یەشار کەمال؛ لە نێوان کوردبوون و تورکبوونیدا (بەشی سێیەم)

301
0
بڵاوکردنەوە:

بەشی سێیەم و کۆتایی.

 

نووسینی: ئیدریس مستەفا

 

تێڕوانینی سیاسی یەشار کەمال بۆ کورد و دۆزەکەی

لە تەمەنی حەفتا و دوو ساڵیدا بۆ یەکەم جار یەشار کەمال هاتە دەنگ لەسەر مەسەلەی کورد، بەڵام چۆن هاتنە دەنگ و بە کام نووسین و بەرهەم و کام جیهانبینییەوە هاتە گۆ. تا ئەو ساتەی لە ژیاندا بوو هیچ بەرهەمێکی خۆی نەکردە بابەتێک لەسەر کورد، ئەوەی یەشار کەمال لەسەر کورد وتی و کردی نووسینی وتارێک بوو لەناوەڕاستی نەوەدەکاندا.

یەشار کەمال هیچ کات نە هەڵویست و نە بابەتێکی هەیە لەسەر دۆزی سیاسی کورد. ئەو لە قسەکانی بەردەم دادگا و چاوپێكەوتنەکانی و نووسینەکانی کورد و کێشەکەی لە ڕوانگەیەکی سیاسیەوە سەیر ناکات بەڵکوو وەک کێشەیەکی مرۆڤدۆستی و دیموکراسی دەیبینێت. ئەو دەڵێت:

“من هەموو ژیانم بۆ زمانی تورکی و کەلتوری تورکی تەرخان کردووە، چۆن داوای جیابوونەوەی دەوڵەتی کوردی دەکەم لە تورکیا، کەس داوای ئەمە ناکات. من تەنها دەمەوێ کورد لە تورکیا مافەکانی هاووڵاتیبوونی جیهانی هەبێت وەک مافی زمان و فەرهەنگی.” (٢)

ئەم هەڵوێست وەرگرتنەی دوای لە حەفتاودووساڵ ژیانی دەرکەوت ئەویش زۆرتر لەو ژینگە سیاسی جیهانییەوە لەدایکبوو کە تازە دنیای دوو جەمسەریی کۆتایی پێهاتبوو، هەروەها سیاسەتی بێرستروێکای دنیا بەڕووی کرانەوەیەکی سیاسیدا کردبۆووە لە هەموو جێگەیەکی ئەم دونیایەدا. پیش ئەم ڕووداوە، یەشار کەمال هەڵویستێکی ئاوها و ئاشکرای نەبووە لەسەر مافە فەرهەنگی و دیموکراسییەکانی کورد.

لە لایەکی تر، گەر لە باری فەلسەفی و زانستی کۆمەڵناسییشەوە لێکی بدەینەوە، ئەو دوو چەمکەی یەشار کەمال ئاماژەی پێ دەدات (زمان و کەلتور) ئەو دوو چەمکەن کە بوونیادی نەتەوەیەکی پێ لەسەر دروست دەکرێ؛ زمان و کەلتور هەموو ئەو نیهادە سەرەکییانە لەخۆدەگرێ کە بوونی پێگە نەتەوەییەکان بەهێزتر و چەسپاوتر و مەحکەمتر دەکات وەک بیروباوەڕ، داب و نەریت، هونەرە ڕەنگاڵەییەکان، ئاین و تقوسەکانی، خواردن، جلوبەرگ، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بە خێزان و خۆشەویستی و هاوسەری و تقوسەکانی لە پەیوەند بەوەوە، لێکتێگەیشتنی تەواوی مرۆڤەکان لە یەکتر لە ئاخاوتن و نووسیندا، جەنگ و ئاشتی، زەمینێک بۆ ژیان… بەکورتی: زمان و کەلتور کۆکردنەوە و یەکانگیرکردنی هەموو ئەو خاسیەت و تایبەتمەندییانەی تەواوی کۆمەڵگەیەکی میللی و نەتەوەیی پێ دەناسرێتەوە. پرسیارەکە لێرەدایە: ئایا یەشار کەمال نابێتە بەشداریکەرێکی بێوینە و کاراکتەرێکی چالاک و مێژوویی میللی تورک و کۆمەڵەگەی تورکی نەک کوردی؟

هۆکارێکی تر، مەسەلەی چەپبوونی یەشار کەمال بووە. بیروباوەڕی چەپبوون لە دەمانی دوای جەنگی جیهانییەوە لە تورکیا، وەک هەر جێگەیەکی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش، لە پەرەسەندندابوو. لەگەڵ ئەوەی زۆرێک لە ئەدەبیاتی سۆشیالیستیی ئەودەمە و مارکسیزم لەسەر مەسەلەی نەتەوایەتی و مافی چارەی خۆنووسینی میللەتەکان بوو، بەڵام چەپێک بوو کەمتر دانولەی لەگەڵ مەسەلە نەتەوایەتییەکاندا دەکوڵا و زۆرتر لە مەسەلە چینایەتییەکاندا قاڵ بووبوویەوە. حەمەدۆک نموونەی ئەو دیدەیە لە چەپ بەتایبەت چەپی ناو میللەتە سەردەستەکان. لەو دەمەدا یەشار کەمال لە بواری سیاسیدا چالاک بوو. ئەندامی پارتی کرێکارانی تورکیا بوو کە خاوەن ئایدیۆلۆجیایەکی چەپڕەوێتی بوو. لە کۆتایی ساڵانی حەفتاکاندا بۆ ماوەی دوو ساڵێک لە ترسی گرتن هەڵات بۆ سوید و ماوەیەک لەوێ ژیا تاکوو بارودۆخی تورکیا باش بوو ئینجا گەڕایەوە. تەنها وەک پرسیار دەیکەم ئایا گەر یەشار کەمال ئەو نووسەرە بێت کە ژیان و بەرهەمەکانی بۆ دۆزی کورد بێت و ویژدانی عەزیەتی داوە بۆ ئەو پرسە و خەونی ئەوەی کە هەموو بەرهەمەکانی بکرێنە کوردی و خۆی هەر لە منداڵییەوە شاهیدی ئەو هەموو زوڵم و چەوسانەوە و کوشتارگە و سەرکوتکردن و تێکشکانەی شۆڕش و راپەڕینەکانی کورد و کاولکارییەکانی کوردستان بوو لە تورکیا، ئایا دۆزێکی ئاوها نەدەکرا وای لێ بکات جارێ لە جاران لە پێناو ئەو دۆزەدا هەڵبێت و لە هەندەران بژی و قوربانی بە ژیانی تورکیا بدات و وەک سەلیم بەرەکات وڵات بەجێ بهێڵێ و لەوێ بەئازادانە دڵی خۆی هەڵڕێژێ و ویژدانی خۆی ئاسوودە بکات؟! ئایا ئەو هەموو داستانە پڕئێش و ئازار و چارەنووسسازانەی بەسەر کورددا نەدەکرا بیکاتە بەرهەمێک و وەک چۆن لە پێناوی ئادیۆلۆجیاکەیدا ڕای کرد و دەستبەرداری تورکیا بوو، ئاوهاش لە پێناوی میللەتەکەیدا دەستبەرداری تورکیا بووایە گەر بۆ ماوەیەکیش بێت؟

دیدی یونیڤەرساڵیی بۆ مافەکانی مرۆڤ و هاووڵاتییبوون بەشێکی ترە لە جیهانبینی سیاسی یەشار کەمال بەتایبەت کاتێک دەڵێت “من تەنها دەمەوێ کورد لە تورکیا مافەکانی هاووڵاتییبوونی جیهانیی هەبێت وەک مافی زمان و فەرهەنگیی.” گەر دەورانی پێش بیرستروێکای گۆرباتچۆڤ و دونیای سۆشیالیستیی مەسەلەی نەتەوایەتی کاڵ کردبێتەوە لە کار و بەرهەم و هەڵویستی یەشار کەمال، ئەوا لە دوای دەرکەوتنی دونیای دیموکراسی ڕۆژئاواوە دیدی یونیڤەرساڵی کە مافی هاووڵاتییبوون لە زمان و کەلتور و ئایندا دەبینێتەوە زاڵ دەبێ بەسەر بیری یەشار کەمالدا و مەسەلەی نەتەوەیی جێگەیەکی گرنگی نابێ لە گوتار و بەرهەمەکانیدا. دیدی یونیڤێرساڵی لە قوتابخانەی لیبراڵ دیموکراسی ڕۆژئاوە سەری دەرهێناوە کە لە بنەڕەتدا کاڵکردنەوە و نەهێشتنی هەر ماکێکی نەتەوایەتی و میللییە، چونکە ڕۆژئاوا بۆخۆی بەدەست چەندان کێشەیی نەتەوە و میللەتە ژێردەستەکانی خۆیەوە دەناڵێنێ و سیستەمە سەرمایەدارییەکەی ئەوەی لێ دەخوازێ کە هەر چەمکێک گەر بێتە سەر ڕێی گەشەکردنی ئەوا دەبێ کاڵ بکرێتەوە، لەژێر هەر ناوێک و مانایەک و بزاوتێکدابێت. ئەو هەڵوێستەی یەشار کەمال وەک هەر هەڵویستێکی تری ڕۆشنبیرانی دنیای تورکە کە کوردبوون لە پەراوێزدا دەبینن نەک لەسەردێری هەواڵی سیاسی و فکری خۆیاندا وەک چۆن لە ڕۆمانەکانی ئۆرهان پامۆک و ئەلیف شەفەقدا دەیبینین. دیارە خوێنەری کورد زۆر خۆشحاڵن کە ئەو نووسەرانە ناوی کورد دەهێنن، بەڵام ناوهێنانی کورد لای ئەوان لە عەقڵیەتێکی پەروازێخراویدایە، کە ئەو کەمینە نەتەوەییانەی لە تورکیادا دەژین دەبێ لە پەراویزێکی ماقوڵدا جێگەیان بۆ بکرێتەوە نەک ئەوەی کە کاراکتەرێکی سەرەکی وڵات بن و دەوری ئەوەڵیان هەبێ لە ژیانی سیاسی دەوڵەتدا بە ناسنامەی میللی خۆیانەوە. گەر کەسێک بەوردی پامۆک و شەفەق بخوێنێتەوە دەزانێ کورد لە کوێی ئەو عەقڵیەتانەدا وەستاوە. دیارە ڕۆماننووسی تر هەن لە نەتەوەکانی عەرەب و فارس کە هەمان دیدیان هەیە بەڵام من لێرەدا تەنها ئاماژە بەم دوو  نووسەرە تورکە دەدەم.

یەشار کەمال وەک سیاسییەک ئاگای لە خشپەی مار و مێرووی ئەو وڵاتە هەبووە بەڵام کە بێدەنگ بووە بەرامبەر بە هەموو ئەو ناعەدالەتی و چەوسانەوە میللی و کوشتارگایانەی دەوڵەتی تورکیا دژ بە کورد ئەو پرسیارەیە کە دەبێ بکرێ و هیچ بیانویەکیش نییە ئەم حوکمە بەتاڵ بکاتەوە. مەسەلەی ژیانی شەخسی خۆی و چەپبوونی و ناجەسارەتییەکەی ئەو بێدەنگی و بێهەڵوێستیەیان پێ بەخشی کە حەفتاودوو ساڵی کیشا تا بێتە گۆ لەسەر کورد ئەویش بە وتارێک کە زۆرتر گوزارشت بوو لە بارە مرۆڤدۆستییەکەی، مافی مرۆڤ و فەرهەنگیی و دیموکراسییەکەی نەک بارە سیاسییەکەی. تەنانەت زۆربەی بەرهەمەکانی بەتایبەت حەمەدۆک کە بە ناوبانگترینیانە باس لە کێشەیەکی چینایەتی دەکات لە دەورانی دەرەبەگایەتیدا و دوورونزیک پەیوەندی بە کورد و دۆزەکەیەوە نییە هەرچەندە ڕووداوەکان لە ناوچەیەکی کوردنشین ڕوو بدەن.

دەمەوێ لێرەدا ئەوە بڵێمەوە کە لێرەدا مەبەستی من ئەوە نییە بڵێم دەبوو یەشار کەمال وای بکردایە و وای نەکردایە، بەڵکوو من دەڵێم گەر ئەو ئیدیعایانەی دەکرێ گوایە هەموو ژیان و بەرهەمەکانی بۆ کورد و دۆزی کورد تەرخان کردبێ ئەوا وامان لێ دەکات ئەو پرسیار و باسانە بوروژێنین کە لەم نووسینەدا ئاماژەی پێدەکەین.

یەشار کەمالی کوردزوبان یان تورکزوبان؟

” بەڕەچەڵەک کوردم، بەڵام من  نووسەرێکی تورکم.” (س٣). ئەمە قسەی یەشار کەمال خۆیەتی. کاتێکیش نووسەرێکی تورک دەبی ئەوا دەبێ لە زمانەکەدا ئێجگار شارەزابی و یەشار کەمال لە زمانی تورکیدا هێندە شارەزایە فەرهەنگێکی بەناوەوە کراوە بە ناوی فەرهەنگی تورکی یەشار کەمال. هیچ نەنگییەک لەوەدا نییە کە یەشار کەمال بە زمانی تورکی نووسیویەتی بەڵام ئەو زمانی تورکی بەکارنەهێناوە چ “ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ وەک ئامڕازێك بۆ گەیاندنی برین و تراژیدیاکانی گەلی کورد و چەوساوەکانی تورکیا.” بەڵکوو ئەو کە بە زمانی تورکی نووسیویەتی لەبەر ئەو دەستوورەیە کە لە تورکیادا هەیە و تەنها زمان زمانی تورکییە. گەر مەسەلەکە بریتی بێ لە گەیاندنی ئێش و ئازارەکانی کورد بە تورکیا و جیهان ئەوا لەڕاستیدا هیچ یەکێک لە بەرهەمەکانی یەشار کەمال تایبەت نین بە کورد و دۆزەکەی، بەڵکوو ڕۆمانەکانی ئەو بەشێوەیەکی هێندە ئەدەبی و تورکی نووسراون هەر مرۆڤێکی تورک دەتوانێ بیخوێنێتەوە بێ ئەوەی بزانێ ئەم ڕۆمانە تایبەت بەو و وڵاتەکەی ئەو نییە. گریمان “بۆن و بەرامەی کوردی و کوردەواری لە بەشی زۆری ڕۆمان و چیرۆک و ڕیپۆرتاژ و وتارەکانی یەشار کەمالدا هەیە” (١) بەڵام هیچ بۆن و بەرامەیەک نابینی دەربارەی دۆزی کورد. دۆز واتە قەزیە، پرسی کورد، گەر هەبوایە ئەوا یەشار کەمال نەدەبووە جێگەی ستایش و ڕێزی بێپایانی خوێنەری زۆری تورک بەتایبەت کەسانی سیاسی و دەوڵەتمەداری تورکیا، وەک ئەحمەد داودئۆغڵۆ کە ئەودەم سەرۆک وەزیرانی حکومەتە ئیخوانییەکەی ئەردۆغان بوو کاتێک یەشار کەمال کۆچی دوایی کرد. ئەم ڕێز و ستایشە لەوەوەیە کە یەشار کەمال بەفەرمی و لە مینبەری جیهانییەوە دەڵێ من  نووسەرێکی تورکم و هەموو ژیانی خۆم تەرخان کردووە بۆ زمان و فەرهەنگی تورکی. گەر یەشار کەمال لەمە زیاتر بووایە واتە بەرهەمەکانی ئیش و ئازاری کورد و دۆزەکەی بەیان بکردایە ئەوا یەشار کەمال تەمەنی نەدەگەیشتە نەوەت و دوو ساڵ یاخود دەبوو تورکیای بەجێهێشتایە بۆ هەتایە وەک چۆن بەسەر سەلیم بەرەکاتدا هات. من لێرەدا لە یەشار کەمال کەم ناکەمەوە وەک  نووسەرێکی تورکی بە توانای ئەدەب، بەڵکوو من وەک کەسێکی کورد و بەرهەمەکانی دەربارەی کورد و دۆزەکەی بێت ڕەت دەکەمەوە لەسەر بنەمای ئەو ڕاستییە بابەتیانەی ئاماژەیان پێ دەکەم، چونکە:

یەشار کەمال خودی خۆی شاهیدی مەرگەسات و کارەساتەکانی میللەتەکەی خۆیەتی، بگرە ئەو لەو دونیایەدا ئیشی کردووە، ڕۆژنامەنووس بووە، کە تەنانەت وەک هەواڵیش ڕۆژانە هاتۆتە بەردەمی کە لە بەشی باشووری وڵات چی گوزەراوە. تەنانەت یەشار کەمال هەندێ لەو کەسانەی دیتووە کە بوونەتە قوربانی دەستی سەرباز و سوپا فاشییەکەی تورکیا. ئەو چیرۆکانەی دوای چەندان ساڵ ویژدانی ئەو سەربازە تورکانەی هەژاند کە ئەنجامیانداوە و بەئاشکرا و دوور لە هەر ترس و عاقیبەتێک کە حکومەتی تورکیا بەسەریاندا بهێنێ، هاتن و دڵ و ویژدانی خۆیان خاڵی کردەوە لەو تاوانانەی ئەنجامیانداوە لە مێژووی خۆیاندا. یانیزی سەربازی دێرینی تورک و چالاکوانی سیاسی کە ئیستە لە یۆنان پەنابەرە و تەنها لەسەر ئەوە ڕاونرا کە دەردەدڵی خۆی کرد و ویژدانی ئازاری دابوو بەدرێژایی ئەو چەند ساڵەی سەرباز بووە، چۆن دەشت و لادێ کوردیەکانیان سوتاندووە و دێهاتییەکانیان چۆن کوشتوون و بەرووبوومەکانیان چۆن سوتاندوون. ئەو سەربازە ئێستە کە لە دەرەوەی تورکیاش دەژی یەکبینە هەڕەشەی کوشتن و گرتنی لەسەرە لەلایەن خەڵک و حکومەتی تورکیاوە، بەڵام ئەو پێی وایە کە ئەوەی کردوویەتی ڕاستە و لەپێناو حەق و ئازادی و مافخوراواندا قسەی هەبووە. دۆزی کورد و کوشتارگەی کوردان و بەقەرەبرووتکردنی ناوچەی کوردان ویژدانی چەندان تورکی ئاسایی و قەڵەمبەدەست و  نووسەر و ڕۆشنبیری تورکی هەژاند بەوەی هەڵوێستی ئاشکرا و نووسین و قسەی ڕاستەوخۆیان لەسەر گوت، بەڵام یەشار کەمال لە هیچ بەرهەمێکیدا نە هیچی گوت و نە هیچی نووسی.

ئایا بۆ نەیکردووە ئەوە وەڵامەکەی لای هەر کەسێکە گەر بێتو دوور لە هەستی سۆزداری بۆ یەشار کەمال، بابەتیانە ڕەخنەی لێ بگرێ بەوەی یان کەسێکی چاونەترس یا ئازا نەبووە یاخود مەسەلەی نەتەوەیی و ناسنامەی کوردبوونی وەک نەتەوەیەکی جیاواز بۆ گرنگ نەبووە. ڕۆمانە بەناوبانگەکانی حەمەدۆک و تەنەکە هەردوو باس لە ململانێی چینایەتی بەتایبەت لە پەراوێزی قۆناغی دەرەبەگایەتی تورکیادا دەکەن بێ ئەوەی ناسنامەی ڕەگەزی خەڵکەکەی ئەو شوێنانە بەیان بکات. بەکوردیکردنی یەشار کەمال و گۆڕینی لە  نووسەرێکی تورکەوە بۆ  نووسەرێکی کورد هەڵەیەکی گەورەیە و دەبی خۆمانی لێ لابدەین. با یەشار کەمال وەک خۆی بناسین. وەک خۆی دەڵێ من  نووسەرێکی تورکم. ئەگەر مەسەلەکە کورد بوون بێ بەو ڕادەیەی پڕۆژەی گەڕانەوەی زمانی کوردی بۆ یەشار کەمال بەڕێ بخرێت لەڕێگەی وەرگێڕانی هەموو بەرهەمەکانییەوە، ئەوا ئەفزەڵیەت دەبوو بۆ سەلیم بەرەکات بێت. ئەو زۆربەی بەرهەمەکانی ڕاستەوخۆ لەسەر کورد و دۆزەکەیەتی؛ زمانی دایکی خۆی نازانێ بەڵام بە عەرەبی توانیویەتی مێژوو و خەم و ئازار و ئێش و پرسی کورد گوزارشت لێ بکات. کوردانی باشوور لە عێڕاقدا دەژین و زمانی عەرەبی یەکەم زمانە و سەلیم بەرەکاتیش بە عەرەبی دەنووسێ و لە تەمەنی پەنجا ساڵییەوە لە سوید دەژی. بەڵام، کە بەلای سەلیم بەرەکاتدا نەهاتوون، ئەوا ئاریشەیەکی تری هزر و ئەزموونی ڕۆشنبیریی ئێمەیە کە ئەوەندەی سۆزدارانە و باوخوازیانە دەچێ بۆ شتەکان ئەوەندە بەرەو ڕاستییەکان هەنگاو نانێت.

خەڵاتی نۆبڵ و یەشار کەمال

خەڵاتی نۆبڵ بە هیچ کلۆجێک پێوەر نییە بۆ ئەدەبی باش و  نووسەری گەورە، و پێم وابێ ئەم بابەتە وەک ئەلفوبێ وایە هەر قەڵەمبەدەست و چاودێرێکیش ئەو ڕاستییە دەزانێ کە نۆبڵ هەندێ پێوەری خۆی هەیە چ کەم یا زۆر پەیوەندی بە بەهێزی و لاوازی بەرهەمی ئەدەبییەوە نییە. من هەڵویستی ئەو  نووسەر و ئەدیب و کەسانە بەرزدەنرخێنم کە ڕەخنە لە خەڵاتی نۆبڵ دەگرن بەتایبەت ئەو کەسانەی وەرگرتنی ئەو خەڵاتەیان ڕەتکردۆتەوە، وەک ژان پۆل سارتەر ساڵی ١٩٦٤ و، شۆڕشگێڕ و سیاسەتمەداری ڤێتنامی لی دوک ثۆ ساڵی ١٩٧٤. خەڵاتی نۆبڵ خەڵاتێکی سەر بە جیهانبینی ئیرۆسەنتریکە کە پڕە لە ناکۆکی و ناعەدالەتی و گەندەڵی. گەندەڵی لێرەدا بەمانای ناشایستەیی و دووڕوویی بەکار دەهێنم. بەڵام، لەگەڵ ئەوەشدا مەیلێکی سەرنجڕاکێش هەیە لەو کەسە و لەو بەرهەمەی هەڵدەبژێردرێ، جا جێگەی ڕەخنەمان بێت یان نا، دروست بێت یان نادروست، جوان یان نانشرین، مەعقول یا نامەعقوڵ بێت. بۆ نموونە، کاتێک نۆبڵ دەدرێ بە باراک ئۆباما ئەو مەیلە سەیرەی تێدایە کە ڕەشپێستێک ببێت بە سەرۆکی ڕاسیسترین وڵات لە جیهاندا کە ڕاسیستیەکەی لەسەر مرۆڤی ڕەشپێست بوونیاد نابوو. کاتێک ئۆرهان پامۆک نۆبڵی پێ دەدرێ هەر لەبەر خاتری یەک بەرهەم نییە، بەڵکوو لەبەرئەوەیە کە ئەو بە ڕاشکاوای و چاونەترسییەوە قسەی کردووە لەسەر کێشە سیاسییەکانی ناو تورکیا لەوانە کێشەی کەمینەکان. هەڵوێستی ئۆرهان پامۆک لەسەر جینۆسایدی ئەرمەن و کوشتارگەی کوردەکان دوو شتی گرنگ و سەرنج ڕاکێشن بۆ ڕای جیهانی کە لە وڵاتێکی وەک تورکیادا و هاووڵاتییەکی تورک بە وشەکانی لە بنی هەمانەکە بدات، لە کاتێکدا یەشار کەمال کە خۆی کوڕی پرسەکەیە هیچ نەڵێ و نەنووسێ لەو بارەیەوە. لە بەرامبەردا یەشار کەمال نووسەرێکە پەنجەی بۆ هیچ حەرامکراوێکی ئەو وڵاتە نەبردووە، لەکاتێکدا یەشار کەمال هەموو ڕەگەزەکانی ئەو بەهێزی و هێرشەی تێدا بووە کە دەیتوانی پەلاماری حەرامکراوەکانی بدات نەک هەر لەسەر کورد، بەڵکوو کەمینەکانی ڕەگەزی و ئاینەکانی تریش. ئەگەر یەشار کەمال یەک ڕۆمانی -گەر بە نهێنیش بووایە- لەسەر کورد هەبووایە ئەوا مێژووییەکی ئێجگار پڕسەرەوەری لەناو کورد و میللەتانی تردا تۆمار دەکرد. بەکوردیکردنی یەشار کەمال، نیشانەی پرسیاری گەورەی لەسەر دروست دەبێ لەهەر کونجێکی ئەم دونیایەدا وەک چۆن دروست بووە لە لای من و چەندانی تریش.

جێگە و ڕێگەی یەشار کەمال گونجاوتر و بەهێتر بوو لە پامۆک گەر بهاتبایە ئەو بابەتە گەورە و لەمێژینەی کوردی بەڕاستەوخۆ لە ڕۆمانەکانیدا ڕەنگی بدایەتەوە. کورد و دۆزەکەی و مێژووە پڕ جەسارەتی و خوێناوییەکەی یەکێک بوو لەو شتە گرنگ و سەرنجڕاکێشانەی کە دەیتوانی نەک هەر نۆبڵی سوێد و دەزگای نۆبڵی نەرویجی، بەڵکوو نۆبڵی هەموو دڵانی ئازادیخوازی کورد و جیهان وەربگرێ. من ناڵێم گەر ئەمەی بکردایە لە سەدا سەد نۆبڵی وەردەگرت و وەرنەگرتنی نۆبڵ هیچ لە بایەخی ئەو کەم ناکاتەوە، بەڵام وەک گوتم شتێکی حەرامکراو نابینم یەشار کەمال دەستی لێ دابێت تاکوو لە لیستی پاڵێوراوەوە بۆ ناوی هەڵبژێردراو بچێ. بۆیە من باوەڕم وایە کە وەرنەگرتنی خەڵاتی نوبڵ بە یەشار کەمال کەمتر پەیوەندی بە ڕەچەلەککوردبوونی یەشار کەمالەوە هەیە، بەڵکوو پەیوەندی بەو شەمەندەنەفەرەی ژیان و بەرهەمەکانییەوە هەیە. کاتێک ڕەخنەگری تورک سدیق ئاکبایر بەراوردێک لەنێوان یەشار کەمال و ئۆرهان پامۆکدا دەکات و هیچ ئاماژەیەک بە کوردبوونی یەشار کەمال نادات، لەبەرئەوەیە کە یەشار کەمال  نووسەرێکی کورد نییە. ئێمە غەدر لە یەشار کەمال و خۆشمان دەکەین گەر بێتو یەشار کەمال بکەین بە کورد و  نووسەرێکی کورد، گەر هەموو بەرهەمەکانی بۆن و بەرامەی وڵاتی کوردەواریشی لێ بێت.

بۆیە، سەرباری بە توانای نووسینی وێژەیی، نووسینەکانی یەشار تەقینەوەی قەزیەیەکی گەورەی تێدا نییە و بگرە دەڵێم گەر یەکێک لە بەرهەمەکانی گەر ڕەنگدانەوەی ئەو کوشتارگە و کارەساتانەی کورد بووایە، ئەوا گەر نۆبڵی وەک خەڵاتە نەرویجییەکە پێ نەدرایە، ئەوا نۆبڵی نەوە و میللەتەکەی خۆی و تەواوی ئازادیخوازانی جیهانی وەردەگرت. ئەو بابەتانەی لە بەرهەمەکانی یەشار کەمالدا هەین بابەتی گشگیری زۆربەی کۆمەڵگاکانن. بەرامبەر کێی چینایەتی و مەسەلەی نادادی کۆمەڵایەتی و ئەو کێشە و گرفتانەدا و ڕۆژانەش دووبارە دەبنەوە و بگرە ڕەوڕەوەی ژیان دەبەنە ڕێوە. ڕۆمانی حەمەدۆک، گەر سەبارەت بە کورد بووایە و بۆن و بەرامەی کوردەواری لێ بهاتایە ئەوا لە تورکیا تووشی تەنگ و چەڵەمە دەبوو، یا قەدەغە دەکرا یاخود هەرگیز لە تورکیا نەدەکرا بە فیلم. یاساغکردنی فلیمی “ڕێگا”ی یەڵماس گونەی بەڵگەیەکە کە حەمەدۆک باس لە کورد و کۆمەڵگەی کوردەواری ناکات، هەرچەندە باس لە جوگرافیایەک بکات کە دەکەوێتە ناوچە کوردیەکانی تورکیاوە.

ئایا ئێمە حاشامان لە یەشار کەمال کردووە؟

ئەمە پەرەگرافێکی کاک ناسڕی حسامیە لەمەڕ کوردبوونی یەشار کەمال کە لە واڵی فەیسبوکەکەی خۆیدا دایگرتووە: (ئێرانییەکان کتێبی نزیکەی هەزار نووسەریان لە ١٢٠٠ ساڵ لەوەپێشەوە بە میرات بۆ ماوەتەوە، بەوەشەوە کەسیان پێ زیادی نییە و نووسەری کتێبە عەرەبییەکانی “طب” و قانون” و سەدان کتێبی عەرەبیی دیکە بە هی خۆیان دەزانن. تورکەکان “مێڤلانا جێلالەتتین”ی کە ناوەکەشی بە تەواوی نازانن و لە یەک دێڕ شیعری ناگەن، بە هی خۆیان دەزانن. ئێمەی هەژاری بێ کتێبی بێ نووسەری بێ دەوڵەت، کە کۆنترین کتێبمان هی سێسەدساڵ لەوەوپێشە و خۆمان پێ کۆنترین و دەوڵەمەندترین نەتەوەی جیهانە، یەشار کەمالمان لێ زیادە و هێشتا نەنێژراوە حاشای لێ دەکەین.) وەک زانیاری تاکوو ئێستا هیچ دەنگێک بەو ڕادەیە لەناو کورددا پەیدا نەبووە کە یەشار کەمالیان پێ زیاد بێ، یاخود حاشای لێ بکەن. ڕەخنەی ئەوەی تاکوو چەند بەرهەمەکانی لەسەر کورد و کێشەکەی بووە ئەوا دەنگێکە دەبێ نەک هەموو کوردێک بەڵکو هەر ئازایخوازێک بەرزی بکاتەوە و بپرسێت: نووسەرێک کە بەڕەچەڵەک کوردە و هەر لەو تەمەنەی خۆی تێیدا ژیاوە چەندان کوشتارگە و کارەسات بەسەر خەڵکەکەیدا هاتووە و ناسنامەی نەتەوەیی و فەرهەنگی و کەلتوری میللەتەکەی یەکبینە لەژێر سڕینەوەدا بووە، بۆچی هیچ نووسینێک یاخود بەرهەمێکی لەسەریان نەنووسیوە؟ فەیلەسووفی ئەڵمانی تیودۆر ئادۆرنۆ (١٩٠٣-١٩٦٩) لە بارەی ئاتەشگەی ئاشڤێتز کە جووەکانی تێدا دەسوتێنرا بەزویندوویی و مردوویی دەڵێت: “نووسینی هۆنراوە دوای ئاشڤیتز باربەریەتە.” واتە کاتێک ئەو ڕووداوە ڕوو دەدات یاخود کاتێک باس لەو ڕووداوە دەکرێت دەبێ خامە بوەستێ.

گرنگ ئەوە نییە  نووسەرێک بەڕەچەڵەک سەر بە چ نەتەوەیەکە، گرنگ ئەوەیە چی بۆ نەتەوەکەی خۆی کردووە بە نووسین. سۆزداری نەتەوەیی بەو شێوەیەی بۆ یەشار کەمال دەردەبڕدرێت ئێجگار نابینایانەیە، چونکە مێژوو سەلماندوویەتی کە نابینایی لە کوێدایە. بە کورد چی ئەحمەد شەوقی کورد بووبێ؛ سەڵاحەدینی ئەیوبی کورد بووبێ؛ ئیبن خەلەکان کورد بووبێ؛ بە ڕەشپێستێکی ئەمریکی چی باراک ئۆباما دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا کە جگە لە ئارایشت پێدان بە دیمەکراسی ئەمریکایی هیچی تر نەبوو، چونکە هیچ شتێکی نەگۆڕی لە سیستەمی ڕەگەزپەرستی ئەمریکادا و…هتد.  چەندان نموونەی تری لەو جۆرە هیچ لە مەسەلەی ڕەچەڵەک ناگۆڕێ. پەنابردنە بەر چەمکی ڕەچەڵەکبوون ئیشی میللەتانی لاواز و خەفەکراوە. ڕەچەڵەکبوون لە دەرەوەی ئیرادەی ئەو کەسەدایە و ئەوەی لەنێو دەستی ئیرادەی کەسەکەدایە ئێستا و داهاتووەکەیەتی. ئیرادەی یەشار کەمال لە هەڵبژاردنی خۆیەتی بەوەی بە تورکی بنووسێ و خۆی بە  نووسەرێکی تورکی لە قەڵەم بدات و هەموو ژیانی خۆیشی بە خزمەتکردنی زمان و فەرهەنگی تەرخان بکات.

سەلیم بەرەکات لە بەرامبەر یەشار کەمالدا

لە یەک چوون و لە یەک نەچوونەکانی یەشار کەمال و سەلیم بەرەکات لە دوو شتدایە. هەردووکیان بە ڕەچەڵەک کوردن، بەڵام ناتوانن بە زمانی دایکی خۆیان بنووسن؛ هەروەها هەوردوکیان لەو زمانە غەیرە دایکیانەی خۆیان کە پێی دەنووسن ئاستی فەرهەنگی وشە و نووسینیان ئێجگار بەرزە؛ گەر یەشار کەمال فەرهەنگی تورکی یەشار کەمالی بە ناوەوە کرابێ ئەوا سەلیم بەرەکات بە یەکێک لەو نووسەر و شاعیرانە دادەنرێت کە داهێنانیان کردووە لە مێژووی زمانی عەرەبیدا. لە یەک شتدا بە هیچ شێوەیەک لە یەک ناچن ئەوەیە کە سەلیم بەرەکات زۆربەی بەرهەمەکانی دەربارەی کورد و دۆزی کوردە. سەلیم بەرەکات دەڵێ “لەوانەبوو خۆم فێری کوردی بکەم و بنووسم بەڵام چەندە خۆم فێر بکردایە هەرگیز وەک عەرەبییەکە نەمدەتوانی گوزارشت لە ناسنامە و تایبەتەمدندێتی کەسێتی کوردبوونی خۆم بکەم.” (س٧)

سەلیم بەرەکات (ساڵی ١٩٥١) لە دایک بووە و کوردێکی ڕۆژئاوای کوردستانە، ئەو وڵاتەی پێی دەڵێن سوریا، لە هەمان زمان و هەمان چارەنووس و هەمان میللەتەوە هاتووە کە پێی دەڵێن کورد. سەلیم بەرەکات بە عەرەبی دەنووسێ بەڵام بە عەقڵ و ویژدانێکی کوردانەوە بۆ کوردەکەی خۆی و کەمینەکانی تری دراوسێی. سەلیم بەرەکات بێدەنگی و بێهەڵوێستی هەڵنەبژارد، بەڵکوو ویژدانی زیندووی چاونەترسییەکی پێ دا، کە داستانی ئێش و ئازارەکانی خەڵکەکەی خۆی بنووسێتەوە و هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ چارەنووسی بێکەسی و نەهامەتییە مرۆیی و پرسە سیاسیەکانیاندا ڕێ بکا و هەر نرکە و ناڵەیەکیان بکات بە بەرهەمێک.

ڕۆمانی “کەنیزکەکانی شەنگال” ساڵی ٢٠١٦ نووسیوویەتی کە دەربارەی چەند کچێکی کوردانی ئێزیدین کاتێک بە دیلی دەگیرێن لە لایەن داعشەوە. تازەترین ڕۆمانی بە ناوی “دەربارەی خانم ڕاحیل ی جوو” کە سەربوردەی کەمینە نەتەوەیی و ئاینییەکانی کۆمەڵگەی کوردییە لە سوریا لەدەمانی رژێمی بەعسدا، وەک کەمینەی ئاینی جووە کوردەکان و مەسیحییەکان و کەمینەی نەتەوەیی ئەرمەن. ئەم بەرهەمانەی سەلیم بەرەکات ڕاستەوخۆ باسی ئەو دڵۆپە خوێنانە دەکات کە لە مرۆڤی کورد و کەمینەکانی تری کە پێکەوە دەژین؛ باسی زەوتکردنی مافی خوێندن و نووسین دەکات بە زمانی دایکی غەیرە عەرەب.

ئایا هیچ بەرهەمێکی یەشار کەمال ڕاستەوخۆ باسی مرۆڤی کورد و دۆزەکەی دەکات؟ دڵنیام گەر وا بووایە ئەوا بەر نەفرەتی خوێنەری تورک و دەوڵەتی تورکیا دەکەوت گەر بە تەواوی لە تورکیا دەربەدەر نەکرایە. دیارە هەرگیز وا نەبووە بۆیە یەشار کەمال بە هەموو ژیانی پەلامارێک نەدراوە وەک ئەحمەد کایا، گێچەڵی پێنەکراوە وەک ئیسماعیل بێشکچی، دەربەدەر نەدەبوو وەک ئەو سەربازە تورکانەی ویژدانیان جوڵا و خۆیان پێ نەگیرا و باسی تاوانەکانی خۆیان و دەوڵەتەکەیان کرد، یاخود چارەنووسی وەک مووسا عەنتەر دەبوو. یەشار کەمال هەر وەک چۆن چ ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ هیچ بەرهەمێکی بەلای کورد و دۆزەکەیدا نەچوو ئاوهاش بەلای کەمینە نەتەوەیی وئاینییەکانی تریشدا نەچوو کە بوون و ناسنامەیان لە تورکیادا تا ڕادەی سڕینەوە چووە وەک یۆنانی و نووستۆری و شەرکەس و ئەرمەنی و جوو.

پرسیارێک لێرەدا دروست دەبێت باشە بۆچی بۆ سەلیم بەرەکات ئەو خەم و هەوڵی وەرگێڕان و سۆزداری و ستایشە نییە وەک بۆ یەشار کەمال هەیە؟ لە کاتێکدا، بەو پێودانگە سۆزدارییە نەتەوەییە کوردییە بێت سەلیم بەرەکات لە پێشترە. گەر خۆشەویستی بۆ یەشار کەمال کوردبوون بێ خۆ سەلیم بەرەکاتیش کوردە. گەر بەرهەمەکانی یەشار کەمال بۆن و بەرامەی کوردەواری لێوە بێت، خۆ بەرهەمەکانی سەلیم بەرەکات ڕاستەوخۆ لەسەر کورد و دۆزی کورد و کۆمەڵگە ڕەنگاڵییەکەیەتی. ئەی بۆچی پڕۆژەی ئاوها بۆ سەلیم بەرەکات بەڕێ ناخرێت؟ بۆچی ئەو هەست و سۆزە نەتەوەییە بۆ سەلیم بەرەکات هەڵناڕێژرێت؟ ئایا سەلیم بەرەکاتیش وەک یەشار کەمال نزیک نییە و دەست نایگاتێ؟ ئایا کەس دەتوانێ لە شان و شەوکەتی سەلیم بەرەکات کەم بکاتەوە گوایە ئەو لە یەشار کەمال کەمتر بێت یان نزمتر بێت؟ بێگومان، ئاستی نووسینی سەلیم بەرەکات لەهەر سێ ئاستەکەیدا وەک وێژە، زمان و بابەت لە ئاست یەشار کەمالدایە و بگرە گەر بێتە سەر مەسەلەی ئیلتیزامبوون بە ناسنامەی کوردبوونی و لە کۆڵ خەم هەڵگرتنی کورد و دۆزەکەی بێت، ئەوا سەلیم بەرەکات زۆر باڵاترە لە یەشار کەمال. پرسیارێک کە دروست دەبێ ئەوەیە: بۆچی ئەوەی بۆ یەشار کەمال دەکرێ بۆچی بۆ سەلیم بەرەکات ناکرێ؟ وەڵامی من لە ئاریشە ڕۆشنبیری کورددایە کە لێرەدا دەیخەمە ڕوو لە پەیوەند بەم بابەتەوە.

ئاریشەی ڕۆشنبیری کورد لە پەیوەند بەم بابەتەوە

دیارە ئاریشەی ڕۆشنبیری کوردی باسێکی فراوانترە و دەکرێ لە جێگەیەکی تر باس و خواسی جدی لەسەر بکرێ، بەڵام بۆ ئەم بابەتە تەنها ئاماژەم بەم دوو سێ خاڵە دەکەم لێرەدا. لەگەڵ ئەو هۆکارانەی لە بەشی ناسینی یەشار کەمال باسم کردووە، ئاماژە بە هەندێ شتی تر دەدەم کە تەواو ئەسەری خۆی داناوە لە نێو دونیای ڕۆشنبیران و خوێندەوارانی ئێمەدا لە باشور و ڕۆژهەڵات. دەستبردن بۆ یەشار کەمال و ئۆرهان پامۆک بەو ئاستە گەرم و گوڕەی لە کوردستان هەیە لەو تەوژمە فەرهەنگییە عوسمانییەوە دێت کە تورکیا بە دواوەیەتی. تورکیا و سوریا دوو وڵاتن وەک ناو شوێنگەی جوگرافیین، بەڵام تورکیا قوتبێکە بۆخۆی کە پاوانخوازییە سیاسی و سەربازییەکانی و دەرکەوتە ئابوورییەکەی لە ناوچەکە و جیهاندا ئەوەیان پێ بەخشیوە، هەر بە تەنها وڵاتێک نەبێ وەک سوریا. پاوانخوازی و سیاسی و ئابوری لە ناوچەی بەڵکان و وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوین بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی، پەلهاویشتنێکی فروانی فەرهەنگی و کەلتوری و هونەری بەدوای خۆیدا هێناوە. وڵات نییە لەو ناوچانەی ئاماژەم پێ دان بەر قۆشەنی زنجیرە تەمسیلی تورکییەکان نەکەوتبێ. ناوەندی ڕۆشنبیری نییە بە نووسین و ڕۆماننووسە زمان تورکەکان مەست نەکرابن. کاریگەرییەکەی بەڕادەیەکە هەر ئەوەندەی، بۆ نموونە ئۆرهان پامۆک، لە نووسنی ڕۆمانێک دەبێتەوە هێشتا خامەکەی دەستی دانەناوە وەردەگێڕدرێتە سەر زمانی کوردی. کتیبخانەکانی کوردستان پڕن لە هەڵواسینی وێنەی پامۆک. کەم خوێنەری کورد هەیە ڕۆمانێکی پامۆکی نەخوێندبێتەوە. یەشار کەمال لەمێژە ئەو بایەخەی پێ دەدرێ و تازەترینیان ئەم پڕۆژەی بەکوردیکردنی زمانی یەشار کەمالەیە. ئەم بایەخادانە بە بەرهەمی تورکی لەو پاوانخوازی و پەلهاویشتنەی تورکیاوەیە ئەگەرنا، ڕۆمانەکانی سەلیم بەرەکات بۆ ئەو بایەخەی نییە لە کاتێکدا وەک گوتم بە هەموو ماناکان و پێودانگەکان، ئەم لەپێشترە لە یەشار کەمال، گەر مەسەلەکە کوردبوون و سۆزی کوردبوون بێ.

ئەو بێ بایەخییەی سوریا وەک وڵاتێک لە ناوچەکەدا هەیەتی کە بەهەموو شتێک لێ کەوتووە، بایەخ نەدان بە سلیم بەرەکات لەوێوە سەرچاوە دەگرێ نەک گوایە بەهێزی بەرهەمی تورکی و لاوازی ئەوانی دی. بۆیە لێرەدا ئەو هەستە نەتەوەییە کوردییە بە نابینا دەبینم کە بایەخ بە یەشار کەمال دەدات، گوایە کوردە و نەیتوانیوە بە کوردی بنووسێ بەڵام سەلیم بەرەکات، یاخود وردتر بڵێم سەلیم بەرەکاتەکان وێڵ دەکرێن، لەکاتێکدا دەست ڕاگەیشتن پێیان زۆر ئاسانترە لە یەشار کەمال و ئۆرهان پامۆک. دڵنیام گەر ئەو دەعوەتنامەیەی بۆ یەشار کەمال کرا لە ئاستێکی بەرز کە بێتە کوردستانی باشوور، گەر بۆ سەلیم بەرەکات بکرایە ئەوا لەسەر ئەژنۆ دەهاتە کوردستان. بەڵام چونکە ئاریشە ڕۆشنبیرییەکە لە هەمان ئاریشەی سیاسییەکەی وڵاتەوە سەرچاوەی گرتووە، بۆیە دەبینین سەلیم بەرەکات و سەلیم بەرەکاتەکان وەلا دەنرێن و کتێبەکانیان بەو شەوق و زەوقەوە سەیر ناکرێت و بایەخی پێ نادرێت.

 

 

سەرچاوەکان

س١:

https://apnews.com/article/28b918d892014bf68e41d8a6bf56d766 One of Turkey’s best-known novelists, Yasar Kemal, dies

س٢:

بەکر شوانی لەسەر یەشار کەمال

س٣:

Taylor & Francis Group (2004). “KEMAL, Yashar”. In Elizabeth Sleeman (ed.). International Who’s Who of Authors and Writers. Routledge. p. 290.

س٤:

https://www.hawaii.edu/powerkills/SOD.CHAP5.HTM

Statistics of Democide

س٥:

McDowall, David (2007). A Modern History of the Kurds. London: Tauris & Co.

س٦:

baran-4.pdf23.pdf (ideafoundation.co) یەشار کەمال لە سوڵتانی فیلدا.. ئازاد ئەحمەد عەلی

س٧:

https://daraj.com/35011/ سلیم برکات حولت اللغة العربیة الی هویة کردیة

س٨:

https://www.thoughtco.com/what-is-historical-context-185706

س٩:

https://alarab.co.uk/%D9%8A%D8%B4%D8%A7%D8%B1-%D9%83%D9%85%D8%A7%D9%84-%D8%B1%D8%A7%D9%88%D9%8A-%D8%AB%D9%88%D8%B1%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%B4%D8%B9%D9%88%D8%A8-%D9%81%D9%8A-%D9%87%D8%B6%D8%A7%D8%A8-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D9%86%D8%A7%D8%B6%D

9%88%D9%84

 

س١٠:

یەشار کەمال، کاشما جەلال، سەرچاوە (بیگێ ئوستام )، ( ڕۆژنامەی سەباحی تورکی) فەیسبوک واڵی گەلاوێژ: یەشار کەمال  نووسەر و ڕۆماننووسێکی دیاری کوردە.

بڵاوکردنەوە: