مۆلاک! منداڵگەل کە لە ژێر قادرمەکان دەقیژێنن

102
0
بڵاوکردنەوە:

دەربارەی شیعری (لوورە)
نووسینی: سروشت نەوزاد

/باشترین هزرەکانی نەوەی خۆمم بینی دێوانەیی وێرانی کردبوون،
بە ڕووت و ڕەجاڵییەکی هیستیریانەوە قۆڕەی سکیان دەهات لە برسا،
بەری بەیان بە شەقامی ڕەشپێستنشیناندا خۆیان بە کێش دەکرد

بە دوای دەرزییەکدا عەوداڵ بوون
خۆیانی پێ بێهۆش بکەن.

لوورەی گینسبێرگ بەم دێڕانە دەست پێدەکات. ئەگەر چی ئەم شیعرە وەک هاوخەمییەک بۆ دۆخی دەروونی و خەمۆکی کارڵ سۆلۆمۆن نووسراوە: / کارڵ سۆلۆمۆن! من لەگەڵ تۆدام لە ڕۆکلاند/. بەڵام ژینگەو جیهانبینی شیعرەکە لە ڕێڕەوی هاوخەمییەوە درێژ دەبێتەوە و دەگۆڕێت بۆ دۆخی هاوخەمی مرۆیی، هەروەها ڕەهەندی دیکە وەردەگرێت. ئەم ڕەهەندانە سەردەکێشن بۆ نێو بنکۆڵکاری، گەڕان و کەشفی ستایلی ژیانی نوێی کۆمەڵگای ئەمریکی، کێشە و گرفتە مرۆیی و شارستانییەکانی.
گینسبێرگ ساڵی 1955 ئەم شیعرە دەنووسێت، نزیکەی ساڵێک پێیەوە خەریک دەبێت و پاشان بڵاوی دەکاتەوە.
(لوورە) وەک ناونیشان بۆ دەقەکە، ئاماژەی دەنگ هەڵبڕین و بێ دەنگ نەبوون دەدات، دەنگێکی ئازاد و دژە کلتووری، کە ئایدیالەکانی شارستانیەتی ئەمریکی دەشکێنێت. ئەو کلتور و سیاسەتە میلیتاریستیەی سەردەمی گینسبێرگ و هاوڕێکانی، کە نەوەی ئەویان وێران کردبوو. ئەو نەوەیەی گینسبێرگ ناوی باشترین هزرەکانی سەردەمی خۆیانی لێدەنێت: (نەوەی بیت).
ئەم نەوەیە، دوای جەنگی دووەمی جیهانی پەیدابوون، بەرئەنجامی کارەسات و وێرانییەکانی ئەو جەنگە بوون، پاشان بە ناو هەناوی قەیرانە ئابوورییە گەورەکەی ئەمریکا (1929-1935) تێپەڕین. لەو نێوەندەشدا کۆی ژیانی منداڵی و پاش منداڵییان بەئازاری هەژاری و نەبوونییەوە، بەڕێدەکرد. شۆڕشی نەوەی بیت زیاد لەهەر شتێک دژی ڕۆحی ماتریالیزمی سەردەمەکە و باڵادەستی کلتووری ڕۆژئاوایی بوو، هەروەها دژی سەرکوتکردنی خواست و هەستە سروشتییەکانی مرۆڤ لەلایەن دامودەزگاکانی دەوڵەت و پایە زاڵەکانی سیستەمی سەرمایەداریی دەجەنگان.
ئەمانە باشترین هزرەکانی ئەم شیعرەن، گینسبێرگ لە بەشی یەکەمی شیعرەکەدا، ئەزموونی نەوەی بیت لەگەڵ مادە هۆشبەرەکان، سێکس و هونەر، یاخیبوونەکانیان دەخاتە ڕوو، . هەروەها دەیەوێت بێزاری و وزەی هونەریی و خۆ لەناوبردنی ئەم نەوەیە دەرببڕێت، نەوەیەک کە هەستی دەکرد لەلایەن کولتوورێکی باڵادەستی ئەمریکیی و سیاسەتەکانی حکومەتەوە سەرکوت دەکرێت، هەروەها دوژمنایەتی کۆمەڵگاش لە بەرامبەر ئارەزووە سێکسی و هاوڕەگەزخوازییەکانیان.
ئەم شیعرە شیعری تلیاک، مۆسیقای جاز و هۆمۆسێکسواڵیتەیە، شار وەک دەرکەوتەیەکی گرنگی جیهانی نوێ، بە هەموو پێکهاتە شارستانی و قەیرانەکانییەوە، هەروەها تەوەرگەلی وەک خۆکوشتن و سێکس، شێتی، مادە هۆشبەرەکان و بەکاربردنی کلتووری ئەفریقایی- ئەمریکی، بە تایبەت مۆسیقای جاز، خاڵگەلی گرنگ و دیاری شیعرەکەن. تەنانەت تەکنیکی شیعرەکە لە هەندێک بەشیدا، لەسەر هەمان ڕیتم و دەربڕینی جاز بونیاد نراوە، ئەمە جگە لە زمانەکەی کە زیاتر لەهەر شتێک زمانێکی جازییە. دیارە بەکاربردنی ئەم کلتوورەش لە لایەن گینسبێرگ و هاوڕێکانی، لێدان و شۆکێک بوو کە هەرگیز نەیدەتوانی جێگای قبوڵکردن و ڕەزامەندی سپیپێستە ئەمریکییەکان بێت. لێرەوە دژایەتی و پێکداچوونەکان لە بەرامبەر داکۆکیکارانی ئەم کلتوورە سەرهەڵدەدات، تا وای لێهات بەشی زۆری ئەمریکییە ئەفریقاییەکان و کلتوورەکەیان، بە تەواوەتی لەلایەن کۆمەڵگاوە ڕەتدەکرایەوە، بە تەواوی پشتگوێ دەخران و هەلی بەشداریکردنیان لە دامەزراوە گرنگەکانی کۆمەڵگادا: قوتابخانەکان، کەرتە حوکمی و ئەهلییەکان، دامەزراوە پیشەسازی و بازرگانییەکانیان لێ قەدەغە دەکرا. هەموو ئەم ئازار و جیاوازییە ڕەگەزییانەش لەهەناوی سیستەمی ئەمریکی سەرمایەداری و پیاوی سپییەوە دێنەدەرێ، کە دواجار وەک شیعرەکە ئاماژەی پێئەکات، نەوەکەی ئەو ” باشترین هزرەکانی ” بەرەو شێتی و لەناوچوون دەبەن. لە کاتێکدا هەمان سیستەم بە فێڵ و درۆکانی خۆیەوە، بانگەشەی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و یەکسانی چینایەتی دەکرد. بەڵام شیعری لوورە لە شوێنێکی قوڵی هۆشیارییەوە دێتەدەرێ و دەبێتە بەرجەستەکەری هەموو ئازارە پەنهانەکانی ڕەشپێستنشینان و کلتوورە پلە دووەکەی ئەفریقی- ئەمریکی:

چی سفینکسێکی لە ئەلەمنیۆم وکۆنکرێت دروستکراو

سەری ئەوانی پێکاو مێشک و خەیاڵیانی وردوخاش کرد؟

بەم هۆیانە شیعرەکە وەک بەرهەمێکی پاش جەنگی دووەمی جیهانیی، دەبێتە ئاماژەدەری تەم و نائومێدیەکانی کۆمەڵگەی مرۆیی پاش مۆدێرنەبوونی دونیا، هەروەها ئەگەرو ئیمکانە گەورەکانی بەردەم گەشەکردنی تەکنەلۆجیا. هەر بۆیە لە هەندێک شوێنی ئەم شیعرەدا و تەنانەت لە نێو پێکهاتەی فۆڕمی شیعرسازیی و وێناسازییەکەیدا، پۆست مۆدێرنیزم وەک بیرۆکەیەکی فەلسەفی و ڕەخنەیی، دێتە نێو دەقەکەوە. هەم بۆ دەست تێوەردان لە نۆرمە کلاسیکی و باوەکانی پێکهاتەی شیعریی، بۆ ئافراندنی فۆڕمی دیکەی وێناکردنی دونیا، هەمیش بۆ دەست تێوەردان و هەڵوەشاندنەوەی نۆرم و بەها کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگای نوێی ئەمریکی:

مۆلاک کە چارەنووسەکەی هەوری بێ سێکسی هایدرۆجینە! مۆلاک کەناوی عەقڵە
مۆلاک کە لەناویدا من هێشتا تەنیام! مۆلاک کە لەناویدا خەو بە فریشتانەوە دەبینم! شێت و شبر لە مۆلاکد! کێرمژ لە مۆلاکدا! بێ خۆشەویستی و بێ پیاو لە مۆلاکدا!
مۆلاک کە زوو هاتە ناو ڕۆحمەوە! مۆلاک کە لەناویدا هۆشیارییەکم بە بێ لەش! مۆلاک کە منی لەبەختەوەری سروشتی خۆم تۆقاند! مۆلاک کە دەستبەرداری دەبم، لە مۆلاکدا بێدار دەبمەوە! ڕۆشناییە، کە لە ئاسمانەوە هەڵدەقوڵێت!
مۆلاک، مۆلاک! باڵەخانەی ڕۆبۆتی! گەڕەکی پەراوێزی نەبینراو! زێڕو زەمبەلەکی پەیکەرە ئێسقانی! سەرمایەی کوێر! پیشەسازی شەیتانی! نەتەوەی ئاوێزەیی! شێتخانەی تۆکمە! ئەندامی نێرینەی گرانیت! بۆمبگەلی دەعەجانی!
پشتی خۆیان شکاند بەوەی مۆلاک ببەن بۆبەهەشت! شۆستەکان! درەختەکان! ڕادیۆکان! چەندان تەن! شاریان هەڵگرت بیبەن بۆ بەهەشت
کەچی ئەو لە هەموو شوێنێکی ئێمەدا بوو!

سەرلەبەری شیعرەکە تێڕامانێکی قوڵە لە دۆخی ناوەکی و ئەخلاقی دونیای نوێ، کاپیتاڵیزم، هەروەها قەیرانی مرۆیی و ڕۆحی کۆمەڵگای نوێی ئەمریکی.
لە شوێنێکی ئەم شیعرەدا کۆمەڵگای ئەمریکی بە ” مۆلاک” دەشوبهێنێت، کە نوێنەرایەتی بەهاکانی سەرمایەداری دەکات، ( دیارە مۆلاک لە کلتوورە دێرینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، خودا یاخوود ئایدۆڵێکی ساختە بووە، منداڵانیان وەک قوربانی بۆ فڕێداوەتە نێو ئاگرەوە) نەریتی بە قوربانیکردنی منداڵ لەم شیعرەدا، سەبارەت بە ژیانی نوێ و کۆمەڵگای ئەمریکی، میتافۆڕە، ئاستێکی ئەم میتافۆڕە بە ئاڕاستەی سڕینەوەی ڕەگەزی مرۆیی و خەون و داخوازییەکانیانە، ئاستێکی دیکەشی بریتییە لە هەمان فۆڕمی فڕێدانی منداڵ بۆ نێو ئاگرەکەی مۆلاک، ئەو دونیایەی کە پاک و سروشتییە، کە نەفرەتی پێ نییە، ژەهراوی نییە و دەست لێنەدراوە، دەسڕێتەوە و فڕێ دەدرێت، لە جێگای ئەو ڕەهەندەکانی دیکەی مۆلاک نیشتەجێ دەبن:

مۆلاک دوورەپەرێزی! پیس و پۆخڵی! دزێوی! تەنەکەی زبڵ و زاڵ! دۆلاری دەستپێنەگەیشتوو! منداڵگەل کە لە ژێر قادرمەکاندا دەقیژێنن! کوڕگەل کە لە نێو سوپادا هەنسک دەدەن! پیاوانی پیر کە لە ناو پارکەکاندا دەگرین!
مۆلاک! مۆلاک! کابوسی مۆلاک! مۆلاکی بێعەشق و سۆز، مۆلاکی نەخۆشی عەقڵی، مۆلاکی حوکمدەری قورس بەسەر مرۆدا!

مۆلاک ئەو خواوەندەی فریودەرانە قوڵەکانی دەکاتەوە و ڕادەوەستێت، ئەوەی دەیخوازێت دەسڕێتەوە، ئەوەشی دەیەوێت دروستی دەکات، ئەمە ئەمریکایە: ئەو عەقڵەی نەخۆشە و دوو ڕوو، هەوری چڵنکی خۆی دەنێرێتە ئاسمان! حوکمدەکات و سەری لەنێو سوپاکاندایە، لە نێو بنکەی ئەتۆمی و چەکی کۆمەڵکوژ، مۆلاک زیندانی بێرۆحی ترسناک و کۆنگرێسی خەمەکان! کۆنگرەی ئاشتەوایی درۆزنانە و بانکی تیرۆر. مۆلاک سەرمایەی کوێر، پیشەسازی شەیتانی، باڵەخانەی ڕۆبۆتی، ئەوەی لەودا:
ڕوئیاکان! نوخشە و فاڵەکان! وڕێنەکان! پەرجووەکان! بەختەوەرییەکان! فڕێدرانە ناو ڕووباری ئەمریکاوە!
خەونەکان! عەشق و سەرسامییەکان! ئیشراقاتەکان! ئاینەکان! بە گووی سەگ گۆڕدرانەوە!
کەشف و کەراماتەکان! بەسەر ڕووبارەکەوە! قڵپبوونەوەکان و لە خاچدانەکان! لەگەڵ لافاوەکەدا ڕۆیشتن! بەرزاییەکان! ڕیتواڵەکان! نامرادییەکان! خۆ کوژییەکان و هاواری دە ساڵەی ئاژەڵەکان! هزرەکان! عەشقی تازە! نەوەی شێت! بەسەر تاوێرەکانی کاتدا بەربوونەوە!
پێکەنینی ڕاستەقینەی پیرۆز، هەموویان بینی! چاوانی کێویی! ماڵئاواییانکرد! لەسەربانەکەوە خۆیان فڕێدایە نێو دوورەپەرێزییەوە!
خۆیان فڕێدایە نێو شەقامەکەوە! خۆیان فڕێدایە نێو ڕووبارەکەوە! گوڵیان پێبوو و دەستیان ڕادەوەشاند!

تێبینی/ ئەو بەشانەی کە لە شیعرەکەوە وەک نموونە وەرمگرتوون، لەو وەرگێڕانەوەیە کە ماردین ئیبراهیم بۆ شیعرەکەی کردووە و لە ژمارە شەشی گۆڤاری شیعردا بڵاوی کردۆتەوە.

بڵاوکردنەوە: