بەکردارکردنی میتۆدی ڕەخنەی کۆمەڵایەتی لە هۆنراوەی (خێڵی درۆ)ی (سوارەی ئیلخانی زادە)دا.

114
0
بڵاوکردنەوە:

ئامادەکردنی: عومەر عادل عەبدوڵڵا

 

ناونیشانی توێژینەوە:

لەبەرئەوەی سەرنجمان خستۆتە سەر لایەنێکی ڕەخنەی کۆمەڵایەتی لە هۆنراوەیەکی سوارەدا، ئەوە بە باشمان زانیوە ئەم ناونیشانە هەڵبژێرین: بەکردارکردنی میتۆدی ڕەخنەی کۆمەڵایەتی/سیاسی لە هۆنراوەی (خێڵی درۆ)ی (سوارەی ئیلخانی زادە)دا

ئامانجی توێژینەوە:

لەبەر ئەوەی لە کاتی خوێندنەوەی هۆنراوەکەدا درکمان بە چەند ڕەهەندێکی کۆمەڵایەتی کردووە. پاشان خوێندنەوەیەکی وردترمان کردووە، تا بەو ئامانجە بگەین بەو مەبەستەی هۆزانڤان لە هۆنراوەکەیدا دەری بڕیوە. واتا ئامانجی ئێمە لەم توێژینەوەیەدا، پەردەلادانە لەسەر ئامانجی هۆزانڤان.

 

گیروگرفتی توێژینەوە:

گرفتی سەرەکی توێژینەوەکە، لایەنی مێژووییەکە بوو، چونکە ئێمە بۆ ئەوەی لە هۆنراوەیەک تێبگەین، پێویستە بوو جگە لە خوێندنەوەی کۆمەڵایەتی، خوێندنەوەیەکی مێژوویی پڕ ڕامانمان بۆ بکردبایە.

پێشەکی:

وێژە، خاوەن چەند ڕوویەکی جوان و بە کەڵکە، کە لە هەر گۆشەیەکەوە تێبڕوانین، شتگەلێکی تێدا بەدی دەکەین، لە هیچ بوارێکی تردا بەدی ناکرێت، چونکە ئەوە هەر وێژەیە دەتوانێت زۆر بەسانایی دەستوپەنجەی لەگەڵ زۆر لە بوارەکاندا نەرم بکات و هاوڕێتییەکی پتەو لەگەڵیاندا بنیاد بنێت. ئەوە وێژەیە هەمیشە دەرگاکەی کراوەیە بە ڕووی بوارەکانی تردا و ئەوانیش زۆر بە نەرمییەوە، خۆیان دەخشێننە دیوەخانەکەی. له گرنگترین ئەو بوارانەش، زانستە کۆمەڵاتییەکانە، کە لەنێو ئاشی وێژەوانیدا گەنمی خۆی سووڕ ئەدات. زانستی کۆمەڵایەتیش وەکوو هەموو زانستەکانی تر، لە خزمەت مرۆڤایەتییدایه و گەر هەموو زانستەکانی تر لە مرۆڤ دابڕین، ئەم زانستە یەکێک دەبێت لە دواهەمین ئەو زانستانەی خۆی لە مرۆڤ بێبەری دەکات. چونکە دواجار مرۆڤ و کۆمەڵایەتیبوونی مرۆڤ، لە گرینگترین ئەو شتانەن، کە زانستی کۆمەڵناسی و بوارە کۆمەڵایەتییەکانی تر مشووری دەخۆن و هەر کارلێکی نێوان مرۆڤ و کۆمەڵگە و کاریگەری و دەرئەنجامەکانیان، لەم ڕێگەوە کاری لەسەر دەکرێت. هەروەها زانستی کۆمەڵناسی و ئەو بوارانەی پەیوەندییان پێیەوە هەیە، زۆر جەخت لە کۆمەڵایەتیبوون و ئاوێتەبوونی مرۆڤەکان له نێو یەکتریدا دەکەنەوە.

 

میتۆدی ڕەخنەی کۆمەڵایەتی:

ڕەخنە بە واتا باوەکەی بۆ خەوشگرتن (عەیبگرتن) بەکاردەهێنرێت (ئەحمەد ئەمین،٢٠١٢، ١٣) بەڵام لە وێژەوانییدا” شیکردنەوەی پارچە دەقێکی وێژەییە و نرخاندنی ئەو بەها هونەرییە کە تێدایە” (شوقی ضيف،١٩٥٤) پێویستە ڕەخنەش لە دەقێک بگرێت، کە شایەنی نرخاندن و هەڵسەنگاندن بێت، نەک دەقێکی ناهونەریی و بەدەر لە هەموو تایبەتمدنییەکی وێژەیی، چونکە ڕەخنە لەسەر دەقێک جێبەجێدەکرێت، کە دەقێکی ڕێکخراو بێت و شایەنی ڕەخنەلێگرتن بێت، نەک دەقێکی پەرشوبڵاو و بێبنەما و دوورە لە هەموو خاسیەتێکی وێژەیی.

دیارە میتۆدی ڕەخنەی کۆمەڵایەتی، یەکێکە لەو میتۆدە کۆن و باوانەی لە بواری ڕەخنەی ئەدەبی کەڵکی لێ وەردەگیرێت و بەپێی ئەم میتۆدە هەڵسەنگاندن بۆ لایەنی کۆمەڵایەتی دەق دەکرێت. ئەو دەقانەش، کە ئەم بوارە دەیانگرێتەوە و لەم چوارەچێوە ڕەخنەیە کارییان لەسەر دەکرێت، مەرجە هەڵگری گۆشە و دۆخی کۆمەڵایەتی بن. یان ڕوونتر بڵێین: “ئەم میتۆدە ڕەخنەییە ئەدەب بە کۆمەڵگاوە پەیوەست دەکات. واتە هەوڵی ڕوونکردنەوەی ئەو پەیوەندییانە دەدات کە ئەدەب بە کۆمەڵگە دەبەستێتەوە. لە ڕوانگەی ئەم مێتودەوە ئەدەب بەرهەمی کۆمەڵگایە و ڕەنگدانەتەوەیەتی. واتا کاتێک ئەدەب دەکەوێتە ژێر کاریگەری کۆمەڵگاوە، ئەوە هەوڵ دەدات بەرهەمەکەی ڕەنگدانەوە ئەو کۆمەڵگە بێت کە تێدا دەژێت” (ڕێبین خەلیل قادر،٢٠١١، ٦٢) جگە لەم ناساندانەش گەلێک پێناسەی تر لە بارە کراوە بۆ نموونە وتراوە “یەکێکە لە ڕەوتە دەرەکییەکانی لێکۆڵینەوە لە ئەدەب، کە ڕێبازێکە هەوڵدەدات ئەدەب بە کۆمەڵگاوە ببەستێتەوە چونکە ئەدەب ئاوێنەیەک کە کۆمەڵگا بە هەموو دەرکەوتە سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان تێیدا ڕەنگ دەداتەوە” (حلاب نور الهدى,٢٠١٦، ٢٥٩) بەڵکوو هەر بەوەشەوە ناوەستێت و دێت دانە دانە پەنجە دەخاتە سەر ئەو نەنگییانەی لە کۆمەڵگەدا بوونییان هەیە و ئەو کەسانەشی هۆکاری ئەو نەنگیەن دەخاتە بەر نەشتەری ڕەخنە و هەرگیز ڕێگە نادەن لە ژێر زەبری پێنووسدا دەرباز بن.

هەندێك لە لایەنگرانی ڕەخنەی کۆمەڵایەتی بۆ ئەدەب لە هەوڵەکانیاندا بۆ تەئکیدکردنی بنەما و دەلالەتە کۆمەڵایەتییەکەی ئەدەب وەک بەرهەمێک دەڕواننە ئەدەب. واتە “ئەدەب بەو مانایەی لە بۆشاییدا دروست نابێت، بەڵکوو دەبێ بوارێکی کۆمەڵایەتی هەبێت تێیدا بەرهەم بێت” (د. شکری عەزیز ماضي،ساڵ…، ١٨٧) تەنانەت ئەو دەقە ئەدەبیش، لە نێو دۆخێکی نالەباری دەروونی و مێژوویی ئاوس بووە، هەمیشە فشارێکی کۆمەڵایەتی کاریگەری کردۆتە سەری بۆ دروستبوون و هاتنە کایەی. چونکە مێژوو چالاکییەکانی لە نێو کۆمەڵگەدا ئەنجام دەدات و ڕووداوەکان و ڕابردوو بەشێکن لەو. وەک هەمووان دەزانین، کە مێژوو “زانین و ئاگاداربوونە لە واقیع و بارودۆخەکانی مروڤ لەو کاتەی کە پێیدا تێپەڕیوە، لە بەرانبەر ئەو بارودۆخەی کە ئێستا بوونی هەیە.” (مرتضي مطهري،١٩٧٩، ٥٣). هەر ئەم ئاگارداربوونەشە، کە وا دەکات وێژەوان ئەو ڕووداوانە، بەشێوەیەکی ڕازاوەتر ئاوێتەی دەقەکانی بکات.

“بەرهەمی ويژەیی جگە لە دروێنەی کۆمەڵەکان، لە سەرانسەری نەوەکان هیچی تر نییە و ئەدەبیش وەک هەر دیاردەیەکی مرۆیی، ملکەچی پێشهات و گۆڕانکارییە کە ملکەچی هەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی دیکەیە، لە سەردەمێکی سەرەتاییەوە تا بڵاوبوونەوە و ئاوەدانی تا سەرلێشێواوی و پیربوون” (روبير اسكاريت، ١٩٩٩، ١٠) واتە: هەر پێشهاتێکی کۆمەڵایەتی کە بێتە پێشەوە، وێژە یەکێک لەوە بوارانەی کە ئەو پێشهاتە دەگرێتە خۆی و باسی لێوە دەکات، جا ئەگەر کارەسات بێت، بەشێوەیەکی خەماوی و دڵهەژێن باسی دەکات و سەرجەم ئەو نەهاتییانە لە هۆنراوەکەیدا بەرجەستە دەکات و ناڵە و داد و بێدادی ئەو چینە ستەملێکراوە دەخاتە بەر دیدی خوێنەران. هەروەها ئەگەر بۆنە و ئاهەنگێکی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی بێت، وێژەوان چ لە پەخشان و چ لە هۆنراوەکەنیدا، باسی لێوە دەکات و بە گوێی دونیادا دەچرپێنت.

هۆزانڤان و کۆمەڵگە

کۆمەڵگە بەو ژینگە دروست و ڕێکخراوە دەوترێت، کە کۆمەڵە تاكێکی لە خۆیدا کۆ کردبێتەوە. لە ئەنجامی ئەم کۆبوونەوەیەدا، مرۆڤ چەندین بیرۆکە و داهێنانی بە مێشکدا دێت، کە دواجار ئەو بیرۆکە و داهێنانە کاریگەری کۆمەڵگە دەکەویتە سەریان، یان کاریگەری دەکەنە سەر کۆمەڵگە. هۆزانڤانیش، وەک تاکێک لە تاکەکانی کۆمەڵگە، دەکرێت هۆنراوەکانی کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگە هەبێت “کۆمەڵناسی گرنگی دەدات بە هەموو دیاردە کۆمەڵاتییەکان، لەگەڵ ڕەوشتی تاک و کاریگەرییەکانی لە نێو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییدا. ئەمەش بابەتە کۆڕەوشتییەکانی تاک دەگرێتەوە، لە چوارچێوەی وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی کە پابەندە بە کۆمەڵە هەڵسوکەوتێکی دیاریکراو.” (عبدالحسن علی مهلهل،خلود عباس حسین،٢٠٢١، ٣٨١) شاعیریش وەک تاکێک لە تاکەکانی کۆمەڵگە، هەوڵدەدات، پابەند بە ڕەوشت و کەسایەتی خۆی بێت. بەڵام ئەمە پابەندبوونە تا سەر نییە، چونکە ڕەنگە هۆزانڤان جۆرە بەرهەڵستکارییەک یان یاخیبوونێک لە کەسایەتی و دەروونیدا هەڵبچێت. هەروەها یاخیبوون، وەکوو لادانێکی کۆمەڵایەتی، زۆرجار بەشێک بۆ لە پەیکەربەندی کەسایەتی هۆزانڤان لە کۆمەڵگەکەی خۆیدا و “یاخیبوونی شاعیر لە سێ چەقدا دەگیرسێتەوە (یاخیبوون لە پرسیار، یاخیبوون لە هەڵوێست، یاخیبوونی ڕەتکردنەوە)، بە مانایەکی تر یاخیبوون لای شاعیر یاخیبوونە لە دەسەڵات و بۆنە کۆمەڵایەتییەکان، ئاین، سیاسەت…تاد. ئەم یاخیبوونەی شاعیر پۆزەتیڤە، چونکە بەدوای دەرئەنجامی پۆزەتیڤدا دەگەڕێت کە دەبوو ئێستا هەبوونایە، بەڵام نین (د.لوقمان ڕەئوف عەلی،٢٠١٦، ١٧٦).

سەرەتای دروستبوونی، مرۆڤ، بە چەشنی کۆمەڵەی تاک تاک و دابڕاو لە یەکتر ژیاون، بەڵام پاش یەکگرتنی ئەو کۆمەڵانە، کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دروستبووە، کە ئەو کۆمەڵانەی لەسەر بنەمای کۆمەڵگە بوون، لە چواردەوری خۆی کۆکردنەوە. کۆمەڵگەش، بەو ژینگە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کلتوورییە دەوترێت، کە تاکەکانی بەهۆی هەندێک بەرژەوەندی تایبەت و گشتی لە چواردەوری خۆی کۆکردۆتەوە و هەر ئەو بەرژوەندییە ناهێڵێت لە یەک دابڕێن. دوور نییە لە ئانوساتی لەقبوون یان تێداچوونی هەریەک لەو بەرژەوەندییانەدا، هەموو موروەکانی کۆمەڵگەدا بپچڕێن و لەیەک بترازێن وەک ئاوی ڕژاو نەتوانرێت کۆبکرێنەوە. دیارە وێژەوانیش باس لە ئاڵۆزبوونی ئەو دۆخە دەکات، یان پاش ڕوودانی ئەو کارەساتە، لە نێو هۆنراوەکانییدا دەیلاوێنتەوە. لەڕاستیدا مرۆڤ بێ کۆمەڵگە هیچ نییە، هەر بۆیە هەندێک کەس دەڵێن”مروڤ ئاژەڵێکی کۆمەڵایەتییە” (ماکڤیر و شارلز،٢٠٠٠، ٢٢) واتە یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی کە مرۆڤ لە ئاژەڵ جیا دەکاتەوە، کۆمەڵایەتیبوونی مرۆڤە. هۆزانڤانیش، وەکوو هەموو مرۆڤەکانی تر، تاکێکە لە تاکەکانی کۆمەڵگە و هەموو هەلومەرجە کۆمەڵایەتی و ڕامیارییەکان کاریگەرییان لەسەری هەیە و بە پێچەوانەشەوە، ڕەنگە چەندەها تاکی کاریگەر لە کۆمەڵگەدا هەبن و کاریگەرییان لەسەر ڕەوتی کۆمەڵایەتی و ڕامیاری ئەو ژینگە کۆمەڵایەتییە هەبێت، کە تێیدا دەژین.” شاعیر و نووسەری ئیمڕۆمان دەبێ لە دژی ڕێوشوێنی کۆن و ناپەسند خەبات بکەن و لە کردەوەی دزێو ڕەخنە بگرن و ڕێگای ڕاستی ژیان بە خەڵک نیشان بدەن” (هێمن موکریانی، ٢٠٠٣) هەرەوها دابڕاندنی وێژەوانی لە کۆمەڵگە و هۆزانڤان بە تایبەتی، وەکوو دابڕاندنی خودی مروڤ وایە لە کۆمەڵگە، چونکە هۆزانڤان هەرچەندە خاوەن کۆمەڵە تایبەتمدنییەکی نامۆ و نائاسایی بێت، هەر دواجار دەوربەر و کۆمەڵگە کاریگەرییان دەبێت، لەسەر بەرهەمەکانیی.

“ڕوانین لە ئەدەب وەکوو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، هەوڵێکە بۆ ئاشکراکردنی دیوە شاراوەکانی بیرکردنەوە و دەق وەکو بەرهەمێکی کۆمەڵگە (حەمە مەنتك،٢٠١٨، ٦٦) ئەم دیوە شاراوەش، ئەو دەمە ئاشکرا دەکرێت، کە بخرێتە ژێر تیشکی لێکۆڵینەوەیەکی وردەوە، کە کەم کەس دەتوانێت خۆی لە قەرەی بدات. مەگەر ئەو کەسانە نەبێت، زۆر شارەزای قوژبن و ئەو کەلێنانە بن، کە ئیلهامی هۆنراوەکە تێیدا دەرپەڕیوە. بێجگە لەمەش، پێویستی بە پاشخانێکی مێژووی تاکەکەسی هەیە، چونکە زۆر دیاردەی کۆمەڵایەتی هەن، خۆیان لە نێو لاپەڕەکانی مێژوودا دەبیننەوە، یاخود لە مێژوودا ئەزموون کراون.

کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، پێویستی بە هەموو مرۆڤێکە لە هەموو بوارەکاندا. هەر یەک لەو مرۆڤانەی لە نێو کۆمەڵگەدا دەژین، بەپێی پیشە و کارەکانیان چەندین ئەرکیان لەسەر شانە، بۆ نموونە ئەرکی مامۆستا پێگەیاندنی خوێندکارێکی کارامە و چالاکە، یان ئەرکی فەرمانبەر ڕاپەراندنی ئەو فەرمانەیە، کە لە سەرووی خۆیەوە پێی سپێردراوە. هۆزانڤانیش، وەک تاکێکی کۆمەڵگە، لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە “بەرپرسیارێتی شاعیری ڕاستەقینە ئەوەیە، شیعری باش بگەینێتە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی” (سەباح ڕەنجدەر، ٢٠١١، ٩) بۆیە، پێویستی هۆزانڤان بۆ کۆمەڵگە هیچی لە پێویستی پزیشکێک یان ئەندازیارێک، کەمتر نییە، چونکە پزیشک نەخۆشییە جەستەییەکانی مرۆڤ دیاری دەکات و چارەسەرییان دەکات، بەڵام هۆزانڤان یا وێژەوان ڕەنگە درک بە نەخۆشییەکی دەروونی یان ئاریشەیەکی کۆمەڵایەتی بکات، کە کەم کەس هەیە بتوانێت لەو دیاردەیە وردبێتەوە. هەروەها لەگەڵ ئەمەشدا “هەموو کەسێک لە کۆمەڵگایەکدا پێویستە هەموو شتێک دەربارەی ئارەزووەکانی بڵێت و ئەزموونی بکات” (حسێن موسا، ٢٠٠٩، ١١٤) ئەگەر ئەمە وەکوو ئازادییەکی تاکەکەس بۆ هەموو تاکەکان فەراهەم کرابێت و پێویستبێت، ئەوە بۆ هۆزانڤانان پێویستترە، چونکە هۆزانڤان پێویستی ڕوانگە و سەکۆیەکەی بڵندتر هەیە، بۆ دەربڕینی ئەوەی لە ناخیدایە. “پەیوەندی نێوان ئەدەب و کۆمەڵگا بەقەد مرۆڤ کۆنە ” (وسيمة قلاتي، ٢٠١٦، ١٥) “ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ڕابردوویەکی دوور، دەبینین ئەفڵاتون یەکەم ڕەخنەگرە بایەخ بە لایەنی کۆمەڵایەتی دەدات، ئەفڵاتون شاعیرانی لە کۆمارە یۆتۆپیاکەی وەدەرناوە چونکە ئەخڵاق تێکدەدەن، بەڵام ئەوانەی شیعر بۆ بەرزکردنەوەی ورەی جەنگاوەران دەهۆننەوە شایەنی هەموو ڕێزێكن، ئەمە بۆ خۆی تێروانینی کۆمەڵایەتییانەیە بۆ ئەدەب” (نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، ٢٠١١، ١٢٦) ئەفڵاتون دیدێکی کەڵکبینانەی هەیە، بۆ هۆنراوە و وای پێ باشە، کە هۆنراوە بخرێتە خزمەتی کۆمەڵگە و گەلەوە، نەک هۆکارێک بێت بۆ زیاتر قووڵکردنەوەی کێشەکانی کۆمەڵگە. چونکە هەندێک لە هۆزانڤانان لەگەڵ باسکردنی خەم و ئازارەکاندا، خوێ دەخەنە بن برینی دەردەداران و برینە کۆنەکان وەک مێژووی ڕەش هەڵدەدەنەوە.

 

بەکردارکردنی میتۆدی ڕەخنەی کۆمەڵایەتی/سیاسی لە هۆنراوەی (خێڵی درۆ)ی (سوارەی ئیلخانی زادە)دا.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەر لەسەرەتاکانی مێژووەوە، سەرچاوەی وێژەوانی کوردی بووە، هەر لە زەردەشت و وێژەوانی ئاینی یارسانەوە، تا ئەمرۆ هێناوێتی و ڕێچکەی وێژەوانی کوردی بە هەموو ڕەگەزە وێژەییەکانەوە، چ کۆن بێت، چ نوێ، پارچەیەکی دانەبڕاوی ئەو بووە. سوارەی ئیلخانی زادەش یەکێک بووە لە دیارترین نووسەر و هۆزانڤانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێک بووە، لە شەپۆلی بەردەوام و دانەبڕاوی وێژەوانیی. سوارە یەکێکە لەو هۆزانڤانانەی، کە پێویستە هۆنراوەکانی بخرێتە ژێر تیشکی توێژینەوەوە. لەنێو وێژەوانی کوردیدا، پێگەی وێژەیی سوارە گەیشتۆتە پلەیەک کە بە باوکی شیعری نوێی کوردی دادەنرێت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.

ئەم هۆنراوەی ئێمە خستومانەتە ژێر تیشکی ڕاڤەکردنەوە، هەوڵمانداوە، لایەنە ڕەخنەییەکانی بخەینە ڕوو. مێژووی هۆنراوەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦٨ واتا چەند ساڵێک پێش ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی لە ئێراندا، چونکە دواهەمین پاشای دەوڵەتی پەهلەوی (مەحەمەد ڕەزا شای پەهلەوی) بوو و “فەرمانڕەوایەتییەکەی لە ڕۆژی دەستبەکاربوونییەوە بەردەوام بوو، تا بەجێهێشتنی ئێران و نەگەڕانەوەی لە ١٥ی کانوونی ١٩٧٩” (دکتۆر یاسین سەردەشتی، بەرزانی مەلا تەها، ٢٠٠٩، ١٨٣) تەواوی هۆنراوەکە بەم چەشنە نوسراوە:

ئێوە کێن؟خێڵی درۆ

گەلی دەم پڕ لە هەرا

نیشتەجێی شاری بە گرمە و دووکەڵ

پێم بڵێن:

ئێوە چ کارەن؟

چ کەسن؟

ئێوە ئەی کرمی کتێب

یاری غاری هۆدە

بە گەرووی قاسپەکەری کەوتارێن

جاڕی کام گوم بوو ئەدەن وا بە هەڵپە و بە دەهۆ؟

ئێوە:میراتگری کام جێ لەوەڕن؟

ئێوە،

حاشارگری ڕووبەندی وشە

بووکی بن تارای سوور

خوا نەکا بای بە تەوژمی کوێستان

لابەرێ پەردە لەسەر باڵاتان

دەرکەوێ هەر دەکوژن دوورادوور.

ئێوە:

کەی شێری چیان؟

بەردەماوخۆری توڵە و گورگی گەڕن

قاقڕە گیانە هەوای بەرپشتێن

شۆرەکاتێکە کوژەی خەڵفی دەست

زەلکەیە کۆڕەکەتان ئێوە زەلن

هەر بە بایەک ئەگڕێن بێ دەربەست

کام بەیان بەر بوو لە بەندی شەوەزەنگ؟

کام کولەی شۆڕ بە نەفەستان لاچوو؟

مل بە بەرمووری وشەی ڕەنگاوڕەنگ!

کامە پێ کەوتە پیاسەی ڕێتان؟

ئێستە وا گرمە لە کێوان بەرزە

مێش ئەخاتە لەشی گا بوولەرزە

ئێوەن و ئێوەن و لۆکەی گوێتان

بەسیەتی… بەسیەتی

وا هات… وا چوو.

ئێمە هەوڵدەدەین، وشە بە وشە لە واتای هۆنراوەکە وردبینەوە و بە پێی تێگەیشتنێکی کۆمەڵایەتییانە:

 

١- درۆزنی دوژمن لە ئاست دۆسیەی کورددا:

ئێمە گەر پیاسەیەکی خێرا بە کۆڵانەکانی مێژووی کورددا بکەین، ئەوە بۆمان دەردەکەوێت، هەموو دەوڵەتە زلهێزەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ کورد کردووە و هەر کاتێک بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵیدا یەکیگرتۆتەوە پاڵپشتیان لێ کردووە و هەر کاتێک پێویستیان پێ نەبووە، پشتیان تێ کردووە. زەقترین نموونەش لە مێژوودا، نموونەی شەڕی چاڵدێرانە. وەک هەموومان دەزانین، شەڕی چاڵدیران” ئەو شەڕە بوو کە لە نێوان دەوڵەتی عوسمانی بە سەرکردایەتی سوڵتان سەلیمی یەکەم و دەوڵەتی سەفەوی بە سەکردایەتی شا ئیسماعیلی سەفەوی (١٤١٥/ ٨/٢٤) لە شیوی چاڵدێران لە باکووری خۆرئاوای شاری تەورێزی پایتەختی سەفەوییەکان ڕووی دا و لە ئەنجامدا بە هاوکاری و لایەنگری ژمارەیەکی زۆرێک لە میرنیشە کوردییەکان توانیان سەفەوییەکان تێکبشکێنن” (کۆمەڵێک نووسەر، ٢٠٠٨، ١٢٠) دیارە ئەم پەیوەندیکردنەی زۆرێک لە میرنیشینە کوردییەکان بە دەوڵەتی عوسمانییەوە، یارمەتیدانەی مەلا ئیدریسی بوو، چونکە ئەو کات ڕاوێژکاری سوڵتان سەلیمی یەکەم بوو. هەروەها سوڵتان سەلیم بڕیاری دابوو، لەژێر فەرمانڕەوای خۆیدا، سەربەخۆییەکی تەواو بدات بە میرنیشنەکان، بەڵام “لە ڕاستیدا هەردوو دەوڵەتی عوسمانی و سەفەوی لە ماوەی حوکمی خۆیاندا سەدان هەڵوێستی نامەردانەیان بەرانبەر کورد و میرنیشنە کوردییەکان نواندووە کە هیچ تاوانێکیان نەبووە.” (حەسەن مەحمود حەمەکەریم،٢٠٠٨، ٣٣). ئەمەش یەکێکە لەو چەندەها بەڵێنە پووچانەی بە درێژایی مێژوو بە کوردەکان دراوە.

بەکارهێنانی دەستەواژەی (خێڵی درۆ) بەلای سوارەوە، خۆی لە خۆیدا، ئاگادارکردنەوەیەکە و لێدانی زەنگی هۆشیارییە بە ڕووی سەرجەم کورد و گەیاندنی ڕووی ڕاستی دوژمنانی کوردە بە گوێی هەموو دونیادا. سوارە لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئەو دەستەواژەیەوە، بێجگە لەوەی توانجی لە دوژمن داوە، ویستوویەتی بە هەموو کوردان ڕابگەینێت، کە نەیارانتان درۆزنن و بڕوا بە بەڵێن و پەیمانەکانیان مەکەن.

 

٢- دوژمنی پەرتوک و خوێندەواری:

ئەگەر سوودی کتێب و پەرتووک لە چەند دێڕێکدا کورت بکەینەوە، ئەوە دەڵێین: ئامڕازێک بۆ هۆشیارکردنەوەی مرۆڤەکان و تاکەکانی کۆمەڵگە. چونکە لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی ئەو زانیاریانەیە کە خوێنەر لەپاش خوێندنەوەی ئەو دەقانەی پێی دەگات، ئەو تاکە لە نێو کۆمەڵگەدا یەکێک دەبێت لەو تاکانەی، کە خاوەن پاشخانێکی مەعریفەی دەوڵەمەندە و ئەم پاشخانەش وا لە مرۆڤ دەکات هۆشیاری بەدەستبهێنێت، دیارە هۆشیاریش”بریتییە لە هەبوونی باگراوندێکی مەعریفی دەرباری زانستێک یان بابەتێک کە زادەی بەدواچوون و خوێندنەوە و گوێگرتنە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لە زاکیرەی مروڤدا لەگەڵ گۆڕانی بەردەوامدا دەمێنێتەوە” (گۆران زیاد شێخانی، ٢٠٢٠، ١١١).
سیاسییەکان و داگیرکەران، هەمیشە لە هۆشیاربوونەوەی کۆمەڵگە دەترسن، بەتایبەتی هۆشیاری ڕامیاری (وعي سياسي)، ئەمە دەستەواژیەش بەم چەشنە پێناسە کراوە: “ڕادەی درکپێکردنی تاکە سەبارەت بە پرس و ڕووداوە سیاسییە گرنگەکان کە پەیوەستە بە کۆمەڵگەکە میللی و نەتەوایەتییەکەیانەوە. پاشان مەودای تێگەێشتن و زانینیان، کە پەیوەندی بە بواری ڕامیارییەوە، هەروەها ڕۆڵییان لە بەشداریکردن لە ژیانی ڕامیاریدا (د.رضا منصور سيد، ٢٠١٩، ٨٦) هەر بۆیە هەموو ئەو سیاسی و داگیرکارانەی کە هاتوونەتە سەر تەختی دەسەڵات، سەرەتاترین کاریان بریتی بووە، لە لەنگکردنی توانا ڕۆشبیرییەکانی تاکەکان و پەکخستنی لایەنی هۆشیارییان. چونکە ئێمە زۆرمان بیستووە، کە چەندان داگیرکەر هەبوون، پاش ئەوەی وڵاتەکەیان داگیرکردووە، پەلاماری کتێبخانە و ناوەندە ڕۆشنیرییەکانیان داوە. سوارەش، زۆر جوان درکی بەم دۆخە کردووە، هەر بۆیە لە هۆنراوەکەیدا بەمشێوە بەرجەستەی کردووە:

پێم بڵێن:

ئێوە چ کارەن؟

چ کەسن؟

ئێوە ئەی کرمی کتێب…

مەبەست لە (کرمی کتێب) وەک دەزانین جۆرە کرمێک هەیە، کە بدات لە شتی نەرم کونی تێدەخات و خەوشداری دەکات، دیارە ئەوەیش سیاسییەکانی بە یەکێک لە خراپترین جۆرەکانی کرم چواندووە، ئەوەیش کرمی زیانمەندە، چونکە ئەو جۆرە کرمانە دەدەن لە گیانداران و گیانیان کون دەکەن.

٣- خوێنڕێژی دوژمنانی کورد:

دوژمنانی کورد، هەردەم دەستنەوەستان بوونە لە بەرانبەر کورد و هەر کاتێک بچووکترین هەلیان دەست بکەوتایە، ئەو ڕاستەوخۆ دەیانقۆستەوە، بۆ لەناوبردن و سەرکوتکردنی کوردان. ئەمەش ئیشی یەک و دووانێکیان نەبووە، بەڵکوو هەموویان هەمان ڕەفتاریان بەرانبەر کورد نواندووە. سوارەش، بەهۆی درککردنی بەو دۆخە باوەی دوژمنانی کورد، هاتووە لە هۆنراوەکان بەم چەشنە باسی لێوە کردووە:
ئێوە،

حاشارگری ڕووبەندی وشە

بووکی بن تارای سوور

خوا نەکا بای بە تەوژمی کوێستان

لابەرێ پەردە لەسەر باڵاتان

دەرکەوێ هەر دەکوژن دوورادوور.

مەبەست لە (حاشارگری ڕووبەندی وشە) واتە لە ژێر چەندەها وشەی سواو و ڕازاوەدا خۆیان حەشار داوە و ئەو وشانەیان لێ خاڵی بکەرەوە، لە درۆزنێک زیاتر هیچی تر نییە. هەروەها مەبەست لە (بووکی بن تارای سوور)، شێخ محەمەدی خاڵ لە بارەی وشەی (تارا)ەوە لە فەرهەنگەکەیدا دەڵێت “شتێکی ئاوریشمی ئاودامانی جوانە دەدرێ بەسەر بووکدا لە کاتی گواستنەوەیدا بۆ ماڵی زاوا” هەروەها هەژار موکریانیش لە فەرهەنگی هەمبانە بۆرینە دەڵێت: “سەرپۆشی سووری بووک” بەڵام هەمووان دەزانین تارای بووکێنی دوو ڕەنگی هەیە لە نێو کوردەواری خۆماندا یەک سوورە دوو سپی. سەرنجەکە لێرەدایە: سوارە بۆ نەیوتووە تارای سپی، بۆ وتویەتی تارای سوور؟ بێگومان لەبەر دوو هۆکارە:

  • یەک لەبەر سەروابەندی، چون (کەسوور) لەگەڵ (دوور) دەبێتە هاوسەروا.
  • ڕەنگی سوور، بێجگە لەوی ڕەنگێکی زەق و دیاری هەیە، زۆرجار هێمایە بۆ خوێن و خوێناوی بوون.

هەروەها، کە دەڵێت:

خوا نەکا بای بە تەوژمی کوێستان

لابەرێ پەردە لەسەر باڵاتان

دەرکەوێ هەر دەکوژن دوورادوور.

مەبەستی لەوەیە: خوا نەکا ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان دەرخەن، چونکە ئەگەر بچووکترین هەلیان دەستبکەوێت بۆ لە ناوبردنی کورد، ئەوە درێغی ناکەن و یەکسەر بە مەبەستەکەی خۆیان هەڵدەستن.

 

٤- ترسنۆکی دوژمنان:

“نەتەوەی کورد لەبەر ئەوەی سەرەتا ژیانی بە ئاژەڵداری و ماڵاتداری بردۆتە سەر، دیارە هەر لەسەر شاخ و کێو و دەشتا ژیاوە و بۆ بەخێوکردنی مەڕوماڵاتەکەی هەزاران کۆسپی هاتۆتە پێش ئەویش بۆ پاراستنی ئاژەڵەکەی گیانی خۆی خستۆتە مەترسییەوە و لەگەڵ دوژمن و نەیاری و ئاژەڵەکەیدا بەشەڕ هاتووە، بەم هۆیەوە کورد لە پلە و پایەی یەکەمدا، بەجەرگ و نەترس و شەڕکەر پەروەردە بووە، بۆیە لە هیچ شتێک سڵ ناکاتەوە و پەروای لە هیچ نییە” (سەدیق بۆرەکەیی،٢٠٠٨، ٨). واتە کورد، هەمیشە چاونەترسانە هاتۆتە گۆڕەپان و جەنگاوە و لە پێناو خاک و ژیانیدا، شەڕی مان و نەمانی کردووە. بەڵام دوژمنانی کورد، لەبەر ئەوەی هەمیشە لەسەر ناڕەوایی بوون و مافی کوردانیان خواردووە، هەمیشە ترسێک لە ناخیاندا بەئاگایە. چونکە لە باڵادەستی و بەهێزی کوردان ترساوە و وایان بیر کردۆتەوە، کە کورد سەربکەوێت و ناوی خۆی لەناو ناوان تۆمار بکات، ئەوان ئەوان ئەکەونە ژێر تەپوتۆزی مێژووەوە .هەر بۆیە ئاستی درککردنی سوارە ئەوەندە بەرز بووە لە هۆنراوەکەدا ئاماژەی پێداوە وتوویەتی:

ئێوە:

کەی شێری چیان؟

بەردەماوخۆری توڵە و گورگی گەڕن

ئاشکرایە بەرماوەخواردن و پاشماوەخواردن، کاری ئاژەڵێکی وەک کەمتیارە، چونکە ئەو ئاژەڵانەی لە ڕێگەی شێر و پڵنگ و گورگەوە ڕاو دەکرێن و دەبنە نێچیر، پاشان ئەوەی تێریان لێدەخۆن، کەمتیارەکان لە پاشماوەی ئەو ئاژەڵە ڕاوکراوە خۆیان تێر دەکەن.

 

ئەنجامی توێژینەوە:

  1. لە بابەتەکەی یەکەمدا، وەکوو ناساندێک هەوڵمانداوه، کە مێتۆدی ڕەخنەی کۆمەڵایەتی ڕوونبکەینەوە، وەکوو بەرچاوڕوونییەک بۆ بەشەکانی داهاتووی توێژینەوەکە.
  2. لە بابەتی دووەهەمدا، لەسەر تەوەرێکی گرنگ و دیار دواوین، کە ئەویش پەیوەندی نێوان هۆزانڤان و کۆمەڵگەیە، بە بۆچونی خۆمان و بە پشتبەستن بە کۆمەڵێک سەرچاوەی سنوردار، توانیومانە، ‌ئەو پەیوەندییە بخەینە ڕوو.
  3. لە بابەتی سێیەمدا، تیشکمان خستۆتەسەر تەوەری سەرەکی باسەکە، ئەویش بەکردارەکیکردنی میتۆدی ڕەخنەی کۆمەڵایەتییە، لە هۆنراوەی (خێڵی درۆ)ی سوارەدا.

 

سەرچاوەکان:

١. ڕەخنەی میتۆدی کۆمەڵایەتی لە لێكۆڵینەوەی ئەدەبییدا، ڕێبین خەلیل قادر، گۆڤاری ڕامان،١٦٧، ٢٠١١

٢. شیعر و پەخشانی سوارە، محەمەد بەهرەوەر، ٢٠١١، ئەکادیمیای کوردی.

٣. زەمزەمەی زوڵاڵ، ک. عەبدولخالق یەعقووبی، ٢٠٠٧، بڵاوکراوەی ئاراس.

٤. ڕەخنەی ئەدەبی، د.لوقمان ڕەئوف، ٢٠١٧،چاپخانەی کارۆ.

٥. هەواری خاڵی، هێمن موکریانی، کۆکردنەوەی بەدران ئەحمەد و عوسمان دەشتی،٢٠٠٣، بڵاو کراوەی ئاراس.

٦. میتۆدی ڕەخنەی کۆمەڵایەتی و پراکتیزەکردنی لە هۆنراوەکانی هێمن موکریانیدا،سردار فائق، عیماد شوکور، ٢٠٢١، گۆڤاری زانکۆی گەرمیان.

٧. ئێران، وەرگێران و ئامادەکردنی دکتۆر یاسین سەردەشتیی و بەرزانی مەلا تەها، چاپی دووەم، ٢٠٠٩، چاپخانەی سایە

٨. عوسمانییەکان، سەلام عەبدولکەریم، چاپی دووەم،٢٠٠٨، چاپ و پەخشی ڕێنما.

٩. ڕۆلی مەلا ئیدریسی بەدلیسی لە یەکخستنی میرنیشینە کوردییەکاندا، حەسەن مەحمود حەمە کەریم،٢٠٠٨،چاپخانەی چوارچرا

١٠. دوو کتێب لە بارەی شیعرەوە، سەباح ڕەنجدەر،٢٠١١،چاپی یەکەم،چاپخانەی ڕۆژهەڵات.

١١. مێژووی وێژەیی کوردی، سدیق بۆرەکەیی، ٢٠٠٨، بەرگی یەکەم، بڵاوکراوەی ئاراس.

١٢. تۆرە کۆمەڵاتییەکان و هۆشیاری گەنجان،گۆران زیاد شێخانی،٢٠٢٠،چاپی یەکەم، چوارچرا

١٣. میتۆدەکانی ڕەخنەی ئەدەبی،حەمە مەنتک،٢٠١٨، چاپخانەی تەفسیر.

١٤. تێوری ئەدەب،د.شوکری عەزیز ماضي،و.سەردار ئەحمەد گەردی، ساڵ…

١٥. لوقمان ڕەئوف عەلی،٢٠١٦، گۆڤاری زانکۆی کەرکوک.

١٦. الفرد و مجتمع، میشال فوکو، ت.حسین موسی،٢٠٠٩،دار التنویر.

 

١٧. ضمون الاجتماعي في الشعر العراقي الحديثدراسة في الأداء البياني،

م. م خلـود عبـاس حسيــــن، ا. د عبد الحسن علي مهلهل، مجلة الدراسات المستدامة،٢٠٢١.

١٨. سوسيولوجيا الادب، روبير اسكاريت،ت.آمال انطوان،١٩٩٩، عويدات النشر و تابعة.

 

١٩. الأسكندر المقدوني (356 – 323)  ق. مأحمد الريفي الشريف،مجلة جامعة سبا، ٢٠٠٧،عدد ثالث.

٢٠. برنامج مقترح لتنمية الوعي السياسي والانتماء الوطني لدي طلاب جامعة العريش في ظل الراهنة،د.رضــا منصــور الســيد،سنة…

٢١. فەرهەنگی خاڵ، شێخ مەحمەدی خاڵ،٢٠٠٥،بڵاوکراوەی ئاراس،چاپی دووەم.

٢٢. فەرهەنگی زاراوەی ئەدەبی و ڕەخنەیی، نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد،٢٠١١، چاپخانەی بینایی.

٢٣. النقد،شوقی ضيف،١٩٨٤،الدار المعارف.

٢٤. المجتمع،ماكاتيز و شارلز، ت.علی احمد موسی،مطبعة مصر،٢٠٠٠.

٢٥. العلم المجتمع، مرتضى مطهري،١٩٧٩.

٢٦. النقد الادبي،احمد امين،٢٠١٢، موسسة هنداوي.

٢٧. النقد الادبي عند “ابن خلدون،سمية قلاتي، ٢٠١٦، شهادة ماستر.

بڵاوکردنەوە: