نیتچە و زانستی لاهوت

763
0
بڵاوکردنەوە:

موراد وەهبە

وەرگێڕانی: سامان عەلی

 

ئەم وانەیە، لە ڕۆژی٢٣ی مانگی ئاداری ساڵی٢٠٠٠، لە کۆڕی؛ “نیتچە و کاریگەریی لە سەر فەلسەفەی نوێ”، لە ئەنجوومەنی باڵای ڕۆشنبیریی لە قاهیرە، وتراوەتەوە.

لە ساڵی٢٠٠٠دا جیهان بە بۆنەی تێپەڕبوونی سەد ساڵ بە سەر کۆچی دوایی نیتچە (١٨٤٤-١٩٠٠)دا ئاهەنگی گێڕا. بە بڕوای من هۆکاری ئەم ئاهەنگگێڕانە بۆ ئەم دوو دیاردە سەرەکییە دەگەڕێتەوە: دیاردەی یەکەم؛ فەلسەفەی نیتچە بابەتی کێشمەکێشە. چونکە بڕیاربوو ڕۆژی ١٥ی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی١٩٩٤، لە ڤایمار لە ئەڵمانیا، بە بۆنەی تێپەڕبوونی سەدوپەنجا ساڵ بە سەر لەدایکبوونیدا بگێڕدرێت، ئەوەبوو فەیلەسووفی ئەڵمانی؛ ئالفرێد ڕۆزنبێرگ، ئەوەی ڕاگەیاند کە نیتچە، بە هەمان شێوەی پارتی نازی، بێجگە لە خۆی دەداتە دواوە و قەدەغە دەکات. یەکێک لەو لێکۆڵینەوانەی کە ئەوکات خرابووە ڕوو، لێکۆڵینەوەی مێژوونووسێکی ئەڵمانی بوو ناوی ئێرنست تۆلتی-یە لە ژێر سەردێڕی؛ “نیتچە و فاشیزم”دا، کە نووسەرەکەی تیایدا پشتگیری لەو وتەیەی ڕۆزنبێرگ دەکات. ئیتر فەیلەسووفە جوو و ئەڵمانەکان ئامادەی کۆڕبەندەکە نەبوون، بەو هۆیەیشەوە کۆڕبەندەکە سازنەکرا. لە ڕۆژی ١٥ی مانگی تشرینی یەکەمی سالی١٩٦٩دا، “کۆمەڵەی نیتچە” لە پاریس دامەزرا و، گۆڤارێکی بە ناونیشانی “نیتچە و کلتووری جوویزم ” دەرکرد.

ئەوە دەربارەی دیاردەی یەکەم، هەرچی دەربارەی دیاردەی دووەم هەیە، ئەوەیە کە نیتچە کاریگەرییەکی ڕیشەیی لە زانستی لاهوتدا دروستکرد، باشترین بەڵگەیش بۆ ئەمە ئەوەیە کە فرۆید نیتچەی بە موسای سەدەی بیست ناوزەد کردبوو، چونکە نیتچە دامەزرێنەر و بناغەدانەری ئایینی سەرزەمینە، مارتن بۆبەریش دەیگوت؛ نیتچە ڕوانگەیەکی نوێی دەربارەی مرۆڤی ڕاستەقینە هەیە. ئەمەیش واتای ئەوە دەگەیەنێت کە لە نێوان نیتچە و زانستی لاهوتدا، پەیوەندییەک هەیە. ئێستا پرسیارەکە ئەمەیە:

سروشت و تایبەتمەندیی ئەو پەیوەندییە چییە؟

لە نێو کتێبی؛ “مێژووی بیری لاهوتی”دا، لاهوتناسی ئەڵمانی؛ پۆل تیلیچ، دەڵێت: “فریدریش نیتچە یەکێکە لە مەزنترین ئەو بیرمەندانەی کە بەم دواییانە کاریان لە پەرەسەندن و پێشکەوتنی زانستی لاهوت کردووە بە هۆی ئەو هێرش و پەلامارەیەوە کە کردویەتییە سەر کریستیانیزم” (١). ئەم دەقەیش ئەوە دەگەیەنێت کە لە نێوان نیتچە و زانستی لاهوتدا خاڵی بەیەکگەیشتن هەیە.

کەواتە پرسیارەکە ئەمەیە:

ئەو خاڵی بەیەکگەیشتنە لە چ شوێنێکدایە؟

بەبێ چەند و چوون لە چەمکی خودا دایە، بە هۆی ئەوەی کە تەوەری زانستی لاهوت خودایە لە پەیوەندیدا لەگەڵ جیهان و لەگەڵ مرۆڤدا.

سەبارەت بە ئەم پرسیارەیش:

خودا لە فەلسەفەی نیتچەدا چ شوێن و پێگەیەکی هەیە؟

نیتچە لە نێو کتێبی “زەردەشت بەم چەشنە دوا”دا دەڵێت: “هۆ باڵا مرۆڤەکە، لە منەوە فێربە. لە بازاڕ هیچ کەس باوەڕی بە باڵا مرۆڤ نییە. بەڵام ئەگەر ویستت لەوێ بدوێیت بڕۆ، بەڵام گجە بە چاو هێما دەکات و دەڵێت: ئێمە هەموو یەکسانین… هۆ باڵا مرۆڤ، گجە بەو جۆرە بە چاو هێما دەکات، هیچ باڵا مرۆڤێک بوونی نییە. چونکە مرۆڤ مرۆڤە. لە بەر دەم خودایشدا ئێمە چوونیەکین… لە بەر دەم خودایش؛ بەڵام خودا مرد… با یەکسان بوون لەگەڵ گجە ڕەتبدەینەوە”(٢). لە نێو ئەم دەقەدا دوو چەمک هەن یەکتری نەرێ دەکەن، ئەو دوو چەمکەیش خودا و باڵا مرۆڤن، واتە باڵا مرۆڤ تەنها کاتێک بەدیدێت یاخود بەرجەستە دەبێت کە خودا مردبێت. لێرەدا پرسیارێک هەیە پێویستە بکرێت:

ئەو خودایە کێیە کە، لای نیتچە، مردووە؟ ئێمە لە مێژووی فەلسەفەوە وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەینەوە. لە سەردەمی یۆنانی دێرین و کۆندا سوکرات بەوە تۆمەتبارکرا کە خوداکان ڕەتدەداتەوە و بە بازاڕەکاندا دەگەڕێت تاکو گجە هان و دنە بدات ئەم ڕەتدانەوەیە پەسەند بکەن، ئیتر بڕیاری لەسێدارەدانی بە سەردا سەپێنرا. لەڕاستییدا سوکرات هەندێک خوداوەندی دیاریکراوی ڕەتدەدایەوە و بە شوێن جێگرەوەیەکدا دەگەڕا بۆیان. بە هۆی ئەم لەسێدارەدانەوە، هەروەها بە پێچەوانەی ئەم لەسێدارەدانەوە، فەیلەسووفەکان ڕێچکەیەکی پێچاوپێچی خاوەن جووڵەیەکی دیالەکتیکییان گرت کە لە نێوان نەرێ و ئەرێدا ڕاڤە دەکرێت. چەمکی خودا لای ئەفلاتون چەمکێکی ڕوون نییە، چونکە گاهێک هەبووی تەواو کامڵ یاخود ئەقڵییە بەرامبەر بە جیهانی بەرهەست بەو شێوەیەی کە لە گفتوگۆی فایدۆندا هاتووە. لە (خوان)دا ئەفلاتون یەک و نموونەی چاکەخوازیی یاخود یەک و خودی جوانیی خۆی یەکدەخات، بەڵام لای ئەرستۆ خودا بزوێنەری یەکەمە و دەبێت یەک بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا دەڵێت شان بە شانی بزوێنەری یەکەم بڕێک ئەقڵی هەمیشەیی تاهەتایی وەکو خودا هەن، هەروەها بڕێک ئەقڵی هاوشێوەی خۆی تەواو پەتیی هەن. بەڵام وێڕای ئەو ناڕوونی و ئاڵۆزییەی کە پێدەچێت لە چەمکی خودا لای ئەفلاتون یاخود ئەرستۆ هەبێت، بەڵام ئەوان هەردووکیان لە سەر ئەوە تەبان کە خودا ترانسێندێنتە. ئەم چەمک و واتایە دەربارەی خودا کە ترانسێندێنتە، لای ئەو فەیلەسووفانە بووە چەمکێکی بەربڵاو و باو کە باوەڕیان پێیەتی، تەنها ڕێچکەی یەکبوون نەبێت کە ئەم ترانسێندێنتە ڕەتدەداتەوە چونکە خودا و سروشت پێکەوە یەکدەخات، وەک ئەوەی کە لای سپینۆزا دەیبینین.

ئەو فەیلەسووفانەی کە باوەڕیان بە چەمکی خودای ترانسێندێنتە، چەندین ڕەوت و ئاراستەی فرەجۆریان بۆ سەلماندنی بوونی گرتەبەر، تا ئەو کاتەی ئیمانوێل کانت هات و ڕەخنەی ئەو زانستی لاهوتەی کرد کە لە دەوروخولی پێلینان لە خودایەکی ترانسێندێنت دەخولێتەوە و بوونی دەسەلمێنێت. ئیمانوێل کانت ئەو بەڵگانەیشی لە سێ بەڵگەدا کۆکردووەتەوە: بەڵگەی ئۆنتۆلۆژیی و بەڵگەی سروشتیی و بەڵگەی سروشتیی خودایی. دوو بەڵگەکەی دووەم و سێیەم پشت بە بەڵگەی یەکەم دەبەستن، لەبەرئەوە ئەگەر دەرکەوت و سەلما کە چەوتە، ئەوکات دوو بەڵگەکەی تریش بەبێ چەند و چوون چەوت دەبن. کانت چەوتیی بەڵگەی یەکەم دەسەلمێنێت، بە هۆکاری ئەوەی کە پشت بە پێناسەکردنی خودا دەبەستێت بەوەی ئەو هەبووەیە کە خاوەنی هەموو تەکووز و کەماڵێکە. بوونیش لە تەکووز و کەماڵەکانە، چونکە ئەگەر کەماڵ و تەکووز بوونی نەبێت ئەودەم کەموکووڕ و ناکامڵ دەبێت و ئەمەیش دژبەرە. کانت لەبەر دوو هۆکار ئەم بەڵگە ئۆنتۆلۆژییە ڕەتدەداتەوە: هۆکاری یەکەم ئەوەیە کە بوون کەماڵێک نییە لە کەماڵەکان، چونکە هیچ شتێک سەرباری واتای خودا ناکات. هۆکاری دووەم ئەوەیە کە ئەم بوونە بوونێکی هۆشەکییە نەک بوونێکی بەرجەستە. چوون و گواستنەوەی ڕاستەوخۆیش لە بوونی هۆشەکییەوە بۆ بوونی بەرجەستە بە هۆی دەرکی ئەقڵییەوە ناکرێت. ئەقڵی مرۆڤ خاوەنی ئەم چەشنە لە دەرک نییە، بەم پێیە ئەم چوون و گواستنەوەیە چوون و گواستنەوەیەکی ڕێگەپێدراو نییە. بەربنەمای ئەمەیش بوونی خودایەکی ترانسێندێنت لە ڕووی تیۆرییەوە پووچەڵ دەبێتەوە و ئەمەیش لە دیدی نیتچەدا زەمینەسازکەر و ڕێگاخۆشکەرە بۆ مردنی ئەو خودایە. بەڵگەیشمان بۆ ئەوە ئەم دوو بابەتەیە: بابەتی یەکەم؛ لە نێوان نیتچە و زانستی لاهوتی کلاسیکیدا کە پشت بە خودایەکی ترانسێندێنت دەبەستێت وەک سۆنگەی یەکەم و وەک سۆنگەیەکی بزر، پەیوەندیی دژبەریی هەیە. نیتچە پێیوایە ئێمە مافی ئەوەمان نییە لە سروشتی بوون بکۆڵینەوە تاکو بە سۆنگەی یەکەم بگەین، واتە لە بەر ڕۆشنایی و تیشکی بەڵگەی سروشتیدا بوونی خودایەکی ترانسێندێنت بسەلمێنین. هەرچی چەمکی ئامانجیش هەیە چەمکێکە خۆمان دامانهێناوە چونکە لەڕاستییدا هیچ ئامانجێک بوونی نییە (٣). بابەتی دووەم باسی ئەو پەرەسەندنە دەکات کە لە ساڵانی شەستی سەدەی پێشوو، یاخود کتومت لەپاش مەرگی نیتچە بە نزیکەی شەست ساڵ، بە سەر زانستی لاهوتدا هات. چونکە لە مانگی ئاداری ساڵی١٩٦٣دا کتێبێکی قەشە جۆن ڕۆبنسۆن بە ناونیشانی “با دڵسۆزی خودا بین” بە قەبارەیەکی بچووک و لە دووتووێی ١٤١ لاپەڕەدا چاپ و بڵاوبووەوە و لەو ساڵەدا نۆ جار چاپکرایەوە، چوار چاپیان لە مانگی ئاداردا کرانەوە و ٣٥٠ هەزار دانەی لێ چاپکرا. ڕۆبنسۆن هەفتەیەک بەر لە بڵاوبوونەوەی کتێبەکەی وتارێکی لە ڕۆژنامەی Observerدا لە ژێر سەردێڕی؛ “وێنامان دەربارەی خودا دەبێت نەمێنێت” بڵاوکردەوە. تێکڕای کتێبەکەی قەشە جۆن ڕۆبنسۆن لە دەوروخولی بەڵگەهێنانەوە و سەلماندنی پێداویستیی نەمانی چەمکی خودای ترانسێندێنت یاخود ئەو خودایەی کە “لەوێ”یە یاخود ئەو هەبووەی کە لە سەرەوەیە، دەخولێتەوە، چونکە ئەم خودایە مردووە.

لە ساڵی١٩٦٦دا تۆماس ئاڵتیزەر کتێبە گەورەکەی خۆی؛ “ئینجیلی ناخوداباوەڕیی کریستیانی” بڵاوکردەوە، تیایدا هاتووە: “خودا لە ڕۆژگار و مێژوو و بوونی ئێمەدا مرد. نیتچە لە سەدەی نۆزدەدا ئەو چەمکەی ڕاو کرد، پێویستە لە سەر لاهوتییەکان لە سەدەی بیستدا لە ناو خەڵکیدا بەگشتی و لە ناو خەڵکی کریستیاندا بەتایبەتی مزگێنی و مژدانەی ئەو ڕووداوە بدەن، چونکە چەمکی باوی خودا لەو ڕووەوە کە لە جیهانی دروستکراو سەربەخۆیە لە شێوازێکی کاتیی لە شێوازەکانی بیرکردنەوە بەولاوە زیاتر نییە و، خستنەسەری ئەو نامۆبوونەیە کە مرۆڤ لەگەڵ خۆیدا گرفتارێتی و، کاتی ڕزگاربوون لە دەستی هاتووە. ئێمە پێویستمان بە باوەڕێکی نوێ هەیە، باوەڕێک لەو چەمک و وێنایەمانەوە سەرچاوە دەگرێت کە خودا لە جووڵەیەکی بەردەوامدا پەرەدەستێنێت، ئەم باوەڕە نوێیەیش چەمکە کلاسیکی و باوەکەی خودا دەداتە دواوە”.

لە ساڵی١٩٦٦دا ویلیام هاملتۆن لەگەڵ تۆماس ئاڵتیزەر کتێبێکی بە ناونیشانی “لاهوتی ڕادیکالی و مەرگی خودا” بڵاوکردەوە. هاملتۆن بە پێچەوانەی ئاڵتیزەرەوە پێیوایە کە بابەتەکە بابەتی دەستنیشانکردنی مردنی خودا نییە لە قۆناغ یاخود ماوەیەکی دیاریکراو لە مێژوودا، بەڵکو بابەتەکە لەو سنوورەدا قەتیس دەمێنێت کە “مردنی خودا ڕووداوێکی مێژوویی کلتوورییە لەم دوو سەدەیەی دواییدا لە ئەوروپا و ئەمەریکادا قەوما”. مرۆڤ هیچ شتێکی تری لە سەر نییە تەنها هەڵکردن نەبێت لەگەڵ ئەم قەوماوە و، قایلبوون بە مردنی مێژوویی کلتووریی خودا لەبەرئەوەی چی تر بەکەڵکی ڕزگاربوونی لە دەست نیگەرانیی و نائومێدیی نایەت. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا هاملتۆن متمانەی بە گەڕانەوە لە دەست نەدا بەو مەرجەی کە ڕۆڵێکی نوێ بگێڕێت. لەو لایەنەیشەوە لە ساموێل بیکێتەوە نزیکە لە ناو ڕۆمانی بەناوبانگ و ئاڵۆزی؛ “لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا”. پاش ئەوە جووڵەی مەرگی خودا دەبێت بە جووڵەیەکی دووفاق، واتە بابەتی مەسیحیبوون هاوتای بەئاگابوون لە جیهان و دووربوون لە ئایین دەگەیەنێت، بەڵام لە چاوەڕوانیی گۆدۆ و لە چوارچێوەیەکدا کە لە لەگەڵ ئەم سەردەمە تەکنەلۆژییەدا بگونجێت. هەروەها هاملتۆن بڕوای وایە کە ئەم ڕوانگە نوێیە گوزارشت لە قۆناغی پاش گرێی ئۆدیپ دەکات، کە گرێیەکە بە هۆی کوشتنی باوکەوە سەریهەڵدا.

لەدوای ئەوە دەمێنێتەوە پۆڵ ڤان پۆرن کە بە ئاراستەی لاهوتی مەرگی خودادا هەنگاو دەنێت، بەڵام بە پشتبەستن بە شیکاری زمانەوانیی، دیارە ئەوەیش لە نێو کتێبەکەیدا؛ “واتای عەلمانیی ئینجیل”، چونکە ئەم قەشە پڕۆتستانتییە پێیوایە ئەو بابەتەی کە دەڵێت؛ “خودا بوونی هەیە”، لە ژێر تیشکی ئەو بنەمای کۆڵینەوەیەدا کە چوونیەکبوونی بابەت لەگەڵ پێدراوە هەستییەکاندا دەکات بە مەرج تاکو بابەت واتایەکی هەبێت، بابەتێکی بێواتایە. بەم پێیە ناوبراو لەوە دوورتر دەڕوات کە نیتچە بۆی چووە. چونکە وشەی “خودا” چی تر پێویست پێی نەما لەبەرئەوەی وشەیەکی بێواتایە.

ئەمە پوختەی پەیوەندیی نیتچەیە لەگەڵ جووڵانەوەی لاهوت و مەرگی خودادا، کە جووڵانەوەیەکە لەوەدا لە جووڵانەوە لاهوتییەکانی تر جیاوازە کە ویستی بببێت بە جووڵانەوەیەکی جەماوەریی، هەر بۆیە بەروبوومەکانی کەمنرخ بوون. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا بەردەوام نەبوو، چونکە لە ساڵانی حەفتای سەدەی پێشوو و لەگەڵ سەرهەڵدانی فۆندەمێنتاڵیزمی مەسیحییدا وەک جووڵانەوەیەکی جەماوەریی، ڕاوەستا.

لە بەر ڕۆشنایی ئەم ئەنجامەیشدا ئەم پرسیارە گرنگە دەکەین:

ئەو پەیوەندییە چییە کە لە نێوان جەماوەر و دەستەبژێردا هەیە؟

 

پەراوێزەکان:

(١)Paul Tillich, A History of Theological Thought, Touchstone Book, 1967, P. 302.

(٢)Nietesche, Thus Spoke Zarathustra, Penguin, 1961, P. 297.

(٣)Geoffreyelive, the philosophy nitzsche, Mentor, 1965. P. 425.

 

ژێدەر: گۆڤاری “إبداع”، ژمارە٩ی ساڵی٢٠٠١.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: