی یان بیردۆزێکی زانستیی یان بابەتێکی ئەدەبییە. هەموو گفتوگۆکان لەلایەن گۆگڵەوە دەکرێن بە ۆرد کلاود. ۆرد کلاودەکان وەک کۆمەڵە وشەیەک کاردەکەن لەودیو سنورە ڕێزمانییەکانەوە. ئەم ۆرد کڵاودانە هیچ شتێک “ناڵێن” تەنها ئاماژە بەوە دەکەن کە ئایا وشەیەکی دیاریکراو لە ۆرد کڵاودەکەدا بوونی هەیە یاخود بوونی نییە. کەواتە گۆگڵ پێشبینی ئەوە دەکات کە ئەم وشانە چیتر بە واتا ڕێزمانییەکایەنەوە گرێ نەدراون و ناکەونە ژێر باری ئەوەی کە زمان پێناسە بکرێت بەوەی لە کۆمەڵە وشەیەک پێک هاتووە کە لە ڕووی ڕێزمانییەوە دەکەونە کۆمەڵەی جیاوازەوە. گۆگڵ، وەک ئامێرێکی فەلسەفەیی، لەسەر بیروبۆچوونێک بەندە کە ئەویش ئازادی وشەکانە لە ڕووی ڕێزمانییەوە هەروەها ئەوەی کە هەموو وشەکان یەکسانن و مافی ئەوەیان هەیە لە ۆرد کلاودێکەوە بچنە ۆردکلاودێکی تر. ئاڕاستەی جوڵەی وشەکانیش ڕاستی وشەیەکی تاکە کە لە گۆگڵدا بەردەستە. زمان لەڕێگەی ڕێزمانەوە توانی هەڕەمێک لە نێوان وشەکاندا دروستبکات. ئەم هەڕەمەش ڕێگای کارکردنی پرسیارە فەلسەفییە کۆنەکانی دیاری دەکرد سەبارەت بە دانایی و ڕاستی. کاتێک لە ڕێگەی گۆگڵەوە پرسیار دەکەیت، گۆگڵ کۆمەڵێک ۆرد کلاودی ڕێزمانیت دەخاتە بەردەست، و لە ناو ۆرد کلاودەکان دەست دەکات بە گەڕان بە دوای وشەدا. لە ڕاستیدا، تێگەشتنی ڕاستەقینە، وەکو واتای ڕاستەقینەی وشەکان، لە فەلسەفەدا شتێکی نوێ نییە. پلۆتۆ گومانی کردبوو سەبارەت بە واتای وشە تاکەکان وەکو( دادپەروەری یان چاکە) بەم جۆرە پلۆتۆ هەستا بە ڕزگارکردنی وشەکان بە هێنانە دەرەوەی وشەکان لە چوارچێوەی ڕێزمان و داستانی ئەفسانەیی و وتاری پیاهەڵدان، بڕیاری ئەو وابوو کە واتای ڕاستەقینە تەنها دەکرێت لە ۆردکلاودێکی دەگمەندا بدۆزرێتەوە کە لە ئاسمانی پڕ لەو بیرۆکانەدایە کە لە تێگەشتنی مرۆڤ بەدەرە. دواتر فەرهەنگ و ئینسایکلۆپیدیا هاتن و، هەوڵیاندا واتای باوی وشە تاکەکەن پێناسە بکەن کە زۆر دووبارە دەبنەوە. ئینسایکۆپیدیا و فەرهەنگەکان دووەم هەنگاوی مێژوو بوون بۆ ئازادکردنی وشەکان لە زماندا، بەڵام دووبارە لێرەشدا واتای وشەکان سنوردارکرا بەهۆی چۆنێتی بەکارهێنانیانەوە لە چەند دەقێکی ئامادەکراودا. فەلسەفەی سەدەی بیست پرۆسەی ئازادکردنی وشەکانی درێژتر کردەوە.سترەکچەڕاڵیزم کە بە فێدیناند دێ سۆسیۆو ویگابسۆن دەستی پێکرد، ئەوان سەرنجەکانییان لە بەکارهێنانە باوەکانی وشەکانەوە گواستەوە بۆ بەکارهێنانی ڕاستەقینەیان لە چوارچێوەی زمانە زیندوو و مۆدێرنەکاندا. ئەمە هەنگاوێکی گەورە بوو بۆ ئازاکردنی وشەکان بەڵام کۆنسێپتی بەکارهێنانە باوەکانی وشە وەکو خۆی مایەوە. دەتوانین هەمان شت دەربارەی دەستووری لێکۆڵینەوەی ئەنجلۆ ئەمێریکان بڵێین لە “زمانی گشتی” کە بەندە لەسەر ئایدۆلۆجیای ئامادەبوون. گۆڕانکاری ڕاستەقینە دوای پۆست ستڕەکچەراڵیزم هات- بە تایبەت لەگەڵ دیکۆنسترەکشنی(هەڵوەشاندەنەوە) دێریدایی، لێرەدا یەک وشە ئەکرا لە چەن کۆنتێکستێکا بەکار بێت، وە کاتێک لە کۆنتێکستێکەوە ئەچێت بۆ کۆنتێکستێکی تر واتای وشەکە بە تەواوەتی دەگۆڕێت.

ماویەتی

تەواوی  ئەم باسە لە  کتێبی (تیشکدانەوە فەلسەفییەکانی مۆدێرنە) بخوێنەرەوە وەک بەرهەمێکێ  تایبەتی کوردڕاوم بەم نزیکانە.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: