یەشار کەمال؛ لە نێوان کوردبوون و تورکبوونیدا (بەشی یەکەم)

607
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ئیدریس مستەفا

وتەیەکی پێویست: کەس ناتوانێ نکووڵی لە گەورەیی یەشار کەمال بکات وەک ڕۆماننووسێکی تورکینووس و ئەدیبێکی گەورەی تورکیا، بەڵام کاتێک بەهۆی ڕەچەڵەکی کوردبوونیەوە دەکرێت بە نووسەر و ڕۆماننووسێکی دیاری کورد و بەرهەمەکانی باسی کورد و دۆزی کورد دەکات، ئەوا ئێمە غەدر لە خۆمان و یەشار کەمالیش دەکەین. غەدر لەو دەکەین گەر بیکەین بە ڕۆماننووسێکی کورد و غەدر لە خۆشمان دەکەین گەر دڵمان بە کوردبوونی ئەو خۆش بکەین. ئەو وەک خۆی چۆنە با وا سەیر بکرێت دوور لە هەر هەست و سۆزێکی کوردانە؛ ئەو نەهی لەوە ناکات کە بە ڕەچەڵەک کوردە بەڵام وەک خۆی دەڵێت “من  نووسەریکی تورکم و هەموو ژیانم لە پێناو زمان و فەرهەنگی توکیدا داناوە.” (س١) هەر بۆیە هیچ یەکێک لە بەرهەمەکانیشی باس لە کورد و دۆزی کورد ناکات.

وشەیەک بۆ باسەکە: ئاستی وێژەیی ڕۆمان، وەک زمان و تەکنیکی نووسین، ڕەگەزێکی گرنگە، بەڵام لەوانە گرنگتر بابەتەکانی ناو ڕۆمانە. ئەوەی نەمری ڕۆمان دەهێڵێتەوە بابەت و ڕەهەندی چیرۆک و ڕووداوەکانی ناویەتی نەک ئاستە وێژەییەکەی. ڕۆماننووسێک کە وڵاتەکەی هەمیشە پڕ لە کارەساتی مرۆیی بێ و میللەتەکەی لە ژیانێکی پڕ مەینەتیدا بێ جیاوازە لەو ڕۆماننووسەی لە وڵاتێکی ئارام و دوور لە شێوازی سیاسی و کۆمەڵایەتی و شەڕی فەرهەنگیدا بژی. ڕۆماننووسی تەرزی یەکەم ئەوەی لێ داوا دەکرێ یاخود هەر بە سروشت بەرهەمەکانی مەرگەسات و مەینەتییەکانی وڵاتەکەی و میللەتەکەی خۆی دەنووسێتەوە، بەڵام گەر ئەمەی نەکرد واتە تەنها هی وڵاتەکەی تۆمار بکات و هی میللەتەکەی خۆی فەرامۆش کرد ئەوا دەکەوێت بەردەم پرسیارێکی مێژووییەوە. یەشار کەمال بە ئاشکرا و ڕاستەوخۆ مەینەتییەکانی تورک و یۆنانییەکانی ناو تورکیای نووسیوەتەوە، بەڵام بە هیچ کلۆجێک باسی کوردی نەکردووە چ بە ناڕاستەوخۆ و چ بە پەنهانیش. بەڵی بەرهەمی هەن کە ئێمەی کورد دەزانین لە ناوچە کوردییەکاندا ڕوودەدەن، بەڵام دوور و نزیک بە لای کورد و پرسەکەیدا ناچێت و جێگەی کورد و ماکی مرۆی کورد لای ئەو تۆمار نەکراوە. پیشاندانی جوگرافیا لە ڕۆماندا مانایەکی ئەبستراکت دەبەخشێ، گەر ڕەگەزە مێژووییەکان و رەچەڵەکە مرۆییەکانی وەک ئەوەی هەن تێیدا نەنووسرێنەوە. هیچ بەهانەیەک ناتوانێ یەشار کەمال لەو حوکمی مێژووییەوە قوتار بکات گەر بێت و ئێمە سوور بین لەسەر پرۆژەی بەکوردی کردنی.

ناسینی یەشار کەمال لەناو ئێمەدا

لەمێژە باس و خواستی کوردبوونی یەشار کەمال هەواڵێکی گرنگ و دڵخۆشکەرەیە لەناو ئێمەی کوردانی باشووردا. ‌چەند هۆکارێک هەن کە یەشار کەمالیان لەسەر هەر دوو ئاستی جیهانی و کوردستانی ناساندووە. ئەوەی بە لای منەوە گرنگە لایەنە کوردستانیەکەیەتی کە لێرەدا دەمەوێ ئاماژەی پێ بدەم، بەڵام لایەنە جیهانییەکەیشی بۆ خۆی تەواوکەرە لەگەڵ کوردستانییەکەیدا، بۆیە دەبێ ئاماژەیەکی کورتی پێ بدرێ پێش کوردستانییەکەی. وەرگێڕان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێ لە ناساندنی هەر بەرهەمێکی ئەدەبیدا. هاوسەری یەکەمی یەشار کەمال کە خاتوونێکی بە ئاین جوو بوو بە ناوی “تیڵدا سەرێرۆ ١٩٢٣-٢٠٠١” (س١) تیڵدا خانم بەو پێیەی لە بنەماڵەیەکی ناوداری جووی دەوڵەمەندی، لە هەردوو بواری زانستی و ئابوری، شاری ئیستانبوڵ بووە، ئینگلیزییەکی باشی زانیوە. دوای ئەوەی لەگەڵ یەشار کەمالدا ژیانی خێزانی پێکەوە دەنێن لە ساڵی ١٩٥٢، توانیویەتی حەڤدە بەرهەمی گەورەی یەشار کەمال لە زمانی تورکیەوە وەربگێڕیتە سەر زمانی ئینگلیزی؛ لەوانە «حەمەدۆک ساڵی ١٩٦١». هەر ئەو وەرگێڕانانەش بووە هۆی ناساندنی یەشار کەمال لە سەر ئاستی جیهانی و چەندان خەڵاتی جیهانی وەربگرێ و ناویشی هەڵبژێردرێ بۆ خەڵاتی نۆبڵ.

لەسەر ئاستی کورستانیش بە تایبەت باشور، وەرگێرانی بەرهەمەکانی یەشار کەمال بەتایبەت لەسەر دەستی عەبدوڵڵای حەسەن زادە و شکور مستەفا دەورێکی گەورەی گێڕا لە ناساندنی یەشار کەمال بە خوێنەری کورد. دواتر، کۆچی بە کۆمەڵی کوردان بەتایبەت کوردستانی باشوور بۆ ئەوروپا لە ڕێگەی تورکیاوە، ئەو دەرفەتەی بە کۆمەڵی خەڵک بەخشی کە ئاشنا بن بە دونیای ئەدەبی و هونەری و تەنانەت سیاسی تورک، بەتایبەت ئەوانەی بەڕەچەڵەک کوردن وەک یەشار کەمال و ئەحمەد کایا و لەیلا زانا و ئەحمەد تورک؛ ئینجا ئۆرهان پامۆک و ئیسماعیل بێشکچی و جەنگیز چاندار. مەسەلەی بەئەندامبوونی تورکیا و ئەو فشارەی ئەوروپا لەسەر توکیا هەیەتی سەبارەت بە مافی مرۆڤ و ئازادییە فەرهەنگییەکان لەوان، کورد ئەو نووسەر و کەسانەی زیاتر ناساند بە کورد کە باسیان لە پێشێلکردنی مافەکانی کورد دەکرد.

هەر لەو دەمەدا، واتە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکان، یەشار کەمال دوای حەفتا و دوو ساڵ لە تەمەنی خۆی وتارێکی نووسی لەمەڕ پەلاماری سوپای تورکیا بۆسەر گوند و ناوچە مەدەنییەکانی ئەو ناوچانەی کوردنشینن؛ لێدوانەکانی ئۆرهان پاموک سەبارەت بە جینۆسایدی ئەرمەنەکان و کوشتارگەی کوردان لە تورکیادا، بانگ کردنیان بۆ بەردەم دادگا و سەپاندنی چەندان مانگ زیندانی بەسەریاندا، هەراوزەنایەکی بێشوماری دروست کرد لە دونیای رۆژئاوادا. ئەم حاڵەتە هاوسۆزییەکی نەتەوەیی نوخبەیەک لە ڕۆشنبیری کورد لە هەردوو بەشی باشوور و ڕۆژهەڵات دروست کرد بەرامبەر یەشار کەمال و هەروەها هەڵوێستێکی مۆڕاڵیشی هێنایە پێش بۆ ئۆرهان پامۆک. وەرگێڕانی بێشوماری بەرهەمەکانی هەردوو نووسەر لەم ساڵانەی دواییدا کتێبخانەی کوردیان پڕ کردووە.

دوو جۆر تێڕوانین لەسەر یەشار کەمال

لەم ساڵانەی دواییدا دوو جۆر لە تێڕوانین هاتنە دەر بەرامبەر بە یەشار کەمال. یەکێکیان ڕەخنەی ئەوەی لێ دەگرن کە “بە زمانی بێگانە نووسیویەتی و خزمەتی زمان و ئەدەبی تورکی کردووە.” کە لای من ئەم دیدە لەگەڵ ئەوەی حەقانییەتێکی تێدایە و نووسەر دەیتوانی فێری زمانی دایکی ببێت زۆر بەباشی، بەڵام ئەمە زۆر گرنگ نییە چونکە بەئاسانی ئەو هۆکارە مێژووییە سیاسییانە فەرامۆش دەکات کە لە تورکیا و سوریا و ئێران، کوردان ناتوانن بە زمانی خۆیان بنووسن و بخوێنن، بەڵام دەتوانن لە ڕێگەی زمانی میللەتی سەردەستەوە ناسنامە و مێژوو و ئێش و ئازارەکانی میللەتەکەی خۆی بنووسێتەوە هەر وەک چۆن سەلیم بەرەکات لە ڕێگەی زمانی عەرەبییەوە باسی کورد و مەینەتییەکانی و پرسەکانی دەکات. ئایا یەشار کەمال ئەمەی کردووە؟ ئەمە پرسیارە بنەڕەتییەکەی ئێمەیە کە هۆکاری نووسینی ئەم بابەتەیە. تێڕوانینی دووەمیان زۆرتر لەسەر هەست و سۆزێکی نەتەوەیی بوونیادنراوە، هەرچەندە کاری بۆ دیدەکەی خۆی کردووە بە وەرگیڕانی چەندان بەرهەمی یەشار کەمال و بەڕێخستنی پرۆژەیەک بۆ بە کوردی کردنی یەشار کەمال لە هەر دوو ئاستی زمان و کەسێتیدا، لەمەش زیاتر دەیانەوێ ڕوحی کوردبوون بکەنەوە بە بەری یەشار کەمالدا. من لێرەدا بە دوای ئەوەوە نیم لە گرنگی و بایەخی یەشار کەمال وەک  نووسەرێک کەم بکەمەوە، بەڵکوو دەمەوێ ڕەخنە لە تێزی گەڕانەوەی زمانی کوردی بۆ یەشار کەمال و بەکوردیکردنی کەسێتی یەشار کەمال بگرم بە لەبەرچاوگرتنی فاکتە مێژووییەکان و بەرهەمەکانی خودی نووسەر. ئەوە شتێکی بەڵگەنەویستە کە یەشار کەمال وەک نووسەرێک چۆن دەینووسی و چەند خزمەتی بە دنیای ئەدەب و نووسین کردووە تەماشا بکەین ئەوە باسێکی ترە؛ بەڵام ئەگەر وەک  نووسەرێکی کورد کە خۆی و بەرهەمەکانی لە سەر کورد و دۆزی کورد بێ ئەوا خودی یەشار کەمال و ئەوانەشی ئاوها لێی دەڕوانن دەکەونە بەردەم پرسیارگەلێکی گرنگەوە. ئەم نووسینەی من لێکۆڵینەوەیەکی ڕەخنەییە لەو راستییەوە!

نووسینێک بۆ پڕۆژەی بەکوردیکردنی یەشار کەمال

لە نێوەندی ڕۆشنبیریی ئێمەدا بیر و بزاوتێک هەیە کە دەیانەوێ یەشار کەمال بکەن بە کورد. لەم ڕاستییەدا وتارێک و پەرەگرافێکی فەیسبووکی لەبەرچاو دەگرم. یەکێکیان هی کاک بەکر شوانییە سەبارەت بە گەڕانەوەی زمانی کوردی بۆ یەشار کەمال. ئەوی تریش، پەرەگرافێکی نووسەر و شاعیری کوردستانی ڕۆژهەڵات کاک ناسڕی حسامیە کە لە فەیسبووکی خۆی دایگرتووە و کاک بەکر لە وتارەکەی خۆیدا دایگرتووەتەوە. لەوێدا کاک ناسر تیئۆری بە کەسێتی کوردی کردنی یەشار کەمال ئاماژە پێ دەدات.

یەشار کەمال (١٩٢٣-٢٠١٥) وەک لای هەمووان ناسراوە یەکێک لە ڕۆماننووسسە بە تواناکانی تورکیا و جیهانە و بەرهەمەکانی بۆ چەندان زمانی جیهانیی وەرگێڕدراوە لەوانەش کوردی. باکگراوندی ڕەگەزی نەتەوەیی یەشار کەمال کە کوردە، بووەتە جێگەی شانازییەکی گەورە بۆ ژمارەیەکی زۆر لە  نووسەر و قەڵەمبەدەست و نێوەندی ڕۆشنبیریی کوردی. پرۆژەی گەڕانەوەی زمانی کوردی بۆ یەشار کەمال مەبەست لێی وەرگێڕانی تەواوی بەرهەمەکانی یەشار کەمالە بۆ زمانی کوردی، چونکە وەک کاک بەکر دەڵێ “بۆن و بەرامەی کوردی و کوردەواری لە بەشی زۆری ڕۆمان و چیرۆک و ڕیپۆرتاژ و وتارەکانی یەشار کەمالدا هەیە.” (س٢). بەڵام، دەبێ پرسیار بکەین: ئایا تا چەند یەشار کەمال کورد بووە و ژیان و بەرهەمەکانی تا چەند پەیوەندییان بە کورد و دۆزی کوردەوە هەیە.

ئەگەر بێتو یەشار کەمال وەک نووسەرێک چۆن دەینووسی و چەند خزمەتی بە دنیای ئەدەب و نووسین کردووە تەماشا بکەین، ئەوە باسێکی ترە؛ بەڵام، ئەگەر وەک مرۆڤێکی کورد و  نووسەرێکی کورد کە خۆی و بەرهەمەکانی لە سەر کورد و دۆزی کورد بێ، ئەوا خودی یەشار کەمال و ئەوانەشی ئاوها لێی دەڕوانن دەکەونە بەردەم پرسیارگەلێکی گرنگەوە.

 

” نووسەر دەبێ قسەی هەبێ لەسەر ڕووداوەکان”

– یەشار کەمال

 

نووسەر ئەو نووسەرەیە بەرهەمەکانی ڕەنگدانەوەی ڕووداوەکانی وڵاتەکەی و میللەتەکەی بێت. واتە دەبێ قسە و هەلویستی لەسەر رووداوە گرنگەکانی وڵات هەبێ. ئەمە ئەو تێگەیشتنە بنەڕەتی و سادەیەیە کە هەر ئەدیبێک و لێکۆڵەرێک و ڕۆشنبیرێک دەیزانێ کە  نووسەر دەبێ وابێ بۆیە کە یەشار کەمال خۆی لە چاوپێکەوتنێکیدا سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی تورکیا دژ بە کورد دەڵێ: “بە چەندان شەو خەو نەدەچووە چاوم. ویژدانم ئەزیەتی دەدام. بە خۆمم دەگوت تۆ نووسەری، تۆ هەر دەبێ قسەت هەبێ.” (س١) بەڵام، ئایا یەشار کەمال وا بوو؟ گەر وا بوو بۆچی تاکوو تەمەنی حەفتاودوو ساڵی نەهاتە دەنگ لەسەر کێشەیەک کە لەو وڵاتەدا بەدرێژایی تەمەنی خۆی تا ئەو ڕۆژەی کۆچی هەتاهەتایی کرد بوونی هەبووە و هەیە. ئەو ڕووداوە گرنگ و هەستیارانەی لە تورکیا بەرامبەر بە گەلانی غەیرە تورک کرا، بەتایبەت کورد لە تورکیای نوێدا، چارەنووسیانی بۆ چەندان سەدە و بگرە هەتا هەتایە دیاری کرد، ئایا نەدەبوو ڕەنگدانەوەی هەبووایە لەسەر کار و بەرهەمەکانی؟ نەدەکرا، بەلای کەمەوە، یەکێک لە ڕۆمانەکانی ڕاستەوخۆ لەسەر مرۆڤی کورد و ژیانەکەی بووایە؟ کەچی هیچ یەکێک لە ڕۆمانەکانی ناچن بە لای ئەو ڕووداوانەدا.

گەر لەسەردەمی عوسمانییدا بەشی زۆری کوشتارگەی مرۆڤە غەیرە تورکەکان بەر ئەرمەنییەکان کەوت ئەوا لە سەردەمی نوێی تورکیادا کورد ئەو بەشە زۆرەی بەردەکەوێت و بگرە گەر مەرگەساتی ئەرمەنەکان لە قۆناغێکی دیاریکراودا پیادەکرا و تەواو بوو ئەوا مەرگەساتی کورد نەبڕاوەتەوە و لەوساوە بەردەوامە تاکوو ئێستا.

نووسەر چییە گەر بەرهەمەکانی ڕەنگدانەوەی ئەو مێژووە نەبێت کە خۆی تێیدا ژیاوە. لە ژێر هەر بیانوویەکدا بێت ئەو ڕەنگدانەوەیە نەبێتە توێشووی بەرهەمەکانت ئەوا لەبەردەم مێژوودا بەرپرسیار دەبیت. ئەوە دروستە تورکیا سەرکوتترین رژێمی ناوچەکەیە دژ بە کورد، بەڵام ئایا ئەمە دەبێ وا لە نووسەرێکی گەورە بکات کە بەدرێژایی نەوەدودوو ساڵ لە تەمەن هیچ یەکێک لە بەرهەمەکانی ڕەنگدانەوەی کارەسات و مەرگەساتە بەردەوامەکانی میللەتەکەی نەبێت. نووسین بە زمانی میللەتی سەردەست دەرفەتێکی ئاڵتوونییە کە مێژوو بۆ خۆت و خەڵکەکەت بنووسیتەوە. یەشار کەمال لە پێناو بیروباوەڕی چەپبوونی خۆیدا و لە ترسی دەستگیرکردنی، تورکیا بەجێدەهێڵێ و دەچێتە هەندەران و نزیکە دوو ساڵێک دەمێنیتەوە لەوێ، ئایا نەیدەتوانی لەو مێژووە دەوڵەمەندە بە کارەساتباراوییەی کورد ڕۆمانیک بنووسێ و لە پێناویدا تورکیا بەجێبهێڵێ ڕوو لە هەندەران بکات، یاخود لە ناوەوەی وڵات بمێنێتەوە و وەک ئیسماعێل بێشکچی و پامۆک و ئەحمەد کایا و… هتد. بەرەو ڕووی دادگا و زیندان بێتەوە.

ئەحمەد کایا لە بەرامبەر یەشار کەمالدا

ئەحمەد کایا و یەشار کەمال هەر دوو بەڕەچەڵەک کوردن و لە هەمان وڵاتی تورکیا دەژین و هەمان ژینگەی سیاسی و فەرهەنگیان هەبوو، بەڵام ئەحمەد کایا توانیویەتی جەسارەتی خۆی نیشاندا لەوەی لە دواساڵەکانی ژیانی خۆیدا دانی پێدانا کە چ هەڵەیەکی گەورەی کردووە لەوەی خزمەتی بە هونەری تورکی کردووە. خۆزگە یەشار کەمالیش نەک لە دواساڵەکانی خۆیدا، بەڵکوو لە دواساتەکانی خۆیدا دانپێدانانێکی ویژدانی وەک ئەحمەد کایای دەبوو، بەڵام کە نەیبوو ئەوا ئەو ڕاستگۆ بوو لەگەڵ خۆی و ئەوە ئێمەین ئێخەی بەرنادەین. ئەو ڕاستگۆبوو لەوەی کە  نووسەرێکی تورکە و تەواوی ژیانی خۆیشی لە پێناو نووسین و فەرهەنگ و زمانی کوردیدا خەرج کرد. لێرەدا بە پێویستی دەزانم کە چەند دێڕێکی ئەحمەد کایا بهێنمە بەر دیدی خوێنەر و ئەو حوکمەی سەر یەشار کەمال بۆ خوێنەر بەجێدەهێڵم. کایا دەڵێت: “هەمووان دەیانزانی کوردم بەڵام کاتێک لە زاری خۆمەوە بیستیان، هەموو شتێکی سەر مێزەکانیان تێگرتم، لەو کاتەدا دڵم زۆر توند بوو، لە ناخەوە بۆ بێکەسی خۆم دەگریام، کە نەمدەزانی چۆن بە دوو دەست بەرگری لە خۆم بکەم لەو شتانەی پێیاندا دەدام، بەخۆمم دەگوت: ئەوە باجی چل ساڵ خزمەتکردنتە بە هونەر و ئەدەبیاتی تورک، بەڵام ئەو سووکایەتی پێکردنە حاڵیی کردم خزمەتکردنم بە تورک کارێکی بێمێشکانە بووە.”

بەرپرسیارێتی مێژوویی یەشار کەمال لەوەدا دەچێتە گەردنی کە کوردە و ئێمە دەیکەین بە کورد بەڵام ئەو کە خوی دەڵێ “من  نووسەرێکی تورکم و هەموو ژیانم لە پێناو زمان و فەرهەنگی توکیدا داناوە” کەواتە با واز لە کوردبوونی بهێنین و نە ئەو و نە خۆشمان تووشی سەرەگێژە نەکەین و ئەو نرخەی بدەینێ کە خۆی هەیەتی؛ ئەگەرنا، لەمە زیاتر ئێمە خۆمان ماندوو دەکەین و ئەویش دەخەینە ژێر پرسیارەوە. داواکردنی ئەو کە بەرهەمەکانی بکرێ بە کوردی هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێ و ناتوانرێ بەرگی کوردبوون بکرێتەوە بە بەری یەشار کەمالدا. وەرگێڕانی هەموو بەرهەمەکانی ئەو بۆ سەر زمانی کوردی وەک هەموو ئەو زمانانەی تر وایە کە بەرهەمەکانی تێدا وەرگێڕدراوە. ئەو بە ڕێککەوتێکی مێژوویی لە خێزانێکی کورد لەدایک بوو کە هەڵبژاردەی خۆی نەبووە وەک هەر یەکێک لە مرۆڤەکانی ئەم سەر زەمینە. بوون بە  نووسەرێکی تورکزوبان و تەرخانکردنی هەموو ژیانی خۆی لە پێناوی زمان و فەرهەنگی تورکییدا ئەوە هەڵبژاردەی خۆیەتی کە بەوپەڕی کەماڵی عەقڵی خۆیەوە ئەو ڕێچکەیەی هەڵبژاردووە و دەبێ ڕێزی لێ بگرین و نەیکەن بە شتێکی تر. من دڵنیام گەر سەردانی بەردەوام و پەیوەندی بەردەوام نەبووایە، یەشار کەمال بۆ خۆی ئەم بابەتی کوردبوون و پرۆژەی کوردبوونەی بۆ قەزیە نەبووە.

یەشار کەمال و سیاقی مێژوویی

“هەڵسەنگاندن و تێگەیشتنی بابەتیانە لە هەر بەرهەمێکی ئەدەبی لە کۆنتێکستە مێژووییەکەیدایە.” چونکە “کۆنتێکستی مێژوویی بەشێکی ئێجگار گرنگە لە ژیان و کاری ئەدەبیدا و بێ ئەو هەر کاراکتەر و یادەوەری و چیرۆکێک کورت دەهێنێ.” (س٨) گەر بێتو ڕۆمانەکانی یەشار کەمال بدەینە بەر ڕێژنەی ئەو سیاقە مێژووییە کە خۆی و میللەتەکەی تێیدا ژیاون، ئەوا گشت بەرهەمەکانی دەکەونە بەر تیغی ڕەخنەی جدیەوە لەوەی هیچ بەرهەمێکی باسی کورد و دۆزی کورد ناکات. زمان و داڕشتن و ئاستی وێژەیی رەگەزگەلێکی گرنگن، بەڵام ڕەگەزێک کە لە سەرووی هەموویانەوەیە بابەتەکانی ناو ڕۆمانە، ئەو ڕووداوانەی لە چوارچێوەیەکی مێژووییدا ڕوودەدەن و ڕۆمانەکەی تێدا دێتە بەرهەم ئەوە ڕەگەزی سەرەکییە. ڕۆمان چییە گەر ڕووداوە دڵتەزێن و مەرگەساتبارییەکانی میللەت و وڵاتەکەی خۆت و ژیانی پڕمەینەتی و ڕۆژانەی ژیانی مرۆڤەکانی نەنووسێتەوە. گەر لە دەمانی کۆن داستانەکان هەبوون هەموو چیرۆکە خۆش و ناخۆشەکانیان بە زارەکی دەگێڕایەوە، ئەوا ڕۆمان لە سەردەمی نوێدا هەمان ئەرک دەگرێتە ئەستۆ، بەڵام بە نووسراوەیی. هیگڵ لەخۆڕا ئەو دەستەواژەیەی نەهێنایە ناوەوە کە دەڵێ: ڕۆمان داستانی سەردەمی بۆرجوازیە.

یەکێک لە ڕەگەزە پایەییەکانی ڕۆمان مێژووە. ڕۆمان بۆ خۆی وەک داستانێکی سەردەمی بورژوازی لەدایکبوو، کە چیرۆک و ڕووداو و داستانە سیاسی و کۆمەڵایەتی و مرۆییەکان تۆمار دەکات، بەڵام لە ژانرێکی ئەدەبی جیاوازدا. دیارە گێڕانەوەی هەر چیرۆکێک بۆ خۆی باسی مێژوویەکە، بەڵام مێژوو هەیە لە ناو مێژوودا. ڕۆمان وەک نوێنەرایەتیکردنی ژانرێکی ئەدەبی دیاریکراو، ئەو مێژووە دەگیڕێتەوە کە مێژووی دروست کردووە. بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەک تورکیادا ئەو ڕووداوانەی لە مێژووەکەیدا ڕوویانداوە مێژوویەکی دروست کردووە، کە ئەستەمە چیرۆکنووس بیت ونەتوانی نەیانووسیتەوە. مێژووی داگیرکدنی خاکێک، کوشتنی ملیۆنان مرۆڤ تێیدا، پاکتاوکردنی ڕەگەزی سیستماتیکی بەردەوام نەتوانێ ببێتە بەرهەمێکی ئەدەبی نووسەرێک کە خودی نەتەوەکەی یەکەمین قوربانی ئەو مێژووە بێ، ئاخۆ دەبێ چ پرسیارگەلێک بەرەوڕووی ببێتەوە؟ مێژووی کورد لە ڕۆمانەکانی یەشار کەمالدا بەو ئاستە کارەساتباری و مەرگەساتباری بەسەر کورددا هاتووە هیچ بوونی نیە. ئەو بەرهەمانەی گوایە بۆن و بەرامەی کوردەواری لێ دێن ناسنامە و ڕەگەزی نەتەوەیی کوردی تێدا نییە.

ئایا سەرکوتی تورکیا بۆ سەر کورد و ئەوانی تر دەکرێ وەک بڕوبیانوویەکی مێژوویی تەماشا بکرێ بۆ ئەو بێدەنگبوون و بێهەڵوێستییە و شاردنەوەی بەرپرسیارییەتی مێژوویی نووسەر؟ ئایا سیاقی مێژوویی چییە کە نووسەری تێدا دەژی و تێیدا هەڵدەکەوێت؟ ئایا جیاوازی چییە لە نێوان ئەو چوارچێوە مێژووییەی یەشار کەمالی تێدا بووە و ئەوانی تری تێدا ژیاوە لە هەمان زەمان و مەکاندا کە لەسەر کورد و پرسی کورد هاتوونەتە دەنگ، بەڵام ئەم هیچ دەنگێکی نەبووە؟ خۆ محەمەد ئۆزۆنیش خەڵکی هەمان شوێنە وەک یەشار کەمال، بەڵام ئەو نەک هەر ئەوەی نەکرد کە باس لە کورد و کوردبوون وجودی نەبێ، بەڵکوو بەرهەمەکانی بە زمانی دایکی خۆی نووسی. ئەو هات خۆی فێری زمانی کوردی کرد و بەرهەمەکانی بە زمانی کوردی هاتە نووسین و وەشاندن. دیارە من لێرەدا نامەوێ بچمە سەر ئەو بابەتی زمانە، بەڵام گەر یەشار کەمالێک هێندە بەتوانا بێ لە زماندا و بتوانێ نەک داهێنان بەڵکوو ئەفراندن بکات لە زمانی تورکیدا، بەوەی کە فەرهەنگی تایبەتی بە ناوەوە دادەنرێت، ئاخۆ نەیدەتوانی خۆی فێری زمانی کوردی بکات چ ئاخاوتن و چ نووسین؟ زانستی نوێی زمان ئەوەمان پێ دەڵێت؛ کە فێربوونی زمان هیچ پەیوەندی بە تەمەنەوە نییە بەڵکو پەیوەندی بە شەیدابوون و هەوڵدانەوە هەیە.

یەشار کەمال و سیاسەت

یەشار کەمال کەسێکی سیاسی و چالاکوانێکی سیاسی دەرکەوتوو بووە و لە خۆپیشاندانەکانی پارتی کرێکارانی تورکیای ساڵانی شەستەکاندا بەشداری سەرەکی هەبووە. یەکێک بووە لەو ناوانەی کاتێک ئاڵوگۆڕی سیاسی لە تورکیادا ڕوودەدات لە ساڵانی کۆتایی شەستەکاندا بەتایبەت کودەتای سەربازی لە ساڵی ١٩٧١ کە کەمپینی گرتن و تیرۆکردنی نەیاران و چالاکوانانی ڕەوتی چەپگەرایی سیاسی تەشەنە دەکات، یەشار کەمال هەڵدێ لە وڵات و بەرەو هەندەران دەڕوات و دوای نێزیک بە دوو ساڵ دەگەرێتەوە تورکیا. ئەوەی دەمەوێ ئاماژەی پێ بدەم ئەوەیە کە هیچ یەکێک لە وێستگە و کار و چالاکییە سیاسییەکانی یەشار کەمال، دوور یان نزیک پەیوەندی بە کورد و کوردبوونی خۆیەوە نەبووە. بەشداریکردنی یەشار کەمال لە دونیای سیاسەتدا ئەوەی بەڕوونی دەرخست کە یەشار کەمال ڕۆشنبیرێکی سیاسییە و ئاگای لە خشپەی مار و مێرووی ئەو وڵاتە هەیە و وەک خۆی دەڵێ باوەڕی یەقینی بەوە هەیە کە “نووسین کردەیەکی سیاسییە بە مانای فراوانی وشەکە و کاریگەری ڕاستەقینەی خۆیشی هەیە.” (س٩)

پرسیارگەل هەن لەم بارەیەوە بکرێ، بەڵام یەک پرسیار بەسە بکرێ: ئایا لە دۆزی کورد سیاسیتر هەیە؟ نەک هەر لە تورکیا، بەڵکوو لە جیهانیشدا کە هیچ یەکێک لە بەرهەمەکانی یەشار کەمال لەسەر مرۆی کورد و پرسەکەی نییە و بگرە تاکوو تەمەنی حەفتاودوو ساڵیش هیچ هەڵوێست و دەنگێکی لێوە نەهات لەسەر کورد لە تورکیادا؛ لە کاتێکدا نووسەر و ئەدیبی تورک هەبوون لەسەر کورد و دۆزەکەی سزای سیاسی و ماڵیی و زیندانی دەکران؟ با حەمەدۆک لەسەر زەوی وڵاتی کوردان بێت کاتێک بابەتەکە هیچ پەیوەندی بە بەشمەینەتی و چەوسانەوەی کورد نەبێت. گەر بیروباوەڕی چەپبوون گوزارشت لە کێشەیەکی چینایەتی پڕ چەسانەوەی ئاغایەک و زەحمەتکێشێک بکات، بۆ ئەو بیروباوەڕە نەتوانی نووسینێک بەرهەمبهێنێ باس لە چەوسانەوەی میللی و جینۆسایدی جەستەیی و فەرهەنگی نەتەوەیەکی گەورەی وڵاتەکە بکات، لە کاتێکیشدا خۆی بە رەچەڵەک ئەنامێکی ئەو نەتەوەیە بێت.

ئەوەی من لێرەدا دەمەوێ بیڵیم هەرگیز بەو مانایە نییە کە لە کوردستان داوا لە ڕۆشنبیران و  نووسەران دەکرێت هەڵوێستی سیاسیان هەبێت سەبارەت بە کێشە و ململانێی حیزبەکان یاخود وەک ئەوەش نییە کە “پیەر بۆردیۆ” دەیڵیت گوایە هەڵوێستی سیاسی  نووسەر لە کێڵگەی ڕۆشنبیری دەردەهێنێت؛ بەڵکوو بەو مانایەیە ئەدەب چییە گەر گوزارشتکەری واقعی وڵات و خەڵکەکەی خۆی نەبێت؟ چەوسانەوە و ژێردەستەیی و سەرکوت و کوشتارگەکان کە بە بەرچاوی خۆیەوە ڕوویان دا بێت، نەتوانێ سکی نووسەرێک پڕ بکات بە بەرهەمێک یاخود ویژدانی نەجوڵێنێ یان جەسارەتێکی مرۆیی پێ نەدات، ئاخۆ چی تر هەیە ئەو  نووسەرە نەخاتە ژێر پرسیارەوە. کاتێک لایەک لە وڵات خاپور دەکرێ و داروپەردووی بەسەر یەکدا دەسووتێ و ژن و کچ لاقە دەکرێن و مەمکیان دەبڕدرێن و بەکۆمەڵ دەکوژرێن و دەسووتێنرێن و ئەوەشی ماوە وەک لە ئاژەڵ خراپتر مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێ و سەرکردەکەیان لە سەر خوانی میوانی و گفتوگۆ بە داردا دەکرێ و دواتر دەیکەن بە عیبرەت خەڵکەکەی و مێژووەکەی تەنها بە خاتری ئەوەی دەیانەوێ ناسنامەی ڕەگەزی و فەرهەنگی و مافی سەربەستیبوونی وڵاتی خۆیان داوا بکەن؛ بەڵام  نووسەر لەولاوە خەریکی نووسینی ڕۆمانێک بێت کە دوور و نزیک پەیوەندی بەو واقع و رووداو و ژیانی ڕۆژانەیەوە نییە کە خۆی تێیدا ژیاوە.

ئەم هەڵوێستەی یەشار کەمال یادەوەرییەکی نازم حیکمەتم دێنێتەوە یاد کە حیلمی عەلی شەریف ساڵی ١٩٨٩ لە ڕۆژنامەی هاوکاریدا دەربارەی ئەو دەمی بیرستروێکا و ڕووداوە نوێیەکانی جیهان دەینووسی. دەڵێت: کاتێک خەڵکان و نووسەران و چالاکوانانی چەپ و ئازادیخواز لە تورکیا لە ژوورەکانی زینداندا بوون، نازم حیمەت خەریکی شعر نووسین بوو بۆ ڕەشەکانی ئەریقیا لە کاتێکدا کوردەکانی ژوورەکەی ئەودیو فەلاقە دەکران و لەسێدارە دەدران.

بیروباوەڕی چەپێتیبوون پڕبەهانەترین ڕێگە بوو بۆ یەشار کەمال کە خۆی لە کوردبوون و کێشەکەی بدزێتەوە و خۆی لە ژیان و کەسێتی تورکیدا بەرجەستە بکات. كەسێتی و پارت و جوڵانەوە چەپەکانی ئەو دەورانانە کەم نین کە بە بیانووی بیورباوەڕی چینایەتییەوە خۆیان لە مەسەلەی نەتەوەیی میللەتانی ژێر دەستە دەدزیەوە بەو بیانووەی گوایە مەسەلەی چینایەتی لە پێشترە وەک لە مەسەلەی نەتەوایەتی. دەکرێ لە باری تیۆرییەوە ئەو بابەتە ڕاست بێت بەڵام ئەوە کۆمەڵێک حوکم و ژینگەی خۆی هەیە و هەمووشیان جەخت لەسەر مافی نەتەوەیی میللەتەکان دەکەن و بگرە مافی چارەی خۆنووسینی میللەتان یەکێک بووە لە پایە سەرەکییەکانی مارکسیزم-لینینزم و جوڵانەوە مارکسییەکانی ئەو کاتە. ئەو دەمەی یەشار کەمال حەمەدۆک دەنووسێ کە تێیدا کێشەیەکی چینایەتی دەخاتە ڕوو، شۆڕشەکەی سەید ڕەزا هەڵدەگیرسێ کە تێیدا دوو پەیام هەم تیۆری و هەم سیاسی تێدا بەرجەستە بووە. ئەوانیش: ئەو شۆڕشە هەڵایسانێکی میللی نەتەوەیەکە کە داکۆکی لە مانەوەی ناسنامە و فەرهنگیان دەکەن، هەروەها کێشەیەکی چینایەتی بەرهەقی سیاسییە کە میللەتێک دەچەوسێنرێتەوە لە لایەن میللەتێکی ترەوە. ئەفسوس یەشار کەمال ئەمانە هیچی نابینێ و ئیمەش ئیستا دەمانەوێ بە زۆر بیکەین بە ڕۆمانووسێکی کورد و پرسی کورد.

بڵاوکردنەوە: