سینەمای دایڤید لینچ

477
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: هاوژین محەمەد

لە مێژبوو دەربارەی ڕۆڵی ئەو لە سینەما و، لە شێوازی کارکردنی بۆ کەمینە هەندێکم بیستبوو، لەبەر ئەمە لێگەڕام تا کاتێک دەستم بەتاڵ بێت، ڕەحەت بە دووڕیانی سینەما تاریکەکەیدا خوول بخۆم، ڕوونتر؛ ئارامگرانە بەدیار ئێشی جیهانە دەستکردە سازکراوەکەی ڕۆژ بکەمەوە، گەرچی وادەکەم، بە سوارچاکی نەکەم، بەڵام ناکرێت سەنگی ئەو لە نەخشی سینەمای “ئێکسپێرمێنتاڵیزمی” نوێدا لەبەرچاو نەگرم، لە دەستپێکی نووسینەکەدا؛ ئامانج ڕوون ناکەمەوە و ناشمەوێت تامی سەر توێژ بکەن و ڕابێن لەگەڵی، بەڵکوو دەمەوێت دووبارە بوه‌ستم لەسەر ئەوخاڵەی بەدوورەپەرێزی بونیادم ناوە لە دووجار تەماشا کردنەوەی فیلمێکی ، خوێندنەوەی سەرچاوە و شرۆڤەکارانی تر. ڕەنگ بێت لەم قۆناغەدا بایەخێکی ئەوتۆی نەبێت، بەڵام دواتر هەم قورسایی بەرپرسیاریەتییەکە لەسەرم ئاسان دەکات، هەم کەشێکی تاقیکردنەوە دەخوڵقێنێم کە ئاستی خۆی بەتەواوی پێ دیاری بکەم.

  • ئەکتەرەکانی لینچ

سادە و ساکار نییە بۆ ڕوانەری فیلمەکانی، خاڵی هاوبەشی ئەکتەرەکانی دەستنیشان بکات و لەمەوە خێرا بگاتە کرۆکی ئەو بڕوایەی نزیکایەتییەک دروست بکات، کە ببێتە هەوێنی خزمایەتی، لە ڕاستیدا لینچ دوورە، بە جۆرێک دوورە کە ناتوانی سۆراغێکی بکەیت، لە هیچ فیلمێکیدا نەمتوانی ڤیزای گەشتن بە خودی خۆیم لە ڕێگای کارەکتەرەکانیەوە بۆ فەراهەم بێت، بەداخەوە من ئەمەم بۆ نەچووە سەر، دوابەدوای فیلمی “قەیفەی شین” درکم کرد؛ کارەکتەرەکانی شوێنپێی نازانن، لەمەوە بێهیوا بووم بێ ڕێبەر چۆن دەکرێت لینچ بدۆزمەوە؟ سەرهەڵدانی ئەم پرسیارە دوو لایەنی دژبەیەکی لێکەوتەوە، لایەنێکی بێهیوا بوون، کە بەڕاستی خۆی پیشان نادات لەواندا، کە تیایدا شێواز وندەبێت و دەبێت بۆ هەموو ئەکتەرەکانی پێکهاتەیەک وەرگرم، تاکوو باسیان بکەم، ئەمەش گونجاو نیە لەگەڵ کاتی مندا و درێژتر لەو کاتەم دەبات کە دامناوە.

لایەنی دووەم بەلامەوە زۆر سەرنج ڕاکێش بوو شێوازی کاکردنەکەی، بریتی بوو لە بەجێ نەهێشتنی ڕەنگە زەقەکەی، کاڵکردنەوەی هەموو ئەو ڕەنگانەشی کە فۆڕمێکی نماییشانەیان بە جیهانی سینەمای ئەمڕۆ بەخشیوە. دەزانم “لینچ” سەرکەوتووانە ئەکتەرەکانی بەسەر دوو لێواردا دابەشکردووە.

لێوارێکیان کە من ناوم ناوە لێواری ناوەوە؛ بۆ ئەمیان پابەند دەبم بە بەهای ئازادی مرۆڤەوە بۆ ڕووانەری بەجێدەهێڵم خۆم دەگەیەنمە دووەمیان.

لێوارێکی تریان ڕوونە؛ دیووی دەرەوەیە کە تیایدا ئەکتەرەکانی خوو بەو ئامڕازانە دەگرن کە ئەوانی تر بەچاوی خوارتر لێی دەڕوانن. بۆ نمونە “جگەرە، سێکس، تراکتۆری بچووک، ڕووخسار و کۆمەڵێک دروستکراو” لێرەدا هاواری ئەم پیاوە دەبیستم؛ چارەسەری ئەو ئەو چارەسەرانە نین کە ئەوان دەیزانن، هەمیشە ئەکتەرەکانی باش و خراپیان زانیووە، بەڵام خراپەکانیان کردووە، چونکه‌ “لینچ” دەیەوێت بڵێت خراپەکاری براوە نییە، بەڵکوو دەرمانێکی پێش نەخۆشبوونە. من گەرچی نەخۆش نیم، بەڵام دەرمان دەخۆم، بەوەشەوە ناوەستێت، ڕوونتر دەوەستێت و پێت دەڵێت: نەخۆشکەون ئەو جوچکانەی من دەمرن.

  • ئاڕاستەی ڕووداوەکان

بەگوێرەی ساتی ڕوودانی ڕووداوەکانی دەکرێت پاسادانی کۆتای بەوە بکەم: “لینچ” تایبەتمەندە لە چاندنی ئەو تۆوەی خۆی دەیەوێت بیچێنێت، وەک ئامۆژگاریکەر و لە ژێر ئەزموونی خۆیدا وەڵام دەداتەوە، ئەمەش لەناو ئەمریکییەکاندا دەگمەنە جۆریان لێ بدۆزیتەوە، ئەوان زیاتر گرێ-ڕووداو دەخوڵقێنن و دەیشێوێنن و لەکۆتایدا چاکیدەکەنەوە؛ بە بەراود بە “لینچ” نە ڕووداو دەخووڵقێنێت و نە حەوسەڵەی چاککردنەوەی هەیە، ئەوەی لەفیلمەکانیدا دەگوزەرێت کۆمەڵێک ڕووداوی زگماکییە، گرێدراوی سوڕی ژیانی کارەکتەرەنییەتی ئەستەمە لێبکرێتەوە. وەڵامەکانی (لینچ)یش لەکۆتایدا باسەکە تێر ناکات، ئەو ناتوانێت قەرەبووی ئەم پێشهاتە نەخوازراوانە بکاتەوە، لەو بەرپرسیارەتییەش دوورەپەرێز نەوەستێت، بۆیە بە ناچاری، بە درێژایی فیلمەکانی پاکانە دەهێنێتەوە، دەڵێت «منیش دەسه‌ڵاتم نییە!» گەر دەتەوێت بزانیت بۆ؟ بڕوانە ژیان وەک ئەوەی من باسی دەکەم یەک ئاڕاستەیە و لە ناویدا کۆمەڵە ڕووداوێکی ورد و بچوک هەن.

هەمیشە ئەم دەرهێنەرە لەسەر ئەم خاڵە دەوەستێت و مەبەستیەتی بە دیمەنێکی پیشاندانی ڕێگا پەیامی ژیان بگەیەنێت. دووبارەبوونەوەی ئەم فۆڕمەش لە کارکردن باسەکە بۆ ئێمە قووڵتر دەکاتەوە، دەکەوینە پرسیارکردن لە خۆمان، ئامانجی فیلمەکە بەخێرایی ون دەکەین و ڕێکاری دەروونی دەگرینە بەر بۆ دژبوون بەڕووداوەکانی پێشترمان، لەمەوە بیرۆکەی تازە لە دایک دەبێت، هەندێک جار ئەمە ناهەقییەک دروستدەکات دەرهەق بە ڕووداوە نەهاتووەکان، بەڵام هەرچۆنێک بێت “لینچ” ئەوە بە باشتر دەزانێت.

  • ناوەڕۆکی سکرینپلەییەکانی

تا ئێرەی شرۆڤە ماندووکەرە، لەمەو بەدوا بۆ هەواداری ئاسایی پێویستییەکی ئەوتۆی نییە کە بەردەوام بێت، بۆ منیش گرفت نییە گەر نەیخوێنێتەوە، لە ڕاستیدا هەست دەکەم ئەم لقە و دواتر زیاتر پیشەیی بن، بە هەر بارێکدا بێت پیشەکارەکەکان زیاتر بتوانن سودێکی زۆرتری لێ ببینن. ئاشکرایە، ناوەڕۆکی سکرینپلەیەکانی “لینچ” زۆر ئاڵۆزن و، دیوێکی تاریکی هەیە کە ڕوانەر دەخاتە دۆخێکەوە نەتوانێت بە دروستی ڕەش و سپی لە یەک جیابکاتەوە، هەرگیز وەڵامێکی کۆنکرێتیت دەست ناکەوێت لە سکرینپلەیەکانیدا، لێکەوتەی ئەمەش بۆ هەواداران، پاشخانێکی نەرێنی جێده‌هێڵێت، بە کەوانێکی بچووک دەتوانێت ناڕێکییەکان باسبکات و بگەڕێت بە دوای نۆرمە گرێکانی، بەڵام هەرگیز ئەمە کۆتایی نییە. ترۆپکی سەرکێشییەکان مەبەستدارن، هاوشێوەی چەند شاخێکی تەنیشت یەک. “لینچ” شاخەوانانە گەشتت لەگەڵ دەکات و دەتباتە لوتکە و پاشان هەرخۆی ڕێبەریت دەکات و دەتهێنتەوە سەر تەختێکی ئاسایی. ئەمه‌ گەر بە شێوازی سێ کردەیی سیدفیڵد-یش بنووسێت، وابەستەی کات نابێت لەگەشتەکەیدا، بەڵکوو گرنگی زیاتر بەوە دەدات چەند جارێک شاخەوانیت پێبکات لە ڕۆژێکدا، مرۆڤ ناتوانێت ماندوو نەبێت بەم جۆرە لە سەرکەوتن و دابەزینە، دەکرێت سوودی ئەم هاو ڕۆشتنەش لە دوایدا بۆ پیشەی سکرینپلەی نووسەکان بە قازانج بكه‌وێته‌وه‌. هەرچەندە “لینچ” مامەڵە ناکات و خۆشیی لەوە نایەت، بەڵام من هەر زوو لە بەرووبوومی دەستە ڕەنگینەکەیم خوارد و زۆر چێژیشم لێ بینی، بە ڕادەیەک لەم لقەدا هێندە چێژم لێبینی ئاواتە خوازبووم نانی بەیانیش بەدەستی “لینچ” بخۆم.

  • کامێرا و ڕووناکی

تیشک خستنە سەر ئەم خاڵە لە تێکڕای شرۆڤەکەدا دەبێتە گرنگترین خاڵی ئامانجەکەم، هەر بینەرێکی “لینچ” بە وردی شەیدای ئەم شێوازە لە بەکارهێنانی: کامێرا، ڕووناکی، سێبەر و تاریکی دەبێت. لە ڕاستیدا دەکرێت بوترێت «گێرانەوە لە توخمە سەرەکییەکەی بە یارمەتی کامێرا و ڕووناکی مەبەستێکی پیلان بۆ داڕێژراوە نەک فەرامۆشکراوە.» بە جۆرێک پڵۆتی پەرەسەندنی فیلمێکی و گەشتن بە دەرئەنجامی کۆتایی ڕەنگە زۆربێت. لەدوایدا کۆکردنەوە و بەستنەوەی گشت چیرۆکەکە لەسەر بنچینه‌ی تـێماکان، کە بەزاراوەیەکی تر لەسەر بوونیادی نیشانە و “ئیزۆتۆپی” هەروا ساکار لە قۆناغی ئیدیتدا ناچێتە پێش. لە سەرەتاوە بە ڕووی سیمیۆتیکە ورده‌کاندا دەکرێتەوە، لە ناوەند و کۆتایی کەمێک پچڕان دروستدەکات. بەڵام بەپێی کات، ڕووناکی و کامێرا لەپێکهاتەی دەقەکە گەورە دەبێت و “لینچ” پسپۆڕانە تەواوی ماتڕیاڵەکانی بە گەورە و بچووکەوە دەخاتە بەردەم شاشەیەک، لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینی دەکرێت لاببرێت. ڕاستییەکەی من زیادە ڕۆییەکی بەرچاوم نەبینی لەوەدا جێگای مشتوومڕ بێت، لەگەڵ ئەوەشدا ڕەخنەگران چاوپۆشی لێناکەن. هەرچەندە وا ناکەوێتەوە سینەماکەی هەڵگری نەرێنی تەواو بێت، بەڵکوو بە گشتی شتێکیش نییە بە ناوی هونەری پاسیڤی تەواو، بەگوزارشتێکی تر تر دەتوانین بڵێین «کۆی ماتریاڵەکان پاڵپشتی چەمکی “پلورالیست” ناکات و چالاکی لە بینەر وەردەگرێتەوە، تەنانەت گەر بینەرەکە خۆشی چالاک بێت مافی قبوڵکردن و ڕەتکردنەوەی دیمەنەکان لەدەست دەدات.» کامێرای “لینچ” لەو شتانە ورد دەبێته‌وه‌ ڕێگەپێدراو نییە، بەشێکی دەچێتە سایەی سایکۆلۆجییەوە، پێناسەیەکی خراپ بۆ خۆی دەکات. بڕوانە، مرۆڤ هەرچۆنێک بێت هەر داپۆشەرە، چێژ لە هەموو ئەوانە وەرناگرێت کە دەیبنێت، ئەم گوێ بەمە نادات، پیشەی کامێرا لە هەندێک دیمەندا بەڕاستی ون دەکات، بەشێک لەو فرمانەی فرمانی کامێرا نییە و لە ڕووی پیشەوە کامێرامانەکەش بە هەڵەدا دەچێت، گەرچی وا بیردەکاتەوە ئەمە شێوازێکی نوێ و داهێنانە، بەڵام بە گشتی بۆ ئەمڕۆی هونەر نەک تەنیا ناچێتە پۆلێنبەندی فۆڕمێک لە داهێنانەوە، بگرە زۆر کاتیش زیادەیە.

بڵاوکردنەوە: