غلۆربوونەوەى ئێمە

149
0
بڵاوکردنەوە:

(دەربارەی ڕۆمانی “بەردینە”ی سەید قادر هیدایەتی)

نووسینی: گۆران سەمەد 

ڕۆمان دەقێکى خەیاڵڕاستى درێژە و جیایە لە چیرۆک، کە دەرفەت بە نووسەر دەدات گەمە و مەیلانى خۆی تێدا جێ بکاتەوە. کۆمەڵێک چەشن و جۆرى هەن و  بەپێى  جۆرى رۆمانەکە نووسەر هەوڵ دەدات ئەوەى لە خەیاڵدانی هەڵیگۆزیوە بیگێڕێتەوە. لێرەدا هەوڵ دەدەین بووەستین لەسەر ڕۆمانى بەردینە، کوو ڕۆمانێکى میژوویییە، خەیاڵى نووسەر و واقع ڕۆلێکى گەورەی تێدا دەبینن.

لای سەیدقادر ھیدایەتی، نووسەری کتێبەیلی «دەنگی نوختە، تۆقی عەزازیل، گابۆر، بەردێک لە بەردێک، نەسری کوردی و گۆڕانی فۆڕم و گۆڕەشار»ە و دوا کتێبی بەردینەیە؛ دەزاندرێت تەنیا مەرامی نووسەر لە گێڕانەوە، حیکایەتێک نییە، ئەوەندەی دەیەوێت جۆرێک لە نوێگەریی بئافرێنێت، بە تایبەت لەدوا بەرھەمیدا کە پتر ئەمە دەرک دەکرێت. لای ئەو دەقێک وەستانە لەسەر تەکنیک، دیالۆگ و گەڵاڵە، تایبەتتر ھەژموونی زمان لە پانتاییی کولتووریی نەتەوەدا. ھەر ئەوەشە وا دەکات لە نووسینەکانیدا چاومان لە ڕابردوو و ئێستای کورد بێت، وەک دیرۆکێکی ونبوو و پەراوێزخراو.

بەردینە، دەیەوێت لە ڕێگەی دیرۆکمان و ماکگەلێکی ئەدەبی زارەکی لە خەواڵووبوونی ھەمیشەیی وەئاگامان بێنێت، ھەڵبەت لە دەقی دیکەشى. لێروکانە جێوازتر کاری کردووە لەسەر ماکەکانی گێڕانەوە، ھەورازتر زمانەکەى.

چیرۆکی بەردینە، لە بازنەی داستانى دمدمدا دەخولێتەوە و دەقەکە لە سەردەمی “شا عەباس”ە. ھونەریانە کارەساتەکمان بۆ دەگێڕێتەوە و وابەستەمان دەکات بەخۆیەوە. لەلایەکی دیکەوە ئەم کتێبە تەژییە لە چیرۆکەیلی بەدواییەکدا ھاتووی گودوورن، ئەو گودوورنەی کە بە ھێزەوە درووست دەبێت و پێمان دەگا، وەلێ لەناکاو زۆر لاواز وەک دیرۆکى کوردان، غلۆر دەبێتەوە. نووسەر بۆ گێڕانەوەی ھەموو ئەو ڕووداوانە زمانێکی جودای پەیڕەو کردووە، ھەڵبەتە پێم وایە ھەر ئەو زمانەشە وا دەکات خوێنەران لەبارەیەوە بدوێن و نووسین بۆ ئەم کارەی ھیدایەتی تەرخان بکەن. گومانیش هەڵناگرێت کاتێک دەقێکى نوێ دێتە بوون، ئاوڕدانەوە لێى، جێى بایەخە و لە وڵاتى زیندوو وەک نەریتێک دەبینرێت، کوو پاڵنەرێکى کارایە بۆ خێرا خوێندنەوە و دەستخستنى.

ناخوازم لێروکانە ئاوڕ لە ڕێنووسى دەقەکە بدەمەوە و ڕەنگە دەرەقەتیشى نەییەم و لە ملیقاسێى دەقەکەدا گیر بخۆم، مینا  مەسعود محەمەد، لە شکۆى زماندا دەڵێت: “هیچ میللەتێک نییە خاوەن نووسین بێ و ئاریشە و تەگەرەى ڕێنووسى نەبێ” لەم نووسینەدا خۆمان لەوە دەبوورین. وەلێ چاکە ئەوە بڵێم، زمانى بەردینە بۆ من لەنگە بە جۆرێک کون و قوژبن و کەلێنی ئەوەندە زۆرە ھاکا بوون بە درزانی زلی شووشە و گەورەتر، دواجار دەبێتە کەندەڵان. چغوورێکی شەقارشەقاری سووتاوە، لە چاوی ھەڵۆیەکی بەرزەفڕ لەنێوان بەشى یەکەم و دووەمى ڕۆمانەکەدا. ئەوهایە بۆ من، ھێندەی نزیکایەتی ھەیە بە دەقێکی زارەکی و لادێنشینی، یا بە مانایەکى دیکە بڵێم، سەربارى فرە لەهجەیى کورد، ئەم دەقە مۆرکێکى لەهجەیى گرتووە تا کوردی. ئەوەندە ڕۆمانێک نەبوو لە ئاست چاوڕێییماندا. ئەوەتا ئەمیرى حەسەن پوور نزیکە لەم بارەیەوە دەبێژیت: “کوردى زمانێکى پڕ لەهجەیە زۆرترین ئاخێوەرانى کرمانجین، پاشان سۆرانى.” قسەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا دەشێـت دەقێک کوو بە لەهجەیەکى تایبەت نووسراوە وا بیبینین زۆر کوردییە! ئاشکرایە کە قوڵبوونەوە لە لەهجە خزمەت بە کۆی زمانەکە ناکات، بەقەدەر ئەوەی خزمەت بە خودی نووسەر و ناوچەیەکی بەرتەسک دەکات. وەک دکتور عەلی عبدالواحید وافی لە کتێبی  زانستی زماندا دەڵیێت: “هەموو لەهجەیەک ئامانجی پاراستنی کەسایەتی و کیانی خۆییەتی”. گەر واش سەیرى کەین لە شێوە  فەرھەنگێکی بچکۆلانەى زماندا، ئەوە گەلێ دەوڵەمەندە.

بەردینە بە ئاستى جیاجیادا دەڕوات بە جۆرێک چۆن ئەفسانە و واقیع وەسف دەکرێت و دەگێردێتەوە ئەوها سانا لە بەشى یەکەم و دووەم لەگەڵ بەشەکانى دیکەیدا هەستى پێدەکرێت. لە بەشى یەکەم کە باس لە چیرۆکێکە ئەویندارى دەکات ناچار بەوەت دەکات جارجار بگەڕیتەوە بۆ بەشى وشەگەلێکى دژوارى تەواو ناوچەیى و لادێى، ئەمەش واى کردووە ڕۆمانەکە بە یەک ئاستى زماندا ڕێ نەکات. هەر ئەوەشە پاڵمان پێوە دەنێت بڵێین: “دەق هەیە هیچ ناڵێت و قسەش هەڵدەگرێت. ئاخر ئەوە زمانە، کێش دەداتە گێڕانەوەکەى. (گەرچى ڕۆمانەکە شتمان پێ دەڵێت لە ڕووى ڕووداو و کەسایەتى و غەدرى هەمیشەیى دەرهەق بە کوردان و کەم سەیرکردنیان و مەیلە دینییەکەیان)”. بەردینە ئەگەر مەیل و هەوڵێى مۆدێڵێک بێت لەم هان و ساتەدا نامۆیە بە جۆرێک وەک ئیشکالى زمان دەبیندرێت لەنێو گێژاوى زمانى کوردیدا. هیدایەتی پێشوو تر  لە ڕۆمانی تۆقی عەزازیل زمانێکی دیینی و  خانەقایی/دەروێشانەى بەکار بردووە و لە گابۆڕدا زمانی بازاڕ و شاریانەى هەڵبژاردووە لەم دوا بەرهەمیشیدا لەم ڕووەوە هەست بە جیاوازى دەکرێت، وەلێ وەک گوتم لە دوو ئاستدا و بەیتیانە لە زۆر شوێندا.

بەردینە بەرهەم هاتووە لە تێکەڵەیەک لە ئەفسانە و واقع بە زمانى بەیتی لە مێژووییەکى دووردا. ڕووداوى کارەساتی مێژوویی داستانى قەڵای دمدم لە بەردینەدا سەنتڕاڵى دەقەکەیە. لەلایەکى تر دا دیالۆگ لەم دەقەدا هەزارو یەک شەویەکى جوانە، لێ کەمتر لە هەزار. لە دەرەوەى دیالۆگ دەقەکە بەر کەموکوڕى گەورە دەکەوێت، بۆیە چاکە بڵێین دیالۆگەکان ڕۆڵى پەتێکى ئەستوورى بەیەکبەستنەوە دەبینن. ڕەنگە خودى خەمە زەمەنییەکەى ناو دەقەکە واى کردبێت زمان سەنتڕاڵ نەبێت و بە چەق سەیر نەکرێن.

ماوەتەوە؛ گودروون جیاواز لە دایکى چیرۆک دەگێڕێتەوە و ئێمە لەگەڵ خۆی بۆ قووڵایی دەقەکە دەبات و بەرۆکمان دەگرێت تا نزیک ململانێ سیاسى و ئەویندای و ڕەدوکەوتن و باقى وردەکاریەکانى دیکەى ڕۆمانەکە.

مەرگی لەناکاو، سەرسامت دەکات بە جۆرێک شۆکئاسا لە پەتاى سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی دەکات، لە پڕ دێت و مەرگى لەنەکاو دێنیتە بوون. دەبێت لەوەهمى بۆچى و چۆن و لە کوێدا گیر بخۆیت. هەمیشەش لە گەردەنى ئەوانە دەدات کە چاوڕیى شتێکیان لێ دەکەین. کۆتا ئاماژە ئەوەیە بۆچى هەمیشە کوردان باش دێن و خراپ غلۆر دەبنەوە، لە چەشنى مێژوومان، دەقیشمان تووشى ئەم پەتایە بووە.

بڵاوکردنەوە: