هه‌موو شتێك له‌پڕ ڕووی دا

152
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ئیسماعیل سابیر

 

باران دەباری، دونیا کەمێک تاریک، جادەش تەڕ. گڵۆپی بەشێک لە شەقامەکان دانەگیرساو و خامۆش، دەتوانم بڵێم هێشتا کەسی وا بەدەرەوە نەبوو. دەتوانم بڵێم لەیلا لە باوەشی کەسێکی تردا بوو، خەوتبوو، ئاگای لە مەریەم و وه‌همه‌كانی تر نەبوو كه‌ تا ده‌هات و ڕۆژ به‌ ڕۆژ لە مندا زیاتر ده‌بوون. دەتوانم بڵێم كاتی زوو ده‌مناسی وا نه‌بوو، سه‌ره‌تا یان درەنگ هەستم پێ کرد؛ خەریکی ئەم بەزم و ڕەزمانە بوو.

وه‌ك هه‌میشه‌ هیتفۆنی لە گوێچکەکانی ده‌‌ئاخنی و مەترسی شه‌قامه‌كانی ده‌ڕەواندەوە. تا ئەوەی شه‌وێكیان تووشی بە تووشی ماشێنێکی تیژڕەو بووەوە. گوتی خۆی گوتوویه‌تی و لە بنکەی پۆلیس دانی پێداناوه‌. نەیبینی چۆن ئیستۆپی نەما و ئەم پێکدادانە ڕووی دا. ته‌نیا گێڕابوویانەوە و نووسیبوویان، له‌سه‌ر زاری دایه‌ئامین له‌ په‌ڕاوه‌كه‌دا زیاتر جه‌ختیان لێ كردبووه‌وه‌. ئەو کاتەی کە بینیبوویان، زوو خەبەریان دا، کەوا پیتزا و شاورمە و لەیلا و خەونەکانی؛ چ زوو له‌ چركه‌یه‌كدا بزربوون و فلیقانەوە.

٭٭٭٭

قەت لە دەرەوە نانی نه‌خوارد. وەک عادەتییەک، کەس هەستی پێ نەکرد، لەبەر پیسی یان شتێکی تر بوو نەیگوت كه‌وا بۆچی زویر بووبوو. لە ڕیکلامی بەردەوامی یوتیوب کاتێک كه‌ گۆرانییەک دادەگیرسا ئەم دەهات و جەوەکەی تێک دەدا. یان پیاوی جددییەت و قسەی خۆی بوو ئەو ڕۆژە تەشقەڵەی کرد بۆیە دەیگوتەوە زۆر چی؟ شەو بوو کەس نەیپرسی بۆچی. كه‌ دوای کەبابخواردن من نا، دانیشتم بە تەنیا چاییم داواکرد و سەیری یاریم کرد. دواتر باران کە باری، ئه‌وانیش چەند پیاڵەیەک چایان داوا کرد. دانەیەک لەوانەی دانرابوون؛ فڕم كرد. خۆشتربوو له‌سه‌ر زاری من، به‌ڵام به‌ گوته‌ی ئه‌وان هیچ نه‌بوو.

هەریەکەو لە گۆشەیەکەوە چاوەڕێی گۆڵ و هەموو شتێکی تری لەناکاو بوو جگە لەو کەس نەبوو لێی بپرسێ چیت داوە لە ماتۆڕ و شەقامەکان. هەریەکەو لە گۆشەیەکەوە بە میزاجەوە شرۆڤەی جەوەکەی دەکرد، هەریەکەو لە گۆشەیەکەوە بە قامووسی بەرباغەڵی خۆی جنێوی بە یاریزانانی تیپەکەی تر دەدا. ئەو نەبێ. لەو کاتەی کە ناسیم، تا ڕۆیی، خۆی گوتی گەر بە قاچاغیش بێ حه‌زده‌كات بڕوا. منیش لەگەڵیدا. نەچووم. حەتمەن ئێستا ئەمە ببیستێت سەرمای ده‌بێت، هاوڕێیەکی كه‌ خۆی کوشت. لە گۆڕستان ته‌قه‌ی سه‌ری هات، وەک من کە شۆفێرەکان هەزاران جار لەو جادانەدا جنێویان پێداوم و گاڵته‌م پێ هاتووه‌.

شەقام جمەی دەهات، کەس لەبەر مژووڵی ژیان بیری لای(talabat) نەبوو بۆ درەنگکەوت و چی گوزەرا. دەرزیت فڕێدابا بە عەرز نەدەکەوت. ئەم شەوانە وابوون، بەڵام ئەی مەگەر هه‌ر خۆت نەتگوت ئەمشەو نا جەوم نییە لەبەر ئەم قه‌ره‌باڵغییانە، سبەی شەو یاری هەیە قەیچییەکە، ئینجا دەچینە ئیسکان؟

مەگەر وانەبوو ها؟

بۆ ڕۆیشتی و نه‌هاتی؟

وه‌ك ئه‌وه‌ی دوێنێ بێ، بیرم ماوە لێرە هەر لەم ماڵە، لەسەر ئەم قەنەفە ماڕۆنییە کەوا ئێستا من لەسەری دانیشتووم، چای دەخواردەوە. کە قسەمان کرد، وەک ئەوانەی هەمیشە چا دەخۆنەوە، هەر کارێکیان پێ بسپێری دەڵێ با چایەکە تەواو بکەم، ئینجا دواتر، ئامانج دیشلەمەیەکی لەسەر کرد،  ئاگای لێ نەبوو ئەو دەمەی کە تەلەفۆنەکە داخرا بە سەرمدا. گوتی: با بۆ سبەی بێ، چایەکەیشت، وابزانە خواردوومه‌.

قەتیش نەیخواردەوە.

دەچوومە ده‌ره‌وه‌، بەرێگاوە کە وایگوت؛ ببوورە. بوورامەوە، ئه‌مشه‌و کاتێ کە هەواڵەکەیان پێدام. دانیشتم و باوەڕم نەکرد، له‌ سووچێكدا تەنیا گریام.

سەرەتا گوتم نا ئەوشەو خۆی گوتی ناچمە دەرەوە. حەتمەن كارییشی نه‌بووه‌، ئه‌ی مادام هەڵەیەک هەیە. ئەو نییە، كه‌سێكی دیكه‌یه‌،

کێ بوو؟

باوه‌ڕم نه‌كرد.

پاش چەند ساڵ، لە قرچەی نیوەڕۆدا، بیری هاتەوە، تا دیسان بێته‌وه‌ و تیرێكم لێ بدات، کە گوتی: غەریبیم کردووی، ئەمشەو وەرە چاوەڕێتم. لە تەلەفۆنەکە هیچم نەگوت. شوێنه‌كه‌ قەرەباڵغ بوو، له‌ ته‌له‌فۆنه‌كه‌ نەدەبوو هیچ بڵێم. بۆیە دامخستەوە. شەو له‌ داخا پەیوەندیم پێیەوە نەکرد و ڕۆیشتمە لای یه‌كێكی تر كه‌ له‌و جوانتر بوو.  ئەوەم نەزانیبوو، لەسەر جێخەوی مێرده‌كه‌ی کە بە پارەی قەرز کڕیبووی، کاتی زوو. جلم لەبەری داکەند و بە‌ مەراقەوە زۆر شتی تریش کە نەدەبوو بیکەم لەگەڵیدا، کردم.

سەرەڕای ئەوەش کە گوتی:( هەتیو بەو هەستساردی و نێرانەی خۆت زیاتر هارم دەکەی ها)

هیچم نەگوت. وەک ڕۆبۆتێک بەردەوام بووم تا گەیشتمە له‌ززه‌تی کۆتایی؛ ئیتر وزە و تاقەتی لێبڕیم.

ئەو شەوە کەمێک سارد، خەریک بوو قسەم دەکرد، وڕێنەش لەبەر خۆمەوە. بارانیش وردە وردە لە ڕێگا خەریکبوو دەباری. تۆز و چڵکی جامی پاس و ماشێنەکانی چوارده‌ورمی دەشۆردەوە. هێشتا نەگەیشتبووم؛ لە ناوەڕاستی شەقام تەلەفۆنەکە پچڕا، لە بەختی من دەنگی باش نەدەهات، بێبەختییە چەندجارێک گوتییەوە. هەورەبرووسکەیە و دەنگت ناهێ. ئەلوو ئەلوو لەگەڵ چۆڕاوەی ئاو بە هێز و یارمەتی فڵچەی جامی ماشێنەکە گەر هەبوایە دەپرژایە سەر قیری سووتاوی جادە. گیرفانەکانم خاڵی، تەڕ لەبەر باران نەمدەزانی بۆ کوێ وا بەم چەشنە هەنگاو ده‌هاوێم. بێ چەتر و بێ پاڵتۆ حەتمەن نەشی نووسم، لەم سەرمایەدا لەگەڵ هەر وشەیەک ئێوە دەزانن هەڵم لە دەمم دێتە دەرەوە.

تێلی کردەوە، تووڕە بوو ئێجگار زۆر، دەنگی باش دەرنەدەهات، (حەیوان)ـی کە گوت باش گوێم لێ بوو بەڵام خۆم لێ نەبان کرد. لەبەر گڕەگڕی مانتۆڕەکەی کە جادەکانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردبوو.

گلەیی دەکرد، گوایە «زەوقێکی حیز و لووسکانەم هەیە.» بەمە دەستی پێ کرد، سه‌ره‌تا لە بیستۆکی تەلەفۆنەکە وا نەڕاندی. شکامەوە. ڕاستی دەکرد، چی بڵێم له‌جیاتیی ناوهێنانی خێزانه‌كه‌ی، باشتره‌ با بڵێم خووم پێوە گرتوو و ئێستاش گوێی لێ دەگرم، له‌به‌ر خاتری خاترانە ئیتر…

هەر جارێک لەپشت مێردەکەی بمدیتبا زوو دەیگوت: ئێمە بۆ گەیشتین بەم ڕۆژە و بۆچی ئاوامان بەسەرهات؟

« جەناب ئەم زەوقە کۆنانە چییە؟ فڕێیان بدە.» فڕێم نەدان، سەرەتا جگە لە وشەی جەنابەکەی، هەر زوو کە لامدا، گوتم عەیبە ئەمە بۆ نێوانمان دەست نادا، ئەوەی تر دوایی وردە وردە بە پێی کات ڕادێین لەسەری، ڕانەهاتین.

سەرکەوت، یەکەم شت دوای هەواڵپرسین له‌ڕێی (AUX)ـه‌وه‌ مۆبایله‌كه‌ی ڕەبتی تەسجیلەکە کرد، بە دەنگی ئەو گەنجە تازانەی خۆمان؛ گوێ و مێشکمی لەسەر شەقامەکە بە خێرایی گا. پێکەنیم و هیچم نەگوت. لە کافێکە سەبارەت بە جوانییەکەیشی، جگە لە (قوربانت) هیچ وشەیەکی ترم لە دەم نەهات. نەیدەزانی چیم لە دڵدا پەنهان ناوە. ئاخر یەکەمجار ڕەنگە بە چاو هەستی کردبێ، بەڵام تەمەنی بایی ئەوە نەبوو بزانێ، هونەری ڕەسەن و بازاڕیی چییە یان وەک هونەرناسێک لێکیان جوودا بکاتەوە. ئەسڵەن خۆی یەکپارچە بازاڕ بوو، ڕووخساری!

وەک كۆمۆنیسته‌كان بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵام ئەم نموونەیە ئەمڕۆ بووە بە مۆدەی هەموو جیهان.

٭٭٭٭

چی بكه‌م؟ ناز، هەر نەیبوو.

لێی نەدەهات خۆی ناسک بکاتەوە، زۆرجار وای دەگوت قەناعەتم نەبوو؛ کچ بیت و ناز نەکەی شتێک لە گۆڕێیە. وەک ئەو کچەفریودەرانەی کە لە زانکۆ لەگەڵمان بوون، بەرانبەر هەموو کەس تەنیا بە ئاراستەی من نەبێ هیچیان پێ نەدەکرا. چونکە فیتەی حەرامزادەم دەناسییەوە. بۆ حاڵیبوون لێیان، وردبوونەوەیەکم بەس بوو. بەڵام چونکە حەزم لە هیچیان نەبوو، یەکێکیان نەبێ. کەچی ئەویش حەزی لێم نەبوو. شیعرم بۆی نووسی. وەک هاوڕێیەکی شاعیرم هەیە، زۆرجار شتێک بێتە پێشەوە جا هەرچی بێت دەڵێ:(خۆشەویستی ئەمشتانەیشی تێ دەکەوێ.) بیرم نەماوە خۆشەویستی چی جارێ چۆن ئەمجۆری هاوڕێیەتییەی تێ کەوت.

داوای وێنەم کرد، نەینارد. گوتی:«ئێوە سیقە و شتتان لەسەر نییە.»

هەرواش بوو،سەرەتا کە ناسیم وابوو، دواتر شتەکە لاچوو. بە هەوڵی هاوڕێیەک بە سیقەوە ڕووم لە هەڵخەڵەتاندن نا. چووینە دەرەوە، چەند جار ماچم کرد. ماوەیەک دوای ئەوەی کە تێپەڕی دەستبازیشی تێ کەوت. چەندەم کەس بوو لە ژیانمدا ئه‌مه‌م لەگەڵی کرد، بیرم نەماوە. کەوتبوومە وەهمەوە وەک هەستی ئەو کوڕە ناسکانەی یەکەمجار کە لە ژیانیاندا کچێک دەدۆزنەوە و زۆر بە گڕوتینەوە عاشق دەبن، عاشقی بووم لە یەکەم نیگادا. لای زۆر کەس باسم كرد و جڕتیان بۆ كێشام… کە گوتم تا ئێستاش نه‌ك دەست بگره‌ خه‌یاڵێشم له‌ شوێنێكی جه‌سته‌ی نەداوە!

شەرمنانە چووینە پاڕک، هەڵبەت نەمدەزانی بیبەمە کوێی ئەم شارە لەیلا، دوور لە یەکتری دەڕۆیشتین، نازانم  ئه‌وه‌م گێڕاوتەوە یان نا کەوا له‌ شەرمنیان بوو یان چی كه‌ نازانم بۆ ئەویش هەروا هیچی بە مێشکدا نەده‌هات. وڕێنەم دەکرد له چاوەڕوانییاندا کە شاورمە بە دلیڤەری دەبوو لە کاتی خۆیدا بگەیشتایە. هات. بەیانی نا دەیکرد بە نزیکی نیوەڕۆ وەک شەو لەسەری ڕێکەوتبووین بەڵام کەمێک لایدا لە پێش بەشەناوەخۆیییەکەیان هاتە دەرەوە؛ هەڵمگرت و خولمان خوارد و بە شەقامەکانی شاردا کەمێک سووڕاینەوە. دواتر کردارەکە بەرەو ئاقار و لێژاییی تر خزا. دەترسا بەڵام کە بووە کرداریی؛ تێرنەبوو وە دواییش قه‌ت وازی لێم نەهێنا.

خێزانەکەی«عەشایەر بوون» خۆی گوتی لە شارێکی تر بوون. گۆرانی لە دوای گۆرانی بۆ ڕەوینەوەی ئەم ترسەی دەیگۆڕی و کچانە دەیگوتەوە. پێش سێکس لەگەڵیدا دەبوو چی بکەم لەناو پێخەفدا، کە نەمکرد. ڕۆمانسیانە یان نێرانە هەر تەنیا سەیرم کرد و فریودەرانە خه‌یاڵیم برد تا لەناویدا توامەوە. بۆیە ئاگام لە کات و شوێن و خەیاڵەکانم نەما کە چۆن ئاوا زوو بەو خێراییە لە باوەشم خۆی ڕاپسکاند. وەکوو ڕاوی چیرۆکنووسە کلاسیکییەکان بۆ درێژکردنەوەی چیرۆکەکەی نەیگوت کەشەکە زۆر ساردە وە هەور سەرتاپای ئاسمانی داگرتووە و با یاری بە کات دەکات و تا گەیشتووە ئێره‌ ئەم ماشێنە سەرەڕۆیانە نا باران هەموو قەلبی خووساندووە.

دڵنیام هەستی پێ کردبێ یان نا بەس هێشتا بیری لە مژین و لستنەوەی شوێنه‌كانی تری جه‌سته‌ بوو. فەرهاد باشتر وایە بڵێین فەرە لە ناوجێگادا مابووبووه‌وه‌ كاتێك پێیان گوت: ئەو نامەردە تەڵاقنامەی بەرز کردووەتەوە، من دەمرم، له‌ تەلەفۆن گوتی، دەزانی قەت هەستم نەکردووە چۆن دەتوانێ ئەوە لەگەڵم بکات؟ کەس نا لەگەڵ من‌؟

یانی ئاوا ئاسان دەستی حەزەکانی بگرێ و بڕوا؟

ناهێڵم، مەگەر بەسەر لاشەکەمدا بڕوا. بۆ مەگەر من مردووم؟

نا شتی لەمجۆرە نابێ، برسیکردنی خێزان و نەبوونی کارێکی دیاریکراو بۆ پاشەڕۆژی ژیانی خێزانەکە، بەهانە نەبوو. ڕەنگە بەم خەیاڵەوە بە دادوەرەکەی گوتبێت و بڕیاری دابێ. منیش حه‌زم نەده‌كرد (ئاخر من چیم بۆ نەکردی پێم ناڵێی بۆ وازت لێم هێنا؟)

ـ هێندە بیر لەو پرسیارە مەکەوە، ده‌مگوت:

تازە کە هیچ سوودی نییە. لێرەوە ڕێڕەوی چیرۆکەکە وا درێژ دەبێتەوە. هەوڵدە لە ئێستاوە ژیانێکی تازە بۆ خۆت دەست پێ بکەی.

ـ ژیانی نوێ ئەوەیە لەگەڵ ئه‌وان بم، گوتبووی:

ئاخر بۆ وات کرد لەیلا، بۆ بەجێتهێشتم؟

ـ هیچی نەگوت،

ڕۆیشت لەیلا.

٭٭٭٭

ئه‌و لێی دەخوڕی و به‌ناو ماشێنه‌كاندا تێ ده‌په‌ڕی، به‌ درێژایی ڕێگا دەیگوتەوە (بۆچی منت ناوێ، بۆچی منت ناوێ) کە پێچی ده‌كرده‌وه‌. گۆرانییه‌‌كه‌ی (حه‌سه‌ن زیره‌ك‌) جنێوی زیاتری بۆ دەهات. بە هۆڕنی شۆفێرەکان ئەوە دەزانم. ماتۆڕی ئێرانی دایکی ئەم شارەی گاوە، هەموان وادەڵێن. پەیڤەکانی لەبەر ئاراستەی با باش بە گوێچکەکان نەدەگەیشتن، ئەو شەوە وشەکانی ڕاستە گەرم بوون، کەمێکیش بریندار، بەڵام لە هەوادا دەبوون بە سەهۆڵ و دەتوانەوە. چونکە دەبوو زوو بگاتە شوێنی کار.

هۆتێل (دارین پاڵاس) بیستوپێنج خولەک و شتێك لە ئێمەوە دووربوو. به‌ڵام ئه‌وشه‌وه‌ نازانم چی ڕووی دابوو تا گەیشتین، بە هەزار بینەوبەردە؛ پێچمان کردەوە و خولمان خوارد.

لەوێدابوو گوتی خۆ دایکم پێی گوتبوو: ئەمشەو زووتر لە کاتی خۆیدا بڕوا. ئامانج گوتبووی: وریابە جادە تەڕە و ئاگات لە خۆ بێ. لەوێبووم باران هێشتا نەباری بوو کە دایە گوتی: بارانە، وریابە نەخلیسکێی!

سەرما تاوی بۆ دەهێناین. لەسەر ماتۆڕەکە تاوەکوو هەستی سەرمای نەبێ گوتی دەستەکانت لە ناوقەدم گرێ دە. گرێم دا. بیرم دەکردی، خۆزیا دەستەکانی تۆش ئێستا لەناو قەدم بووایە و سەرت لەبەر سەرما بە شانەکانم بنووساندایە. دەستم بۆ شۆستەکە درێژ کرد و گوتم لەوێ بوایە حەقم بە خەڵق و شت نەبوو. وامدەكرد بەڵام چی بکەم کە نەبووی. بۆیه‌ لەبەر من بەنزینی زۆری بۆ ئاراستەی بزوێنەرەکە نەنارد و خاو لێی ‌خوڕی بە شەقامەکەدا.

بەدرێژایی ڕێگا چۆڕاوەی بارانی زۆر بە سەرتاپای لەشماندا هاتە خوارەوە. ئامانج گوتی: تەڕ بووین و خواپێداوەکان دڵنیام سکیان پێمان نەدەسووتا کە به‌ ماشێنی مۆدێلبەرز تێده‌پەڕین؛ چڵک و قوڕاوی تایەی ماشێنەکانیان گەوادخێوانە بە سەرتاپای لەشماندا ده‌ڕشاند. دواتر نەخۆش بکەوین و کەس نێت بەلاماندا، یان لەوەی بڵێن ڤایرۆس لێی داوە، ترسام.

 

 

زستانی٢٠٢١

بڵاوکردنەوە: