چیرۆکاندن لە شیعرەکانی “ڕامیار مەحمود”دا

524
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ڕامیار محەمەد

١- «چاره‌كی ئه‌وێت بۆ دووی شه‌و،

له‌م شه‌قامه‌ باڵ‌ كراوانه‌دا بۆ كوێ‌ بچم!؟

ببوره‌ كه‌ ئه‌م دێڕانه‌ ئه‌خوێنیته‌وه‌

ڕە‌نگه‌ هیچت لا جێنه‌هێڵم ئازار نه‌بێت.»

 

٢- «چیرۆكی ئه‌م شه‌وانه‌ی زستان درێژە،

ته‌نها من و سه‌گه‌ بێ لانه‌كان به‌ ده‌ره‌وه‌ بووین،

ئه‌و شه‌وانه‌ی له‌ چاخانه‌كاندا ئه‌نووستم و

نامه‌كانی خۆكوشتنم

دڵه‌ ئارامه‌كانی بێدار ئه‌كرده‌وه‌.»

 

٣- «بیرمه‌ باوكم بۆ هه‌موو عومر یه‌ك جار

هه‌زارو یه‌كشه‌وه‌ی به‌ فارسی بۆ خوێندوینه‌ته‌وه‌،

به‌ڵام هه‌موو ڕۆژێك به‌ عه‌لاگه‌ به‌خته‌وه‌ری

هێناوه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌ر سفره‌كه‌.»

 

٤- «ئه‌ڕۆم… ده‌موچاوم له‌ ئاوێنه‌ی

سه‌رتاشخانه‌كه‌ی هه‌ڵگوردا جێئه‌مێنێ‌ و،

قژە‌ ژاكاوه‌كه‌م له‌گه‌ڵ‌ خۆمدا ئه‌به‌م بۆ غه‌ریبی.»

 

ئەدەب بەگشتی، دەربارەی گێرانەوەیە، جا ئاخۆ گێڕانەوەکە مێژوویی بێت، یاخود گێرانەوەکە خەیاڵی و فیکشن بێت. مەرج نییە ئێمە بە بەراوردکردن بە واقع پێزی کارێکی ئەدەبی دیاری بکەین، بە واتای ئەوەی: گەر کارێكی ئەدەبی کاریگەر بێت بە دونیای واقع و لەناو هەولمەرجی ژیاندا خۆی ببینێتەوە، ئەوا کارێکی بەپێزە و گەر کارێکیش باسی لە واقع نەکرد و کارێکی تەواو خەیاڵی بوو ئەوا کارێکی بێپێزە و سەنگ و قورسایی نییە.

ئەمەی من دەیڵێم زیاتر ژانرەکانی چیرۆک و ڕۆمان و نۆڤێلا دەگرێتەوە. بەڵام خۆ هەر لە کۆنیشەوە ئەوە هەبووە، کە چیرۆك بە شێوەی شیعر بگێڕدرێتەوە، زۆرجار هەبووە گێڕانەوەکە ئەفسانەیی بووە، هەندێک جاریش گێڕانەوە شیعرییەکە ماوەیەکی زەمەنی گرنگی مێژوویمان بۆ بەیان دەکات.

بە بڕوای سارتەر شاعیران کەسانێکن کە رەتی دەکەنەوە بەشێوەیەکی کردارییانە زمان بەکاربهێنن، ئەو پێی وایە شاعیران زمان وەك پێکهاتەی جیهانی دەرەکی دەبینن. ئاخێوەر لە زماندا، لە دۆخێکدایە کە وشە بەرهەمی هێناوە. شاعیر لە دەرەوەی زمان کار دەکات. ئەو، دیوی پێچەوانەی وشە دەبینێت. شاعیران لەبری ئەوەی شتەکان بە ناوی خۆیانەوە فێربن، سەرەتا پەیوەندییەکی بێدەنگیان لەگەڵدا دەبەستن، لەو کاتەوەی ڕوو دەکاتە جۆر و ڕگەزەکانی دیکەی شتەکان کە بۆ شاعیرەکە دووبارە ئەو شتە دەبێتەوە بە وشە. دەستکاری وشە دەکات، تاقییان دەکاتەوە، دەستبازی لەگەڵ وشەدا دەکات، جۆرە ڕووناکییەك لەواندا دەدۆزێتەوە و پەیوەندی دروستدەکات لەگەڵ زەوی و ئاسمان و ئاو و هەموو شتە دروستکراوەکانی دیکە.

جیاوازی نێوان هونەری نووسینی پەخشان و هەریەك لە کایە هونەریەکانی دیکەی وەك شیعر، میوزیك، تابلۆ، بینەر (پاسڤ) پارچەی هونەری بەسەبجێکت دەکات بۆ لێکدانەوەی تایبەتی خۆی و کارەکە دەبێتە ئۆبجێکت. لە کاتێکدا؛ پەخشان هاوپێچ بە کۆنتێکستی کۆمەڵایەتی، پۆڵەتیکی و مێژوویی دەمێنێتەوە، وە پەخشان لەبری ئەوەی ببێتە ئۆبجێکت دەبێتە (هێما، دەنگ، وێنە)یەك.

پەخشاننووس، بە نووسینی پەخشان فیکر دەگەیەنێت، وە بانگ لە تاک دەکات بەوەی هەستبکات بنەڕەت و گرنگە لە جیهاندا.

لە پەخشاندا نووسەر ئەزموونی خۆی لە جیهاندا دەگەینێت بەوانی دیکە و بۆیانی بەیان دەکات، کە ئەمە پێچەوانەی شاعیرە؛ شاعیر زیاتر هەست بە شتەکان دەکات وەك لەوەی بگێڕێتەوە، شاعیر پێرفۆرمانسی هەستپێکردن دەکات نەوەک گێڕانەوەی ئەزموون بۆ ئەوانی تر.

لای شاعیر ئەوانی دیکە گرنگ نین، ئەو خۆی ئازاد دەکات بە پچڕاندنی پەیوەندی لەگەڵ ئەوانی دیکەدا، لە کاتێكدا پەخشاننووس هەڵدەستێت بە بەکارهێنانی زمان لەپێناو ئازادکردنی کۆمەڵگا.

لە نووسینی شیعردا، ئەوە قورسە تۆ بتوانی جوانی ببەخشیت بە گێڕانەوە، واتە فۆڕمێکی جوان و ئیستاتیکییانە ببەخشیت بەو شتەی دەیگێڕیتەوە، چونکە وەزیفەی شیعر گێرانەوە نییە، بەڵکوو وەزیفەکەی بریتییە لە هەستپێکردن، بریتییە لە درککردن بە جیهانی واقعی، نەوەك گێرانەوەی ئەو ئەزموونەی کە تۆ کردووتە لەم جیهانەدا. شاعیر هەست بە شتانێك دەکات و درکیان پێدەکات، پاشان دێت و دەیشعرێنێت، شعراندن ڕەنگە خودکارانە ڕووبدات، واتە کاتێك شاعیر دەنووسێت، ئاگاداری ئەو هەستپێکردنەی خۆی نییە، بەڵکوو خۆی دێتە دەرەوە و شیعرییەت دروست دەبێت.

من لێرەدا دێمە سەر باسکردنی هونەری گێڕانەوە لە شیعرەکانی (ڕامیار مەحمود)دا. بەدەر لە یاری زمانەوانی و بەدەر لە نووسینی فراگمێنتی کە کارێکی سەختە لە شیعردا، وە تواناییەکی باشی دەوێت؛ بە بڕوای من لەپاڵ (ئازاد سوبحی)، (ڕامیار مەحمود)یش ڕێبەرایەتی و نوێنەرایەتی شیعری فەترەیەکی زەمەنی دەکات.

هەرچەندە جیاوازی نێوان زمانی شیعری ئازاد و ڕامیار زۆرە، هەم لایەنی سینتاکسیان و هەم ستایلی نووسینیان زۆر جیاوازە، بەڵام بە بڕوای من هەمان نەفەسی شیعرییان هەیە.

لەلای من ڕامیار جگە لە گەیاندنی شیعر، هەر لەناو شیعریشدا چیرۆک دەگێڕێتەوە، بە ستایلێکی بێهاوتای پڕ لە مێتافۆر، بە دونیا ڕەش و تەمومژاوی و ئاڵۆزەکەی خۆشییەوە. بەوەشی کە ناڕازییە لە هەموو شتێك. بەڵام ڕامیار لەپاڵ نووسینی شیعر، یاخود ڕاستتر بڵێم لەناو شیعردا چیرۆکێك دەگێڕێتەوە کە یەکانگیرە لەگەڵ ئەو تۆنە تاریک و پڕ لە زریان و لێزمەیە.

یەکێك لە باشترین نمونە لە شیعرەکانی (رامیار مەحمود)دا، شیعری (پیاوێك لە دارستانەوە بۆ شار)ە کە ئەمە بەشێکییەتی، لە هەمان کاتدا ئەو نووسینی (نامەیی) بەکار دەهێنێت لە سەرەتای بەشێك لە شیعرەکانیدا، وەک ئەم پارچەیەی خوارەوە.

(ژووره‌كه‌م دیواره‌كه‌ی له‌بغی چیمه‌نتۆیه‌ و، گڵۆپێكی زه‌رد كه‌ وایه‌ره‌كه‌ی له‌ شوێنێكی تره‌وه‌ ڕاكێشراوه‌ و به‌ دوانزه‌ پلیكانه‌ ئه‌یگه‌یتێ‌ و قاووقیژی سه‌ره‌وه‌ وه‌ك شه‌لال ‌خوڕە‌ ئه‌كاته‌ خواره‌وه ‌و گه‌لێك جار به‌م هۆیه‌وه‌ خه‌ونه‌كانم وه‌ریون، دیسانه‌وه‌ وێنه‌یه‌كی خۆم و پۆرترێتێكی نیتشه‌ بۆ ده‌مه‌ته‌قێ‌، له‌م ژووره‌شه‌وه‌ به‌هۆی نووسینه‌وه‌ ئاشنایه‌تیم له‌گه‌ڵ‌ گه‌ردووندا په‌یدا كردووه،‌ حه‌زیش ئه‌كه‌م بزانن ئه‌وه‌ی سه‌ری بۆ ئاسمان به‌رزئه‌كاته‌وه‌ زه‌وی فه‌رامۆشی كردووه‌)

– ڕامیار مەحمود

لێرەدا ئاخێوەر تەکنیکێکی بەکارهێناوە لە وەسفکردندا، وەزیفەی قسەکەر لێرەدا هەر شاعیرە، واتە نەبۆتە پەخشاننووس، بە گوێرەی ئەوەی نایەوێ ئەزموونی جیهان بگوازێتەوە بۆ کەسی تر و بە کەسی بڵێ، بەڵکوو دەیەوێ وات لێ بکات تۆش هەست بەو شتانە بکەیت کە ئەو وەکوو شاعیرێك و وەکوو وەزیفەی شیعری هەستی پێ دەکات.

لە ژیانی ڕاستیدا ڕەوتی کات بەشێوەیەکی کرۆنۆلۆژی ئاساییە. کاتی ڕابردوومان هەیە کە تێپەڕبووە؛ کاتی ئێستامان هەیە کە ڕووداوەکەی تێدا ڕوودەدات و کاتی داهاتووشمان هەیە کە هیچی دەربارە نازانین.

لێرەدا ستایلی مۆنۆلۆگی لە شیعرەکەدا بەکار بردووە، من پێم وایە جوانییەکی زۆرتری داوە بە شیعرەکە. نووسەر لێرەدا بە کاتی ڕابردوو و بە کەسی سێیەم وەسفی ژوورەکەی ناکات چونکە ئەو نایەوێ کۆنتڕۆڵی موود و کەشو هەواکە بکات، واتە لە گێڕانەوەی کەسی سێهەمدا، گێڕەرەوە توانا و قودرەتێکی وەکوو خودای هەیە، کە دەتوانێ دەسکاری کاتەکە و ڕووداو و شتەکان و وەسفەکەش بکات بە ئارەزووی خۆی، بەڵام لێرەدا ئەو بە کاتی (ئێستا) قسە دەکات و هەم ئەوەش وادەکات ئەوە دەروونی شاعیرەکەیە بێتە دەرەوە بەبێ ئەوەی خەیاڵاندنێك یاخود ئارەزووێکی تێدابێت بۆ گۆڕینی شتەکان. گەر بێت و کاتی ناو دەق لە دەستی نووسەردا بێت ئەوا زۆر چاک نووسەر دەتوانێت کاتی ئێستا و داهاتوو و ڕابردوو کۆنترۆڵ بکات، بەڵام لیرەدا ئێمە دووچاری دەقێکی خەیاڵی نابینەوە، بەڵکوو گێڕانەوەیەکی واقعییە، کە کات بە دڵی نووسەر نییە و کۆنترۆڵیشی لە دەستدا نییە.

– شه‌وێك كه‌ به‌ چه‌رخه‌كه‌ی باوكم و ئه‌م جگه‌رانه‌وه‌

لای گومڕاكانی ئه‌م ژورانه‌ ماومه‌ته‌وه‌

گوێم لێبوو یه‌كێك ئه‌یوت مه‌ڵێ‌: حه‌یاتم

من به‌ حه‌یاتم قسه‌ ناكه‌م،

یه‌كێك ئه‌یوت: به‌ڕاست ئه‌چین پیاسه‌یه‌كی ناو بازاڕ ئه‌كه‌ین و ئه‌گه‌ڕێینه‌وه‌

– ڕامیار مەحمود

میلان کۆندێرا لە یەکێك لە ڕۆمانەکانیدا دەڵێت: «کەسایەتی (کارەکتەر) وەک مرۆڤ لە ڕەحمی دایکێك لەدایك نابێت، بەڵکوو لە هەلومەرجێکدا، لە ڕستەیەک و لە قەرزکردنێکی وێنەیەکدایە و ئەگەری هەڵگرتنی تۆوێكی مرۆڤی پێیە کە نووسەر پێیوایە هێشتا نەدۆزراوەتەوە، یاخود پێشتر شتێکی ئەوتۆ لەبارەیەوە نەوتراوە»

لێرەدا جەخت لە کارەکتەر دەکەمەوە لە شیعری (ڕامیار مەحمود)دا، ئەو نائاگاییانە بێت یاخود بە مەبەست بێت، توانیویەتی کارەکتەر دروستبکات وەکوو

(مناڵ، پیاو، پیرەژن، باوک، دایک…هتد) هەریەکە لەمانەش خاوەنی دایالۆگی خۆیانن لە هەندێك لە شیعرەکانیدا، واتە ئەو شتەی ئەو مەبەستییەتی کردوێتی بە دایالۆگێك و داویەتە پاڵ یەکێك لەم کارەکتەرانە. بەڵام کارەکتەرەکانی چەندێك مینیماڵن هێندە قورس و سەنگینن. واتە بەهێزی کارەکتەرەکانی لە مینیماڵیاندایە، ئەو توانیوییەتی لە شیعردا، بە بەکارهێنانی کارەکتەری ئاسان، دایالۆگی بەهێز بنووسێت و جۆرێك لە چیرۆك بگێڕێتەوە کە پڕییەتی لە مێتافۆر.

 

ژێرزه‌میننشینێك له‌م نیشتیمانه‌وه‌

پێتان ئه‌ڵێت “سڵاو”.

بیرم نه‌چووه‌ له‌ (مارسیلیا)وە

پێت وتم: سه‌لامی لێ بكه‌،

منیش نامه‌یه‌كه‌م نووسی و وتم:

به‌ په‌له‌ ئه‌و نیشتیمانه‌ كۆبكه‌نه‌وه‌،

(ڕامیار) تا لای (صوبحی) ئه‌چێ‌

پاش ساڵێك وه‌ڵامی دامه‌وه‌ “زمان كۆن بووه‌”.

 

ئه‌زانی وه‌ك پیاوێكی سه‌فه‌ری

ڕیشم لای سه‌رتاشخانه‌كان ئه‌تاشم و،

قژیشم لای ئه‌وان دائه‌هێنم.

چه‌ند هه‌فته‌ جارێكیش له‌ حه‌مامی ده‌ره‌وه‌ خۆم ئه‌شۆم،

عه‌لاگه‌ی جله‌ چڵكنه‌كانیشم له‌به‌ر سه‌رقاڵی له‌ شوێنێكا بیر ئه‌چێ‌.

 

دایكم له‌ پیرییا بۆی گێڕامه‌وه‌،

تۆ له‌ منداڵیدا بۆ شه‌مشه‌مه‌ كوێره‌ ئه‌گریایت و

ئێواره‌یه‌ك به‌ده‌م گریانه‌وه‌ له‌هۆش چوویت،

بۆت بگێڕمه‌وه‌ من له‌ بیست و پێنج ساڵاندا

گه‌وره‌بوونم یادنه‌بوو،

ڕۆژێك به‌ ڕێكه‌وت له‌ كۆڵانێكه‌وه‌ تێپه‌ڕیم،

منداڵه‌كان یارییان ئه‌كرد و پێیان وتم “خاڵه‌”.

ئیدی من وه‌ك عاده‌ت سه‌رم گلۆركرده‌وه‌ باوه‌شم و

وه‌ك كه‌سێكی تر به‌خۆمم وت “گه‌وره‌بوویت”.

خودی گێرانەوە خۆی گرنگییەکی مێژوویی هەیە، بەگوێرەی ئەوەی مێژووی مرۆڤایەتی لەسەر گێرانەوە دەزانرێت و بوونیاد نراوە. شیعر وەکوو هەلومەرجێکی هەستی، لە گێرانەوەدا ئازادە. واتە گێڕانەوە لە شیعردا ئازاد دەبێت. بەو مانایە نا کە گێرانەوەی تر لە چەشنی ڕۆمان و چیرۆك، ئازاد نین لە گێرانەوەدا. بەڵکوو ئازاد لە رووی جیهانییەوە، لەو ڕووەوەی کە زیاتر هەست بە بوونی خۆی دەکات لە جیهاندا. من لێرەدا باسی شیعر ناکەم، باسی کەسایەتی خودی شاعیر دەکەم. شاعیربوون خۆی لە خۆیدا هەوڵێکە بۆ ئازادبوون لە جیهانی واقعی بە دۆزینەوەی شێوازێکی واقعیتر لە شیعردا. ڕەنگە شاعیر ڕازی نەبێت بە دونیای ڕاستەقینە، بەڵام ئەو لە هەمان کاتدا دونیایەکی مەجازی دروستدەکات کە دەبێتە واقعێکی دیکە بۆی. بۆیە زۆرجاران دەبینین شیعرێك پڕی دەبێت لە کۆنتراست و پارادۆکس، کە ئەمە خۆی لە خۆیدا دانپێدانانی خودی شاعیرەکەیە بە خۆیدا، چونکە ئەو لە هیچ دونیا و جیهانێك ڕازی نییە، تەنانەت گەر بێت و ئەو دونیایە خۆیشی دروستی بکات و خاڵی بێت لە جێپەنجەی مرۆڤ.

گێڕانەوە لە شیعری (ڕامیار مەحمود)دا لە دونیایەکی خەیاڵی دەچێت، بەڵام ئەو لە هەمان کاتدا گێڕەرەوەی مێژووە، مێژووی شاعیرێك کە رەنگە دەمێك بێت تۆزی لەسەر نیشتبێت، مێژووی مرۆڤێکی بریندار، کە ئازار خەریکە دەیخنکێنێت. لە گێرانەوەکانیدا هەست بە ناڕەحەتی شاعیر دەکەیت، ئەو هەمیشە بێزارە لەو شتەی دەیگێڕێتەوە، لە ڕووێکی دیکەشەوە ئەو دەیهەوێ مێژووی خۆی تۆمار بکات لە ڕێگەی شیعرەوە. ڕاستە ئەو ئەرکی مێژوونووسی نییە، بەڵام من دەمەوێ دووبارە بگەڕێمەوە سەر وەزیفەی ئەدەب. ئەویش گێڕانەوەی خودە بە وێناکردنی کۆمەڵێك وێنە، لە دەرەوەی ئۆبجێکت و زمانەوە. گێڕانەوەی ڕووداوێك بە وەسفکردن، نەك بە گێڕانەوەی رووداوێك بە وەرگرتنی ئامار و سەیرکردنی تێمای گشتی.

ئەم هەوڵە تایبەتەی (ڕامیار مەحمود) لە شیعرەکانیدا، کارێکی تازەیە، ڕاستە ئێمە شاعیرمان هەیە کە گێرانەوەمان بۆ دەکات لە شیعرەکانیدا، بەڵام (رامیار مەحمود) لەمەدا دەگاتە لوتکە. ئەو بە گێرانەوەی چیرۆکێك لە شیعرەکانیدا، ئەوە دەسەلمێنێت، کە شیعر دەکرێ وەزیفەیەکی دیکەی هەبێت، دەکرێت شیعر ببێتە پەناگەیەک، کە تیایدا خود زیاتر تیایدا خۆی بەیان بکات، خودێك کە بێزارە، کە لە شەڕدایە هەمیشە و هیچیشی لە دەست نایەت ئەوە نەبێت پێمان دەڵێ: ئەمە هەیە، لە بۆکسەکەت وەرە دەرەوە و بیر بکەرەوە.

 

٢٣/٥/٢٠٢١

بڵاوکردنەوە: