بارەگای نیۆمارکسیزم

573
0
بڵاوکردنەوە:

وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: ئالان عەتوف

بۆچی مارکسیزم لە ئەڵمانیا لە بەرامبەر نازیزمدا شکستی هێنا؟ بیرمەندانی قوتابخانەی فرانکفۆرت چۆن باس لە سەرمایەداری ئەکەن؟ چۆن قوتابخانەکە لە مارکسیزم دوورکەوتەوە و لەژێر کاریگەریی (یۆرگن هابرماس)دا  بەرەوە لیبراڵیزمی دیموکراتی- چەپ رۆیشت.

خوێندنەوەیەکی (ساموێل فریدمان)ە بۆ سێ کتێب بە ناوونیشانەکانی: (گراند هوتێل ئابیس: ژیاننامەی قوتابخانەی فرانکفۆرت) لە نووسینی ستیوارت جێفریس؛ (هابرماس: ژیاننامەیەک) لە نووسینی ستێفان میولەر-دووم؛ (ئەدرنۆ و بوون) لە نووسینی پیتەر گۆردن.

ماركس ئەیوت سیستمە ئابووریەکان هەمیشە کرێکاران دەچەوسێننەوە لەپێناو بەرژەوەندی چێنێکی خاوەن ئیمتیازدا کە “ئامرازەکانی بەرهەمهێنان”یان لە ژێر رکێفدایە. لە دەرەنجامدا، وەک مارکس ئه‌یوت، کرێکاران  لە به‌رامبه‌ر کار و ئەو بەرهەمەی دروستی دەکەن و خەڵکانی تر و لە کۆتاشدا لە به‌رامبه‌ر مرۆڤایەتی خۆشیان “پەراوێز دەخرێن” چونکە ژیان و کاریان لە لایەن خۆیانەوە دیاری ناکرێت بەڵکو لەلایەن خواستی چینێکی خاوەن ئیمتیاز و هێزە بێ رۆحەکانی بازاڕەوە دیاری دەکرێت.

مارکس ئەڵێت کرێکاران بەرگەی ئەم نادادپەروەریە زەقە دەگرن چونکە ئەم چەوساندنەوەیە لە رێی تۆڕێکی ئاڵۆزی وەهمەکانەوە – کە ئەو پێی دەڵێت “ئایدیۆلۆژیا” – لە هەمووان دەشاردرێتەوە.

[بەم پێیە] یەکێ لە گەوجاندنە بەرچاوەکانی سەرمایەداری بریتیە لە گرێبەستی پێدانی مووچە کە گوایا ئەمە یەکسانە بە بەهای عادیلانەی ئیشکردنی کرێکاران. هەروەها چەواشەکردنێکی تریش بریتیە لە “بێ ماناییە ئایدیۆلۆژیەکە سەبارەت بە ماف” بۆ نموونە “ئاڵوگۆڕی ئازاد و عادیلانە”، “دابەشکردنی عادیلانە،” و ئەو بانگەشەیەی گوایا بەشداریی سەرمایەدارانیش یەکسانە بە کار. ئەمانە و وەهمەکانی تریش، لەگەڵ ئایین و دەوڵەتدا، هەموویان پێكه‌وه‌ سەرمایەداریان وەک سیستمێکی چەوساندنەوە و پەراوێزخستن راگرتووە.

باسی مارکس بۆ ئایدیۆلۆژیا یان “هۆشیاری ساختە” بخایەنترین میراتیەتی لە خۆرئاوا. ئەمەش بناغەی رۆشنبیریی بۆ کاری ئەو مارکسیستانە فەراهەم کرد کە لە ١٩٢٠ کاندا قوتابخانەی فرانکفۆرتیان دامەزراند و تاوەکو ١٩٧٠کان بەردەوام پەرەیان پێ دا. ئەمان بناغەکانی (تیۆری رەخنەیی)یان فەراهەم کرد کە، بە سوود وەرگرتن لە ئایدیا مارکسیستی و فرۆیدیەکان، جەخت لەو هێزە ناوەکی و زۆرجار شاراوانە دەکاتەوە کە شكڵی کلتور دیاری دەکەن. ئەو پێداچوونەوەیەی لێرەدا بۆ ئەم سێ کتێبە کراوە گوزەرێك دەکات بە ژیان و ئایدیاکانی بەناوبانگترین ئەندامەکانی قوتابخانەی فرانکفۆرتدا.

پەیمانگای لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی، کە بە قوتابخانەی فرانکفۆرت ناسراوە، لە ساڵی ١٩٢٤ لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا، وەک پەیمانگایەکی نیۆ-مارکسیستی بۆ لێکۆڵینەوە و رەخنەگرتن لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری هاوچەرخ کرایەوە. گەورە بازرگانی دانەوێڵە (هێرمان وەیڵ) پشتگیری دارایی بۆ ده‌سته‌به‌ر دەکرد، کوڕەکەی وه‌یڵ بەناوی (فێلیکس) داوای له‌ باوكی کرد فەندی پەیمانگایەکی ئەکادیمی فرە-پسپۆڕیی بکات تا بتوانێت توێژینەوە لەوە بکات کە بۆچی شۆرشی کۆمۆنیستیی لە ئەڵمانیا شکستی ‌هێنا، و تا چه‌نێك ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ لە داهاتوودا سەرکەوتن بە دەست بهێنێت. لە ١٩٣٠ بۆ ١٩٥٨، (ماکس هۆرکهایمەر)ی فەیلەسوف بەڕێوەبەری پەیمانگاکە بوو. کارکردنی لەو پۆستەدا ئەو ماوەیەشی گرتەوە کە قوتابخانەکە لە تاراوگە لە ئەمریکا کاری دەکرد (واتە لە ١٩٣٤ەوە، پاش ئەوەی نازیەکان دەسەڵاتیان گرتە دەست، تاوەکو سەرەتای ١٩٥٠کان).

بیرمەندە پێشەنگەکانی قوتابخانەی فرانکفۆرت بریتی بوون لە هۆرکهایمەر و ئەم فەیلەسوفانەی تر: تیۆدۆر ئەدۆرنۆ، هێربەرت مارکۆزە، و ئەریک فرۆمی دەروونشیکارناس. ڤاڵتە بنیامینی رەخنەگری ئەدەبی و فەیلەسوفیش، هەرچەندە بە فەرمی ئەندامی پەیمانگاکە نەبوو، بەڵام پەیوەندی نزیکی لەگەڵیان هەبوو و کاریگەری بەهێزی لەسەر بیرکردنەوەی پەیمانگاکە جێ هێشتبوو. هەموو ئەم کەسایەتیانە، بێجگە لە فرۆم، منداڵی خاوەنکاری جوولەکەی سەرکەوتوو بوون. هەروەک فێلیکس وەیڵ، سەرکەوتنی مادیی باوکە سەرمایەدارەکانیان رەت دەکردەوە و هاوکات سوودیشیان لێ دەبینی.

هونەر ئەنتی تیزێکی کۆمەڵایەتیە.
– ئەدۆرنۆ

کتێبی گراند هوتێل ئابیس کە (ستیوارت جێفریس)ی رۆژنامەنووس و رەخنەگری کلتووری خاوەن ئیعتیباری بەریتانی نووسیویەتی، بریتیە لە مێژوویەکی سەرنج راکێشی ژیان و ئایدیا سەرەکیەکانی بیرمەندە پێشەنگەکانی قوتابخانەی فرانکفۆرت لەماوەی ١٩٠٠ەوە بۆ ١٩٦٠ەکان. چاپتەرێکی کۆتایی کتێبەکە وەک دەرەنجامێک باس لە دوورکەوتنەوەی قوتابخانەکە لە مارکسیزم و رۆیشتنی دەکات بەرەوە لیبراڵیزمی دیموکراتی-چەپ لەژێر کاریگەریی (یۆرگن هابرماس)دا.

لە سەرەتاوە، قوتابخانەی فرانکفۆرت تەرکیزی خستە سەر تەفسیرکردنی ئەوەی بۆچی چینی کارکەر شکستی هێنا لەوەی کۆمۆنیزم لەخۆبگرێت. لە ماوەی ١٩٣٠ەکاندا، تیۆری دەروونشیکاریی فرۆیدیان بەکارهێنا بۆ شەرح کردنی هۆكاره‌كانی پشت سه‌رمه‌ستبوونی چینی کارکەر به‌ مەسرەفگەرایی سەرمایەرداری و گردبوونه‌وه‌یان له‌ده‌وری نازیزم.

یه‌كه‌مجار ئەندامانی قوتابخانەی فرانکفۆرت (فاشیزم)یان وەک یەکێک لە دوا قۆناغەکانی سەرمایەداری دەبینی. بۆ ئەمەش هاوپەیمانێتی سەرمایەدارەکانی کەرتی پیشەسازیان لەگەڵ هیتلەردا وەک بەڵگە دەهێنایەوە. پاشان بەد گومان بوون لەوەی سەرمایەداری رێگە خۆشكه‌ر بێت بۆ کۆمۆنیزم لە خۆرئاوا، به‌ده‌ر لە مارکۆزە (١٩٦٠).

ناوونیشانی کتێبەکەی جێفریس (گراند هوتێل ئابیس) لە توانجێکی بێ نرخی مارکسیستی هەنگاری گیۆرگی لوکاشەوە داڕێژراوە، کە ئەدۆرنۆ و ئەندامانی تری قوتابخانەی فرانکفۆرت تۆمەتبار دەکات بە مانەوەیان لە “گراند هۆتێل ئابیس” وەک شوێنێکی “ئامادە بۆ حەوانەوە کە لەسەر لێواری خەرەندێکە، لەسەر قەراخێک لە پووچی و بێ مانایی.” لوکاش دەیوت قوتابخانەی فرانکفۆرت وازی هێناوە لە بەستنەوەی تیۆری مارکسی بە چالاکی شۆڕشگێڕیەوە (“واتە بە لایەنە پراکتیکیەکەوە”). مورتاحانە لە کایەی تیۆردا خۆیان حەشار داوە و لە دوورەوە تەماشای دیمەنی قۆرخکاری سەرمایەداری دەکەن و بێ کەڵکانە کۆمێنت لەسەر وێرانکاریەکانی سەر رۆحی مرۆڤ دەدەن. (بێرتۆڵد برێخت)یش رەخنەی هاوشێوەی لێگرتن و دەیوت فەیلەسوفەکانی قوتابخانەی فرانکفۆرت خیانەتیان لەو شۆڕشە کرد کە خۆیان بانگەشەی پشتگیری لێکردنیان بۆ دەکرد. بە ئیدانەکردنی گۆشەگیریی قوتابخانەی فرانکفۆرت و پشتگوێخستنی چینی کارکەر، لوکاش و برێخت سەرزەنشتی نوخبەگەرایی قوتابخانەکەیان دەکرد.

ئەندامانی قوتابخانەی فرانکفۆرت هۆکاری باشیان هەبوو بۆ نائومێدبوون بەرامبەر کاریگەریی تیۆری مارکسیستی لە هەژاندنی مومارەسەی شۆڕشگێڕانەدا. دوای شکستی شۆڕشی مارکسیستی لە ١٩١٩دا لە ئەڵمانیا، زۆرینەی چینی کارکەر پشتگیریان لە جۆرێکی زۆر جیاوازی شۆڕش کرد. لەگەڵ سەرهەڵدانی فاشیزمی تۆتالیتاری لە ١٩٣٠ کاندا، قوتابخانەی فرانکفۆرت متمانەیان بە توانای کارکەران نەما بۆ سەرڕێخستنی شۆڕشێک دژی سەرمایەداریی قۆرخکەر و دژی ئەو دەوڵەتانەی دەیپارێزن (وەک چۆن مارکس [به‌ پێچه‌وانه‌وه‌] پێشبینی کردبوو کە کارکەران ئه‌و توانایه‌یان هەیە). قوتابخانەی فرانکفۆرت کارکەرانیان بە چینێک لەقەڵەمدا کە ئیفلیجە بەرامبەر مەیلە خۆگونجێنەرەکان و توانای نیە پەی بە سەرچاوەكانی پەژارە بەرێت لە سیستمی سەرمایەداریدا.

یەکێک لە ئەرکەکانی قوتابخانەی فرانکفۆرت لە ماوە و لە دوای ١٩٣٠ کاندا روونکردنەوەی ئەو (وەهمانە) بوو کە هانی چینی پرۆلیتاریا و بۆرژوازیان دا نەک تەنها بەرەو خۆگونجاندن بڕۆن بەڵکو بەرەو بەربەریەت و لەناوبردنی شارستانیەتی ئەوروپیش بڕۆن. بۆ ماوەی چل ساڵەکەی دواتر، قوتابخانەی فرانکفۆرت سەرقاڵی رەخنەبوو تەقریبەن لە هەموو لایەنێکی کۆمەڵگەی سەرمایەداری.

بە لای زۆرینە و (جێفریس)یشەوە، ڤاڵتە بنیامین بە ڕەسەنترین بیرمەندی قوتابخانەی فرانکفۆرت دادەنرێت. رەخنە ئەدەبیەکانی لەسەر کافکا و پروست و بۆدلێر و ئەوانی تر کاریگەری گەورەیان بەجێهێشت، هەروەک وتارەکانیشی لەسەر هونەری مۆدێرن و فەلسەفەی مێژوو. سەرەڕای هەوڵەکانی ئەندامانی قوتابخانەی فرانکفۆرت بۆ هاوکاری کردنی، بنیامین نەیتوانی پۆستێکی ئەکادیمی بدۆزێتەوە یان لە کۆتایی ١٩٣٠ کاندا لە ئەوروپا هەڵبێت. جێفریس باسی ژیانی تراژیدی بنیامین و خۆکوشتنەکەشی ئەکات لە بەندەری (بۆو)ی ئیسپانیا کاتێک لە هەوڵدا دەبێت بۆ هەڵهاتن لە دەست گیستاپۆ (پۆلیسی نهێنی نازیەکان) لە پورتوگالەوە بەرەو ئەمریکا.

لە وتەیەکی بەناوبانگی وتارێکیدا بە ناوی (تێزەکان لەبارەی فەلسەفەی مێژوو)ەوە بنیامین دەڵێت: “هیچ دۆکیومێنتێکی شارستانیەت بوونی نیە کە لەهەمان کاتدا دۆکیومێنتی بەربەریەت نەبێت.” بەقەدەر ئەم وتەیەی بەناوبانگ، خوازەیەک (میتافۆر)ێکیەتی لە هەمان وتاردا کە دەڵێت “فریشتەی مێژوو ئاوڕ دەداتەوە و داروپەردووی بەردەوام کەڵەکەبووی مێژوو وەک تاکە کارەساتێک ئەزموون دەکات”.

ماکس هۆرکهایمەر.
١٨٩٥ – ١٩٧٣

ئەم چەمکەی (لێک جیانەبوونەوەی شارستانیەت و بەربەریەت)، کە بیرۆکەیەکی دووبارەیە لای بنیامین، بەشێوەیەکی قووڵ کاری کردە سەر قوتابخانەی فرانکفۆرت. جێفریس پێی وایە کە وتاری “تێزەکان”ی بنیامین بناغەی کتێبی (دیالەکتیک و رۆشنگەری)ی هۆرکهایمەر و ئەدۆرنۆیە، کە دیارترین ئیشی تاکی قوتابخانەی فرانکفۆرتە. لە پێشەکی ئەم کتێبەدا، هەردوو نووسەر دەڵێن دەستیان کردووە بە گەشتێک بۆ “روونکردنەوەی ئەوەی بۆچی مرۆڤایەتی لەبری ئەوەی داخڵی دۆخی راستەقینەی مرۆڤ بێت، غەرقی جۆرێکی نوێی بەربەریەت بوو.” مشتومڕی ئەوە دەکەن کە تۆتالیتاریەتی نازی لادانێکی مێژوویی نەبوو بەڵکو رەگوڕیشەی لە سەرمایەداری و رۆشنگەری و شارستانیەتی خۆرئاواییدا داکوتا بوو.

هۆرکهایمەر و ئەدۆرنۆ بانگەشەی ئەوە دەکەن کە عەقڵی رۆشنگەریی بووەتە عەقڵێکی زاتی و (ئەداتی یان وەسیلەیی)، چی دی شوێن دۆزینەوەی حەقیقەتە گەردوونیە بابەتیەکان، و بەها مرۆییە راستەقینەکان، و دادگەری و نادادگەریی کردار و دەزگاکان ناکەوێت. مشتومڕیان لەسەر ئەوە بوو کە جەبرێکی زاڵ هەیە بۆ ئەوەی کۆمپانیا سەرمایەداریەکان قازانجەکانیان بگەیێننە زۆرترین ڕادە بێ گوێدانە ئاکامەکانی ئەمە. لە هەمان کاتدا دەیانووت کاتێ بەشداربووە لۆژیکیەکانی ]لۆژیکی بە مانا بیرکاریەکەی[ کایەی ئابووری تێربوونیان دەگەیەننە زۆرترین ڕادە، ئەوە بە سود وەرگرتن بووه‌ لە بیرکردنەوەی ئەداتی و حساباتە ستراتیژیەکان کە ئەمەش سروشتی نائەخلاقی سەرمایەداری و مەیلەکەیەتی بۆ پەرەپێدانی هەر ئامانجێکی هەڕەمەکی یان تەنانەت بەدخوازیش (وەک فاشیزم) دەرئەخات لەپێناو دەسکەوتی ئابوریدا.

بە لای ئەدۆرنۆ و هۆرکهایمەرەوە، میتۆدی زانستیی مۆدێرنیش عەقڵی ئەداتی بەرجەستە دەکات چونکە ئامانجەکەی ئیستغلالکردنی سروشت و مرۆڤە. زانستە کۆمەڵایەتی و سروشتییەکان بوونەتە ئەداتێک بەدەست زاڵمە سەرمایەدارەکانەوە. ئەوە بوونیادی ئابوریانەی کۆمەڵگەیە کە شکڵ دەدات بەو گرفتانەی کە زانست چارەسەریان بۆ دەدۆزێتەوە و، هەر ئەو بونیادەشە ئاراستەی کاری زانستی دیاری دەکات.

هەروەها، ئەو وێنەیەی زانست بۆ جیهان هەیەتی و شاراوەیە لە (پۆزەتیڤیزم)دا واقع دەشێوێنێت بەهۆی پێداگری کردن لەسەر ئەوەی کە گەیشتن بە حەقیقەت تەنها لە رێی تەجروبەکردنی جیهانی دەرەکی و ئەو کردارە ماتماتیکی یان لۆژیکیانەوە دێتە دی کە ئەو تەجروبەکردنەیان لەخۆ گرتووە بە بێ رەچاوکردنی بەها ئەخلاقی و جەمالیەکان. (ئەدۆرنۆ و هۆرکهایمەر باوەڕیان وابوو کە پۆزەتیڤیزم سیستەمێکی زاڵە بەسەر فەلسەفەی خۆرئاواییدا).

لە ١٩٦٠دا لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەدۆرنۆ و هۆرکهایمەردا، کارل پۆپەر لە مونازەرەیەکدا کە بە “کێشمەکێشی پۆزەتیڤیزم” ناسراوە بەرگری لە (میتۆدی زانستیانە) کرد. پۆپەر مشتومڕی ئەوەی کرد کە میتۆدی زانستی لەسەروو بەرژەوەندیەکانی چینەوەیە. بە هەموو کەموکورتیەکانیەوە، کاتێ بەسەر زانستە کۆمەڵایەتیەکاندا تەتبیقی دەکەیت، دەبێتە تاکە رێگا بۆ ئەوەی رەخنەگرانە تێوەگلێیت لە گەڕانێکی بێ لایەنانەدا بۆ حەقیقەت. بەلای پۆپەرەوە “تیۆری رەخنەیی” زۆر لە دواوەیە لەم بارەیەوە بەهۆی رادیکاڵیزمە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکەیەوە.

لەو چاپتەرەدا کە بەناوی (پیشەسازی کلتور – رۆشنگەری وەک هەڵخەڵەتاندنێکی جەماور)ەوەیە، ئەدۆرنۆ ئاماژە دەدات بە زاڵبوونی ئایدۆلۆژیای سەرمایەداری لە کلتوری جەماوەریی ئەمریکیدا و بە توندی رەخنە دەگرێت لەوەی پێ دەڵێت “پیشەسازی کلتور”. مۆسیقای شەعبی (پۆپ) و رادیۆ و تەلەفزیۆن و فیلمەکانی هۆڵیود و ریکلامکردن بە نەفامانە و داپڵۆسێنەر لەقەڵەم دەدات. (ئەم ئیدانەکردنەی بۆ کلتوری شەعبی و مۆسیقا بوونە هۆی ئەوەی تۆمەتی نوخبەگەرایی و تەنانەت رەگەزپەرستی بخرێنە پاڵ هەڵوێستەکانی ئەدۆرنۆوە، کە بەرامبەر مۆسیقای جاز گوزارشتی لێکردبوون). کلتوری جەماوەری لە ئەنجامی خۆ-گوزارشتکردنی خەڵکی ئاساییەوە دروست نەبووە بەڵکو تەگبیرێکی ساختەیە کە لەسەرەوە سەپێنراوە بۆ ‌غافڵکردن و رێگری کردن لە خەڵکی ئاسایی بۆ تێوەگلان لە چالاکی رەسەن و بەهادار و دڵخۆشکەر. ئەدۆرنۆ دەڵێت لەناو سەرمایەداریدا ئەو بەناو ئازادیەی کە هەیە بۆ ئیختیارکردن، کە پاڵنەری کلتوری جەماوەری و مەسرەفگەرایی سەرمایەدارییە، تەنها وەهمێکە، ئایدیۆلۆژیایەکە کە هەمیشە رەنگدانەوەی زۆرداریی ئابورییە.

بەشێوەیەکی گشتی ئەدۆرنۆ لە ڕووی فەلسەفییەوە بە ئاڵۆزترین ئەندامی قوتابخانەی فرانکفۆرت دادەنرێت. رەخنەکانی لە کیێرکیگارد و هەسرڵ و هایدگەر بوونەتە خاڵی ناوەندیی کتێبی (ئەدۆرنۆ و بوون) کە بەدواداچوونێکی فەلسەفییە لە نووسینی رۆشنبیر و مێژوونووسی زانکۆی هارڤەرد پیتەر گۆردن. ئەدۆرنۆ ئیدانەی (تەرکیز-لە-زات) و (زاتیبوونی بوونگەرایی) هایدگەر و سارتەر و دیاردەگەرایی هەسرڵ دەکات. وەک گۆردن بۆمان رووندەکاتەوە، بە لای ئەدۆرنۆوە، “چەمکی رەسەنایەتی” لە بوونگەرایی سەدەی بیستدا بریتی بووە لە دوایین مومارەسەی نەرجسیەتی بۆرژوازیەت و خۆپەرستی، رەتکرنەوەیەک بووە بۆ رووبەرووبوونەوەی واقیعە کۆمەڵایەتیەکان. ئەدۆرنۆ “رەسەنایەتی” لای هایدگەر و “فەیلەسوفەکانی تری فاشیزم” بە رووکەشێک بۆ دژایەتیکردنی سامییەت دادەنێت.

گۆردن بە تێڕامانەوە گفتوگۆ دەکات لەبارەی رەخنەی ئەدۆرنۆ لە هایدگەر و ئۆنتۆلۆژیای بوونگەرایی کە لە کتێبە سەرەکییە فەلسەفییەکەیدا (دیالەکتیکی نەرێنی – ١٩٦٦) دەیخاتە ڕوو. تەوەرێکی سەرەکی ئەم ئیشەی باسی بە هەڵە تەرکیز کردنە سەر (هۆشیاری-زات) دەکات کە ئەمەش لە دیکارتەوە پوختەی فەلسەفەی مۆدیرن بووە [لای ئەو] و بە تایبەتیش لە ئایدیاڵیزمی کانت و هیگڵدا گوزارشتی لێکراوە. هەڵە لۆژیکیەکەی “زاتیبوونی پێکهێنەر” هەڵدەستێت بە پشتگوێخستنی ئەوەی ئەدۆرنۆ پێی دەڵێت “سەروەربوونی بابەت” یان پشتگوێخستنی ئەو بەشە گرنگەی کە واقعی ماددی و کۆمەڵایەتی رۆڵی تیا ئەگێڕێت و ئەو دۆخە مێژووییانەی رۆڵیان هەیە لە دروستکردنی هۆشیاری و هۆشیاری-زاتدا.

بەلای ئەدۆرنۆوە، ئایدیاڵیزم بە هەڵە تێگەیشتووە لە (زاتێتی زات) و پەیوەندیەکەی لەگەڵ جیهاندا: زات (self) بە دوا واقعی پێکهێنەر دادەنێت و پێی دەڵێت “منی موتڵەق وەک سەرچاوەی جیهان”. “عەقڵی سەروەر” نایەوێت لێبووردە بێت بەرامبەر بە بیرۆکەی بابەتیبوونی سروشت لە پێش و سەربەخۆ لە زاتێتی زات. ئەمەش “رقی ئایدیاڵیزمە لە سروشت،” کە مەبەستیەتی هەموو ئەوە غەزو و سەرکوت بکات کە “من-نیە” یان جیاوازە لە خودی خۆی، و بە کەم یان نزمی دادەنێت.

 

لەلایەکی ترەوە ئەدۆرنۆ بوونگەرایی وەک هەوڵێکی شکستخواردوو دەبینێت بۆ ئازادبوون لە (زاتێتی) ئایدیاڵیزم. بەڵام لای وایە کە هەوڵە فەلسەفییەکانی خۆی سەرکەوتوون لە بەدیهێنانی ئەو ئازادبوونەدا.

ئەدۆرنۆ و هۆرکهایمەر تەواو رەشبین بوون. ئەریک فرۆم گەشبین تر بوو، هەر وەک هێربەرت مارکۆزە بەڵام بە راددەیەکی کەمتر. ئەم دووانە لە ئەمریکا مانەوە پاش ئەوەی ئەدۆرنۆ و هۆرکهایمەر لە ١٩٤٩ دا دەگەڕێنەوە بۆ فرانکفۆرت. لە ١٩٣٠ کاندا، فرۆم پێشەنگی لادانی قوتابخانەی فرانکفۆرت بوو بەرەو فرۆید، بەڵام لە ١٩٣٩ دا لە پەیمانگاکە دەرکرا لەسەر بنەمای ئەوەی تەفسیرەکانی بۆ فرۆید ناتەقلیدی و ناباو بوون. لە رێی وەستانەوە دژی مارکس و فرۆید، “مرۆڤگەرایی سۆشیالیستی”ی فرۆم بەرگری لەوە دەکات کە تاکە خۆبەڕێوەبەرەکان (ئۆتۆنۆمەکان) دەتوانن خۆیان لە حەتمیەتی غەریزە و کۆمەڵگە ئازاد بکەن لەپێناو بەدیهێنانی (وەرچەرخانی-زاتیی سنووردار) و ئازادی و خۆشەویستی رەسەندا تەنانەت لە سایەی بارودۆخۆی سەرمایەداریشدا.

مارکۆزە لە ١٩٦٠ و ١٩٧٠ کاندا تیرۆناسێكی پێشەنگی (چەپگەرایی نوێ) بوو. لە کتێبەکەیدا بە ناوی (مرۆڤی تاک رەهەند – ١٩٦٤)، بانگەشەی ئەوە دەکات کە باشبوونی پێوەرەکانی ژیان چینی کارکەری یەکجار مورتاح کرد بەشێوەیەک کە چی دی نەیدەویست دژی سەرمایەداری راپەڕێت، لە کاتێکدا مەسرەفگەرایی و کلتوری پۆپ چوونەتە ریزی ئایینەوە و وەک ئەفیونی جەماوەریان لێ هاتووە. مارکۆزە دەڵێت چینی کارکەر دەبێت هەست بەوە بکات کە پێویستی بە رابوونە بەهۆی دۆخی زاڵی خود-نامۆبوون و نائازادیەوە. بەلای مارکۆزەوە، ئەندامانی کۆمەڵگەیەکی سەرمایەداری نامۆن بە خۆیان، بە ئیشەکەیان و بە یەکدی. مشتومڕی ئەوە دەکات کە ئێمە کەلەپچەی بەکاربردنی کاڵا ماددیەکان و بۆشیی کلتووری جەماوەریین. داخوازییە هەڵەکانی مەسرەفگەرایی زۆر زیاتر لە پێویست رێی دوورمان پێ ئەبڕن لەپێناو ئیشدا. چێژەکانمان گەمەی پێوە دەکرێت و ئازادی جیاکردنەوەی “پێویستیە راستەقینەکانمان” نەماوە.

ئارگیومێنتی مارکۆزە لە کتێبی (ئیرۆس و شارستانێتی)دا گەشبین ترە. لەوێدا، دژی فرۆید، داکۆکی لە بەردانی جڵەوی پرەنسیپی چێژ و سێکس دەکات بۆ دژایەتیکردنی ئەخلاقی بۆرژوازی و دروستکردنی هۆشیاریەکی شۆڕشگێڕی لەڕێی تواندنەوەی عەقڵ و ئیرۆس پێکەوە: “خەباتکردن بۆ تێربوونی هەمیشەیی رەغبەت نەک هەر رێگەخۆشکەرە بۆ نەزمێکی گەورەکراوی پەیوەندیە سێکسیەکان (‘جڤات’) … بەڵکو ئیرۆس بە مەرجەکانی خۆی دووبارە پێناسەی عەقڵ دەکاتەوە. کردەی “عاقڵانە” یەکسان دەبێت بە راگرتنی تێربوونی رەغبەت.” ئاشکرایە ئەم ئارگیومێنتەی مارکۆزە بە پێی تەرحەکەی خۆشی بێت نیمچە راست دەرچوو: چونکە “پەیوەندیە سێکسیەکان گەورەتربوون” و بەڵام هۆشیاری شۆڕشگێڕی گەورەتر نەبوو؛ سەرمایەداری و ئایدیۆلۆژیاکەی زیاد لەهەرکاتێکی تر لە پەرەسەندندان.

قوتابخانەی فرانکفۆرت بیرۆکەی (ئازادی لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری)دا وەک ئەوە پۆلێن دەکات کە لە “ئازادی نەرێنی” یان “ئازادبوون لە” تەداخولی ئەوانی تر زیاتر نیە. ئەمەش دەبێتە مایەی لێک هەڵوەشان یان (ئەتۆماندن)ی کۆمەڵگە. بە پێچەوانەی “ئازادی ئەرێنی”یەوە کە رێگە بە خەڵک دەدات بەشێوەیەک کردار بنوێنن کە بەها مرۆییە راستەقینەکان بەدی بهێنن. ئەم فۆرمە لە ئازادی تەنها بەهۆی گۆڕانی کۆمەڵایەتی-ئابورییەوە مومکین ئەبێت کە کۆتایی بە نامۆبوونی تاکەکان بەیەکدی و بەوانی دی دەهێنێت. (تێبینی: ئازادی نەرێنی ئاماژەیە بەو چەمکەی کە ئازایا بەرلین بەکاری دەهێنێت).

لیبراڵیزم دووپاتی دەکاتەوە کە دەبێت تاکەکان ئازاد بن لەوەی بۆ خۆیان بڕیار بدەن چی باشە و ئازاد بن کردار بنوێنن بەرامبەر بژاردەکانیان و بەوەی پەسەندە لایان. لە ڕووی پرەنسیپەوە، سەرمایەداری تەواوکەری بۆچوونی لیبراڵە سەبارەت بە بەهای مرۆڤ، چونکە خستنەڕوو (عر‌ض( وەڵامدەرەوەیە بۆ خواست (طلب) و سیستەمەکش گوایا مەیلی ئەوەی هەیە تێربوونی پەسەندیە زاتیەکان بگەیەنێتە زۆرترین ڕادە (مەبەست لەو خەڵکانەیە کە پارە سەرف ئەکەن). لەژێرەوەی رەخنەی بێ بەزەییانەی قوتابخانەی فرانکفۆرتەوە دژی سەرمایەداری و کلتورەکەی رەتکردنەوەیەکی لیبراڵیزم و بەها زاتیەکەشی خۆی مەڵاس داوە کە جۆش دراوە بە جۆرێک لە چەمکی کامڵێتی ئەخلاقی.

ئەم بیرمەندانە گوێ نادەن بە تێربوونی ئارەزوو یان پەسەندیەکانی بەکاربەر لەبەر خودی خۆی. نووسینەکانیان ئەو بۆچوونە هەمیشە-ئامادە بەڵام هەرگیز-بە-روونی-گوازارشت-لێنەکراوە بەرجەستە دەکات کە دەڵێت: “رزگاریی” لە بەدیهێنانی-زاتیانەی “پێویستی و بەها مرۆییە راستەقینەکان”دا دروست دەبێت. ئەمەش لەرێی پەیڕەوکردن و گەشەپێدانی توانا ناوازە مرۆییەکانەوە بەدی دێت چونکە هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە لەم جۆرە چالاکیە پاداشتدەرەوانەی وەکو بەشداریی دیموکراتیی لە بەرهەمهێنان و سیاسەت و کلتوردا تێوە دەگلێن. بەلای قوتابخانەی فرانکفۆرتەوە، کلتوری مەسرەفگەرایی سەرمایەداری “رزگاریی” مەحاڵ دەکات چونکە دەبێتە هۆی دروستکردنی داواکارییە هەڵەکان کە دواتر دەبنە ئارەزووی بەهێز. ئەمانەش داواکاری سروشت نین یان داواکراو نین لەلایەن گەشەپێدانی-زاتی توانا مرۆییەکان و سەرچاوەکانی تری بەرهەمهێنانەوە؛ و هەروەها پێویستی نین وەک پێشمەرج بۆ بەدیهێنانی بەها مرۆییە راستەقینەکان.

هەرچەندە ئەندامانی قوتابخانەی فرانکفۆرت لایان وابوو مارکس لە رەخنەکانیدا بەرامبەر سەرمایەداری موبالەغەی بە گرنگیی (کار)ەوە کردووە، خۆشیان دانیان بەوەدا نا کە هاندانی سەرمایەداری بۆ ئارەزوو و مەبەستە هەڵەکان، کە رێگری کەرن لە بەدیهێنانی سەربەخۆیی بەها مرۆییە راستەقیەنەکاندا، كێشەیەکی بنەڕەتیە. ئیدانەی پێداگریە قازانج پەرستانەکانی سیستەمی سەرمایەداریان کرد بۆ گەیاندنی سەروەت و سامان و تێربوونی ئابوریانەی ئارەزووەکان بە زۆرترین ڕادە و هەروەها کورتبوونەوەی عەقڵ تەنها بۆ بیرکردنەوەیەکی ئەداتیانە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی سروشت و مرۆڤایەتی. هەروەها ئیدانەی ئەو حاڵەتەشیان کردن کە سەرمایەداری یاری ئەکات بە پەسەندیەکانی خەڵک بۆ کاڵا ئیستیهلاکیەکان کە لە رێی ریکلام و ئامرازەکانی ترەوە ئەنجامدەدرێت، و ئیدانەی سەرکوتکردنی داهێنانی مرۆڤ و عەفەویەت و ئازادی زاتیان کرد.

تیۆرناسە پێشەنگەکانی قوتابخانەی فرانکفۆرت نە گومانگەرا بوون سەبارەت حەقیقەت و نە رێژەگەراش بەرامبەر بە بەها. دەستەواژەی “هۆشیاری هەڵە” پێشنیازی ئەوە ئەکات کە خەڵک بەهەڵە لە واقع تێگەیشتوون و بیروباوەڕ و بەهای هەڵەیان هەڵگرتووە. بەڵام قوتابخانەی فرانکفۆرت هەرگیز ئەوەیان روون نەکردەوە کە (بەها مرۆییە راستەقینەکان) چین یان تیۆریەکی کۆمەڵگە کامەیە کە بکرێت ئەم جۆرە بەهایانەیان تێدا بەدی بێت. ئەمە لەبەر ئەوە نەبوو کە رێژەگەرا بن بەڵکو لەبەرئەوەبوو کە رەشبین بوون بەرامبەر شەرعیەتی مەعریفەی فەلسەفی و ئەخلاقی لە سایەی سەرمایەداریدا.

ئەرکی سەرەکی مرۆڤ لەدایکوبونەوەی خۆیەتی. – ئیریك فرۆم

یورگن هابرماس نوێنەرایەتی سەرەکی نەوەی دووەمی قوتابخانەی فرانکفۆرت دەکات. لە ئەمریکا بە فەیلەسوف و تیۆرناسی کۆمەڵایەتی سەرەکی ئەڵمانی چلوپێنج ساڵی پێشوو دادەنرێت. ژیاننامەکەی ستێفان میولەر-دووم سەرتاپاییە و مێژووی پیشەی رۆشنبیریی هابرماس دەخاتەڕوو.

هابرماس لە ١٩٥٦ دا دێتە فرانکفۆرت بۆ ئەوەی ببێتە توێژەری یاریدەدەری ئەدۆرنۆ. بۆ ماوەی پێنج ساڵ دەمێنێتەوە و دواتر چەند پۆستێکی ئەکادیمی لە پەیمانگا ئەڵمانیە جیاجیاکاندا قبوڵدەکات. پاشان لە ١٩٨٣ دا دەگەڕێتەوە زانکۆی فرانکفۆرت و لە ١٩٩٣ دا خانەنشین دەبێت. لەماوەی پیشەکەیدا، چەندین بەشداری گەورەی لە فەلسەفە و کۆمەڵناسی و تیۆری سیاسی و رەخنەی کلتوریدا کردووە. هەروەها لە سەرەتای ١٩٥٠کانەوە رۆشنبیرێکی پابەندی بواری گشتی بووە لە ئەڵمانیا کە کاتێک بەرەنگاری هایدگەر دەبێتەوە تاکو روونی بکاتەوە مەبەستی چی بووە لە “حەقیقەت و مەزنیی ناوەکیی”ی سۆشیالیزمی نەتەوەیی (ئەمە بانگەشەیەک بوو کە هایدگەر لە ١٩٣٥ دا لە کتێبی “پێشەکیەک بۆ میتافیزیک”دا رایگەیاندبوو و بە بێ دەستکاری و روونکردنەوە لە چاپی دووەمی کتێبەکەیدا لە١٩٥٣ دا داینایەوە).

هابرماس خۆی بە نزیک لە ئایدیاکانی قوتابخانەی فرانکفۆرت ناناسێنێت هەرچەندە دانی پێدا دەنێت کە سەرەتای کاری لە ١٩٥٠ کاندا لەژێر کاریگەریاندا بووە: “لە کارلێکردن لەگەڵ تێۆری رەخنەیی کۆنەوە دەستم پێکرد کە لەناو ئەزموونەکانی فاشیزم و ستالینیزمدا کاری کردبوو …. [بەڵام] بارودۆخمان لە دوای ١٩٤٥ەوە جیاواز بوو.” هه‌روەک ئەندامانی قوتابخانەی فرانکفۆرت، هابرماس سەرەتا وەهمەکانی ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئابوریانەی کە لە کلتوری ئەم دواییانەی سەرمایەدارییەوە سەرچاوەیان گرتووە بە لەمپەر دادەنا لەبەردەم خۆبەڕێوەبەری تاک و سیاسەتدا. بەڵام ئارگیومێنتی ئەدۆرنۆ و هۆرکهایمەری سەبارەت بە عەقڵی رۆشنگەری رەتکردەوە:

“لەگەڵ ئەو پێشەکییە لۆژیکییە بنەڕەتییەی تیۆری رخنەییدا نیم کە دەڵێت عەقڵی ئەداتی بە شێوەیەک هەژموونی بەدەست هێناوە کە بە راستی هیچ رێگەیەک نەماوە بۆ دەرباز بوون لە سیستمێکی سەراپاگیری وەهم کە تێیدا دانایی تەنها بە کەمی لەلایەن تاکە پەراوێز کەوتووەکانەوە بەدەست دێت.”

لەجیاتی “دیالەکتیکی نەرێنی” رەشبینانەی قوتابخانەی فرانکفۆرت و بەرواردکرنی سەرمایەداری بە فاشیزم، هابرماس هۆکارەکانی ئۆمێدمان پێشکەش دەکات. پێشبینی ئەگەری وەرچەرخانێکی ئەرێنی کۆمەڵگەی سەرمایەداری دەکات بەرەو کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی (پەیوەندیکردنی ئازاد-لە-هەژموون) کە ئەندامەکانی ئاگادارن و ئەتوانن بە عەلەنی دان بە بناغەکانی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیان بنێن و قبوڵیان بکەن و دیموکراتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن. هابرماس پێی وایە ئەم بارودۆخانە بنەڕەتین بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو وەهمانەدا کە ئایدیۆلۆژیا دروستیان دەکات.

بەلای هابرماسەوە، ناوازەترین سیفەتی چەشنمان (واتە ئێمەی مرۆڤ) بریتی نیە لە کارلێکردنی کۆمەڵایەتی لەرێی (کار)ەوە، وەک مارکس لای وابوو، بەڵکو بریتیە لە کارلێکردنی کۆمەڵایەتی لەرێی (ووتووێژ – دیسکۆرس) و (پەیوندیکردن – کۆمیونیکەشن)ەوە. بانگەشەی ئەوە دەکات کە تێگەیشتنی هاوبەش غایەی راستەقینەی (وتووێژکردنی) مرۆڤە و سەرچاوەی (هاوپشتی – سۆڵیدارێتی)یە لە کۆمەڵگەدا. ئەرکی تیۆری رەخنەیی جیاکردنەوەی باردۆخە فەرمیەکانی وتووێژکردنی ئایدیاڵە کە (پەیوەندیکردنی ئازاد-لە-هەژموون) مومکین دەکات لەلای هەر بەشداربوویەک یان هەر کەسێکی ترەوە، کە توانا دەبەخشێت بە تاکەکان بۆ گەیشتن بە تێگەیشتن لە خۆیان و لە یەکتریش. تەنها ئەو کات رزگاریی و خۆبەڕێوەبەری (ئۆتۆنۆمی) بە دەست دێت.

تیۆری (عەقڵانیەتی پەیوەندیکردن) و (وتووێژکردنی ئایدیاڵ)ی هابرماس، وەک جێفریس ئاماژەی پێ دەدات، زیاتر لیبراڵە تا سۆشیالیستی. هابرماس هەر بە رەخنەگری سەرمایەداری مایەوە، نەک لەبەر هەبوونی بازاڕەکان کە ئەو دانیان پیا دەنێت، بەڵکو لەبەر چڕبوونەوەی موڵکایەتی سەرمایە و ئاکامە شێوێنەرەکانی سەروەت و سامان  لەسەر دیموکراسییەتی سیاسی. بەپێچەوانەی ئەندامە نیۆمارکسیستەکانی قوتابخانەی فرانکفۆرتەوە، هابرماس کۆمۆنیزم رەت دەکاتەوە و داکۆکیی لە (دەستوورێکی لیبراڵی دیموکرات) و (ئابووری بازاڕ) و (دەوڵەتی رەفاهی دیموکراتیی کۆمەڵایەتی) دەکات کە مافی نوێنەرایەتیکردن (کۆدیتێرمینەیشن)ی کرێکاران لە ناوەندی بڕیاردانی کۆمپانیاکاندا دەپارێزێت. [کۆدیتێرمینەیشن: واتە هاوکاری نێوان بەڕێوەبەرانی کۆمپانیا و کرێکاران لە دەرکردنی بڕیاردا بە تایبەتی لە رێی نوێنەرایەتیی کرێکارانەوە لە دەستەی بەڕێوەبردن (بۆرد)ی کۆمپانیادا.  – و-].

هەروەها نەزمێکی دەستووریی لیبراڵ لە پشت وەسفی هابرماسەوەیە بۆ مەرجەکانی وتووێژی ئایدیاڵ. ئەمە مەرجێکی زەروری پەیوەندیکردنی عەقڵانی و تێگەیشتنی هاوبەشە. لەپێناو ئەوەی سودێکی کاریگەر لە ئازادیەکانیان ببینن و تێوەگلێن لەوتووێژی دیموکراتی بە راوێژ، پێویستە ماف و ئازادیە بنەڕەتیە یەکسانەکان بۆ هاووڵاتیە دیموکراتیەکان مسۆگەر بکرێت و سەرچاوەی کیفایەتیشیان بۆ دەستەبەر بکرێت.

وەک جێفریس تێبینی دەکات، لە دوای کانت و هیگڵەوە هابرماس بە دیقەتترین و سیستەمی ترین تیۆری فەلسەفی و کۆمەڵایەتی گەشەپێداوە. وەک جۆن رۆڵز پێی ووتم، هابرماس یەکەم فەیلەسوفی سەرەکی ئەڵمانیە لە کانتەوە کە دان بە لیبراڵیزم و دیموکراسی دەستووریدا دەنێت و بە هۆشیاریەوە بەرگریان لێدەکات. لێرەدایە گرنگی مێژوویی هابرماس، بە تایبەتی لەو دیدەوەیە کە هیگڵ و شۆپنهاوەر و مارکس و نیتچە و هایدگەر و زۆرینەی قوتابخانەی فرانکفۆرت (لیبراڵیزمی دیموکراتی) رەت دەکەنەوە.

پێش ئەوەی لە ١٩٤٩ دا لە کالیفۆرنیاوە بگەڕێتەوە بۆ ئەڵمانیا، ئەدۆرنۆ و ئەوانی تر لێکۆڵینەوەیەکیان ئەنجامدا بەناوی (کەسایەتی ستەمکار) و لە ١٩٥٠ دا بڵاوکرایەوە. مەبەست لێی ناساندنی “چەشنێکی نوێی [مرۆڤ]ی ئەنسرۆپۆلۆژی” بوو کە مەیلی هەیە بۆ نزیکبوونەوە لە سەرکردە ستەمکارەکان. راپرسیەکیان پەرەپێدا بۆ پێوان و ریزبەندکردنی خەڵک بەپێی توانستی فاشیستانەیان. پێوەری-ئێف “F-scale”یان پەرە پێدا [پیتی ئێف نیشانەیە بۆ ووشەی فاشیست – و-] و ٢،٠٩٩ کەس بەشداری تێدا کرد. هەموو بەشداربووان خەڵکی ئەمریکی سپی پێستی غەیرە جولەکەی چینی ناوەڕاست بوون. ئەدۆرنۆ وەسفی کەسایەتی ستەمکار دەکات بە ئاماژە دان بەم نۆ خاسیەتەی کەسایەتی لای خوارەوە:

  • ملکەچیی سەخت بۆ بەها تەقلیدی و بەهاکانی چینی ناوەڕاست.
  • هەڵوێستی ملکەچانە و نارەخنەگرانە بەرامبەر دەسەڵاتە ئەخلاقییە ئایدیەڵایزکراوەکانی گروپی داخراو.
  • دژایەتیکردنی عەقڵی زاتی و داهێنەرانە و ئایدیالیستی و گەشبین.
  • مەیلی ئیدانەکردن و رەتکردنەوە و سزادانی ئەوانەی کە بەها تەقلیدیەکان پێشێل ئەکەن.
  • باوەڕهەبوون بە بڕیادەرە پڕ لە لوغزەکانی قەدەری تاک.
  • سەرقاڵبوون بە رەهەندەکانی (هەژموون- ملکەچی)، (بەهێز-لاواز)، (سەرکردە-شوێنکەوتوو)، و خۆهاوشێوەکردن لەگەڵ کەسایەتیەکانی ناو دەسەڵات.
  • بەشێوەیەکی گشتی رقاوی و خراپ گۆ بەرامبەر مرۆڤ.
  • هەبوونی مەزاجی باوەڕهەبوون بەوەی کە شتی دڕندانە و مەترسیدار لە جیهانا ئەگوزەرێت؛ و دەرهاویشتنی پاڵنەرە عاتیفیەکانی ناخودئاگا بەرەو دەرەوە.
  • نیگەرانیەکی موبالەغەپێوەکراو بەرامبەر بەوەی لە رووی سێکسییەوە ئەگوزەرێت.

پێوەری-ئێف رووبەرووی رەخنەیەکی زۆر بوەوە چونکە نوقسانی زۆر بوو لەوانەش گریمانکردنی ئەوەی کە کۆنسێرڤاتیزم و ستەمکاری زۆر نزیکن لە یەکەوە.

رەخنەگران سەریان لەوە سوڕما کە بۆچی ستەمکاریان نەبەستەوە بە کۆمۆنیزمیشەوە؛ هەر بۆیە پێشنیاری ئەوەیان کرد کە جیاوازیەکی روونتر لە نێوان دیموکراسی لیبراڵ و تۆتالیتاریەتدا لە هەردوو بەرەی چەپ و راستدا بوونی هەیە. سەرەڕای ئەوەی قوتابخانەی فرانکفۆرت زۆر بەتوندی ئیدانەی تۆتالیتیاریەتی یەکێتی سۆڤیەتیان کرد، بەڵام بەهەمان ڕادەی سەرکۆنەکردنی نازییەت نەبوو. ئەمەش بەشێکی لەبەر ئەزموونی شەخسی ئەندامەکانی بوو وەک جولەکەی ئەڵمانیا کە فاشیزم دونیای ئەوانی لەناوبرد.

جێفریس دەڵێت قوتابخانەی فرانکفۆرت رەتیان کردەوە تۆتالیتاریەتی سۆڤیەت و فاشیزم لە یەک خانەدا دانێن و پێکەوە ئیدانەیان بکەن چونکە (هەژموون)یان لە فۆرمێکدا لە هەموو کۆمەڵگەکاندا دەبینییەوە لەوانەش لە کۆمەڵگە سەرمایەدارییە لیبراڵەکانیشدا. ئەم دیدەی کاری ئەدۆرنۆ و هۆرکهایمەر و مارکۆزە کە بە فاشیست دانانی ئەوەی ئێستە ئێمە بە ئاسایی دای دەنێنین – وەکو بازاڕکردن و کۆمەڵگەی مەسرەفگەرا و، مۆسیقا و کلتوری پۆپ و رادیۆ و تەلەفزیۆن ریکلام – وای لە قوتابخانەی فرانکفۆرت کردووە وەک دوورترین دەرکەوێت لە کەڵکەڵەکانی دونیای لیبراڵی مۆدێرن.

لەوانەیە هەندێک جار بێتاقەت بین بە زیادەرۆییە سەرمایەداریەکان و ناڕەحەت بین بە پووچیی مەسرەفگەرایی، بەڵام کەمێک لە ئێمە هەن کە سەرکۆنەی سەرمایەداری ئەکەن وەک گەندەڵبوونی ئەخلاقی زات کە رێگریمان لێ ئەکات لە ناسینی بەها مرۆییە راستەقینەکان یان لە زانینی حەقیقەت سەبارەت بەخۆمان و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانمان.

پەرەسەندنەکانی ئەم دواییە پێشنیاری ئەوە دەکەن کە پرۆژەی رەخنەیی قوتابخانەی فرانکفۆرت پێدەچێت دیسان وەختی بێت. هەڵبژاردنی ئەم دواییەی سەرۆکایەتی ئەمریکا تاکتیکی تۆتالیتاریانەی شێواندن و گەمەپێکردنی بیروباوەری تێدا بەکارهێنرا کە ئاراستەی خەڵکانێک کرا کە ئەم جۆرە میتۆدانە زوو کاری لێدەکردن؛ و ئەمەش بووە مایەی بردنەوەی نزیکە-تەواوەتی پارتێکی سیاسی کە ئێستا بەرنامەیەکی (لیبریتاریەن١)ی هەیە بۆ گرێدانەوەی (بە تایبەتی کردن)ی زۆر لە دامودەزگا گشتیەکان (گەر لەناوبردنیان نەبێت) بە هەژموونەوە لەرێی چڕکردنەوەی سەروەت و سامانی سەرمایەدارانەوە؛ و ئەمەش سەرۆکێکی خستوەتە سەر دەسەڵات کە بەمەبەست دووبەرەکی دەنێتەوە و مەیلی ستەمکارانەی هەیە، بێ دانانی هیچ رێزێک بۆ حەقیقەت یان بۆ دامودەزگا دیموکراتیەکان، و هەبوونی تێگەیشتنێکی یان خەمێکی کەم بۆ چاکەی گشتی.

هەرچەنێک تۆمەتەکانی قوتابخانەی فرانکفۆرت دژ بە هاوپەیمانی نێوان سەرمایەداری و ستەمکاری رۆژێک دوور نواندبێتی، رەخنەکانیان لە ئێستادا پەیوەندیدارن لە کاتێکا ئێمە رووبەرووی رەسەنگەرایی (نەیتڤیزم)ی زیاتر و متمانەپێکردنی بیرلێنەکراوە بە دەسەڵاتێکی دێماگۆگ و بە ئابووری، و بە نکوڵیکردن لە زانست و ئارگیومێنتی عەقڵانی، و بە پەرۆشیەک دەبینەوە بۆ لە ئامێزگرتنی رژێمێک لە نا-زانیاری و گەمەپێکردن.

١-  لیبریتاریەن: واتە سەر بە لیبریتاریەنیزم (libertarianism) کە فەلسەفەیەکی سیاسی پەڕگیرانەیە، داکۆکی لە بچووکردنەوەی رۆڵی حکومەت دەکات لە ژیان و کاروباری هاوڵاتیاندا و دەیەوێت کەرتی تایبەت رۆڵیکی زۆر ببینێت لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا.

بیرمەندانی قوتابخانەی فرانکفۆرت.

سەرچاوە: The New York Review of Books

 

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: