لە خۆرئاوا، بەم چەشنە بیرمەندان دروست دەکرێن

563
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: حەمید زنار

وەرگێڕانی: سامان عەلی

ئەو هۆکارە ڕاستەقینانە چین کە پێنج ساڵە ئەو مێژوونووسە ئیسرائیلییە لاوەیان کردووە بە ئەستێرەیەک لە نێو جیهانی ڕۆشنبیریی و هزردا؟ ئەگەرچی ئەم بابەتە لەو دەوڵەتانەی تری جیهاندا سادە و ئاساییە کە زۆربەیان هۆگرییان بە مۆدێلە هزرییە ڕاگوزارەکانەوە گرتووە، بەڵام سەیر و جێی سەرسوڕمانە ئەم گەنجە، لە فەڕەنسادا کە وڵاتی زانستە مرۆڤایەتییەکان و فەلسەفە و ڕەخنەی هەمەچەشنە، ببێت بە ژێدەر و مامۆستای بیر و هزر.

چونکە لەو کاتەوە کە “مرۆڤی ژیر، کورتەی مێژووی ڕەگەزی مرۆڤ” دەرچووە کە کتێبی یەکەمێتی و لە ساڵی٢٠١٥دا پاچڤەکرا بۆ سەر زمانی فەڕەنسیی، بە ڕەتبوون بە کتێبی دووەمیدا، واتە؛ “هۆمۆ دیۆس” یاخود “خودامرۆڤ، کورتەی مێژووی سبەی” لە ساڵی٢٠١٧دا، تا بە دواکتێبی دەگات؛ “٢١ وانە سەبارەت بە سەدەی بیست و یەک” کە لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابوردودا چاپ و بڵاوبووەوە، ڕۆژنامە و گۆڤار و کەناڵە تەلەفیزیۆنییەکانی فەڕەنسا بەجۆرێک پێشوازیی لەم مرۆڤە دەکەن وەک ئەوەی مەهدیی چاوەڕوانکراوبێت کە لەمێژە چاوەڕێی هاتنی دەکەن. بەڵام هەر کەس لە تێزەکانی ئەو سێ کتێبەی ورد و قووڵببێتەوە، بە دوور لەو ناساندنە ناسک و ڕووکەشانەیەی کە لە میدیاکاندا دەناسێنرێت، هیچ داهێنانێکی کۆک لەگەڵ ئەو ناوبانگەدا نادۆزێتەوە کە وەک کەسێک پەیدای کردووە و ئەو فرۆشەی کە کتێبەکانی لە هەموو جیهان و بەدیارییکراویی لە فەڕەنسادا هەیبووە.

کورت و کرمانج، ئایا ئەو بۆچوونانەی کە لە سێیانەکەی (واتە سێ کتێبەکەی)دا هاتوون ئەو هەموو گرنگیپێدان و پێشوازییلێکردنە دەهێنێت تا ئەو ڕادە و سنوورەی کە بگوترێت یەکێکە لە گرنگترین و گەورەترین بیریارەکان لە سەردەمی ئێستادا، وەک ئەوەی کە چەندین ڕۆژنامەی جیهانیی دەیکەن، لە نێویشیاندا هەفتەنامەی لۆبوان-ی فەڕەنسیی کە بەم چەشنە پەسنی دا: “هەرە گرنگترین بیرمەند لە جیهاندا لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا”؟

هەرچی مانگنامەی میاگازین لیتیریر-ی فەڕەنسیی بەناوبانگیشە لە دواهەمین ژمارەی خۆیدا، ژمارەی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٩، ناوی ئەوی لە سەر لیستی “٣٥ بیریاری هەرە کاریگەر لە جیهاندا” داناوە و ئەو ناونیشانەیش سەردێڕی لاپەڕەی یەکەمی مانگنامەکەیە.

مامۆستایەکی گەنجی مێژوو لە ئیسرائیل، لە بنەڕەتدا پسپۆڕ لە مێژووی ئەوروپا لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، “بۆچوونەکانی” سەبارەت بە بابەتی “پۆست مرۆڤ” و داهاتووی چەشنی مرۆڤ و ئەو پرس و کێشە تەکنۆزانستییە هەنووکەییانە کە بانمرۆگەراکان لە سلیکۆن ڤالی-دا گوزارشتی لێدەکەن، چۆن توانییان دەنگبدەنەوە؟ بەکورتیی، نهێنیی سەرکەوتنی کتێبانێک چین کە لێواولێون لە هەڵەی مێژوویی و فەلسەفیی؟

-چیرۆک یان مێژوو؟

کتێبی یەکەمی، واتە؛ “مرۆڤی ژیر، کورتەی مێژووی ڕەگەزی مرۆڤ” لەلایەن ٢٥ دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا ڕەتدرایەوە بەر لەوەی کە لە ساڵی٢٠١٤دا لە بەریتانیا چاپ و بڵاوببێتەوە و، پاشان ئەو سەرکەوتنە گەورەیە لەدواییدا لە خودی ئەمەریکایشدا بەدەستبهێنێت و بۆ نزیکەی ٣٠زمان وەرگێڕدرا کە ئەمەیش سەرکەوتنێکی بێوێنەیە، چونکە ئەو کتێبانەی کە لە مێژوو دەدوێن و دەکۆڵنەوە کەمجار بەختی ئەو سەرکەوتنە سەرووئاساییە یاوەریان دەبێت.

ڕاستییەکەی هۆکاری ئەم سەرکەوتنە بۆ بڕێک زیادکردن یاخود سەربارکردنی نوێ ناگەڕێتەوە کە ئەو کردونی بەڵکو هۆکارەکەی بۆ کۆڵینەوە و باسکردن لە بابەتێک دەگەڕێتەوە کە خوێنەر وا لێدەکات خەون بەوەوە ببینێت تێکڕای مێژووی مرۆڤایەتیی لە مشتێکدا جێ بکاتەوە، وێڕای پشتبەستنی بە شێوازێکی گێڕانەوەیی ئازاد لە ژێدەریی زانستیی توندوتۆڵ. چونکە ئەو لە مێژووی چەشنی مرۆڤ دەکۆڵێتەوە هەر لە قۆناغی شکارچێتیی و چنینەوەی چاخی بەردینی کۆنەوە تا بە یاریگا وەرزشییەکانی سەدەی بیستویەک دەگات. نەک هەر ئەوەندە بەڵکو ئەم “مێژوونووسە” مۆڵەتی ئەوە بە خۆیشی دەدات کە لە زۆرێک لە بڕگە و بەشەکانی نووسینەکاندا ببێت بە فاڵچی و پێشبینیی داهاتووی مرۆڤ بکات و بە جۆرێکی درێژدادڕانەی بێزارکەرانە باسی ئەوە بکات کە ئەو داهاتووە چۆن دەبێت.

ئەگەرچی نووسەر بڕێکی بێشومار لە زانیاریی و پێدراو و بۆچوونی لە چەندین پسپۆڕیی و تایبەتمەندیی جیاجیای وەکو بایۆلۆژیا و ئەنترۆپۆلۆژیا و ئابووریی و مێژوودا کۆکردووەتەوە بەڵام نەیتوانیوە پێکهاتێکی قایلکەریان لێسازبکات بەڵکو بەشێوەیەکی گشتیی کتێبەکە وەک بڕێک چیرۆک ماوەتەوە کە نووسەر تیایدا لە بابەتێکەوە بازدەدات بۆ بابەتێکی تر و زۆرجار خوێنەر لەگەڵ درێژدادڕییە خۆڕاکانیدا وێڵ و بزر دەبێت.

تەرخانکردنی چەندین لاپەڕەی زۆر بۆ باسکردنی شتی بەڵگەنەویست و ئاشکرای وەک ئەوەی کە “ئەنجامدانی کۆڵینەوەی زانستیی زۆری تێدەچێت” کەڵک و جێی چی دەگرێت؟ ئایا خوێنەر، بۆ ئەوەی لەوە بگات کە ئەوە مرۆڤە لە جیهاندا باڵادەستە، پێویستی بەوە هەیە کە بزانێت کۆی کێشی ئاژەڵە ماڵییەکان ٧٠٠ ملیۆن تۆنە و ٨٠ ملیۆن زەڕافە و ٢٠٠ هەزار گورگی ڕەنگ شین یاخود خۆڵەمێشیی لەسەر ڕووی زەوی هەن؟

بەڵام ئەو شتەی کە زیاتر جێی پرسیارە ئەو لێبووردییەیە کە ئەم نووسەرە گەورەیە لەگەڵ تۆمارکردنی بەڵگەکان و لێکدانەوەی سەرچاوەکاندا دەینوێنێت. بۆ نموونە سەرکێشیی دەکات لە جەختکردنەوە لەسەر بڕێک لە تێز و بۆچووندا و بەشێوازێکی ڕووکەش و ڕوواڵەتییانە لێکیاندەداتەوە بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ سەرچاوەیەک بکات یاخود دەربارەی بابەتەکە بدوێت، بۆ نموونە وەک ئەوەی کە دەڵێت: “پەرەسەندن مرۆڤی ژیر و لەگەڵیدا تێکڕای شتردەرە کۆمەڵایەتییەکانی کرد بە بوونەوەرێکی ناحەز بە بێگانە”! دواجار کتێبێکە هەوڵیداوە تیایدا لە بڕێک پرس و بابەتی یەکجار بزوێنەر و سەرنجڕاکێش بکۆڵێتەوە بەڵام بەبێ هیچ گرنگیی و گوێدانێک بە پێویستییەکانی کۆڵینەوەی زانستیی و ڕاستیی زانستیی.

-بڕێک هەڵەی زۆر و گەورە

“هۆمۆدیۆس” (خودامرۆڤ) کێیە، لێرەدا ئێمە بۆنی کۆمەڵناسی فەڕەنسیی ئۆگۆست کۆنت دەکەین. چونکە ئەم مێژوونووسە ئیسرائیلییە جارێکی تر چێشتی تێزە بەناوبانگەکەی ئەو کۆمەڵناسە فەڕەنسییە بە هەموو تام و چێژ و بەرامەکانییەوە گەرم دەکاتەوە بەڵام بەبێ ئەوەی کە ئاماژە بە ناوی خاوەنەکەی بکات. کۆنت خاوەنی ئەو تیۆرییەیە کە مێژووی مرۆڤایەتیی بە سەر ئەم سێ قۆناغە گەورەیەدا دابەش کرد: ئایینیی، میتافیزیکیی، پۆزەتیڤیستیی.

یۆڤاڵ نوح هەراری بڕوای وایە مێژووی خۆرئاوا بە سەر ئەم سەردەمانەدا دابەش دەبێت: سەردەمی لاهوتیی، کاتێک ئەو بنەمایانەی کە ئاکار و واتای ژیان دەستنیشان دەکەن لە خوداوە سەرچاوەیان دەگرت. سەردەمی میتافیزیکیی/هیومانیی کە ژان ژاک ڕۆسۆ بناغە دانەرێتی و تیایدا پاشەکشێی خودا و هەوڵی گواستنەوەی دەسەڵات بۆ نێو چەق و ویستی ئازاد و هەستەوەریی و منە قووڵەکەی مرۆڤ بنجدادەکوتێت.

هاوکات بەگوێرەی بۆچوونی هەراری لە هیومانیزم یاخود مرۆگەراییەوە ئەم سێ بابەتە لەدایک بوون: یەکەم؛ لیبرالیزمی تاکەکەسیی، دووەم؛ سۆشیالیزم، کە هەراری بڕوای وایە لای لینین و ماوزیتۆنگ بە ترۆپکی خۆی گەیشت! ئەو شتەی کە لێرەدا سەیر و نامۆیە ئەوەیە کە ناوبراو سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم لە یەکدیی جیاناکاتەوە. سێیەم؛ سیاسەتی پەرەسەندنەکیی کە هەراری دەقاودەق و بەبێ ئەوەی سڵ نە لە بوون بە مایەی گاڵتەجاڕیی و نە لە بەزەییپێداهاتنەوە بکاتەوە دەڵێت ئەم سیاسەتە لای “هیومانیزمی نازیزم” بە لوتکەی خۆی گەیشت! هەرچی سەردەمی سێیەمیشە، بەو چەشنەی کە لای ئۆگۆست کۆنتیش بە هەمان شێوەیە، سەردەمی زانستی پزەتیقیزمە بەڵام بەو چەشنەی کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا لە بایۆتەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرددا دەردەکەوێت.

بەڕاستیی سەیر و جێی سەرسوڕمانە مێژوونووسێک کە بووە بە ئەستێرەیەکی جیهانیی بۆچوون و دیدگایەکی ساویلکانەی سەبارەت بە مێژووی نوێی ئەوروپا هەبێت، ئایا ئەوە کارەسات نییە کە ژان ژاک ڕۆسۆی فەیلەسووف بە باوکی هیومانیزمی سەردەمی ڕۆشنگەریی دەزانێت لە کاتێکدا کە ڕۆسۆ یەکێکە لە یەکەمین ڕەخنەکارە ڕیشەیی و ڕادیکاڵەکانی ئەو چاخە!

ئایا ئەوەیش هەر دیسان جێی سەرسوڕمان نییە کە یۆڤاڵ نوح هەراری هەریەک لە مارکس و نیتچە و فرۆید بە نوێنەرانی ئایدیالیی هیومانیزم دەزانێت لە کاتێکدا ئەوە ئەم “فەیلەسووفانەی گومان”ن کە بەر لە بایۆلۆژیستەکان و لە ڕێگای برەودان بە ڕەخنەکردنێکی ڕیشەییانەی بیرۆکەی ئازادیی ویستەوە بنکە و ڕێسای هیومانیزمیان پایەماڵ کرد؟ چونکە ئەوە زانستی نوێ نییە دواجار ئەوەی سەلماند کە هەردو چەمکی “ئازادیی ویست” و “کەس” تەنها ئەندێشەیەکی ڕووتن بەو جۆرەی کە هەراری پێی وایە، لەبەرئەوەی دژبەریی نێوان بێچەندوچونیی و ئازادیی بیرۆکەیەکی وەکو خودی فەلسەفە خۆی کۆنە و مارک ئۆرێل و ئیبن ڕوشد و سپینۆزا یاخود سیگمۆند فرۆید جاوەڕوانی هاتنی بایۆلۆژیستە نوێیەکانیان نەکرد تاکو کێشەکە بخەنەڕوو و لەوە تێبگەن کە چارەسەرکردنی دژوارە و ناتوانرێت لە ڕێگای زانستەوە چارەسەربکرێت چونکە پرسێکی میتافیزیکییە نەک ئەزموونیی. ئایا سەیر نییە کە ڕۆشنبیرێکی لەو جۆر و مۆدێلە ئەم بەڵگەنەویستە لەبیر بکات؟

ئایا ئەوە گەمە بە خوێنەر کردن و گەمژاندنی خوێنەر نییە ئادۆڵف هیتلەر و ماوزیتۆنگ وەک دوو مرۆڤی نوێنەری هەرە دیار و بەرچاوی هیومانیزمی سەردەمی ڕۆشنگەریی تەماشابکرێن؟ ئاخۆ ڕەنج و ماندووبوونێکی زۆری دەوێت تاکو نووسەر بزانێت کە ئەو دووانە پێچەوانە ڕەهاکەی ڕۆشنگەریین؟

یۆڤاڵ نوح هەراری پێشبینیی ئەوە دەکات مرۆڤ نوقمەسار دەکرێت وەک چۆن ئەوە لە ئەوروپا بە هۆی پێشکەوتنی زانستیی و بەتایبەتیی بایۆلۆژیا و زانیاریی و خواریزمی ئەلەکترۆنییەوە، بە سەر خوادا هات. مرۆڤ دەچێتە نێو سەردەمی “داتاییزم”ەوە، مەبەست لە سەردەمی داتاییزم کارپێکردن و خاوەندارییکردنە لە فیچقەکردن و هەڵقوڵانی ئەو داتا و زانیارییانەی کە هەر بەسەرکردنەوەیەکی ئینتەرنێت لەپاش خۆی بەجێیدەهێڵێت کە ئەو دەسەڵاتەی کە پێشتر هینی خودا و پاشان هی مرۆڤ بوو وا لێبکات بۆ لەمەودوا بگوازرێتەوە بۆ خواریزمە ناهۆشیارەکان کە زیاتر لە خۆی مرۆڤ ئاشنایە و پەیتاپەیتا دەست دەکات بە بێبەشکردنی مرۆڤ لەو ئازادییەی کە هەیەتی.

چونکە لە دیدی هەراری-دا لە ئێستادا ژیریی دەستکرد زۆر لە ژیریی سروشتیی یاخود بایۆلۆژیی بەهێزترە، چونکە سەبارەت بە دەستنیشانکردن و پێشنیازکردنی چارەسەر بۆڕی هەر پزیشکێکی پسپۆڕ لە نەخۆشیی شێرپەنجەدا دەداتەوە، بەڵام ئەو شتەی کە ئەم مێژوونووسە سەرکێشە لە بواری بانمرۆییدا لێی بێئاگایە ئەوەیە کە ئەمە بە واتای لەدەستدانی ئازادیی نایەت، چونکە پزیشکەکە وەک خۆی هەر بە توخمی بنەڕەتیی دەمێنێتەوە لە نێو کردەی پزیشکییدا لەبەرئەوەی هەمیشە هەر ئەوە کە ژیریی دەستکرد بۆ خزمەتی نەخۆشەکە بەکاردەهێنێت، لەو سۆنگەیەوە کە هێشتا بابەتەکە نەگەیشتووەتە ژیریی دەستکردی بەهێزی کۆمەککراو بە هۆشیاریی، واتە ژیریی خودهۆشیار.

سەیر و مایەی سەرسوڕمانە کە یۆڤاڵ نوح هەراری هیچ ئاماژەیەک بۆ ئەو گریمانە بەناوبەنگە سامناکە ناکات! کە مشتومڕیکی گەرم و گەورەی نێوان بانمرۆگەرا و بایۆکۆنەپارێزەکانە. ئاخۆ هیچ خەبەرێکی نییە لەوەی کە لە سیلیکۆن ڤالی-دا کە ئەو پەسنی دەدات ملیۆنان دۆلار خەرج دەکرێت لەپێناوی داهێنانی ژیریی دەستکردی بەهێز لە دەوروبەری ساڵی٢٠٤٥دا کە لە کۆتاییدا بۆڕی ژیریی سروشتیی دەداتەوە و سەربەخۆیی خۆی وەردەگرێت ئەگەر بەو بۆچوونەی کرۆزوێڵ-ی خاوەنی کتێبی “چۆن ئەقڵێک دروست دەکەین؟” باوەڕ بکەین کە کۆمپانیای گۆگڵ بۆ بەدیهێنانی ئەو خەونە ڕایسپاردووە؟

-ئەو شەیدابوونە لەپای چی؟

لە نێو دوایین کتێبیدا، واتە “٢١ وانە دەربارەی سەدەی بیست و یەک”، هەراری دەمانخاتە پێکەنین کاتێک کە هانی کۆمەڵ و جڤاکەکان دەدات خۆیان بپارێزن. ئەوەی کە دەیشیڵێت بەڵگەنەویستە کاتێک کە دەڵێت مرۆڤایەتیی مۆدێرن لەگەڵ بڕێک ئاڵەنگارییدا دەرگیرە کە گرنگترینیان ئەمانەن: فیچقەکردنی تەکنۆزانستیی، قەیرانی ژینگە! پێشبینییشی بۆ ئەو دژواریی و ئاستەنگانەی کە دەشێت ببن بە کۆسپ لە سەر ڕێگای تاکەکەس لە نێو سیستەمی لیبرالیی و دیموکراسیی خۆرئاوادا و لەبەردەم ژیریی دەستکرددا لە کۆپییکردنێکی ناڕاستەوخۆ و قۆستنەوەی کتێبە بەناوبانگەکەی “١٩٨٤”ی جۆرج ئۆروێڵ بەولاوە زیاتر نییە کە لە ساڵی١٩٤٨دا چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
کتێبی یەکەمی هەراری، واتە “مرۆڤی ژیر، کورتەی مێژووی چەشنی مرۆڤ” سەرکەوتنی خێرای بەدەستنەهێنا و میدیاکان بایەخیان پێ نەدا و نەبوو بە بابەتی گرنگییپێدانی خوێنەران تەنها دوای ئەوە نەبێت کە بەڕێوەبەری گشتیی فەیسبووک، مارک زوکەربێرگ، لە سەر لیستی کتێبە تایبەتەکانی خۆی داینا و سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، باراک ئۆباما پەسنیدا و، هەروەها سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن داوەت و بانگهێشتی ناخواردنی کرد بۆ کۆشکی ئیلیزێ و، دامەزرێنەری کۆمپانیای مایکرۆسۆفت، بیڵ گیتس، لە سەر لاپەڕەی یەکەمی نیویۆرک تایمز ستایشی کرد، لەگەڵ ئەو دەستخۆشییلێکردن و پیاهەڵدانەی کە زۆرێک لە هونەرمەندە ئەستێرەکان دەستخۆشییان لێکرد و پێیداهەڵیاندا.
گەورە خودان تەکنەلۆژیاکانی سیلیکۆن ڤالی و هەموو زانا و ئەندازیاران و داهێنەران ئەو مرۆڤەیان دەستگیربوو کە لەوە دڵنیایان دەکاتەوە ئەگەر بیانەوێت شێوە گۆڕینێکی ڕیشەییانە جیهان بگۆڕن هێشتا دەسەڵاتیان لە نێو دەستدایە، هەروەها، ئەگەرچی بە ڕێگا و شێوازێکی پێچەبەدەورە یاخود نائاگایانەیش بێت، ئامۆژگاریی ئەوەیان دەکات کە خۆیان لە وەرگۆڕانی خەونەکەیان بۆ مۆتەکەیەکی ترسناک بپارێزن کە خۆیان دۆڕاو و زەرەرمەندی یەکەم دەبن تیایدا.
ئەو شتەی کە زیاتر دەستگیرۆیی سەرخستن و سەرکەوتنی ئەو شێوازە لە نووسینی یۆڤاڵ نوح هەراری کردووە ئەو داوەرییە
بنەبڕ و کۆتاییانەیە کە داوەریی ڕووداو و دیاردە مێژوویی و ئاییندەییەکان دەکات، هەروەها ئەو ئەنجامگیریی و لێکدانەوە بەپەلانەیە کە دەیانکات و کە کاڵایەکن بەقەد باڵای خوێنەری سادەن، بەپێچەوانەی کار و نووسینە لە ڕووی میتۆدیی و متمانەوە ئەکادیمیی و تۆکمەکانەوە کە زۆر کات خوێنەر نائومێد دەکەن و بگرە ورەی دەڕوخێنن لەبەرئەوەی ناتوانێت خوێندنەوەیان تەواو بکات و هیچ چارەسەرێکی ڕاستەوخۆ بۆ ئەو کێشانە پێشنیاز ناکەن کە لەگۆڕێدان چونکە بەپارێزەوە مامەڵە دەکەن و پێ لەوە دەنێن کە سەرەدەریی تەواوەتیی لە هەموو سۆنگە و هۆیەکانی ئەو کێشانە ناکەن.
هەر بۆیە خوێنەری سادە و ئاسایی لە یۆڤاڵ نوح هەراری-دا ئەو شتە دەدۆزێتەوە کە لای زانایانی مێژوو نایدۆزێتەوە، ئەو شتەیش ئەمەیە: سادەیی و ئاسانیی و دڵنیایی. هەر ئەمەیشە ئەو شتەی کە ئاپۆرای جەماوەر لە یاریگاکانی تۆپی پێدا دەیدۆزێتەوە و جەنجاڵ و قەرەباڵغی دەکات و، لە هۆڵی شانۆی نوێدا نایدۆزێتەوە و بە چۆڵیی دەسپێرێت.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: