ماسییه‌ك له‌ زه‌لكاودا

1274
0
بڵاوکردنەوە:

چیرۆک

نووسینی: ئەڵوەند تەڵعەت

جه‌نگیزخان

خه‌ریكى كێشانى تابلۆیه‌كم، به‌ڵام ڕه‌نگه‌كانیم بۆ ده‌رناكرێت، ده‌مه‌وێت ماسییه‌كه‌ ڕه‌نگى سه‌وز بێت و ئاوى ڕووباره‌كه‌ش شین، كه‌چى هه‌رچى ئه‌كه‌م ئاوه‌كه‌ ڕه‌ش ده‌رده‌چێت و ماسییه‌كه‌ش سوور، ده‌سته‌كانم ده‌له‌رزێت و ناتوانم فڵچه‌كه‌ بۆ ئه‌و ڕه‌نگه‌ ببه‌م كه‌ ده‌مه‌وێت، به‌رده‌وام هه‌وڵده‌ده‌م، به‌ڵام هه‌ر شكست ده‌هێنم، وه‌ك ئه‌وه‌ى شكست بووبێت به‌ خوێنم و به‌ناو ده‌ماره‌كانمدا هاتوچۆ بكات. له‌وكاته‌ى كه‌ ده‌مه‌وێت ڕه‌نگى شن و زه‌رد تێكه‌ڵ بكه‌م بۆئه‌وى سه‌وز ده‌ربچێت كه‌چى پڕته‌قاڵى ده‌رده‌چێت پیاوێكى سه‌ر و كه‌لله‌ زلیش به‌ ژوور ده‌كه‌وێت، كڵاوێكى ئاسنینى له‌سه‌ره‌ و جل و به‌رگێكى سه‌ربازى چاخه‌ كۆنه‌كانى له‌به‌ردایه‌ و به‌ده‌ستى ڕاستى ڕمێكى به‌ده‌سته‌وه‌ گرتووه‌ و به‌ده‌سته‌كه‌ى تریشى بوتڵێكى ئاسنى شه‌وقدار، به‌هێمنى و به‌شۆقاوى گه‌وره‌ ژووره‌كه‌م ده‌پێوێت، سه‌رى به‌ره‌و خوار شۆڕكردۆته‌وه‌ و لە‌ژێر لێوه‌وه‌ شۆ‌قاوه‌كانى ده‌ژمێرێت.

نۆسه‌د و په‌نجاویه‌ك… نۆسه‌د و په‌نجاودوو… نۆسه‌د و په‌نجاو …سێ…

ته‌واو، ئێره‌یه‌. له‌ كۆتاییدا واخه‌ریكه‌ ئه‌ركه‌كه‌م به‌ كۆتا دێت. ئه‌وه‌ له‌به‌رخۆیه‌وه‌ ده‌ڵێت و پاشان سه‌رى به‌ لاى مندا ده‌سوڕێنێت.

خه‌نده‌یه‌كى سه‌یر ده‌كات، به‌ جۆرێك كه‌ دووچاوه‌ بچوكه‌ بزێوه‌كانى و ڕه‌نگه‌ په‌مه‌ییه‌كه‌ى و ڕوومه‌ته‌ سوتاوه‌كانى گاڵته‌جاڕانه‌تر له‌وه‌ى كه‌ هه‌یه‌ نیشانده‌دات.

ویستم لێى بپرسم كێى! به‌ڵام ئه‌و زووتر فریاكه‌وت. من جه‌نگیزخانم! پاشاى پاشاكان و هه‌ڵبژارده‌ى خودا و نێردراوى ئاسمان، من ئه‌مڕۆ دووباره‌ گه‌ڕاومه‌ته‌وه‌ بۆ به‌جێگه‌یاندنى ئه‌ركێكى مه‌زن….

سه‌یرى ده‌كه‌م و هیچ ناڵێم. نازانم، یان له‌وانه‌یه‌ نه‌توانم هیچ بڵێم، ئه‌وه‌ كێیه‌ خۆى له‌ من كردووه‌ به‌ جه‌نگیزخان؟! ئه‌ى ئه‌گه‌ر ئه‌ویش بێت چى ده‌كات لێره‌؟ ده‌بوایه‌ ئێستا ئه‌و له‌ باوه‌شى گه‌رمى جوانترین ژنه‌كانى جیهان بووایه‌ و خۆشترین خواردن و باشترین شه‌رابى له‌ ڕازاوه‌ترین كۆشك و ته‌لاره‌كانى دونیا بنۆشیبایه‌، نه‌ك لێره‌ و له‌و ماڵه‌ وێرانه‌ى من خه‌ریكى پێوانى ژووره‌كه‌م بێت.

پشت له‌ من ده‌كات و به‌ پێیه‌خشكێ خه‌ریكى پاككردنه‌وه‌ى به‌شێكى بچوكى ناوه‌ڕاستى زه‌وى ژووره‌كه‌مه‌، پاشان به‌توندى ڕمه‌كه‌ى ده‌چه‌قێنێت و بۆ دڵنیاییش به‌ نووكى پێڵاوه‌كه‌ى چه‌ند شه‌قێكى لێده‌دات، به‌ڵام زۆر توند دایكوتاوه‌ و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناجوڵێت.

ئێستا دیسانه‌وه‌ ڕوو له‌ من ده‌كاته‌وه‌ و به‌ تیله‌چاو سه‌ر مێزه‌كه‌ى به‌رده‌مم و ڕه‌فه‌كه‌ى ته‌نیشت جێخه‌وه‌كه‌م ده‌پشكنێت.

په‌رداخى ئاسنییت نییه‌؟!

له‌و ساته‌وه‌ى كه‌ هاتۆته‌ ژووره‌كه‌م ئه‌وه‌ یه‌كەمین جاره‌ ده‌مم داده‌پچڕم و شتێك ده‌ڵێم. پێموابێت ده‌ڵێم (نه‌خێر، له‌م ژووره‌ ته‌نها په‌رداخى شوشه‌ ده‌ست ده‌كه‌وێت).

سه‌رى باده‌دات و ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕێت، نه‌خێر شوشه‌ نابێت، ده‌بێت ئاسن بێت، من شوشه‌ به‌ سوكایه‌تى ده‌زانم، چۆن ده‌كرێت؟ نانا نه‌خێر نابێت، هه‌ر بیریشى لێ مه‌كه‌وه‌. به‌ ناو ژووره‌كه‌م چه‌ند پیاسه‌یه‌كى كورت ده‌كات و په‌نجه‌ى شایەتمانی له‌سه‌ر لێوى داده‌نێت، پاشان له‌پڕ سه‌رى به‌توندى به‌رز ده‌كاته‌وه‌ و به‌ده‌نگى به‌رز هاوار ده‌كات:

به‌ڵێ، دۆزیمه‌وه‌، ڕێگایه‌كى زۆر باشه‌، چۆن زووتر بیرم بۆ ئه‌وه‌ نه‌چوو.

كڵاوه‌ ئاسنینه‌كه‌ له‌سه‌رى ده‌هێنێته‌ خواره‌وه‌ و له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ى به‌رده‌مم دایده‌نێت، پاشان سه‌رى بوتڵه‌كه‌ ده‌كاته‌وه‌ و شله‌یه‌كى سوورى جه‌رگیی تا نیوه‌ى تێده‌كات. به‌ هه‌ردوو ده‌ست هه‌ڵى ده‌گرێت و پێشكه‌شى منى ده‌كات.

پێى ده‌ڵێم ئه‌وه‌ چییه‌؟!

به‌خه‌نده‌یه‌كى گاڵته‌جاڕانه‌وه‌ ده‌ڵێت ئه‌وه‌ شه‌رابى شكۆمه‌ندییه‌. ئێستا تۆ پاسه‌وانى كۆڵه‌گه‌ى زه‌ویى، بۆ ئه‌مه‌ش پێویستت به‌ شكۆمه‌ندییه‌، هه‌ربۆیه‌ هه‌رچه‌ندى ده‌ته‌وێت ده‌توانیت له‌ شه‌رابى شكۆمه‌ندى بنۆشیت.

ده‌مه‌وێت پێى بڵێم بۆ ده‌بێت من پاسه‌وانى كۆڵه‌گه‌ى زه‌وى بم، به‌ڵام ئه‌و هه‌ڵده‌ستێت و به‌ره‌و لاى ڕمه‌كه‌ هه‌نگاو ده‌نێت. چه‌ند جارێك به‌ ده‌ورى ده‌خولێته‌وه‌ و پاشان دێته‌ سه‌رباسكردنى خۆى:

هه‌ڵبه‌ته‌ ناوى منت له‌ شوێنێك، یان له‌ كه‌سێك هه‌ر بیستوه‌. من جه‌نگیزخانم، ڕۆڵه‌ى ئاسمان و به‌رجه‌سته‌كارى ئیراده‌ى خوداوه‌ند. من ئه‌مڕۆ هاتووم بۆ دووباره‌ گێڕانه‌وه‌ى زه‌وى بۆ سه‌ر ڕێڕه‌وى خۆى. ڕه‌نگه‌ هیچ كه‌سێك ئه‌وه‌ نه‌زانێت كه‌ گه‌ردوون سوڕێكى خۆى ته‌واو كردووه‌ و ئه‌گه‌ر فریاى نه‌كه‌وین زه‌وى هاوسه‌نگى خۆى له‌ ده‌ست ده‌دات و گلۆر ده‌بێته‌وه‌ بۆ ناو بۆشایی گه‌ردوون و دواجار له‌ چاڵه‌ ڕه‌ش و تاریكه‌كانیدا ون ده‌بێت. من جارێك و له ‌سه‌رتاى سوڕى گه‌ردوون ئه‌و ڕمه‌م  له‌ پشتى زه‌وى چه‌قاند، بۆ ڕاگرتنى هاوسه‌نگییه‌كه‌ى و خۆلانه‌وه‌ به‌ ده‌وریدا، ئێستاش له‌ ده‌ستپێكى سوڕى تازه‌دا ده‌مه‌وێت هه‌مان كار ئه‌نجام بده‌م. جارى پێشوو هه‌ر بۆ خۆشم پاسه‌وانێتى ڕمه‌كه‌م ده‌كرد و هه‌ر خۆشم له‌و شه‌رابه‌م ده‌خوارده‌وه‌، به‌ڵام ویستى چاره‌نووس ئه‌م جاره‌ تۆى ڕاسپاردووه‌ بۆ ئه‌و ئه‌ركه‌، بۆیه‌ پڕبه‌دڵ پیرۆزبایى هه‌ڵقوڕاندنى شه‌رابى شكۆمه‌ندیت لێ ده‌كه‌م.

به‌درێژایى قسه‌كانى كڵاوه‌ شه‌رابه‌كه‌ى به‌ هه‌ردوو ده‌ست به‌ره‌و لاى من درێژ كردووه‌، ده‌مه‌وێت پێى بڵێم كه‌ من حه‌ز به‌ خواردنه‌وه‌ى شه‌راب ناكه‌م، به‌ڵام ئه‌و ده‌ستى كردووه‌ به‌ پیاهه‌ڵدانى شه‌رابه‌كه‌ى.

ئاگاداربه‌، ئه‌وه‌ شه‌رابێكى ئاسایی نییه‌، هیچ كه‌ ته‌مه‌نى زیاتر له‌ نۆسه‌د ساڵه‌، بگره‌ پێكهاته‌كه‌شى زۆر سه‌رنجڕاكێشه‌، ئه‌وه‌ تێكه‌ڵه‌یه‌كه‌ له‌ خوێنى لاوى تازه‌ پێگه‌یشتو و شیرى تازه‌ى مه‌مكى دایكانى تازه‌ مناڵبو و بۆنى جه‌سته‌ى كچانى شۆخ  و فرمێسكى گه‌رم و تازه‌ هه‌ڵڕشتووى دایكان. ئه‌وه‌ دیارییه‌كى كه‌موێنه‌یه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن پاشاى پاشاكانه‌وه‌ دروستكراوه‌ و هه‌ر به‌ ده‌ستى خۆشى پێشكه‌شت ده‌كات، ئه‌وه‌ش له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌ركێكى ئاسان، به‌ڵام مه‌زن.

هیچ ناڵێم، ته‌نها كڵاوى شه‌ڕابه‌كه‌ وه‌رده‌گرم و به‌سه‌ر سه‌رى خۆمه‌وه‌ى ده‌كه‌م، تامى سوێره‌ وه‌ك فرمێسك، كه‌مێكیش شیرینه‌ له‌ شیرى دایكم ئه‌كات. بۆنى ناخۆشه‌، بۆنى خوێن ئه‌كه‌م، بۆنى جه‌سته‌یه‌كى خوێناوى ده‌كه‌م. لێوارى كڵاوه‌كه‌ له‌ لێوم دوور ده‌خه‌مه‌وه‌، سه‌رم سوڕ ده‌خوات و هێڵنجى ڕشانه‌وه‌م دێت.

ئه‌وه‌ مه‌ست بوونه‌، ئه‌وه‌ ئه‌و په‌ڕى چێژه‌. تۆ ئێستا له‌سه‌ره‌تاى په‌یپێبردنى به‌ نهێنییه‌كانى ژیان، هه‌وڵبده‌ چێژى لێ ببینى، تۆ ئێستا خاوه‌نى هه‌موو شتێكیت، خوێنى شكۆمه‌ندى ده‌ماره‌كانتى سڕكردووه‌.

سه‌رم گێژ ده‌خوات و بیناییم ته‌ڵخ بووه‌، قسه‌كانیم وه‌ك هاژه‌ى تاڤگه‌ دێته‌ به‌ر گوێ، ئێستا هه‌ست به‌ خۆم ناكه‌م، هه‌ست ده‌كه‌م له‌ قوڵایى چاڵه‌ ڕه‌شه‌كانى گه‌ردوونم، گوێم له‌ قیژه‌ى ماسییه‌كه‌، ده‌یه‌وێت له‌ هه‌ناوى خۆى بێته‌ ده‌ره‌وه‌ و ببێت به‌ هیچ، له‌ ڕه‌نگه‌ سووره‌كه‌ى بێزاره‌، تاریكى پێستى ئازارده‌دات، تاریكییه‌كى كوشنده‌ به‌تامه‌زرۆوه‌ ڕه‌نگه‌ سووره‌كه‌ى هه‌ڵده‌لوشێ. سه‌یرى كاتژمێره‌كه‌ى ده‌ستم ده‌كه‌م، كار ناكات. زه‌مه‌ن وه‌ستاوه‌ و میلى كاتژمێره‌كه‌ش نوستووه‌.

ئه‌وه‌ ئه‌وپه‌ڕى مه‌ستییه‌، ئێستا تۆ له‌ قوڵایى ده‌ریاى چێژ مه‌له‌ ده‌كه‌یت، هه‌وڵبده‌ هه‌ست به‌ ئاسوده‌یی بكه‌یت، بەئارامى مه‌له‌ بكه‌ و له‌ خوێنى لاوان و فرمێسكى چاوێكى ڕه‌ش و ته‌ڕ بخۆوه‌، له‌ بۆنى جه‌سته‌ى كچێكى ناسك و جوان چێژ وه‌رگره‌، گوێ بۆ سه‌مفۆنیاى سێكس بگره‌، گۆێ بۆ ئاوازى ناڵه‌ و گریان بگره‌، ئه‌و ده‌نگانه‌ وات لێ ده‌كه‌ن بخه‌ویت و خه‌ونى جوان ببینیت، خه‌ون به‌ گه‌وره‌یی ببینیت، له‌ به‌رزترین شوێن دانیشتوویت و مانگ له‌ لاى ڕاست و خۆریش له‌ لاى چه‌پت وه‌ستاوه‌ و پاسه‌وانیت لێ ده‌كه‌ن، ڤینۆسیش له‌ به‌رده‌مت سه‌مایه‌كى ئه‌فسوناوى ده‌كات، مرۆڤه‌كان له‌ ده‌مى كڕنوشبردندا سه‌ریان له‌ زه‌وییه‌كه‌ چه‌قاندووه‌ و ئه‌وپه‌ڕى كۆیلایه‌تیت بۆ ده‌نوێنن. ئه‌وه‌ جوانترین شتێكه‌ كه‌ شه‌رابى شكۆمه‌ندى پێت ده‌به‌خشێت، هه‌وڵبده‌ چێژى لێوه‌رگریت و به‌ته‌واوى هه‌سته‌كانته‌وه‌ تێكه‌ڵى ببه‌، ببه‌ به‌ ئه‌و، یان شكۆمه‌ندى له‌ ڕێگاى یه‌كه‌ به‌یه‌كه‌ دڵۆپه‌كانى شه‌رابه‌كه‌ له‌ هه‌ناوت بچه‌سپێنه‌ و پارێزگارى لێ بكه‌، چونكه‌ ئێستا تۆ پاسه‌وانى كۆڵه‌گه‌ى زه‌ویت و تا سوڕێكى تازه‌ى گه‌ردوون ئه‌ركى پاراستنى هاوسه‌نگى خۆلانه‌وه‌كه‌ى ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆى تۆ، زه‌وى ئێستا موڵكى تۆیه‌.

تینى ڕشانه‌وه‌ ته‌نگى پێهه‌ڵچنیوم، ده‌مه‌وێت بڕشێمه‌وه‌، له‌ ئێستادا ئه‌وه‌ گه‌وره‌ترین ئاره‌زوومه‌، ده‌مه‌وێت یه‌ك پارچه‌ ببم به‌ ڕشانه‌وه‌ و ڕۆبچمه‌ ناو قوڵایى درزێكى زه‌وى، بۆنى شه‌رابه‌كه‌ هه‌ناسه‌ى توند كردووم و ماسییه‌كه‌ش گینگڵ ده‌دات و هه‌ست به‌ ئازارى خنكان ده‌كات و واخه‌ریكه‌ ده‌بێت به‌ په‌ڵه‌یه‌كى ڕه‌شى خوێنى مه‌یوو. تامێكى سه‌یر گه‌رووى وشك كردووم، سوڕانه‌وه‌ى خوێن ده‌ماره‌كانم ئازار ده‌دات. له‌ قوڵایى چاڵه‌ ڕه‌شه‌كاندا هه‌ست به‌ هیچ شتێك ناكه‌م، ته‌نانه‌ت زه‌مه‌نیش وه‌ستاوه‌ و نازانم چه‌ندێكه‌ ئه‌و ئازاره‌ له‌ هه‌ناوم پێچ ده‌دات. ئێستا هه‌وڵ ده‌ده‌م په‌نجه‌ى شایەتمانم بدۆزمه‌وه‌، به‌ڵێ، ئه‌وه‌ فریادڕه‌سێكه‌ و ده‌توانێت له‌م بۆشاییه‌ سامناكه‌ ده‌رم بهێنێت. په‌نجه‌ى شایەتمانم به‌باشى ده‌ناسمه‌وه‌، په‌ڵه‌یه‌كى سوورى پێوه‌نوساوه‌، ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ خوێنى ماسییه‌كه‌ بێت، نه‌خێر ئه‌وه‌ ڕژان و تێكه‌ڵ بوونى ڕه‌نگه‌كانه‌، له‌ كاتى تێكه‌ڵبوونیان ڕه‌نگى سوور زاڵترینیانه‌ و هه‌موو شتێك ده‌بێت به‌ سوور. ئێستا به‌ ته‌واوى هێزى خۆمه‌وه‌ په‌نجه‌م له‌ گه‌رووم ده‌چه‌قێنم، هه‌رچه‌ندى زیاتر ده‌یچه‌قێنم هێڵنجى ڕشانه‌وه‌م توندتر ده‌بێت، ده‌ترسم تینى ڕشانه‌وه‌كه‌م ئه‌وه‌نده‌ به‌هێزبێت كه‌ پارچه‌یه‌ك له‌ جگه‌رم، یان ته‌واوى گه‌ده‌م له‌گه‌ڵى ده‌رپه‌ڕێته‌ ده‌ده‌ره‌وه‌.

ئێستا شله‌یه‌كى سوور پڕ به‌ زارم دێته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌و حاڵه‌ به‌رده‌وام بێت ده‌ترسم زه‌وى له‌ خۆیدا نۆقم كات، ڕشانه‌وه‌كه‌م نائاساییه‌ و هه‌ست ده‌كه‌م جه‌نگیزخانیشى توشى شۆك كردووه‌، چه‌ند هه‌نگاوێك ده‌گه‌ڕێته‌ دواوه‌ و چه‌ند شتێك ده‌ڵێت، به‌ڵام من گوێم له‌ هیچ شتێك نییه‌، هه‌ست ده‌كه‌م به‌و جۆره‌ زیاتر ئاسوده‌ ده‌بم، ده‌هێڵم زیاتر زارم بكرێته‌وه‌ و ئه‌و شله‌یه‌ به‌ خوڕتر بڕژێته‌ ژووره‌كه‌م، ڕه‌نگه‌ ئێستا خه‌مى ڕمه‌كه‌ى بێت، ده‌ترسێت نوقم بێت و ئیدى نه‌توانێت جارێكى تر بیبینێته‌وه‌.

– پێموابێت چه‌ند هه‌نگاوێك له‌ حیسابه‌كه‌م هه‌ڵه‌ بووم، ئه‌وه‌ ئه‌و شوێنه‌ نییه‌ كه‌ بۆى ده‌گه‌ڕێم، نه‌خێر، خاكه‌كه‌ى نه‌رمه‌ و ڕه‌نگه‌ به‌رگه‌ى قورسایی زه‌وى نه‌گرێت و له‌ ناوه‌ڕاسته‌وه‌ شه‌قى بكات.

په‌یكه‌رى شكاو

ژووره‌كه‌م تاریكه‌ و هیچ شتێك نابینم، به‌ ده‌سته‌كوتێ سویچى گڵۆپه‌كه‌ ده‌دۆزمه‌وه‌، به‌ڵام كاره‌با نییه‌. هه‌ست به‌ بێهێزى ده‌كه‌م، وه‌ك ئه‌وه‌ى جه‌سته‌م داڕزا بێت، بۆنێكى ناخۆشم لێدێت، بۆنى ڕشانه‌وه‌ ده‌كه‌م. قوڕگم وشك بووه‌ و ده‌مه‌وێت كه‌مێك ئاو بخۆمه‌وه‌ و قوڕگمى پێ ته‌ڕ كه‌م، بوتڵى شه‌رابه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ژێر ده‌ستم و به‌سه‌ر سه‌رى خۆمه‌وه‌ى ده‌كه‌م، به‌ڵام به‌تاڵه‌ و له‌ گه‌رووم وشكتره‌. له‌ ژێر جێگاكه‌م دێمه‌ ده‌ره‌وه‌ و تا ده‌ره‌وه‌ى ژووره‌كه‌م ده‌ڕۆم، له‌ حه‌وشه‌كه‌وه‌ دابارینى ئه‌ستێره‌كان ده‌بینم، نه‌خێر، ئه‌وه‌ بارانه‌، له‌وه‌ ناچێت زۆر ده‌مێك بێت ده‌ستى پێكردبێت، هێشتا حه‌وشه‌كه‌ به‌ ته‌واوى ته‌ڕ نه‌بووه‌. بایه‌كى ساردى دێت. هه‌ست به‌ سه‌رما ده‌كه‌م، چى ڕوویداوه‌ كراسه‌كه‌ى به‌رم ته‌ڕه‌! ئه‌و شله‌یه‌ چییه‌ به‌سه‌ر سنگم ڕژاوه‌؟ بۆنى ده‌كه‌م، بۆنى بارانى لێنایه‌ت، نه‌خێر، بۆنى باران ترشاو نییه‌. ده‌چمه‌ چێشتخانه‌كه‌ و له‌ ناو ڕه‌فه‌ى قاپه‌كانم چراكه‌ ده‌دۆزمه‌وه‌. باشه‌، چۆڕێك نه‌وتى تێدایه‌، ئه‌وه‌تا چه‌رخه‌كه‌ش هه‌ر له‌ ته‌نیشتیه‌تى، دوكه‌ڵى چراكه‌ ناهێڵێت به‌ باشى بۆنى كراسه‌كه‌م بكه‌م، به‌ڵام به‌ڕوونى دیاره‌ كه‌ په‌ڵه‌یه‌كى گه‌وره‌ى مۆرى به‌سه‌ره‌وه‌یه‌. كراسه‌كه‌م له‌به‌ر ده‌كه‌مه‌وه‌ و هه‌ر له‌وێ جێى ده‌هێڵم. به‌شوێن ئاوێكى فێنك ده‌گه‌ڕێم گه‌روومى پێ ته‌ڕكه‌م، چى ڕوویداوه‌؟! ماڵه‌كه‌م بووه‌ به‌ چه‌قى بیابان و ته‌نانه‌ت هه‌ست به‌ بوونى ئاو ناكه‌م له‌و شوێنه‌دا! به‌ڵێ ئه‌وه‌تانێ ئاو، به‌لوعه‌ى ده‌ستشۆره‌كه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ لێومى پێوه‌ده‌نێم، چوونه‌خواره‌وه‌ى ئاوه‌كه‌ ده‌بینم له‌ گه‌روومدا، ئه‌و ئاوه‌ هه‌موو شتێك ڕاده‌ماڵێت، ده‌هێڵێت جارێكى تر هه‌ست به‌ ئاسوده‌یی بكه‌م. هه‌ست به‌ وشكبوونى پێستم ده‌كه‌م، وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ قۆناغ به‌ به‌ردبوون دابم، ده‌مه‌وێت به‌ ڕووتى بچمه‌ به‌ر بارانه‌كه‌ و خانه‌كانى پێستم جارێكى تر پڕبنه‌وه‌ له‌ ئاو، به‌ڵام وادیاره‌ به‌ ده‌رگایه‌كى هه‌ڵه‌ ده‌چمه‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌وه‌ ده‌رگاى ژووره‌كه‌مه‌ و ئێستا خۆم له‌ ناوه‌ڕاستى ژووره‌كه‌م ده‌بینمه‌وه‌. خه‌وێكى قورسم دێت و ده‌مه‌وێت بخه‌وم، به‌ڵام ده‌بینم جێخه‌وه‌كه‌م گیراوه‌ و تارمایی پیاوێكى له‌سه‌ر پالأ كه‌وتووه‌. سه‌ر له‌و كارانه‌ ده‌رناكه‌م، ئه‌وه‌ پیاوه‌ بۆ له‌ شوێنه‌كه‌ى من پالأ كه‌وتووه‌؟ مه‌گه‌ر شوێنى تر نه‌مابوو، ته‌نها شوێنى من نه‌بێت؟! لێى نزیك ده‌بمه‌وه‌ و ڕووناكى چراكه‌ ده‌خه‌مه‌ سه‌رى. له‌سه‌ر لاته‌نیش ڕوو له‌ دیواره‌كه‌ خۆى گرمۆڵه‌ كردووه‌. ئاى كه‌ بێ ئابڕووه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ ماڵى باوكى بێت وا به‌ ڕووت و قووتى و بێخه‌م لێى پالأ كه‌وتووه‌، هیچ بڕوو بیانویه‌ك بۆ بوونى ئه‌و لێره‌ نییه‌، به‌ تایبه‌تیش به‌و شێوازه‌ ناشرینه‌ى كه‌ هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر زۆریش به‌ ڕێزه‌وه‌ دانشتبایه‌ هێشتاش هه‌ر ماناى مانه‌وه‌ى لێره‌دا و به‌تایبه‌تیش له‌ سه‌ر جێخه‌وه‌كه‌م ناگه‌یه‌نێت، چونكه‌ له‌و ماڵه‌ى مندا هیچ مێوانێك پێشوازى لێ ناكرێت و بیریشم نایه‌ت ڕۆژێك له‌ ڕۆژان پێشوازى مێوانێكم كردبێت، ئه‌وه‌ ته‌نیا شتێكه‌ كه‌ ده‌توانم خۆمى پێ جیا بكه‌مه‌وه‌ له‌گه‌لأ خه‌ڵكانى تر. به‌ ئه‌سپایی ده‌ستم ڕه‌وان ده‌كه‌م و به‌سه‌رى په‌نجه‌م چه‌ند جارێك به‌ شانیدا ده‌كێشم، ئه‌ویش زۆر به‌ قورسى وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ خه‌وێكى قولأ خه‌به‌رم كردبێته‌وه‌ خۆى ڕاستده‌كاته‌وه‌ و ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر پشت. جه‌سته‌یه‌كى تۆكمه‌ و چوارشانه‌ى هه‌یه‌، قوڵ و بازووى چه‌شنى وه‌رزشوانێكى یارى بۆكسێن ئه‌ستور و به‌هێزه‌، له‌ش و لارى به‌هێزى دڵى هه‌ر پیاوێك ده‌هێنێته‌ له‌رزه‌، بیرده‌كه‌مه‌وه‌ پێویستیت به‌ چه‌ند پیاوى ئاسایى ده‌بێت بۆئه‌وه‌ى له‌ زه‌وى بده‌یت، نه‌خێر، ئه‌و جۆره‌ پاڵه‌وانانه‌ وا به‌ ئاسانى نادرێن به‌ زه‌ویدا و وه‌ستانه‌وه‌ به‌رانبه‌ریشیان گه‌مژه‌ییه‌كى گه‌وره‌یه‌، ده‌ست ده‌كا به‌ پرخه‌ پرخ، ده‌نگى پرخه‌ى پڕ به‌ ژووره‌كه‌ ده‌نگ ده‌داته‌وه‌، ڕووناكى چراكه‌ ده‌خه‌مه‌ سه‌ر ڕووخسارى. پێشتر هیچ كه‌سێكم به‌و ڕیشه‌ پانه‌ و سمێڵه‌ باریك و ته‌نكه‌وه‌ نه‌دیوه‌ و ناشیناسم، له‌وه‌ده‌چێت ڕوومه‌ته‌كانى له‌ ژێر تیشكى خۆردا سوتابێت و سوورهه‌ڵگه‌ڕاون، ئه‌گه‌رچى پێڵوى چاوه‌كانى لێكناوه‌، به‌ڵام هێشتاش هه‌ست به‌ بریسكایى و تیژى چاوه‌كانى ده‌كه‌م. له‌سه‌ر لاڕوومه‌تى چه‌پى ئاسه‌وارى برینێك ده‌بینم، برینێكى ته‌ڕ، به‌ درێژایى لێوارى برینه‌كه‌ خوێنێكى گه‌ش كۆبۆته‌وه‌، زیاتر وه‌ك درزى هه‌نارێكى پێگه‌یو ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌ قه‌دى دارێكى پیر كه‌وتبێته‌ خواره‌وه‌، قوڕگم وشكه‌ و پێویستم به‌ شله‌یه‌كه‌ تا قوڕگمى پێ ته‌ڕكه‌م، حه‌ز به‌ ئاوى هه‌نار ده‌كه‌م، ئه‌وه‌ زیارتریش له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕقم له‌ سێوه‌، من سێو به‌ سه‌رچاوه‌ى به‌دبه‌ختى ده‌زانم، یه‌كه‌مین سێویك كه‌ بینیم كرمى تێدابوو، كرمێكى ڕه‌ش كه‌ زیاتر له‌ مارێك ده‌چوو. هه‌ست ده‌كه‌م هۆكارى ئه‌و ته‌نیایى و سه‌رگه‌ردانییه‌م بۆ ئه‌و ڕووداوه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، مه‌به‌ستم ڕووداوى بینینى سێوه‌كه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ ته‌نها فیڵكێك بوو بۆ تێپه‌ڕبوونى كرمه‌كه‌ بۆ ناو هه‌ناوى نیوه‌كه‌ى ترم، ئێستاش ئه‌وى ره‌شكردووه‌ و ناهێڵێت جارێكى تر بگه‌ڕێته‌وه‌ لام.

قوڕگم وشكه‌، حه‌ز به‌ خواردنه‌وه‌ى شله‌یه‌ك ده‌كه‌م تا قوڕگمى پێ ته‌ڕكه‌م.

په‌نجه‌ى شه‌هاده‌م ده‌دۆزمه‌وه‌ و ده‌یخه‌مه‌ سه‌ر برینه‌كه‌ و به‌توندى گوشارى ده‌خه‌مه‌ سه‌ر و له‌ قوڵایى برینه‌كه‌ى ده‌چه‌قێنم، پاشان ده‌ریده‌هێنم و په‌ڵه‌یه‌كى سوورى پێوه‌یه‌، ده‌یخه‌مه‌ زارم و ده‌یمژم، ساردییه‌كه‌ى ناخم فێنك ده‌كاته‌وه‌، ئه‌گه‌رچى كه‌مێك تاڵه‌، به‌ڵام هه‌ستده‌كه‌م ئه‌وه‌ ناتوانێت توێنێتیم بشكێنێت. به‌یه‌كجار ده‌مم ده‌خه‌مه‌ سه‌ر برینه‌كه‌ و به‌هه‌موو تواناى خۆمه‌وه‌ ده‌یمژم. ئێستا كه‌ من تینوێتیم شكا، ئیدى گوێم له‌ ده‌نگى پرخه‌پرخیش نابێت، به‌ نه‌مانى ده‌نگى پیاوه‌كه‌ بێده‌نگییه‌كى كوشنده‌ هه‌واى ژووره‌كه‌م داده‌گرێت، هه‌ست به‌ ته‌نیایه‌كى سامناك ده‌كه‌م، كه‌ هه‌رگیز له‌وه‌وپێش هه‌ستم پێى نه‌كردبوو، هه‌ستده‌كه‌م له‌ كه‌نارى شه‌پۆله‌كانى نه‌بووندا دانیشتووم و خه‌ریكه‌ له‌ ته‌نیایی خۆمدا وه‌كو كڵۆ شه‌كرێكى ناو ئاو ده‌توێمه‌وه‌، ده‌ترسم ژووره‌كه‌م بووبێت به‌ چه‌قى چاڵه‌ڕه‌شه‌كان و ته‌نانه‌ت گوێم له‌ ده‌نگى میلى كاتژمێره‌ كه‌ش نییه‌، ئێستا ترسێكى له‌ڕاده‌به‌ده‌ر ده‌ماره‌كانى سڕكردووم، ده‌ترس ئه‌وه‌ كۆتایی من بێت، نه‌خێر، بڕیار نه‌بوو كۆتاییه‌كه‌م به‌م شێوه‌یه‌ بێت. ده‌مه‌وێت بچمه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام چراكه‌م كوژاوه‌ته‌وه‌ و ده‌ترسم ڕێگا وون كه‌م، ئه‌وه‌ چ نه‌هامه‌تییه‌كه‌ توشى هاتووم؟! ڕۆیشتن له‌ ناو تاریكى و به‌ بێ هیچ ڕێنوێنیكارێك كارێكى مه‌ترسیداره‌ و له‌ هه‌ر ئه‌گه‌رێكدا بۆى هه‌یه‌ هه‌ڵه‌ بكه‌یت و بخزێیته‌ قوڵایی چاڵه‌ ڕه‌شه‌كان و ئیدى هه‌تاهه‌تایه‌ نه‌گه‌ڕێیته‌وه‌. باشتره‌ بخه‌وم، به‌ڵێ، ئه‌وه‌ باشترین هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ ئێستا. هێزى خۆم كۆده‌كه‌مه‌وه‌ و به‌توندى پالأ به‌و پیاوه‌ى سه‌ر جێخه‌وه‌كه‌م ده‌نێم، چونكه‌ باوه‌ڕم وایه‌ كه‌ لابردنى جه‌سته‌یه‌كى ئه‌وها كه‌ته‌ و چوار شانه‌ پێوێستى به‌ هێزێكى زۆره‌، به‌ڵام ته‌واو پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌ى پێشبینیم ده‌كرد، زۆر ئاسان ده‌كه‌وێت و بگره‌ له‌ژێر كاریگه‌رى گوشارى ده‌سته‌كانم، به‌شێكى جه‌سته‌ى چه‌شنى په‌یكه‌رێكى له‌ قوڕدروستكراو ده‌شكێت و هه‌ڵده‌وه‌رێت. ئێستا ئیتر ده‌خه‌وم، نازانم تاكه‌ى، به‌ڵام ده‌خه‌وم.

ته‌پ و تۆز و بۆنێكى ناخۆشى كه‌لاكى گه‌نیو خه‌ریكه‌ دمخنكێنێت و به‌زۆر ده‌توانم هه‌ناسه‌بده‌م، وه‌ك ئه‌وه‌ى جه‌نگیزخان به‌ هه‌موو تواناى خۆیه‌وه‌ گوشارى خستبێته‌ سه‌ر سنگم، بۆرى هه‌ناسه‌م به‌یه‌كه‌وه‌ نوساون، ده‌مه‌وێت په‌نجه‌ره‌ى ژووره‌كه‌م بكه‌مه‌وه‌ و كه‌مێك بۆنى باران بكه‌م، به‌ڵام  تاریكى هه‌موو شوێنێكى ته‌نیوه‌ و ناتوانم هیچ بكه‌م، ئه‌و بۆنه‌ ناخۆشه‌ و ئه‌و تاریكیه‌ كوشنده‌یه‌ هه‌راسانیانكردووم و هه‌رچى ئه‌كه‌م ناتوانم بخه‌وم، بیر له‌وه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ له‌ برى خه‌وتن خۆم به‌ شتێكى تره‌وه‌ سه‌رقالأ بكه‌م، به‌ڵام هیچم له‌ ده‌ست نایه‌ت، ده‌مه‌وێت بیر له‌ شتگه‌لێك بكه‌مه‌وه‌ كه‌ له‌ ڕابردوو به‌سه‌رم هاتبێت، به‌ڵام هیچ شتێكم له‌بیر نییه‌. له‌برى ئه‌وه‌ هه‌ست به‌ بوونى هه‌وایه‌كى سارد ده‌كه‌م له‌ ژووره‌كه‌م، هه‌ست ڕاده‌گرم، به‌ڵام نازانم سه‌رچاوه‌كه‌ى كوێیه‌، هه‌واكه‌ تا دێت سارتر ده‌بێت و جه‌سته‌ى نیوه‌ ڕووتم سڕده‌كات. له‌و ده‌مانه‌دا ده‌رگاى ژووره‌كه‌م ده‌كرێته‌وه‌ و تارمایى ژنێك ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ده‌ستێكى چرایه‌كى هه‌ڵگرتووه‌ و به‌ده‌سته‌كه‌ى تریشى كراسێكى ڕه‌نگ خۆڵه‌مێشیى، كه‌ په‌ڵه‌یه‌كى سوورى گه‌وره‌ى پێوه‌یه‌. ڕووناكى چراكه‌ چاوه‌كانم ئازار ده‌دات و بۆماوه‌یه‌ك ناتوانم پێڵوه‌كانم به‌ته‌واوى بكه‌مه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ستێك له‌ناخمه‌وه‌ فشار ده‌خه‌نه‌ سه‌رچاوه‌كانم. تا زیاتر لێم نزیك ده‌بێته‌وه‌، ڕووخسارى شۆخى باشتر ده‌بینم، دووچاوه‌ ڕه‌شه‌كانى له‌ ژێر كاریگه‌رى شه‌وقى چراكه‌ ده‌بریسكێنه‌وه‌، دووبرۆ كه‌وانه‌ییه‌كانى چه‌شنى ساباتێك ده‌رده‌كه‌ون بۆ ڕووخساره‌ و هێلكه‌ییه‌كه‌ى، كه‌ خه‌نده‌یه‌كى سیحراوى له‌ لێوه‌ ته‌ڕ و سووره‌كانى وشك بووه‌. بۆنی گوڵاو ژووره‌كه‌م پڕده‌كات، به‌جۆرێك خه‌ریكه‌ بۆنى لاشه‌ گه‌نیوه‌كه‌ له‌بیر ده‌كه‌م. له‌به‌ر ده‌مم ده‌وه‌ستێت و به‌ مهیره‌بانییه‌كى زۆره‌وه‌ كراسه‌كه‌ ده‌داته‌ ده‌ستم، بێ ئه‌وه‌ى هیچ شتێك بڵێت. ده‌مه‌وێت گوێم له‌ ده‌نگى بێت، به‌ڵام زاتى ئه‌وه‌ ناكه‌م بیدوێنم، ده‌ترسم به‌رگه‌ى ئه‌و ئاوازه‌ نه‌گرم كه‌ له‌ قوڕگى دێته‌ ده‌ره‌وه‌ و ڕاسته‌وخۆ ڕووحم به‌ ده‌م له‌رینه‌وه‌كانى به‌و بایه‌ سارده‌ دابدات و جه‌سته‌م بكات به‌ په‌یكه‌رێكى له‌ قوڕدروستكراو. له‌ گلێنه‌ى چاوه‌كانى تابلۆیه‌ك ده‌یبنم، وێنه‌ى دوو لێوى سوور كه‌ ده‌یه‌وێت شتێك بڵێت، هه‌ست ده‌كه‌م ده‌یه‌وێت بڵێت، بخه‌وه‌ و خه‌ونى خۆش ببینه‌، نیگایه‌كى نه‌رم و پڕ له‌ پاكى له‌ كراسه‌كه‌ى ده‌ستم ده‌كات و ئاره‌زوویه‌كى له‌ڕاده‌به‌ده‌رم لا دروست ده‌كات بۆ له‌به‌ركردنى، ئێستا هه‌ست ده‌كه‌م كراسه‌كه‌م چی دى سارد نییه‌، نه‌خێر، نیگاى گه‌رمى تا ڕاده‌ى سوتان سوتێنه‌ره‌، هه‌ست به‌ گه‌رمییه‌كى خۆش ده‌كه‌م، بایه‌ سارده‌كه‌ چیتر تواناى بێزار كردنى منى نه‌ماوه‌ و له‌وه‌ لاوازتره‌ كه‌ بتوانێت بێزارم بكات.

……………………………………………………………..

كرمى ناو سێوه‌كه‌

تیرۆژى خۆره‌كه‌ له‌ نیوان لق و پۆپى دار سێوه‌كه‌ به‌ر تاڵه‌ ڕه‌ش و خاوه‌كانى قژى ده‌كه‌وێت و  برسیكه‌ ده‌داته‌وه‌، سوڕى هه‌ناسه‌ى هێواش و ڕێكه‌، كه‌ نیشانه‌یه‌كن بۆ ئارامى ده‌روونى، به‌ په‌نجه‌ باریك و ناسكه‌كانى یارى به‌ قژم ده‌كات، منیش به‌ هه‌موو هێزى خۆمه‌وه‌ سه‌رم له‌ سه‌ر ڕانه‌كانى گیر كردووه‌ و جوڵه‌م له‌ خۆم بڕیوه‌. به‌ هه‌موو تواناى خۆم ده‌كۆشم چێژ له‌و ساته‌ گرنگ و ناسكه‌ وه‌ربگرم، له‌ چۆڵه‌وانییه‌كى سه‌وزدا و به‌ ده‌م گوێگرتن له‌ ئاوازى چۆله‌كه‌ و سۆفه‌قیته‌كان، خه‌ریكم ئازادییه‌ ڕه‌هاكانى خۆم له‌ باوه‌شى شۆخێكى میهره‌بان ئه‌زمون ده‌كه‌م. هه‌ست به‌ ئارامییه‌ك ده‌كه‌م كه‌ له‌وه‌وپێش هه‌رگیز هه‌ستم پێى نه‌كردووه‌، تیرۆژى خۆر له‌ نێوان تاڵه‌كانى قژییه‌وه‌ به‌ ڕووخسارم ده‌كه‌وێت، تیشكێكى پاك و بێگه‌رده‌، وه‌ك ئه‌وه‌ى خۆر تازه‌ له‌دایك بووبێت. گه‌رمییه‌كه‌ى ئارامییه‌كى تایبه‌تم پێده‌به‌خشێت. پارچه‌یه‌ك له‌ ئاسمانى شین له‌ نێوان شان و ملى ڕووتی به‌دى ده‌كه‌م، هه‌ست ناكه‌م ئه‌وه‌ راستى بێت، دیمه‌نى ئه‌وها هه‌ر ده‌بێت له‌نێو تابلۆ خه‌یاڵییه‌ هونه‌رییه‌كاندا بدۆزرێته‌وه‌، نه‌ك له‌ واقع، ئاخر كێ پێشتر ئاسمانى وا به‌و پاك و ساگارییه‌ بینیوه‌، تا ئه‌وه‌ى بتوانێت له‌ مێشكى خۆیدا وێنایه‌كیان له‌هه‌مبه‌ر بهێڵێته‌وه‌، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ به‌شێك بێت له‌و وه‌سفه‌ى كه‌ له‌ كتێبه‌ پیرۆزه‌كاندا باسكراوان، هێشتاش بڕوا ناكه‌م بیرۆكه‌یه‌كى ڕوون هه‌بێت سه‌باره‌ت به‌ خانمێكى شۆخ كه‌ بۆ هه‌میشه‌ ڕووحێكى زیندوو ده‌به‌خشێت به‌و سروشته‌. برۆ كه‌وانه‌ییه‌كى و دوو چاوه‌ ڕه‌ش و ته‌ڕه‌كانى و پێسته‌ ئه‌سمه‌ر و سافه‌كه‌ى، ته‌نانه‌ت له‌ وه‌سفى چیرۆكه‌ ئه‌فسانه‌ییه‌كانیشدا باس نه‌كراون، بۆیه‌ من دڵنیام له‌وه‌ى كه‌ ئه‌وه‌ى ده‌یبینم شتێك نییه‌ كه‌ له‌وه‌ و پێش بینرابێت. ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ ساتى له‌دایكبوونى سروشت بێت، یانیش پاشماوه‌ى یه‌كه‌مین چركه‌ساتى هاتنه‌بوونى گه‌ردوون بێت. هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌وه‌ تابلۆیه‌كه‌ و ده‌یه‌وێت ببێت به‌ یه‌كه‌مین وشه‌ى قه‌سیده‌یه‌كى درێژ. چاوه‌كانم بۆ چه‌ند ساتێك لێك ده‌نێم و وه‌ك وه‌رزشوانێكى (یۆگا) به‌ ئارامى و له‌ قوڵایی سییه‌كانمه‌وه‌ هه‌ناسه‌ ده‌ده‌م. ئه‌ویش خۆى به‌سه‌ر مندا ده‌چه‌مێنێته‌وه‌ و لێوه‌ ناسكه‌كانى له‌ گوێچكه‌م نزیك ده‌كاته‌وه‌، به‌ ده‌نگێكى ناسك و ئاوازێكى ئارام گۆرانییه‌ك به‌ گوێمدا ده‌چرپێنێت:

به‌ ئارامى باڵه‌كانت بكه‌وه‌ و ئه‌ستێره‌كان له‌ پێشوازیت وه‌ستاون،

له‌ بۆشایی گه‌ردووندا سه‌ما بكه‌ و چێژ له‌ ئازادى خۆت وه‌رگره‌.

چاوه‌كانت داخه‌ و بێ ترس ڕێكه‌

ئه‌وان ئاگایان لێت ده‌بێت و

له‌ تاریكیدا ده‌ستت ده‌گرن.

تریفه‌ى مانگه‌شه‌و هه‌موو سوچێكى ئه‌و چۆڵه‌وانییه‌ى ته‌نیوه‌، ئه‌ستێره‌كان له‌ئاسمانه‌وه‌ كه‌یفخۆشانه‌ ده‌گه‌شێنه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ بیانه‌وێت به‌شدارى ئاهه‌نگى بۆقه‌كان بكه‌ن، كه‌ به‌قیڕه‌قیڕى خۆیان سه‌رمه‌ست بوون و له‌گه‌ڵ ده‌نگى باڵنده‌ و جانه‌وه‌ره‌كانى تر سه‌مفۆنیاى سروشت ده‌چڕن. هه‌ست ده‌كه‌م خوناوى سه‌ر گژوگیاكه‌ جله‌كانیان ته‌ڕ كردووم، شنه‌بایه‌كى فێنك بۆته‌ سه‌چاوه‌ى سوكه‌ له‌رزێك بۆ جه‌سته‌م. سه‌ر هه‌ڵده‌بڕم و له‌ ئاسۆییه‌كى دوور تارمایی ڕه‌شى زنجیره‌ شاخ و ته‌پۆلكه‌كان به‌دیده‌كه‌م كه‌ چوارده‌ورى دۆڵه‌كه‌یان ته‌نیوه‌، به‌ڵام هه‌ست به‌ بوونى هیچ مرۆڤێك ناكه‌م له‌م ناوه‌دا و بۆنى ته‌نیاییه‌كى ئه‌به‌دى ده‌كه‌م، ئه‌مه‌ش بۆته‌ سه‌رچاوه‌ى هه‌ستێكى تۆقێنه‌ر بۆ من، كه‌ واملێده‌كات دووباره‌ واهه‌ست بكه‌م له‌ كه‌نارى ئۆقیانوسى نه‌بووندام، ئه‌م هه‌سته‌ ژه‌هراوییه‌ ڕامده‌چڵه‌كێنێت و ناچارمده‌كات بیر له‌ دۆزینه‌وه‌ى خۆم بكه‌مه‌وه‌، هانم ده‌دات كه‌ به‌و ده‌شت و ده‌ره‌ بكه‌وم و به‌دواى مرۆڤه‌كانى تردا بگه‌ڕێم، به‌ڵام نازانم بۆچى هه‌میشه‌ چاره‌نوسم ته‌نیایی به‌ نسیب كردووم و له‌ناو ته‌نیاییشدا بۆشایی زه‌مه‌ن! پشتم به‌ دارسێوه‌كه‌ داداوه‌ و له‌خۆڕا و بێ مه‌به‌ست چاو له‌و وورده‌ به‌ردانه‌ ده‌گێرم كه‌ له‌ژێر گیایه‌كه‌وه‌ كه‌وتونه‌ته‌ به‌ر شه‌وقى مانگ و ده‌بریسكێنه‌وه‌. له‌وده‌مانه‌دا سێوێكى سوور ده‌بینم، كه‌ شوێنه‌وارى قه‌پاڵیێكى به‌ لاته‌نیشته‌وه‌یه‌، هه‌ڵیده‌گرمه‌وه‌ و بێ موبالاتانه‌ یارى پێده‌كه‌م، هه‌ست به‌ ڕووحێكى زیندوو ده‌كه‌م تێیدا، جیا له‌ بۆنى سێوه‌كه‌ هه‌ست به‌ بۆنى گۆشت و خوێن ده‌كه‌م، شوێنه‌كه‌ تاریكه‌ و هه‌موو شتێك به‌ باشى نابینم، له‌ چاوم نزیكى ده‌كه‌مه‌وه‌ و كه‌مێك خۆم خوار ده‌كه‌مه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى به‌ر شه‌وقى مانگه‌كه‌ بكه‌وێت، كرمێكى بریندارى تێدایه‌ كه‌ له‌ ناوه‌ڕاسته‌وه‌ به‌شێكى زۆرى جه‌سته‌ى خواروه‌ و به‌قه‌د تاڵه‌موویه‌كى ماوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بپچڕێت و ببێت به‌ دوو له‌ت، به‌ بینیى ئه‌و دیمه‌نه‌ كه‌مێك وره‌م دێته‌وه‌ به‌ر، یان لایه‌نى كه‌م ئومێدێكم ده‌بێت بۆ دۆزینه‌وه‌ى مرۆڤ له‌و ده‌وروبه‌ره‌! باشتره‌ له‌ شوێنى خۆم جوڵه‌ بكه‌م و ئه‌و ناوه‌ بپشكنم، چونكه‌ ئه‌گه‌ر وه‌كو ئه‌وه‌ى مه‌زه‌نده‌ى بۆ ده‌كه‌م وابێت، واتا شوێنه‌وارى ئه‌و قه‌پاڵه‌ هى مرۆڤ بێت، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه‌ هێشتا نزیكن و ئه‌گه‌ر كه‌مێك خۆم به‌گه‌ڕان به‌دوایان ماندوو بكه‌م ئه‌وا ده‌یاندۆزمه‌وه‌، چونكه‌ برینى كرمه‌كه‌ هێشتا ته‌ڕه‌ و ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌یه‌كه‌ بۆ نزیكى ئه‌وان.

هه‌وڵده‌ده‌م پێیه‌كانم زۆر به‌ توندى دانه‌گرم، چونكه‌ هه‌ندێك له‌ به‌رده‌كانى ژێر گژوگیایه‌كه‌ تیژن و ئازار به‌ پێیه‌كانم ده‌گه‌یه‌نن، بۆیه‌ تا بۆم ده‌كرێت به‌سوكى و به‌ شه‌قاوى گه‌وره‌ هه‌نگاو ده‌نێم، نازانم به‌ره‌و چ ئاراستیه‌ك ده‌ڕۆم و چه‌ندێكه‌ ده‌ستم به‌م پیاده‌ڕۆییه‌ كردووه‌، به‌ڵام له‌خۆوه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى چیرۆكێك بم و پێشتر نوسرابێتمه‌وه‌، هه‌ست ده‌كه‌م به‌ ڕێگایه‌كى دروست هه‌نگاو ده‌نێم و ده‌گه‌م به‌و شوێنه‌ى كه‌ مه‌به‌ستمه‌. به‌سه‌ر به‌رده‌ڵانێكى گه‌وره‌دا سه‌رده‌كه‌وم، قاچه‌كانم ده‌خلیسكێن، وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ له‌سه‌ر قه‌وزه‌ بڕۆم، بۆیه‌ باشتره‌ سود له‌ ده‌سته‌كانیشم وه‌رگرم بۆ سه‌ركه‌وتن، خۆم كوڕ ده‌كه‌مه‌وه‌ و چه‌شنى مناڵێك كه‌ هێشتا پێى نه‌گرتبێت به‌ گاگۆڵه‌ سه‌ر ده‌كه‌ومه‌ لوته‌كه‌ى به‌رده‌ڵانه‌كه‌. له‌ سه‌رى سه‌ره‌وه‌ى به‌رده‌ڵانه‌كه‌ دۆڵێكى ته‌سك و شێوه‌ هێلكه‌یی ده‌بینم، سه‌رم شۆڕ ده‌كه‌مه‌وه‌ و له‌وێ له‌شكرى مرۆڤگه‌لى سه‌رقالأ و بێباك ده‌بینم، چرا و ئاگردان و خێمه‌ قوچه‌كى و داته‌پیوه‌كان پڕ به‌ دۆڵه‌كه‌ پان بوونه‌ته‌وه‌، دوكه‌ڵى ئاگر و بۆنى گۆشتى برژاو ته‌مێكى شینى له‌ ئاسمانى دۆڵه‌كه‌ دروستكردووه‌، قاقا و پێكه‌نین و زاق و زیقى ژنان و وه‌ڕینى سه‌گ و حیلله‌ى ئه‌سپ له‌ناو دۆڵه‌كه‌ ده‌نگ ده‌داته‌وه‌ و هه‌را و زه‌نایه‌كى بێتامى ناوه‌ته‌وه‌، له‌وه‌ ده‌چێت هه‌موو سه‌رگه‌رمى ڕابواردن و خواردن و خواردنه‌وه‌ و ئاهه‌نگێكى گه‌رم و گوڕ بن و له‌ پێكه‌نینى خۆیاندا مه‌ست بووبن. لێره‌دا هه‌ست به‌ كات ده‌كه‌م، بۆنى عاره‌قى مرۆڤه‌كان ده‌كه‌م، بۆنى گۆشت و خوێن ده‌كه‌م، ئه‌وانه‌ واده‌كه‌ن هه‌سته‌كانم زیندوو بمێننه‌وه‌ و هه‌ست به‌ دڵنیایی بكه‌م، ئیدى ترسى ئه‌وه‌م نییه‌ وونبم و ڕۆبچمه‌ ناو چاڵه‌ ڕه‌شه‌كانى گه‌ردوون، چونكه‌ ئێستا ئه‌وه‌ مه‌ودایه‌كى زۆر لێم دوور كه‌وتۆته‌وه‌ و چیدى له‌ تاریكى و له‌ ئارامییه‌كى تۆقێنه‌ردا ڕێناكه‌م، گه‌رمى ئاگردان ناهێڵن سه‌رماى بێبه‌زه‌یی هه‌راسانم بكات و ڕووناكییه‌كه‌شى ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ى خۆشییه‌كى ڕاسته‌قینه‌ بۆ من. به‌هۆى ڕكیى ئه‌و گرد و ته‌پۆلكانه‌ى كه‌ چوارده‌وریان داوه‌ شۆڕبوونه‌وه‌ بۆ ناو دۆڵه‌كه‌ كه‌مێك زه‌حمه‌ت دێته‌ پێش چاوم، به‌ڵام هیچ شتێك من سارد ناكاته‌وه‌ بۆ نزیكبوونه‌وه‌ لێیان، قاچه‌كانم شۆڕ ده‌كه‌مه‌وه‌ و به‌ قونه‌خشكى به‌سه‌ر زیخ و دار و به‌ردى گرده‌كه‌ به‌ هێواشى به‌ره‌وه‌ خواره‌وه‌ ده‌چمه‌ پێش، ورده‌ به‌رد و زیخه‌كان ئازارم پێده‌گه‌یه‌نن و ناو له‌پیان بریندار كردووم، به‌ڵام كه‌متر گوێ به‌و ئازارده‌ ده‌ده‌م و ده‌مه‌وێت هیچ چركه‌یه‌ك به‌ فیڕۆ نه‌ده‌م و به‌رده‌وام بم له‌ ڕۆیشتن به‌ره‌وپێشه‌وه‌. له‌گه‌لأ په‌له‌كردن و خێرا هه‌نگاونان زیاتر ده‌بوژێمه‌وه‌ و هه‌ست به‌ گه‌رمى له‌شم ده‌كه‌م، وه‌ك ئه‌وه‌ى هه‌نگاوه‌كانم بزوێنه‌رێك بن و وزه‌ و گه‌رمى به‌ ناو ده‌ماره‌كانم په‌خش بكه‌ن، به‌ڵام هێشتاش هه‌ر هه‌ست به‌ ته‌نیایى ده‌كه‌م! ده‌بێت شتێكم له‌و مرۆڤانه‌ى ئێره‌ كه‌متر بێت كه‌ ئاوا له‌ قوڵایی بۆشاییه‌ تاریك و بێده‌نگه‌كان گیرم خواردووه‌ و تواناى ئاوێته‌بوونم له‌گه‌لأ ئه‌وانى تر بووه‌ به‌ هه‌ڵم و به‌ بۆشایی گه‌ردووندا بڵاو بۆته‌وه‌. هه‌موو دیمه‌نه‌كان به‌ چاوى خۆم ده‌بینم، هه‌موو بۆنه‌كان هه‌ست پێده‌كه‌م، به‌ڵام ناتوانم بیرۆكه‌یه‌كى گشتیان له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌ربڕم، ته‌نانه‌ت له‌ مێشكى خۆشمدا ناتوانم لێكدانه‌وه‌یه‌كیان بۆ بكه‌م و وه‌ك مناڵ هه‌زاران پرسار به‌ مێشكمدا دێن و ده‌چن!

له‌ناكاو ده‌ستێكى قورس ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شانم و ڕامده‌چڵه‌كێنێت، ئه‌گه‌ر ئاوڕم نه‌دابایه‌وه‌ هه‌رگیز نه‌مده‌زانى كه‌ ئه‌وه‌ ده‌ستى مرۆڤێكه‌ و پێكهاته‌كه‌شى گۆشت و خوێنه‌، ڕه‌نگه‌ بمگوتبایه‌ ئه‌وه‌ پارچه‌ى تاوه‌رێكه‌ و له‌ سه‌رووى به‌رزاییه‌كانه‌وه‌ گلۆر بۆته‌وه‌ و به‌ر شانم كه‌وتووه‌، یانیش ئه‌وه‌ مانگه‌ و به‌هه‌موو قورسایى خۆیه‌وه‌ كه‌وتۆته‌ سه‌ر شانم! ڕووم به‌ره‌و دواوه‌ ده‌سوڕێنم پیاوێكى سه‌ر و كه‌لله‌ زل له‌پێشم قووت ده‌بێته‌وه‌، كڵاوێكى ئاسنینى له‌سه‌ره‌ و جل و به‌رگێكى چاخه‌ كۆنه‌كانى له‌به‌ردایه‌، و پێده‌چێت ڕوومه‌ته‌كانى له‌ ژێر تیشكى خۆر سوتابێته‌وه‌ و سوور هه‌ڵگه‌ڕاون، بوتڵێكى ئاسنینى به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و له‌ژێر كاریگه‌رى شه‌وقى مانگه‌كه‌ ده‌بریسكێته‌وه‌. خه‌نده‌یه‌كى سه‌یر ده‌كات، به‌جۆرێك دووچاوه‌ بچوك و بزێوه‌كانى و ڕه‌نگه‌ په‌مه‌ییه‌كه‌ى و ڕوومه‌ته‌ سوتاوه‌كانى گاڵته‌جاڕانه‌تر له‌وه‌ى كه‌ هه‌یه‌ نیشانده‌دات. خۆى لێم نزیك ده‌كاته‌وه‌ و به‌ ڕیتمێكى نه‌رم پێمده‌ڵێت: ( ده‌زانم به‌دواى چى دا ده‌گه‌ڕێیت). به‌ چاو ئاماژه‌ى ئه‌وه‌م پێده‌دات كه‌ دواى كه‌وم. به‌ناو ئاپۆراى مرۆڤه‌كانى ئه‌وێ تێده‌په‌ڕین، به‌چاو دیاره‌ كه‌ هه‌موویان مه‌ست و سه‌رخۆشن، بۆنى ئاره‌قه‌ و خوێن و گۆشتى برژاو و ئاوى نێرنه‌ و ناڵه‌ى ژن و هاوارى پیاوان و قاقاى پێكه‌نین تێكه‌ڵ به‌ یه‌كتر بوون و وه‌كو ده‌سته‌یه‌كى تۆكمه‌ دژى ماتى و بێده‌نگى و هه‌واى سارد و سڕ ده‌وه‌ستنه‌وه‌ و ڕووناكى پشكۆى ئاگریش وه‌كو كێردێك دڵى تاریكى كون كردووه‌. له‌و هه‌رواوهۆریایه‌ ده‌رده‌چین و خۆم له‌به‌رده‌م خێوه‌تێكى گه‌وره‌ و سه‌رنجڕاكێش ده‌بینمه‌وه‌، میچه‌كه‌ى بڕۆنزییه‌ و ڕووى پێشه‌وه‌شى به‌ نه‌خش و نیگار ڕازێنراوه‌ته‌وه‌. هه‌وا تاریكه‌ و به‌ باشى ناتوانم ببینم، ته‌نها شتێك كه‌ ده‌توانم له‌ژێر ڕۆشنایی شه‌وقى مانگ بیبینم، وێنه‌ى چه‌ند گوڵه‌به‌ڕۆژه‌یه‌كه‌ له‌ناو ئینجانه‌یه‌ك و به‌ره‌وخوار شۆڕبونه‌ته‌وه‌، له‌وه‌ش زیاتر ده‌توانم هه‌یكه‌لى زه‌به‌لاحى خێوه‌ته‌كه‌ ببینم، كه‌ له‌شێوه‌ى سێبه‌رى شاخێك دێته‌ به‌رچاو و كه‌وتۆته‌ سه‌ر ڕمێكى نیكڵ و بریسكه‌ ده‌داته‌وه‌. به‌ ڕۆیشتنێكى گاڵته‌ئامێزانه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ى ئه‌كته‌رێك بێت و له‌ شانۆیه‌كى كۆمیدیا ڕۆڵ بگێڕێت، به‌ره‌و لاى ڕمه‌كه‌ ده‌ڕوات و چه‌ند جارێك به‌ ده‌ورى ده‌خولێته‌وه‌ و بوتڵى شه‌رابه‌كه‌ به‌سه‌ر سه‌رى خۆیه‌وه‌ ده‌كات، پاشان كه‌یفخۆشانه‌ په‌رده‌ى ده‌روازه‌ى خێوه‌ته‌كه‌ هه‌ڵده‌داته‌وه‌ و فه‌رمووم لێده‌كات بۆ ژووره‌وه‌، به‌ره‌و پێشه‌وه‌ هه‌نگاو ده‌نێم، به‌ڵام ئه‌و پێش من ده‌چێته‌ ژووره‌وه‌ و منیش به‌دوایدا خۆم به‌ خێوه‌ته‌كه‌ داده‌كه‌م. گه‌رمییه‌كى خۆش به‌ر ڕووخسارم ده‌كه‌ویت و ڕووناكى ڕیزه‌ مه‌شخه‌ڵه‌كانى پالأ دیواره‌كه‌ شاڵاو بۆ بینایی چاوانم دێنن، مێزێك له‌ ناوه‌ڕاستى ژووره‌كه‌یه‌ و دۆڵكه‌یه‌ك و چه‌ند قاپێكى زێڕینى له‌سه‌ر دانراوه‌، جگه‌ له‌وه‌ش هه‌موو كه‌لوپه‌له‌كانى تر هه‌ر له‌ زێڕ و به‌ نه‌خش و نیگار و وورده‌كارییه‌كى زۆره‌وه‌ دروستكراون، له‌وپه‌ڕى ژووره‌كه‌ش، له‌نێوان دوو مۆمدانى گه‌وره‌دا ته‌خته‌خه‌وێك دانراوه‌ و  ده‌بینم په‌یكه‌رێكى باریك و ناسكى مرۆڤێكى له‌سه‌ر پالأ كه‌وتووه‌، ته‌نها ده‌توانم لایه‌كى جه‌سته‌ى له‌ژێر كارگه‌رى ڕووناكى مۆمدانه‌كه‌ ببینم، له‌سه‌ر پشت پاڵكه‌وتووه‌، بۆیه‌ نیوجه‌سته‌ى كچێكى ڕووتم لێدیاره‌ و به‌شه‌كه‌ى تریشى سێبه‌رێكى تاریكه‌ و له‌سه‌ر دیواره‌كه‌ى پشتى ڕاكشاوه‌. لێى نزیك ده‌كه‌ومه‌وه‌ و به‌باشى له‌ ڕووخسار و ئه‌ندامه‌كانى وورد ده‌بمه‌وه‌، چاوه‌كانى ڕه‌شن و له‌ قۆڵایی چاڵه‌ ڕه‌شه‌كان تاریكترن و دوو برۆ كه‌وانه‌ییه‌كى چه‌شنى شمشێرێكى تیژ پاسه‌وانى ده‌كه‌ن. سه‌رم نزیكتر ده‌كه‌مه‌وه‌ و باشتر سه‌رنج ده‌ده‌م، نیگاكانم وه‌ك دڵۆپه‌كانى بارانێكى به‌لێزمه‌ هه‌موو شوێنێكى جه‌سته‌ى داده‌پۆشێت. سه‌رنجى په‌نجه‌ باریك و درێژه‌كانى ده‌ده‌م، حه‌زێكى له‌ڕاده‌به‌ده‌رم له‌لا دروست ده‌كات بۆ یارى كردن له‌گه‌ڵیان. هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌و په‌نجانه‌ سه‌رده‌مانێك شوێنى ئارامگرتنیان ته‌نها ناو پرچى من بووه‌، ڕه‌نگى پێستى ئه‌گه‌ر له‌ ژێر تریفه‌ى مانگ بوایه‌ جوانتر ده‌رده‌كه‌وت و ئه‌گه‌ر له‌ هه‌وایه‌كى سارد و وشك بوایه‌ ناسكرت ده‌رده‌كه‌وت. ده‌مه‌وێت ده‌سته‌كانى تاقى بكه‌مه‌وه‌، ده‌مه‌وێت بزانم هه‌مان ئه‌و ناسكى و میهره‌بانییه‌ى جارانى ماوه‌، كه‌چى به‌قه‌د تینى كڵپه‌یه‌كى ئاگر گه‌رمن، گه‌رمییه‌كى سوتێنه‌ر شاده‌ماره‌كانم ده‌بڕێت و ده‌گاته‌ قوڵایی دڵم. من پێشتر به‌و جۆره‌ گه‌رمییه‌ هه‌رگیز ئاشنا نه‌بووم و پێى ڕانه‌هاتووم، سه‌ره‌تا ترسام و ده‌سته‌كانم گه‌ڕانده‌ دواوه‌، ئێستا دووباره‌ هه‌وڵده‌ده‌م، به‌ڵام ده‌بینم ئه‌و خۆى گرمۆڵه‌ ده‌كات و له‌رز ده‌یگرێت.

ئێستا ده‌بێ زانیبێتت، كه‌ نییت، تۆ ساردیت و بۆنى مه‌رگت لێدێت، هه‌ناسه‌كانت وه‌ك هه‌وایه‌كى سارد وایه‌ كه‌ له‌ ده‌مى مردوویه‌ك بێته‌ ده‌ره‌وه‌، جێگاى تۆ ئێره‌ نییه‌. تۆ له‌ نێوان ئاژه‌ڵ و مرۆڤه‌كان ڕه‌گه‌زى سێهه‌میت، شوێنى تۆ له‌نێوان به‌رزه‌خى بوون و نه‌بووندایه‌، بگه‌ڕێه‌وه‌ ئه‌و شوێنه‌ى كه‌ لێى هاتوویت، ئێستا ئه‌و موڵكى تۆ نییه‌ و چیدى ناتوانێت له‌ باوه‌شى سارد و سڕى تۆدا ئارام بگرێت، نیگاكانت مردوون و ناتوانن هیچ كاریگه‌رییه‌كى له‌سه‌ر دابنێن، خه‌نده‌كانت دڵخۆشى ناكه‌ن، تۆ بێده‌نگ پێده‌كه‌نیت و بێده‌نگیش په‌رده‌ى گوێ ئازارده‌دات.

لێى نزیك ده‌بێته‌وه‌ و به‌ توندى له‌ باوه‌شى ده‌گرێت، ئه‌ویش توند خۆى پێوه‌ ده‌نوسێنێت و به‌ چه‌ند جوڵه‌یه‌ك شوێنى خۆى له‌سه‌ر سنگى و له‌ نێوان قۆڵه‌كانى خۆش ده‌كات. مشكێكى سپى كه‌وتۆته‌ ته‌ڵه‌یه‌كه‌وه‌ و ته‌له‌كانى توند كه‌مه‌ریان گرتووه‌ و هیچ ده‌رفه‌تێكیان نه‌هێشتۆته‌وه‌ بۆ ڕزگاربوون، ماسییه‌كه‌ چاوى لێیه‌، به‌ڵام ناتوانێت هیچ شتێك بكات، ئاوه‌كه‌ تاریك و سارده‌ و چاوه‌كانى خه‌ریكه‌ ده‌رده‌په‌ڕن، ده‌یه‌وێت، بێته‌ ده‌ره‌وه‌ و ته‌ڵه‌كه‌ بشكێنێت، به‌ڵام شكاندنى ته‌ڵه‌یه‌كى ئه‌وها پێویستى به‌ هێزى شكاندن هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ش پێویستى به‌كاته‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ئاوه‌كه‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌ بێ قه‌ید و شه‌رت ده‌مرێت.

(ده‌مه‌وێت لێى بپرسم بۆچى من مردووم و ناتوانم و ئه‌و دڵخۆش بكه‌م)

چونكه‌ تۆ ناتوانیت چێژ له‌و نازونیعمه‌ته‌ بكه‌یت كه‌ خودا به‌سه‌ر مرۆڤه‌كانى داباراندووه‌، ناتوانیت، هه‌ست به‌شكۆمه‌ندى بكه‌یت، تۆ له‌ ماناى سێكس ناگه‌یت و له‌ چێژى سه‌ركه‌وتن بێباكیت، به‌مه‌ش تۆ بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ له‌ چاو وون ده‌بیت و ته‌نانه‌ت ناتوانیت بۆ ساتێكى كه‌میش كچێكى په‌ری ئاسا له‌ باوه‌شى خۆت به‌ ئارامى بهێڵیته‌وه‌، منیش ئه‌وه‌م كه‌ ده‌مبینیت، تا هه‌زاران ساڵى تر هه‌موو ناوى (جه‌نگیزخان) ده‌ڵێنه‌وه‌ و نه‌به‌ردییه‌كانم به‌ جیهاندا بڵاو ده‌بێته‌وه‌ و ده‌چمه‌ نێو حیكایه‌ته‌ مه‌زنه‌كان و ده‌بمه‌ سه‌رمه‌شقى هێزه‌ باڵاده‌سته‌كانى جیهان. ئه‌وانه‌ى كه‌ سنگیان به‌ شمشێره‌كه‌ى من شه‌ق ده‌بێت، كانییه‌كى خوێنى تێدا درووست ده‌بێت و تا ئه‌به‌د خوێنى لێ هه‌ڵده‌قوڵێت، ئه‌وانه‌شى ده‌بنه‌ شوێنكه‌وتووى من و سه‌ریان له‌به‌رده‌م پێیه‌كانم داده‌نوێنن، بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ نوقمى خۆشى و چێژ ده‌بن. تۆش كه‌ هیچیان ناكه‌یت، به‌لاى منه‌وه‌ هه‌ڵوێستێكى تاڕاده‌یه‌ك نامۆیه‌، بۆیه‌  پێت سه‌یر نه‌بێت كه‌ به‌ شمشێرێك ملت ناپه‌ڕێنم، ئه‌وه‌ ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خۆت هه‌ر له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ مردوویت و كوشتنیشت نمایشێكى چێژبه‌خش نابێت، چونكه‌ تۆ خوێنى گه‌رم به‌ناو ده‌ماره‌كانت هاتوچۆ ناكه‌ن. له‌وانه‌یه‌ بتكه‌م به‌ هاوڕێى خۆم، چونكه‌ له‌وانه‌یه‌ ڕۆژێك له‌ ڕۆژان پێویستت پێم بێت. ئێستا ته‌نها بڕۆ و له‌به‌ر چاوم وون به‌، تا ئه‌وكاته‌ى خۆم ده‌مه‌وێت نامه‌وێت بتبینمه‌وه‌، به‌ڵام ئاگادار به‌ مه‌وداى نێوان بوون و نه‌بوون كه‌مێك مه‌ترسى داره‌، به‌مه‌ش ڕێگاكه‌ت زه‌حمه‌ت ده‌بێت.

………………………………………………………

كۆتایی

په‌نجه‌ره‌ى ژووره‌كه‌م نیوه‌ ئاوه‌ڵایه‌ و تیرۆژى خۆر له‌گه‌لأ بۆنى باران و هه‌وایه‌كى پاكى به‌یانى خۆى به‌ ژووره‌كه‌م دا ده‌كات، ڕه‌نگى تیشكه‌كه‌ زۆر جوانه‌ و واهه‌ست ده‌كه‌م خۆر تازه‌ له‌ دایك بووه‌ و به‌ خوڵق و سه‌لیقه‌ی زۆره‌وه‌ یه‌كه‌مین ده‌ستبه‌كاربوونى له‌ وه‌زیفه‌كه‌ى خۆى ئه‌نجامده‌دات. له‌سه‌ر ته‌خته‌خه‌وه‌كه‌م ڕاست ده‌بمه‌وه‌ و له‌ به‌شى پێشه‌وه‌ى سه‌رم هه‌ست به‌ سوكه‌ ژانێك ده‌كه‌م، گه‌رووم وشكه‌ و هه‌ست به‌ ماندوو بوون و بێتاقه‌تییه‌كى زۆر ده‌كه‌م، ماسولكه‌كانم شه‌كه‌ت و ماندوون و به‌حالأ جوڵه‌یان پێده‌كه‌م. ده‌مه‌وێت بچمه‌ چێشتخانه‌كه‌ و قاوه‌یه‌كى گه‌رم ئاماده‌كه‌م. له‌كاتى دانانى پێیه‌كانم به‌سه‌ر زه‌وییه‌كه‌، هه‌ست به‌و ورده‌ زیخانه‌ ده‌كه‌م كه‌ ده‌چه‌قنه‌ پێیه‌كانم، په‌ڵه‌ى سوور و ڕه‌ش به‌شى زۆرى  زه‌وى ژووره‌كه‌مى ته‌نیوه‌، له‌ هه‌ندێك شوێن په‌ڵه‌ى لیته‌ و قوڕاو دروست بووه‌. ماڵه‌كه‌م وه‌كو جاران بۆنى بێده‌نگى لێنایه‌ت، شه‌وى ڕابردوو شتگه‌لى زۆر ڕوویانداوه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ شوێنه‌وارى هه‌راو زه‌نایه‌كى زۆر بۆ چه‌ند ساڵى ئاینده‌ جێبهێڵیت، حه‌ز به‌و دۆخه‌ ناكه‌م و ده‌مه‌وێت ته‌نها له‌گه‌لأ شوێنه‌وارى جوڵه‌كانى خۆمدا بژیم و له‌باوه‌شى سێبه‌ره‌كه‌م كه‌ڵك وه‌رگرم و هاوڕێیه‌تى هیچ كه‌سێكى تر نه‌كه‌م. دواى هه‌موو ئه‌وانه‌ كه‌ ڕوویاندا، ئێستا گه‌یشتومه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ى كه‌ ماڵه‌كه‌م پێویستى به‌ هه‌ندێك گۆڕانكارى هه‌یه‌، ده‌بێت دیزاین و ڕه‌نگ و ڕووى به‌جۆرێك بێت كه‌ له‌گه‌لأ پێداویستییه‌كانى ژیانى تازه‌م بگونجێت. ئه‌و شتانه‌ى كه‌ زیادن فڕێیان ده‌ده‌م و نایانكه‌مه‌ بارگرانى به‌سه‌ر خۆمه‌وه‌، بۆ نمونه‌ كاتژمێره‌كه‌م لێ زێده‌ و به‌خۆڕایی خۆى ماندوو ده‌كات، چركه‌كانیشى واده‌كه‌ن نه‌توانم بخه‌وم. ئیدى پێویست نییه‌ ده‌رگاى حه‌وشه‌كه‌شم ئه‌وه‌نده‌ بكرێته‌وه‌ و دابخرێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ ووزه‌ى پێویستى ده‌وێت و ڕه‌نگیشه‌ ڕۆژێك له‌ ڕۆژان خرابێت. تابلۆكه‌ش لێده‌گه‌ڕێم، چیدى كارى له‌سه‌ر ناكه‌م، چش كه‌ ماسییه‌كه‌م ڕه‌نگ نه‌كردووه‌ و ئاوى ڕووباره‌كه‌ش هێشتا هه‌ر ڕه‌شه‌ و له‌ پاشماوه‌ى زێراب ده‌چێت. قه‌ڵه‌م و فڵچه‌ى بۆیه‌كه‌ش فڕێده‌ده‌م، چونكه‌ ئیدى پێویستم پێیان نییه‌. ئێستا پێموایه‌ هیچ شتێكى زیاد له‌ ماڵه‌كه‌م نییه‌ و ده‌توانم به‌ئاسوده‌یی و ڕه‌حه‌تییه‌كى زیاتر جوڵه‌بكه‌م. ده‌چمه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى بۆ دواجار ده‌رگاى حه‌وشه‌كه‌ دابخه‌م، به‌و نیازه‌ى چیتر نه‌كرێته‌وه‌، له‌ناو ده‌رگاكه‌وه‌ گوێبیستى غه‌ڵبه‌غه‌ڵبێك ده‌بم، ده‌نگه‌كان له‌ قاقایه‌ك ده‌چن كه‌ له‌ قوڵایی هه‌ناوه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتبێت، باس باسى پیرۆزبایی و یه‌كتر ماچكردن و ئه‌و شتانه‌یه‌، وابزانم ئه‌و پیاوه‌ى دراوسێمانه‌، كه‌ ماڵه‌كه‌ى ڕێك ته‌نیا چه‌ند هه‌نگاوێك له‌ ماڵه‌كه‌ى من دووره‌، كاندید كراوه‌ بۆ پۆستى سه‌رۆكى شاره‌وانى. ئه‌و ده‌مێكه‌ چاوى له‌ ده‌سه‌ڵات و گه‌وره‌ییه‌ و پێشتریش خۆى كردبوو به‌ گه‌وره‌ى گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان. واهه‌ست ده‌كه‌م ژووره‌كه‌م گه‌وره‌تر له‌ جاران ده‌نوێت، تابلۆكه‌ له‌ ناوه‌راستى ژووره‌كه‌ هه‌ڵده‌گرم و شوێنێكى له‌لاى ته‌خته‌خه‌وه‌كه‌م بۆ ده‌كه‌مه‌وه‌. ماسییه‌كه‌ له‌ بێڕه‌نگى خۆیدا له‌ تابلۆیه‌كى ته‌واونه‌كراودا له‌ زه‌لكاوه‌كه‌ ڕه‌ش ڕه‌ش ده‌نوێنێت.

………………………………………………………………..

٥ى كانوونى دووه‌مى 2014

 

بڵاوکردنەوە: