یەشار کەمال؛ لە نێوان کوردبوون و تورکبوونیدا (بەشی دووەم)

258
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ئیدریس مستەفا

 

تورکیا شانۆی کوشتارگەکان

یەشار کەمال لە وڵاتێکدا ژیا کە جگە لەوەی سەر لەبەری ڕووداوی سیاسی و کارەساتی مرۆیی و ناهەقی و ناعەدالەتی و چەوسانەوەی میللی و فەرهەنگی نەتەوە و کەمینەکانی تری ناو تورکیا بوو، لانکەی جینۆساید و کۆشتارگەی نەتەوە و پاکتاوی نەژادی کەمینە غەیرە تورک و ئاینییەکان بوو. تەنها لە ماوەی بیست و سێ ساڵدا واتە بیست و سێ ساڵ پێش لە دایکبوونی یەشار کەمال “لە نێوان ساڵانی ١٩٠٠-١٩٢٣ ڕژێمەکانی تورکیا سێ ملیۆن و نیو بۆ چوار ملیۆن و سێ سەد هەزار ئەرمەنی و یۆنانی و مەسیحیە رۆژهەڵاتییە نەستوریەکان و کریستیانەکانی تریان کوشتووە. (س٣) ئەمە جگە لە قەتڵ و عامی یەزیدیەکان و عەلەویەکان. لەو ساڵەوەی یەشار کەمال لە دایک بوو تا رۆژی مردنەکەی (١٩٢٣-٢٠١٥) واتە لە ماوەی نەوەد و دوو ساڵدا، سی و حەوت کوشتارگەی جۆراوجۆر لە کۆمەڵکوژی و سەرکوتی شۆڕش و راپەڕینەکانی کورد و قەڵاچۆپێکردن و ڕاوەدوونان و تیرۆرکردن و کوشتن و مردنی ناو زیندانەکانەوە لەو وڵاتەدا لەسەر دەستی دەولەتی تورکیا دژ بە کورد و کەمینە نەتەوەیی و ئاینییەکانی تر وەک ئەرمەن و شەرکەس و یۆنانی و جوو و مەسیحی و عەلەوی ئەنجام دراوە کە تێیدا هەزاران مرۆڤ بە منداڵ و ژن و پیر و لاوەوە تێیدا بوونە قوربانی. گەر تەنها کارەساتەکانی کە بەسەر کورد هاتوون باس بکەین ئەوا بەرهەمی چەندان ڕۆمانی لێ دەردەچن. بۆ نموونە، کوشتارگەی دیاربەکر یاخود شۆڕشەکەی شێخ سەعیدی پیرانلە ناوەراستی ساڵی ١٩٢٥ زیاتر لە پانزە هەزار کوردی تێدا کوژرا و زیاتر لە ٢٠٦ گوند سووتان و وێران کران.

سەرهەڵدان و سەرکووتکردنی شۆڕشەکانی کورد کە بە دوای خۆیدا چەندان مەرگەساتی تۆقێنەری هێنا، کە لەمێژوودا وێنەی کەمە. لە کوشتارگەی دەرسیمدا، وەک دەیڤد ماکدواڵ دەلێ “زیاتر لە چل هەزار کەس کوژران.” (س٥) ژن و منداڵ بە زیندوویەتی ئاگریان تێ بەردرا. گۆی مەمکی کچ و ژنیان بڕیوە بە قەمە. کچێکی تازە هەڵکەوتووی کورد لە کوشتارگەی کوردانی دەرسیم، ساڵی ١٩٣٨، لە لایەن سەربازە تورکەکانەوە گۆی مەمکەکانی دەبڕدرێن بەو نیازەی گەر منداڵی کوردی بوو لە ئایندەدا ئەوا نەتوانێ شیری پێ بدات. ئەو کچە ئیستا بۆتە دایەپیرەیەک و تەمەنی سەروو نەوەدەکانە. دەوروبەری چل پەنجا ساڵێک دوای ئەو ڕووداوە، لە یەکێک لەو جارانەی یەشار کەمال دێتە ئەوروپا، دەچێ بۆ لای و هەموو چیرۆکی کارەساتەکە و خۆیشی بۆ دەگێڕێتەوە بەو هیوایەی یەشار کەمال بیکاتە هەوێنی یەکێک لە بەرهەمەکانی کەچی یەشار کەمال هەر وێڵی کرد و هەرگیز نە ئەو ژنە و نە منداڵانی ئاگرتێبەردراو و کوشت وبڕی مەمک و سکی ژنی کورد و کوشتنی سەدان دیل، هیچ وژدانی یەشار کەمالی نەبزواند و نە هیچی لە بارەوە گوتن و نە هیچی لە بارەوە نووسین. ئایا ئەم ڕووداوانە هی ئەوە نەبوون ببن بە هەوێنی بەرهەمێکی؟ جا چ نووسینی ڕۆمانێک یاخود تەنانەت وتارێکیش بێت. دیارە تاوەکوو تەمەنی حەفتاودوو ساڵی یەشار کەمال بێ دەنگ دەبێت، بەڵام دوای ئەوە قسەیەکی دەبێت و لەم نووسینەدا دێمەوە سەری. گەر ئەو هەموو کارەسات و ڕووداوانەی کوردستان دەماری ڕەچەڵەکیی کوردبوونی یەشار کەمال یاخود وەک خۆی دەڵێ (ویژدان)ی نەجوڵێنێ ئەی چی شتێکی تر دەیکات؟

یەشار کەمال لە چاوپێکەوتنێکیدا دەڵێ “من لەسەر کێشەکان نانووسم. بۆ جەماوەرێکی تایبەت شت نانووسم. تەنانەت دەربارەی خۆشم نانووسم. بەڵێ یاخیبوون هەیە لە ڕۆمانەکانی مندا بەڵام یاخیبوونە دژی فەنابوون. جیاوازی من لەگەل ئەوانی تردا ئەوەیە: من ئەوە دەنووسم کە لە مێشکی خۆمدایە.” (س١) جا بۆیە تا ئەوەندەی بە کورد و دۆزەکەیەوە بگەرێتەوە ئەوا شتێک نییە لەو نێوەدا کە شایانی ئەوە بێت پڕۆژەیەکی بۆ بەڕێ بخرێ بە ناوی گەڕانەوەی زمانی کوردی بۆ یەشار کەمال. ئایا بۆن و بەرامەی کوردەواری یاخود ناوهێنان و کردنی شوێن لە ڕۆمانەکانی ئەودا دەکرێ ببێ بەو ئاستە لە بینین و تێگەیشتن گوایە بەرهەمەکانی یەشار کەمال لەسەر کورد و دۆزی کورد بووبێ. بێگومان نەخێر، چونکە گەر وابووایە ئەوا یەشار کەمال لەمێژبوو نەما بوو وەک موسا عەنتەر یاخود بە دەردی ئیسماعیل بیشکچی و ئەوانی تر دەچوو. گەر یەشار کەمال خۆی بە کورد پیشان بدایە و بەرهەمەکانی باسی کورد و دۆزی کوردی بکردایە ئەوا سەرکردە تورک و ئیخوانچییەکانی تورکیا وەک داود ئۆغڵۆ و عەبدوڵڵا گوڵ ستایشیان نەدەکرد لە ڕۆژانی پرسەکەیدا. بۆیە، یەشار کەمال لە  نووسەرێکی جووی ئەڵمانی دەچێ و کە لە دەمانی جینۆسایدی جووەکاندا ژیابێ و هیچ نووسین و قسەیەکی نەبێ لەو بارەیەوە. ئاستی وێژەیی ڕۆمان وەک زمان و تەکنیکی نووسین گرنگە بەڵام لەو گرنگتر بابەتەکانی ناو ڕۆمانە، ئەو بابەتانەی کرۆکی مرۆیی نووسەری پێ لە تەتەڵە بێژنگ دەدرێ. ئەوانەی کە لایەنی تەکنیکی ڕۆمان بە گرنگتر دەزانن لە بابەتەکانی ناوی وەک تۆفیق الحکیم دەڵێ ئەو مەسەلە چینییەم دەهێنێتەوە یاد کە دەڵێ: من بە پەنجەکانم ئاماژەی مانگ دەکەم بەڵام بێ ئاوەز سەیری پەنجەکانم دەکات.

هەندێ دید هەن گوایە نابێ داوا لە  نووسەر بکرێ چی بنووسێ و چی بڵێ و چی نەنووسێ چونکە نووسەر خۆی خاوەن خەیاڵ و پابەندی هیچ راوبۆچوونێک نییە بەڵام ئەوە دەکرێ بۆ هەندێ ڕۆماننووس لە جوگرافیایەکی دیاریکراو و وڵاتێک و مێژوویەکی تردا بژی کە جیای دەکاتەوە لەو نووسەرانەی خاوەن مێژوویەکی تەواو جیاوازتر بارودۆخێکی سیاسی پڕ کێشەتر و پرسی نەتەوەیی. لەمەی دووەمیاندا ڕۆمان چییە گەر کێشە و ڕووداوە کارەساتباری ومەرگەساتەکانی میللەتەکەی خۆت پێ نەنووسێتەوە؟

ڕۆمانی سوڵتانی فیلەکان

یەشار کەمال بە کاک بەکر شوانی گوتووە “ئەوانەی پێم دەڵێن هیچم بۆ دۆزی کورد نەکردووە، با بچن (سوڵتانی فیلەکان و مێرووە شەلەی ڕیشسوور) بخوێننەوە!” (س١) ئەم ڕۆمانە وەک کاک بەکر دەڵێ “کتومت وێنای پەیوەندیی نێوان سیستەمی سیاسیی تورک و خەباتی گەلی کورد دەکات” ئەوا لە مێژبوو قەدەغە دەکرا و بگرە نەیان دەهێشت هەر چاپ بکرێ، ئەمە لە لایەک، لە لایەکی ترەوە, گەر دۆزی کورد ئەو دۆزەی بێ وێنەترین و تاقانەترین دۆزی سیاسی و نەتەوەیی و نیشتمانییە لە جیهاندا و بە تایبەت لە تورکیادا گرنگترین و هەستیاترین و گەورەترین دۆزە چ بۆ کورد و چ بۆ تورکیا و ناوچەکە و جیهانیش ئەوا شایەنی ئەوەی هەیە چەندان ڕۆمان نا بەس ڕۆمانێکی گرنگی وەک حەمەدۆکی لەسەر بنووسرێ نەک ڕۆمانێکی وەک کتێبی کلیلە و دمنەی لەسەر بنووسرێ.

سوڵتانی فیلەکان لەگەڵ ئەوەی وەک چیرۆکی ئاژەڵان و دارستانەکان تام وچێژی خۆی هەیە، بەڵام بێدەسەڵاتترین هەوڵە کە یەشار کەمال دابێتی گەر بیەوێ ڕۆمانێکی لەسەر دۆزی کورد نووسیبێ. لە شێوازی نووسینی کلیلە و دمنەییدا دەکرێ هەر ئاژەڵ و پەلەوەر و تەیروتورێک بکرێ بە ڕەمزێک بۆ شتێک بە مەودا دووربینی و مانا گشتییەکەی بەڵام دۆزێکی وەک کورد کە خۆت ئەندامێکی ئەو دۆزە بیت و بە بەرچاوتەوە کارەساتبارترین و مەرگەساتترین ڕووداو بەسەر میللەتەکەتدا هاتبێ و لە جیاتی ئەوەی ڕاستەوخۆ بیکەی بە هەوێنی ڕۆمانێک کەچی دێیت و ئەو کێشە بەرهەقە مێژووییە بەردەوامە بە فیل و مێروولە بچوێنیت. ئەو نووسەرانە زۆرن کە کێشە گەورەکانی میللەتەکانی خۆیان چ سیاسی یان کۆمەڵایەتی کردووە بە هەوێنی کتێبێک و چ ویژدانی خۆیان و چ سەربەرزی خەڵەکەکی خۆشی پێ تۆمارکردووە و بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆیان بە ئەنجام گەیاندووە بەڵام هیچ یەکێک لە ڕۆمانەکانی یەشار کەمال باسی کورد و دۆزەکەی نین. ئالی وایزەڵ جوولەکەی ڕزگاربوو لە کەمپی ئاشڤیتی سوتاندنی جووەکان، یەک شەو تووشی کارەساتێکی گەورە بوو کە چەوسانەوە و کوشتنی خۆی و میللەتەکەی دیت کردی بە کتێبێکی نایاب بە ناوی (شەو).

یەشار کەمال خۆی شاهیدی هەموو ئەو چەوسانەوە و کوشتارگایانە بووە دژ بە کورد بەڵام هیچی نەگووت لە بارەوە. دەزانم، لەوانەبێ لێرەدا پرسیارگەلی ئەوە بێتە پێش گوایە ئەو ڕۆژگارانە ڕۆژگاری ڕەش بوون و کەس نەیتوانیوە فزەبکات ….هتد. بەڵام من ئەمانە بە بیانوویەک دەبینم لەگەڵ رێزمدا. با داوای ڕۆمانێک نەکەین، خۆ ئەو هەر هیچ نەبووایە دەیتوانی یادگارییەکانی لەو ڕۆژانەدا بنووسێتەوە، وەک خەم و هەست و عەزابخواردنی ناوەوەی دڵی خۆی کە چی بەسەر کورد و دۆزەکەیدا هاتووە وەک موسا عەنتەر و جەنگیز چاندار و دەیانی تریش کردیان. گەر شتێکی ئاوهاشی بکردایە دڵمان پێی خۆش دەبوو و دەمانتوانی ئیستا وەک بەڵەگەیەک بەدەستمانەوە بێ تاکو بڵێین یەشار کەمال لە خەمی کورد و دۆزەکەیدا بووە. دیارە من ئەمە وەک ئەزعەفولئیمان دەڵێم دەنا ئەو بەو پێودانگەی کە باس دەکرێ گوایە کورد بوونی ئەو زۆر تۆخ بووە دەیتوانی بەرهەمێکی راستەوخۆی هەبێ لەسەر کورد و دۆزەکەی یان مەرگەسات و کارەساتە بەردەوامەکانی.

لە بەشەکانی دادێی ئەم نووسینەدا هەندێ خاڵ باس دەکەم بۆچی ئەوەی نەکردووە.

ئەو وێنە و کەسێتی و هەندێ جار وشە و ڕستە کوردیانەی لە نێو ڕۆمانەکانی یەشار کەمالدا هەیە بە هیچ کلۆجێک ڕەنگدانەوەی دۆزەکەی نییە: لە لایەک ئاساییە  نووسەر گوزارشت لە جێگە و ڕێگەی زێدی خۆی باو و باپیرانی بکات؛ لە لایەکی ترەوە، وەک هەر کەسێتی و ناوچەیەکی تری تورکیا سەیرکراوە بۆیە ڕۆمانەکانی نەبوونەتە جێگەی ناڕەزایی عامەی خوێنەری تورک و حکومەت و دەوڵەتەکەی. گەر شوێنگەی ڕۆمانەکانی یەشار کەمال ناوچە کوردییەکانە ئەوا لە تورکیادا جوگرافیا دەور ناگێڕی لەو بارەیەوە. تەنها لە دوو ساڵی دوایی دەیەی نەوەدەکاند کە عەبدوڵلا ئۆج ئالانی تێدا گیرا، سەرۆک وەزیران (بوڵند ئەجەوید)، وەزیری ناوخۆ و سەرۆکی پەرلەمان (حیمکەت چەتین) و سەرۆکی کاتی تورکیا بۆ ماوەیەک (ئارێز) کوردبوون و خەڵکانی شارە کوردییەکان یاخود ئەسڵ و فەسڵیان لەوێوە هاتوون. بەڵام ئەمە هیچ لە کێشەکە ناگۆڕێت چونکە تورکیا هەر تورکیایە جا ئەو هاوڵاتییە لەهەر کوێیەکەوە هاتبێ، چونکە ناسنامە هەر یەک ناسنامەیە. کوردێک کە ناسنامەکەی تورکییە، دەتوانێ ببێ بە سەرەک وەزیران و سەرۆک کۆماریش. بۆ؟ چونکە تۆ هەر تورکی و بە تورکی قسە دەکەی و لە خزمەت سیاسەت و دەوڵەتی تورکی دایت. خاڵێکی ڕەمزی تر، کە دێتە پێش پەپولە سولەیمانەکەیە. ئایا پەپولە سولەیمانەکە ئاماژەیە بۆ پەپولە سولەیمانەکەی داودی پەیامبەری جووەکان وەک ئاماژەپیدانێک بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل و سیاسەتی ئیسرائیلی لە ناوچەکەدا ئەوا زۆر قسەوباس هەڵدەگرێ کە ئەو ڕۆمانە زیاتر دەخاتە بازنەی گوماناوی ئەوەی کتومت بۆ کورد و دۆزەکەی نووسرابێ. و من لێرەدا ناچمە سەری و دووبارە هەر دەڵێمەوە کە ئەو ڕۆمانە ناتوانێ بچوێندرێ بە کێشەی کورد و دەسەڵاتی تورک، گەر لایەنی تەکنیکی ڕەمزی ڕۆمانەکە لەبەرچاو بگرین ئایا تا چەند تەوزیفکردنی ئاژەڵەکان لە جێی خۆیدایە بۆ لێکچواندنی مرۆی کورد و دەسەڵاتی تورک و ململانێی نێوان کورد و تورک، ئەوا پرسیارگەلی مێژوو، ژمارە و قەبارە و شێوە و شێوازی ڕەمز دێنە پێش کە بە ئاسانی ئەو دیدە ڕەت دەکەنەوە گوایە ئەو ڕۆمانە کتومت وێنای کێشەی کورد و دەسەڵاتی تورک بکات لە تورکیادا. بۆیە “خوێندنەوەی وردتر و ڕاستتر ئەوەیە، کۆمەڵگەی مێروولەکان تێگەیشتنە لە چینە جیاوازەکانی گەل کە کاردەکەن و بەرهەم دەهێنن و بە گوێرەی ئەدەبیاتی سوسیالیستی ناوەڕاستی سەدەی بیستەم هەر ئەوانیشن چینی زەحمەتکێش.” (س٦)

یەشار کەمال و خەمی تورکە سەربەسەرەکان

لە ساڵانی دوای جەنگی جیهانی یەکەم و بە دیاریکراوی ساڵی ١٩٢٣ بەسەرپەرشتی (عصبة الأمم) کە دواتر بوو بە (نەتەوە یەکگرتووەکان)ی ئێستا، ئاڵوگۆڕێک لە نێوان تورکیا و یونانستان بەڕێوە چوو کە هەرچی یۆنانی هەیە لە تورکیا بنێردرێن بۆ یۆنان و تورکە نیشتەجێبووەکانی یۆنانیش بگەڕێندرێنەوە بۆ تورکیا. ئەو تورکانە پێیان دەوترا تورکە سەربەسەرپێکراوەکان. بەشێک لەو تورکە گوندیە سەربەسەرپێکراوانە نیشتەجێ دەکرێن لەو گوند و ناوچەیەی وەک چوکورئاوا، یەشار کەمال تەمەنی مێردمنداڵیی و دواتر هەرزەکاری تێدا بەسەر دەبات. شێوەی ژیانی ئەو گوندیانە وەک لەوەی خانوی جوان جوانیان دروست کردبوو، لەوە دەچوو شێوازی ژیانیان و ئەو شوێنانەی لێی نیشتەجێ بووبوون، بووبووە جێگەی ئیرەیی و ناحەزی گوندیە ڕەسەنەکانی ناوچەکە، بۆیە ئەو شوێنە بە جێدەهێڵن و کۆچ دەکەن. ئەو ڕووداوە کاریگەری لەسەر یادەوەرییەکانی یەشار کەمال دادەنێ و دەیکات بە ڕۆمانێکی چەند بەشی بە ناوی “بەسەرهاتی دوورگەیەک.”

زۆر بۆم گرنگە کە خوێنەر گێڕانەوەیەکی یەشار کەمال کە لە چەند دێڕێکدا ئەم بابەتە باس دەکات. داگرتنی قسەکانی یەشار کەمال وەک خۆی لێرەدا ئەو خاڵەی من یاخود ئەو ڕەخنە و پرسیارەی من بەهێزتر دەکات کە دەمەوێ بیڵێم. فەرموون ئەمە پەرەگرافەکەیە:

(لە گوندی ئێمە قوتابخانە نەبوو بەمەبەستی خوێندن لە قوتابخانە چوومە ماڵی خزمێکمان لە (کادیرلی) ماوەیەک لەوێ مامەوە بەڵام لەبەرئەوەی نەمویست لەو ماڵە بمێنمەوە لە نێوان ماڵ و قوتابخانەدا دەستم بە هاتوچۆ کرد هەموو ڕۆژێک بەلای گوندێکدا تێدەپەڕیم کە پێشتر چەند شتێکم لەبارەیەوە بیستبوو دەوترا خەڵکانێکی بیانی هاتوون و لەو گوندە نیشتەجێ بوون، دواتر بەشی زۆریان بە نەخۆشی مەلاریا مردوون و هەڵسوکەوتی خەڵکی دەوروبەریش لەگەڵیاندا زۆر خراپ بووە، تا قۆناغی خوێندنی سەرەتاییم تەواو کرد بەردەوام بەلای ئەو گوندەدا تێپەڕیم و بەردەوام گوێبیستی بەسەرهاتیان بووم، کەمێک گەورە بووم و خوێندنی سەرەتاییم تەواو کرد دیسان بەلای ئەو گوندەدا تێپەڕیم ڕۆژێک دووکەڵکێشێکی گەورەم بەدی کرد دووکەڵکێشێکی ئەستوور و بەرز بوو، کاتێک گەیشتمە قۆناغی ناوەندی، لە گوندی هەمیتە ژنێکی خزمی باوکم و دەستەخوشکی دایکم چیرۆک و بەسەرهاتی ئەو گوندەی بۆم گێڕایەوە، پێکەوە چووین بۆ پیاسەی ناو دارستان لەوێ وتی: سەیر بکە کوڕەکەم لەو گوندە کۆچبەرە سەربەسەر پێکراوەکان دەژیان، ئەوانە ئەو تورکانە بوون کە لە یۆنانستانەوە هاتبوون و بەو یۆنانییانە گۆڕدرابوونەوە کە لێرە دەرکرابوون، لە نزیک (ئاناڤارز) سێ گوندی لەو جۆرە هەبوون سێ گوندی زۆر جوان بوون، بەو جۆرە بەسەرهاتی ئەو گوندەم بۆ ئاشکرا بوو کۆچبەرەکان لەو گوندانە خانووی جوانتریان بنیات نابوو بەڵام لە دەست ستەم و زۆرداریی خەڵکی گوندەکانی دەوروبەر ڕزگاریان نەببوو، بۆیە سەری خۆیان هەڵگرتبوو و ڕۆیشتبوون، کاتێک بووم بە ١٥ و ١٦ ساڵان کەوتمە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ئەو خەڵکانە نەمتوانی بیاندۆزمەوە و زۆر خەفەتم خوارد، چیرۆکی ئەو گوندەی چوکورئۆڤام بۆ ئابیدین دینۆ گێڕایەوە. ئەویش وتی ئەوە جوانترین بابەتە تا ئێستا کەس شتێکی جوان و بەکەڵکی لەو بارەیەوە نەنووسیوە، بەو جۆرە بەسەرهاتی کۆچبەرە سەربەسەر پێکراوەکان بوون بە بابەتی زنجیرە ڕۆمانی “بەسەرهاتی دوورگەیەک.”) (س١٠)

پرسیارەکە لێرەدا دروست دەبێ و دەبێت بە ڕەخنەیەک لە یەشار کەمال: ئاخۆ بۆ ڕووداوێکی ئاوها، ئەو تورکە سەربەسەر پێکراوانە دەبن بە خولیای نووسین و بە دوایدا دەچێ و دەیکات بە ڕۆمانێکی گەورە؟ ئەمە ڕێک هەر لەو دەمانەدا بووە کە ڕووداوی کوشتارگە و خاپورکردنی دێیەکانی کوردستان و کوشتنی منداڵ و ژن و پیر و پیرێژنی کوردان نابن بە خولیای و بەڵام کۆمەڵێ دێهاتی تورک دەبن بە خولیای بەرهەمێکی گەورەی؟ لەو ڕۆمانانەی کە هەندێ ڕۆشنبیر دڵیان پێ خۆشە گوایە یەشار کەمال باسی کورد و وڵاتی کوردان دەکات لە هیچیاندا ناوی کورد وەک ئەم تورکانە نەهاتووە یاخود لە هیچیاندا باسی پرسی ئەو خەڵکە چەندان ملیۆنییە وجودی نییە لە بەرهەمەکانیدا بەڵام چەند گوندیەک ئەسەرێکی گەورەیان هەیە لەسەری؟

لە تورکیا، لە نێو خوێنەری تورک و لە سیستەمی دروستبوونی تاکی تورک باس کردنی ڕووداوەکان چ لە هەکاری ماردین و ئامێدی بێت یان لە ئەنکەرە و ئیستانبوڵ بێت هیچ جیاوازیەکی نییە مادامەکی ناو و ناسنامەی جیاواز لە ناو و ناسنامەی تورک جودا نەبێت. خۆ گەر خوێنەری تورک و دەوڵەتی تورک بیاندیبایە یاخود بە ڕەمزیش هەستیان بەوە بکردایە کە یەشار کەمال باسی کورد و دۆزی کورد دەکات ئەوا بەرهەمەکانی هەر لە بازاڕەکاندا دەسوتێنران. بەڵام ئەوە ڕوونە کە یەشار کەمال کەسێتییەکی تورکی بەرجەستە کردووە لەخۆیدا هەر ئەو بەرجەستەیەش مانەوە و بەردەوامیدانی بە یەشار کەمال و بەرهەمەکانی داوە لە تورکیادا برەوی هەبێ و کاتێکیش دەمرێت ڕابەرانی حیزبەکەی کەمال ئەتاتورک و سەرکردەکانی ئیخوانچییە ئەردۆغانییەکان لە ناشتنی تەرمەکەی و پرسەکەیدا ئامادە دەبن و یەک لە دوای یەک ستایشی دەکەن بەوەی ئاشتیپەروەر بووە و داوای ئاشتی کردووە لە وڵاتدا. دیارە چەمکی ئاشتیپەروەریی لای ئەوان چییە و چ ڕەهەندێک و مانایەکی هەیە؟

هەر لە هەمان دیمانەدا لە خەمی تورکە سەربەسەرپێکراوەکان بەردەوامە و تەنانەت دەیانچوێنی بە ژیانی بنەمالەکەی خۆی کە چۆن ئەوانیش لە زیدی باووباپیران و داپیرانی خۆیان دەرکراون و کۆچیان پێ کراوە، بەڵام ئەوەی باسی تەنها یەک لایەن دەکات ئەویش ڕووسەکانن، “ئەو کاتەی ڕووسەکان گەیشتوونەتە وان کەسوکاری من ئاوارە بوون، بە سەرانسەری ئەنادۆڵدا تێپەڕیون و لە گوندی هەمیتەی چوکورئۆڤا گیرساونەتەوە.” ( س١٠)ئەو دیدە مێژووییە دروستە کە ڕووسەکان چیان کردووە بەو ناوچانە بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە یەشار کەمال هیچ ئاماژە بە دەوری تورکیا نادات لە دەربەدەرکردن و کۆچپێکردنی کوردانی خۆیدا بە هەموو ئاینزا و کەمینەکانییەوە کەچی باس لە دەوری مێژوویی ڕووسەکان دەکات. ئایا کەس هەیە لە ئێمە نەزانێ کە تورکیا دەوری ئەوەڵ و ئاخیری هەبووە لە کۆچپێکردنی کورد لە ناوچەی ڕەسەنی خۆیان؟

حەمەدۆک لەبەرامبەر سەید ڕەزادا

بە پێی ئەو دیدە سایکۆلجی و زانستە کۆمەڵایەتیانەی دەربارەی ئەو رۆژگارانەی دەمانی هەرزەکاری و مێردمنداڵی کە چۆن دەوریان هەیە لە پێگەیشتن و پێکهاتنی مرۆڤەکاندا، ڕۆژانی سەید ڕەزا و شۆڕشەکەی و کەسێتی سەید ڕەزا وەک سەرکردەیەکی زوڵملێکراوی نەتەوەیەک و ئەو ڕەشبگیرییەی کەمال ئەتاتورک و سوپای تورک بەسەر ناوچەی دەرسیمدا هێنایان دەبوو شتێکیان بەجێبهێشتایە لە ژیانی یەشار کەمالدا، دەبوو گەردیلەیەک لەو ڕووداوە گەورەیە ببوونایەتە وشەیەک و لە خامەکەیەوە بخرانایەتە سەر کاغەز هەر وەک چۆن یادەوەری گوندیە تورکە سەربەسەرپێکراوەکان ڕۆمانێکی چەند بەشی پێنووسی. دەستپێکردن بە نووسینی حەمەدۆک ڕێک لەو ساڵەدایە کە کوشتارگەی و دەرسیم و شۆڕشەکەی سەید ڕەزا ڕوودەدات. ڕاپەڕینی دەرسیم و کەسێتی سەید ڕەزا و غەدرلێکردنی لە لایەن ئەتاتورکەوە و ئەو کارکردە مێژوویی و سیاسییەی دەرسیم لەو دەمەوە تاکو لە ژیانی هەر میللەتی کوردا جێگەیەکی ئێجگار گەورەی داگیر کردووە دەبوو هەرهیچ نەبێ بە هاوتای حەمەدۆک شوێنێکی بگرتایە لە ژیان و بەرهەمەکانی یەشار کەمالدا بەڵام کە نەیگرتووە ئەوەیە کە یەشار کەمال بوونی نەتەوەیی و کێشەکەی بۆ گرنگ نەبووە. تەنانەت لەو هەڵوێستەی کە گوایە لەسەر کورد هاتۆتە دەنگ دوای حەفتاودوو ساڵ بەئاشکرا دیارە کە دەرسیم و سەید ڕەزا و کوشتارگەی کوردان لەو ڕووداوەدا مەسەلەیەکی مافی مرۆڤ و دیموکراسییە نەک قەزیەی میللەتێک و چارەنووسی سیاسی بیست ملیۆن مرۆڤی کورد لەو وڵاتەدا. بیروباوەڕی چەپی بوون وای لە یەشار کەمال کرد داستان و چیرۆک و حیکایەتەکانی دەوروبەری خۆی یان دەمانی منداڵی خۆی لە دەقێکی چینایەتیدا بەرجەستە بکات وەک حەمەدۆک و تەنەکە بە نموونە.

لە ڕاستیدا تاکو ڕووداوی مێژوویی هەبن چ جای وەک دەرسیم کە یەشار کەمال خۆی لە زەمەنەکەیدا ژیاوە، حیکایەتی مێژووی پلەیەکی خوارتری پێ دەدرێ چونکە ڕووداوی مێژوویی گەورەیە و هەڵوێستەی گەورە و قسەی گەورە و بەرهەمی گەورەی دەوێ. ئایا نەدەکرا دەرسیمێک و سەید ڕەزایەک وەک حەمەدۆک بەرجەستەیان بکات لە بەرهەمێکدا کە ڕەمزی زوڵملێکراو و بەشخوراوی میللەتێکن کە تا ئێستاش شەڕی مان و نەمانی ڕەگەزی و ناسنامەیی خۆیان دەکەن بەرجەستە نەبوو لە بەرهەمێکیدا جا بە هەر ڕەمز و ڕاستەوخۆ و ناڕاسەتوخۆییەک بێت. ئەو چیرۆکانەی لە کوشتارگەی دەرسیم دەبیسترێن و خودی یەشار کەمال لەو دەمەدا وەک مرۆڤێکی کورد لەو وڵاتەدا ژیاوە و تەنانەت ژنێکی ئەو مەرگەساتە دوای چل پەنجا ساڵان روودەکاتە یەشار کەمال و چیرۆکی مەمکبڕینی خۆی بۆ باس دەکات لە لایەن سەربازا تورکەکانەوە؛ ئەو کوشتارگەیەی لە مێژووی نوێی تورکیادا لە وێنەی نییە؛ هەر ئەو گوتەیەی سەید ڕەزا لە بەرامبەر ئەتاتورکدا وتوویەتی دەیتوانی بیکاتە گوڵەوانەی بەرهەمێکی نەمری ئینسانی قوڵی نەتەوەیی کۆمەڵی مرۆڤ کە پێیان دەتورێت کورد؛ بەڵام سەد مەخابن ئەو دەرسیمەی کە ئێمە ئێستا لە ڕاگەیاندن و دۆکیومێناترییەکانەوە دەیبیستین و دەیبینین جەرگمان بۆی دەسووتێ و وێژدانمان ئازار دەدات وەک وشەیەک و لاپەرەیەک و چیرۆکێک نەبوونە میوانی قەڵەمەکەی یەشار کەمال.

من لێرەدا دەیڵێمەوە ئەم گلەیی و ڕەخنانە بەو شێوەیە لە یەشار کەمال دەگرم کاتێک دەیانەوێت بیکەن بە کورد و ڕۆحی کوردبوونی بکەن بەبەردا لە کاتێکدا بە هەموو پێودانگە مرۆیی و نەتەوەیی و مۆراڵییەکان ئەو هیچ بەلای کورد و دۆزی کورددا نەچووە. ئایا داکۆکیکردن و هاتنە دەنگ لەسەر میللەتی داگیرکراو و سەرکوتکراو بەشێک نییە لە هەر بیروباوەڕێکی مرۆڤدۆستی و چەپیانە؟ ئایا سەید ڕەزا زیاتر لە حەمەدۆک دژی جەور و ستەمی دەسەڵاتکاران نەوەستایەوە؟ یەشار لە پێناو بیروباوەڕی چەپبوونی خۆیدا تورکیای بەجێهێشت و بۆ نزیکەی دوو ساڵان لە سوید ژیا ئایا یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی بیروباوەڕی چەپ بوون بەتایبەت لەو دەمەدا مافی چارەی خۆنووسین نەبوو؟ ئایا بۆ لە پێناو چارەی خۆنووسین و مافی کورددا بۆ تورکیای بەجێنەهێشت؟ وەڵامەکە زۆر ئاسانە. ئەویش ئەوەیە کە یەشار کەمال مرۆڤێک و  نووسەرێکی تورک بووە و تەواو. بۆیە دەبێ وەک ئەو مرۆڤە و ئەو  نووسەر ڕێزی لێ بگیرێ و با دەستبەرداری وەهم و سۆزی نەتەوەیی خۆمان ببین لەبەرامبەریدا.

بڵاوکردنەوە: