ماڵ وەک بەشێک لە ناسنامەی مرۆڤ

793
0
بڵاوکردنەوە:

گۆران ڕەسووڵ

 

بە درێژایی مێژوو، “ماڵ” وەک پێویستییەکەی بەردەوام، بووە بە بەشێک لە ناسنامەی مرۆڤ. ماڵ نەک هەر تەنیا لای مرۆڤ وەک شوێنێک بۆ حەسانەوە و ئارامی و سەلامەتی بینراوە، بەڵکو تەواوی گیانداران بە شێوەی جیاواز لە دااستان و بیابان و ڕووبار و زەریاکانیشدا ماڵیان بۆ خۆیان دروست کردووە. کۆنسێپتی ماڵ نەک هەر لەناو گیانلەبەراندا جیاوازە و تێگەیشتنی هەمەجۆر بۆی هەیە، بەڵکو تەنانەت بۆ مرۆڤیش کۆنسێپتێکی هەمەچەشنە. کۆنسێپتێک کە بەردەوام لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی مرۆڤ، ئامانج و فۆڕمی گۆراوە. هەر ئەمەشە وای کردووە کە بۆ هەر مرۆڤێک، ماڵ مانەیەکی تایبەت بە خۆی هەبێت. لێرەدا پێویستە کە لە ڕووی مانا و تێرمۆلۆجییەوە “ماڵ Home -” لەگەڵ “خانووHouse – ” لێک جیابکەینەوە. لێرەدا مەبەست لە “ماڵ” دیوە گشتگیریەکەی شوێنی مانەوە ژیانی مرۆڤە، زیاتر پەیوەستە بە مانا ئەبستراکتەکەیەوە، کە بازنەی گشتی ئەم نووسینەش هەر لەو چوارچێوەیەدا دەخولێتەوە. هەرچی دەستەواژەی “خانوو”یە، زیاتر پەیوەستە بە زانستی تەلارسازیی Architecture  و لایەنە کۆنکریتییەکەی شوێن بۆ مرۆڤ. ئەگەرچی ئەمەش بەشێکە لە مانا گشتییەکەی ماڵ و ناکرێت کاتێک دەربارەی ناسنامە و یادەوەریی و مێژووی مرۆڤ قسە بکەین و ئەو دیوە فەرامۆش بکەین.

ڕەچەڵەکی وشەی ماڵ Home –  لە زمانی ئینگلیزییدا لە وشەی hām هاتووە، کە بە مانای ئەو شوێنە دێت کە کۆمەڵێک گیانلەبەر تێیدا کۆدەبنەوە، کە ئاماژەیەکە بۆ ئەشکەوت، لانە، گوند یان هەر فۆڕمێکی تری شوێنێک کە مرۆڤ یان هەر بوونەوەرێکی تر لە پێناو مانەوە و بەردەوامییدا تێیدا نیشتەجێبووە و ژیاوە. کاتێک کە ماڵ پەیوەست دەبێت بە کۆبوونەوە و جێگیربوون، دەبێ بگەڕینەوە بۆ ئەو ڕستە بەناوبانگەی کە دەڵێت: ” home is where the heart is” بەو مانایەی دڵت لە کوێ بێت ماڵیشت لەوێیە. واتە شوێنێک کە مرۆڤ لە ڕووی سۆز و هەست و یادەوەرییەوە پێیەوە گرێدراوە. ئەگەرچی ئەمە ڕوانینێکی ترادیشناڵ و سۆزدارانەیە بۆ ماڵ، بەڵام ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەو مەبەستە سەرەکییەوە هەیە کە مرۆڤ لە پێناو مانەوەی خۆیدا دروستی کردووە. بە جۆرێک کە گرینگ نییە لە کوێی ئەم جیهانەدایت و لەگەڵ کێت، هەمیشە ماڵ قووڵترین پەیوەندی لەگەڵ مانای بوونداهەیە. ڕەنگە زۆر مانا بۆ ماڵ هەبن، زمان و کولتوورە جیاوازەکان لە رێگەی فەرهەنگ و دونیابینی خۆیانەوە مانای جیاوازیان بەخشیوەتە ماڵ. بەڵام باشترین و جوانترین مانای ماڵ بۆ مرڤ ئەوەیە کە هەیبێت!

مرۆڤ بۆچی پێویستی بە ماڵە؟ ئەم پرسیارە زیاتر یارمەتیدەرە بۆ هەر مرۆڤێک کە لە بەهای ماڵ بۆ بوون و ژیانی خۆی تێبگات. ئایا ماڵ تەنیا لە پێناو ئارامیی و سەلامەتیی و تەندروستیی مرۆڤە؟ یان کە بەهای ماڵ پەیوەست دەبێت بە مانەوەوە، مرۆڤ ناچار دەبێت هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی خۆی و گۆڕانکارییەکاند،ا بەها و مانای دیکە بداتە ماڵ! بە بڕوای من گرینگترین مانا و بەها کە مرۆڤ ببەستێتەوە بە ماڵ بریتییە لە ئازادیی. لە بابەتی ئازادییدا، ماڵ تەنیا لە شوێنی ژیان و شێوە شێلتەر یان چنراو بە بلۆک و شیش دەردەچێت و دەبێتە بەشێک لە ناسنامەی مرۆڤەکە. بە جۆرێک خۆی داڕێژەری سیستەمەکەیەتی و هەر خۆی بڕیاردەری یەکەم و کۆتاییەتی، کە تێیدا مانایەکی دیکە بە ماهیەتی خۆی دەدات. بە پێچەوانەوە، بە درێژایی سەردەمە جیاوازەکان، مرۆڤ لە دەرەوەی ماڵدا هەمیشە جێبەجێکاری سیستەمی و پلانی ئەوانی دیکە بووە و زۆرجار بووەتە کۆیلەی بنەما و پڕۆگرامی شوێن و ماڵەکانی تر. لە (نیمچەئاگایی – subconscious)دا، ماڵ هەستی ئەوە دەداتە مرۆڤ کە هەموو شتێک لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەودایە و ماڵەکەی سەنتەرە بۆی. ماڵ بۆ مرۆڤ چەقی پەیڕەوکردنی ئازادییەکانی خۆیەتی، بۆیە تەنانەت بۆ مرۆڤێکی گەڕیدە و گەشتیار، ژووری هوتێلێک، یان قەرەوێڵەی هۆستێلێکی هەرزان وەک پێوستییەکەی ڕۆژانە بۆی دەبێتە ماڵ، ئازادیی خۆی تێدا بەرجەستە دەکات.

پێناسەکردن و پێدانی مانا بە ماڵ لە نێو هەر یەک لە دیسپلینەکانی کۆمەڵناسیی، ئەنتروپۆلۆژیا، جوگرافیا، ئەدەب، تەلارسازیی و فەلسەفەدا بە شێوەی جیاواز هەیە، هەر یەک لەم بوار و زانستانە لە تێڕوانینی جیاوازەوە دەڕواننە ماڵ و وەک چەمکێکی فرەڕەهەندی لێی دەڕوانن. بۆ نموونە ماڵ لە ئەدەبیاتدا بە شێوەی جۆراوجۆر بەستراوەتەوە بە خود و ڕەگەز و بیرەوەریی و هتد. لە ناو تێکستی ئەدەبیدا، ماڵ هەندێکجار شوێنە، هەندێکجار فەزا، هەندێکجاریش خۆی تەنیا وەک هەستێک نیشان دەدات. لە هەڕەمی پێوستییەکانی ماسلۆدا ماڵ لە پێوسیتییە بنچینەییەکاندایە و لە ئاستی بناغەی هەڕەمەکەدایە و هاوشانی پێویستییە فیسیۆلۆژییەکان وەک پێویستییەکانی دیکەی مرۆڤ لەسەر خۆیان ڕادەگرن. لەناو هەموو تێراوانییەنە جیاوازەکاندا، دەتوانین بڵێین کە مرۆڤ لە پێناو جێگرکردنی بەها و مانی خۆی، ماڵ دروست دەکات، ئەم کردەیەی مرۆڤ لەو شوێندا زۆر جەخت دەبێتەوە کاتێک بە ناوە جۆربەجۆرەکانی پەرستگە، ماڵ بۆ خواکەی دروست دەکات.

ماڵ و ناسنامە

تەنانەت دوای گەشتێکی نموونەیی بۆ جوانترین و ئارامترین شوێن، لە کاتی گەشیتنەوەمان بۆ “ماڵ”، زۆربەی جار لەبەر خۆمانەوە گوتوومانە “هیچ شوێنێک وەک ماڵی خۆت نییە”، یان وەک ئینگلیزیی زمانێک لە گەشتێک دەگەڕێتەوە ماڵ، یەکڕاست دەڵێت “Home sweet home”. ئەمە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە گەڕانەوە بۆ خودی خۆمانەوە هەیە. گرێدراوە بە هەموو ئەو شتە وردانەی کە لە ناو ماڵدا بە ناسنامەی ئێمەوە بەستراوەنەوە و دواجار خودی ماڵ دەبێتە بەشێكی گەورە لە کرۆکی ناسنامەی ئێمە. ڕەنگە لە گەشتدا، مرۆڤ کەس و شوێن و شتی نوێ بدۆزێتەوە، بەڵام گەڕانەوەی بۆ ماڵ بریتییە لە گەڕانەوەی بۆ خودی خۆی. گەڕانەوەیەک کە پانتاییەکەی فراوان دەبەخشێتە ئازادیی بۆ پێناسەکردنی هەموو کردە و کاردانەوەکان. خودێک کە ڕوون یان ئاڵۆز هەموو شتە تازە بینراو و بیستراو و گوتراوەکان دەکاتەوە بە بەشێک لە ناسنامەی خۆی. لە سادەترین مانادا، گەڕانەوە بۆ ماڵ پێمان دەڵێت ئێمە کێین؟ بەبێ ئەوەی هیچ مەبەست یان شتێکی گەورە و سەروسروشتی لە بیر و پلانی مرۆڤدا هەبێت، ماڵ بۆ مرۆڤ فۆڕمی پەرستگە وەردەگرێت. پەرستگەیەک کە ڕوحی مرۆڤ تێیدا دەپەرسترێت، ئەو ڕوحەی کە ئاوێزانی ناو و شێوە و خەیاڵ و هەموو پێکهاتەکانی ناسنامەکەی بووە. دروستکردنی ماڵ زۆرجار پڕۆسەیەکی داواکەرە چونکە ئەوە وا دەخوازێت کە ڕێگەمان بۆ ئەو ئۆبجێکتە بدۆزینەوە کە بە دروستی ناسنامەکانمان ئاڕاستە دەکات.

ماڵ بەشێکی گرینگ بووە لە بەردەوام داڕشتنەوەی شێوە و مانای بوونی مرۆڤ، کە ئەمەش کاریگەری گەورە و ڕاستەخۆی لەسەر ناسنامەی مرۆڤ دروست کردووە، کە لە ئەنجامدا پەیوەندییەکی بەهێز و دانەبڕاو مرۆڤ و ماڵی بەیەکەوە بەستووەتەوە. کاتێک قسە لەسەر پەیوەندی نێوان ماڵ و ناسنامە دەکەین، دەربارەی ئەو کاریگەرییە دوولایەنە دەدوێین کە ماڵ بەسەر ناسنامەی مرۆڤەوە هەیەتی و لە هەمان کاتیشدا مرۆڤ لە دروستکردن و پێدانی مانا و بەها بە ماڵ هەیەتی. ناسنامە بەرهەمێکی داینامیکییە کە لە دەرئەنجامەکانی هەست و بیرکردنەوە و ئاگاییمان بۆ هەموو شتێک کە لە دەورووبەرماندایە دێتە کایەوە. لێرەشدا، ماڵ بە هەموو پێکهاتە ئابستراکت و کۆنکریتییەکانییەوە ڕۆڵێکی گەورە لە نەخشاندنی ناسنامەی مرۆڤ دەبینێت.

ئەو ماڵەی کە تێیدا دەژین بەشێکی سەرەکی لە داڕشتنەوەی کەسایەتی ئێمە دەبینێت، بەو مانایەی کە ئەوەی لە ناو ماڵی ئێمەدایە، پێناسەی تێگەیشتنی ئێمەیە بەر لە هەموو شتێک بۆ ژیانی ئێمە. لە ناو شارە گەورەکاندا کە شوێن هاوشێوەی جیاوازییە چینایەتییەکە بەسەر خەڵکدا جیاکراوەتەوە، ماڵ لە شوێنێک بۆ شوێنێکی شارەکەدا ناسنامە جیاوازەکانی خەڵکی ئەو شارەمان بۆ ڕوون دەکەنەوە. ئەگەرچی ئەمە تێگەییشتن و هەڵسەنگاندێکی گشتییە بۆ ئەوەی کە بۆ نموونە بە گوێرەی ماڵەکانی گەڕەکێکی هەژارنیشین ناسنامە و کەسایەتی خەڵکەکەی دیاری بکەی، بەڵام واقیعێکە کە تەواو گرێدراوە بەو فۆڕمە لە ژیانەی کە لە نێوان ماڵ و مرۆڤدا دروست دەبێت. چەندە ماڵ کاریگەری لەسەر دروستبوونی ناسنامەی کەسێک دروست دەکات، هێندەش خودی ئەو کەسە کاریگەری لەسەر شێوە و بەهای ئەو ماڵە دروست دەکات کە تێیدا دەژیت. پەیوەندی ماڵ و مرۆڤ لە بەردەوامی کاریگەریان لەسەر ناسنامەی یەکتر لەناو خولانەوەیەکی بازنەییەدایە و ماهیەتەکەی بەستراوەتەوە بەو تێگەیشتنانەی کە ناسنامەی هەریەکەیان دەیدات بەوەی تر. گیاندارانی تر بەپێی شێوە و قەبارەی خۆیان ماڵیان دروست کردووە، بەڵام مرۆڤ چونکە ماڵ دەیبەستێتەوە بە ئایدێنتیتی و ئازادیی و خەیاڵی خۆییەوە، بۆیە هەمیشە ماڵی مرۆڤ دەیان جار لە خۆی گەورەتر بووە. مرۆڤ هەمیشە لەناو خەونی هەبوونی کەسایەتییەکی گەورەدایە، بۆیە ئەمە بە شێوەی جیاواز لە سەر فۆڕم و ناسنامەی ماڵەکەیدا ڕەنگی داوەتەوە.

هەستی هەبوونی ماڵ، جۆرێک پاڵپشتیی دەروونییە بۆ مرۆڤ کە دەتوانێت لە ڕێگەیەوە خۆی بناسێت، ئەمەشە وابەستەی ئەو ئازادییەیە کە مرۆڤ لە ناو ماڵدا هەستی پێ دەکات. دەرگە و پەنجەرە و شێوە ئەندازیارییەکەی ماڵ و تەنانەت ئەو ڕێکخستنەی کە شتەکان ناچاردەکا لە گۆشەیەکی ماڵەکەدا بەیەکەوە بن، ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆن بۆ تێگەیشتن لە کەسایەتی و ناسنامەی ئەوانەی لەو ماڵەدا دەژین. بە شێوەیەکی گشتی لە دونیادا، شێوە و ڕێکخستن و دیزاین و تایبەتمەندی ماڵەکان لە نەتەوەیەک بۆ نەتەوەیەک یان تەنانەت لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی تر جیاوازن، سەرەڕای ئەوەی هەموو ئەو ماڵانە مرۆڤ تێیاندا دەژین و پێویستییەکانیان هاوبەشن، بەڵام بۆیە ماڵەکانیان جیاوازن چونکە کولتوور و شارستانییەتیان جیاوازن. بەڵام کاتێک دەچیتە ناو قووڵایی ڕوانین لە هەر کولتوورێک یان باشتر وایە بڵێین شارێک، لە ڕێگەی وردەکاریی ناو ماڵەکانەوە تێدەگەین کە ماڵەکان ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە کەسایەتی کەسەکانەوە هەیە. لە ئەنجامیشدا، هەم ئەو کەسانە مانا و ناسنامەی تایبەت بەخۆیان دەدەن بە ماڵ، هەمیش ماڵ لە ڕێگەی کاریگەرییەکانی خۆیەوە ناسنامەی تایبەت دەدات بەو کەسانە. لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە، ڕەنگە سادەترین میتۆد بۆ ئەوەی تێبگەین کە چ پەیوەندییەکی کاریگەر و بەهێز لە نێوان ماڵ و ناسنامەی مرۆڤدا هەیە، دەبێ لە جیاوازییەکانی هەڵسوکەوتی مرۆڤێک لە ماڵ و لە دەرەوەی ماڵدا وردببینەوە.

زستانی ساڵی ٢٠١٤، لە شەقامی پیکادێلی لە لەندەن، بێماڵێک Homeless کە لە کونجێکی شەقامەکەدا کەلوپەلەکانی و سەگەکەی خستبووە سەر کۆنە ڕایەخێک، بە دەنگێکی گڕ بۆ ڕێبوارانی شەقامەکە هاواری دەکرد: This is my identity ئەمە ناسنامەی منە. لەگەڵ هاوارکردن و دووبارەکردنەوەی ئەم ڕستەیە ئاماژەی بۆ سەگەکە و کەلوپەلەکانی سەر ڕایەخە کۆنەکە دەکرد. ئەگەرچی ئەو بێماڵە وەک مەستێک دەردەکەوت و شێوەی گوتنی قسەکانی وەک گللەییەک بوو لە حاڵی خۆی و سەرنجڕاکیشانی خەڵک بوو بۆ پێدانی پڕێک خوردەی پارە، بەڵام خۆی و ڕستەکەی، بۆ من جێگەی تێڕامان بوو و منی خستە سەر بیرکردنەوە لە پەیوەندی نێوان هەبوونی ماڵ و هەبوونی ناسنامە. چونکە ئەو ناسنامەیەی کە ئەو ئاماژەی بۆ دەکرد، بە با و بارانێکی تۆزێک بەهێز تێکدەچوو!

یەکێک لە کێشەکانی مرۆڤ بە درێژایی مێژوو، بێماڵیی و بێلانەیی بووە. بێماڵەکان The homeless  دیاردەیەک و گرفتێکی لەمێژینەی وڵاتانی جیهانە، بە تایبەتی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا. شەقامی شارە گەورەکانی وەکو پاریس، لەندەن و نیویۆرک شەوانە دەبنە ماڵ بۆ ئەو مرۆڤە بێلانانەی کە زۆربەیان بەهۆی بێماڵییەوە تووشی دەیان کێشە و دەرد دەبن و هەر لەسەر ئەو ماڵە کارتۆنییانەی کە کونجی شەقامەکاندا دروستی دەکەن، گیان لەدەست دەدەن. بیهێنە پێش چاوی خۆت، هیچ شوێنێک نەبێت بە ناوی ماڵ بۆی بگەڕێتەوە، شتێکت نەبێت بەناوی ئادرێسی ماڵەکەت، شوێنێک نەبێ بۆ تایبەتمەندی و پرایڤەسی خۆت، وەک بێماڵێک ناسنامەکەت دەکەوێتە سەر شەقام و دواجار ون دەبیت!

ماڵ و بیرەوەری

ماڵی بەشێکی گرینگە لە یادەوەریی و چیرۆکی ژیانی هەر مرۆڤێک، بۆیە هەر مرۆڤێک بیەوێت چیرۆکی ژیانی خۆی بنووسێتەوە یان بگێڕێتەوە، دەبێ بگەڕێتەوە بۆ ئەو ماڵانەی کە تێیاندا ژیاوە و لەوێوە بچێتەوە ناو یادەوەریی و ڕووداو و ئەو کاتانەی کە گرێدراون بە دەرگە و ژوور و گۆشە جیاوازەکانی ماڵەکەی. سایکۆلۆژیستی بەریتانی جۆن هێندەرسۆن بۆ نووسینی بەشێکی کتێبەکەی بە ناوی “بیرەوەریی و بیرچوونەوە – Memory and Forgetting”، پێویستی بەوە بوو کە لەگەڵ کۆمەڵێک کەس گفتوگۆ بکات و چەند پرسیارێکی دیاریکراویان لێ بکات. کاتێک کە پرسیار ئەوەی لێ یان دەکرد کە چی شتێکی بیست ساڵ پێش ئێستەت دێتەوە بیر؟ بەشێکی زۆریان خێرا بەوە وەڵامیان دەدایەوە کە ماڵیان لە فڵانە شوێن بووە. بەشێکی تریش سەرەتا دەیانگوت با بیربکەینەوە ماڵمان لە کوێ بووە بەڵکو لە ڕێگەی ئەوەوە شتەکانی تر بێنەوە خەیاڵم. لەوەوە تێدەگەین کە ماڵ بۆ زۆربەمان بووەتە سەنتەرێکی گرینگی یادەوەرییەکانمان و بە شێوەیەکی فراوان لەناو یادگەی ئێمەدا هەیە. یەکێک لە فاکتەرەکانی ئەم پەیوەندییە بە هێزەی نێوان ماڵ و بیرەوەری، بریتییە لە کاردانەوە سۆزدارییەکانی مرۆڤ بەرانبەر ماڵ و هەموو ئەو ڕووداوە خۆش و ناخۆشانەی کە تێیاندا ڕوویانداوە.  ئەم پەیوەندییە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنی مرۆڤەکاندا بەهێزتر دەبێت.

تۆپۆفیلیا (Topophilia) تێرمێکی سایکۆلۆژییە کە بەو هەستە زۆر و بەهێزە دەگوترێت کە کەسێک بۆ ماڵ یان ئەو شوێنەی تێیدا دەژیت، هەیەتی. بنچینەی ئەم وشەیە یۆنانییە، کە پێک دێت لە تۆپۆ (topo) کە بە مانای شوێن دێت، هەروەها فیلیا (philia) کە بە مانای خۆشویستنی شتێک دێت. لە لێکدانەوە گشتییەکانی سایکۆلۆژییدا، ئەم ویست و حەز و خۆشویستنە بۆ ماڵ یان شوێنی ژیان، گرێدراوی کۆمەڵێک یادەوەریی مرۆڤ کە لەگەڵ ئەو شوێندا دروست بوون و بە شێوەیەکی خۆڕسکانە بوونەتە بەشێک لە ناسنامەی کولتووریی ئەو کەسە. بەو مانایەی کە لەگەڵ هەر بیرەوەرییەکی ئەو شوێنەدا، کۆمەڵێک شتی جۆراوجۆر لە شێوەی دەرگە و پەنجەرە، بۆنێکی تایبەت، درزی دیوار، ڕەنگی کەلوپەلەکان ناسنامە و کەسایەتییەک دەدەنەوە بەو کەسە کە لەو سەردەمەدا هەڵگری بووە.  ماڵ لە ڕێگەی هەموو ئۆبجێکتە گەورە و بچووکەکانییەوە بەبێ ویستی خۆمان، دەبێتە بەشێکی گەورە لە بیرەوەری ئێمە، کە لە ئەنجامدا دروستبوون ئەم بیرەوەرییانەوە و مانەوەیان لە ژیانی ئێمەدا، کاریگەری هەمیشەیی و ڕاستەوخۆ لەسەر ناسنامە و کەسایەتی ئێمە بە درێژایی قۆناغە جیاوازەکانی تەمەندا دروست دەکات.

 

ماڵ لە سەردەمی کۆرۆنا

لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠دا و تاکو ئێستە، لە زۆربەی پێگەکانی سۆشیال میدیا بە گشتیی، تویتەر بە تایبەتیی، سەدان ملیۆن هاشتاگی (#StayAtHome) – لە ماڵ بمێنەوە – بڵاوکراونەتەوە. ئەمەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆڤید-١٩. مەترسی ئەم ڤایرۆسە هەر ئەوەی بیری مرۆڤ نەهێنایەوە کە ماڵ لە سەرانسەری جیھاندا پارێزراوترین شوێنە لە وەها دۆخێکدا، بەڵکو مرۆڤ ناچاربوو کە بگەڕێتەوە ماڵ بۆ دووبارە خوێندنەوە و تێگەیشتن لە ناسنامە و وجودی خۆی لەسەر ئەم هەسارەیە. ئەگەرچی هەر لەسەرەتاوە هیچ ئومێدێک بە مرۆڤ نەبوو کە دوای پەتا و نەهامەتییە گەورەکان گۆڕانکاریی ئەنجام بدات، بەڵام خاڵی گرینگ لەم گەڕانەوەیەی مرۆڤ بۆ ماڵ ئەوەیە کە چیتر ماڵ تەنیا وەک پەناگە و شوێنکی بۆ ئارامیی و سەلامەتیی نییە. بەڵکو مرۆڤ ئێستە لەناو ماڵدا زۆربەی ئەو شتانە دەکات کە پێشتر بڕوای وابوو تەنیا لە دەرەوە دەکرێن، بێگومان ئەمەش پاڵپشت بە هێزی لەبن نەهاتوویی تەکنەلۆژیا و ئینتەرنێت. لە ماوەیەکی کورتدا، هەزاران جۆر کار و ئیشی بچووک لەناو ماڵەکانەوە سەریان هەڵدا و کۆمپانیا و ڕێکخراو و بازارەکان ناچاربوون لە ماڵەوە کار بە کارمەندەکانیان بکەن. یەکێک لە لایەنەکانی هەموو ئەم ڕووداو گۆڕانکارییە لە ناوکاو و خێرایانە ئەوە بوو کە ماڵ لە سەردەمی کۆڤید-١٩دا بە فۆڕمێکی نوێ خۆی پیشانی مرۆڤدایەوە، بەو تێگەیشتنەی کە مرۆڤ بۆ جارێکی تر و بە شێوەیەکی نوێ ناسنامەی خۆی بە ماڵ و پێکهاتەکانی گرێبداتەوە.

گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ ماڵ لە سەردەمی کۆڕۆنادا، گەڕانەوەیە بۆ خود کە لە ڕێگەیەوە مرۆڤ ناچار بوو بە تێگەشیتنێکی تازە بیر لە پەیوەندی خۆی و ماڵ بکاتەوە، لە بەهای ماڵ تێبگات لە هەبوونی ئەو کاریگەرییە گەورەییەی کە لەسەر ناسنامە و بوونی مرۆڤ هەیەتی.

 

نووسین و دەربڕین دەربارەی پەیوەندی ماڵ و ناسنامەی مرۆڤ چەندین ڕەهەندی دیکە هەڵ دەگرێت، دەکرێت لە زۆر ڕوانگەی دیکەوە ئەو پەیوەندییە دانەبڕاوە لێکبدرێتەوە. بۆ نموونە پەرەسەندی ماڵ هاوشان لەگەڵ پەرەسەندی مرۆڤ بابەتێکی گرینگی ئەو گرێدراوی ماڵ و مرۆڤە. هەر بۆیە کاتێک کە قسە دەربارەی ناسنامەی مرۆڤ لە هەر سەردەمێکدا بکەین، پێویستە بگەڕێنەوە بۆ بەها و مێژوو و پێناسەی ماڵ لای مرۆڤ.

 

 

سەرچاوەکان:

  • Duncan, J. S. (1985). The house as symbol of social structure. In I. Altman & C. Werner (Eds.), Home Environments.  New York: Plenum.
  • McAndrew, F. T. (1993). Environmental Psychology. Pacific Grove, CA: Brooks/Cole.
  • Douglas, Mary (1993). “The Idea of a Home: A Kind of Space,” in Arlen Mack (ed.), Home. New York: New York University (1993): 287-307
  • Henderson, John. “Memory and Forgetting.” Google, Google, 1999, books.google.iq/books?id=7mT2goDmOKAC.
تاگهزر
بڵاوکردنەوە: