سینەمای کوردی و سنووربەندییەکانی کلتوور

688
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ئالان عەتوف

 

دواجار ئەوەی ئەمێنێتەوە ئەو دەرەنجامەیە کە بەرهەمی سینەمایی وەک یەکەیەک پێشکەشمانی ئەکات؛ یەکەیەک کە کۆی هەموو توخمەکانیەتی. سینەما وەک کاتیگۆریەک هونەرێکی باڵایە ئەمە کاتێ  کە ئەبستراکتە لە هەموو بارگاویبوونێك و تەرەفگیریەک کە مرۆڤ تووشی دەکات یان بەسەریا دەهێنێت. واتە سینەما خۆی هەیە وەک بونێکی باڵا  کە پێوەرەکانی لای من بریتین لە “ئیستاتیکا – aesthetics” و “شوناسی سەربەخۆ” و “بانگەشەی گەردوونی”. تۆی سینەماکار هەوڵ و کۆشش دەدەیت بگەیت بەو ئاستە و بەدیهێنانی ئەو پێوەرانەی سەرەوە بە کامڵی.

کلتوور هێزە، هێزێکی کەم وێنەشە لە داگیرکردنی تاکەکەس و دونیابینی و رەفتاری تاکەکەسدا بەڵام سینەما ئەو دژە-هێزە رادیکاڵایە کە ئەشێت ببێتە داڵدەیەک بۆ مرۆڤ کە دەیەوێت بگاتە لوتکەی ئازادی، نەک بەپێچەوانەوە کە سینەما بکرێتە دیلی کلتوور. بۆیە سینەما ئەشێت ئەم جەنگەی پێ بکرێت یان لەم جەنگەیا بیباتەوە گەر ئەو کەسەی خەریکی سینەمایە بەلاڕێیدا نەبات و سینەما لەم پێوەرانە وەدەرنەنێت.

هەڵبەت لە ئاستێکی تردا،  لایەنێکی  تری ناسراوتر و نەریتی تر و باوتری سینەمایە کە ئامانجی بریتیە لە دراماتیکی کردنی ژیانی واقعی (Dramatization of Real Life) لەرێگەی سینەماوە یان بەهۆی قۆستنەوەی هونەری سینەماوە. ئەمەیان لایەنێکە زۆر وورد ناچمە ناوی. بە دراماتیکی کردنی واقعەکانی ژیان خۆی، چەنێک رەوا بن و باو بن و خاوەن جەماوەر بن، لای من کێشەیەکی بنەڕەتی بۆ هونەری سینەما دەخولقێنن چونکە ئەم لایەنە لەلایەک هەڵخەڵەتێنەر و غافڵکەرە بۆ سینەماکار بەجۆرێک گەر یەکجار ووریا نەبێت، ئەم لایەنە هەڵی دەفریوێنێت بۆ بیرکردنەوە لە دابەش کردنی هونەری باڵای سینەما بۆ چەند ووردە کاتیگۆریەک و ژانرایەکی تر. بۆ نموونە ژانراکانی سینەمای مێژوویی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و هتد کە بە ژانراکردنی سینەما لای من بە کۆمێرشیاڵکردنی (بازرگانیکردنی) سینەمایە. دوا ئامانج لە هونەری سینەما – وەک پابەند و بەرهەمه‌ێنی ئیستاتیکا و  شوناسی سەربەخۆ و بانگەشەی گەردوونی – پارە و بازرگانی نیە هێندەی پارەو بازرگانی لە خزمەت هونەری سینەمادان ئەو پێوەرانە بەدی بهێنێت. ئەمە راستە بۆ زۆر لەو وڵاتانەی کە سەرقاڵی سینەمان. بەڵام بووەتە مۆدێلێکی زاڵیش بۆ سینەمای کوردی وەک یەکێک لەو شوێنانەی کە تازە دەستی یاوەتە ئەم هونەرە.

بۆچی سینەمای کوردی، لەم سەرەتایەوە، پێویستە ووریای تەڵەزگەی ژانراگەری بێت. سینەما ئیستاتیکایە چونکە بە نزیکەیی هەموو هونەرە سەرەکیەکانی تر – وەک بەشەکانی کۆیەکی بێ خەوش – دەیانەوێت بەوپەڕی کامڵیەوە خۆیان تەحقیق بکەن یان مانیفێست بکەن. کورتکردنەوە و قەتیس کردنی سینەما بۆ چەند ژانرایەک کوشتنی رۆحی هونەری و فیکری و ئیستاتیکی سینەمایە. ئەو مەخلوقەی کە لە پیتاندنی هەموو ئەم بەش وپێکهێنەرانەی ئەم هونەرە لەدایک دەبێت پێویستە سینەمایەک بێت سەربەخۆ لە ژانراکان و ئاماژە کلتوریەکان و نۆرمە نەریتی و کۆمەڵایەتیە باوەکان و ئاماژە ئایدۆلۆژی و مێژووییەکان بەو حوکمەی سینەما هونەرێکی باڵایە وەک باسم کرد و ئیشی ئەو نیە سەرگوزشتەی ئەو ئاماژانە بگێڕێتەوە. ئەمەش لە رێگەی  خۆ بەدوورگرتن لە لایەنی (بە دراماتیکی کردنی ژیانی واقعی) دێتە دی.

بەرهەمێنانی سینەما وەک کۆیەکی بێ خەوش و وەک گشتێک دیدگای دەرهێنەرە بە دڵنیایی. دەرهێنەر دیزانەری فیکری و ئاراستەی فیکری بەرهەمە سینەماییکەیە و لە ووردەکاری دروستکردنی پێکهێنەرەکاندا دەشێت ئاراستە فیکریەکەی رەنگ بداتەوە ئیدی لەرێگەی ووتەی کارەکتەرێکەوە بێت یان لەرێگەی دیمەنێکەوە، یان لەرێگەی داهێنانی زمانێکی سینەمایی نوێوە کە دووبارە ژیان بەدیگای سەربەخۆیانەی خۆی پێناسە ئەکاتەوە یان لەرێگەی پێکهێنەری ترەوە بێت.

زۆر بە سادەیی، ئایا ئیشی سینەما گەیاندنی واقعە وەک خۆی یان دووبارە دروستکردنەوە و داهێنانەوەیەتی بەشێوازێکی ئیستاتیکی و سەربەخۆ و گەردوونیانە لە پێناو گەیشتن بە پانتاییەک لە دەرەوەی سنوورەکانی کلتوور؟ مەبەستی ئەم ووتارە دووەمیانە.

بەلای منەوە کلتوور یەکێکە لەو کۆنترۆڵانە یان شوورایانەی کە بەدەروری بیرکردنەوەدا ئەکێشرێت لە سیاقی بەرهەمهێنانی سینەماییدا. زیادە رۆیی نیە گەر بڵێین کە دەرهێنەر دەبێت ئاگاداری سەربەخۆیی و ناتەرفگیری هەموو توخمەکانی سینەما بێت هەر لە زمانی کارەکتەرەکانەوە بیگرە تا پێکهاتی دیمەنەکان. هەڵبەت مەبەستم ئەوە نیە کە کار لەسەر کلتووری خۆت یان کلتووری خۆماڵی نەکرێت، بەڵام تێبینیەکەم لەسەر ئەوەیە ئایا لەژێر کاریگەری کلتوردا ئیش دەکەیت یان لە دەرەوەی کلتوورەکە وەک تاکە شووناسی خۆت. مەبەست گەیشتنە بە دیدگایەیەکی سەربەخۆی پەتی.

کاتێ وەک سینەماکارێک خۆت قەتیس دەکەی لەوەدا کە خۆیستانە یان خۆ نەویستانە لە پێناو ژانرایەکی وەک ئاکشن، یان خەیاڵی زانستی، یان خەیاڵی مێژووی، یان جەنگ، یان کۆمەڵایەتی فیلمێک بەرهەم بهێنی، بەدەرلەوەی بەرەو بازرگانیکردنی کایەکە دەچیت، و بەشدار دەبیت لە دابەزاندنی – نەک بڵندکردنی – زەوقی جەماوەردا، لە هەمان کاتدا  دەکەویتە دۆخێکەوە وەک سینەماکار  بگەڕێیت بۆ بابەتگەلێک کە بێ کۆشش کردن ئاگاداریانیت و تیایاندا گەورە بویت و بەهۆی قۆستنەوەی هونەری سینەماوە دووبارە و چەند بارەیان دەکەیتەوە. دووبارەیان دەکەیتەوە بێ بیرکردنەوە لە پرسیارکردن لە کێشەکان لە سیاقێکی گەردوونیدا. سینەما ئەبێت رێگە خۆشکەربێت بۆ دروستکردنی جۆرێک لە دیبەیت لەسەر دۆخ و پرسیار و کەڵکەڵکانی مرۆڤ بەشێوازێکی فەلسەفی لەرێی توخم و پێکهێنەرەکانی سینەماوە.

گەر پێچەوانەی ئەم دۆخە رووی دا، ساتی خۆ بەستنەوەت دەس پێدەکات بە شوناسێکی زاتی ناسراوەوە، شوناسێک بێ ریسک دەتوانی بەرهەمی بهێنیتەوە. ئەمجارەیان چاویلکەی کلتوری  و خۆماڵی بوون دەکەیتە چاوت و ئەچیت بەرەو بەرهەمهێنان کە دواجار تۆی سینەماکاریان بەستووەتەوە بە پنتە کلتوریەکانەوە.

سەبارەت گرنگی بانگەشەی گەردوونی بوونیش لە سینەمایا، دەمەوێت بیخەمەڕوو کە ئەم پێوەرەیە کە مانەوەیەکی زەمەن بڕ و جوگرافیا-بڕ زامن دەکات گەر کارێکی سینەمایی پابەندی بێت. هەروەک چۆن بێن جۆنسن لەسەر شکسپیر دەڵێت، شکسپیر “هی سەردەمێک نەبوو، بەڵکو هی هەموو زەمەنەکانە”، ئاوا سینەماش پێویستە هی هەموو زەمەن و شوێنەکان بێت و لەدوای سەرکەوتنێکی بازرگانی کورت نەپوکێتەوە. وەک چۆن شکسپیر باس لەو بیرۆکانە دەکات کە بەسەر هەموو مرۆڤەیاتەیا ساغ ئەبنەوە، ئاوهاش سینەما ئیشی قسەکردنە لەسەریان.

بەکورتیەکەی سینەما قسەکەردنە لەسەر هەموو شتێک بێ بەستنەوەی بە شوناسێکەوە.

با دەرهێنەر هەموو توخمە واقعی و کلتووری و تەرەفگیرەکان بەکاربێنێ، کێشە نیە، بەڵام با لە خزمەت بانگەشەی گەردوونیا بن. لەوانەیە فیلمی (Best Offer)ی جوزێپپێ تۆرناتۆرێ هەنێ نەریتی کلتووری ئەوروپیمان بیرخاتەوە یان شوێنی روودانی فیلمەکە هەنێ ووڵاتمان بیرخاتەوە، بەڵام ئەمانە هەموویان ناپەیوەندیدارن و دواجار بە دەوری ئایدیایەکدا دەسوڕێنەوە، ئایدیای سێنتراڵ لەم فیلمەدا سەربەخۆیانە باس لە بەڕێوەبەری کۆمپانیای مەزادێک ئەکات کە ئەکەوێتە خۆشەویستیەوە لەگەڵ ژنێک کە خۆی شاردووەتەوە و میراتیەکی زۆری بۆ ماوەتەوە. پاش ئەوەی پیاوەکە کۆلێکشنی پۆرترێتە بەنرخەکانی خۆی بۆ خۆشەویستەکەی نماییش ئەکات، ژنەکە بە هەموو تابلۆکانیەوە ئەڕوات و دیار نامێنێت.

کاتێک دەڵێیت، دەمەوێت فیلمێکی “ئاکشن” دەروستبکەم، خۆویستانە یان خۆنەویستانە بیر لەیەک جۆر و تایپ لە جەماوەر دەکەیتەوە. دەتەوێت “کەڵک” لە یەک جۆر جەماوەر وەرگریت کە ئەمەش ئەمانخاتە هەڵەی گرنگی دان بە لایەنی بازرگانی سینەما پێش لایەنە هونەریەکەی. لەقاڵبدانی سینەما لە ژانراکاندا دەگگەیەکی گەورەیە لەگەیاندنی هەوڵە سینەماییەکە بە  “بانگەشە گەردوونیەکە”ش.

هەربۆیە هەوڵنەدان بۆ دروستکرنی شوناسە سەربەخۆکان بە شێوەیەک وێنای سینەماکاری کورد بکەم کە هەر لەم سەرەتایەوە بووە بە تەڵە و تۆڕی نۆرمە کۆمەڵایەتی و ئایدۆلۆژی و سیاسی و نەتەوەیی و کلتوریەکانەوە. شتێکی تریش کە وێنای دەکەم ئەوەیە کە سینەماکاری کورد زۆر دەگمەن هەوڵ دەدات بۆ خۆڕاپسکاندن لەم تەڵە و تۆڕە و هاتنە دەرەوە و لێی و تێڕوانین لەو گوریسە ئەستوورانەی کلتوور و هەوڵدان بۆ گەمەکردن لەبۆشاییەکی سەربەخۆدا و بێ ترس بۆ داهێنانی واقعێکی نوێ، شوناسێکی سەربەخۆ کە هەم لایەنی “لوتکەی داهێنان” و هەم لایەنی “بانگەشەی گەردوونی”ش بەدی بهێنێت.

گەر سینەماکاری کورد خۆی لە تەڵە و قەیدە کلتوریەکان ئازاد نەکات بێ ئەوەی بەخۆی بزانێت شوناسێکی دیاریکراوی لۆکاڵی (نا-گەردوونی) ئەسەپێنێت. شوناسی سەپێنراو ئیشی سینەما نیە بەڵکو هێنانەخوارەوەیەتی لەو کرایتیریا و پێوەرە باڵایانەی کە سینەمایان لەسەر دامەزراوە. شتێکی باشە گرتەیەکت زۆر جوانە، بەڵام لە کۆی مەخلقوقە پیتێنراوەکەیا، کە ناوی سینەمایە و گرتە جوانەکەی تۆ بەشێکی بچوکیەتی، چ جوانیەک و واقعێکی نوێ و ئازادت خولقاندووە کە گەر لەشوێنك سەیری بکرێت پێویست نەکات بە شەرحکردنی ئەوەی کێ سەربە کوێیە و کێ وەلائی بۆ چی هەیە. ئیشی سینەما ئەم روونکردنەوانە نین بۆ دیاردە کۆمەڵایەتی و سیاسی و مێژووی و ئایدیۆژیەکان. گەر وابکەیت، پەتێک ئەکەیتە ملی سینەما و تا سنوورێک رێگەی پێ ئەدەیت بڕوات. ئەمەش سنووردارکردنی دونیابینی خۆتە وەک سینەماکار.

یەکێکی تر لە گرفتەکانی سینەمای کورد دەقاودەقبوونە لە گەیاندنی کێشە کۆمەڵایتی و سیاسی و کلتوریەکاندا کە وەک باسم کرد هەوڵە بۆ بە دراماتیکی کردنی واقعی ژیان بە سینەما – کە گەر لەمە لایەنە بازرگانیەشا شارەزایی و کارامەیی پیشان نەدەیت، ئەوا هیچت نەکردووە بەدەر لە ئیشی بەڵگەفیلم و رێپۆرتاژە رۆژنامەنووسیەکان کە گەر بێ پەرواش بن لە لایەنە ئیستاتیکی و گەردوونی و شوناسیی و وجودیەکان، ئامانجی خۆیان هەر ئەپێكن، پەیامی خۆیان هەر ئەگەیەنن کە گەلێک هەیە داگیر کراوە، کۆمەڵگەیەک هەیە کوشتنی ژن بەناوی شەرەفەوە تیایا زۆر بڵاوە، کە وڵاتێک هەیە سنوورەکانی دەستکردن و خەڵكی گوندشینی سەر سنوورەکان ئەناڵێنن بەدەسیەوە، کە بەریتانیا داگیرکەری کورد بووە، کە ئازادیەکان سنووردارن لەم وڵات یان ئەو وڵاتدا، کە کێشەی کۆچ کێشەیەکی گەورەیە بۆ کوردیش، کە چوار وڵاتی دراوسێ بە درێژایی مێژوو غەدریان لێ کردوین، کە تیرۆریزم گرفتە، کە پێشمەرگە شەڕی داعشی کرد، و هتد. ئەمانە هەموویا بابەتی زۆر گرنگن و پێویستە دەرخرێن. بەڵام لەهەمان کاتدا نابێت سینەما دابەزێنرێتە ئەم کاتیگۆریە بارگاویانەوە بە واقعە دیاریکراوەکان چونکە دووبارە جوانی (ئیستاتیکا) سەر بەهیچ لایەنێک نیە.

سینەما ئەبێت بتوانێت دامانبڕێنێت لە شوناس، شوناسی خود، شوناسی نەتەوە و کلتور و نەریت، و شوناسێکی ترمان بە بەرا بکاتەو بێ ئەوەی ئەوەی بیرت خاتەوە تۆ سەر بە کوێی، وەلائت بۆ کێ هەیە و بێ ئەوەی نۆستالجیات بۆ دروستکاتەوە بۆ رەچەڵەک پەرستی و رەسەنگەرایی (nativism) و خۆماڵی بوون و پێت بڵێت کە تۆ بەدەر لەمانە توندوتیژیت، ژێر دەستە بویت، داگیرکراو بویت بەڵام تاکە قوربانی نیت – ئەمە ئەگەر مەبەستەکە ئەو بابەتە بێت. سینەما  گەر نەیتوانی شوناسی سەربەخۆ دروست بکات یان وات لێ نەکات هەست بکەیت شوناسێکی سەربەخۆت هەیە، سینەما نامێنێت وەک هونەرێک کە رادیکاڵانە بڵندت ئەکات بۆ ئاستەکانی بیرکردنەوە لە بوون و هەموو لایەناکانی سروشت.

نەوێران بۆ دروستکردنی سینەمایەکی نوێ دابڕاو لەو گرێ کلتوریانەی کە سینەماکاری کوردیان بەستووەتەوە بە نەریتی خۆماڵیەوە، یاخود کوێرانە لاسایی کردنەوەیەکی کۆمێرشیاڵیزمی خۆرئاوایی و فرۆشتنەوەی وەک سینەما بە بینەرێکی ساوا بەم هونەرە یەکێکە لە کێشە هەنووکەییەکانی سینەمای تازە سەررێکەوتوی کوردی.

ئەو سێ پێوەرەی “ئیستاتیکا” و “شوناسی سەربەخۆ” و “بانگەشەی گەردوونی”ین کە بەلای منەوە سەرەکی ترینن بۆ کردنی سینەما بە هونەرێکی باڵا و کارای یاریدەدەرن بۆ دەستگرتنی سینەماکار بۆ دروستکردنی واقعە نوێکان. بە دڵنیایی دروستکردنی واقعی نوێ زۆر قورسە، بەرهەمی کۆششێکی شاقوڵی سینەماکارە بۆ بەدواداچوون و خۆ رۆشنبیرکردن بە کایە فیکریەکانی ناوخۆ و دەرەوە لەلایەک و بۆ ئەزموونکردن و هەرسکردنی کلتوورە جیاجیاکان کە دەبنە مایەی دنیابینیە گەردوونیەکان و بازدانە بوێرەکان بۆ ناسین و قوڵبوونەوە لە کۆی ئەو کۆمەڵگانەی مرۆڤەکانی تیا ئەژین. وەک بنجامین رام لە وتارێکیا دەڵێت، “لەوانەیە گرنگترین کاریگەری بەسەر دیمەنەکانی بێرگمانەوە ئیشەکانی فرۆید بن سەبارەت بە بەدواداچوونەکانی لەسەر تراوما (زەبری دەروونی) سەردەمی مناڵیی، شرۆڤەکانی لەسەر (عصاب – neuroses)، تیۆرەکانی سەبارەت بە ناخودئاگا.” یەکێک لە کارەکتەراکان لە فیلمی (Shame)ی بێرگماندا دەناڵێنێت و دەڵێت “ئەوە خەوی من نیە بەڵکو خەوی یەکێکی ترە دەبێت تیایدا بەشداربم.” ئەم فیلمەی بە دژایەتی کردنی جەنگ ناسراوە. فیلمێکی تری بەناوی فانی و ئەلیکساندەر باس لە سنوورەکانی نێوان خەیاڵ و واقع دەکات. ئەوە بیرۆکە قوڵەکانن کە هەمووان دەگرێتەوە دەستوپەنجە لەگەڵ فیلماکانی ئەم دەرهێنەرە نەرم دەکەن یاخود ئەو بیرۆکە قوڵانەی مرۆڤایەتی ئەخاتە روو  لانی کەم بۆ گفتوگۆ و (دیبەیت) کردن لەسەریان، نەک دەقاودەق وەک راستی وەرگیرێن. بیرۆکەی وەک سێکس بێ خۆشەویستی بێ مانایە؛ شەهوەت و تەنیایی تەواو تەواو پێکەوە گرێ دراون؛ مەرگ و وەستانەوە بەرامبەری لەرێگەی خۆشەویستیەوە؛ چۆنیەتی تێگەیشتن لە نائۆمێدی و بەسەریا زاڵبوون؛ هتد.

سینەمەکاری بەناوبانگی رووسی ئەندرێ تارکۆڤسکی دەڵێت “ئەرکی دەرهێنەر دووبارە دروستکردنەوەی ژیان و جوڵەکەی و هاودژیەکانی و داینامیکیەتی و تەنگژەکانیەتی.” بۆیە توانینی خولقاندنەوەی واقعی نوێ – لەم سیاقەیا لە رێی سینەماوە – داهێنانە.

تاگفایل
بڵاوکردنەوە: