ئیسلام لەنێوان بەکارهێنان و خراپ بەکارهێناندا

490
0
بڵاوکردنەوە:

بەکر عەلی

لەگەڵ هێرشە تیرۆریزمییە ئیسلامییەکانی ئەم دواییەی فەرەنسادا، کە خۆیان وا دەرخست بەرگریکردنی ئایینی هەق و خودایی بێت لە دژی فەرهەنگی کافری بێبڕوای سێکولار، پەرچەکردارێکی توند لە جیهانی موسڵمانانەوە وەكوو هاوسۆزییەک و پشتیوانییەک بۆ ئەو پەلامارە جیهادیستانە، بەتایبەتی لەلایەن ئیسلامی توندڕەو و برایانی موسڵمان و پشتیوانەکانی ئەردۆگانەوە، پیشان درا. لە ڕاستیشدا ئەگەر خودی ئەو پەلامارە تیرۆریستانەیە بەناوی ئایینەوە کرا بێت، بەڵام لەبنەڕەتدا بۆ ئایین ئەنجام نەدراوە. هەموو شتێک شیاوی خراپ بەکارهێنانە، بەڵام خراپ بەکارهێنانیش جۆرێکە لە بەکارهێنان. کەواتە مادام دەشێت ئایین وەكوو ئامرازێکی زۆر گرنگ بۆ دەسەڵات بەکار بهێنرێت، ئەوا دەشێت ئەو بەکارهێنانە خراپ بەکارهێنان بێت. لێرەوە مرۆڤی ئایینی دەبێت سافیلکانە تەماشای ئەو ڕووداوانە نەکات کە بەناوی ئایینەوە لەبەردەمیدا ڕوو دەدەن. وەکچۆن هەموو ئایینێک بۆ چاکە هاتووە، ئەوا هەموو ئایینێکیش لەخۆیدا خراپ ئایینیشە. مێژووی مرۆڤایەتی لە پێوەندیدا بە ئایینەکانەوە بخوێنەوە، دەگەیت بەو بەڵگە نەویستەیە. بۆیە ئیتر هەموو ڕەخنەیەک دەبێت بە ڕەخنەگرتن لە ئایین دەست پێ بکات، وەكوو مارکس دەیگوت. بەڵام ئایا کێن ئەوانەی دەبێت ڕەخنە لە ئایین بگرن؟ ئاییندارەکان، ئایینناسەکان، خوداناسەکان، شاعیرەکان، فیلۆسۆفەکان؟ ئەرێ هەموو ئایینێک شیاوی ئەوەیە قەبووڵی ڕەخنە بکات، ئەی ئایا هەموو ئایینێک شیاوی ئەوەیە خۆی نوێ بکاتەوە، خۆی لەبەریەک هەڵوەشێنێتەوە، خۆی وەكوو فۆرمێک ڕیفۆرم بکاتەوە؟  ئەم پرسیارانە دەشێت هەموو ئەو بوارانە دەرگیری توێژینەوەی بن و هەر دەرەنجامێکی لۆگیکییان بەدەستهێنا، شیاوی ئەوەیە ببێتە دەستوور بۆ هەموو ڕەخنەیەک لە عەقلی ئایینی.

مێژووی پەرەسەندنی ئەم عەقلەش بریتییە لە بەشێکی گەورەی هەموو شارستانییەتەکان. لەوپەڕی خۆرهەڵاتەوە، بە تێپەڕینی بە خۆرهەڵاتی ناوەند تا دەگاتە ئەورووپا و خۆرئاوا، ئایین ڕەگەزێکی ئۆرگانیکی ڕۆحی و عەقلی و ئابووری وسیاسی و ئیتیکی ئەو مێژووە بووە. عەقلی تەندروست شەڕانگێزانە خۆی نەخزاندۆتە ناو بواری ئایینەوە، کەچی عەقلی ناتەندروست شەڕانگێزانە خۆی داوەەتە دەست ئایین. ڕۆژگارێک هەبوو هەموو فەرهەنگەکانی جیهان خراپ ئایینیان بەکار هێناوە، بەڵام زۆرێک لەو فەرهەنگانە چیتر خراپ ئایین بەکار ناهێنن و هەندێکیشیان هێشتا بەردەوامن لە خراپ بەکارهێنانیان.

مۆدێلی خراپ بەکارهێنانی ئایین لە جیهانی سێهەمدا زەقترین دەرکەوتنی هەیە کە ئایینی ئیسلامی سیاسی نوێنەرایەتییەکی شکستانەی دەکات و مۆدێلی خراپ بەکارنەهێنانی ئایین، ئەورووپا و ئەمەریکایە کە بەهۆی بەسێکولاربوونیانەوە ئایین و دەوڵەت بوونەتە دوو دەزگای تەواو لێکجودا و هەمیشە دەوڵەت لەسەرەوەیە و ئایین لەخوارەوە.  بۆ مرۆڤگەلێک کە لەمۆدێلە ئیسلامییەکەدا لەدایک بووبێت و گەورەبوو بێت، سترەکتوری ڕۆحییانەی و پێکهاتنی پسایکۆلۆگییانەی و دەستووری ڕەفتار و ڕەوشتەکانی بە ئایینی ئیسلام رەنگڕێژ کراوە، بەڵام ئایینێک بارگاوی بە دەسەڵاتێکی نەتەوەچێتی ڕەگەزپەرستانە کە هەموو ئەو بوونەوەرانە بەجۆرێکی زۆر فەناتیکانە گۆش دەکات، بەڕادەیەک خۆی لەسەر  دوو دۆگما رادەگرێت: تۆ دواهەمین ئایینی خوداییانەیت، وە هۆکاری دواکەوتنی تۆ جیهانی ئیمپریالیزم و کاپیتالیزمی خۆرئاوایە. ئەم دوو دۆگمایە بەسە بۆ پەروەردەکردنی مرۆڤێکی باوەڕداری توندڕەو، کە بەردەوام بە گیانێکی جۆشدارەوە شەڕ بۆ بڵاوکردنەوەی ئایینەکەی بکات و بە سایکۆلۆگیایەکی ڕقاوی ونەفرەتاویشەوە بیر لەتۆڵەی هەموو ئەو ستەمە گلۆبالانە بکاتەوە. هەڵبەت هەردوو ئەم دۆگمایە جگە لە وەهمێکی کوشندە هیچی تر نین، کە جگە لە وێرانکاری و ڕق و کینە و بەدکاری و بەدبینی هیچی تری لێ سەوز نەبووە.  گەر خوێندنەوەیەکی خێرا بۆ هەموو جۆرەکانی تیرۆری ئیسلامی بکەین ڕەنگە لەو دوو هۆکارە  زیاتریش هەبن، بەڵام ئەو دوو دۆگمایە لەهەرە سەرەکیترین مۆتیڤەکانی کردەوەی تیرۆریستین. با ئێستا بگەڕێینەوە سەر پەلامارەکانی پاریس و نیس لە وڵاتی فەرەنسا. هەڵبەتە فەرەنسا نەک هەر لە کیشوەری ئەورووپادا، بەڵكوو لەهەموو سەر زەوی لەهەرە سێکولارترین وڵاتەکانی جیهانە. ئایین ڕۆڵیکی ئەوتۆی لەژیانی شارستانیدا نییە، هەر بۆیە هیچ هاوڵاتییەک لەبەر پشتخانی ئایینی و ڕەگەزیەوە نابێتە هاوڵاتی فەرەنسی، بەڵكوو لەڕێی ئەو دەزگایەوەی کە ڕۆحی کۆمارێکی سێکولاری دەکات بەبەریا، واتە خوێندن وخوێندنگا. بۆیە هەموو هاوڵاتییەک لەفەرنسادا خۆشنوودە لە بڕگە بە بڕگەی دەستوری کۆمارییانەی فەرەنسا، ئەوەی دژایەتی ئەو دەستوورە دەکات، ئەو پسایکۆلۆگیا بیمارەیە کە بەدۆگمایەکی ئایینییەوە کەوتۆتە ئەوێ و چ هەنگاوێکی بۆ تێگەیشتن و ئاوێزاندنی ئەو فەرهەنگە سێکولارە نەداوە. واتە خەلەلی یەکەمی ئەوەی لە فەرنسادا فاناتیزمی ئایینی ئیسلامی هەیە، ئەوەیە فەرەنسا کۆمارێکی سێکولار و کۆمەڵگەیەکی تەواو مەدەنییانەیە و جێی هەژموونکردنی ئایین بەسەر جیهانیژیانی ئەوێدا نابێتەوە، خەلەلی دووەمیشیان ئەوەیە ئەو توندڕەوە ئایینییە دێت و بە ئەجندەی سیاسی وڵاتانی وەک تورکیا وخلیجی عەرەبی دەست دەکات بە خراپ بەکارهێنانی ئایین.

ئیتر بەم شێوەیە دەبینین خراپترین ڕەوەندی بێگانە لە وڵاتە ئەورووپییەکاندا موسڵمانەکانن. هەموو ئەو موسڵمانانەی وەكوو ڕەوەندێکی ژمارە گەورە لەناو کۆمەڵگە ئەورووپییەکاندا دەژین، لەبەر ئەوەی نەیانتوانیوە و نەیانوویستووە خۆیان ئاوێزانی ئەو فەرهەنگە ئەورووپییانە بکەن، جۆرە پەرچەکردارێکی ناکۆکیان لێ بەر بۆتەوە کە دژی هەموو ئەو ئەندێشە و پرینسیپانەیە کە خۆی لەپێناویدا هەڵهاتووە. واتە ئەو بۆ ئازادی و دادوەری هەڵهاتووە، لەبەرنەبوونی دادوەری وئازادی لە وڵاتەکەی خۆی هەڵهاتووە و ئامادەبووە قبوڵی نەک ژیانی ئاوارەیی، بگرە دەربەدریش بێتەوە بەس لەو دۆزەخەی وڵاتی خۆی ڕزگاری بێت کە بەدرێژایی تەمەنی لەژێر ستەمکاری دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکەیدا ژیاندوویەتی. با ئێمە بپرسین لەهەموو ئەو ڕەوەندانەی ئاوارەی ئەورووپا بوون، لەبەرچی وڵاتی خۆیان بەجێهێشتووە؟ بەبێ ئەوەی من لێرەدا بنکۆڵی ئەو هۆکارانە بکەم، واتە لەبری ئەوەی بگەڕێمەوە بۆ مێژووی هەر ڕەوەندێک، من خۆم دەخزێنمە نێو ئێستای ئەو ڕەوەندانە  کە بەشێوازی زۆر سەیروسەمەرە و لە سایەی دەوڵەتی یاسا و کۆمەڵگەی مەدەنی ئەو وڵاتانەی تێیدا دەژین توانیویانە قەوارەی کۆمەڵایەتی و كولتووری و بگرە سیاسیش بۆ خۆیان دروست بکەن. بەڕادەیەک هەندێک سۆسیۆلۆگ بوونی ئەو قەوارانەیان ناوناوە “کۆمەڵگەی هاوشان و پارالێل” واتە لەناو کۆمەڵگەکەماندا کۆمەڵگەی تەریب و هاوشان بە خۆمان دروست بووە، لەناوماندا دەژی، کەچی بە فەرهەنگ و ناسنامەی خۆی دەژی، بەڵام لە ڕووە یاساییەکەوە خۆشنوودن لەهەموو دەسکەوتە لوکسۆسییەکانی ئەوێ.

ڕووداوی سەربڕینی مامۆستایەکی فەرەنسی لەلایەن گەنجێکی موسڵمانەوە، دواتر هەڵکوتانە سەر کەنیسەیەک لەشاری نیس و کوشتنی سێ ئیمانداری مەسیحی لەکاتی نوێژکردندا جارێکی تر ئەو ڕاستییەی بۆ هەموو لایەک سەلماندەوە کەوا ڕەوەندی موسڵمانان نەک هەر ئینتیگراسیۆنیان نەکردووە، لەوە دەچێت هەر بەپێویستیشی نەزانن، بگرە خۆیان لەوپەڕی شیزۆفرینیای بوونگەرایی خۆیاندا دەژین و ئەم ڕەوەندە بەبێ دۆگما و بەبێ ئەخلاقی فاناتیزم لەهیچ شوێنێکی دونیا ناتوانێت هەبێت و بژیت. مەسەلەکە لێرەدا بریتی نییە لە پەرچەکرداری گەنجێکی خوێنگەرم بەرانبەر بە کرداری نەگونجاوی مامۆستاکەی کە زۆرینەی لێکدانەوەکانی سۆسیال میدیاکان وڕۆژنامەنووسە لایەنگرەکانی ئیسلام وایان لێکدایەوە، بەڵكوو پتر ڕاستییەکەی لەوەدایە خودی ڕەفتاری ئەو گەنجە موسڵمانە بریتییە لەو کردارەی کە لەمێژە بە بیرۆکە بەربەرییەکانی جیهادیستەکان دنە دەدرێت. ئەو گەنجە سەربڕە هەر پشتخانێکی فەرهەنگی و هەر ژینگەیەکی پەروەردەیی دواکەوتووشی هەبێت ناکاتە ئەوەی ببێتە مەخلوقێکی وەها دڕندە کە خوێنساردانە وبێ هیچ سڵکردنەوەیەک سەری مرۆڤێک لێ بکاتەوە، ئەوەی ئیمان دەدات بەو، ئەوەی فەرمان دەدات بەو، ئەوەی هەقیقەت دەدات بەوە، ئەوەی دادوەری دەدات بەو، بانگەوازە ئایینییەکەیە، گوتارە جیهادیزمەکەیە کە ئەو دروست دەکات و دەیکاتە بەربەرێک لە بەرزترین پلەی بەربەریەتدا، ئەو دوو دۆگمایەیە کە وەک بکوژی ئەویتر و وەک شەهیدی خوا گۆشی دەکەن.

لەمڕۆدا ئەرکی تیۆلۆگەکان و ئەرکی كولتوورناسەکان لە دونیای ئیسلامدا بریتییە لە داڕشتنی تیۆرەیەکی ڕەخنەی ژیرانە لە گوتاری ئیسلامی سیاسی و بگرە ڕەخنە لەخودی ئایین وەک ڕێچکەیەکی ژیانی ڕۆحانییانەی مرۆڤەکانی ئەو دونیایە. ئەوەی کە جیهانی ئیسلامی خۆی ڕۆشنگەر ناکات، ئەوەی کە ئەو جیهانە هیچ پێش ناکەوێت، ئەوەی ئەو جیهانە ئەوەتەی هەیە جگە لە یۆتۆپیای ئیسلامی هیچ یۆتۆپیایەکی تری نییە، ئەوەی کە جیهانی ئیسلامی نەیتوانیوە لە تەکنیک وزانست تێ بگات، هی ئەوەیە تا ئێستا تیۆرەی ڕەخنەی ئایینی سەری هەڵنەداوە، تا ئێستا ئایین وەک فۆرمێکی چواردە سەدەیی هێشتا خۆی نوێ و ڕیفۆرم نەکردۆتەوە. هەموو شتێک شیاوی لەبەریەکهەڵوەشاندنەوەیە، ئایینیش دەبێت لەبەریەک هەڵبوەشێنرێتەوە و چیتر ببێتە کایەیەکی ڕۆحییانە بۆ پێوەندی کۆمەڵایەتی و کایەیەکی خوداناسانە بۆ بەخشینی ئارامی وئاسوودەیی ڕۆحی بە مرۆڤەکان، ئایینی ئیسلام دەبێت لە خراپ بەکارهێنان ڕزگار بکرێت و ئیتر دەبێت وەكوو ئایین خۆی بەکاربهێنرێت.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: