ژیژەک و سینەما

398
0
بڵاوکردنەوە:

و:جەمشید بەهرامی

ژیژەک کێیە:

سلاوی ژیژەک لە دایک بووی ١٩٤٩، فەیلەسووف، تیۆری‌دارێژە،کۆمەڵناس، رەخنەگری کولتووری و سیاسەتمەدارە. ئەو لە سلۆڤنیا لە شاری لیۆبلیانا لە دایک بووە و بڕوانامەی دکتۆرای فەلسەفەی لە زانکۆی لیۆبلیانا وەرگرتووە. ئەو لە ساڵی ١٩٩٠دا وەک بەربژێری سەرۆک کۆماری لە لایەن حیزبی لیبڕاڵ دیموکراتی سلۆڤنیاوە دەستنیشان کراوە. ژیژەک فەیلەسووف و تیۆری‌دارێژەری رەخنەییە کە بەشی هەرەزۆری بەرهەمەکانی لە نەریتی فەلسەفەی هێگلی،مارکسیسم و هەروەها دەروونشیکاری لاکانی‌یە. ئەو چالاکیگەلێکی بەرچاوی لە پانتایی تیۆری سیاسی، تیۆری فیلم و دەروونشیکاری بیرۆکەیی‌دا هەبووە.

ناوبانگی ژیژەک بۆ زیندوکردنەوەی “دەروونشیکاری لاکان” بۆ خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ “فەرهەنگی عامە”یە،ئەو وتارگەلێکی جۆراوجۆری سەبارەت بە بابەتگەلی جۆراوجۆر نووسیوە. تەوەرگەلێک لە وێنەی شەڕی عێراق، بونیادگەرایی، سەرمایەداری و هیچکاک، دەیوید لینچ و هتد. ژیژەک لە وتووێژێکدا لەگەڵ گۆڤارێکی سپانیایی‌دا، بە گاڵتەوە خۆی وەک “ستالینیستێکی لاکانی” رادیکاڵ پێناسە کردووە.

 

تیۆرییە سینەماییەکانی ژیژەک

ژیژەک وەک تیۆری‌دارێژەرێکی سینەمایی ناسراوە، ئەو لە راڤەی “دەروونشیکاری لاکانی” بۆ پێکهێنانی تیۆریەکی سینەمایی و شێوەیەکی رەخنەیی نوێ کەڵکی وەرگرتووە. بە بڕوای رابێرت ستەم، ئەو لە فیلمە سینەماییەکان بۆ شرۆڤەی روانگەکانی لاکان کەڵکی وەردەگرێت و لە فیلمە سینەماییەکاندا وێنەگەلێک دەدۆزێتەوە کە تەنانەت لە خودی “لاکان”یش باشتر بیرۆکەکانی دەروونشیکارانە شرۆڤە دەکات.

ژیژەک لە فیلمدا، دەپەرژێتە سەر راڤەی حەز و فانتازیای ناهۆشیار، کردەوەی راستەقینە و ئۆبژەی رەسەنی ئایدۆلۆژیا؛ و لەم رێگەیەوە رامانێکی دەروونشیکاری لە پانتایی سینەمادا دەخولقێنێت. لینچ و هیچکاک، دوو فیلمسازی دڵخوازی ژیژەکن کە راڤەی بەرهەمەکانی ئەوان زۆرتر لە فیلمسازانی دیکە جێگای سەرنجی بوون.

 

ژیژەک فەیلەسووف یان رەخنەگری فیلم

لە دوای دەیەی ٦٠ی زایینی‌دا‌، روانگەگەلی جیاواز و جۆراوجۆری تیۆری فیلم تووشی ئاڵوگۆڕێکی زۆر بوو. سەرهەڵدانی روانگەکانی چەپ و لە لایەکی دیکەشەوە لەبارتر بوونی تیۆرییە کلاسیکەکانی سینەمایی یارمەتیدەر بوون بۆ مانای رەخنە و لێکدانەوەی فیلم، و ئەم چەمکەیان پێگەیاند(بە هۆی هەبوونی تیۆری بەرهەمینەر و ئومانیسمی پێکهاتەگەرایانە). (بۆ درێژەی بابەت لێرە کرتە بکە)

بە هۆی بیرۆکەدارێژراوەکانی لاکان کە هەموویان پشتبەستوو بە راپۆرتەکانی فرۆیدەوەیە، لێکدانەوەکانی دەروونشیکاری هاتە نێو بازنەی سینەما و پانتایی رەخنەی فیلمەوە، کە ئەمڕۆکەش یەکێکە لە رێک و پێک‌ترین شێوازەکانی لێکدانەوە سینەمایی.

جێگای سەرنج ئەوەیە کە فرۆید دەستەواژەی دەروونشیکاری لە هەمان کاتدا بە کار هێنا کە سینەما سەری هەڵدا.بابەت(سووژە) و ئاپاراتۆس چەمکگەلێکن کە ئەم جۆرە لێکدانەوە سینەماییە، راستەوخۆ پشت بەوان دەبەستێت و سلاوی ژیژەک هەنووکە بە شێوەیەک ئاڵاهەڵگریەتی.ژیژەک شێوازێکی نوێ بۆ لێکدانەوەی فیلم گەڵاڵە دەکات کە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ شێوازەکانی پێشوودا یەک ناگرنەوە و تەنانەت زۆرجار بۆ توێژەکانی چیرۆکینی فیلم یارمەتیدەر نییە و بەردەنگێک کە لە فیلم تێنەگەیشتووە یان لێکدانەوەیەکی روون و ساکاری بۆ فیلم هەیە، لە راڤەی ژیژەک چشتێکی دەست ناکەوەێت. بۆ وێنە کتێبێک کە ژیژەک لە سەر فیلمی “شاڕێگەی ونبوو”ی دەیوید لینچ نووسیویەتی.

بەردەنگێک کە بۆ تێگەشتنی نیشانەکانی بەرجەستەی فیلم هانا بۆ کتێبی ژیژەک دەبات، شتێکی وەهای لێ تێناگات. کاری ژیژەک زۆرتر لە هەر شتێک پشتبەستوو بە نیشانەکانی وێڕایی‌یە و ئاشنایی بەردەنگ لە سەر راڤەکانی ئەو، لە دەستەواژەکان و راپۆرتەکانی فرۆید،لاکان و هێگل و کانت؛ بێگومان تێگەیشتن لە ژیژەک و وتەکانی ساکارتر دەکات. لە لایەکی دیکەشەوە بیرۆکەکانی پشتبەستوو بە پێکهاتەگەرای، دانەر و زمانی سینەمایی درێژە بە ژیانی خۆیان دەدەن.

ژان میشەل فرۆدۆن کەسێک کە لە دوای گەڵاڵەی یەکگرتنەوەی گۆڤاری “کایە دۆ سینەما” ببووە بەرپرسی، یەکێک لە ئاڵهەڵگرانی ئەم شێوازە رەخنەیی و لێکدانەوەیە. سەرەڕای ئەوەی کە “کایە دۆ سینەما” نەختێک لە بایەخی پێشتری لە دەست‌دابوو، بەڵام فرۆدۆن توانی ئەو رەسەنایەتیەی کە “ئاندرێ بازەن” لە بە درێژایی سەردەمی چالاکی لەودا هێنابووەیە بەرهەم، بگەڕێنێتەوە.

سەررێژنەیی ئاسیایی و داهێنەر خۆشەویستی فرۆدۆن تا ئەو رادەیەی کاریگەری بە سەر “کایە دۆ سینەما”دا هەبوو کە لە هەڵبژاردنی سەرکەوتووەکانی فیلمی ساڵدا، بەردەوام فیلمە ئاسیاییەکان یان فیلمی بەرهەمهێنەرەکان(ئەگەر باشیش نەبن) بوونیان هەیە. لێرەدا ئامانج ئەوەیە، هەر چەند ساکار ئەو دوو کەسە و فلیمە دڵخوازەکانی ئەوان، بناسێنین.

سینەما بەردەوام هونەری بەرڕق و غەزەب لێگیرای فەیلەسووفەکان، بە تایبەت بیرمەندە چەپەکان بووە. لۆکاچ،ئادرنۆ، هۆرکهایمەر و سارتەر رێژەیەکی کەم لە خێڵی فەیلەسووفەکانن کە بە هۆی لایەنگریان بۆ هونەری رەسەن، بە توندترین شێوە هێرشیان کردە سەر سینەما و خستیانە پەرواێزەوە و لە ۆانتایی هونەردا، هەموو هێزێکیان خستە خزمەتی ئەدەبیات و مۆسیقاوە. لایەنگری ئەم فەیلەسووفانە بۆ هونەرەکانی دیکە و سەرڕێژنەیی‌یان لە ئاوڕدانەوە لەو نووسەران و مۆسیقازانانی جۆراوجۆر، نیشاندەری ئەوەیە کە بۆ سینەما لای ئەوان هونەرێکی دڵخواز نەبووە و بەردەوام وەک بەستەیەکی سەرمایەداری و وەک ئامرزاێک بۆ گەمژە و خومارکردنی کۆمەڵ پێناسەیان کردووە. بە شێوازێکی فەرمی، تا رادەیەکی زۆر ئەم گرووپەیە رەخنەکەیان بەجێیە،بە هۆکارێکی ساکار، کە سینەما یەک لایەنەترین و بەربەرستکەرترین هونەر لە نێوان هەموو هونەرەکاندایە، راست بەو هۆیەی کە لە هەموو ئامرازەکانی هونەرەکانی دیکە کەڵک وەردەگرێت.

هورووژمی هاوکات و لە ناکاوی دیمەن و دەنگ و گێڕانەوە بەرەو زەینی بەردەنگ کە لە هۆڵێکی تاریک-لە نێوان خەڵکانێکی دیکەدا لە بێدەنگیدا- دانیشتووە و شەیدای پەردەیەکی زەبەلاح بووە کە وەک بۆمبارانی دیمەنی جوڵاو بە سەر زەینی ئەودا وایە، بەردەنگ ئیفلیج دەکات و ئیزنی بیرکردنەوە لەو دەگرێت.

سینەما لە ناکاو لە هەر چرکەیەکدا هەموو شتێک روون دەکاتەوە، دەرفەتی بیرکردەنەوە و راوەستان بە بەردەنگەکەی نادات و بە ئیزنی ئەوە بە بەردەنگ نادات تاکوو خولیای چالاک بکاتەوە و چێژ لە دەرفەتێک وەورگرێت کە تابلۆیەکی شێوەکاری یان رۆمانێک بۆ بیرکەدنەوە پێی دەدات. ئەم ریتمە خێرایە و هورژمی لەناکاوەی زانیاری، بەشێکە لە سروشتی سینەما و خاو کردنەوەی ریتمی فیلم و درێژکردنەوەی بە مەبەستی رەخساندنی هەلێک بۆ بیرکردنەوە، جگە لە مانویەتی و شەکەتی چشتێکی دیکەی لەگەڵدا نییە.

بەم حاڵەوە دەبێت ئەوە قەبووڵ بکەین کە سینەما لە روانگەی پێشوازی گشتی لێهاتوویی بۆ رۆچوون بە نێو کۆمەڵگادا، گرنگترین هونەری ئەم سەردەمەی ئێمەیە. سینەما لەمڕۆکەدا هەمان پێگەی هەیە کە ئەدەبیات لە کۆتایی سەدەی نۆزدەدا هەبووی. هەر لەو چەشنەی کە خەڵکی بەریتانیا لە سەدەی نۆزدەدا بە بێ ئوقرە چاوەڕێی رۆمانی نوێی “دیکێنز”یان دەکرد و لە یەکەم چرکەی چاپ و بڵاوکردنەوەی رۆمانی نوێی‌دا، هەموو چینێک لە خەڵکانی عامییەوە تاکوو تێگەیشتوو، هەموان رۆمانەکەیان دەکڕی و دەیانخوێندەوە و لە هەموو شوێنێکدا قسەیان لە سەر دەکرد، ئەمڕۆکە لە سەر هەر فیلمێکی نوێ لە سکۆرسیزی و کاپۆلا و کاستاریکا هەر هەمان شت دووپات دەبێتەوە.

سینەما توانیویەتی سنووری نێوان هونەری رەسەن و هونەری دڵخوازی عامەی خەڵک مەحو بکاتەوە و لە جێگای سەرنجی دوو گرووپدا بێت، هەروەها کە رۆمان لە سەدەی نۆزدەدا بەو شێوەیە بوو، و هەر ئەوەیە کە پێویستی رامانی بیرۆکەیی لە سینەمای ئەمڕۆکەدا ئەمرێکی پێویستە.

سلاوی ژیژەک، زۆر بە باشی هەستی بە پێویستی‌یە کردووە. سلاوی ژیژەک، فەیلەسووفی خەڵکی سلۆڤێنی، بێگوان گرنگترین فەیلەسووفێکە کە تاکوو ئێستا ئاوڕی لە سینەما داوەتەوە.

قەبارەی ئەو بەرهەمانەی کە ژیژەک تەرخانی کردووە بۆ سینەما و چەشناوچەشنی دەنگەکانی سەبارەت بە هونەری حەوتەم لە زۆرێک لە رەخنەگرە سەرکی و بەناوبانگەکانی فیلم زۆرتر و سەرکەوتووترە، بەم حاڵەشەوە لەم نێوانەدا خاڵێکی زۆر گرنگ هەمیشە لە بیر دەکرێت کە سەرچاوەی لێک تێنەگەیشتنەکان بەرامبەر بەوە، و ئەوە ئەمەیە کە ژیژەک پێش لەوەی کە تیۆری‌دارێژەی فیلم بێت فەیلەسووفە. ئەو فەیلەسووفێکی تەواو مانا بە پرەنسیپ و بە داب و نەریتە کە بابەتگەلێکی لێزانانە و زۆر سەخت و گرانی سەبارەت بە کانت و هێگل و شلینگ نووسیوە، ئاوڕی لە هەبوونناسی و خوداناسی داوەتەوە و لە گرنگترین راڤەکەرانی “دەروونشیکاری لاکانی” لە جیهانی سەردەم دایە.

سینەما بە هیچ شێویەک یەکەمین گرنگایەتی لە بەرهەمەکانی ژیژەکدا نییە و ئەمە جیاوازی سەرەکی ژیژەک لەگەڵ تیۆری‌دارێژەران و رەخنەگرانی فیلمدایە. ئەم تایبەتمەندییە پەیهاتە گەلێکی هەیە کە بە بێ لە بەرچاوگرتنیان لە خوێندنەوەی بەرهەمەکانی ژیژەکدا بە لاڕێدا دەڕۆین و گرنگترینیان ئەوەیە کە رەخنەی ژیژەک لە هەموو فیلمەکاندا جێگیر و لە هەموو جێگایەکدا بەردەوام نییە(دەروون ماندگاری).

ژیژەک سینەما لە وێنەی سەرچاوەیەکی زۆر باش بۆ وێناکان و شرۆڤەی روانگەکانی چاو لێدەکات و لە راستیدا سینەما لای ئەو ئامرازێکە بۆ سەرقاڵ بوون بە فەلسەفەوە. نموونەی بەرچاوی ئەم تایبەتمەندییە لە راڤەیەکدایە کە لە فیلمی دیکۆمێنتی ” رێ نیشاندەری لادەرێک بۆ مسافرەکانی کاکێشان”یان لە نهۆمەکانی خانوو لە فیلمی “شێت” بەرهەمی هیچکاک دەیدا بە دەستەوە.

ژیژەک ژێرزەمین بە ناهۆشیار، نهۆمی یەکەم بە “خود” و نهۆمی دووهەم بە “ویژدان” دەزانێت و لەم رێگایەوە وێنەیەکی زۆر باش بۆ پۆلێنبەندی دەروونشیکاری فرۆید دەدات بە دەستەوە، بەم حاڵەش پۆلێبنەندی‌یەکی ئەو پێوەندییەکی بە فیلمی هیچکاکەوە نییە و بەرهەمی پێوەندییە دەروونییەکانی فیلم و رووبەڕوویی کەسایەتییەکان لە بەرامبەر یەکدا نییە.

فیلمی هیچکاک لە وێنەی وێنایەکە بۆ ئەوەی ژیژەک بیرۆکەیەک لێکبداتەوە و راڤەی بکات. ژیژەک بەردەوام مەودای خۆی لەگەڵ ئەو فیلمەی کە باسی دەکات لە یەک ئاستدا دەهێڵێتەوە و بەردەوام لە پێگەی فەیلەسووفێکە بەرەوڕووی فیلم دەبێتەوە نەک لە پێگەی رەخنەگرێکەوە.

وێنەیەکی دیکە کتێبە درەوشاوەکەی لە مەڕ فیلمی “شاڕێگەی ونبوو”ی ” دەیوید لینچ “ـە لە ژێر ناوی ” هونەری رەسەنی گاڵتەجاڕ”ـە ( The Art of the Ridiculous Sublime).

ژیژەک لەو کتێبەدا قەد وەک لێکۆڵێەرێکی فیلم لە فیلمی “شاڕێگەی ونبوو” نزییک نابێتەوە،بەڵکوو بە بیانووی ئەو فیلمەوە بیرۆکەگەلێکی درەوشاوە سەبارەت بە کولتوور و سیاسەت گەڵاڵە دەکات کە هیچ کام لەوانە پیوەندییەکی راستەوخۆی لەگەڵ دەروون ماندگاری فیلمدا نییە. بەم پییەیە کە کۆمەڵێک کەس ئەمە بە لاوازی بابەتەکانی ژیژەک سەبارەت بە فیلم دەزانن تایبەتمەندی بەرهەمەکانی ئەوە، و بەم هۆیە دەبێت پێش هەر شتێک ژیژەک وەک فەیلەسووفێک بناسین.

 

ژێدەر: سینما و ژیژک: محمد باغبانی،محمد امیری آریان،روزنامه اعتماد، شماره ١٧٠٠ به تاريخ ٢٧/٣/٨٧، صفحه ١٠ (سينما)

تاگفایل
بڵاوکردنەوە: