کوردستان و سینەما

800
0
بڵاوکردنەوە:

جەمشید بەهرامی

سینەما وەک هونەر و لە هەمان کاتدا وەک ئامرازێکی سەرەکی بۆ پیشاندانەوەی راستیەکان و بە ئاگا هێنانەوەی کۆمەڵگا کارکردگەلێکی جیاوازی هەیە کە دەکرێ بە شێوەیەکی زانستی دبدرێتە بەرباس و ببێتە بە کۆڵەکەیەک کە کوردیش بتوانێت لە وێنەی نەتەوەکانی دیکە بتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە سینەمایەکی تایبەت بە خۆی هەیە. سینەما ئامرازێکە لە وێنەی ئاوێنەیەکی مودێرن کە کۆمەڵگا بە بەردەنگ پیشان دەداتەوە، هەر بۆیە لە لایەنە جیاوازەکانی ژیانی مرۆییدا کاریگەری تایبەتی هەیە.

لە راستیدا داهێنەر(مەبەست دەرهێنەر نییە، بەڵکوو مەبەست ئەو کەسەیە کە دەست دەداتە خولقاندن بە تایبەت لە رەوانگەی لایەنی پیشەیی سینەمادا )، هونەرمەند و بازرگانی سینەمایی سێ سووچە و سێ کۆڵەکەی فیلم پێک دەهێنن. هیچ کامەیان ناتوانن بە تەنیا و بە بێ ئەوانی دیکە ئەرکی بەرهەمهێنان بگرنە ئەستۆ، و لە هەمان کاتیشدا هیچ کام لەوان ناتوانن بە بێ ئەوەی کە کۆمەڵێک بینەر لە هۆڵی سینەما کۆ بکەنەوە، درێژە بە بواری بەرهەمهێنانی فیلم بدەن.

لە کوردستاندا سێ سووچە و سێ توخمی سەرەکی سینەما زۆر بە زەحمەت یەک دەگرنەوە هەر بۆیە ئەو جۆرەی کە چاوەڕوان دەکرێت رەوتی بەرهەمهێنای فیلم لە کوردستاندا بەردەوام بەرەوڕووی کەم و کووڕی دەبێتە و لە ئامانجیشدا بینەری پرۆفشناڵ لە کوردستاندا رێژەیەکی زۆر کەم پێک دێنن

داهێنەران یان خولقێنەرانی سینەمایی، لە رەوتێکی زانستی زاڵدا پیک دێن. داهێنەری سینەمایی پێویستی بە زانستی تایبەتی پیشەیی سینەما هەیە. لەو وڵاتانەی کە خاوەنی سینەمای تایبەتین و هیچ کام لە لایەنەکانی سێ سووچەی سینەما لەودا توشی گرفت نابن، داهێنەرانی پیشەی سینەمایی (وەک خوێندکارانی لقێکی زانستی) لە زانکۆکاندا پێدەگەیەنرێن. زانکۆ سینەماییەکان لە رەوتێکی زانستی پیشەییدا بە پەروەردەکردنی خوێندکار گەلێک ئەو لایەنەی سینەما بەهێز دەکەن، و داهێنەری پڕۆفشناڵ لەو رێگەیە رەوانەی بازاڕێ سینەما دەبێ.

لە کوردستاندا بەس لایەنە هونەریەکەی سینەماکاران بەرجەستە دەبێتەوە، ئەمە بەرهەمی لایەنی هونەری سێ سووچەی سینەمایە کە بەس پێوەندی بە دەرهێنەر،کامێرامەن،مۆنتێر و… سینەماوە هەیە.

لە روانگەی بازرگانانی سینەماییەوە، کوردستان نەیتوانیوە ببێت بە مەکۆیەک کە بازرگانانی سینەمایی، وەک ئامرازێکی بازرگانی چاو لە سینەما بکەن، هەر بۆیە بەرهەمهێنەر واتە ئەو کەسەی کە بواری ماڵی بەرهەمی سینەمایی لە ئەستۆ دەگرێت زۆر بە کەمی بەدی دەکرێت. بازرگانی سینەمایی دەبێتە هۆی هاتنە ئارای کۆمپانیا سینەماییەکان و لەو رێگایەوە رێژەی بەرهەمهێنانی سینەمایی دیاری دەکرێت، بەو مانایە کە زۆر یان کەم بوونی بەرهەمی سینەمایی راستەوخۆ پێوەندی بە کۆمپانیا سینەماییەکانەوە هەیە.

لە ناوچەیەکی تایبەت لەم گۆی زەویەدا کە کۆمپانیا سینەماییەکان و دوای ئەوەش بازەرگانە سینەماییەکان بە کەمتر لە رێژەی قامکەکانی دەستن چۆن چاوەڕوان دەکرێت کە خاوەنی سینەما بیت؟ بە بڕوای من ئەو بانگەشەیە بۆ سینەمای کوردی بانگەشەیەکی دوور لە راستییە، و کوردستان تا ئێستا خاوەن سینەما نییە، بەڵکوو لە کوردستاندا بەس کۆمەڵێک فیلم بە ماندوو بوونی هونەرمەندانەوە پێک دێن.

ئەگەر بە بێ دەمارگرژی چاو لەو پرسە بکەین کە ئەگەر ئەو سێ سووچەی کە باسمان کرد، بنەمای سینەمایەکی تایبەت بن، لە کوردستاندا هیچ کام لەو لایەنانە بە مانای خۆی بوونی نییە. زۆر جار دەهێنەری سینەما کە بەس شارەزایی لە بواری هونەری سینەمادا هەیە، هاوکات دەبێت رۆڵی بەەهەمهێنەر بگێڕێ، و ببێت بە بازەگانی فیلم و چاوەڕوانیش دەکرێت کە داهێنەریش لە بواری پیشەیی سینەمادا(بە بێ هیچ زانستێکی پیشەیی) بکات، کە هەمووی ئەوانە پێداگری لە سەر ئەو راستیە تاڵە دەکەن، کە سینەما لە کوردستاندا بوونی نییە.

لە لایەکی دیکەوە جگە لەوەی کە لە کوردستاندا بە باشی لایەنی پیشەیی دەرک نەکراوە، تەنانەت لە بواری لێکۆڵینەوەی مێدیا و دواتریش سینەمادا کتێبخانە کوردی زۆر لاوازە، هونەرمەندی کورد و دواتریش کۆمەڵگا و دەسەڵاتی کوردی لەگەڵ کارکردەکانی سینەمادا نامۆیە و هەر بۆیە ئەوەش لایەنێکە کە جەخت لە سەر ئەوە دەکات کە بەشێک لە سینەماکارانی کورد بەس رەمەکی چاو لە سینەما دەکەن.

سینەما لە نێوان ئەو کۆمەڵە هونەرە پیشەییەی کە ژیانی هونەری ئەم سەردەمەیان قۆرخ کردووە، یەکەمین و گرنگترینی ئەو هونەرانەیە. شێوازێک کە لە سەردەمی سەرەتاییەکانیدا لە نێو شاری یاریەکاندا گەشەی کرد، دوایی بوو بە پیشەیەکی میلیارد دۆلاری، و پڕ بینەرترین و رەسەن‌ترین هونەرکانی سەردەم.

یەکێک لەو لایەنانەی کە جێگای سەرنجی لێکۆڵەرانی هەرکامە لە هونەرکانە، کارکردی ئەو هونەرەیە، هەر بۆیە هەر لەو چەشنەش لێکۆڵەرانی بواری سینەما دەبێت، زۆر بە چڕی و پڕی ئاوڕ لە کارکردەکانی سینەما دەدەنەوە.

هەر فیلمێک، کارکردێکی جیاوازی هەیە، لە هەر کام لەو روانگانەوە دەکرێ لێکۆڵینەوەی لە سەر بکرێت؛ کارکردەکانی فیلم بریتین لە : فیلم وەک ئامرازێکی بۆ تێپەڕ کردنی کات، ئامرازێک بۆ لێکۆڵینەوەی زانستی، جۆرێک سەرمایەگوزاری، بەڵگەیەکی دوکۆمینتی، ئامرازێک بۆ پێوەندی، پێک هێنەری بیر و بڕوا، دەستنیشان کردنی حەزەکان یان تەوەرێکی هونەری و…

بەڵام گرنگترین کارکردەکانی فیلم بریتین لە :

کارکردی هونەری – کارکردی پێوەندی – کارکردی پیشەیی

کارکردی هونەری

بەشێک لە فیلمەکان وەک هونەر، بەهێزترین پێکهاتەکانی هونەریان تێدا بەدەی دەکرێت، بە شێوەیەک کە چیرۆک، بە شێوازێکی هونەرمەندانە و دراماتیک دەگێڕدرێتەوە و بۆ خستنە ڕووی جوانییەکان، بە هونەرمەندیەکی تایبەت ئاوڕ لە تەوەری سەرکی فیلم دەدرێتەوە. ئەم کارکردە، زۆرتر پێوەندی بە چییەتی پێکهاتەی توخمە سەرەکییەکانی هەر مێدیایەکی تایبەتەوە هەیە. توخمە سەرکییەکان بریتین لە کۆمپۆزسیۆن، رەنگ، دەنگ، مۆنتاژ، رووناکی، دیکۆر، جووڵە، دۆخی دیاریکراوی کامێرا، رێک و پێک کردنی کات و کەش و هەوا.

ئەم کارکردە بە هۆی رەوتی گەشە کردنی هونەرکانی پێشووتر، لەم مێدیایەدا زۆر بەرچاوە و بە پێی ئەوە تێگەیشتنێکی ساناتر و گشتی تری لە ئاست هونەرەکانی دیکە لە وێنەی شانۆ، مۆسیقادا هەیە. ئەم مێدیایە بە پێچەوانەی مێدیاکانی پێشووتر لە بەرهەمهێنانی پەیامدا، هەڵگری شێوازە نوێیەکانی ئەزموونە دراماتیکەکانە، کە بەو هۆیانە دەکرێ وەک سەرەکی‌ترین هونەر بیناسین.

کارکردی هونەری لە لایەن دەرهێنەرانی سینەما لە کوردستاندا، زۆرتر لە لایەنەکانی دیکە بەرجەستەیە، و تا رادەیەکی بەرچاو هونەرمەندە کوردەکان رادەی کارکردی ئەم لایەنەیان هەست پێکردووە و ئەوەش پێوەندی بە بواری پەروەردەوە هەیە، و دەچێتە قۆناغی یەکێک لە سێ سووچەکانی سینەما، واتە بواری هونەری؛ بەڵام بەداخەوە لە بەر ئەوەی کە بەستراوەتەوە بە دوو لایەنەکەی دیکە واتە بازەرگانی و داهێنەری لە ئامانجدا نابێتە هۆی سەرکەوتنێکی بە تەواو مانا، و پەروەردە کردنی بەردەنگی تایبەت.

کارکردی پیشەیی

بنەمای لایەنی پیشەیی فیلم ئەوەیە کە فیلم بەرهەمی دەستی مرۆڤە. ئامرازێکە کە بۆ بە کارهێنان بەرهەم دەهێنرێت. چونکوو لە ئێستادا بەرهەمهێنای فیلمەکان لە وەڕێ خستنی چەند کارگە پڕخەرج ترێکە و بەس تەنیا بە ئامانجی قازانجدەری ئیزنی بەرهەمهێنانی دەبیت و لە پرۆسەیدا، هەموو ئەو رەوتانە لە خۆ دەگرێت کە کاڵایەک بۆ هاتنە بازاڕ و بانگەشە و… دەیبڕێت. لەم رەوتەدا، روانین بۆ بەردەنگ واتە بینەر، رەهەندە هونەریی، سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان،رانان و داواکاری و… وەک کاڵا پیشەییەکان بەڕێوە دەبرێن.

ئەم کارکردە لە کوردستاندا بە هیچ چەشنێک لە بەرچاو نەگیراوە و دەرکی پێنەکراوە، ئەم کارکردە سەرەتا دەچێتە بازنەی لایەنی داهێنانەوە و دواتریش لایەنی بازەرگانی، واتە ئەگەر لایەنی پیشەیی سینەما بە هێز بێت هەر بەو رادەیەش بازەرەگانە سینەماییەکان بە یارمەتی کۆمپانیا فیلمسازیەکانیانەوە پاڵپشتێکی بەهێزن بۆ بەرهەم سینەماییەکان.

کارکردی پێوەندی

لەوانەیە بتوانین بڵێین کە لایەنی پێوەندی بەهێزترین لایەنەکانی سینەمایە. بەم پێیە فیلم گەلێکی زۆر لە سەرەتای شۆڕشی یەکیەتی سۆڤیەتدا بەرهەم هێنرا. کە رۆڵێکی پێشەنگی لە بڵاوەدان و بانگەشە کردن بۆ پەیامی شۆڕش گێڕا. ئەم کارکردە گرنگە، سەرەتا لە لایەن دەسەلاتەکانەوە دەستی پێکرد و بوە هۆی پێکهاتنی سینەمای سیاسی لە ساڵە سەرەتاییەکانی شەڕدا و لە فیلم وەک توخمێکی زۆر بە هێز بۆ بەرەوپێش بردنی ئامانجە کەلتووری و سیاسییەکانی ئەو سەردەمە کەڵک وەرگیرا. بە لێکۆڵینەوەی بەرهەمەکانی دەرهێنەرە رووسیەکان، لە وێنەی ئایزنشتاین، پۆدۆفکین، داوژنکۆ، ریفنشتاڵ، هیپلریە، دەتوانین بەو راستیە بگەین. ئەم دەرهێنەرانە، لووتکەی بەهێزی ئەم کارکردەیان لەو سەردەمەدا (کە لە ساڵەکانی نیوان دوو شەڕی جیهانیدا هاتنە ئاراوە) دەرک کردبوو.

کەڵک وەرگرتن لەم کارکردە ، بە دەستپێکی شەڕی دووهەمی جیهانیەوە گەشەی زۆرتری کرد و لە ئەمریکا، بە بەرهەمگەلێک لە وەینەی ” ئێمە بۆ شەڕ دەکەین “ـەوە درێژەی کێشا. بەڵگە کۆمەڵایەتیەکانی بەجێ ماو لەو سەردەمە، جەخت لە سەر ئەوە دەکات، کە لە بەرهەمەکانی ساڵی 1930، دەسەڵاتی نوێی روزوێڵت، بۆ گەیاندنی پەیامی پرۆگرامەکانی لەم مێدیا بە باشی کەڵکی وەرگرتووە. دوای ئەو سەردەمە، دامەزراوە جیاوازەکان بە کەڵک وەرگرتن لە فیلم بۆ ئاگا کردنەوە و گەیاندنی بیر و بڕواکانی خۆیان، کەڵکیان لە فیلم وەرگرت؛ تەنانەت رۆشنبیرەکان و هونەرمەندان، پیام گەلێکیان دەنارد کە بۆ ئامانجیکی تایبەت، وەک قەناعەت پێکردن و ورووژاندنی بینەر گەڵاڵە دەکران.

کەڵک وەرگرتن لە پێکهاتەکانی هونەری و کات بواردن، لەم پێوەندییە ئاڵۆزەدا رۆڵێکی بەهێز دەگێڕێت. دەبێت ئەوە لە بەرچاو بگیردرێت کە ئەم سێ کارکردە، گرێخواردووی یەکن و لە سێ سووچێکی فەرهەنگی، ئابووری، کۆمەڵایەتیدا، لەگەڵ یەک لە پێوەندیدان.

مێدیا هونەرییەکان

سینەما لە وێنەی میدیایەک، رۆڵی هەمان کارکردە ناسراوەکانی مێدیا دەگێڕێت؛ درووست کردنی پێوەندی لە نێوان مرۆڤە جیاوازەکاندا بە خولقاندنی کۆدگەلێک و رەوانەکردنی پیامگەلێکی تایبەت، دەستبەرکردنی بەرهەمێک بۆ سەرقاڵکردن، ئاگایی بەخشین و گرنگتر لە هەموو شتێک پێناسە و درووست کردنی دنیای دەوروبەری بینەرانیان یەکێکە لەو کارکردانە.

لێرەدا بە پێی ئەو خاڵانەی کە باسم کرد لە کوردستاندا جگە لە هەندێ فیلمی هونەرمەندانێک لە وێنەی یەڵماز گونای و دواتریش بەهمەن قوبادی و هەندێ سینەماکاری لاو ، دەتوانین بە راشکاوانە بڵێین کە سەرەکی ترین کارکردی سینەما بی کارکردی سینەمایە، ” بەشێک لە بیرمەندانی قوتابخانەی فرانکفۆرت لەو بڕوایە بوون کە دەبێت رۆمان و… ئاوڕ لە سیاسەت و پرسە پێوەندیدارەکان بە کۆمەڵگا بداتەوە” بە دڵنیاییەوە بەشێکی هەرە زۆری بەرهەمە سینەماییەکان لە کوردستاندا، لەو چەشنە کارکردانەی کە باسمان کرد،هیچ کارکردێکیان نییە.

ژێدەر:

بازن،آندرە،سینما چیست؟، ترجمەی محمد شهبا، تهران: هرمس، چاپ سوم: 1386

متز،کریستین،نشانە شناسی سینما: مقالەهایی دربارە دلالت در سینما، تر جمەی روبرت صفاریان، تهران: کاوش

 

تاگفایل
بڵاوکردنەوە: