پشیلەش ئەخوات و ئەخواتەوە!

650
0
بڵاوکردنەوە:

دکتۆر ئیمام عەبدولفەتاح ئیمام

وەرگێڕانی: سامان عەلی

 

خوێندکاربووم لە زانکۆ کاتێک کتێبی یەکێک لە مامۆستایانی یاسای وڵاتەکەمانم بۆ خوێندنەوە کەوتە لا، ڕۆژگار ناوی مامۆستاکەی لەبیربردومەتەوە، بەڵام ئەو ڕۆژەی لەبیرنەبردومەتەوە کە تیایدا یەکەمین لاپەڕەی ئەو کتێبەم هەڵدایەوە، ڕوانیم بەبێ عەینی لاپەڕەیەکی سپی بوو تەنها سێ وشەی سەیر و نامۆی تێدا دانرابوو کە مامۆستاکە لە ناوەڕاستی پەڕەکەدا نووسیبووی و جێیهێشتبوو و ڕۆیشتبوو. ئەو سێ وشە سەیر و نامۆیە ئەمەیە: “… پشیلەش دەخوات و دەخواتەوە!” بەم جۆرە و بەبێ هیچ ڕاڤە و لێکدانەوەیەک! ئەوێ ڕۆژێ بە تێڕامانەوە لە سەر ئەم دەستەواژە سەیرە ڕاوەستام. ئاخۆ مامۆستای یاسا مەبەستی لەو دەربڕینە چییە؟ بۆچی بەو شێوە سەیرە سەرەتای کتێبەکەی دەستپێکردووە؟! پێی لێ ئەنێم کە تەنها لەپاش ساڵانێکی دوورودرێژ ئینجا توانیم ئەو دەستەواژەیە لێکبدەمەوە کاتێک کە لە فەلسەفەی هیگڵم کۆڵییەوە. ماوەیەکی دوورودرێژ بە تێڕامانەوە لە سەر ئەو جیاوازییە وەستام کە هیگڵ لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا کردویەتی، کە جیاوازییەکە لە بناغەدا بەربنەمای بیرۆکەی “هۆشیاریی”ە، لە دیدی هیگڵدا مرۆڤ خاوەنی هۆشیارییە بەڵام ئاژەڵ جۆرێک لە هۆشیاریی “یاخود دەرک”ی هەیە کە بە هۆیەوە دەرک بەو شتانە دەکات کە لە ژینگەی دەوروبەری و هەروەها دەرک بەو مرۆڤانەیش دەکات کە لە دەوری هەن: دەرک بە خواردنەکەی دەکات و دەچێت بۆ لای، دەرک بە خاوەنەکەی دەکات و دەچێت بۆ لای، دەبینێت دارێکی بە دەستەوەیە دەترسێت و هەڵدێت، لە ڕێگای بەکارهێنانی هەستەکانیشییەوە جۆرێک لە “هۆشیاریی” دروست دەکات، بەڵام هۆشیارییەکی تاکئاراستە، چونکە هۆشیارییەکە لە سەر ڕاستەهێڵێک ڕێدەکات؛ خواردنەکەی دەبینێت یاخود بۆنی دەکات ئیتر دەچێت بۆ لای تاکو بیخوات.. هتد. بەڵام ئەم هۆشیارییە لای مرۆڤ دەبێت بەو شتەی کە بە “خودهۆشیاریی” یاخود هۆشیاریی هۆشیاریی ناودێر ئەکرێت، ئەگەر من وەکو مرۆڤ لەگەڵ ئاژەڵدا لە ڕوانگەمدا بۆ خواردن و خواردنەوە یاخود چوونم بۆ لایان هاوبەش بم، بەڵام لە بابەتێکی یەکجار گرنگدا لەو جیاوازم ئەو بابەتەیش ئەوەیە کە من خواردن دەخۆم و دەرک بەوە دەکەم کە خواردن دەخۆم و هاوڕێکەم لە سەر شەقامەکە دەبینم و دەرک بەوە دەکەم کە دەیبینم.. هتد، دەربڕینی “من نان دەخۆم” گوزارشت لەو هۆشیارییە دووفاقە دەکات، هەر بۆیە بە تەنها مرۆڤ لە توانایدا هەیە بڵێت: “من”، ئەمەیش تایبەتمەندییەکی مرۆیی زۆر گرنگە، چونکە هۆشیاریی ئاژەڵ دەچێت بۆ لای شتەکان و ناگەڕێتەوە، بەڵکو لە ناو شتەکاندا بە نوقومبوویی دەمێنێتەوە، بێجگە لەوە ئاژەڵ ناتوانێت لە چوارچێوەی هەست دەربچێت، چونکە هۆشیارییەکەی لەو سنوورە تێناپەڕێت، هۆشیارییەکەی نوقومی سروشت و نغرۆی مادەیە!

پێموایە ئەم جیاوازییە زۆر گرنگە، چونکە ئەو تاکهۆشیارییە کە لە سەر ڕاستەهێڵێک ڕێدەکات و لە خودەکەیدا ڕەنگناداتەوە هۆشیاریی ئاژەڵانەیە یاخود هۆشیارییەکی تاکئاراستەیە کە لە خودەکەیدا پێچەوانە نابێتەوە تاکو دەرکی بکات و کەموکووڕییەکانی بزانێت و دەستکارییان بکات یاخود چاکیان بکات، ئەوە هۆشیاریی ئاژەڵانەیە! ئەو هۆشیارییەی کە تا بینەقاقای نوقومی هەستە، هۆشیاریی ئاژەڵانەیە! ئەو هۆشیارییەی کە لە سنووری خواردن و خواردنەوە و سێکسکردندا قەتیس دەمێنێت، هۆشیاریی ئاژەڵانەیە کە دەرک بە هزری پەتیی ناکات لەبەرئەوەی لە خۆیدا ڕەنگناداتەوە. ئەم هۆشیارییە نە زانستێک پێکدێنێت و نە پەیوەندیشی بە فەلسەفەوە هەیە؛ چونکە هۆشیارییەکە “بیرناکاتەوە”، هەموو ئەو بوارانەیش تەنها بیر یاخود هزر دروستیان دەکات. کەواتە ئایا هیچ سەیری و نامۆییەک لەوەدا هەیە ئەو وشەیەی کە لە نێو زمانە بیانییەکاندا هێما بۆ بیرکردنەوە دەکات وشەی؛ Reflectionـە کە بە واتای ڕەنگدانەوە یاخود پێچەوانەبوونەوەیش دێت؟ چونکە بیرکردنەوە پێچەوانەبوونەوەیە یاخود خودهۆشیارییە و، تایبەتمەندییەکە کە مرۆڤ هەیەتی نەک ئاژەڵ!

ئێمە زۆر کات لە یادمان دەچێت، یاخود لە یادی دەکەین، کە لایەنێکی گرنگی مرۆڤیش هەر دیسان “ئاژەڵ”ـە! ئەوە ئەم لایەنە ئاژەڵییەیە کە مرۆڤ لێوەی دەستپێدەکات، چونکە مرۆڤ بە ئاژەڵیی لەدایک دەبێت و پێویستە لە سەری کە ببێت بە مرۆڤ! زۆرێک لە خەڵکی بڕوایان وایە کە مرۆڤ بە لەدایکبوون تایبەتمەندیی مرۆڤبوون بەدەستدەهێنێت، واتە تەنها بە لەدایکبوون دەبێت بە مرۆڤ، بەڵام ئەمە بیرێکی نەشیاو و خەیاڵاتە، چونکە مرۆڤ کاتێک کە لەدایک دەبێت هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئاژەڵدا نییە، تەنها یەک هۆشیاریی تاکئاراستەی هەیە کە لە خۆیدا ڕەنگناداتەوە، هەر بۆیە دەبینین پەیوەستییەکی توندوتۆڵ نوقومی هەستی پەیوەست بە مادەیە، تەنانەت “دایک”یش لەلای ئەو تەنها سەرچاوەیەکە بۆ تێربوون و گەرم داپۆشین و پاکوخاوێنی و… هتد. بابەتەکە ماوەیەکی دوورودرێژی دەوێت تاکو تەنها وشەی دایک واتایەکی ڕووت وەربگرێت کە ئاسوودەیی لای گوێگرەکەی دروست بکات تەنانەت ئەگەر لەو کاتەدا دایکەکە لە ژیانیشدا نەمابێت!

نەشونماکردنی منداڵیش لە فێربوون و وەرگرتنی ڕۆشنبیریدا لە پەرەسەندنی کۆمەڵەوە لە بواری شارستانیدا زۆر نزیکە، چونکە هەردوکیان پێویستە لە سەریان ئەو قۆناغە هەستییە تێبپەڕێنن کە پەرەسەندنەکەیان لێیەوە دەستیپێکرد؛ منداڵەکە بە نموونە وەربگرە؛ بڕوانە چۆن پەرەدەستێنێت، چۆن بیری پەتیی فێر دەکەین؟! ئێمە ڕەنگە سەرەتا بەوە ماتماتیکی فێربکەین کە هانی بدەین بە پەنجەکانی دەستی بژمێرێت، یاخود پرتەقاڵێک بکات بە دوو کەرتەوە، تاکو بزانێت یەکی ڕاستەقینە دەبێت بە دوو کەرتەوە، یاخود چەو و دەنکە بەرد بە سەر هاوڕێکاندا دابەش بکات و… هتد، هەموو ئەمانەیش ڕێگا و شێوازێکی پەروەردەکارانەن بۆ فێرکردنی بیرکاری یاخود ماتماتیک، لەو سۆنگەیەیشەوە کە منداڵ بە هەست و بە مادەوە پەیوەستە پێویستە لە سەرمان پەیتا پەیتا لەگەڵی بڕۆین تاکو بیرۆکەی پەتیی بە شتێکی ماتەریالییەوە پەیوەست بێت. بەڵام نەشونماکردنی منداڵ لە قۆناغێکی دواتردا بە تێپەڕاندنی بواری هەستییەوە بەندە تاکو تەنها لە کایەی بیری پەتیدا کار بکات، لە قۆناغی ناوەندیدا بۆ نموونە پێویستە بەو هێما ماتماتیکییانەوە کە تێیدا هەن و بەبێ گەڕانەوە بۆ شتێکی بەرهەست فێری بیرکاری ببێت، پێویستە ئەو هۆشیارییە بەدەستبهێنێتەوە کە نوقومی هەست بوو بوو تاکو لە خۆیدا ڕەنگبداتەوە، پێویستە “هۆشیاریی لەدەستچوو” بەدەستبهێنێتەوە، تاکو بتوانێت بیربکاتەوە، ئەگەر بەو جۆرە نەکات، واتە ئەگەر بینیمان کە لە قۆناغی ناوەندیدا هێشتا پەنجەکانی بۆ ژماردن بەکاردەهێنێت یاخود تەنها کاتێک دەتوانێت لە بیرۆکە تێبگات ئەگەر لە شتێکی بەرهەستدا بەرجەستە ببێت، دەڵێین کە ئەو کەسە “لە ڕووی ئەقڵییەوە لەدوایە” واتە توانا ئەقڵییەکانی توانای منداڵێکن کە تەمەنی شەش ساڵە، ئەمەیش لەگەڵ تەمەنە کاتەکییەکەیدا کۆکنایەتەوە، واتە لەگەڵ تەمەنی لە بڕوانامەی لەدایکبوونەکەیدا کە بۆ نموونە تەمەنی شانزە ساڵە ناگونجێت!

کتومت هەر ئەمەیشە واتای دواکەوتویی شارستانی، چونکە کۆمەڵی دواکەوتو لە ڕووی شارستانییەوە ئەو کۆمەڵەیە کە بڕێک شێوازی بیرکردنەوە تیایدا زاڵ و باوە کە بۆ نموونە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا باو بوون ئەگەرچی تەمەنی کاتەکیی ئەو شارستانییە سەدەی بیستە!

کەواتە مرۆڤ بە ئاژەڵیی لەدایک دەبێت و پێویستە لە سەری کە بە بیرکردنەوە ببێت بە مرۆڤ و، هۆشیاریی لەدەستچووی بزربووی نێو جیهانی هەست بەدەستبهێنێتەوە تاکو بگەڕێتەوە بۆ لای، پێویستە لە سەری دەست لە مانەوە لە جیهانی “سروشتی ماتەریالی”دا هەڵبگرێت و ڕووەو جیهانی هزر بڵند بێت، سەیر ئەوەیە چەند بە پلیکانەی پەرەسەندندا دابەزیت دەبینیت کۆمەڵە دواکەوتووەکان تا بینەقاقایان نوقومی هەستە، بەڵام ئەوە کۆمەڵە پێشکەوتووەکانن کە لە هەست و مادەوە بۆ جیهانی بیر و ڕۆح ترازاون بە پێچەوانەی ئەوەی کە باوە! هەر بۆیە لە نێو کۆمەڵە دواکەوتووەکاندا دژوارە هیچ پەرەسەندنێکی زانست یاخود هونەر یاخود فەلسەفە بەدیبکەیت کە بوارە سەرەکییەکانی چالاکیی ڕۆحیی مرۆڤن! هەروەها سەیر ئەوەیە ئێمە بڕوامان وایە کە زانست و شارستانیی زانست بڕێک بابەتی “ماتەریالیین!” مەگەر ئەو شارستانییە نییە کە ئۆتۆمبێل و فڕۆکە و کەشتی و چەک و چۆڵ و ئامێر و ئامرازەکان و… هتد، دروستکردووە کە هەموویان بڕێک بابەتی ماتەریالیین! بەڵام من دەمەوێت لە سەر لوتکەی چیایەکی بڵند ڕابووەستم تاکو بە دەنگێکی بەرز هاوار بکەم؛ با هەموو کۆمەڵەکەمان گوێی لێ بێت: هۆ خەڵکینە، ئەو بابەتانە بڕێك بابەتی ماتەریالی نین، بەڵکو “بڕێک بیر و هزرن” لە نێو پارچە ئاسن یاخود پارچە مسێکدا مەییون، یاخود بیرێکی باڵان لە نێو پارچەیەک تەختە یان پارچە کانزایەکدا بەرجەستەبوون، چالاکییەکی ڕۆحیی هەندێک خەڵکن کە بۆ زانست تەرکی دونیایان کردووە و شەونخونییان بە دیار بیرکردنەوەی داهێنەرانەوە کێشاوە نەک بە دیار قسەوباس و خواردن و خواردنەوەوە، زانایەک نهێنی نەخۆشییەک ئاشکرا دەکات، یەکێکی تر دەرمانێک دروست دەکات و، یەکێکی دیکەیش ئامرازێکی پەیوەندیکردن پەرەپێدەدات و… هتد. ئێمەیش هیچ کارێکی تر ناکەین تەنها بەکارهێنانی ئەو شتانە نەبێت کە ئەوان دروستی دەکەن پاشان دەچین بە ماتەریالیی بۆگەن ناوزەدیان دەکەین، بەڵام ئێمە خۆمان “ڕۆحانییەتی خۆرهەڵات”مان هەیە! هیگڵ ڕۆحی لە نێو کۆمەڵە خۆرهەڵاتییەکاندا بە ڕۆحێکی نغرۆی سروشتێکی ماتەریالی ناودێر دەکرد و دەیوت کە ئەو کۆمەڵانە لە هەوڵی ئەوەدان لەو بۆتەیە دەربازبن، منیش دەترسم بڵێم قسەکەی هیگڵ ئەگەرچی ڕەقە بەڵام تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان قسەیەکی ڕاستە و، نابێت ئەو توێکڵە ڕۆحییە دەرەکییە فریوت بدات، دزە بکە نێو ئەو ڕۆحە شتی سەیر و سەمەرە دەدۆزیتەوە! شتی وەکو نوقومبوون لە هەستدا تا بینەقاقا! نموونە باڵا ماتەریالییەکەی ئێمە ئەمەیە: دەوڵەمەند ببم و ببم بە خاوەنی ئەو شتە و ئەم شتە و، خۆشترین خواردن بخۆم و بەتامترین خواردنەوە بخۆمەوە و سێکس بکەم! ئەمانە نموونەی باڵا نین، نموونەی باڵا ئەوەیە کە داهێنان بکەم و دۆزینەوە ئەنجام بدەم، یاخود ببم بە زانا یاخود وێژەوانێکی گەورە یاخود هونەرمەندێکی مەزن یان فەیلەسووفێک کە فەلسەفەکەی سەرباری کەلەپووری مرۆڤایەتی ببێت و شکۆی کندی و فارابی و ئیبن سینا و… هتد بگەڕێنێتەوە. نەخێر گرنگ ئەوەیە پشکی بانکەکە زیاد بکات و پانتایی موڵکە مادییەکان فراوانبن و، چێژ لە هەموو ڕووەکانی ژیانی ئاژەڵییانە وەربگرم و لە گەرمەی هەڵپەکردن بۆ مادەدا ئەوەم لەبیربچێتەوە کە ئەگەر مرۆڤ بە ئاژەڵی لەدایک ببێت مەرج و پێویست نییە ببێت بە مرۆڤ، مرۆڤانێک هەن بە ئاژەڵی لەدایک دەبن و تا دەمرن بە ئاژەڵی دەمێننەوە، ژیانی تێدەپەڕێنێت و وەک مرۆڤێک نایباتە سەر، ئەو ڕۆژەیش کە دەمرێت تەنها مشتێک خۆڵ بۆ زەوی زیاد دەکات! لەبەرئەوە تەنها مرۆڤ ناخوات و ناخواتەوە، بەڵکو پشیلەش هەر دیسان دەخوات و دەخواتەوە

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: