لە شوێنپای بەرهەمێکی پاش مەرگ

148
0
بڵاوکردنەوە:

چاپکردنی ڕۆمانی ”جەنگ”ی سێلین

چاپی گالیمار، 5 نيسان 2022

نووسینی: بەیان سەلمان

 

دوای شەست ساڵ لە مردنی نووسەری فەڕەنسی ناودار (لوی-فردیناند سێلین) Louis-Ferdinand Céline یەکێک لە دەستنووسە بەناوبانگەکانی کە لە ژیانیدا چاپ نەکراوە، لە سێبەر دێتە دەرەوە. ئەم ڕۆمانە کە بەشە هەرە زۆرەکەی ژیاننامەی خۆیەتی، بە 80،000 تیراژ لە خانەی گالیمار چاپ کراوە، بەناونیشانی ”جەنگ” Guerre.

سێلین لە کوربڤوا، لە دەوروبەری پاریس، لە 22 ئایاری ساڵی 1894 لەدایکبووە. لە جەنگی جیهانی یەکەم، لە فلاندەر وەک سەربازێک بەشداری کوشتار بووە و بەسەختی قۆڵی بریندار بووە. لە پاش تەواوکردنی خزمەتی سەربازی، لە ساڵی 1918 دەست بە خوێندنی بواری پزیشکی کردووە و لە تەمەنی سی ساڵیدا بووە بە دکتۆر. پاش چەند گەشتێک لە جیهاندا، لە نەخۆشخانەی کلیشی لە پاریس کاری کردووە و لێرەوە دەستی بە نووسین کردووە. لە ساڵی 1932یەکەم ڕۆمانی ”گەشتێک بۆ قوڵایی شەو” بڵاو کردووەتەوە. ناوی سێلین لە نەنکییەوە وەری گرتووە، جۆرە خۆپاراستنێک بووە بۆ ژیانی، چونکە لە هەموو ڕووییەکەوە هێرش دەکرایە سەری.

مێژوونووس و پسپۆڕی ئەدەبی سەدەی بیست، پاسکال فوشێ، Pascal Fouché هاوکات ئەمە کە ڕۆمانی ”جەنگ” لە گالیمار بەچاپ دەگەێنێت؛ لەو بارەوە بۆ ڕادیۆی فرانس کولتوور وتی، کە لاپەڕەکانی پێشەکی ئەو ڕۆمانە ونن، نەیاندۆزیونەتەوە… بەو جۆرە سەرەتای ڕۆمانی ”جەنگ” لەسەر بەخەبەرهاتنی سەرتیپ فێردیناند، 20 ساڵان، دەکرێتەوە، کە بە موعجیزەیەک لە مەیدانی جەنگ لە پۆلکاپێل، لە بەلجیکا، ڕزگاری دەبێت و سەربازێکی ئینگلیز ڕزگاری دەکات:

”دەبووایە جارێکی تر، بۆ بەشێک لە شەوی داهاتوو، لەوێ بمێنمەوە. هەموو گوێی لای چەپم بە خوێنەوە بە زەویدا نووسابوو، هەروەها دەمیشم. کیرسوزۆن لە تەنیشتم بەقورسی لە ژێر باراناودا درێژ ببوو، قۆڵێکم بەرەو جەستەی جوڵاند. دەستم بەری کەوت، قۆڵەکەی تریانم نەمتوانی چیتر بجووڵێنم، نەمدەزانی لە کوێیە. زۆر بەرز بە هەوادا ڕۆیشتبوو، لە بۆشاییدا دەسووڕایەوە و دواتر هاتە خوارەوە بۆ ئەوەی بە شان ڕایبکێشێت، لەناو خاوی گۆشتەکەی. […] ململانێکردن بێهودە بوو. ئەوە یەکەم جار بوو لەناو گیزەی ئەو فیشەکانەی تێپەڕدەبوون نوستم، لە نێوەندی هەموو ئەو دەنگەدەنگەی بیرمان بۆی دەچێت، بێ ئەوەی ئاگایی تەواویش لەدەست بدەین، بەکورتی پێی دەوترێت لەناو تۆقینێکی بێوەچان. […] من لە ١٤ی کانوونی یەکەمەوە (دیسەمبەر) هەمیشە بەم شێوەیە دەخەوتم، لەناو دەنگەدەنگێکی ترسناکدا. من جەنگم لە سەرمدا گرت، لە سەریشمدا زیندانم کرد.”[1]

سەبارەت بەم ڕۆمانە نوێیەی کە لە پاش مردنی سێلین لەئەم ساڵ بڵاوکرایەوە، چەند سەرنجێک دەخەمە ڕوو. بەتایبەتی دەربارەی ئەو وتەیەی پاسکال فوشێ کە دەڵێ ”لاپەڕەکانی پێشەکیەکەی نەدۆزراوەنەتەوە، بەڵکوو لە پەڕەی (10)وە دەست پێ دەکات. واتە نۆ لاپەڕەی یەکەمی دیار نییە (بۆ هەموو کەسێک نا)…” بەو شێوەیە دەقەکە ناتەواوە، ئایا بە مەبەستەوە لێی دەرکراوە؟

دەستنووسی هیچ نووسەرێک، ئەگەر کۆتایی بە دەقەکەی نەهێنابێت، لە پاش مردنی بڵاو بکرێتەوە دەقێکی ناتەواوە. بگرە جێی متمانەش نیە. ڕۆژنامەی (لیبێراسیۆن)ی فەرەنسی بەم شێوەیە پێناسەی دەرچوونی ئەو ڕۆمانە دەکات: ”جەنگ، ڕۆمانێکی زۆر تەواونەکراو…”

بەبڕوای من هەموو نووسەرێک، بۆ هارمۆنییەتی ناوڕۆکەکەی و دڵنیابوون لەوەی دەیەوێ بینووسێت چەندین جار بە دەقەکەیدا دەچێتەوە. دەکرێ پێش چاپکردنی کەسانی تریش بەخۆیەوە بلکێنێت بۆ پێداچوونەوە، یاخود بۆ خوێندنەوەی. ئەم دەقەی سێلین کە ”بەوە دەچێت” ساڵی 1934 نووسیبێتی لەبەر ئەوەی لە دوای دەقی ”گەشتێک بۆ قوڵایی شەو” نووسراوە کە ئەمیان لە ساڵی 1932نووسیووێتی. تەنانەت لێرەشدا خودی پسپۆڕانی نووسینەکانی سێلین بەتەواویی نازانن لە چ ساڵێکدا نووسراوە و هۆی نەبوونی ئەو نۆ لاپەڕەیەی یەکەمی ئاشکرا ناکەن! واتە بێ دۆزینەوەی پێشەکی ڕۆمانەکە و وەک چاپخانەکە خۆیان دەڵێن دەقەکە بێ ناونیشانیش بوو، چونکێکم لە ناوڕۆکی دەقەکەوە ناونیشانی ”جەنگ”یان بۆ هەڵبژاردووە، دەقێکی ناتەواوە. بێجگە لەوەی، گریمان نووسەر دەقەکەی لە ساڵی 1934 نووسیوە، ماڵەکەی لە ساڵی 1944 تاڵان کراوە، واتە دەقەکە نزیکەی (10) ساڵ لە ئەرشیفی نووسەر ماوەتەوە! ناکرێ نووسەر زۆرچاک بە دەقەکەیدا چووبێتەوە بەڵام مەترسی بڵاوکردنەوەی هەبووبێت؟ چاپکردنی بەو شێوەیەی ئێستا، مەبەستێک لە پشتی نهێنی ئەو نۆ لاپەڕە ونەوە نییە؟ چارەنووسی ئەو دەقە شەست ساڵی خایاندووە هەتا بەنهێنی گەیشتووەتە دەستی ڕۆژنامەنووسی فەڕەنسی (ژان-پیێر تیبۆدا) Jean-Pierre Thibaudat و ئەمیش پەیوەندی بە پۆلیس و نزیکەکانی نووسەرەوە کردووە، ئەوانەی مافی چاپی کتێبەکانیان هەیە و دواتر دراوە بە چاپخانەی گالیمار. لێرەشدا، ئەوانەی دووبارە دەستنووسەکە دەنووسنەوە، بە وتەی خۆیان، زەحمەتی زۆریان بینیوە لە تێگەیشتنی ئەو ڕستانەی کە بەزۆری تێبینی بوون، یاخود خەتی پێدا هێناون و لەژێرەوە ڕستەی تری نووسیوە و زۆرینەی زەحمەتییەکە لە خوێندنەوە و تێگەیشتی ئەو ڕستانەدا بوو و هەروەها دیسان داڕشتنەوەیان. لە ڕووی فۆرمیشەوە کەموکوڕی هەبووە، چونکوو هەر بەپێی وتەی خانەی گالیمار، شوێنی تێدایە بەخێرایی نووسراوە، یان خاڵبەندی هەر بۆ نەکراوە، یاخود پەرەگرافی بۆ دانەناوە و دەقەکە بەسەر یەکەوە نووسراوە… هەموو ئەوانە ڕێگرن لە چاپکردنی هەر دەقێکی تر، لەگەڵ ئەوەشدا چاپ دەکرێت و ڕووناکییش دەبینێت. لەبەرئەوەی لە ساڵی 2034 هەموو دەقەکانی سێلین دەچنە بواری گشتی و هەر چاپخانەیەک مافی ئەوەی دەبێت خۆی چاپی بەشێکی یان سەرجەمی بەرهەمەکانی بکاتەوە.

سێلین لە دیمانەیەکدا دەڵێ کە هەرگیز نەیویستووە ببێتە نووسەر، بەڵام وایزانیوە کە داهاتی کتێب بواری دەداتێ خانویەکی پێ بکڕێت و لە کرێچێتی ڕزگاری بکات. تەنانەت لە نێوان هاوکارانی لە نەخۆشخانە پێی خۆش نەبووە بزانن کە ئەو نووسەرە، چونکە کارەکەی بەهەند وەرناگرن، وەک پزیشکێک بەجیدی وەریناگرن. بەڵکوو وەها سەیری دەکەن کە کەسێکی بێئیشە و تەنها بەرانبەر بە کۆمەڵە کاغەزێک لە دەوری مێزێک دانیشتووە و هیچ ناکات. بەڵام وەک خۆی دەڵێت بە تەڵەوە بوو و تازە سەری کردبووە سەر نووسین و لە پزیشکی دوور کەوتبووەوە. لەم ڕوانگەیەوە، نووسەرێکی وەکی ئەو، کە ئەو ڕوانگەیەی بۆ ڕۆماننووسین هەبووبێت، هەمیشە ترسێکی هەبووە لە بڵاوکردنەوە و قبوڵکردنی دەقەکەی، ئیدی بێگومان زۆر بایەخی بە پێداچوونەوە داوە و تەواوکردنی دەقەکەی بەلاوە گرنگ بووە.

بێگومان چیرۆکی نەدۆزینەوەی ئەو پێشەکییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی سێلین فەرەنسای بەرەو ئەڵمانیای سەردەمی نازی بەجێهێشتووە و ماڵەکەی تاڵان کراوە. لەو بارەوە کەناڵی (5)ی فەڕەنسی  بەڵگەفیلمێکی سەبارەت بە ئەو بڵاو دەکاتەوە. فیلمەکە بەتایبەتی هەوڵێکە بۆ ئاشکراکردنی نهێنی ناسنامەی ئەنجامدەری دزیەکە. سەرجەمی ڕووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی پاریس ئازاد دەکرێت، لە ساڵی 1944، لویس فێردیناند سێلین، بە دژە سامی بەناوبانگ بووە، لە پاریسی پایتەختەوە بۆ ئەڵمانیای نازی هەڵدێت. نووسەر ئاگادار دەکرێتەوە، کە شوقەکەی، لە مۆنتمارتر، لە پاریس، کە بە پەلەپروزە بەجێیهێشتبوو و ژمارەیەکی زۆر لە دەستنووسەکانی لێی مابوون، تاڵان کراوە. گوایە ئەو ژمارەیە دەگەیشتە 6000 لاپەڕە. هەر زوو پیاوێک تاوانبار دەکات بەو دزییە و دەڵێ: ”ئۆسکار ڕۆزمبڵی Oscar Rosembly، جولەکەیەکی کۆرسە، دوای ڕۆیشتنم چووە بۆ شوقەکەم و ئەو بەرپرسە لە وێرانکردنی.”

ئەم فۆڕمە لە سکاڵاکردن، لە خۆزانین بە قوربانیی، بە درێژایی ژیانی سێلین پێوەی ناسراوە و بەپێی پسپۆڕان یەکێکە لە خەسڵەتە سەرکییەکانی نووسەر کە بووەتە مۆرکێکی دیارکراوی شێوازی نووسینەکانی و ئەو تایبەتمەندێتییەی پێ بەخشیوە.

هەروەها سێلین بە نووسینی زمانێکی میللی ناسراوبوو کە دەچووە تەک ئەو شێوازی نووسینەی ئاماژەم پێ کرد. هەرچەندە ڕەخنەگران و نووسەرانی زۆر بەناوبانگیش دژی دەوستانەوە و ناڕاستەوەخۆ پلاریان لەو شێوازەی گرتووە، بەڵام ئەو زمانەکەی خۆی زۆر پەسەند دەکرد و بە زمانێکی دژەبۆرژوای دادەنا.

 بڕیارە لە پایزی ئەمساڵ 2022 دەقێکی گەورەتری سێلین، بەناونیشانی ”لەندەن” بە چاپ بگات. ئەم دەقەش هەروەها دەچێتە خانەی چاپنەکراوەکان لە کاتی ژیانی نووسەر، تێیدا ماوەی نیشتەجێبوونی لە لەندەن دەگێڕێتەوە.

 

[1] ڕۆمانی ”جەنگ”، سێلین، چاپی گالیمار، 2022 

بڵاوکردنەوە: